شیعە لە بەرامبەر هیلالی شیعی

19/05/2020

:: ئارام مەحمود ئەحمەد

ئەنیسیتۆ واشنتۆن: حەنین غەدار

15ی شوباتی 2020 حزبوڵای لوبنان بۆنەیەکی بۆ پەردە لادان لەسەر پەیکەری قاسم سلێمانی لە شاری (مارون الراس)ی لوبنان لە نیو مایلی سنوری ئیسرائیل، ڕێکخست. ئەم پەیکەرەی سلێمانی لە کاتێکدا نیشان دەدات کە دوو دەستی کردووەتەوە و ئاماژەی بە ئیسرائیل کردووە. لە کاتێکدا کە بەرپرسانی حزبوڵا و لایەنگرانی لە سەر سنورەکانی لوبنان و ئیسرائیل بۆنەی پەردەلادانیان ئەنجام دەدا، هاوڵاتیانی لوبنان سەرقاڵی ڕێزلێنان لە چوار مانگ ناڕەزایەتی دژی دەسەڵاتدارە سیاسییەکانیان بوون، هەمان ئەو دەسەڵاتدارانەی کە گەندەڵی و ناکامی سیاسی ئەوان ببووە هۆی لێکهەڵوەشانی لوبنان.

خەڵکی لە لوبنان، سوریا، عێراق و خودی ئێرانیش، واتا ئەو وڵاتانەی لە قەڵەمڕەوی هیلالی شیعدان، بۆیان دەرکەوتووە کە دووژمن لەناو خودی وڵاتەکانیاندایە؛ ئەوە دەوڵەتەلان خۆیانن کە ڕێگە بە ئێران دەدەن دەوڵەت و ئۆرگانە دەوڵەتییەکان بگرێتە دەست. ئایدۆلۆژیاکان، باسەکانی بەرگری، ناسنامەی گرووپەکان، تیۆرەکانی پیلانگێڕی کە ناسنامەی بە کۆمەڵ و دیدی شیعەکانی لە سەرتاسەری ناوچەکە فۆڕمەڵە کردووە، هێواش و بەردەوام برەو پووکانەوە دەچێت و جێگەیان بە نیگەرانی ئابووری، ئارمانی هاوڵاتیگەری و ناسنامە نەتەوەییەکان پڕ دەکرێتەوە.

هیلالی شیعی کە ئێران دەیان ساڵە وەبەرهێنانی تێدا دەکات، لە ئەنجامدا خەریکە دژی ئێران و گرووپە کرێ گرتەکانی لە ناوچەکەدا ئاڕاستە وەردەگرێت. ئێران لە بەیروتەوە بگرە تا دەگاتە بەغدا و لەوێوە تا تاران، ڕووبەڕووی ئاڵۆزترین نەیاری خۆی لەم ساڵانەدایە: خۆپیشاندەرە شیعەکان. لە بارەی ئێرانەوە دووژمن لەناوخۆی وڵاتیشدا هەیە و ئەویش دووژمنێکە کە ئێران بێ گۆڕانکاری بنچینەیی لە ستراتیژ و هاوپەیمانە سیاسییەکانی لە سەرتاسەری ناوچەکە، ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات.

لەوانەیە ئێران هیچ کاتێک پێشبینی نەکردبێت، کە گرفتە سەرەکییەکەی لەناو خودی گرووپی شیعەدا دروست بێت. ئێران تەنیا ستراتیژێکی لە سەرتاسەری ناوچەکەدا گرتووەتەبەر: بەهێز کردنی ناسنامەی شیعە، گواستنەوەی پارە و چەک بۆ گرووپە کرێ گرتەکانی لە ناوچەکەدا و گۆڕانی بۆ باوکێک بۆ شیعە و لە پلەی دەوڵەت و ئۆرگانە دەوڵەتییە ناوچەییەکان بۆ شیعەکان کار دەکات.  لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی ئێران هەرگیز بۆیان دەرنەکەوت کە دوای ئەو هەموو وەگەڕخستنەی دارایی و مەعنەوی، دوای بەدەستهێنانی ئەو هەموو سەرکەوتنە سەربازییە لە لوبنان، سوریا و عێراق هاوڵاتیان (بە تایبەتی شیعەکان) پێویستیان بە بەرهەمی ئەو سەرکەوتنانە بوو، واقیعەکە تەواو پێچەوانەی ئەوەیە. لە نەبوونی هەر جۆرێک تێڕوانینی ئابووری – کۆمەڵایەتی چاودێر بە سەر وڵاتانی ژێر هەژموونی ئێران، دۆخی ژیانی ئەو ناوچانە ئیتر وەڵامدەرەوەی پێویستی شیعەکان نییە.

خەڵکی دژی ئابووری بەرگری

 خراپترین مۆتەکە بۆ ئێران لەو کاتەدا دەرکەوت کە عێراقییەکان (زیاتر دانیشتوانی شارە شیعەکان) دروشمی (ئێران بۆ دەرەوە، عێراقی ئازاد)یان بەرز کردەوە، هەروەها لە لوبنانیش بە دروشمە یەکگرتووەکان چوونە سەر شەقامەکان (ڕەتکردنوەی ئێوە بە گشتی، واتا هەمووتان). ئەم مۆتەکەیە ئەو کاتە بۆ گرفتێکی ڕاستەقینە گۆڕا کە خۆپیشاندەرە عێراقییەکان کونسوڵخانەی ئێرانیان سوتاند و خۆپیشاندەرە لوبنانییەکانیش حەسەن نەسورڵایان بە یەکێك لە کەسایەتییە سیاسییە شکستخواردووەکانی لوبنان هەژمار کرد و حزبوڵایان بە بەرپرسی نەهامەتییەکانی لوبنان دانا.

ئێران و گرووپە کرێ گرتەکانی لە ناوچەکەدا، کە ماوەیکەی زۆرە بەڵێنی خەباتیان دژی نادادپەروەری و بەهێز کردنی هیلالی شیعی بە شیەکانی وڵاتانی ناوچەکە دابوو، ئەمڕۆ بە هۆی ئەو نادادپەروەری و کەموکورتیانەوە بە خەتابار دادەنرێن. ئەم دۆخە زیاتر بە هۆی دوو خاڵی لاوازی سەرەکی ستراتیژی ئێران لەو وڵاتانە ڕوویداوە. یەکەم، ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئۆرگانە دەوڵەتییەکانی لوبنان لەگەڵ کەسایەتی و حزبە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە هاوپەیمانی بەست. پێکهێنانی گرووپی میلیشیایی و گرووپە کرێ گرتە چەکدارەکان کە ناتوانن بڕیار و سەرچاوەکانی دەوڵەت کۆنترۆڵ بکەن، بەس نین. بەڵام بۆ ئێران بەردەوام دروستکردنی ئەو هاوپەیمانیانە لەگەڵ سیاسەتمەدارە گەندەڵەکان ئاسانترە؛ ڕاستەوخۆ ئەوان دەکڕێت، یان بەڵێنی پۆستی گرنگی دەوڵەتیان پێدەدات، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە دەستیان بە سەرچاوە دەوڵەتییەکان بگات.

بۆ نمونە ڕێکەوت نییە کە هاوپەیمانەکانی حزبوڵا لە لوبنان هەمان ئەو ڕووخسارە گەندەڵانەن کە خۆپیشاندەرە لوبنانییەکان ئەوان بە بەرپرسیار لە نەهامەتییەکانی خۆیان دەزانن. ئەو هاوپەیمانانە وەک (نەبیە بری، سەرۆکی پەرلەمان، جوبرال باسیل وەزیری پێشووی دەرەوە) نەک تەنیا سوودیان لە یەکگرتن لەگەڵ ئێران وەرگرتووە (لە ڕووی ئابووری و سیاسی)، بەڵکو دەستڕاگەیشتنی پێویستیان بە سەرچاوە دەوڵەتییەکان بۆ حزبوڵا ڕەخساندووە. بۆ نمونە لەگەڵ ئەوەی حزبوڵا لە کۆی 128 کورسی لە پەرلەمانی لوبنان 13 کورسی هەیە، بەڵام لە ڕیگەی هاوپەیمانەکانییەوە زیاتر لە 70 نوێنەری پەرلەمانی کۆنترۆڵ کردووە. ئەمە لە بارەی دەوڵەت و سەرجەم ئۆرگانە دەوڵەتییەکانیشەوە ڕاستە.

دووم، ئێران ئەو پەیامەی گەیاندە شیعەکانی لوبنان، عێراق و هاوڵاتیانی خودی ئێران کە ئێستا کاتی پێدانی ساڵانی خزمەتە بێ بەرامبەرەکان، بەهێز کردنی دەسەڵاتی سیاسی و سەرکەوتە سەربازییەکانە. کاتێک کە ئێران کەوتە ژێر باری قوورسی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمەریکا، کاریگەری لەسەر هاوڵاتیانی ئێران، گرووپە کرێ گرتەکان لە ناوچەکە و ئەو شوێنانەی کە لەژێر دەستیاندایە دروستکرد.

دیار بوو کە سەرچاوەی دارایی حزبوڵا زیانی پێگەیشتووە و زۆرێک لە خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتییەکانی وەستاون. لە ئەنجامدا حزبوڵا ناچار بوو پێدانی مووچە بە کارمەندە گرێبەستەکانی بوەستێنێت و کارمەندە ناپێویستەکان دەربکات، بە تایبەتی ئەوانەی کە لە ماوەی شەڕی سوریادا دامەزرێنرابوون و ئێستا ئیتر پێویست نەماون. حبوڵا لەگەڵ بەکارهێنانی ئابووری بەرگری، چاوەڕوانی ئەوەی لە شیعەکانی لوبنان دەکرد، کە بە خۆگرتن بەرامبەر ئەو بارودۆخە، وەفاداری خۆیان بسەلمێنن.

زۆرێک لە شیعەکان هەوڵدەدەن بۆ حزبوڵا وەفادار بن و ئومێدەوارن قەیرانە داراییەکەی چارەسەر بێت، چونکە بە بۆچوونی ئەوان لە ئەنجامدا ئێران لە ناوچەکەدا بە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکاندا سەردەکەوێت، ئەمەش بە ناچاری خۆیان وای بیر لێدەکەنەوە. بەڵام زۆرێکیش ئامادە نین ئەو تێچوە بدەن و سێ شاری سەرەکی شیعە لە لوبنان لەگەڵ بوونی ترساندن وتۆقاندن لەلایەن حزبوڵاوە، خۆپیشاندانیان تێدا ئەنجامدرا.

زۆرێک لە شیعەکانی لوبنان و عێراق بەهای هەژموونی ئێرانیان پێشتر داوە و ئیتر نایانەوێت لە زۆرینەی بێدەنگ بن. بەڵام ڕەخنەی ڕاستەوخۆش بەهای خۆی هەیە. بە وتەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی زیاتر لە 500 خۆپیشاندەری عێراقی و زیاتر لە 300 خۆپیشاندەری ئێرانی لە کاتی سەرکوت کردنی بێ بەزەییانەی خۆپیشاندانەکاندا کوژراون. لە لوبنان خۆپیشاندانەکان ڕووبەڕووی  بەکارهێنانی نایاسایی و توندڕەوانەی هێزە سەرکوتکارەکان بوونەوە و هێزە ئاسایشییەکان نەیانتوانی بە شێوەیەکی کاریگەر دەستوەردان ئەنجام بدەن و خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەکان لە بەرامبەر هێرشی گرووپە سیاسییە ڕکابەرەکان بپارێزن.

گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو بۆ ئێران و گرووپە کرێ گرتەکانی زۆر دژوار دەبێت. شیعەی ئەو وڵاتانەی ئیتر پێیانوانییە کە ئایدۆلۆژیای ئێران دەرگاکان واڵا دەکات، یان ستراتیژی ئێران بۆ شکستدانی ئیسرائیل و ئەمەریکا لەوانەیە ئەوان لە هەژاری و برسێتی ڕزاگار بکات. بەردەوامی ئەو سەرکۆنانە، بە واتایئ بەردەوامی فشاری کۆمەڵگەی جیهانی بۆ سەر ئێران و گرووپە کرێ گرتەکانە و ئەمەش کاریگەری لە سەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی شارەوانی و پەرلەمانی لوبنان دەبێت.

لە نەبوونی قاسم سلێمانی‌دا
لە کاتی ڕوودانی ئەو گرفتانەدا ئەو کەسەی کە سەرجەم ئەو بەشانەی بە یەکەوە دەبستەوە، واتا قاسم سلێمانی، تیرۆر کرا. پرۆژەی هیلالی شیی سلێمانی بەر لە تیرۆر کردنی لەرزۆک ببوو. سلێمانی لە دوا سەفەری خۆیدا بۆ بەیروت لە ڕێگەی دیمەشقەوە بۆ بەغدا دەچوو، سەفەرێک کە هێمای نیگەرانییەکانی ئەو بوو. شاراوە نییە کە سلێمانی بەر لە تیرۆر کردنی چەندین هەفتە لە نێوان بەیروت و بەغدا و تاران سەفەری کردبوو بۆ ئەوەی بتوانێت هاوکاری سەرکوت کردنی ئەو خۆپیشاندانانە بکات کە پرۆەژەکەی ئەویان لاواز کردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا حەسەن نەسروڵا ئاماژەی بە دەستوەردانی لاوەکی لە بەڕێوەبردنی سلێمانیدا نەکرد، تێڕوانینێک کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی بۆشایی جدی لە هەیکەلی سوپای قودس لە ناوچەکەدا.

دوای ساڵی 2011 بەردەوامی دامێنی بەڕێوبردنی بەشەکی الێمانی بە سەر سەرجمە میلیشیاکانی ژێر دەستی ئێران. لەوانە حزبوڵا، مستەفا بەدرەدین لە سوریا کووژرا، سلێمانی پێداگری دەکرد لە جێگەکەی بە چوار فەرماندە پلە نزمتر پڕبکاتەوە، تا ڕێژەیەکە ئەم کارە لەبەر ئەوە بووە کە حزبوڵا زۆربەی فەرماندە باڵاکانی خۆی لەدەست دابوو، جێگرەوەیەکی ئامادەی بۆ جێگەی ئەو نەبوو. بەڵام هۆکاری سەرەکی پێداگری سلێمانی، بە وتەی ژمارەیەک لە جەنگاوەرەکانی حزبوڵا ئەوە بوو، کە سلێمانی هەموو شتێک بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

بەمشێوەیە حزبوڵا وەک فەرماندەیەکی سەربازی پشتی بە سلێمانی بەستبوو. لە ئەنجامدا بە تیرۆرکردنی سلێمانی ئێستا ئەم گرووپە زۆر ناسک بووە و ناتوانێت ڕۆڵی گرنگ لە عێراق، یان بەشەکانی تری هیلالی شیعی بگێڕێت. حزبوڵا بەر لە لەئەستۆ گرتنی ڕۆڵی سلێمانی لە ناوچەکەدا، دەبێت ڕابەری سربازی خۆی بدۆزێتەوە. جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ جێگەی سلێمانی بە ڕاستی بوونی نییە، ئێرانیش هەمو وهەوڵی خۆی دەدا بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە.

ئەمە بەو واتایە نییە کە میلیشیاکانی ئێران لە کۆنترۆڵ دەرچوون، یان حزبوڵا هاوکاری ئەوان ناکات. لە کۆتاییدا هێشتا پارە و چەک لە ئێرانەوە دێت. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کەسێک ئەو پەیوەندی، متمانە و زانینەی کە سلێمانی بە درێژایی ئەو ساڵانە بەدەستی هێنابوو، نییەتی.

ئایا پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا باشتر دەبێت؟

 بە لەرزۆک بوونی هیلالی شیعی، ئێران بە هەموو توانایەوە هەوڵدەدات ئەو لە لەناوچوون بپارێزێت. لەدەستدانی ئەو هیلالە بە واتای لەدەستدانی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دەستدانی سەرچاوەی سیاسی و دارایی زۆرە. دوو پایەی هیلالی شیعی واتا سلێمانی و گرووپە شیعەکان، لەناکاو لەدەستچوون و بە ناچاری ئێران تیشکی خستووەتە سەر سەرکەوتن بە سەر ئەو دوو گرفتەدا.

ئێران زیاتر تیشکی خستبووە سەر دڵنیابوون لە شکسخواردنی خۆپیشاندانەکان لە لوبنانو عێراق و ناوخۆی ئێران. لە عێراق هەوڵەکانی ئێران بۆ گۆڕینی خۆپیشاندانەکان بۆ دژایەتی ئەمەریکا، ئەنجامی نەبوو. فیلمێک نیشانی دەدات لە ئێرانییەکان بەسەر ئاڵای ئەمەریکا و ئیسرائیلدا نەڕۆیشتوون، لە لوبنانیش خۆپیشاندانەکان دژی دەولەتی نوێ، کە بە ئاشکرا دروستکراوی حبوڵایە، بەردەوامە.

ئەگەر تێکڕای ئەو هەوڵانە بە شکست بگەن، ئێران و گرووپە کرێ گرتەکانی بە ئەگەری زۆر توندوتیژییەکانیان زیاتر دەکەن، بۆ ئەوەی خۆپیشاندەکان تەوژم و هێزی خۆیان لە دەست بدەن. تا ڕێژەیەک حزبوڵا توانی ئەو کارە لە لوبنان ئەنجام بدات، خۆپیشاندانەکانی ئێرانیش سەرکوت کران. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر خەڵکی شەقامەکان چۆڵ بکەن و بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان، گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان هێشتا بەردەوام دەبن و لە ئەنجامدا برسێتی خەڵکی دێنێتەوە سەر شەقامەکان.

ئایا جەنگ بژاردەیەکە؟

 ئایا ئێران دەتوانێت لە شەڕی خۆیدا دژی دووژمنی ناوخۆ (واتا خۆپیشاندەران) بە مەبەستی بەلاڕێدا بردنی ڕایگشتی جیهان و خەڵکی ئێران بەرامبەر گرفتەکان، پەنا بۆ جەنگ ببات بۆ ئەوەی هاودەردی ئەوانی تر بەدەست بێنێت؟ ئێران بەر لەمەش پەنای بۆ ئەو ستراتیژە بردبوو، بەو شێوەیەی کە حزبوڵا کۆمەڵێک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەو کارە هاودەردی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کە زۆری پێویست بوو، بەدەستی هێنا.

حزبوڵا و ئێران هەردوویان دەزانن کە ئەم ستراتیژە لەوانەیە ئەمجارە ڕووبەڕووی شکست بێتەوە. لەم قۆناغەدا لەبەر سێ هۆکار ناتوانێت جەنگ دژی ئیسرائیل ڕابگەیەنێت: یەکەم، بۆ دابینکردنی دارایی جەنگەکە، ئامادە کردنی سەرباز و دامەزراندنی کەسانی نوێ پارەی نییە. دووەم، ناتوانێت گەرەنتی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە بکات کە پێشتر توانی بووی. سێیەم، شیعەکانی لوبنان بەو دۆخە ئابووریەی ئێستایان و ئەو واقیعییەتەی تێیدان ناتوانن بۆ سوریا یان ناوچەکانی تری لوبنان ڕابکەن، لەبەر ئەوە خوازیاری شەڕێکی نوێ لەگەڵ ئیسرائیل نین.

حزبوڵا دەزانێت کە شەڕی جولای 2006 دوا شەڕ دژی ئیسرائیک بوو، کە شیعەکان ئامادە بوون خۆی لە بەرامبەردا بگرن و شەڕی سوریاش ئەوانی ماندوو کردووە. لەبەر ئەوە حزبوڵا شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل گواستووەتەوە بۆ ناو وتار و بتە بەردەکان.

لە بارەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریکا، ئێران دەزانێت لە بە خەزێنەی بەتاڵ شەڕ بژاردەیەکی باش نییە. ئەمەریکا بە کووشتنی سلێمانی هەڵوێستێکی ڕاشکاوانەی خستەڕوو. ئێران دەبێت لەگەڵ هەوڵەکانی بۆ گێڕانەوەی شیعەکانی لوبنان بۆ ژێر کۆنترۆڵی خۆی، بە زۆرەملێ، یان بە سیاسەت دەبێت دووبارە هێزی خۆی بە درێژایی هیلالی شیعی جێگیر بکات. کاری لە پێشینەی ئێران ئەوەیە و بەردەوامیش ئەوە بووە. لە هەمان کاتدا ئاڵۆزترین کاری ئێرانیش ئەمەیە، چونکە هیلالی شیعی ئیتر بۆ شیعەکانی ناوچەکە ئەوەندە سەرنجڕاکێش نییە.

# ئێران # شیعە

Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure