وه‌لانانی عەقڵ له‌ بواری فه‌رمووده‌دا

26/11/2020

:: پاسەوان قەپلان

پێشه‌كى
 یەكێ له‌ فرمانه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ئه‌وه‌ بوو ڕووداوه‌كانی ژیان و ژیار ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ بنه‌ما و ڕێنماییه‌كانی په‌یامی خودا كه‌ چه‌قی ئایینه‌، ئه‌مه‌ش هۆشێكی گه‌وره‌ی ده‌وێ، چونكه‌ ڕاگرتنی هاوسه‌نگی و دانانی هه‌ر شتێك له‌ جێگه‌ی گونجاوی خۆی عەقڵ و حیكمه‌تێكی ده‌وێ مه‌گه‌ر هۆشی پێغه‌مبه‌رانه‌ی پێغه‌مبه‌ر ده‌رهه‌قی هاتبێت، هه‌ڵبه‌ت به‌ چاوساغی نیگا و نووری خودایی. به‌رخوردی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) له‌گه‌ڵ پێشهات و قه‌ومان و كه‌ساندا، هه‌روه‌ها ئه‌و پرد و په‌یوه‌ندیانه‌ی له‌ نێوان په‌یامی ئاسمان و ژیانی زه‌میندا دایمه‌زراندن- ئه‌زموونێكی لێكه‌وته‌وه‌، ئه‌و ئه‌زموونه‌ی پێغه‌مبه‌ر پێی ده‌گوترێت: سوننه‌ت، له‌ پاش كۆچی دوایی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) بۆشاییه‌كی هه‌مه‌لایه‌ن دروست بوو، بۆشایی ئایینی، سیاسی ... تاد، گه‌وره‌ هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشاییه‌كان سوودیان له‌ قورئان وه‌رده‌گرت، هه‌روه‌ها له‌ سوننه‌ت، واته‌ له‌و هه‌ڵوێست و ڕه‌فتار و گوفتارانه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌میانی‌ ژیانكردنیان له‌ته‌ك پێغه‌مبه‌ر پێی ئاشنا بوون، له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا بۆ پێشهاتێك كه‌ له‌ قورئاندا ده‌قێكی ڕاشكاویان له‌باره‌وه‌ به‌دی نه‌ده‌كرد و پێشتر به‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ردا تێنه‌په‌ڕی بوو-‌ ئیجتیهادیان ده‌كرد و ژیریی خۆیان ده‌خسته‌ كار.

له‌ سه‌رده‌می نه‌وه‌ی دووه‌می هاوه‌ڵان و نه‌وه‌ی یه‌كه‌می (تابیعه‌كان)، جوگرافیای ئیسلام فراوان بوو، ڕه‌گه‌ز و ئایین و ئایینزای جۆراوجۆری تێكه‌ڵ بوو، ژیان ئه‌ندازه‌یه‌ك ئاڵۆز بوو، پێشهاتی نوێ زیاتر بوون. ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ك، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ دووربوونه‌وه‌ی مه‌ودای نێوان وان و پێغه‌مبه‌ر، دۆخێكی سه‌ختی خولقاند، كه‌وتنه‌ دووڕیانی دژوار له‌ بواری سیاسی و ئایینیدا‌، له‌ ڕووی ئایینیه‌وه‌ دووڕیانه‌كه‌ له‌ نێوان په‌نابردن بۆ ده‌ق و عەقڵكارییدا بوو، ئه‌گه‌ر چی كه‌مینه‌یه‌ك به‌لای ئیجتیهاد و به‌كارهێنانی عەقڵدا شكانه‌وه‌، به‌ڵام ئاڕاسته‌ی زاڵ ده‌قگه‌ریی بوو، بۆ پێشهاتی نوێ په‌نایان بۆ ده‌ق ده‌برد و هه‌وڵیان ده‌دا هه‌موو شتێك ببه‌ستنه‌وه‌ به‌ ده‌قێكی ئایین یان هه‌ڵوێستی پێشین. هه‌ڵبه‌ت ده‌قه‌كانی قورئان گشتی و چڕ و تا ڕادده‌یه‌ك ئه‌بستڕاكتن، بۆیه‌ زیاتر په‌نایان بۆ فه‌رمایشتی پێغه‌مبه‌ر برد، واته‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕه‌فتار و گوفتاری پێغه‌مبه‌ر، چونكه‌ ئه‌وانه‌ كه‌مبوونه‌وه‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ ئاشنای ڕێچكه‌ و ڕه‌فتاری پێغه‌مبه‌ر بن، بۆیه‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕه‌فتاره‌كانیشی هه‌ر بوو به‌ گواستنه‌وه‌، نه‌وه‌ی شاگردان نه‌مان، نه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ نۆره‌یان هات.  له‌ ئه‌نجامی ئه‌مه‌وه‌ فه‌رمووده‌ زۆر بوو، بۆ هه‌موو بابه‌تێك به‌كارهێنرا، بۆ هه‌موو بۆشایی و بابه‌تێك ئه‌گه‌ر فه‌رمووده‌شی له‌سه‌ر نه‌بوایه‌ به‌ جۆرێك فه‌رمووده‌ی بۆ دروست ده‌كرا!

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌عریفه‌ی ئیسلامی به‌ فه‌رمووده‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و به‌ردی بناغه‌ی هزری ئیسلامیه‌ له‌ ڕووی مێژووییه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌رخان ده‌كه‌م بۆ به‌دواداچوونی ئه‌وه‌ی له‌م بواره‌ گرنگه‌دا كه‌ی و چۆن عەقڵ وه‌لانرا؟ ئه‌نجام و كاریگه‌ریه‌كانی چی بوون؟ 

 

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

# فەرمودە # ئایین

Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure