ئایا کۆتایی ئیسلامگەرایی لە تورکیا نزیکە؟

18/08/2020

:: ئارام مەحمود ئەحمەد

بی بی سی: ویلیام ئارمسترۆنگ

گۆڕینی مۆزەخانەی ئایا سۆفیای ئەستەنبول بۆ مزگەوت لە ڕوانگەی کۆمەڵێك کەسەوە دوا بزمار بوو لە تابووتی سیکۆلاریزم لە تورکیا، ژمارەیەکی تریش دەڵین "هاوکات لەگەڵ چوونەوەی نوێژخوێنان بۆ ئایاسۆفیا، بینەری یەکێک لە لاوازترین ساتەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی بووین لە تورکیا".

رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕێکەوتی 27/7/2020 باوەڕدارە ئامادە بووەکان لە ئایا سۆفیای بە هێمای (لەدایک بوونەوەی دووبارەی نەتەوەی تورکیا) وەسف کرد و ڕایگەیاند، بوونی مزگەوتی زیاتر لە وڵاتدا بە واتای نزیکبوونەوە لە ئامانج دێت.

حزبی ئیسلامگەرای داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئەردۆگان لە دێرزەمانەوە مەزهەب و نەتەوەپەرستی ئاوێزانی یەکتر کردووە، بۆ ئەوەی بە دوای ئەو نەریتەدا بڕوات کە لە نێوان ڕاستگەرا تورکەکاندا چەند دەیەیەکە هەیە.

لەگەڵ ئەوەدا ڕاپرسی و گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بە کەمبوونەوەی هەستی مەزهەبی لە تورکیا دەکەن، ئەو شوێنەی کە پێدەچێت ناسیۆنالیزم بۆ هێزێکی بە تواناتر گۆڕاوە.

گۆڕانی کۆمەڵایەتی
کۆمپانیای ڕاپرسی متمانەپێکراوی تورکی بە ناوی (کۆندا) ساڵی 2018 ڕایگەیاند، لە کاتێکدا کە %25 دانیشتوان خۆیان بە (مەزهەبی موحافیزکار) دەزانن، ئەم ئامارە لە ناو گەنجانی تەمەن 15 تا 29 ساڵدا، تەنیا %15یە.

نزیکەی %58 گەنجانی تورکیا وتویانە لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژوو دەبن، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی 2008 ئەم ئامارە %74 بووە.
ڕێژەی ئەو گەنجانەی تورککیا کە خۆیان بە (مۆدێرن و ئەمڕۆیی) وەسف دەکەن $42ە، بەراورد بە دانیشتوانی %29 تورکیا.

بێجگە لەوە بەشدار بووانی ڕاپرسییەکەی 2018 بەراورد بە گرووپی هاوشێوەی ساڵی 2008 وەڵامی کەمتر موحافیزکارانەیان لە بارەی پرسیارە پەیوەندیدارەکان بە شیوازی ژیانیان داوەتەوە.

(بەکیر ئاگیردیر) بەڕێوەبەری کۆمپانیا کۆندا مانگی دیسەمبەری 2019 ڕایگەیاندووە "ئەوان درەنگتر هاوسەرگیری دەکەن. ژمارەی ئەوانەی بە تەنیا دەژین زیاتر بووە... ژمارەی ئەوانەی کە دەڵێن باوەڕیان بە خوا نییە لە %1وە بەرزبووەتەوە بۆ %4. ژمارەی ژنانەی باڵاپۆش لە %58 و %57وە کەم بووەتەوە بۆ %50".

بەپێی ڕاپرسییەکی ناوەندی لێکۆڵینەوە ڕەگەز و ژنان لە زانکۆی (کادیر)ی تایبەتی ئەستەنبوڵ، تێڕوانینی لیبراڵی پەیوەندیدار بە بابەتی ڕەگەزیش لە ساڵی 2020دا زیادی کردووە.

ئەم جۆرە راپرسیانە، چارەنووسی خەونی ئەردۆگان بۆ (پەروەردە کردنی نەوە مەزهەبییەکان) لە تورکیا دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

بۆچوونی شارەزایان
شارەزایانی لایەنگری دەوڵەت لە پەیوەندیدا لەگەڵ کەم بوونەوەی مەیلی مەزهەبی لە وڵاتەکەدا هۆشداریان داوە.

(یوسف کاپلان) مەزهەبییەکی توندڕەو و ستوون نووسی ڕۆژنامەی یەنی شەفەق 20/7/2020 ڕایگەیاندووە "5 ملیۆن گەنج لە 7 ملیۆن گەنجی ئێمە پەیوەندیان لەگەڵ وڵاتەکەیان، ڕەگ و ڕیشە مەعنەوی و ئاگایی بەرامبەر ئیسلام لەدەستداوە".

کاپلان لە درێژەدا دەڵێت "ئەگەر ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت، کۆمەڵگە ئیسلام بەجێدێڵێت و بەرەو لەبیرچوونەوە دەڕوات... بەشە ئیسلامییەکانی کۆمەڵگەش خەریکە لە ئایین و هەستی ئیسلامی خۆیان دەردەچن. منداڵەکانیشیان خەریکە بەرەو بێ باوەڕی یان باوەڕداری بێ ئایین دەچن".

لەم ساڵانەی دواییدا موحافیزکارەکان چەندین جار لە پەیوەندیدا لەگەڵ مەیلی گەنجان بەرەو باوەڕداری بێ ئایین، کە کەمتر توندە، نیگەرانیان دەربڕیوە. (ڕەشەن چاکر) سەرنووسەری ماڵپەڕێ سەربەخۆی (میدیا سکوپ) 22/7/2020 وتی "ئیسلامی سیاسی باڵایی خۆی لەدەستداوە".

چاکر زیاتر دەڵێت "قۆناغێکی دژە ئیسلامی بەڕێدەکەین. نەوەیەک لە ئیسلامگەراییدا ژیا، بەڵام نەوەی دواتر بە تەواوی پێچەوانەی ئەوە ئەزموون دەکات".

بە بۆچوونی ئەو لە کاتێکدا کە ئیسلامگەرایی لە تورکیا کەم دەبێتەوە، ناسیۆنالیزم خەریکە دەگۆڕێت بۆ هێزی باڵادەست لە تورکیا.
ئەو دوای ئاماژە کردنی بەوەی کە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆگان لە واقیعدا (کەمبوونەوەی ئیسلامگەرایی و زیاتر بوونی ناسیۆنالیزم) بووە، دەڵیت"ئەردۆگان .... هەوڵدەدات بە واتا پۆپۆلیستییەکەی سوود لە ئایین وەرگرێت، بەڵام ناسیۆنالیزم بە ئاشکرا هێزی باڵادەستە".

شەپۆلی گەورەی ناسیۆنالیزم
سیاسەتەکانی حزبی دەسەڵاتدار بە سەر وڵاتدا ڕەنگدانەوەی ئەم پرۆسەیەیە.
حزبی داد و گەشەپێدانی ئەردۆگان لە کودەتای سەرنەکەوتووی ساڵی 2016وە لەم وڵاتەدا لەگەڵ مەهەپە هاوپەیمانی پێکهێناوە.

دوای شکستی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پ.ک.ک) ساڵی 2015 دەوڵەت ڕێکارێکی لە ڕابردوو توندوتری ناسیۆنالیزمی گرتووەتەبەر، کە بریتی بووە لە سەرکوت کردنی کورد لە ناوخۆ و هێرشی سەربازی بۆ سوریا و عێراق دژی کوردەکان. وەرچەرخانێک کە داد و گەشەپێدان و مەهەپە پشتیوانیان کردووە.

بە سەربازی کردنی ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتری ئەنقەرە لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا لە دەریای ناوەڕاست کە بە ئامانجی زیاتر کردنی کاریگەری خۆی لە ناوچەکەدا دەستپێکردووە، ڕەگ و ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناسیۆنالیزمە تورکییەکە.

هەروەها سیاسەتەکانی دەوڵەت بۆ زیاد کردنی وەگەڕخستنی سەرمایە لە بواری بەرگری و بە لەپێشینە دانانی بەرهەمی ناوخۆیی، هەمان پشتیوانی گرووپە نەتەوە پەرستەکان دەگرێتەوە.

زیاتر بوونی خۆشەویستی وەزیری دەوڵەت
زیاتر بوونی خۆشەویستی (سولەیمان سۆیلۆ) وەزیری دەوڵەتی تورکیا ڕەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکاریانەیە. سیۆلۆ کەمێک دوای کوردەتاکەی 2016 بوو بە وەزیری دەوڵەت.

سۆیلۆ بە چوونە سەر پشتی شەپۆلی ناسیۆنالیزم و هاندانی لە ڕیگەی دەربڕینە شەڕخوازییەکانییەوە بۆ یەکێک لە بەرجەستەترین و خۆشەویستترین کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵاتەکە گۆڕا.

پێشینەی چالاکی سۆیلۆ دەگەڕێتەوە بۆ حزبە ڕاستە ناسیۆنالیستییەکان، نەک پێشڕەوە یتسلامگەراکانی ئاکەپە، ئەەمش بووە هۆی ئەوەی لەلایەن حزبە ڕاستەکانی تورکیاوە پشتیوانی بکرێت.

وێبسایتی (تورکیا ڕاپۆرۆ)ی سەر بە کۆمپانیای لێکۆڵینەوەی ئابووری ئەستەنبوڵ مانگی تەموزی 2020 ڕایگەیاند، کە سۆیلۆ دوای ئەردۆگان بە خۆشەویستترین کارەکتەری سیاسی وڵاتەکە هەژمار دەکرێت.

(موراد یتکین) ڕژنامەنووس 12/4/2020 وتویەتی "بەپێی ژمارەیەک ڕاپرسی کە لەناو ئاکەپە ئەنجام دراون، سۆیلۆ وەک سەرکەوتووترین کەسایەتی سیاسی لەبەرچاو گیراوە".

هەروەها ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوە کردووە، کە سۆیلۆ بە هۆی پشتیوانییە بەرفراوانەکانی ئاکەپە و مەهەپەوە بۆ دووەم پیاوی بەهێز دوای ئەردۆگان گۆڕاوە.

بەڵام بابەتەکە ئەوەیە لەوانەیە لە داهاتوودا ئەمە گرفت دروستبکات، پڕوپاگەندەی کێبڕکێی نێوان سۆیلۆ و (بورات بەیرەق) وەزیری دارایی و زاوای ئەردۆگان، لەگەڵ ئەوەی دەستلەکارکێشانەوەی ئەو لە مانگی چواری ئەمساڵدا ڕەتکرایەوە، ئاماژە بوو بۆ کۆمەڵێک ناکۆکی.

پێکهاتەی ناسیۆنالیزم و ئیسلامگەرایی
ناسیۆنالیزمی توندڕەو و مەزهەب لە تورکیا نەک تەنیا دوو هێزی دژی یەک نین، بەڵکو زۆربەی کاتەکان یەکتریان بەهێز کردووە و تەواوکەری یەکتری بوون.

دوای کودەتای سەربازی ساڵی 1980 بەرپرسە تورکەکان سیاسەتی تێکەڵاو کردنی ناسیۆنالیزم و ئیسلامگەراییان لە وڵاتەکەدا برەو پێدا. ئامانجی ئەو کارە بەدەستهێنانی یەکێتی نەتەوەیی لە ڕیگەی بەها ئەخلاقییە مەزهەبییەکان و ناسیۆنالیزمی موحافیزاکارانە بوو.

دوای ساڵی 1980 بودجەی دەزگای ئایینی تورکیا بە خێرایی زیاتر کرا و ئەو زیاد کردنەش لە سالی 2002وە کە داد و گەشەپێدان گەیشتە دەسەڵات خێراتر بووە.

(پۆلاد ئالپمەن) کۆمەڵناس ساڵی 2018 لە بڵاوکراوەی مانگانەی چەپی (بیریکیم) نووسی "ئیسلامگەرایی بەردەوام ناسیۆنالیزمێکی توندی لە خۆیدا جێکردووەتەوە... لە ئیسلامگەرایی تورکیادا، ناسیۆنالیزم زیاتر وەک پێویستی سەردەم جەختی لە سەر کراوەتەوە".

ژمارەیەک لە چاودێران دەڵێن، ئایدۆلۆژیای حزبی دەسەڵاتدار بووەتە هۆی ئەوەی ئەم بابەتە بگاتە بەرزترین ئاست، ئەو ئاڕسەتەیەی کە (ئالپمەن) بە "ناسیۆنالیزمی ئیسلامی" وەسفی دەکات.

کۆتایی سیکۆلاریزم؟
گۆڕینی ئایاسۆفیا بە بۆچوونی کۆمەڵێك، گرنگترین دەستکەوتی ئیسلامی سیاسی لە تورکیا بووە. (کەمال گوکتاش) ستوون نووسی ماڵپەڕی سەربەخۆی (دیکن) دەڵێت، ڕێکخستنی بۆنەی خواپەرستی موسوڵمانان لە ئایاسۆفیا بە واتای "نوێژی مردوو لە سەر سیکۆلاریزم" بوو.

بەڵام بە بۆچوونی ژمارەیەکی تر، ئەم ڕووداوە ئاماژەیە بۆ نیگەرانی دەوڵەت بەرامبەر کەمبوونەوەی ئاماری خۆشەویستی لە ڕاپرسییەکاندا.

(ڕەوشەن چاکر) لە ماڵپەڕی هەواڵی (میدیا سکوپ) دەڵێت "هاوکات لەگەڵ چوونەوەی نوێژخوێنان بۆ ئایاسۆفیا، بینەری یەکێک لە لاوازترین ساتەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی بووین لە تورکیا".

ئەو لە درێژەدا دەڵێت "لەوانەیە ئەوان (دەوڵەت) هەوڵبدەن بە کاری لێبڕاوانەتر، لاوازی خۆیان بشارنەوە. بەڵام ئەوان هیچی زیاتریان بۆ وتن پێ نییە و ناتوانن هیچ بازنەیەکی هەڵبژاردن ڕازی بکەن. ئەوان ناتوانن منداڵەکانیشیان قایل بکەن".

ئەگەر ئەم بابەتە ڕاست بێت، ئاڕاستە کۆمەڵایەتییەکان لە درێژماوەدا پیشانی دەدەن کە لە ساڵانی داهاتوودا ئایدۆلۆژیای مەزهەب مومکینە بە تەنیایی نەتوانێت خەڵی تورکیا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.

# ئیسلامی سیاسی # تورکیا

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure