شیعە لە عێراق لە دروستبوونیەوە تا كودەتا بەسەر دەستەبژێرەكانیان

30/01/2020

:: ئیدریس سیوەیلی


"پێویستە سەرۆك وەزیرانیكی نوێ دیاریبكرێت بێ دەستێوەردانی دەرەكی" عەلی سیستانی


گوزارشتێكی هەشت وشەیی، لە وتاری ئایەتوڵا عەلی سیستانی لە یەكێك لە وتارەكانی هەینیدا هاتبوو كە نوێنەرەكەی لە كەربەلا خوێندیەوە، ئەم دەربڕینە مانای زۆر لەخۆ دەگرێت، هەموان بەوە لێكدانەوەیان بۆ كرد كە ئاماژەیە بۆ هەژموونی ئێران بەسەر دەسەڵاتی عێراقەوە.


لە سەرەتای كانونی یەكەمی 2019 مەرجەعی باڵای ئایینی شیعە لە عێراق باسی لە (دەستتێوەردانی دەرەكی) دەكرد، هەروەك ئەوەشی راگەیاندبوو كە دەستوەرناداتە پرۆسەی دیاریكردنی حكومەتی نوێ، سیساتی تەنها لەكاتە هەستیارەكان دەست لە كاروباری سیاسیی وەردەدات، بۆچوونەكانیشی كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر رای گشتیی.


عێراق لەناو تەنگژەیەكی نوێ و جیاواز لەوانەی پێشوو دەتلێتەوە، كە ناونیشانی (جوڵەی شەقام)ە و ریشەكەی ئاڵۆزە، بەڵام ئەوەی جیاوازە ئەوەیە كە خۆپیشاندانەكان رووبەرێكی بەرفراوانی گرتوەتەوە،  لەوانە شاری كەربەلا، ئەمەش مانای وایە: یەكەم ئارامگری شیعە لەسەر دەسەڵاتی دەستەبژێری شیعە كۆتایهاتووە، دووەم دەركەوتنی دروشمی دژ بە ئێران لەناو خۆپیشاندانەكان مانای وایە شەقامی عێراق هەژمونی ئێرانی رەتدەكەنەوە، سێیەمیش شەقامی عێراق ئەو سیستمە گەندەڵەی عێراق رەتدەكاتەوە كە لەسەر بنەمای تایەفەگەری و بەشبەشێنە دامەزراوە، كە دەستەوستان بووە لە ئاست دابینكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتی عێراقی و دەستەبەركردنی هەلی كار و ئاو و كارەبا و ... تاد. هەر ئەمەش سەرۆكی عێراق و سەرۆكی حكومەت و حیزبە باڵادەستەكانی وڵاتی هێنایە سەر ئەوەی كە ئامادەبن نەرمی بۆ داواكاری خۆپیشاندەران بنوێنن، بەڵام وەك هەندێك راپۆرتی رۆژنامەوانی باسیان لێوەكرد ئێران رازی نەبووە بەخۆبەدەستەودان بۆ خواستی خۆپیشاندەران و شەقام. بە بەڵگەی ئەوەی لە تشرینی یەكەمی 2019 رێبەرانی دوو هاوپەمانی گەورە لە پەرلەمان، موفتەدا سەدر و هادی عامری لایەنگری ئێران، رازی بوون عادل عەبدولمەهدی دەستبەرداری پۆستەكەی بێت و كەسێكی ناحیزبی جێی بگرێتەوە. رۆیشتنی عەبدولمەهدیش بە دیوێكدا لێدانی گورزە لە ئێران.


هەر بۆیە بە پەلە قاسم سلێمانی سەرۆكی فەیلەقی قودس هەمان رۆژ گەیشتە بەغداد، داوای لە عامری كرد بەردەوام بێت لە پشتیوانی سەرۆكی حكومەت، لە كۆبوونەوەی لەگەل ژمارەیەك گەورە بەرپرسی ئەمنی وتی "ئێران شارەزایە لە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەكان". مەبەستی سلێمانی لەم قسەیە روونە كە لەگەڵ دەستپێكردنی ناڕەزایەتییەكان شەپۆلێكی توندوتیژی لە دژیان پەیڕەو كرا و دەیان كەس بوونە قوربانی، دواجاریش وێڕای هەوڵەكانی ئێران عادل عەبدولمەهدی دەستیلەكاركێشایەوە.


لە ناو هێزە شیعەكاندا  هەیانە پاڵپشتی ئێرانە، هەشیانە وەك دوژمن لێی دەڕوانێت، هەندێكی تریشیان تاڵە موەكەی موعاویەی هێشتوەتەوە لەگەڵی، دوای رووخانی بەعس و داگیركاری ئەمەریكا، گرووپە شیعەكان دەستیان گرتوە بەسەر ناوەمدە سیاسیی و ئەمنیەكانی عێراقدا، ویستویانە گۆڕانكاری لە سیستمی سیاسیی و ئابوری عێراق بكەن، نە رەزامەندی گەلیان بەدەستهێنا نە توانیشیان پارێزگاری لە رەوشی ئەمنی بكەن.

 

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

# شیعە

Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure