هه‌ڵسه‌نگاندنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاو چین له‌ماوه‌ی دووساڵی سه‌رۆكایه‌تی تڕه‌مپدا

13/02/2019

:: بێ نوسەر نوسینی: ده‌یڤد دۆلار، رایان هاس، جێفری بادر
سه‌رچاوه‌/ Foreign Affairs
وه‌رگێرانی / كارزان عومه‌ر

سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆشكی سپی له‌سه‌رده‌می ئیداره‌كه‌ی دۆناڵد تڕه‌مپدا لێكتێگه‌یشتن و په‌یوه‌ندیه‌ ماوه‌درێژه‌ دووقۆڵیه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ چیندا ڕووبه‌ڕِووی دابڕان و لێكپچڕاندن كرده‌وه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌شێوه‌ی سیاسه‌تێكی زۆر شه‌رمنانه‌ی ناته‌واو له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵكشانی كاریگه‌ری هه‌مه‌لایه‌نی چیندا ده‌بیندرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی داڕشتنی سیاسه‌ته‌كانی رابردووی كۆشكی سپی كه‌ پشتیان به‌ ڕووداوه‌كان به‌ستبوو، گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ڕه‌گیان داكوترابوو كه‌وا به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كی بونیاتنه‌رانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چین پارێزراو ده‌بن و به‌وه‌ش هه‌رئه‌گه‌رێكی ململانێ یان پێكدادان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌رفه‌ته‌كانی كاری پێكه‌وه‌یی و هاوكاری دوولایه‌نه‌ زیاتر ده‌كه‌ن له‌بواره‌ جیاوازه‌كاندا. هه‌ر وه‌ك له‌ كه‌یسی كۆریای باكوور یاخود بابه‌تی گۆڕانكاری له‌كه‌شوهه‌وای گۆی زه‌وی(Global Warming).
واده‌رده‌كه‌وێت له‌ئێستادا سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر چین له‌و تێگه‌یشتنه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت كه‌وا ڕابردووی په‌یوه‌ندیه‌ دووقۆڵیه‌كان زۆر زیاتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی چین بووبێتن به‌راورد به‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا به‌تایبه‌ت له‌ بابه‌ته‌كانی كێبركێی سه‌ركردایه‌تیكردنی سیسته‌می جیهانی. له‌پێناو تێكشكاندنی ئه‌گه‌ری ڕوودانی رووداوێكی له‌و شێوه‌یه‌، ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ له‌ دوو ساڵی رابردوودا مامه‌ڵه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌په‌رستانه‌"یه‌كه‌مجار ئه‌مریكا"، پارێزگارانه‌، تاك لایه‌نانه‌، سیاسه‌تی گه‌مه‌ی دۆڕاوی ته‌واو و براوه‌ی ته‌واوی په‌یڕه‌و كردوه‌ له‌گه‌ڵ چیندا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئامانجه‌كه‌ بریتی بێت له‌ دروستكردنی كاریگه‌ری به‌سه‌ر ڕه‌فتاره‌كانی په‌كین، ئه‌وا له‌سه‌ر ئیداره‌ی كۆشكی سپی پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌هێزتر و كاریگه‌رتر گرنگی بدات به‌بیركردنه‌وه‌یه‌كی ستراتیژییانه‌، كات، سه‌رچاوه‌كان و هاریكارییه‌كان له‌گه‌ڵ دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا.

هه‌ڵوێستێك به‌بێ ستراتیژیه‌تێك: 
ئه‌م شێوازی مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ چین دیارترین ووته‌ی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بوو له‌به‌رواری 4/10/2018 ده‌رباره‌ی چین. ئه‌م قسانه‌ و ووته‌كانی جێگری سه‌رۆك تڕه‌مپ له‌ماوه‌ی مانگی یازده‌ی 2018 له‌میانه‌ی گه‌شتێكی بۆ ئاسیا، ئه‌وه‌ی ڕوونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا نیازی هه‌یه‌ ڕووبه‌ڕووی چین بێته‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ى په‌كین شێوازی هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ده‌گۆرێت له‌سه‌ر ئاستێكی به‌رفراوان كه‌بوونه‌ته‌ هۆی نیگه‌رانی واشنتۆن. بۆ نمونه‌، ئاسته‌نگ دروستكردن بۆ كاروباره‌ بازرگانیه‌كان، گواستنه‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆجیا بۆ چین، به‌سه‌ربازگه‌ كردنی پێگه‌ نوێیه‌كان له‌ ده‌ریای باشووری چین، فشاری سه‌ر تایوان، ئازادی دین و مافه‌كانی مرۆڤ، سیخوڕیكردنی ئابووری به‌پاڵپشتی حكومه‌تی په‌كین، هه‌روه‌ها ته‌داخولی چین له‌ سیسته‌مه‌ سیاسیه‌كانی وڵاتانی دیكه‌. 
ئه‌وه‌ی كه‌متربه‌رچاو ڕوونی ده‌به‌خشێت، ئه‌وه‌یه‌: ئایا ئامانجه‌كانی ئیداره‌ی تره‌مپ ناچاركردنی ده‌وڵه‌تی چینه‌ بۆ گۆڕینی ڕه‌فتاره‌كانی به‌تایبه‌ت له‌و بواره‌ دیاریكراوانه‌ی جێی نیگه‌رانی واشنتۆنه‌، یاخود دروستكردنی ئاسته‌نگه‌ له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی به‌رده‌وامی ئابووری و بازرگانی چین. ده‌گونجێت ووتاره‌ ئاشكرا و جه‌ماوه‌ریه‌كانی سه‌رۆك و ڕاوێژكاره‌كانی به‌شێوه‌یه‌ك ببینرێن كه‌ زیاتر مه‌یلییان بۆ ئه‌و ئامانجه‌ دیاریكراوانه‌ هه‌بێت. هاوكات، ناڕوونیه‌ك هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئیداره‌كه‌ی تره‌مپه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ستراتیژی به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و ئامانجانه‌. به‌رپرسانی ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ زۆرتر به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا لێدوان ده‌ده‌ن له‌باره‌ی به‌رگه‌گرتنی زیاتری ئه‌مریكا له‌ڕووبه‌رووبونه‌وه‌ی چین و هه‌روه‌ها ویستی ئه‌وان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ڕه‌فتاره‌ كێشه‌ ئامێزه‌كانی چین. ئه‌م لێدوانانه‌ هێنده‌ی ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڵوێستێكن، هێنده‌ بریتی نین له‌ ستراتیژیه‌تێك.
له‌ئێستادا نمونه‌یه‌كی بینراوی هاوشێوه‌ی چین له‌ ڕه‌فتاری ئه‌مریكادا بوونی نیه‌ بۆ شوێنكه‌وتنی ئامانجه‌ باڵاكانی ده‌وڵه‌ت. له‌كاتێدا ئیداره‌كانی پێشووتری كۆشكی سپی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زانیاری بێشووماریان ته‌رخانكردبوو سه‌باره‌ت به‌ ئه‌وه‌له‌ویه‌ته‌كان ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی چین، هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ده‌رفه‌ته‌كان، ئاڵوگۆره‌ بازرگانیه‌كان، هه‌روه‌ها بریاردان له‌سه‌ر دانانی كات و ڕێكخستنی چالاكیه‌كان له‌پێناو گه‌شه‌پێدانی ئه‌و ئه‌وله‌وییه‌تانه‌، ئه‌م ئیداره‌یه‌ی ئێستا واپێده‌چێت كه‌ زۆركه‌متر به‌م پرسه‌ گرنگانه‌ خۆی سه‌رقاڵ كردبێت. له‌بری ئه‌وه‌،  لێدوانه‌كانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی چین وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ دۆخێكی ڕێگه‌پێدراوی خولقاندبێت بۆ وه‌زاره‌ته‌كان و وه‌كاله‌ته‌كانی ئه‌مریكا بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و كارانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌ چینه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ له‌ئێستادا به‌گونجاوی ده‌بینن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ره‌نجامه‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كان پێده‌چێت تێكه‌ڵه‌یه‌ك بن له‌ هه‌ندێك به‌دواداچوونی ناپه‌یوه‌ست به‌كتر، ئه‌وه‌ی زۆر به‌رچاو بوو بریتیی بوو له‌ ده‌ستگیركردنی به‌رپرسی دارایی كۆمپانیای هواوی(Huawei) له‌سه‌ر داوای ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مریكا له‌هه‌مان رۆژدا كه‌ سه‌رۆك تره‌مپ بانگه‌شه‌ی به‌ره‌وپێشچوونی به‌رچاوی ده‌كرد له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی چین له‌میانه‌ی لووتكه‌ی جی 20 له‌ وڵاتی ئه‌رجه‌نتین.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ كاریگه‌ری رۆڵی دیپلۆماسیه‌تی له‌ په‌یوه‌ندیه‌ دووقۆڵیه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات نیشانداوه‌ته‌وه‌. ڕۆژانى ئه‌نجامدانی دانوستان و دایه‌لۆگ تێپه‌رێن، كه‌ ئیداره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ به‌شتی پووچ و بێبه‌ها وه‌صفیان ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نها بوونه‌ته‌ هۆكاری به‌هێزتركردنی ڕه‌وایه‌تی سه‌ركردایه‌تی پارتی كۆمۆنیستی چینی به‌راورد به‌ به‌خشینی سوود و قازانجێكی كه‌م بۆ ئه‌مریكا و هاوڵاتیانی ئه‌مریكی.
له‌بری هه‌وڵدان بۆ به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندیه‌ دووقۆڵیه‌كان له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاریشه‌كان، جیاوازیه‌كان و هه‌روه‌ها دیاریكردنی ده‌رفه‌ته‌كان، ئیداره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دووقۆڵی له‌ئاستی باڵا به‌گرنگ ده‌زانێت له‌خوار ئاستی سه‌رۆكایه‌تیه‌وه‌ وه‌كو شوێنێك بۆ په‌سه‌ندكردنی ته‌نازولاته‌كانی چین. دیپلۆماسیه‌ت پاشه‌كشه‌یه‌كی زۆری كردووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر داواكاریه‌ تاك لایه‌نه‌كانی ئه‌مریكا.
له‌كاتێكدا ئه‌م مامه‌ڵه‌ جیاواز و نوێیه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ دامه‌زراندنی تۆنێكی نوێ له‌ په‌یوه‌ندیه‌كان، به‌ڵام هێشتا نه‌یتوانیوه‌ ده‌ه‌رنجامێكی باشی گه‌ڕه‌نتیكراو بدات به‌ده‌سته‌وه‌. دیارترین بواری هاوكاری ولێكتێگه‌یشتنی كاتی نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت بریتی بوو له‌ قه‌یرانی كۆریای باكوور، به‌ڵام گیانی هاریكاری دیوی پشته‌وه‌ی ئه‌م هه‌وڵانه‌ وورده‌ وورده‌ به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ چوو له‌گه‌ڵ نه‌رمی نواندنی كۆریای باكوور له‌ بواره‌كانی تاقیكردنه‌وی مووشه‌ك و چه‌كه‌ ناوه‌كیه‌كانی، یان داواكاری تاك لایه‌نه‌ی تره‌مپ بۆ سه‌پاندنی باج دژی كاڵا چینیه‌كان، یاخود هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی چین بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور، دوای ته‌وقه‌كردنه‌كه‌ی نێوان سه‌رۆكی ئه‌مریكا و سه‌رۆكی كۆریای باكوور. 
سه‌ردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا "مایك پۆمپیۆ"له‌ ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2018 بۆ چین به‌ئامانجی ئاشكراكردنی مه‌به‌سته‌كانی گه‌شه‌پێدانی بواره‌كانی هاوكاری له‌گه‌ڵ كۆریای باكوور ته‌نها جه‌ختكردنه‌وه‌یه‌ك بوو له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی واشنتۆن، له‌وكاته‌وه‌ هیچ جۆره‌ گه‌شه‌كردنێكی به‌رچاو رووینه‌داوه‌ له‌پێناو قوڵكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌ هاوكارییه‌كانی  نێوان چین له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا  له‌مه‌ر كێشه‌ی كۆریای باكوور.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، چین ترسی نیه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌ سه‌ربازگه‌ كردنی ده‌ریای باشووری چین. دۆخی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ره‌و نائارامی زیاتر ده‌روات. حكومه‌تى په‌كین هاوشێوه‌ی ڕابردوو نیگه‌رانیه‌كانی ئه‌مریكا له‌مه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادیه‌ دینییه‌كان له‌و وڵاته‌ له‌به‌رچاو ناگرێت. واپێده‌چێت ئه‌م وڵاته‌ توانا ئابووریه‌ سیخوڕیه‌كانی له‌بواری هێرشه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان به‌هێزتر كردبێت له‌كۆتاییه‌كانی سه‌رده‌می ئیداره‌كه‌ی ئۆبامای سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مریكا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، دوابه‌دوای ڕێكه‌وتنه‌ زاره‌كیه‌كانی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆكی ئه‌مریكا و چین له‌ ئه‌رجه‌نتین بۆ دامركانه‌وه‌ی كێشه‌كان ئومێد هه‌یه‌ دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و باش بوون بچێت هه‌رچه‌نده‌ كورتهێنانی بازرگانی دوولایه‌نه‌ گه‌وره‌تر بووه‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵكشانی وه‌به‌رهێنانی چینی به‌ره‌و ئه‌مریكا به‌خێرایی به‌ره‌و خاوبوونه‌وه‌ چووه‌، هاوكاریه‌ دووقۆڵیه‌كان له‌سه‌ر كێشه‌ هاوبه‌شه‌كانی وه‌ك گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی چه‌كی كۆكوژ و ڕێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌ درمه‌ مه‌ترسیداره‌كان كه‌مییان كردووه‌.

دیپلۆماسیه‌تی ئابووری له‌گه‌ڵ چین: 
ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنان و بازرگانی كردن له‌گه‌ڵ چین هه‌یه‌. له‌دیارترینی ئه‌و سكاڵایانه‌ش ئاسته‌نگی چوونه‌ ناو بازاری چینیه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌. تێكڕای ڕێژه‌ی باجی سه‌پێنراو له‌لایه‌ن چینه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ 7.5 كه‌ هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ ده‌وڵه‌تانی دیكه‌، به‌ڵام ڕاستیبوونی ئه‌و بڕه‌ شێوێندراوه‌. بۆنمونه‌، ساڵانێكی زۆر رێژه‌ی گومرگی سه‌ر كاڵای ئۆتۆمبیلی ئه‌مریكی 25% بووه‌، له‌م ماوه‌یه‌دا دابه‌زێندراوه‌ بۆ 15% كه‌ هه‌ر رێژه‌یه‌كی به‌رزه‌. چین له‌ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا زۆر هێواش هه‌نگاوی هاویشته‌وه‌ له‌پێناو كردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌م جۆره‌ سیسته‌مه‌یدا. هه‌روه‌ها ئه‌م وڵاته‌ به‌راورد به‌ وڵاتانی گه‌وره‌ی دیكه‌ ڕێگرییه‌كان و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كی زۆر زیاتره‌ به‌راورد به‌ بازاڕه‌ تازه‌ گه‌شه‌سه‌ندووه‌ گه‌وره‌كان، حكومه‌تى په‌كین پێویستی كردووه‌ له‌سه‌ر كۆمپانیا بیانیه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا لۆكاڵیه‌ چینیه‌كان پێكه‌وه‌ كاری وه‌به‌رهێنان یاخود بازرگانی بكه‌ن له‌كه‌رته‌كانی وه‌ك ئۆتۆمبیل، خزمه‌تگوزاریه‌ داراییه‌كان و په‌یوه‌ندیه‌كان. مه‌رجه‌ پێشوه‌خته‌ قورسه‌كان كاری پێكه‌وه‌یی له‌نێوانی كۆمپانیا چینی و بیانیه‌كان ئه‌سته‌م كردووه‌، هه‌روه‌ها وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ده‌ره‌كیه‌كانی ناچاركردووه‌ كه‌ ته‌كنه‌لۆجیاكانیان بۆ كۆمپانیا چینیه‌كان بگوازنه‌وه‌. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كۆمپانیا ئه‌مریكیه‌كان له‌ مه‌ترسی ملكه‌چ بوون به‌ ناردنی ته‌كنۆلۆجیاكانیان بۆ چین تێگه‌یشتوون، به‌ڵام به‌زۆری ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤی به‌رده‌ستیشیان كه‌مه‌، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بازارێكی چینی له‌م شێوه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی  زیانێكی زۆر پاش ده‌رپه‌راندنیان له‌ بازاره‌كانی چین.
هه‌ندێ سیاسه‌تی پیشه‌سازی دیكه‌ هه‌ن كه‌ كاریكه‌ریی خراپیان له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنان و بازرگانی كردن هه‌یه‌. یه‌ك له‌سه‌ر سێ بۆ یه‌ك له‌سه‌ر چواری كۆی هه‌موو ئابووری چین پێكهاتووه‌ له‌ پرۆژه‌ ده‌وڵه‌تیه‌كان كه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی به‌هێزیان به‌ بانكه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ ( هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت) و حكومه‌تیشه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی تایبه‌تیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێن. ئه‌م پرۆژانه‌ به‌ته‌نها رٍۆڵیان نیه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی هه‌نارده‌ی چینی، به‌ڵكو گه‌وره‌ترینی ئه‌و پرۆژانه‌ به‌جیهانی بوون و وه‌به‌رهێنانیان له‌سه‌ر ئاستی جیهانی زۆرتر ستراتیژی بووه‌ وه‌ك له‌وه‌ی كه‌ بازرگانی بووبێتن. سیاسه‌ته‌كانی چین بۆ پارێزگاری كردن له‌و كۆمپانیایانه‌ له‌ بازِاره‌ ناوخۆییه‌كان دڵه‌ڕاوكێ و نیگه‌رانی دروستكردووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و هه‌ندێ له‌ بازاڕه‌ ئابووریه‌كانی دیكه‌.
دواجار، ئه‌مریكا فه‌رمانی ده‌ركرد ده‌رباره‌ی كورتهێنانی بازرگانی خۆی له‌گه‌ڵ چین. چین له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا پێداویستی زیاد له‌پێویستی دوولایه‌نه‌ی فراوانی هه‌یه‌. چونكه‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌وڵاتانی تازه‌ گه‌شه‌سه‌ندووه‌وه‌ هاورده‌ی مادده‌ی خام و پترۆڵ ده‌كات و له‌به‌رامبه‌ردا كاڵا دروستكراوه‌ چینیه‌كان هه‌نارده‌ی ئه‌مریكا ده‌كات. هێشتا ئه‌وه‌ ڕوون نییه‌ كه‌وا چین ده‌توانێ هه‌ندێ شت بكات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی ڕێژه‌ی كورتهێنان له‌ ئه‌مریكا، به‌تایبه‌ت پێدانی هاوكارییه‌ مادیه‌ خێراكان  به‌ ئه‌مریكا كه‌ هۆكارن بۆ زیاتركردنی كورتهێنانه‌كان.
له‌وه‌ڵامی ئه‌و كێشه‌ ئابوورییانه‌دا، مامه‌ڵه‌ دیپلۆماسیه‌ دووقۆڵیه‌كانی ئیداره‌كه‌ی تڕه‌مپ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌. ئه‌مریكا، باجی گومرگی به‌سه‌ر ئه‌و كاڵایانه‌ی له‌ چینه‌وه‌ دێن سه‌پاندووه‌، پاشان زیادكردنی باجه‌ گومرگیه‌كانی كه‌ پلانی بۆدانرابوو له‌ سه‌ره‌تای مانگی یه‌كی 2019، دواتر رایگه‌یاند كه‌ زیادكردنه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی سێوه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌وه‌ی وه‌ك سزای مه‌رگ داده‌نرێت(سزایه‌كی گه‌وره‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی بازرگانیه‌وه‌) له‌سه‌ر كۆمپانیای چینی ZTE سه‌پاند به‌هۆی پێشێلكردنی سزا سه‌پێنراوه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئێران، پێش ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رۆك تڕه‌مپ ته‌داخول بكات له‌پێناو ڕزگاركردنی كۆمپانیاكه‌. به‌رپرسی دارایی كۆمپانیای Huawei له‌ كه‌نه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ركرا له‌سه‌ر داوای ئه‌مریكا. پاشتر سه‌رۆك تره‌مپ ئاشكرای كرد كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌و ته‌داخول بكات له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و به‌رپه‌رسه‌ی كۆمپانیای هواوی ئه‌گه‌ر بزانێت مامه‌ڵه‌یه‌كی بازرگانی باش له‌ئارادایه‌. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، بازاڕه‌كانی دارایی توشی قه‌یرانی گه‌وره‌ بوون له‌وكاته‌وه‌ی كه‌ ئیداره‌ی كۆشكی سپی  سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌كانی وه‌به‌رهێنان و بازرگانی بڕیاره‌كانی به‌ جێگیری هێشتووه‌ته‌وه‌ و په‌شیمان نه‌بوه‌ته‌وه‌. 
ئه‌مریكا پاشه‌كشه‌ی كرد له‌ رێكه‌وتننامه‌ی هاوكاری بازرگانی ئه‌تله‌سی (TPP)، كه‌ بڕیار وابوو چاره‌سه‌ری زۆرێك له‌و بابه‌تانه‌ بكات كه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ناو سیسته‌می سه‌رمایه‌داریه‌وه‌ به‌رزده‌كرێنه‌وه‌ و باس ده‌كرێن - پرۆژه‌كانی ده‌وڵه‌ت، مافه‌كانی پاراستنی موڵكایه‌تی هزری، كرانه‌وه‌ی كه‌رتی وه‌به‌رهێنان. ئه‌مریكا رێكخراوی بازرگانی جیهانی لاوازكرده‌وه‌ (WTO) به‌هۆی ڕازی نه‌بوونی به‌ دامه‌زراندنی دادوه‌رێكی نوێی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ بۆ ڕێكخراوه‌كه‌ له‌كاتێكدا ڕێكخراوه‌كه‌ شكستی خواردوه‌ له‌ خستنه‌ ئه‌ستۆی به‌رپرسیارێتیه‌كان له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی چین له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ركه‌كانی له‌چوارچێوه‌ی ڕێكخراوه‌كه‌دا، ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانی وه‌ك یابان و یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌یانه‌وێت تواناكانی خۆیان په‌ره‌پێبده‌ن له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كان ئه‌نجامی ده‌دات ته‌نها دووباره‌كردنه‌وه‌یه‌كی ناكۆك به‌یه‌كه‌. ناته‌بایی و شكستی دیپلۆماسیه‌تی ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر به‌ چین به‌شێكی په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌نه‌بوونی كۆده‌نگی له‌سه‌ر ئامانجه‌كان. كه‌سێك ده‌توانێت له‌چوارچێوه‌ی كۆشكی سپی تێبینی سێ جۆره‌ مامه‌ڵه‌ی جیاواز به‌رامبه‌ر به‌ بابه‌ته‌ ئابووریه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی چین بكات:
1. گه‌ڕان به‌دوای سه‌رله‌نوێ ڕێكخستنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئابووری چین. ئه‌مریكا لیستێكی دوورودرێژی له‌ داواكاری بۆ سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ و ئه‌نجامدانی ڕیفۆرم بۆ چین ئاماده‌كردوه‌. هه‌ندێك گووتار له‌لایه‌ن كۆشكی سپیه‌وه‌ پێشنیاری ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ چین به‌ته‌واوی ته‌سلیم ببێت له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵیدا. ئه‌مه‌ش ناواقعیه‌، چونكه‌ چین له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا نیازی نیه‌ به‌ته‌واوی گۆرانكاری له‌ سیسته‌مه‌كه‌ی خۆیدا بكات. 
2. هاندانی جیاكردنه‌وه‌ی ئابووری ئه‌مریكا له‌ چین. هه‌ندێك له‌ ڕاوێژكارانی ئه‌مریكی به‌وه‌ ده‌زانن كه‌ چین نایه‌وێت شێوازی مامه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی خۆی بگورێت، لایه‌نگیری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ده‌وڵه‌تی چین به‌شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ بكرێت له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ جه‌نگێكی نوێی سارد له‌ ناوچه‌كه‌دا،  كه‌ تیایدا ئه‌مریكا هه‌وڵده‌دات چوارده‌وری بداتو دایببڕێت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نوێده‌وڵه‌تی. له‌م دیده‌وه‌، ئه‌مریكا پێویسته‌ سنووربه‌ندی به‌هێزتری كه‌رته‌كانی بازرگانی و وه‌به‌رهێنان بكات تاوه‌كو پاڵپشتی له‌ كۆمپانیا و به‌كاربه‌ره‌ ئه‌مریكیه‌كان بكات خویان له‌سه‌ر چین نه‌ژێنن. لێره‌دا كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دۆست و پشتیوانه‌كان به‌دوای ئه‌مریكاوه‌ ناڕۆن و پشتیوانی ئه‌مریكا ناكه‌ن له‌گرتنه‌به‌ری ئه‌و رێگه‌یه‌دا. به‌نسبه‌ت ئه‌وانه‌وه‌ چین هاوبه‌شێكی بازرگانی گه‌وره‌تره‌ به‌راورد به‌ ئه‌مریكا، ده‌وڵه‌تێكه‌ ئابوورییه‌كه‌ی خێراتر گه‌شه‌ ده‌كات. له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌چ جیاكردنه‌وه‌یه‌كی ئابووری تێچوونێكی زۆری ده‌بێت، دواجار ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری دروستبوونی جیهانێكی ناسه‌قامگیر له‌ جه‌مسه‌ر و دامه‌زراوه‌ ئابووریه‌ كێبڕكێكاره‌كان.
3. چاره‌سه‌ركردنی كرداری پاڵپشت به‌ كرانه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌رخۆی به‌رده‌وام. بازاڕه‌كان له‌ئێستادا دوودڵن چونكه‌ هیچ هه‌وڵێك نییه‌ بۆ بچووكردنه‌وه‌ و دوورخستنه‌وه‌ی جه‌نگی ئابووری. ته‌نانه‌ت گه‌ر جۆره‌ ڕێكه‌وتنێكی ماوه‌ كورتیش هه‌بێت، پێناچێت به‌رده‌وام بێت چونكه‌ زۆرێك له‌و كێشانه‌ی باسكراون له‌سه‌ره‌وه‌ هێشتا به‌ به‌هێزی ماونه‌ته‌وه‌ و به‌ره‌و خراپتریش ده‌ڕۆن. هه‌رچه‌نده‌ شێوازی مامه‌ڵه‌كردنه‌كه‌ ناته‌بایه‌، پێكه‌وه‌ گرێدانی دانبه‌خۆداگرتنی تره‌مپ له‌به‌رامبه‌ر به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ بازرگانیه‌كان و ئه‌گه‌ری نه‌رمینواندی تێروانینه‌ ئابووریه‌كانی چین له‌وه‌یه‌ ده‌رفه‌تێك ببه‌خشن بۆ دروستكردنی فشاری زیاتر له‌سه‌ر چین له‌ڕێگه‌ی دانوستانی ماوه‌ دیاریكراوه‌وه‌ له‌پێناو به‌دیهێنانی چوونه‌ ناو بازاری چین و سه‌رله‌نوێ ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و بازاره‌. ئه‌گه‌ر ئه‌و ویسته‌ ئه‌مریكیه‌ به‌دیهات، پێشكه‌وتنه‌كان شایه‌نی باسكردن ده‌بن و به‌رز ده‌نرخێندرێن. به‌ڵام بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه‌، ئه‌مریكا پێویستی به‌ ستراتیژیه‌تێكی ڕوون و ئاشكرا هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پشتیوانی دۆسته‌كانی، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی كه‌ جێگه‌ی په‌سه‌ندی واشنتۆنه‌ له‌ چاكسازی و كرانه‌وه‌ی بازاری چینی و دواتر به‌هێزكرندنی په‌یوه‌ندیه‌ ئابووریه‌كان. 

په‌یوه‌ندی ئابووری به‌هێز یاخود لاواز:
په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان چین و ئه‌مریكا له‌بۆشاییه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه‌.  تواناكانی ئه‌مریكا بۆ دروستكردنی فشار له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ چۆن سه‌ركرده‌كانی چین به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان ده‌ناسێنن و چۆن شوێنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ ده‌كه‌ون، ئه‌وكاته‌ به‌هێز ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا ده‌بنه‌ ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، لاواز ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌وكاته‌ی كه‌ دۆست و هاوپه‌یمانه‌كان به‌هۆی كاره‌ سه‌ربه‌خۆ و تاك لایه‌نه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ پشتیوانی له‌ هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا ناكه‌ن. سه‌رۆك تره‌مپ و ڕاوێژكاره‌ باڵاكانی، به‌دیاریكراوی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا" جۆن بۆڵتۆن" و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌"مایك پۆمپیۆ"، هیچ پشتیوانیه‌كیان ده‌رنه‌بڕیوه‌ بۆ سیسته‌مێكی جیهانی كه‌تیایدا چه‌ند ده‌وڵه‌تێك ڕۆڵ و كاریگه‌رییان هه‌بێت. به‌تایبه‌ت له‌ڕووه‌ ئابووریه‌كه‌وه‌. دیدوتێروانینه‌ گونجاوه‌كانی ئه‌مریكا له‌دۆخێكی مێژوویی خراپدایه‌ له‌زۆرێك له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ دامه‌زراوه‌ی PEW راپرسی تیایاندا ئه‌نجامداوه‌ له‌م ڕووه‌وه‌، هه‌روه‌ها سه‌ره‌ڕای نیگه‌رانیه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌نێوان زۆرێك له‌ دۆسته‌ نزیكه‌كانی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌فتاری چین، تا ئێستا كارێكی ڕێكخراوی پاڵپشتیكراو له‌باره‌ی ئه‌م نیگه‌رانی و دوودڵییانه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ ئه‌نجامنه‌دراوه‌. ئه‌وكاته‌ی كه‌ فشاری هاوبه‌شی پێكه‌وه‌گرێدراو هه‌بوون، هه‌روه‌ك له‌ نامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا، نیگه‌رانی و دوودڵییه‌كانی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی خراپی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ چین ئاشكرا كرد، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ئه‌مریكا هیچ رۆلێكی له‌م هه‌وڵه‌دا نه‌بوو. ته‌نها یه‌ك ڕیزپه‌ر نه‌بێت، ئه‌ویش دیدارێكی نێوانی به‌رپرسانی ئه‌مریكا و چین بوو ده‌رباره‌ی سیخورێكردنی ئه‌لیكترۆنی چین به‌سه‌ر ئه‌مریكاوه‌، كه‌پشتیوانیه‌كی به‌هێزی به‌ده‌ستهێنا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا( به‌ریتانیا، كه‌نه‌دا، ئوسترالیا و نیوزلانده‌وه‌). 
هه‌روه‌ها له‌ ئاسیاش، ئه‌مریكا ستراتیژیه‌تێكی ڕوون و ئاشكرای نیه‌ كه‌ جێگه‌ى سه‌رنجی هاوپه‌یمانه‌كانی بێت له‌پێناو خۆنزیككردنه‌وه‌یه‌كی زیاتری ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ له‌مه‌ڕ نیگه‌رانیه‌كانی تایبه‌ت به‌ چین. هه‌وڵه‌ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كانی واشنتۆن له‌ ناوچه‌كه‌دا، ستراتیژی كرانه‌وه‌ و ئازادی له‌ ناوچه‌ی (ئۆقیانوسی هیندی- ئارامی)، به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ره‌تی وه‌ك دروشمێك دێته‌پێش چاو كه‌ هیچ پشتیوانی و گرنگیپێدانێكی به‌رچاوی نه‌بێت له‌لایه‌ن سه‌رۆك تره‌مپه‌وه‌. واشنتۆن تێگه‌یشتنه‌ نێگه‌تیفه‌كانی له‌باره‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی چین زۆتر و خێراتر كردوه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵیشیدا به‌دیلی دانه‌ناوه‌ بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌پێویستیان به‌ هاوكاری هه‌یه‌ له‌ڕووی ژێرخانه‌وه‌. كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ شه‌راكه‌تی ناوچه‌ی ئۆقیانوسی ئارام بوشاییه‌كی كاریگه‌ری ئابووری و بازرگانی ئه‌مریكی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئاسیادا دروستكرد كه‌ تا ئێستاكه‌ به‌هیچ جۆره‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی بازرگانی دوو لایه‌نی یان فره‌ لایه‌نی پڕنه‌كراوه‌ته‌وه‌. هاوپه‌یمانه‌ ته‌قلیدیه‌كانی واشنتۆن، وه‌كو یابان، كۆریای باشوور و ئه‌ڵمانیا زۆر جدی نین له‌ هاوبه‌شی و هاوكاریكردنی ئه‌مریكا، به‌شێوه‌یه‌كی جوزئی به‌بیانوی ئه‌وه‌ی كه‌ ترسیان هه‌یه‌ له‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆچوونی ده‌رباره‌ی چین بگۆڕێت،  له‌نمونه‌ی پچراندنی په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ چین و جێهێشتنی ده‌وڵه‌ته‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا له‌هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتیه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ چین.
له‌ رٍاستیدا، هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا له‌زۆرێك له‌ كه‌یسه‌كاندا  خۆیان به‌دوور گرتووه‌ له‌وه‌ی كه‌ وه‌ڵامێكی رٍاسته‌وخۆ و ئاشكرایان هه‌بێت له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به‌هێز كه‌ پێویست ببێت بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر ره‌فتاره‌كانی ده‌وڵه‌تی چین، ئیداره‌كه‌ی ئێستای كۆشكی سپی پێویسته‌ ستراتیژێك پیشانبدات، كه‌ بیرگه‌كانی، كات، سه‌رچاوه‌كان و هاوكاریه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌ هاوپه‌یمانه‌كان له‌خۆ بگرێت، ستراتیژێك كه‌ له‌دوو ساڵی ته‌مه‌نی ئه‌م ئیداره‌یه‌دا بوونی نه‌بووه‌. 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure