بۆرسی نەوتی ئێرانی؛ خەونی بەنێودەوڵەتیبوون بە یارمەتی کەرتی تایبەت

06/03/2019

:: بێ نوسەر ئا:رەیحانە مەزاهری
وەرگێڕان: ئەژی ئازاد ئەبوبەکر

زیاتر لە ١٠ رۆژ لەو کاتە تێدەپەڕێت کە وەزیری نەوتی ئێران باسی لە ئامادەبوونی وەزارەتی نەوتی ژێر دەسەڵاتی کرد بۆ دەستپێکردنی قۆناغی سێهەمی خستنەڕووی نەونی خاو لە بازاری بۆرسەدا. ئەگەرچی هێشتا ئەم قۆناغە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەپێی وتەکانی بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوت، بریاڕوایە کە لەم قۆناغەدا ٣ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بخرێتەروو. نەوتێک کە کەرتی تایبەت دەیکرێت و دۆزینەوەی کریار و هەناردکردنی دەگرێتەئەستۆ.  
وەزارەتی نەوتی ئێران دەڵێت لەم رێگەیەشەوە دەتوانرێت سزاکانی ئەمریکا تێپەڕێندرێت و هەروەها زەمینەیەک بۆ ئاشنابوونی کەرتی تایبەت لەگەڵ بۆرسی وزە دێتەکایەوە. هەرچەندە سەرەڕای جێبەجێکردنی دوو قۆناغی ئەم پرۆژەیە لە رابردوودا، پێدەچێت کەرتی تایبەت هێشتا بە نیگەرانییەوە بڕوانێتە دوارۆژی بۆرسی نەوت. 
بیرۆکەی دامەزراندنی بۆرسی وزە چۆن هاتەکایەوە؟
بیرۆکەی دامەزراندنی بۆرسی وزە لە ئێران بۆ ساڵی ١٩٩٩ و دەوڵەتی حەوتەم دەگەڕێتەوە؛ ئامانجی خستنەکاری ئەم بۆرسە، دروستکردنی کاریگەری ئێرانە لەسەر رێڕەوی نرخدانانی جیهانی نەوتی خاو و هەروەها ئامادەبوونی کەرتی تایبەتە لەگەڵ کۆمپانیای میللی نەوتی ئێران  بۆ فرۆشتنی نەوت و پێکهاتەکانی.
یەکەمین قۆناغی جێبەجێکردنی ئەم بیرۆکەیە لە ساڵی ٢٠٠٧ و بە خستنەڕووی بەرهەمەکانی  پترۆکیمیایی لە بۆرسی وزە دەستی پێکرد. قۆناغی دووەم لە سالی ٢٠٠٩ بریتی بوو لە دۆزینەوەی رێگایەک بوو بۆ هەناردەی بەرهەمەکانی پترۆکیمیایی لە رێگای بۆرسی کاڵا لە دورگەی کیش. قۆناغی سێهەم، خستنەڕووی نەوتی خاو لە بۆرس بوو کە لە مانگی ٧ی ٢٠١١ بۆنەی دەستپێکردنی بەڕێوەچوو، بەڵام دوای راگەیاندنی نرخی سەرەتایی، کەرتی تایبەت کشایەوە و لە کرداردا بیرۆکەی دامەزراندنی بۆرسی نەوت راگیرا.
حەسەن ئیبن یوسف، راوێژکاری نێودەوڵەتی نەوت و غاز سەبارەت بە هۆکاری بەردەوامنەبوونی خستنەڕووی نەوتی خاو لە بۆرس لە رابردوودا بە بی بی سی وت: "ئێران بۆ خستنەڕووی نەوتی خاو لە بۆرسدا تووشی چەند کێشەیەک بوو؛ سەرباری کێشەی نرخدانان، بابەتێکیتر پەسەندکردنی شیاوێتی(احراز صلاحیت) کڕیاران بوو. بەم مانایەی کە نەوت تەنیا بەو کەس و کۆمپانیانە دەفرۆشرا کە یان پاڵاوتەیان هەبوو یان بەشێکی پاڵاوتەکەیان لەبەردستا بوو". بە وتەی ئەم شارەزای وزەیە "جۆری ئەو نەوتە خاوەی کە ئێران دەیخستەروو کێشەیەکیتر بوو؛ ئێران لەو کاتەدا نەوتی خاوی مەیدانی "بهرگان"ی(١) دەخستەڕوو کە لە جۆری نەوتێکی خاوی زۆر قورس و بە کوالێتی زۆر نزم بوو که کڕیارێکی وەهای نەبوو. کڕیاران هەروەها دەبوایە بەلانیکەمەوە ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتیان بکڕیایە بۆ ئەوەی مامڵەکە ئەنجام بدرایە. ئیتر چونکە ئەم نەوتە خاوە کڕیاری کەمی لە جیهاندا هەیە، فرۆشتنی نەوت بەم شێوازە شیاو نەبوو".
کریاڕانی نەوتی ئێران کێن؟
بەوتەی بیژەن نامدار زەنگەنە، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت یان ئەو کەسانەی کە بە دەستەبەرکردنی شیاوێتی(احراز صلاحیت) دەچنەناو بۆرس، تەنیا بە گەرەنتینامەی بانقی دەتوانن سەداسەد بە ریاڵ کڕینەکە ئەنجام بدەن. هەروەها ناوی کڕیار و فرۆشیار دەپارێزرا  بۆ ئەوەی نەبێتە ئامانجی سزاکانی ئەمریکا.
بەمشێوەیە هەرکەسێکی راستەقینە یان یاسایی کە بتوانێت بەلانیکەمەوە ٣٥ هەزار بەرمیل نەوت بکڕێت، دەتوانێت بچێتەناو بۆرسی نەوتی ئێران و ئەمە رێگایەکی نوێیە بۆ چوونەناوی وەبەرهێنەرە بچوکترەکان بۆ بازاری نەوت.
فەرەیدون بەرکشلی، سەرۆکی پێشووی شاندی ئێران لە ئۆپێک سەبارەت بەم کڕیارانە بە بی بی سی وت:"کڕیارە سەرەکییەکانی نەوتی ئێران لە بۆرس، تەنیا کەسی راستەقینه نابێت چونکە هیچ کەسێک توانای کڕینی  چەند هەزار بەرمیل یان هەبوونی رایەڵەی پێوست بۆ فرۆشتنی نەوتی نییە، بەڵکو کڕیاران، یان کۆمپانیا وابستەکانی بانقەکانن یان کۆمپانیایەکن کە سەرچاوەی دارایی بۆ وەبەرهێنانیان هەیە". هەورەها بەرکشلی رایگەیاند: "ژمارەیةکی زۆر لە کۆمپانیا گەورەکانی نەوتیی جیهان لە رێگەی کۆمپانیا بەربڵاوە بچووکەکانەوە خەریکی مامةڵە لەگەڵ ئێرانن. بۆ نمونە لە ئیستادا تەنانەت چەند کۆمپانیایەکی سەر بە کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکاش لە ئێران نەوت دەکڕن بەڵام ناوێک لەم کۆمپانیایانە ناهێنریت و دیار نییە کە پاڵاوتەی سەرەکی کە نەوتەکەی بۆ کڕاوە کامەیە".
بەرکشلی سەبارەت به خراث بەکارهێنانی کەرتی تایبەت بۆ چوونەناو بۆرسی نەوت دەڵێت: " هۆکاری دامەزراندنی بۆرسی نەوت، رێگرتن لە خراث بەکارهێنانی دارایی بوو، بەڵام لەمجۆرە نمونانە هەمیشە بوونیان هەیە. ئەم بابەتەی کە لە بۆرسدا، نەوتی ئێران بکردرێت و دواتر کڕیاری نەبێت کە پارەی نەوتەکە بگەرێنێتەوە، نیگەرانییەکی گەورەیە کە بەردەوام بوونی هەیە. تەنانەت ئەم ئەگەرەش بوونی هەیە کە نەوتەکە بفرۆشن و پارەکە نەگەرێننەوە وەکو ئەوی کە چەند ساڵ لەمەوبەر روویدا کە  هێزەکانی پۆلیس(نیروی انتظامي) نەوتیان فرۆشت بەڵام پارەکەی بۆ وەزارەتی نەوت نەگەڕاندەوە".
بەهاتنە باسی بۆرسی نەوت، نیگەرانییەکان سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی ئەزمونەکانی وەک دۆسیەی تۆمەتەکانی بابەک زەنجانی(٢) یان زەمینەخۆشکردنی ئەم بۆرسە بۆ سوودوەرگرتن لە رانتی(Rant) دراو و گەندەڵی زیادی کردووە.
ئیمان ناسری، بەرێوبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کۆمپانیای راوێژکارانی وزە FGE لەو شارەزایانەیە کە بە بی بی سیان وتووە:"راستە کە گەرەنتییەکانی پێویست بۆ رێگری لە گەندەڵی لەبەرچاو گیراوە، بەڵام تەنانەت نابێت متمانە بە گەرەنتییەبانقییەکانیش بکرێت چونکە چةندین جار بانقەکان پێشینەی چەندهەزار دۆلارییان داوە و هەرگیز نەگەڕاۆەتەوە بۆیان". ئەم شارەزای وزەیە بڕوای وایە کە "بەم رێگایە لە لایەک بازاڕی دەڵاڵی گەورەتر دەبێت و لە لایەکیترەوە پێویستە بۆ راکێشانی کریاڕانی کەرتی تایبەت داشکاندنی زیاتر پێشکەش بکرێت، هەروەها زەمینەی گەندەڵی دارایی و دۆسییەکانی وەک ئەوەی لە پێشووتر سەبارەت بە بابەک زەنجانی بینیم، زیاتر دەبێت".
کەرتی تایبەتی "کەم ئەزمون"
لە سالی ١٩٥٣ تاوەکو ئیستا، قۆرخی فرۆشتنی نەوت لە دەست کۆمپانیای میللی نەوت بووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە گروپێک لە رەخنەگرانی دامەزراندنی بۆرسی نەوت دەڵێن، کەرتی تایبەت توانا و ئەزمونی پێویستی لەم بوارەدا نییە و لەوانەیە بتوانێت بۆ ماوەیەکی کەم نەوتی ئێران بفرۆشێت بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەزمونی پێویست، دەناسرێتەوە و لە لیستی رەشی سزاکان دادەنرێت.
ئیمان ناسری، کارناسی وزە لەمبارەیەوە دەلێت:"بنەمای دامەزراندنی بۆرسی نەوت بابەتێکی سیاسییە. ئەمەی کە لە ئیستادا مادام  بەهۆی سزاکان ناتوانین نەوت بفرۆشین، دەبێت کەرتی تایبەت بهێنینە ناوەوە بەو هیوایەی کە بتوانێت یارمەتیدەرێک بێت، لە شوێنیکیتردا باو نییە، چونکە بابەتی فرۆشتنی نەوتیش لە بازاری ناوخۆ زۆر ئاڵۆزە. هۆکارەکەشی ئەمە نییە کە کەرتی تایبەت ناتوانێت ئەمکارە ئەنجام بدات بەڵکو میکانیزمی کڕین و فرۆشتن لە بازار بە شێوەیەکە کە کڕیاران متمانە بە هەر فرۆشیارێک ناکەن".
بۆرسی نەوت لە دۆخێکدا دامەزراوە کە نرخی نەوت لە بازاری جیهانی لە هەڵبەزودابەزی زۆردایە و کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە؛ رووداوێک کە بۆ بۆرسی تازەپێگەیشتووی وزەی ئێران و نرخدانانی نەوت لەم بۆرسە کێشەی زۆری دروست کرد. بەڵام لەگەڵ بوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە چۆنییەتی مامڵەکان لە بۆرسی نەوت، بەشێک لە راڤەکاران، دامەزراندنی بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانن.
فەرەیدون بەرکشلی، سەرۆکی پێشووی شاندی ئێران لە ئۆپێک بڕوای وایە کە ئەگەرچی بۆ دانانی بۆرسی نەوت درةنگ دەستبەکاربووە "بەڵام لە ئەگەری سەرکەوتنی، ئەم بۆرسە لەوانەیە بتوانێت نەخشەرێگایەکی نوێ بۆ ئێران بێت بۆ ئەوەی لە سەردەمی سزاکان بەشێک لە کێشەی هەناردەی نەوتی ئێران چارەسەر بکات". ئەگەرچی بە وتەی بەرکشلی گەرەنتی سەرکەوتنی ئەم بۆرسە ئەوەندە ئاسان نییە و پەیوەستە بە چەند هۆکارێکی وەک پێگەی ئێران لە ناوچەکە و پەیوەندی ئەم وڵاتە لەگەڵ درواسێکانی بەتایبەتی عەرەبستانی سعودی و هەروەها رێژەی داوکاری بازاڕی جیهانی بۆ نەوت.
لەگەل ئەمەشدا حوسێن ئین یوسف، کارناسی وزە، فرۆشتنی نەوت لە بۆرسدا بە رێگایەک دەزانێت کە دەرخەری ئەوەیە کە ئێران لە سەردەمی سزاکان، تەنانەت ئەگەر نەوتەکەی بە داشکاندنی گەورە فرۆشتووە بەڵام زیانی نەکردووە؛ چونکە بۆ ئێران نەفرۆشتنی نەوت بە مانای زیان دێت.
لە پشت ئامانجی سووڕانەوە بە دەوری سزاکان بە هۆی کەرتی تایبەت و رێگرییە چاوەڕوانکراوەکانی بەردەم ئەم رێگەیە، پێدەچێت ئێران ئامانجی گەورەتری هەبێت کە وابستەیە بە دواڕۆژیکی جێگیر و مانەوەی ئەم بۆرسە تازەپێگەیشتووە. هەروەک راڤەکارانی وەک بەرکشلی ئاماژەیان پێداوە، ئامانجی کۆتایی پێکەوەنانی ئەم بۆرسە "بەنێودەوڵەتیکردنی نەوتی ئێران" دەزانێت. سەرۆکی پێشووی شاندی ئێران لە ئۆپێک ئەوە دووپات دەکاتەوە کە "ئامانج ئەوەیە کە لە کۆتاییدا بەشێک لە سەرمایەی کۆمپانیای میللی نەوتی ئێران لە بۆرسەکانی جیهان مامڵە دەکرێت". بابەتێک کە لە سەردەمی سزاکان لەوانەیە شیاو نەبێت و بە بەرزەفڕانە لێکبدرێتەوە.
پەراوێزەکان
(١) ناوچەی بەهرەگانسەر(بهرگانسر) کۆنترین ناوچەی نەوتیی ئێرانە و دەکەوێتە باکوری پارێزگای بوشەهر لە ناوچەی بەهرەگان کە دەوڵەمەندە بە نەوتی خاو.
(٢) گەورە بازرگان و میلیاردێری ئێرانییە کە ساڵی ٢٠١٣ بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کرا و ساڵی ٢٠١٦ دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد کە تاوەکو ئیستا جێبەجێنەکراوە.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure