لە ئیگۆر تا کۆرۆنا؛ ڕووداوەكان و گوتاری سادەی دینداریی

04/05/2020

:: زیرەك ئەحمەد رەحمان

پێشەكی

 
لە واقیعی ئەمڕۆی جیهاندا، ڕووداوی زۆر و بەخێرایی هەن. دەگمەن وایە مرۆڤ فریای ئەوە بکەوێ سەر و سەودای هەموان بەیەکەوە گرێ بدات. ئەمە گەر بۆ مرۆڤی خاوەن بیر و لێكدانەوە سەخت بێت، ئەوا بۆ گشتی خەڵكان و ڕەشۆكی خەڵك، یاخود عەوام زۆریش سەختترە. چونکە مرۆڤی لەو جۆرە دەگمەنە پێیوایە کە خاوەن بینینی خۆی بێت، بەڵكو بەندە بەو کەسایەتییە ڕەمزییەی کە لە زەینی خۆیدا هەموو بۆچوون و لێکدانەوەی وی پێ ڕاستە. بەڵام دەبینین لە دنیای ئیسلامەتیدا بە پێچەوانەوەیە، بە تایبەتی لە فەزای ئەلیکترۆنی و تۆڕەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی، عەوامی خەڵك قسە لە هەموو بابەتێك دەکەن؛ بە زانین یا نەزانین. جگە لەوەی پەتایەکە هەندێ جار ئاستی سەرکردە و کەسایەتیی دیار و ناوداریش دەگرێتەوە، خۆ دەقورتێننە باسی وا کە هیچ پەیوەندیی بە شارەزایی و پسپۆڕی ئەوانەوە نییە. ئەمە جۆرێك لە نابابەتیبوون و نالۆجیکی لە خوێندنەوە بۆ ڕووداوەکان دەخاتەوە.


بابەتی گەرماوگەرمی ئەمڕۆ کە جێی قسە و باسی خەڵكە بە گشتی، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید١٩)یە کەوا خەڵك بە گشتی بەجۆرێك ژیانی بەندە بە لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە. گەر بابەتانێك کەوا هیچ پەیوەندیی بە ژیانی کەسی قسەکەرەوە نەبووبێت، قسەی لەسەر کردبێت، داخۆ چۆن خۆی دەگرێت قسە لە بابەتی وا نەکات، کە ئەمڕۆ سەرانسەری جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە.


ئەم باسە، چەندە ئاماژە بەم دوو ڕووداوەی سەرەوە دەدات، بەڵام چەند هێندە و پتریش بایەخ بەو گوتارە باوەی ناو خەڵك دەدات کە دەڕوانێتە ڕووداوەکان. چ لە سۆشیاڵ میدیا، چ لە بەریەککەوتنی ڕۆژانە، ئەو گوتارە سادەیەی کەوا ڕووپۆشە بە تێڕوانینێكی زۆر سادەی دینداری و سۆزی تەواو بەسەریدا زاڵە. کە ئەم جۆرە زەینەی خەڵك و ئەم جۆرە لە گوتار، بەرامبەر هەر پرسێك کەوا زۆرێک لە مەزڵوماتی تێدا بێت، بارگاوی بێت بە دۆسیەی دینی، بە ئاسانی پەلکێش دەبێتە ناو باسەکە، بەبێ بوونی مەعریفە و زانیارییەکی پێویست. بۆیە ئەم ناونیشانەی سەرەوەشمان هەڵبژارد، تا بە جۆرێك دوو ڕووداوی پەیوەست بەیەکتر لە یەك ساتی زۆر نزیك، ئاماژە بدەینێ، کە چۆن ئەم گوتارە سۆزدارییە، لە بابەتێكەوە بۆ بابەتێك دەپەڕێتەوە، لە باسێكەوە دەچێتە سەر باسێك، بێ لێكدانەوەی بابەتی و لۆجیکی.

 

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

# ئایین

Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure