دیدێكی دیكه‌ی ئيسلامیی هه‌مبه‌ر ناموسڵمانان

23/04/2020

:: پاسەوان قەپلان

پێشه‌كى

 
جياوازيى بناغه‌یه‌كه‌، خودا ژيان و گه‌ردوونى له‌سه‌ر دامه‌زراندووه‌. ئه‌نجامی سرووشتیى و لۆجيكيی جياوازبوونيش فره‌ييه، فره‌ڕه‌نگيى، فره‌زمانيى، فره‌هزريى، فره‌كه‌لتووريى، فره‌ئايينيى ... تاد، ئه‌مه‌ ڕاستيه‌كی گه‌ردوونيى و ويستێكى خوداييه‌، فره‌يى و جياوازبوون ويستى ئافرێنه‌ره‌. قورئان به‌ چڕى، له‌ چه‌نده‌ها ئايه‌تیدا ئه‌مه‌ دوپات ده‌كاته‌وه‌، ده‌فه‌رموێ: "له‌ ئاماژه‌ و به‌ڵگه‌كانى بوونى خودا، ئافراندنى ئاسمانه‌كان و زه‌وى، هه‌روه‌ها جياوازى زمان و ڕه‌نگه‌كانتانه‌..." [الروم: 22] "ئه‌گه‌ر خوداى تۆ بيويستبا هه‌موو خه‌ڵكى ده‌كرد به ئوممه‌تێك، كه‌ هه‌ر به‌ جياوازى ده‌مێننه‌وه‌، مه‌گه‌ر كه‌سانێك خودات به‌زه‌ييان پێ ببات، هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ش ئافراندوونى" [هود: 118-119] "بۆ هه‌ر يه‌كێك له‌ ئێوه‌ شه‌رع و ڕێچكه‌يه‌كمان داناوه‌، ئه‌گه‌ر خودا بيويستبا هه‌ر هه‌مووتانى ده‌كردن به‌ تاقه‌ ئوممه‌تێك، به‌ڵام [نه‌يكردوون] تاوه‌كو تاقيتان بكاته‌وه‌ له‌وه‌ى  پێيداون؛ جا كێبه‌ركێى چاكه‌كارى بكه‌ن، هه‌مووتان له‌ كۆتاييدا هه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لاى خودا، ئیدی ئه‌و له‌وێ ڕاستيى ئه‌و پرسانه‌تان پێ ڕاده‌گه‌يه‌نێت كه‌ له‌ باره‌يانه‌وه‌ ناكۆك بوون" [المائدة: 48].


هه‌ر به‌ گوێره‌ى گێڕانه‌وه‌ى قورئان؛ يه‌كه‌مين ناكۆكى كه‌ له‌ نێوان يه‌كه‌م خێزانى مرۆڤايه‌تى ڕوويدا، له‌ بابه‌تێكى ئايينيه‌وه‌ سه‌رى هه‌ڵدا، له نێوان دوو كوڕه‌كه‌ى ئاده‌م، كه‌ له‌ ئه‌نجامى ناكۆكيه‌كه يه‌كێكيان براكه‌ى كوشت! ئه‌مه‌ ئاماژه‌يه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جياوازيه‌ مرۆڤیيه‌كان، نه‌خاسمه‌ جياوازيى ئايينيى، ده‌كرێ ببێته‌ پشكۆى فيتنه و دوبه‌ره‌كى و رق و كين ئه‌گه‌ر به‌ هۆشياريى و هه‌ستياريه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا نه‌كرێت، وه‌ك له‌ زۆربه‌ى قۆناغه‌كانى مێژوودا ڕوويداوه‌، ته‌نانه‌ت ئێستاش تارمايى جياوازيى ئايينيى به‌سه‌ر شه‌ڕ و ململانێكانى جيهانى نوێوه‌ دیاره‌. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى په‌يامى خودى ئايينه‌كانه‌ كه‌ بانگه‌وازه بۆ ميهره‌بانيى و ئاشتيى  و ده‌روونپاكيى. له‌ هه‌ردوو حاڵه‌تى ئه‌رێ و نه‌رێ، ڕۆڵ و كاريگه‌ريى ئايين‌ په‌يوه‌ستە به‌ هۆشيارى مرۆڤ و فاكته‌ره‌كانى ديكه‌ى پێكهێنه‌رى ژيانى مرۆڤ، واته‌: ئايين ته‌نها فاكته‌رێكه‌، فاكته‌رێكى گرنگ له‌ ژيانى مرۆڤدا، به‌ڵام كاریگه‌ریه‌كه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ فاكته‌ره‌كانی دیكه‌وه‌ له‌ ژیانی مرۆڤدا، هه‌روه‌ها به‌ دۆخ و هه‌لومه‌رجی شوێن-كات.


له‌به‌ر ڕۆشنايى ئه‌م قسانه‌، له‌م بابه‌ته‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م دیدێكی تری ئيسلاميى له‌مه‌ڕ ئه‌وى ديكه‌ى جياواز له‌ ئايين بخه‌مه‌ ڕوو، پاڵپشت به‌ تێزه‌كانى قورئان و به‌ڵگه‌نامه‌ مێژووييه‌كانى سه‌ره‌تاكانى ئيسلام، ئه‌وه‌ بۆ خوێنه‌ر جێده‌هێڵم تا دوایی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌راورد بكات به‌و هه‌ڵوێسته‌ی تا ئێستا گوێی لێبووه‌ و ئاشنایه‌ به لایه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌راوردی بكات به‌ مێژوو و ژیاری موسڵمانان، به‌ڵكو ببێته‌ مایه‌ی كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌ك بۆ پێداچوونه‌وه‌ی گوتاری ئیسلامیی له‌مه‌ڕ پرسی جیاوازیی و فره‌یی ئایینیی و پێكه‌وه‌ژیانی ئایینه‌كان.

 

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

# ئایین

Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure