شێخ رەبیع مەدخەلی: عەبدولەتیف ئەحمەد موبتەدیع و گومڕایە

26/07/2018

:: بێباک عەبدوڵڵا

 

مەدخەلییزم، وەكو لقێكی سەلەفی زانستی، هەر لە سەرەتاوە لە كوردستان بە مردووی لە دایكبوو، چونكە كوردستان بۆ هێزە ئیسلامییەكان گۆڕەپانێك دەبێت كە لە بنچینەدا سۆفیزم ڕەگ و ڕیشەی تێدا داكوتیوە، دواتریش كاتێك هێزە ئیسلامییە جیهادیی و بانگخوازییەكان دروست دەبن بۆشاییەك نامێنێتەوە بۆ پڕكردنەوەی لە لایەن هێزێكی تەقلییدی هاوشێوەی مەدخەلییەوە. بۆیە سەلەفییەكان تا پرۆسەی ئازادی عێراق، لە ڕووبەرێكی زۆر تەسكدا چالاكییان هەبوو، تەنانەت تا گەڕانەوەی د. عەبدولەتیف ئەحمەد كە دواتر دەبێت بە كەسی یەكەمی ئەو گرووپە، بانگەشەكارانی سەلەفییزم كەمترین كار بە یەكەوە دەكەن و تەنانەت سەردانكردنیش لە نێوانیاندا بە كەمی هەستی پێ دەكرێت، چجای ئەوەی بتوانن بە شێوەیەكی ڕێكخراو بانگەواز بۆ ئەو هزرە بكەن.

پڕیشكی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان، سەلەفییەكانیشی هاوشێوەی حزبەكانی كوردستان گرتەوە، لە ساڵی 1993دوای سوتانی مزگەوتی ئیمان لە گردی مامەیارە لە شاری سلێمانی و كوژرانی دوو كەس لە هەڵگرانی ئەو ڕێبازە و ڕاكردنی مەلا عومەری سەلەفی كە ئەو كاتە كەسی یەكەمی ئەو گرووپە بوو، سەلەفییەكان پەرتەوازە بوون و لەبەریەكهەڵوەشانەوە.

گەڕانەوەی عەبدولەتیف ئەحمەد

 پاشا ئەوەی د. عەبدولەتیف لە ناوەڕاستی نەوەدەكان كوردستان بەرەو دەرەوە بە جێدەهێڵێت، سەرەتا دەڕواتە سوریا و پاشان سودان و دواتریش لە یەمەن دەگیرسێتەوە، پاشان لە قوتابخانەی دەمماج دەستدەكات بە خوێندنی زانستە شەرعییەكان لای شێخ موقبیل ئەلوادعی، كە یەكێك دەبێت لە زانا سەلەفییەكانی ئەو كاتەی یەمەن.

پاش ئەوەی ناوبراو لە ساڵی 2000 بۆ جاری یەكەم دەگەرێتەوە بۆ كوردستان و دواتریش لە پاش پرۆسەی ئازادی عێراق بە یەكجاری واز لە ژیانی تاراوگە دەهێنێت و لە شارەدێی چوارقوڕنە دەگیرسێتەوە، وردە وردە دەستدەكات بە بڵاوكردنەوەی ئەو هزرەی كە لەسەر دەستی ژمارەیەك زانای سەلەفی مەدخەلی وەریگرتبوو.

ناوبراو بە حوكمی ئەوەی لە لای زانایانی سەلەفی وانە شەرعییەكانی خوێندبوو، هەروەها  چەند تەزكیەی زانستیشی پێ دەبێت بە تایبەت هی شێخ هادی بن رەبیع مەدخەلی، خۆشی زمانزانێكی بە توانا و كەسێكی بزێو دەبێت، هەر زوو دەتوانێت دەست بەسەر جەماوەری سەلەفییەكاندا بگرێت و بە شێوەیەكی بەرچاو كاریگەرییان لەسەر دابنێت و بە شێوەیەك ئاڕاستەیان بكات كە لە بەرژەوەندی خۆی و بیرە نوێكەیدا بن، بێگومان بۆ دەرخستن و دەركەوتنی چەند مەلایەك دەستبار و هاوكاری دەبن. ئەو زیاتر لە دەیەیەك بە شێوازی جۆراوجۆر كاری بۆ بڵاوكردنەوەی بیری مەدخەلیزم كردووە، تەنانەت توانی ئەو كەسانەش پەراوێز بخات كە سەلەفی بوون، بەڵام خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ فەتوا و ئیجتیهادەكانی شێخ رەبیعی رێبەری سەلەفییەكان هەبوو.


شێخ رەبیع، عەبدولەتیف سەلەفی تەبدیع دەكات

 پاش ماوەیەك لە كردنەوەی كەناڵی ئامۆژگاری، ئیتر ناوبراو وردە وردە پاشەكشە لە هزری مەدخەلییزم دەكات، خاڵی وازهێنانیشی لەو بیرە لە دەركەوتنی مەلا هاوڕێ لە كەناڵی ئامۆژگارییەوە دەستپێدەكات. دەركەوتنی مەلا هاوڕێ لە كەناڵی ئامۆژگارییەوە، بە وێنەی تەقینەوەی بۆمبێك كێشەكانی نێو ئەم گرووپە دەتەقنەوە و لە زاخۆوە بۆ خانەقین و كەركوك سەلەفییەكان دەبن بە دوو بەرەی سەرەكی، بەرەی پشتیوانی عەبدولەتیف ئەحمەد و بەرەی دژ.
بۆ یەكلایكردنەوەی ناكۆكی نێوانیان هەردوڵا پەنا دەبە بەر شێخ هادی بن رەبیع مەدخەلی، دوای چەندین سەردانی هەردوڵا و درێژەكێشانی ناكۆكیەكە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ، دواجار شێخ رەبیع، عەبدولەتیف ئەحمەد تەبدییع دەكات و بە یەكجاری لەو ڕێبازە دەریدەكات.


بەر لە ماوەیەك چەند قوتابیەكی سەلەفی عێراقی كە ژمارەیەك كوردیان لەناودایە، ئەوانیش:  (خالید جەواد، عوسام نەجار و پۆڵا سەلاحەددین، یوسف ڕەشید سندی، موحەممەد سەباح و ڕاغیب بونیانی) سەردانی شێخ ڕەبیع بن هادی مەدخەلی دەكەن و چەند پرسیارێكی ئاڕاستە دەكەن و وەكو خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویان كردوەتەوە ئەم وتوێژە لە نێوانیان روودەدات:


ئەی شێخ، د. عەبدولەتیف دەڵێت "من لە ساڵی 1986 شەرحی سێ بنچینەكەی محەممەدی كوڕی عەبدولوەهابم كردووە، كەچی شێخ رەبیع لە ساڵی 1992 وازی لە ئیخوان موسلیمین هێناوە"، شێخیش لەوەڵامدا دەڵێت "ئەوە مەبەستی دكتۆرە دەیەوێت فەزڵی خۆی بەسەرماندا بدات، من (شێخ رەبیع) هیچ كاتێك ئیخوان نەبووم، ئەو ماوەیەیش كە لەگەڵیان بووم مەبەستم ئەوە بووە كە شارەزای ڕێبازی پێشینی چاكانیان بكەم، تێكەڵیان بووم بە مەبەستی چاككردنیان، پێش ڕووداوەكانی كەنداو 1990 وازم لێهێنان".


- ئایا د. عەبدول لەتیف موبتەدیعە؟
شێخ لە وەڵامدا دەڵێت: بەڵێ موبتەدیعە، گومڕایە و كەرامەتی نییە!
- لە ئێستادا ئامۆژگاریمان دەكەیت لە عێراقدا بۆ وەرگرتنی فەتوای شەرعی بگەڕێینەوە بۆ لای كئ؟
شێخ لە وەڵامدا  دەڵێت: نازانم و ناوی كەس ناڵێت، و كەس بە شایەنی ئەو كارە نازانێت.

سەعافیقە، گرووپی نوێی سەلەفییەكان

 سەعافیقە لە زمانەوانیدا بە واتای نەزانین و بێئاگایی دێت، لە زاراوەی شەرعدا بریتییە: لەو كەسانەی كە خۆیان لە بابەتە شەرعییە قورسەكان دەدەن، بە بێ ئەوەی هیچ شارەزاییەك و تێگەیشتنێكیان لە دەقە شەرعییەكاندا هەبێت. هەروەها خۆیان لە بابەتگەلێكی شەرعییدا هەڵدەقورتێنن كە جگە لە ئیمامەكان و زانا دەگمەنەكان هیچ كەسێكی تر توانای بە سەریاندا ناشكێت. (بەغەوی لە شەرحی سوننەتدا، موجەلەدی 1، لاپەرە 318 وادەڵێت).


شێخ محەممەدی كوڕی هادی مەدخەلی یەكێك بوو لە پایەكانی هزری مەدخەلییزم، لە ناوچەی جازان لە وڵاتی سعوودیە دادەنیشێت، بەراورد بە سەرانی تری مەدخەلییزم، یەكێكە لە بەتواناترین كەسی ئەو ڕێبازە، دەیان دانراوی لە بابەتە جۆربەجۆرەكانی زانستە شەرعییەكان هەیە، بۆ دانراوەكانی زانایانی پێشتریش دەیان لێكدانەوەی بە نووسین و دەنگ هەیە.


شێخ محەممەد هاوشێوەی سەرانی تری مەدخەلییزم كە زۆرینەی تواناكانیان بۆ وەڵامدانەوەی زانا ئایینیەكان و كەسایەتییە ئیسلامییەكانی سەر گۆڕەپانی ئیسلامی تەرخانكردووە، ئەمیش لەو كارە كەمتەرخەمی ناكات، وەلێ دوای ئەوەی لە لایەن ناوبراوەوە چەند كەسێك تەبدیع دەكرێن ، بەڵام لە لایەن شێخ عوبێد ئەلجابرییەوە ئەو جەرحانە وەرناگیرێن و پێچەوانەی شێخ محەممەد مەدخەلی، شێخ عوبێد ئەلجابری ئەو خەڵكانە بە سەلەفی لە قەڵەم دەدات، لەوانە: عەرەفات مەدخەلی، هانی بڕێك، فەواز مەدخەلی و عەبدوڵا زوفەیری. ئەم جیاوازییەی نێوان شێخ محەممەد و شێخ عوبێد دەبێتە گورزێكی كاریگەر بۆ لێكهەڵوەشاندنەوەی مەدخەلییزم، چونكە ئەم جارە ناكۆكیەكە لە هەرەمی گرووپەكەدا دروست دەبێت.


شێخ محەممەد مەدخەلی لە ئیستادا دژەكانی بە سەعافیقە ناوزەند دەكات. لایەنگرەكانیشی لە جیهانی ئیسلامییدا بە زۆری دەكەونە جەزائیر، لیبیا، مەغریب و چەند ناوچەیەكی ترەوە، لە كوردستانیشدا د. عەبدولەتیف پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ناوبراودا هەیە، بۆیە لە ئێستادا ئەو كەسانەی دژایەتی د. عەبدولەتیف دەكەن لە لایەن ناوبراوەوە بە سەعافیقە ناوزەند دەكرێن.


سەلەفییەكانی كوردستان، پەرتەوازەیی و فرەگرووپی

 لە كوردستاندا سەلەفییەكان بەسەر ئەم بەرانەدا دابەشبوون: مومەییعەكان كە زۆرینەیان دەكەونە ناوچەكانی هەولێر و دهۆكەوە، حجوورییەكان كە زۆرینەیان دەكەونە هەولێرەوە، حەددادییەكان و سەعافیقەكان كە زۆرینەیان دەكەونە چەمچەماڵ و كەركوكەوە، بەرەی د. عەبولەتیف كە نەیارانیان پێیان دەڵێن سەلەفییە حزبییەكان و دەكەونە سلێمانی، چەمچەماڵ و كەلارەوە، بەرەی حەكیمەكان كە زۆرینەیان دەكەونە كەركوك، چەمچەماڵ و سلێمانییەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، تەواوی ئەو گروپانە خۆیان بە سەلەفی راستەقینە دادەنێن و نەیارانیان بە لادەر و دەرچوو لە مەنهەجی سەلەفی تۆمەتبار دەكەن.

س: رۆژنامەی ئاژانس

# سەلەفی

Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure