بەرگری کردن لە ڕیفۆرمی ئایینی

22/09/2020

:: ئارام مەحمود ئەحمەد

پەیمانگەی واشنتۆن: حه سه ن ئسمیک

بێشک ئێمە لە سەردەمێکداین کە بزووتنەوە بەهێزەکان (لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان) داوای ڕیفۆرمی ئایینیان کردووە. بانگەواز بۆ ڕیفۆرمی ئایینی بانگهێشتێکی تەواو ڕاستەقینەیە و لێکدانەوەیەکی بەهێزە بۆ هەستی پێویستی ئەنجامدانی پێداچوونەوە و ڕەخنە لەخۆگرتن .

سەرەڕای پێشکەوتنێکی گەورە لە ئامڕاز و ڕێگەکانی پەیوەندی مۆدێرندا، لاوە عەرەبەکان ئەمڕۆ بەپەلە پێویستیان بە گۆڕەپانێکی نوێی بیروباوەڕی ئەخلاقی و ئایینی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بە خۆتەیارکردن بە چەکی بەهێزی زانین و فێربوون بەرەو ئەو گۆڕانکاری و داهێنانانە بڕۆن. لە کەس شاراوە نییە کە میتۆدە بەرچاوتەنگە نەریتییەکان لە ڕاکێشانی وەرگر، هۆکاری سەرەکی نامۆ بوونی زۆر کەس لە وتەزای ئایینی و تەنانەت فاکتەرێکە بەرەو بێ باوەڕی .

ئەوانەی مەیلیان بۆ چاکسازی ئایینی هەیە، زۆر جار وا لێیان دەڕوانرێت کە کەوتوونە داوی دوژمنانی ئیسلامەوە. چەندین تۆمەتیان ڕووبەڕوو دەکرێتەوە، لەوانە لەسەر حسابی ئایینەکەمان و بەرژەوەندییەکانی ئوممەت خزمەتی ڕۆژئاوا دەکەن.

ڕاستە بانگەوازی ڕیفۆرمی ئایینی لە هەندێک باردا لە ڕۆژئاواوە دێت، بە تایبەتی لە ڕۆژانی دوای 11ی سێپتەمبەر زۆرێک لە سیاسەتمەدار و بیرمەندە ڕۆژئاواییەکان داوای ڕیفۆرمیان کرد، چونکە بیرۆکەی ڕیفۆرمی ئایینیان بە تاکە چارەسەری تیرۆر و توندوتیژی دەزانی. یەکێک لە پێشنیارەکانیان گۆڕینی ناوەرۆکی وانەکانی خوێندن بوو، لەوانە لە پەیمانگەکانی زانستە ئیسلامییەکان.

هاوکات چەندین حکومەتی عەرەبی و ئیسلامی بە هۆی ئەو توندوتیژیانەی ولاتەکانیانی گرتووەتەوە داوای ڕیفۆرمی ئایینیان کردووە. هەروەها بزووتنەوە عەلمانییەکانیش باسیان لە گەشەپێدانی دیبەیتە ئایینییەکان کردووە.

جگە لەوەش ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایانی شەریعەتیش داوای ڕیفۆرمی ئایینییان کردووە، ڕیفۆرمێک کە لەگەڵ ئەو چەمک و هەلومەرجە نوێیانەدا بگونجێت کە جیهانگیریی و ئامڕازە پێشکەوتووەکانی سەردەمی مۆدێرن، وەک ئینتەرنێت دروستیان کردووە. ئەو زانایانە ڕیفۆرم بە پێویست دەزانن لەگەڵ گۆڕانکارییە گەورەکان لە ڕووی قەبارە و زانیاری جۆراوجۆرەوە، ئەم پێشکەوتنانەش بەتایبەت لەبواری ڕۆشنبیریدا، کاتی ئەنجامدانی چاکسازی دەگونجێنێت. گوێگرتن لەم دەنگانە، بە تایبەتی لەو ڕوانگەیەوە کە ئاهەنگی ژیانی مۆدێرن بە خێرایی پێویستی و چاوەڕوانی ئەو تاکانەی کە بیرێکی مەزهەبیان هەیە دەگۆڕێت و بیر لە بەرژەوەندی دەکەنەوە.

دروستکردنی تێروانینێکی ژیرانە بۆ چاکسازی
سەرەتا گرنگە دان بەوەدا بنرێت کە دەستبەرداربوون لە پێشکەوتنی چەمکەکان و میتۆدەکانمان تەنیا لەبەر ئەوەی ڕۆژئاوا ئەوەی دەوێت لە ڕوانگەیەکی عەقڵانی و ئایینییەوە دروست نییە. ئەوەی ئەوانی تر لەبارەی ئێمەوە دەیڵێن و لەبەر ئەوە ڕەخنەمان لێدەگرن، ڕەنگە هەندێک جار ڕاست بێت، بۆیە دەبێت گوێ لەو ڕەخنانە بگرین و دادوەری بکەین، لەو ڕەخنانە ڕابمێنین. دوای ئەم پرۆسەیە دەبێت بڕیار بدەین کە ڕەخنە قبوڵ دەکەین، یان نەخێر، قبوڵی هەندێک ڕەهەندی پەسەند دەکەین و بەشەکانی تری فەرامۆش دەکەین. هەرچەندە دژایەتی ڕیفۆرمی ئایینی بە گشتی تەنیا لەبەر ئەوەی هەندێک داواکاری لەلایەن کەسانی ترەوە خراوەتەڕوو، نە لەگەڵ عەقڵ و نە لەگەڵ ئایین ناگونجێت.

وەک هەندێک لە لێکۆڵەران وتویانە، ئەوەی لە سەدەی 2دا لە بەرژەوەندی موسڵمانان بوو، لە سەدەی پانزەدا بە هەمان شێوە لە بەرژەوەندی موسوڵمانان نییە. بە هەمان شێوە شێوازی داڕشتنی وتاری ئایینی لە سەردەمێکدا، مەرج نییە بۆ هەموو سەردەمێک گونجاو بێت، ئەو دۆخەی بە تایبەتی لە سەردەمی ئێستادا بە ڕوونی دیارە.

بە دانپێدانان بە ڕاستییەکی بنچینەییدا، ڕیفۆرم بۆ ئێمە پێویستە: عەقڵی مرۆڤ وردە وردە لە واقیعییەتەکانی بوون و میکانیزمەکانی ژیان و گۆڕان و گەشە تێدەگات. لەبەر ئەوە بێ ڕیفۆرمی ئایینی ناتوانرێت کە نەتەوەکانی ڕۆژئاوا و موسوڵمان یان هەر میللەتێکی تر گەشە بکەن. گەنجەکانیشمان ناتوانن بە ئامانجەکانیان لە زانست، مەعریفە، داهێنان و گۆڕان بگەن.

بارودۆخی ئێستا لێکەوتی جدی هەیە بۆ کۆمەڵگای ئێمە. ئێمە بینیمان کە وتە توندڕەوییەکان چۆن داعش و قاعیدەیان هێنایە بوون. هەروەا ئەوەمان بینی کە چۆعب ڕژێمی ئێران بە کردنە ئامانجی مەبەست و غەریزەکانی خەڵک، شێوازی زۆر ناسازگاری لەگەڵ ئامانجەکانی ئایین، بابەتە ئایینییەکانی دەخاتە هەڕاجەوە بۆ ئەوەی حوکمی خەڵک بکات. ئێمە بینیومان کە ولاتانی گەورەی وەک پاکستان و ئەفغانستان و ئێران و عێراق بە هۆی باڵادەست بوونی هزری ئایینی، بە تەواوی پەکیان کەوت.

شۆڕشی هاوچەرخی پەیوەندییەکان، دونیای ئەمڕۆی کردووە بە گوندێکی بچووک. بە هەمان شێوە ئێستا خەڵک ئایدیا و تێگەیشتنی نوێیان هەیە، کە لە ژێر ڕۆشنایی خێراییەکی بێوێنەی گواستنەوە و هۆشیاری لە زۆریی هەڵوێست و دەرفەتەکان لە جیهاندا هاتووەتە بوون. ئەم بێدارییە کاری لەپێشینەی نوێی لەڕووی بەهاو ڕەفتارەوە دیاریکردووە .

ئەگەر گوتاری ئایینی بەپێی ئەم دۆخە گۆڕانی بەسەردا نەیەت، لە دۆڵێکی ترەوە سەر دەردێنێت کە جیاواز دەبێت لەوەی ڕۆژانە خەڵک دەیبینێت و دەبیستێت و ئەزموونی دەکات. ئەگەر خەڵک نەتوانن ببینن کە گوتاری ئایینی چۆن لەگەڵ ژیانیان پەیوەندی ببەستێت، بابەتی ئایین گرنگی و کاریگەری خۆی لەدەست دەدات. پشت بەستن بە بزواندنی هەستە سۆزدارییەکان ئیتر بەس نییە، گوتاری ئایینی دەبێت تەریب بە عەقڵانییەت و لۆجیک بەرەو پێش بچێت. دەبێت لە پێشکەوتنە زانستییە هاوجەرخەکان سوود وەرگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت هەماهەنگ بێت لەگەڵیدا.

بەو شێوەیە کە هەر گوتارێکی ئایینی بەردەوام لە ئاستێکی دیاریکراو لە پەیڕەوی بەراورد بە بنەماکانی تێڕوانینی خۆی بێت، یان لە ڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە لەو ئاستەدا بمێنێتەوە. گوتار هەن بە خورافە، فەرموودەی ساختە و چیرۆکی سەیر و سەمەرەدەناسرێن و کاراییان تەنیا لە جوڵاندنی مەیل و دەستخۆشی و سۆزی خەڵکدا خۆی دەبینێتەوە. ئەو گوتارانەش هەن کە نیگەرانی سەرەکیان بابەتە لاوەکییەکانن و بە لەپێشینە دانانی بابەتە لاوەکییەکان دەبنە هۆی ئەوەی کە خەڵک هەست بکەن، کە گوتاری ئایینی ئامانجەکانیان ناهێنێتە دی، لەگەڵ خواستەی هاوچەرخدا ناگونجێت.

هەموو ئەمانە دەبێت ئەو کەسانەی کە وتاری ئایینی پێشکەش دەکەن، زیاتر ڕینوێنی بکرێن بۆ ئەوەی بەردەوام پەرە بە وتارەکانیان بدەن، بۆ ئەوەی لە ئاستی پێویستی ئامانجی گەنجان و نەوەکانی داهاتوودا بێت.

پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکان ئایینیان بۆ مەبەستی سیاسی و بەدەستهێنانی دەسەڵات و بەرژەوەندی جیهانی بەکارهێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی ناکۆکی خوێناوی لە نێوان پەیڕەوانی ئایینەکاندا، لەم ڕووەوە ڕیفۆرمی ئایینی پێویستیەکی بەپەلەیە نەک تەنیا بۆ ئیسلام، بەڵکو بۆ هەموو ئایینەکان، بۆ ڕیشەکێشکردنی هەموو شێوازەکانی دەمارگیری دینی و ڕق لێبوونەوە لەکەسانی تر کە لەڕووی ئایین و مەزهەب و نەتەوەیی جیاوازیان هەیە. هەموو ئەمانە بەو مانایە دێت کە پێویستە ئێمە پشکی خۆمان بۆ برەودان بە ڕیفۆرم هەبێت.

ئەگەر کۆمەڵگا ئیسلامییەکان و کۆمەڵگاکانی تر ناتوانن ئەوە بکەن بە ئەگەری زۆر مرۆڤایەتی لە بەرەنگاری دژی خواستە و دروشمە تەندڕەوییەکان، کە باڵی کێشاوە بە سەر کەسایەتییە ئایینییە دیارەکاندا، شکست دەخوات. ئێمە لە سەردەمێکی هەڵاوێرددا دەژین لەوانەیە ژیانی ئایینی خەڵک گۆڕانی گرنگ بە خۆیەوە ببینێت، چونکە زۆرێک لە خەڵکی دوای لەدەستدانی ئازیزەکانیان بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بە دوای شتێکەوەن کە بۆشایی دەروونی خۆیانی پێ پڕبکەنەوە. هەروەها بەدوای سەرچاوەی ئیلهامدا دەگەڕێن بۆ زیندووکردنەوەی هیوا و دۆزینەوەی هاندەر بۆ گەڕانەوە بۆ کارکردن دوای کۆتایی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاتی ئەوە هاتووە ڕیفۆرمیستەکان پەیامی نوێ بە ئەو کەسانە بدەن، ئەگەر وا نەبێت ترسی ئەوە هەیە لە خەڵک بە گشتی بۆ دۆخی هەنووکەیی خۆی بەدەستەوە بدات.

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure