بژارده‌كانى به‌رده‌م ئه‌نقه‌ره‌ له‌ "رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌ده‌نه‌" له‌گه‌ڵ سوریادا

02/03/2019

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینى: عه‌بدوللـه‌تیف حیجازى
سه‌رچاوه‌: ناوه‌ندى "المستقبل" بۆ توێژینه‌وه‌ و دیراساتى پێشكه‌وتوو 


چه‌له‌حانێى په‌یوه‌ست به‌ رێككه‌وتننامه‌ى واژووكراوى ئه‌ده‌نه‌ له‌نێوان توركیا و سوریا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگى نێوان هه‌ردوو وڵات له‌ قه‌ڵاچۆكردنى تێرۆردا رووى له‌ هه‌ڵكشان كردووه‌، به‌وپێیه‌ى سه‌رۆكى روسیا ڤلادیمێر پوتین له‌میانى پێشوازیكردنى له‌ هاوتا توركییه‌كه‌ى "ئه‌ردۆگان" له‌ مانگى كانونى دووه‌مى 2019دا، رایگه‌یاند كه‌ رێككه‌وتننامه‌ى ساڵى 1998ـى نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و دیمه‌شق به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو یارمه‌تى توركیا ده‌دات له‌ قه‌ڵاچۆكردنى تێرۆر و زامنكردنى سنووره‌كه‌ى له‌گه‌ڵ سوریادا. له‌پاش ئه‌وه‌ش، سه‌رۆكى توركیا له‌ زیاتر له‌ بۆنه‌یه‌كدا جه‌ختى له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ هێشتا رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌ده‌نه‌ به‌سه‌رنه‌چووه‌ و كارى پێده‌كرێت، وه‌ك پاساو هێنانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئاماده‌یى هێزه‌كانى توركیا له‌ سوریا به‌وه‌ى پشت به‌ست به‌و رێككه‌وتنه‌ چۆته‌ خاكى ئه‌و وڵاته‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌ردۆگان داواى دووباره‌ خستنه‌وه‌ به‌ر باسى رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌كات. 
لاى خۆیشیه‌وه‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى سوریا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا له‌ 26ـى كانونى دووه‌مى 2019 رایگه‌یاند سوریا پابه‌نده‌ به‌ رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌ده‌نه‌ و رێككه‌وتنه‌كانى دیكه‌ى په‌یوه‌ست به‌ قه‌ڵاچۆكردنى تێرۆر به‌ هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا، به‌ڵام بۆ كاراكردنه‌وه‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌، مه‌رجى ئه‌وه‌ى دانا كه‌ بارودۆخى سنوورى نێوان هه‌ردوو وڵات وه‌ك خۆى لێ بێته‌وه‌ و رژێمى توركیاش پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌كه‌ بێت و له‌ پاڵپشتیكردن و كۆمه‌ككردن و پڕچه‌ككردن و راهێنان به‌ تێرۆریستان رابوه‌ستێت و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانى له‌و ناوچانه‌ى سوریا بكشێنێته‌وه‌ كه‌ داگیرى كردوون تاوه‌كو هه‌ردوولا بتوانن به‌مه‌به‌ستى زامنكردنى ئاسایش و ئارامى سنوورى نێوانیان ئه‌و رێككه‌وتنه‌ كارا بكه‌نه‌وه‌. له‌وه‌ى پێشیشه‌وه‌ روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ سێ لایه‌نه‌كه‌ (روسیا، توركیا و سوریا) پاڵنه‌ر و ئامانجى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌ له‌پشت دووباره‌ خستنه‌وه‌ به‌ر باسى رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌ده‌نه‌، كه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌و ئامانجانه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كدى كۆك بن. 
به‌نده‌كانى رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌ده‌نه‌
رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌ده‌نه‌ له‌ 20ـى تشرینى یه‌كه‌مى 1998 له‌نێوان توركیا و سوریا له‌ ویلایه‌تى ئه‌ده‌نه‌ و به‌نێوه‌ندگیرى میسڕ و ئێران واژووكراوه‌ تاوه‌كو ئه‌نقه‌ره‌ و دیمه‌شق له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازیى راسته‌وخۆ خۆیان به‌دووربگرن، ئه‌ویش له‌دواى تۆمه‌تباركردنى سوریا له‌لایه‌ن توركیاوه‌ به‌وه‌ى میواندارى عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ده‌كات و داڵده‌ى ئه‌ندامانى پارتى كرێكارانى كوردستان ده‌دات، كه‌ له‌ توركیا وه‌ك رێكخراوێكى تێرۆریستى پۆڵێن كراوه‌ و شه‌ڕى دژى ده‌وڵه‌تى توركیا به‌رپا كردووه‌. 
رێككه‌وتنه‌كه‌ چوار پاشكۆ له‌خۆده‌گرێت، پاشكۆى یه‌كه‌م و دووه‌م كۆمه‌ڵێك پابه‌ندبوونى تێدایه‌ كه‌ ده‌بێت سوریا جێبه‌جێیان بكات تاوه‌كو كۆتایى به‌ بارگرژیه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ توركیا بهێنێت، دیارترینیان: ده‌ركردنى عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له‌ سوریا و رێگه‌نه‌دان به‌ ئه‌ندامانى په‌كه‌كه‌ به‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌ بۆ نێو سوریا و پۆڵێنكردنى پارتى كرێكارانى كوردستان وه‌ك رێكخراوێكى تێرۆریستى و قه‌ده‌غه‌كردنى چالاكییه‌كانى له‌ خاكه‌كه‌یدا، هه‌روه‌ها رێگریكردن له‌ دامه‌زراندنى كه‌مپ به‌مه‌به‌ستى راهێنان و خۆحه‌شاردان یاخود ئه‌نجامدانى چالاكیى بازرگانیى له‌ خاكى ئه‌و وڵاته‌دا. 
هاوكات له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى مامه‌ڵه‌ى هاوشێوه‌، پێویسته‌ سوریا رێگه‌ به‌ هیچ چالاكییه‌ك نه‌دات كه‌ به‌ئامانجى زیانگه‌یاندن به‌ ئاسایش و سه‌قامگیرى توركیا له‌ خاكه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت، جگه‌ له‌وه‌ى نابێت رێگه‌ به‌ هاورده‌كردنى چه‌ك و شمه‌كى لۆجیستى و پاڵپشتى دارایى و بانگه‌شه‌كردن بۆ چالاكییه‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستان له‌سه‌ر خاكه‌كه‌یه‌وه‌ بدرێت. هه‌رچى پاشكۆى سێیه‌میشه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌بێت هه‌ردوولا واى دابنێن ناكۆكییه‌كانى سه‌ر سنوورى نێوانیان كۆتایى هاتووه‌ و هه‌ردوولا هیچ داواكارى یاخود مافێكى له‌ خاكى ئه‌وى تردا نییه‌. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه‌ پاشكۆى چواره‌م باس له‌وه‌ ده‌كات له‌ ئه‌گه‌رى شكستهێنانى سوریا له‌ گرتنه‌به‌رى رێكار و ئه‌ركه‌ ئه‌منییه‌كانى سه‌ر شانى به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌، ئه‌وا توركیا مافى خۆیه‌تى سه‌رجه‌م رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌ پێویسته‌كان له‌ناو خاكى سوریا تاوه‌كو قووڵایى پێنج كیلۆمه‌تر بگرێته‌به‌ر. 
پاڵنه‌ره‌كانى روسیا – سوریا 
دیارترین پاڵنه‌ره‌كانى روسیا – سوریا بۆ دووباره‌ دانووستانكردن له‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌ده‌نه‌ بریتیین له‌مانه‌ى خواره‌وه‌: 
1.باڵاده‌ستیى زیاترى سوریا: هه‌ردوولا ئاره‌زووى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن توركیا هێزه‌كانى خۆى له‌ باكوورى سوریا بكشێنێته‌وه‌ و راده‌ستى هێزه‌كانى رژێمى سورى بكات، به‌وه‌ش ئامانجێكى سه‌ره‌كیى به‌دى دێت كه‌ له‌مێژه‌ روسیا و حكومه‌تى سوریا جه‌ختیان لێكردۆته‌وه‌ به‌وه‌ى ته‌واوى خاكى وڵات بچێته‌وه‌ ژێر ده‌ستى هێزه‌ سورییه‌كان. ئه‌مه‌ش له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ كه‌ رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌ده‌نه‌ ئه‌ركى قه‌ڵاچۆكردنى ئه‌ندامانى پارتى كرێكارانى كوردستانى خستۆته‌ ئه‌ستۆى ده‌وڵه‌تى سوریا و ده‌ستوه‌ردانى هێزه‌ توركییه‌كانیشى به‌قووڵایى پێنج كیلۆمه‌تر به‌ستۆته‌وه‌ به‌ شكستى سوریا له‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌و ئه‌ركانه‌ى له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه‌، لێره‌شدا وا ده‌خوازێت هێزه‌كانى سوریا بچنه‌ نێو ناوچه‌كانى ژێر ده‌ستى هێزه‌ توركییه‌كانه‌وه‌ تاوه‌كو ده‌وڵه‌تى سورى بتوانێت ئه‌ركه‌كانى سه‌ر شانى جێبه‌جێ بكات. 
2.دژایه‌تیكردنى ناوچه‌ى ئارام: واتا سوڕانه‌وه‌ به‌پشتى پێشنیاره‌كه‌ى ئه‌مریكا – توركیا سه‌باره‌ت به‌ دروستكردنى ناوچه‌یه‌كى ئارام له‌ باكوورى سوریا به‌قووڵایى 32 كیلۆمه‌تر و پێشكه‌شكردنى ئه‌ڵته‌رناتیڤێك به‌ توركیا بۆ چاره‌سه‌ركردنى مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كانى له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانى كورد، به‌وپێیه‌ى هه‌ریه‌ك له‌ مۆسكۆ و دیمه‌شق دژایه‌تى دروستكردنى ناوچه‌یه‌كى ئارام ده‌كه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن هێزى بیانییه‌وه‌ كۆنترۆڵ كرابێت، ئه‌وه‌ش به‌ڕوونى له‌ لێدوانى 25ـى كانونى دووه‌مى 2019ـى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى روسیا سێرگى لاڤرۆڤدا ده‌ركه‌وت كاتێك وتى "دواجار پێویستییه‌كى روون هه‌یه‌ به‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى ته‌واوى خاكى وڵات له‌لایه‌ن حكومه‌تى سوریاوه‌، به‌و ناوچه‌ ئارامه‌شه‌وه‌ كه‌ باسى لێوه‌ ده‌كرێت". 
3.گێڕانه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كان: به‌جۆرێك كه‌ ده‌بێته‌وه‌ هۆى كاراكردنه‌وه‌ى كه‌ناڵه‌كانى په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى نێوان توركیا و رژێمى سوریا و دانپێدانانى توركیا به‌ شه‌رعیه‌تى رژێم، ئه‌ویش له‌ڕێگاى گفتوگۆى نێوان توركیا و سوریا بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌ركه‌ ئه‌منییه‌كانى نێو رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌ده‌نه‌ بۆ قه‌ڵاچۆكردنى ئه‌ندامانى پارتى كرێكارانى كوردستان له‌ سوریا. به‌وپێیه‌ى له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ ده‌بێت توركیا و سوریا هێڵێكى په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆ له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتى باڵاى ئه‌منى هه‌ردوولا دابنێن و نوێنه‌رى تایبه‌تى ئه‌منى له‌نێو نێرده‌ى دیپلۆماسى خۆیان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ و دیمه‌شق دابمه‌زرێنن تاوه‌كو زامنى جێبه‌جێكردنى كارا و شه‌فافى رێكاره‌كانى نێو رێككه‌وتنه‌كه‌ بكه‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ش پێویستى به‌ دووباره‌ كردنه‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌ى هه‌ردوو ده‌وڵه‌ت لاى یه‌كتر هه‌یه‌. 
4.راگرتنى پاڵپشتى گروپه‌كانى ئۆپۆزسیۆن: ده‌بێت توركیا پاڵپشتیكردنى ئه‌و گروپانه‌ى ئۆپۆزسیۆن رابگرێت كه‌ دژایه‌تى رژێمى ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن، ئه‌ویش له‌ سۆنگه‌ى پره‌نسیپى مامه‌ڵه‌ى هاوشێوه‌وه‌، كه‌ له‌ "رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌ده‌نه‌"دا هاتووه‌ و سوریا پابه‌ند ده‌كات به‌وه‌ى رێگا به‌ هیچ چالاكییه‌ك نه‌دات كه‌ به‌ ئامانجى زیانگه‌یاندن به‌ ئاسایش و سه‌قامگیرى توركیا له‌ خاكه‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت، واتا ئه‌م بابه‌ته‌ له‌هه‌مان كاتدا توركیاش ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ تاوه‌كو ئێستا پێوه‌ى پابه‌ند نییه‌. 
ئامانجه‌كانى توركیا
دیارترین ئامانجه‌كانى توركیا بریتیین له‌:  
1.دۆزینه‌وه‌ى كه‌ڤه‌رێكى شه‌رعى و یاسایى بۆ هێزه‌كانى توركیا له‌ باكوورى سوریا، ئه‌ویش به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌قى رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌ده‌نه‌، كه‌ له‌ ئه‌گه‌رى شكستهێنانى سوریادا له‌ گرتنه‌به‌رى رێكاره‌ ئه‌منییه‌كانى نێو رێككه‌وتنه‌كه‌، مافى هێزه‌ توركییه‌كانه‌ به‌قووڵایى پێنج كیلۆمه‌تر بچنه‌ نێو خاكى ئه‌و وڵاته‌وه‌. ئه‌وه‌ش به‌ لێدوانه‌كانى سه‌رۆكى توركیا ئه‌ردۆگان و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ چاویش ئۆغلۆوه‌ دیاره‌ كاتێك جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌وه‌ى توركیا مافى خۆیه‌تى له‌نێو خاكى سوریادا قه‌ڵاچۆى رێكخراوه‌ تێرۆریستییه‌كان بكات (واتا په‌یه‌ده‌ كه‌ توركیا به‌ لقى سوریاى په‌كه‌كه‌ى داده‌نێت) گه‌ر سوریا ئه‌ركه‌كانى خۆى به‌پێى رێككه‌وتنى ئه‌ده‌نه‌ به‌جێ نه‌هێنێت. 
2.گه‌ڕان به‌دواى باشترین ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌ به‌رده‌سته‌كان بۆ دروستكردنى ناوچه‌یه‌كى ئارام له‌ باكوورى سوریا، به‌تایبه‌ت له‌سایه‌ى ترسى توركیا له‌ لێكه‌وته‌كانى دژایه‌تى روسیا به‌رامبه‌ر به‌و ناوچه‌یه‌ و به‌رده‌وامیى ناكۆكییه‌كانى نێوان توركیا و ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ رۆڵى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات له‌ پاراستنى ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ شه‌ڕكه‌رانى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل له‌خۆده‌گرێت. چونكه‌ له‌كاتێكدا كه‌ توركیا پێداگرى له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ى شه‌ڕكه‌ره‌ كورده‌كان له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كات و جه‌خت له‌ دروستكردنى ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ته‌نها ده‌كاته‌وه‌، ئه‌مریكا ئاره‌زووى ئه‌وه‌ ده‌كات به‌مه‌به‌ستى زامنكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى و رێگریكردن له‌وه‌ى هێزه‌كانى رژێمى سوریا كۆنترۆڵى بكاته‌وه‌، رۆڵێك به‌ شه‌ڕكه‌ره‌ كورده‌كان له‌و ناوچه‌یه‌دا بدات، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌، له‌ترسى ئه‌وه‌ى سیناریۆیه‌كى هاوشێوه‌ى باكوورى عێراق دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌. 
3.دووباره‌ كاراكردنه‌وه‌ى رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌ده‌نه‌ له‌ڕێگاى نێوه‌ندگیرى روسیاوه‌ به‌مه‌به‌ستى جێكردنه‌وه‌ى ترسه‌ ئه‌منییه‌كانى توركیا تیایدا، وه‌ك دانپێدانان به‌وه‌ى په‌یه‌ده‌ لقى سوریاى پارتى كرێكارانى كوردستانه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش وا ده‌خوازێت ده‌وڵه‌تى سوریا ئه‌ركه‌ ئه‌منییه‌كانى سه‌ر شانى دژى ئه‌ندام و سه‌ركرده‌كانى ئه‌و پارته‌ جێبه‌جێ بكات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ده‌بێت گفتى ئه‌وه‌ له‌ سوریا وه‌ربگیرێت كه‌ رێوشوێنى پێویست بۆ رێگریكردن له‌ دروستبوونى قه‌واره‌یه‌كى كوردى له‌سه‌ر سنوورى توركیا بگرێته‌به‌ر. 
ئه‌م ئامانجه‌ش به‌ڕوونى له‌ بانگهێشته‌كه‌ى سه‌رۆكى توركیاوه‌ ده‌ركه‌وت كاتێك داواى دووباره‌ خستنه‌ به‌ر باسى رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌ده‌نه‌ و تاووتوێكردنى كرد، لاى خۆیشیه‌وه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى روسیا جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ى دیبه‌یته‌كانى په‌یوه‌ست به‌ ناوچه‌ى ئارام جێگاى رێككه‌وتن نییه‌ له‌نێوان روسیا و توركیادا، بگره‌ ده‌بێت به‌به‌شداریى سوریا ئه‌و بابه‌ته‌ رێككه‌وتنى له‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌ش ئاڵنگاریى زیاترى بۆ توركیا دروستكرد، كه‌ تاوه‌كو ئێستا گفتوگۆى راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ رژێمى سورى ره‌تده‌كاته‌وه‌. 
سیناریۆكانى دانووستانه‌كان 
له‌وه‌ى پێشه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى كورد بۆته‌ كارى له‌پێشینه‌ى سیاسه‌تى توركیا به‌رامبه‌ر قه‌یرانى سوریا و بزوێنه‌رى سه‌ره‌كیى هه‌نگاوه‌كانیه‌تى به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌كانى قه‌یرانه‌كه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا كه‌ پێشتر رووخاندنى رژێمى سوریا ئامانجى سه‌ره‌كیى توركیا بوو. 
هه‌ربۆیه‌ پێده‌چێت قۆناغى داهاتوو به‌مه‌به‌ستى گه‌یشتن به‌ باشترین ئه‌ڵته‌رناتیڤ بۆ ره‌واندنه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كانى له‌ سوریا، كه‌ له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ رێگریكردنه‌ له‌ دروستبوونى قه‌واره‌یه‌كى كوردى له‌سه‌ر سنووره‌كه‌ى، توركیا هاوشانى یه‌كدى هه‌نگاو به‌ ئاڕاسته‌ى روسیا و رژێمى سوریا له‌لایه‌ك و ئه‌مریكا له‌لایه‌كى دیكه‌ هه‌ڵبنێت، پێشبینییش ده‌كرێت هه‌نگاوه‌كانى توركیا خۆى له‌ یه‌كێك له‌م سیناریۆیانه‌ى خواره‌وه‌دا ببینێته‌وه‌: 
سیناریۆى یه‌كه‌م: چوونه‌ نێو دانووستان له‌گه‌ڵ سوریا له‌ڕێگاى روسیاوه‌، تاوه‌كو بگات به‌ یه‌كێك له‌و دوو بژارده‌یه‌ى خواره‌وه‌: 
1.فراوانكردنى رێككه‌وتننامه‌ى ئه‌ده‌نه‌، به‌جۆرێك كه‌ دان به‌وه‌دا بنێت په‌یه‌ده‌ لقى سوریاى پارتى كرێكارانى كوردستانه‌ و ئه‌وه‌ش وا ده‌خوازێت ده‌وڵه‌تى سوریا ئه‌ركه‌ ئه‌منییه‌كانى نێو رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ بكات و گفتى ئه‌وه‌ بدات رێوشوێنى پێویست بۆ رێگریكردن له‌ دروستبوونى قه‌واره‌یه‌كى كوردى له‌سه‌ر سنوورى توركیا بگرێته‌به‌ر. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا توركیا په‌یمانى ئه‌وه‌ بدات ده‌ست له‌ بیرۆكه‌ى ناوچه‌ى ئارام له‌ باكوورى سوریا هه‌ڵبگرێت و خشته‌یه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى له‌و وڵاته‌ دابنێت. 
2.دورستكردنى ناوچه‌یه‌كى ئارام له‌لایه‌ن توركیاوه‌ له‌ باكوورى سوریا، به‌جۆرێك كه‌ شه‌ڕكه‌رانى كوردى لێ دووربخاته‌وه‌ و په‌نابه‌رانى سوریاى بۆ بگێڕێته‌وه‌ تاوه‌كو له‌به‌رامبه‌ردا توركیا له‌ڕێگاى گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكى سیاسى سه‌رجه‌م هێزه‌كانى خۆى بكشێنێته‌وه‌ و دواجاریش هێزه‌كانى سوریا بتوانن كۆنترۆڵى ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكه‌ن و ئه‌ركه‌كانى نێو رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن. 
ئه‌م سیناریۆیه‌ش پاڵپشتى لێدوانێكى سه‌رۆكى توركیا له‌ 3ـى شوباتى ئه‌مساڵ ده‌كات به‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ سوریا له‌ ئاستێكى نزمدا به‌رده‌وامه‌، به‌وپێیه‌ى ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى هه‌ردوولا له‌ په‌یوه‌ندیدان له‌گه‌ڵ یه‌كتر و رایگه‌یاند "ته‌نانه‌ت گه‌ر دوژمنێكیشت هه‌بوو، ئه‌وا نابێت په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵدا بپچڕێنیت، ره‌نگه‌ دواتر پێویستت پێى بێت". ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ لێدوانێكى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا له‌ 24ـى كانونى دووه‌مى 2019 كاتێك باسى له‌وه‌ كرد كه‌ "ئه‌نقه‌ره‌ له‌ڕێگاى روسیا و ئێرانه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ناڕاسته‌وخۆدایه‌ له‌گه‌ڵ سوریا". 
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م سیناریۆیه‌ كۆمه‌ڵێك هۆشداریى بۆ توركیا تێدایه‌، له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ دووباره‌ تێكچوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى نێوان توركیا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، كه‌ دووه‌میان هه‌وڵى راكێشانى ئه‌نقه‌ره‌ ده‌دات بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ مۆسكۆ و دانپێدانان به‌ شه‌رعیه‌تى ئه‌و رژێمه‌ى پێشتر هه‌وڵى رووخاندنى ده‌دا. 
سیناریۆى دووه‌م: گه‌یشتنى توركیا به‌ رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌یه‌كى ئارامى وه‌ها كه‌ داواكارییه‌كانى وه‌ك دوورخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات له‌ ناوچه‌كه‌ و راگرتنى ئه‌و پاڵپشتییه‌ى واشنتۆن پێیان ده‌دات و هه‌روه‌ها پێدانى رۆڵێكى گه‌وره‌تر له‌ ئیداره‌دانى ئه‌و ناوچه‌یه‌دا به‌ توركیا له‌خۆبگرێت. گه‌ر توركیاش به‌م سیناریۆیه‌ قایل بێت، ئه‌وا پێده‌چێت په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ مۆسكۆ تێكبچێت، كه‌ لێره‌شدا ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ روسیا پاڵ به‌ رژێمى سوریاوه‌ بنێت ده‌ست له‌ ده‌ستى كورده‌كان بنێت و هاوپه‌یمانێتییان له‌گه‌ڵ ببه‌ستێت و یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل دژى هێزه‌كانى توركیا و گروپه‌كانى هاوپه‌یمانى ئه‌و وڵاته‌ له‌ باكوورى سوریا هان بدات. 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure