ئاییندەی حەشدی شەعبی لە عێراق لە نێوان سەروەریی دەوڵەت و ململانێی میحوەرەكاندا

06/10/2019

:: ئیدریس سیوەیلی

لە چەند هەفتەی ڕابردوو، بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق، ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە، باوەڕ وایە كە ئیسڕائیل لە پشت هێرشەكانەوەیە، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ فشارەكانی ئەمەریكا بۆ سنوورداركردنی بۆ ئەو گرووپانە لەژێر سایەی حكومەتی عێراق و دوورخستنەوەیان لە نفوزی ئێران، بەئامانجگرتنی ئەو هێزە ترسی لای سیاسی و بەرپرسانی عێراق درووست كردووە، كە عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی ئیسڕائیل و ئەمەریكا دژ بە ئێران، هەروەك بووەتە پاڵنەر بۆ بیركردنەوە لە ئاییندەی ئەو هێزانە و توانای عادل عەبدولمەهدیی سەرۆكوەزیران لە بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی گرتنی دارەكە لە ناوەڕاست، لە كاتێكدا فشارەكانی ئەمەریكا و ئێران بۆ هەڵوێستوەرگرتن لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا زیادیان كردووە.


لە چەند هەفتەی ڕابردوو، بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق، ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە، باوەڕ وایە كە ئیسڕائیل لە پشت هێرشەكانەوەیە، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ فشارەكانی ئەمەریكا بۆ سنوورداركردنی بۆ ئەو گرووپانە لەژێر سایەی حكومەتی عێراق و دوورخستنەوەیان لە نفوزی ئێران، بەئامانجگرتنی ئەو هێزە ترسی لای سیاسی و بەرپرسانی عێراق درووست كردووە، كە عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی ئیسڕائیل و ئەمەریكا دژ بە ئێران، هەروەك بووەتە پاڵنەر بۆ بیركردنەوە لە ئاییندەی ئەو هێزانە و توانای عادل عەبدولمەهدیی سەرۆكوەزیران لە بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی گرتنی دارەكە لە ناوەڕاست، لە كاتێكدا فشارەكانی ئەمەریكا و ئێران بۆ هەڵوێستوەرگرتن لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا زیادیان كردووە.

سەردانی مایك بۆمبیۆ و كاردانەوەی تاران

 دوای سەردانی لەناكاوی مایك بۆمبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە ئایاری 2019 بۆ بەغدا، هەڵمەتی بەئامانجگرتنی هێزەكانی حەشدی شەعبی دەستی پێ كرد، بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی جیاواز، بۆمبیۆ زانیاریی داوەتە عادل عەبدولمەهدیی سەرۆكوەزیران دەربارەی گواستنەوەی مووشەكی ئێرانی بۆ گرووپەكانی حەشدی شەعبی، هەندێك لەو مووشەكانە توانای بڕینی 700 كیلۆمەتریان هەیە، ئەمەش بێلایەنیی عێراق لە ململانێی نێوان واشنتۆن و تاران دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆمبیۆ ئەوەشی بە بەرپرسانی عێراق وتووە، ئەگەر ئەو مووشەكانە لەناو نەبەن ئەوا خاپوور دەكرێن.


باوەڕ وایە ئەم فشارانە بوونە هۆكاری ئەوەی عادل عەبدولمەهدی لە تەمموزی 2019 مەرسومێك دەربكات بۆ تێكەڵكردنی گرووپەكانی حەشدی شەعبی بە هێزە چەكدارەكانی عێراق، بەمەش نووسینگەكانیان لە شارەكان دادەخرێن و چەكەكانیان دەگوێزرێنەوە بۆ دەرەوەی ناوچەكانی نیشتەجێبوون، ئەمە وێڕای تێكەڵكردنی پلە بە پلەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی بە هێزە چەكدارەكان و سیستمی هێزە نیزامییەكان، سەرۆكوەزیران لە مەرسومەكەدا ئەوەی ڕوون كردووەتەوە كە ئامانج لەم مەرسومە پارێزگاریكردنە لە حەشدی شەعبی لە هەر گرفتێكی ناوخۆیی و دەرەكی، ئەمەش ئاماژەیەكی ڕوون بوو بۆ ئەو فشارانەی حكومەتەكەی ڕووبەڕووی بووەتەوە لە تاوسەندنی ململانێی تاران و واشنتۆن، هەرچەندە زۆربەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی ئەگەر بە زارەكیش بێت پشتیوانیی مەرسومەكەی عادل عەبدولمەهدییان كرد، بەڵام گرووپی حزبوڵڵای نزیك لە ئێران لە بەیاننامەیەكدا ڕۆژی 4 تەمموزی 2019 سەرزەنشتی هەڵوێستی حكومەتی عێراقی كرد و بە ملكەچبوون بۆ پیلانی ئەمەریكا دژ بە حەشدی شەعبی ناوزەندی كرد.


بەر لە تەواوبوونی ئەو وادەیەی (30 تەمموزی 2019) عادل عەبدولمەهدی بۆ جێبەجێكردنی مەرسومەكەی داینابوو، فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی داوای دوو مانگ كاتی زیادەی كرد بۆ جێبەجێكردنی ڕێوشوێنەكانی مەرسومەكە، ئەمەش ئەوەی ئاشكرا كرد، كە هەندێك لە گرووپەكان نەیاری پلانەكەی حكومەت بوون و دەیانویست كات بكوژن، بەڵام دوای چەند ڕۆژێك هەندێك هەڵوێست هاتنەپێش، كە پەیوەندیی نێوان حەشدی شەعبی و حكومەتی بەغدای ئاڵۆز كرد، لە سەرەتای ئابی 2019 تاران جوڵەیەكی زیادەی بە خۆیەوە بینی، سەركردەكانی بزووتنەوەی نوجەبا، كە یەكێكە لە گرووپەكانی حەشدی شەعبیی عێراق، سەردانی گەورە بەرپرسانی تارانیان كرد و چاویان كەوت بە عەلی ئەكبەر ویلایەتی، ڕاوێژكاری ڕابەری گشتی و ڕایانگەیاند كە دەتوانن لە ماوەی دوو هەفتەدا حكومەتی عەبدولمەهدی بڕووخێنن، بە بڕوای چاودێران ئەمە پەیامی تاران بوو بۆ هەنگاوەكانی عادل عەبدولمەهدی، هەرچەندە سەرۆكی حكومەت سوور بوو لەسەر هێوركردنەوەی ئێرانییەكان ئەگەر ئەمەش لەسەر حسابی تووڕەكردنی ئەمەریكای هاوپەیمانی بێت.

دژیەكی ناوخۆیی حەشد و پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەت

 هێشتا شاندەكەی بزووتنەوەی نوجەبا لە تاران نەگەڕابوونەوە، لە 12ی ئاب ناوچەی (ئەبو دەشیر) لە باشووری بەغدا تەقینەوەیەكی گەورەی بە خۆیەوە بینی، تەقینەوەكە لە كۆگای چەك و جبەخانەی حەشدی شەعبی ڕووی دا، ڕۆڵی ئیسڕائیل و ئەو چەكەی بۆ كاری تەقینەوەكە بە كار هاتووە لە ڕووداوەكە تەمومژاوی بوو، لەو چركەساتەدا یوسف ناسری، یەكێك لە سەركردەكانی بزووتنەوەی نوجەبا داوای هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراقی كرد و بە (كرێگرتە) ناوی بردن، داواشی كرد بۆ پارێزگاری لە وڵات پشت بە حەشدی شەعبی ببەسرێت، لێدوانەكەی ناوبراو ناڕەزایی لێ كەوتەوە، بۆیە زۆربەی سەركردەكانی حەشدی شەعبی خۆیان لەو لێدوانە بێبەری كرد.


لەم ماوەی دواییدا، ئاماژەی زۆر دەركەوتوون، كە لە ناو حەشدی شەعبی سەبارەت بە هەڵوێست بەرامبەر تەنگژەی ئێران و ئەمەریكا ناكۆكی هەیە، بە تایبەت دوای بەردەوامیی بەئامانجگرتنی كۆگاكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاوازەكان، كە لە ئامرلیی باشووری كەركوك و سنووری دیالە لە ڕۆژانی 19 و 28 تەمموزی 2019 دەستی پێ كرد و بەردەوام بوو، دواتریش لە 20ی ئابی 2019 كۆگاكانی حەشد لە نزیك بنكەی بەلەدی ئاسمانی لە باشووری بەغدا ڕووبەڕووی هێرش و تەقینەوە بوونەوە، ئەوەی بە ئاشكرا ئەم دابڕانەی ناو حەشدی شەعبی دەسەلمێنێت هەڵوێستی ئەبوو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیی نزیك لە تاران بوو، ئەو بە ڕاشكاوی ئەمەریكا و ئیسڕائیلی تۆمەتبار كرد بە هێرشكردنە سەر حەشدی شەعبی، هەڕەشەی بەكارهێنانی چەكی پێشكەوتووی كرد، بەڵام دوای ڕۆژێك فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا خۆی لە هەڵوێستی جێگرەكەی بێبەری كرد، ڕایگەیاند: سەرۆكوەزیران یان هەر كەسێك ئەو ڕایسپێرێت مافی ئەوەی هەیە لەو بارەوە لێدوان بدات، ئەمەش گورزێكی كاریگەر بوو بەر ئەبوو مەهدی موهەندیس كەوت، كە خاوەن پێگەیەكی بەهێز بوو لە بەغدا، وەكو نوێنەری قاسم سلێمانی سەرۆكی فەیلەقی قودس مامەڵەی دەكرد.


بەشەكانی حەشدی شەعبی

 بە گشتی حەشدی شەعبی لە سێ بەش پێك دێت، بەشی یەكەم لەگەڵ كشانی داعش بۆ ناوچەكانی باكووری ڕۆژئاوای عێراق لە حوزەیرانی 2014 پێك هات، ئەمانە خۆبەخشن بۆ پاڵپشتیی سوپای عێراق هەروەك عەلی سیساتی، مەرجەعی باڵای شیعەكان ئاماژەی پێ داوە، هەر لە ناو ئەم گرووپەدا چەكداری سەر بە موقتەدا سەدر و عەمار حەكیم، ڕێبەری ڕەوتی حیكمە هەن، بەشی دووەمی حەشد ئەو گرووپانەن، كە بەر لەو مێژووە درووست بوون، ڕۆڵیان بینی لە پاڵپشتیی هێزەكانی حكومەتی بەشار ئەسەد لە سوریا، بە (حەشدی وەلائی) ناو دەبرێن، چونكە باوەڕیان بە ویلایەتی عەلی خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە، بەشی سێیەم تێكەڵەن لە شوێنكەوتەی بەرپرس و سیاسییەكانی عێراق، لەوانە نووری مالیكی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، لە ناو سوننەكانیش سەر بە مشعان جبووری و ئەسیل نوجێفی، ئەمان بە پێی دۆخ و بەرژەوەندیی خۆیان هەڵوێستی جیاوازیان نواندووە، گرفتی حكومەتی عێراقیش لەگەڵ بەشی دووەمە، كە ژمارەیان كەمە، بەڵام چەك و كەرەستەی باشیان پێیە و ڕاهێنانی زۆریان كردووە، یەكەی كۆماندۆیان هەیە و لە عێراق و سوریا حسابی تایبەتیان بۆ دەكرێت.


بەڵام ئەم پۆلێنكردنە بەهایەكی ئەوتۆی نییە لە بەردەم هەڵوێستی هادی عامری، سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر، كە گەورەترین گرووپی چەكدارییە و خاوەن دیسپلینی سەربازیی بەهێزە، ئەمەش بە هۆی ئەو ئەزموونەی هەیانە، كە ڕیشەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی جەنگی عێراق و ئێران، لەو كاتەدا ڕێكخراوەكە لە پاڵ تاران دژی عێراق دەجەنگا، عامری زۆر نزیكە لە تاران، بەڵام لە ڕووبەڕووبوونەوەی حكومەتی عێراق هاوهەڵوێستی گرووپەكانی حەشدی وەلائی نییە، هەروەك هاوڕای ئەبوو مەهدی موهەندیسی هاوڕێ و هاوسەنگەری نییە، كە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی ئاشكرای عادل عەبدولمەهدیدایە، عامری دەیهەوێت هەڵوێستی هاوسەنگی لە نێوان هێزە دەرەكییەكاندا هەبێت، ئەو لەگەڵ ئەوەیە پەیوەندییەكان لەگەڵ جیهانی عەرەبی ئاسایی بكرێتەوە، هاوكات پارێزگاری لە هاوسەنگی پەیوەندیی لەگەڵ تاران و واشنتۆن بكرێت.


جەنگی بە وەكالەت

 دووبارەبوونەوەی بەئامانجگرتنی هێزەكانی حەشدی شەعبی پاڵی نا بە عادل عەبدولمەهدیی سەرۆكوەزیرانەوە چەند ڕێوشوێنێك بگرێتە بەر، لەوانە دانانی چەند ڕێوشوێنێكی جۆراوجۆر بۆ سنوورداركردنی چالاكیی حەشدی شەعبی، هەنگاوەكانی عەبدولمەهدی پاڵپشت بوو بە خواستی جەماوەر بۆ لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەی كۆگاكانی حەشدی شەعبی و ئەو چەك و تەقەمەنییەی تێیدا بووە، هەروەها ئەو بەیاننامانەی لە لایەن هەردوو موقتەدا سەدر و عەمار حەكیمەوە دەرچوون، كە داویان لە حكومەت كرد هەڵوێستی ڕوونی دەربارەی ئەو ڕووداوە هەبێت، سەدر ڕۆژی 30ی ئابی 2019 پووختەی هەڵوێستی خۆی لەوەدا خستە ڕوو، كە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بكرێت ئەگەر بە سەرپەرشتیی لایەنی نێودەوڵەتیش بێت، ئەمەش لە ئەگەری تێوەگلانی ئیسڕائیل لەو هێرشانە، هاوكات هۆشداری دا لە هەر لێدوانێكی سۆزداری و دوورخستنەوەی عێراقی لە هەرایەكی بێكەڵك بە پێویست زانی، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ هەڵوێستی ئەو گرووپانەی حەشدی شەعبی، كە نزیكن لە ئێرانەوە، بەڵام عەمار حەكیم بە شێوەی نیمچە ئاشكرا بانگەوازی كرد، كە وڵات نەكرێتە كۆگای چەكی وڵاتانی تر، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئێران، هەروەك داواشی كرد ڕێگە نەدرێت ئاسمانی عێراق ببێتە شانۆی هێزی فڕۆكەوانیی وڵاتێك دژی وڵاتێكی تر، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ ئیسڕائیل و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئەم پەرەسەندنانە هاوكات بوو لەگەڵ هەڵوێستی سەركردە شیعەكانی عێراق، كە داوایان دەكرد عێراق نەكرێتە گۆڕەپانی شەڕ لە نێوان ئێران و هاوپەیمانەكانی لە لایەك و ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە لایەكی ترەوە، ئەمەش ئاماژەی ئەوە بوو، كە ژمارەیەك سەركردەی شیعە هەن عێراقیانە بیر دەكەنەوە.

ئاوابوونی حەشد

 دوای فراوانخوازییەكانی داعش لە عێراق لە 2014، حەشدی شەعبی بە پێكهاتە جیاوازەكانییەوە توانی سۆز و پاڵپشتیی جەماوەری بە دەست بێنێت، ئەمەش دەرئەنجامی هەرەسی سوپای عێراق لە موسڵ لە بەرامبەر داعش بوو، بەڵام دووبارە ڕێكخستنەوەی سوپای عێراق و ئازادكردنەوەی موسڵ لە 2017، جۆرێك لە متمانەی بۆ هێزە سەربازییەكانی عێراق گەڕاندەوە، هاوكات ئاستی جەماوەری حەشدی شەعبی ڕووی لە داكشان كرد، بە تایبەت دوای ئەو ململانێیە سیاسییەی بووە هۆی شكستپێهێنانی حكومەتی عەبادی و پاشان دووركەوتنەوەی لە پۆستی سەرۆكوەزیران، لەو دۆخەدا گرووپەكانی سەر بە ئێران لە دەرفەتێك دەگەڕان تا جارێكی تر خۆیان بكەنەوە دەمڕاست، تەنگژەی گەرووی هورمزیان بەو دەرفەتە زانی بۆ سەپاندنەوەی هەژموونی خۆیان، ئەمەش لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرا تا چەكدارە عێراقییەكان ڕۆڵی زیاتر ببینن لە بەرەنگاربوونەوەی واشنتۆن، بە تایبەت دوای ئەوەی ئیسڕائیل هاتە ناو كایەكەوە، چونكە ئیسڕائیل لە هزر و ویژدانی تاكی عێراقیدا دووژمنێكی مێژووییە، زەویی عەرەبی لە فەڵەستین داگیر كردووە، ساڵانی 1948، 1967، 1973 ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوپای عێراق كەوتووەتە جەنگ، ئەمە وێڕای بۆردوومانكردنی كارگەی ئەتۆمی عێراق لە 1981 لە لایەن فڕۆكەكانی ئیسڕائیلەوە، لە كاتی جەنگی دووەمی كەنداویش لە 1991 عێراق چەند مووشەكێكی نا بە ئیسڕائیلەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەوتێك لە عێراق هەیە ڕەتی دەكاتەوە لایەنی دەرەكی بڕیاری نیشتیمانی بۆ عێراقییەكان بدات بە تایبەت مەسەلەی جەنگ لەگەڵ ئیسڕائیل، ئەم ڕەوتە بە چاوپۆشی لە پاساوەكان هێرشەكانی ئیسڕایلی سەركۆنە كرد، هاوكات ئەوەشی ڕەت كردەوە كە سوپای پاسداران كات و شوێنی ڕووبەڕووبوونەوە لە جیاتی عێراق دیاری بكات، كە خزمەتی ئەجێندای عێراق ناكات، كە هەوڵێكی ئیرانە بۆ ڕاكێشانی عێراق بۆ ناو جەنگێك لە جیاتی ئێران لە ڕێگەی پاڵپشتیی گرووپەكانی حەشدی شەعبی بە مووشەك بە ناوی بەرگری لە عێراق لە كاتێكدا ئەمە بەرگرییە لە ئیران.


ئەنجامی كەمبوونەوەی پشتگیری لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی، پاڵی نا بە ئایەتوڵڵا كازم حائیری نیشتەجێی ئێران فەتوایەك دەربارەی پاڵپشتیی حەشدی شەعبی دەربكات، ئەو لە فەتواكەیدا دەڵێت: واجبە پارێزگاری لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی بكرێت تەنانەت ئەگەر ئەم پشتیگرییە پێویست بكات جەنگ دژی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق ڕاگەیەنرێت، بەڵام ئەم فەتوایە هیچ گرنگییەكی ئەوتۆی نەبوو، تەنانەت لای جەماوەری ئایینداریش، بەڵكوو بووە هۆكارێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی حائری و تەنانەت گاڵتەپێكردنیشی، كەسێكی وەكو قەیس خەزعەلی، سەركردە لە حەشدی شەعبی داوای كرد ڕێز لەو فەقێ بە تەمەنە بگیرێت، حائری نەیتوانی پاڵپشتیی جەماوەری بۆ حەشدی شەعبی كۆ بكاتەوە، ئەمەش جۆرێك لە ئاماژەیە بۆ كەمبوونەوە و پاشەكشەی نفوزی ئێران لە ناو شیعەكانی باشووری عێراق، بە تایبەت دوای ئەوەی بەر لە نزیكەی ساڵێك خۆپیشاندەران لە بەسڕە بارەگای ئەو گرووپانەیان سوتاند، كە نزیك بوون لە ئێران، دواجاریش هەڵیانكوتایە سەر كونسوڵخانەی ئێران لە بەسڕە و ئاگریان تێ بەردا، ئەمەش ترسی خستە ناو دڵی ئەو گرووپە چەكدارانە، كە نەیانتوانیبوو بنکەیەكی جەماوەریی بەهێز بۆ خۆیان درووست بكەن، لە كاتێكدا سودمەندبوون لەو بودجە زەبەلاحەی بۆیان تەرخان كراوە، بەڵام نەیانتوانیوە پەیوەندیی لەگەڵ گەنجی ئەو خێزانە هەژارانە درووست بكەن، كە لە زۆر شت بێبەشن، بەڵكوو خۆیان بوونەتە چینێكی سیاسیی ڕۆچوو لە گەندەڵی.

سیاسەتی عەبدولمەهدی

 لە ململانێی تاران و واشنتۆن لە گۆڕەپانی عێراق، چاو لەسەر سیاسەتەكانی عادل عەبدولمەهدیی سەرۆكوەزیرانە، ئەو لە لایەكەوە خاوەن دیدێكی ئیسلامییە و سیاسییەكی عێراقیی نزیك لە تارانە، لە لایەكی تریشەوە خۆی بە نەتەوەییەكی عەرەب دەزانێت، پێشتریش چەپ بووە، بەشێك لە ژیانیشی لە ڕۆژئاوا بەسەر بردووە و خۆی بە هاوبەشێكی سیاسیی ڕۆژئاوا دەزانێت، هاوكات نەیارەكانی بە دۆستی ئێران ئەژماری دەكەن، لە كاتێكدا سوپای پاسداران ئاماژەی ئەوەی خستووەتە ڕوو لە بەشێك لە هەڵوێستەكانی ناوبراو نیگەرانە، لە واقیعیشدا عەبدولمەهدی بڕیارێكی ئامانجداری دژی گرووپەكانی حەشدی شەعبیی نزیك لە ئێران دەركرد، لەمەشدا پشتئەستوور بوو بە بەشەكەی تری گرووپەكانی حەشدی شەعبی، هەروەك دژ بە سیاسەتی گەمارۆدان و بەئامانجگرتنی ئێرانە، بۆیە لە هەندێك شوێن ناچار بووە بڕیارێك بدات، كە نفوزی ئێران سنووردار بكات، هەروەك هەندێك بڕیاریشی داوە جوڵەی ئەمەریكای سنووردار كردووە، هەروەك بڕیاری دا كۆگاكانی حەشدی شەعبی ببرێنە دەرەوەی شارەكان، بڕیاریشی دا جوڵەی هێزە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا پەیوەست بكرێت بە مۆڵەت وەرگرتن لە نووسینگەكەی خۆی، ئەمەش عەبدولمەهدیی ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر كردووەتەوە، چونكە متمانەی ئێرانی لە دەست داوە و متمانەی ئەمەریكاشی بە دەست نەهێناوە.


لە هەمان كاتدا، عادل عەبدولمەهدی لەژێر فشاری ڕای گشتیی عێراق و پیاوانی ئایینیدایە، لەوانە موقتەدا سەدر و عەمار حەكیم، لە پاڵ ئەمانیشدا هێزە سیاسییەكان جموجۆڵیان هەیە دژی هێزەكانی حەشدی شەعبی، ئەمەش تەنها لە دۆسیەی چەك نا، بەڵكوو بە هۆی پەرەسەندنی ڕۆڵی ئابووری، سیاسی و كۆمەڵایەتی لەو ناوچانەی لە دەست داعش ڕزگار كران، بە تایبەت شاری موسڵ، لە ئێستاشدا ئێران لە هەوڵدایە بارگرژیی نێوان عەبدولمەهدی و ئەو گرووپانەی حەشدی شەعبی كەم بكاتەوە كە لەسەر ئێران ئەژمار دەكرێن، چونكە ئێران ترسی هەیە بارگرژییەكان پاڵ بنێ بە ناوبراوەوە لە ئەمەریكا نزیك بێتەوە، هەر ئەمەش وای كردووە كەسێكی وەكو ئەبوو مەهدی موهەندیس بێدەنگیی هەڵبژێرێت ئەگەر بە شێوەیەكی كاتیش بێت بۆ دواخستنی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەرۆكوەزیران.


دوای ئەوەی عێراق لە بەرامبەر داعش جۆرێك لە یەكێتیی نیشتیمانی بە خۆوە بینی، ئێستا ململانێ لەسەر سەروەریی عێراقە لە بەردەم هەردوو نفوزی ئەمەریكا و ئێراندا، بە پلەیەكی كەمتریش نفوزی سعودیە كە دەیهەوێت جێپێی خۆی پتەو بكات، مەسەلەی وەلائی سیاسیی حەشدی شەعبیش یەكێكە لە خاڵەكانی ئەو ململانێیە، كە دواجار كاریگەریی دەبێت لەسەر ئاییندەی عێراق و بگرە ڕۆژهەڵاتی عەرەبییش بە گشتی.


سەرچاوە: المركز العربي للابحاث و دراسة السیاسات

# شیعە

Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure