ئەفغانستان شکستی جەنگ دژی تۆتالیتاریزمی ئیسلامی

13/09/2020

:: ئارام مەحمود ئەحمەد

ئالان گریش

ڕێککەوتنی نێوان تاڵیبان و واشنتۆن زیاتر لە بابەتی ئەفغانستان یەکسانە بە شکستی جەنگ دژی تیرۆریزم. جەنگێک کە لە 11ی سێپتەمبەری 2011وە دەستیپێکرد و فەڕەنساش چالاکانە لەو جەنگەدا بەشدار بوو.

لە بارەی ئەو ڕێککەوتنەوە هەندێک جار بە خێرایی هەواڵ و ڕاپۆرت بڵاودەکرێنەوە و دواتر لە سەر لاپەڕەی ڕاگەیاندنەکان نامێنن. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەو ڕێککەوتنەی دەوڵەتی ئەمەریکا و تاڵیبان 29-2-2020 واژۆیان کرد، یەکەم ڕێککەوتنە کە لە سەردەمی هاوچەرخدا لە نێوان دەوڵەتێک و بزووتنەوەیەکی پارتیزان، یان ڕێکخراوێکی تیرۆریستی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لە بارەوە ئەنجام دراوە و لە بنەمادا دەبوو کۆتایی بە درێژترین شەڕی ویلایەتە یەکگرتووەکان بهێنایە. هەر چەندە هێشتا زووە ئومێد بە جێبەجێکردنی هەبێت، بەڵام ناوەرۆکی ئەو ڕێککەوتنە چی لە ئەمەریکا و چی لە وڵاتانی ئەوروپا بووەتە جێی مشتومڕ و ڕەخنە و پەشیمانی. ئەو وڵاتانە بۆ ماوەی 20 ساڵ بەشداری ئەو جەنگە بوون و لەم نێوانەدا مشتێک ئۆریانتالیست (ڕۆژهەڵاتناس) و ڕۆشنبیر پاساویان بۆ دێنایەوە.

سەرەتا بە هۆی ئەوەی کە ئەم ڕێککەوتنە دووبارە ناعاقڵانە بوونی ئەو بانگەشەیە پیشان دەدات، کە نابێت هەرگیز لەگەڵ تیرۆریستان گفتوگۆ بکرێت. دەوڵەتی ئیسرائیل کە بەردەوام وڵاتانی تر بە بێ باکی تۆمەتبار دەکات، ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ حەماس لە بارەی غەزەوە مامەڵە دەکات. دواتر بە هۆی ئەوەی بە ئەگەری زۆر کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان وڵاتەکە دەخاتە ژێر دەستی تاڵیبانەوە، ئەو خاڵەی کە ترامپیش ئاماژەی پێدا، واتا دووبارە ئێمە بۆ دۆخی پێش شەڕی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەر لە 11ی سێپتەمبەر دەگێڕێتەوە، چونکە هیچ کەسێک چاوەڕوان ناکات، کە حکومەتی کابول کە لە گەندەڵیدا نوقوم بووە و سەرۆک کۆمارەکەی هەموو جارێک بە ساختەکاری زۆر هەڵدەبژێردرێت (بۆ نمونە ڕێکەوتی 9ی ئازار دوو کاندید خۆیان وەک سەرۆک کۆمار ناساند) بتوانێت ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت. ئایا ئەو هەمووە بۆ گەیشتن بەو دەرەنجامە بوو؟

بەو شێوەیەیە کە 18 ساڵ دوای جەنگ دژی تیرۆریزم، ئەو جەنگە خاچپەرستییەی کە زیاتر لە چل وڵات بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بەشدار بوون، دەرەنجامی کارەساتباری بە تایبەتی بۆ ئەفغانستان بارهێنا، واتا وێران کردنی وڵاتەکە کە دەستپێکەکەی لەلایەن یەکێتی سۆڤێتەوە بوو لەگەڵ دەیان هەزار قوربانی کە ڕۆژئاواییەکان دەیانویست ئازادیان بکەن، هەروەها ملیۆنان ئاوارە کە دەبێت لەپاڵ تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی ئەمەریکا دژی مرۆڤایەتی بۆ زیاد بکرێت، ئەو تاوانانەی کە دیوانی تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) مانگی ئازاری 2020 لێکۆڵینەوەی لە بارەوە دەستپێکرد. لە کۆتاییشدا نهێنی بوون و بە هێزی داعش لە ئەفغانستان.

ئەوەی لە ماوەی ئەو ساڵانەدا ئارامگری بەرامبەر ئەو شەڕە دەڕەخساند، درۆ و فێڵ بوو، دەوڵەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمەریکا دۆخی واقیعیان لە ڕایگشتی وڵاتەکەیان دەشاردەوە و بەردەوام ڕایاندەگەیاند، کە لە جەنگەکەدا پێشڕەوی بەرچاویان کردووە. هەڵبەتە ئەوە خەیاڵێک زیاتر نەبوو، شتێک کە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیش مانگی دیسەمبەری 2019 جەختی لە سەر کردەوە.

عێراقێکی هەزار جار جوانتر
ئەگەر ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا لەو پیلانگێڕییە بێدەنگییەدا بەشدار بووبن، ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرانیش بنەما زانستییەکانیان بۆ ڕەخساند. دیارترینیان بێرنارد لویس-ە، کە ساڵی 2008 کۆچی دوایی کرد. ئەو کە ڕۆژهەڵاتناسێکی بەناوبانگی بە ڕەگەز ئینگلیز و ئاشنا بە ناوچەکە و نوسەری 20 بەرهەمی بنچینەیی لە باری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و تورکیا بوو، دواتر چووە ڕیزی زانا ساختەکانەوە و بەرهەمی بێ ئاگایی خۆیان دەخوارد. دوای گەیشتنی جۆرج بووش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری ئەمەریکا، کە نەفرەت لە ئیسلام کوێری کردبوو، لویس بوو بە ڕاوێژکاری جێ متمانەی کۆڕی موحافیزکارەکان، لەوانە پۆل وۆلفویتز. وۆلفویتز کە جێگری وەزیری دەرەوە بوو، لە بۆنەیەکدا کە مانگی ئازاری 2002 لە تەلئەبیب بۆی ڕێکخرابوو، بەم وتانە پێێدا هەڵدا "بێرنارد لویس فێری کردین تا مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فێربین و بۆ گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو بە مەبەستی دامەزراندنی جیهانێکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو، بیکەین بە ڕێنمایی بۆ خۆمان.

ساڵێک دواتر بێرنارد لویس دەوڵەتی ئەمەریکای لە قۆناغی دواتردا لە عێراق ڕێنمایی دەکرد. ئەو ڕوونیدەکردەوە کە هێرش بۆ سەر عێراق ئاسۆیەکی نوێ دەکاتەوە و هێزەکانی ئەمەریکا وەک ڕزگارکەر پێشوازیان لێدەکرێت، مژدەی ئەوەی راگەیاند کە عێراق هەزار جار باشتر لە ڕابردوو دروستدەکرێتەوە.

لەم جەنگەدا نابێت بەرپرسیارێتی فەڕەنسا لە بیر بکرێت. ڕاستەکانی فەڕەنسا وەک سۆسیالیستەکان بۆ ماوەیەکی زۆر شوێن ئەمەریکا کەوتن، هێزیان نارد بۆ ئەفغانستان و تا ساڵی 2012 لەوێ مانەوە. نیکۆلا سارکۆزی لە نامەیەکیدا بۆ سۆسیالیستەکان ڕێکەوتی 16ی ئۆکتۆبەری 2009 نووسی "سەرەتا خۆشحاڵم کە ئێوە وەک ئۆپۆزسیۆن بەشداری فەڕەنسا لەو شەڕەدا ناخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەم دەستوەردانە بۆ وڵاتەکەمان گرنگی ژیاری هەیە".

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بە گێڕانەوەی زەمەن، بەڵێنی فەڕەنسا لاوازتر بوو، چونکە ڕایگشتی فەڕەنسا زیاتر لە ڕابردوو دژی دەستوەردان لە دەرەوەی سنوورەکانیان بوو. ڕێکەوتی 11-3-2010 لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئۆبامادا، دەزگای CIA یادداشتێکی ئامادە کردبوو، تێیدا هاتبوو "لای فەڕەنسییەکان بە تایبەتی ژنەکانیان، بە هۆی ڕەها کردنی ئەفغانەکان وردە وردە هەستی بەزەیی دروست دەبێت".

دوای سەرکەوتن بە سەر فاشیزم و نازیزم و ستالینیزم
ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران کە بەردەوام لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەردەکەوتن، لە باوەڕپێهێنان بەو خاڵەی کە ئێمە چووینە ناو جەنگی جیهانی سێیەمەوە و مەیدانی شەڕەکەش لە چیاکانی ئەفغانستانەوە تا نزیکی شارەکانی ئێمە درێژ دەبێتەوە، بەشدار بوون. ئەم بابەتە زیاتر لە 10 ڕۆشنبیر لە فیلیپ واڵ-ەوە تا کارۆلین فۆرست ڕێکەوتی 1-3-2006 لە بەیاننامەیەکدا بە ناوی (بە یەکەوە دژی تۆتالیتاریزمی نوێ) ڕایانگەیاند "دوای سەرکەوتن بە سەر فاشیزم، نازیزیم و ستالینیزم: ئیسلامیزم". یەکێک لە ئەوان (بێرنار هێنری لوی) کەسێکە کە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی تاڵیبان نوویسبووی "ئەمەریکاییەکان ... بە سەدان و لەوانەیە بە هەزاران قوربانی خەڵکی ئاسایی لەم جەنگەدا سەرکەوتوو بوون... کێ دەیتوانی باشتر کارەکە بکات؟ لە بارەی چەند جەنگی ئازادیخواز لە ڕابردوودا دەتوانرێت قسە بکرێت؟ کاساندرەکان چاوەڕوانی چین بۆ ئەوەی دان بە هەڵەکەی خۆیاندا بنێن؟"

نابێت چاوەڕوانی ئەوە بین کە ئەو دان بە هەڵەی خۆیدا بنێت!

بەڵام کەسێک کە ئایدۆلۆژیای ئەو خەیاڵەی (جەنگی جیهانی سێیەمی) لە هەموان باشتر دەربڕی (مانوێل ڤالس) سەرۆک وەزیرانی پێشوی فەڕەنسا بوو، کە وتی "بۆ بەرەنگاری ئیسلامی فاشیستی، ناوێک کە دەبێت پێی بدرێت، دەبێت هێزی ئێمە یەکگرتوو بێت. نابێت لە بەرامبەر ترس و پەرت و بڵاوی خۆت بەدەستەوە بدەیت. بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت باس لە سەرجەم گرفتەکان بکرێت: واتا بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر، ئامادە کردنی کۆمەڵگە لە دەوری بێ باوەڕی و دژایەتی ئەوانەی دژی جولەکەکانن .... لێرە بە دواوە دابڕانێک پیویستە. ئیسلامی فەڕەنسا دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵگرێت".

بیرکردنەوەی کوێرانە لە بارەی ئەوەی (جەنگی ئێمە لەوێ) دەتوانێت ڕێگە لە گەیشتنی تیرۆریزم بە (وڵاتەکەمان) بگرێت، هەروەها ئەوەی کە لە نێوان (ئەوێ) و (سەرزەوییە بزربووەکانی کۆماری) یەکگرتوویی هەیە، بووەتە هۆی ئەوەی کە بۆ ماوەی بیست ساڵ سەرکێشییە شەڕخوازییەکان گەشەیان پێبدرێت. دوا نمونە دەستوەردان لە مالییە، کە سەرۆک کۆماری سۆسیالیست (فرانسوا هۆلاند) بریارەکەی دەرکرد و ئێستا دەزانین کە چانسی (سەرکەوتن)ی ئەو دەستوەردانە زیاتر لە دەستوەردان لە ئەفغانستان نییە. لە هەر دوو وڵاتەکە تیشکخراوەتە سەر (مەترسییەکانی ئیسلامگەرایی)، لەبەرچاو نەگرتنی دۆزی ناوخۆ، هەژاری کۆمەڵایەتی، گەندەڵی دەسەڵاتە لۆکاڵییەکان، ناڕەزایەتی دژی ڕۆژئاواییەکان، ستراتیژێکە کە بە شكست کۆتایی دێت.

ئەو خاڵەی کە ڕۆژهەڵاتناسەکان سوودیان لە پێگەی خۆیان بۆ پشتڕاست کردنەوەی سەرکێشییە تاوانکارییەکان وەرگرتووە، جێی داخە. بەڵام جێی خۆشحاڵییە کە بێرنارد لویس لە کۆمەڵگەی زانستی ئەەمریکادا زۆر پەراوێزخراو بوو. بە هەمان ئەو شێوەیەی کە ئەمڕۆ مشتێکی کەمی ڕۆژهەڵاتناسەکان لە (بێرنارد روژیە)وە بگرە تا (هۆگۆ میشێرون) کە تەنیا دەسەڵاتداران و ڕاگەیاندنە ڕاستگەراکان وتەکانیان وەردەگرن، فەتح کردنی (سەرزەوییە بزربووەکانی کۆماریی) لە شەڕێکی خاچپەرستی جیهانیدا، کە شکستی ئەو جەنگە ماوەیەکی زۆرە ئاشکرا بووە، بە تۆمار کراو دەزانن.

* کاساندرا: کچی شای تروا، کەسایەتییەکی ئەفسانەیی کە دەبێتە هۆی ئەپۆلۆن عاسقی بێت و لە شەڕی تروادا زۆرێک لەفەڵ باوکی (پریاموس) شەڕ دەکەن. لە فەڕەنسا بە کەسێکیک ڕەشبین دەڵێن کە هەواڵی خراپ دێنێت.

س: لۆمۆند دیپلۆماتیک

# تاڵیبان

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure