مەراسیم و سرووتی مەزهەبی شیعەی ئیمامی لە یادەكانی عاشوورا و چلە

24/10/2019

:: زیرەك ئەحمەد رەحمان

هەر دین و مەزهەبێك و تەریقەت و ڕێباز و ڕێچكەیەك کە مرۆڤ بە هۆیەوە دینداری دەکات، خاوەنی کۆمەڵێك پەرستش و مەراسیم و سرووتی تایبەت بە خۆیەتی، ڕەنگە لە هەندێكیان هاوبەش بێت لەگەڵ هاودینانی خۆی، گەرچی مەزهەب و تایەفە و تەریقەتیشی جیا بێت، هەیشە هەر لەناو خودی مەزهەبەکە، چەند شێواز و دەرکەوتەی جیاجیا هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە لە مەراسیمە دینیانە. زۆربەی جار هەندێ هێڵی گشتی دەمێنێتەوە کەوا دیندارانی ناو یەك دین دەبەستێتەوە، گەرنا مەزهەب لەگەڵ مەزهەبێكی تر وەك دوو دینی نیمچە جیاواز دەردەکەون، چونکە بینا و ڕوانینیان ڕەنگە بۆ خوا و وەحی و پێغەمبەران و زۆر شتی تر جیاواز بێت.


دینی ئیسلام وەك کۆی دینەکانی تری پێش خۆی، لە هەمان ئەم دۆخەیە، ڕەنگە دروست بێت بڵێین: دۆزینەوەی ڤێرژنە ئەسڵییەکەی ئیسلامی قۆناغی پێغەمبەرایەتی زۆر سەختە گەر ئەستەم نەبێت، بۆیە دوای پێغەمبەرایەتی، ئیتر ئیسلام و دەقی قوڕئان بە تێگەیشتنی کەسەکان فۆڕمی جیاجیا وەردەگرێت، بۆیە ئاسایی فۆڕمی چوار خەلیفەی یەکەم جیاوازە لە خیلافەتی دەوڵەتی ئومەوی، بگرە هەر چوار خەلیفەکەی یەکەم لەنێوان خۆیاندا هەریەکەیان جۆرێك دونیابینیی ئیسلامییان لێ بەدی دەکرێت، ئیتر چەندە زەمەن تێدەپەڕێت، هێندە فۆڕم و بینایی جیاجیا لەم دینە دەخاتەوە. بۆیە تەنانەت زۆربەی هەرە زۆری مەزهەبەکان زادەی ئەم قۆناغانەی سەرەتای مێژووی ئیسلامیین، تاك و تەرایەکیان نەبێت هی قۆناغەکانی دواترن.


سەرەکیترین مەزهەبی ئیسلامی لە ڕووی چەندێتییەوە: شیعە و سوننەن. هەرچەندە گەر بە وردتر لەم دوو مەزهەبە بڕوانین. ئەوا دروستتر وایە ئەوانیش دوو تۆپەڵە مەزهەبن، لەناو هەریەکەیان کۆمەڵێك مەزهەب و مەدرەسەی هێند لێكتر جیاوازیان تێدایە، ڕەنگە هەریەکەیان خۆی بە ڤێرژنە ئەسڵەکەی مەزهەب پاشان ئیسلامی ڕاستەقینە بزانێت. هەر بۆیە بە هۆی ئاڵۆزکانی مێژوویی و زۆری و بۆری و جیاوازیی سەرچاوەکانیش، ئەستەمە سەرەتایەکی کۆنکریتی بۆ دامەزرانی هەریەك لەم دوو مەزهەبە دیاری بکرێت. بەڵام هەر دیاردەیەکی نێو هەر مەزهەبێك گەر بە وردی بەدوایدا بچین، ڕەنگە لە قۆناغێكی مێژوودا ڕەچەڵەکی بدۆزینەوە.


مەزهەبی شیعە، كە لەم باسەدا پتر مەبەستمان لە شیعەی دوازدەیی یاخود ئیمامی یا جەعفەرییە، وەك مەزهەبێكی فراوانی ئیسلامی، خاوەن کۆمەڵێك دەرکەوتە و مەراسیم و پەرستشی تایبەت بە خۆیانن، ڕەنگە لە هەندێكیان هاوبەش بن لەگەڵ مەزهەبە شیعییەکانی تری وەك زەیدی و ئیسماعیلی و ... هتد، لە هەندێكیش لەگەڵ مەزهەبەکانی ناو سوننە وەك هەندێ تەریقەتی تەسەووف. بەڵام خاوەنی هەندێ مەراسیم و سرووتن کەوا تەواو جیاجیان دەکاتەوە لەوانی تر. یەكێك لەمانەش ئەم مەراسیم و شەعائیرەی کەوا لە ڕۆژانی عاشوورا تا چلەی شەهیدبوونی ئیمامی حسێن ئەنجامی دەدەن.

 

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

# شیعە

Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure