ململانێى حزبى له‌سه‌ر حكومه‌تى عێراقى

16/04/2019

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینى: كیرك سۆول 
سه‌رچاوه‌: ناوه‌ندى كارنیگى بۆ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست

دواى پێپه‌ڕبوونى چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، وا ده‌رده‌كه‌وێت عادل عه‌بدولمه‌هدى كۆڵى له‌ شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان بۆ په‌سه‌ندكردنى باقیى وه‌زیره‌كانى حكومه‌ته‌كه‌ى دابێت، به‌وپێیه‌ى له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنى یه‌كه‌م وه‌رزى یاسادانان له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانه‌وه‌، هێشتا چوار وه‌زاره‌تى بنچینه‌یى به‌تاڵن: به‌رگرى و ناوخۆ و داد و په‌روه‌رده‌. به‌شێك له‌ ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌م سه‌رۆك وه‌زیرانیش له‌و شێوازه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ كه‌ سه‌رۆكى حكومه‌تى پێ هه‌ڵبژێرا، چونكه‌ له‌پێناو ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه‌ى پاش هه‌ڵبژاردنه‌كان هاته‌ كایه‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌ هادى عامرى و موقته‌دا سه‌دڕى نه‌یارى یه‌كدى – كه‌ دووه‌میان سپۆنسه‌ره‌ پۆپۆلیستى و ئیسلامى و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كه‌ى فراكسیۆنى سائیرونه‌ – گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێك و به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدیان وه‌ك كه‌سێكى ته‌كنۆكراتى بێلایه‌ن بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵبژارد، ناكۆكیى به‌رده‌وامى نێوان سه‌دڕ و عامرى – یش واى له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى كرد له‌ئاست تێپه‌ڕاندنى یاساكان یاخود دامه‌زراندنى وه‌زیره‌كان له‌ڕێگاى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌بێ ده‌سه‌ڵاتى بمێنێته‌وه‌. لانى كه‌م له‌ئێستادا توانیویه‌تى وه‌زیره‌كانى نه‌وت و كاره‌با دابمه‌زرێنێت، كه‌ وه‌زاره‌تى نه‌وت به‌ سه‌رچاوه‌ى بنه‌ڕه‌تى داهاتى حكومه‌تى عێراقى داده‌نرێت و له‌ڕێگاى كاره‌باشه‌وه‌ حكومه‌ت ده‌توانێت له‌پێناو خۆبه‌دوورگرتن له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى هاوین و پێش به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما و زیادبوونى خواست له‌سه‌ر كاره‌با پڕۆژه‌ جێبه‌جێ بكات. له‌سایه‌ى نه‌بوونى ئیئتلافێكى راسته‌قینه‌شدا، گومانێكى زۆر هه‌یه‌ عه‌بدولمه‌هدى ناچار بكرێت تاكلایه‌نه‌ په‌نا بۆ رێوشوێنى جێبه‌جێكارى ببات. 
كاتێك عادل عه‌بدولمه‌هدى هه‌وڵیدا له‌ 24ـى تشرینى یه‌كه‌مى 2018دا حكومه‌ت پێكبهێنێت، خه‌ریكبوو شه‌ڕى نێوان سه‌دڕ و عامرى بگاته‌ راده‌ى په‌كخستنى ده‌نگدان له‌سه‌ر پێدانى متمانه‌ به‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، به‌ڵام دواجار له‌چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنێكدا ده‌نگیان به‌ عه‌بدولمه‌هدى و چوارده‌ ناو له‌كۆى ئه‌و بیست و دوو ناوه‌ دا كه‌ بۆ وه‌رگرتنى وه‌زاره‌ت پێشنیارى كردبوون، هه‌رچه‌نده‌ ده‌ستورى عێراقى – یش ده‌سه‌ڵاتى پڕكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م پۆسته‌ حكومییه‌كانى به‌ سه‌رۆك وه‌زیران داوه‌، به‌ڵام عه‌بدولمه‌هدى ملكه‌چى لایه‌نى سیاسییه‌كان بوو و پۆسته‌كانى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئیتنى – مه‌زهه‌بى دابه‌شكرد. لاى خۆیشیانه‌وه‌ فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر پێدانى وه‌زاره‌ته‌كانى به‌رگرى و په‌روه‌رده‌ به‌ سوننه‌ قایلبوون، به‌ڵام ناكۆكى ناوخۆیى سوننه‌ رێگریى له‌ په‌سه‌ندكردنى ئه‌و دوو ناوه‌ كرد كه‌ عه‌بدولمه‌هدى بۆ به‌ڕێوه‌ بردنى ئه‌و پۆستانه‌ پێنشیارى كردبوون. جگه‌ له‌وه‌ى ناكۆكیى نێوان كورده‌كانیش دانانى وه‌زیرى دادى په‌كخستووه‌. ته‌نانه‌ت دانانى وه‌زیرى كۆچ و كۆچبه‌رانیش به‌هۆى ناكۆكى نێوان مه‌سیحییه‌كانه‌وه‌ تاوه‌كو 24ـى كانونى یه‌كه‌م په‌كى كه‌وتبوو، له‌كاتێكدا ته‌نها پێنج په‌رله‌مانتارى مه‌سیحى له‌كۆى 329 په‌رله‌مانتار له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌راندا بوونیان هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیارترین ناكۆكى كاتێك هاته‌ ئاراوه‌ كه‌ هاوپه‌یمانێتى بونیاد به‌سه‌رۆكایه‌تى هادى عامرى، ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ى له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌ شیعى مه‌زهه‌به‌كانه‌وه‌ كۆنترۆڵكراوه‌ و له‌ژێر ركێفى ئێراندان، بڕیاریدا فالح فه‌یاز بۆ پۆستى وه‌زیرى ناوخۆ كاندید بكات. 
زیاتر له‌ مانگێك عامرى هه‌وڵێكى بێ ئه‌نجامى دا تاوه‌كو سه‌دڕ به‌ په‌شیمان بوونه‌وه‌ له‌ دژایه‌تیكردنى فه‌یاز بۆ بوون به‌ وه‌زیر قایل بكات، لاى خۆیشیه‌وه‌ سه‌دڕ له‌م دژایه‌تییه‌یدا پشتى به‌وه‌ به‌ستبوو كه‌ فه‌یاز زیاتر له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیكه‌، له‌ 4ـى كانونى یه‌كه‌میشدا، سه‌ربارى هۆشدارییه‌كه‌ى سه‌دڕ به‌وه‌ى لایه‌نگره‌كانى رێگریى لێده‌كه‌ن، وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى راسته‌وخۆ سه‌باره‌ت به‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى خۆپیشاندانێكى قه‌ره‌باڵغى هاوشێوه‌ى ئه‌و خۆپیشاندانه‌ى له‌ ساڵى 2016دا حكومه‌تى هه‌ژاند، به‌ڵام عه‌بدولمه‌هدى بڕیاریدا دووباره‌ ناوى فه‌یاز له‌پاڵ چه‌ند ناوێكى دیكه‌دا بۆ پڕكردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌كانى تر پێشنیار بكاته‌وه‌، به‌وشێوه‌یه‌ش وا ده‌ركه‌وت لایه‌نى عامرى هه‌ڵبژاردبێت، سه‌ره‌نجامیش عه‌بدولمه‌هدى دووچارى شكستێكى گه‌وره‌ بۆوه‌، ئه‌وه‌بوو سه‌دڕییه‌كان پشێوییه‌كیان له‌ په‌رله‌مان نایه‌وه‌ و هاواریان ده‌كرد "بڕیارمان عێراقیانه‌یه‌"، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به‌وه‌ى ئێرانییه‌كان پشتگیریى نه‌یاره‌كانیان ده‌كه‌ن، به‌وجۆره‌ش عه‌بدولمه‌هدى و ئه‌و كه‌سانه‌ى بۆ پڕكردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌كان ناویان هێنرابوو كشانه‌وه‌ و به‌ ناچارى له‌ په‌رله‌مان چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ و ئیدى له‌و قۆناغه‌دا هه‌شت وه‌زاره‌ت به‌ به‌تاڵى مانه‌وه‌. 
وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كیش بۆ دژایه‌تیكردنى فه‌یاز له‌لایه‌ن سه‌دڕه‌وه‌، له‌ 8ـى كانونى یه‌كه‌مدا هادى عامرى به‌ رۆژنامه‌نووسانى راگه‌یاند وێڕاى ئه‌وه‌ى فه‌یاز هاوپه‌یمانى سیاسییه‌تى، به‌ڵام ئه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌ كه‌ له‌سه‌ر كاندیدكردنى سووربووه‌. عامرى هه‌وڵیدا له‌و رێگایه‌وه‌ ئه‌و ده‌نگۆیه‌ هێور بكاته‌وه‌ كه‌ كاندیدكردنى فه‌یاز هه‌وڵێكه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنى ده‌سه‌ڵات، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ پێشتر رێكخراوى به‌در به‌سه‌رۆكایه‌تى عامرى وه‌زاره‌تى ناوخۆى له‌ژێر ده‌ستدا بوو، ئه‌وه‌ش پاڵى به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ نا دان بنێت به‌وه‌ى هه‌ردوولا نه‌یاره‌كه‌ فشاریان لێكردووه‌ تاوه‌كو ناچارى بكه‌ن كاندیده‌كانیان له‌ هه‌ر چوار وه‌زاره‌ته‌ سیادییه‌كه‌دا دابنێت. به‌ڵام لاى خۆیه‌وه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ى عامرى به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌كرد كه‌ عه‌بدولمه‌هدى له‌سه‌ر كاندیدكردنى فه‌یاز سوور بووه‌ و هاوكات باسى له‌وه‌ش ده‌كرد كه‌ فه‌یاز تاكه‌ بژارده‌ى په‌سه‌ندكراوى هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یه‌. 
له‌و دانیشتنه‌ى په‌رله‌مانیشدا كه‌ له‌ 18ـى كانونى یه‌كه‌م به‌سترا، سیان له‌و پێنج وه‌زیرانه‌ په‌سه‌ند كران كه‌ عه‌بدولمه‌هدى پێنشیارى كردبوون، ئه‌وانیش بریتیى بوون له‌ قوسه‌ى سوهه‌یل وه‌ك وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى، نورى دلێمى وه‌ك وه‌زیرى پلاندانان و هه‌روه‌ها عه‌بدولئه‌میرى حه‌مدانى وه‌ك وه‌زیرى رۆشنبیرى و گه‌شتوگوزار و شوێنه‌وار، هه‌رچى ئه‌و دوو ناوه‌شه‌ كه‌ بۆ وه‌رگرتنى وه‌زاره‌ته‌كانى په‌روه‌رده‌ و كۆچ و كۆچبه‌ران پێشنیار كرابوون، ئه‌وا نه‌یانتوانى ده‌نگى پێویست بۆ دامه‌زراندنیان به‌ده‌ستبهێنن. له‌ 24ـى كانونى یه‌كه‌میشدا ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر ئه‌و دوو ناوه‌ نوێیه‌ ده‌ربڕى كه‌ عه‌بدولمه‌هدى بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و دوو پۆسته‌ پێنشیارى كردبوون، كه‌ ئه‌وانیش شه‌یما حه‌یالى وه‌ك وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و نه‌وفل به‌هاْ  موسا وه‌ك وه‌زیرى كۆچ و كۆچبه‌ران بوون، به‌ڵام پێش وه‌رگرتنى پۆسته‌كه‌ى، شه‌یما حه‌یالى به‌هۆى ده‌نگۆى په‌یوه‌ندى نێوان خێزانه‌كه‌ى و رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامییه‌وه‌ ده‌ستى له‌كاركێشایه‌وه‌. هه‌ر له‌و نێوه‌نده‌شدا، ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران به‌ته‌واوه‌تى ره‌تیكرده‌وه‌ فه‌یسه‌ڵ جه‌ربا ببێته‌ وه‌زیرى به‌رگرى. 
سه‌ره‌نجام له‌ 22ـى كانونى دووه‌مدا هه‌وڵه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و چوار وه‌زاره‌ته‌ شكستى هێنا كه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌ به‌تاڵى ماونه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران نه‌یتوانى ده‌نگیان له‌سه‌ر بدات، به‌وپێیه‌ى هه‌ردوو كاندید (ئه‌ركان بیبانى بۆ وه‌زاره‌تى داد و سه‌فانه‌ حه‌مدانى بۆ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌) كه‌سایه‌تییه‌كى ناسراویان نییه‌ و بگره‌ وا پێده‌چێت هۆكارى هه‌ڵبژاردنیشیان بۆ ئه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ناسراو نین. جگه‌ له‌وه‌ى ناوهێنانى حه‌مدانى له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌ى سوننى مه‌زهه‌بى جێ مشتومڕ "خه‌میس خه‌نجه‌ر"ه‌وه‌، واى لێده‌كات ناوێكى جێ مشتومڕ بێت. هاوكات وه‌زاره‌تى دادیش پشكى كورده‌ و بۆته‌ دیلى ده‌ستى رێڕه‌وى دانووستانه‌كانى نێوان پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له‌باره‌ى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى هه‌رێمى كوردستان. 
ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌وانه‌شى عه‌بدولمه‌هدى كاندیدى كردبوون و  په‌سه‌ندكران، دووچارى هه‌ڕه‌شه‌ى دوورخستنه‌وه‌ى له‌ پۆسته‌كانیان بوونه‌وه‌، له‌نێویشیاندا وه‌زیرى وه‌رزش و لاوان ئه‌حمه‌د عوبه‌یدى، كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ بوونى په‌یوه‌ندى پێشتر له‌گه‌ڵ رێكخراوى قاعیده‌، هه‌روه‌ها وه‌زیرى گه‌یاندن نعێم روبه‌یعى، كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ بوونى په‌یوه‌ندى پێشتر له‌گه‌ڵ حزبى به‌عس، لاى خۆیشیه‌وه‌ عه‌بدولمه‌هدى گوێى خۆى له‌ مشتومڕى په‌یوه‌ست به‌و دوو وه‌زیره‌ خه‌واند به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ لێدوانێكى له‌باره‌وه‌ بدات، هه‌روه‌ك چۆن كاتى خۆیشى هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كى به‌رامبه‌ر به‌ قسه‌كانى هاوپه‌یمانێتییه‌كى عامرى سه‌باره‌ت به‌ كاندیدكردنى فه‌یاز بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆ نه‌بوو، كه‌ واى لێكرد له‌ پێگه‌یه‌كى لاوازدا ده‌ربكه‌وێت. 
مه‌رج نییه‌ به‌تاڵیى پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان ماناى حكومه‌تێكى ئیفلیج بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌ واقیعدا مادام حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى به‌ڕاده‌یه‌كى بێ وێنه‌ لاوازه‌، بۆیه‌ روودانى هه‌ر په‌ره‌سه‌ندنێكى ئه‌رێنى په‌یوه‌سته‌ به‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران له‌ڕێگاى ده‌ركردنى بڕیارى جێبه‌جێكارییه‌وه‌ پیاده‌ى ده‌كات، له‌ئێستاشدا ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌ى كه‌ ده‌كرێت خۆڕاگرى به‌ عه‌بدولمه‌هدى ببه‌خشن و له‌ پۆسته‌كه‌یدا بیهێڵنه‌وه‌ وه‌زاره‌ته‌كانى نه‌وت و كاره‌بان، به‌وپێیه‌ى كه‌رتى نه‌وت زامنى هێشتنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ت ده‌كات، به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌ رێژه‌ى به‌رهه‌مهێنان ئاستێكى پێوانه‌یى تۆماركردووه‌ و له‌ كانونى یه‌كه‌مى 2018دا گه‌یشته‌ 4.94 ملیۆن به‌رمیلى رۆژانه‌. هاوكات كاره‌باش بایه‌خێكى ژیاریى هه‌یه‌، ئه‌ویش به‌ له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ى له‌ وه‌رزى هاوین و له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رمادا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. به‌پێى پێگه‌ى "Iraq Oil Report"یش بێت، وه‌زیرى كاره‌با لوئه‌ى خه‌تیب هه‌وڵده‌دات به‌شێوه‌یه‌كى خێرا پڕۆژه‌ى بچووك له‌پێناو زیادكردنى به‌رهه‌مهێنانى كاره‌با  به‌ رێژه‌ى 15 – 20% پێش هاتنى وه‌رزى هاوین به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت. 
گه‌ر ره‌چاوى ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ وڵات هاوشێوه‌ى ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ تیایدا سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه‌ كه‌ له‌ به‌ختى حه‌یده‌ر عه‌بادى له‌دژى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى بۆ خولێكى نوێ هاته‌ ئاراوه‌، ئه‌وا حكومه‌ته‌ لاوازه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌توانێت له‌ئێستادا هێواش هێواش رێ بكات، خۆ ئه‌گه‌ر عه‌بدولمه‌هدى توانیشى خۆى له‌به‌رده‌م ناڕه‌زایه‌تییه‌ باوه‌كانى وه‌رزى هاویندا بگرێت، ئه‌وا بوارى ئه‌وه‌ى ده‌بێت له‌ماوه‌ى چوار ساڵدا چاره‌سه‌رى ئه‌و دۆسیانه‌ى دیكه‌ بكات كه‌ بایه‌خى ژیارییان بۆ ئاینده‌ى عێراق هه‌یه‌، وه‌ك دۆسیه‌كانى پیشه‌سازى و كشتوكاڵ و په‌روه‌رده‌. ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ى ته‌ماشا بكه‌ین ئاخۆ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ چین كه‌ حكومه‌ت ده‌توانێت به‌ده‌ستیان بهێنێت، ئه‌مه‌ گه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌ستكه‌وت هه‌بێت. 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure