فشاره‌كانى ئه‌مریكاو دۆخى ئابورى ئێران

02/05/2019

:: بێ نوسەر

ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌ مانگى 12ى2018 هه‌ریه‌ك بانكى جیهانى و سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى پێشبینى ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ گه‌شه‌ى وه‌به‌رهێنانى ئێران له‌ ساڵى (2019) به‌ رێژه‌ى (%3.6) داده‌به‌زێت، به‌ڵام رابه‌رى ئێران (عه‌لى خامنه‌یى) له‌ 21ى3ى2019 له‌ په‌یامێكدا بۆ گه‌لى ئێران و وڵاتانى رۆژئاوا، ساڵى 2019ى به‌ ساڵى گه‌شه‌ى وه‌به‌رهێنان ناو برد، و پێشبینى كردووه‌ ئێران بتوانێت به‌ زیاد كردنى وه‌به‌رهێنانى ناوخۆیى و سه‌رچاوه‌كانى وزه‌، شكست به‌ گه‌مارۆكانى ئه‌مریكا بهێنێت، و ره‌خنه‌ى له‌ وڵاتانى ئه‌وروپا گرت به‌وه‌ى كه‌ له‌ ژێر فشارى ئه‌مریكا مامه‌ڵه‌ ئابورییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، و به‌ دیارى كراوى ره‌خنه‌ى گرت له‌ رێككه‌وتنى (INSTEX) كه‌ ریككه‌وتنێكه‌ له‌ 31ى1ى2019 له‌ نێوان (ئێران، ئه‌ڵمانیا، فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا) كرا له‌ شارى پاریسى فه‌ره‌نسا، به‌ مه‌به‌ستى مامه‌ڵه‌كردنى ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌م سێ وڵاته‌ و وڵاتانى ئه‌وروپا به‌ دراوى یۆرۆ، و تا ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌كه‌ن، نه‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌رى سزاكانى ئه‌مه‌ریكاوه‌، و وڵاتانى ئه‌وروپا نه‌یانتوانیوه‌ پابه‌ندى ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ ببن.

 فشاره‌ ئابورییه‌كانى ئه‌مریكا دۆخى ئابورى ئێرانى خراپتر كردووه‌ به‌ جۆرێك:
له‌ ئاستى ناوخۆدا: بردنه‌ده‌ره‌وه‌ى پاره‌یه‌كى زۆر له‌ لایه‌ن سه‌رمایه‌دارانى ئێرانییه‌وه‌ به‌هۆى بێ متمانه‌ییان به‌ بازرگانى و سه‌رمایه‌گوزاریى ناوخۆ و پاشه‌كه‌وتكردنى پاره‌ له‌ ئێراندا، و زیادبونى كڕینى موڵك له‌ وڵاتى توركیا له‌ لایه‌ن هاوڵاتیانى ئێرانه‌وه‌، و به‌رده‌وامى خۆپیشاندانه‌كان له‌ شاره‌كانى ئێران، و زۆربونى دیارده‌ى گه‌نده‌ڵى ئیدارى و به‌رتیل وه‌رگرتن له‌ داموده‌زگا حكومییه‌كان، و به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى پێداویستییه‌كانى رۆژانه‌ كه‌ واى كردووه‌ كڕین و فرۆشتن له‌ بازاڕى ئێران روو له‌ كه‌مى بكات، ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ جه‌ژنى نه‌ورۆزى 2019 له‌و وڵاته‌ به‌ ئاشكرا ده‌بینرا، له‌م باره‌یه‌وه‌ ماڵپه‌ره‌ ئێرانییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ له‌ جه‌ژنى نه‌ورۆزى 2019 فرۆشى كۆمپانیا و دوكانداره‌كانى ئه‌و وڵاته‌ (%80) كه‌مى كردووه‌، به‌ هۆى گرانى پێداویستییه‌كان و ترسى هاوڵاتیان له‌ خه‌رج كردنى پاره‌، نرخى پێداویستییه‌كانى رۆژانه‌ زۆر به‌رزبووه‌ته‌وه‌ به‌راورد به‌ 2018 به‌ جۆرێك نرخى گۆشت له‌ (49) هه‌زار تمه‌نه‌وه‌ به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ (100) هه‌زار تمه‌ن، و نرخى مریشك له‌ (8) هه‌زار تمه‌نه‌وه‌ بۆ (17) هه‌زار تمه‌ن به‌رز بووه‌ته‌وه‌.
له‌ ئاستى ده‌ره‌وه‌: وڵاتانى ئه‌وروپا و هاوپه‌یمانه‌ هه‌رێمییه‌كانى ئێران مامه‌ڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ ئاستى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى ئێران بۆ (700) هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا دابه‌زیوه‌ ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌ پێش سزا ئابورییه‌كانى ئه‌مریكا رێژه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى ئێران بۆ ده‌ره‌وه‌ (2.5) ملیۆن به‌رمیل بووه‌ له‌ رۆژێكدا، به‌ڵام دواى سزاكانى ئه‌مریكا له‌ مانگى 12ى 2018 بۆ (1.1) ملیۆن به‌رمیل دابه‌زى، و له‌ مانگى 3ى2019 بووه‌ به‌ (700) هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا.، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مریكا له‌ 4ى11ى2018 هه‌ر یه‌ك له‌ وڵاتانى (چین، هیند، یۆنان، ئیتاڵیا، تایوان، یابان، توركیا و كۆریاى باشور) كه‌ كڕیارى سه‌ره‌كى نه‌وتى ئێرانن، بۆ ماوه‌ى (6) مانگ له‌ سزاكان به‌خشى تا بتوانن وڵاتێكى تر بدۆزنه‌وه‌ بۆ كرینى نه‌وت، هه‌ریه‌ك له‌ (یۆنان و ئیتاڵیا) هاورده‌كردنى نه‌وتى ئێرانیان گه‌یاندووه‌ته‌ سفر، و وڵاته‌كانى تر كڕینى نه‌وتى ئێرانیان كه‌مكردووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و وڵاتانه‌ ئاماده‌ نین هاوشێوه‌ى پێشوو مامه‌ڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێران به‌رده‌وامى پێبده‌ن، و ئه‌مریكا له‌ 22ى3ى2019 چوارده‌ كه‌س و حه‌ڤده‌ دامه‌زراوه‌ى په‌یوه‌ندیدار به‌ به‌رنامه‌ى ناوكیى و موشه‌كى ئێرانى خسته‌ لیستى گه‌مارۆكانه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانى (ئێران، توركیا و ئیمارات) كار و چالاكیان ئه‌نجامداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ملیاره‌ها دۆلاریان بۆ هێزه‌كانى سوپاى پاسداران ناردبوو.

حكومه‌تى ئێران چه‌ند رێكارێكى گرتووه‌ته‌ به‌ر، به‌ مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى كاریگه‌رى گه‌مارۆكانى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ى:
له‌ بوارى ئیدارى و سیاسیدا بڕیاردراوه‌ سیسته‌مێك دابنرێت له‌ ناو ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى ئیدارى و لێپرسینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ى تێوه‌گلاون له‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى موڵك و پاره‌ى حكومه‌ت، به‌ نمونه‌ تۆمه‌تبار كردنى (صادق لاریجانى) سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى رژێم، و (على ئه‌كبه‌ر ناگق نورى) سه‌رۆكى پێشوى نوسینگه‌ى رابه‌ر به‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى زه‌ویه‌كى زۆر له‌ شارۆچكه‌ى (لواسان) له‌ پارێزگاى تاران.
سه‌ردانى (حه‌سه‌ن رۆحانى) سه‌رۆك كۆمارى ئێران بۆ عێراق له‌ 11ى3ى2019، و واژۆكردنى (5) رێككه‌وتن له‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌، كه‌ دواتر له‌ 19ى3ى2019 له‌سه‌ر داواى عێراق، ئه‌مریكا ماوه‌ى لێخۆشبونى عێراقى له‌ مامه‌ڵه‌ى بازرگانى له‌گه‌ڵ ئێران بۆ سێ مانگى تر درێژ كرده‌وه‌.
بانكى مه‌ركه‌زى ئێران، ناوى (5) بانكى په‌یوه‌ندیدارى به‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ئێران راگه‌یاند، كه‌ به‌شدار ده‌بن له‌ هاوكاریكردنى بانكه‌كانى حكومه‌ت  كه‌ بریتین له‌ بانكى (ئه‌نصار) ى سوپاى پاسداران، بانكى (حكمت ئیرانیان) ى ئه‌رته‌ش، بانكى (كه‌وسه‌ر) ى وه‌زاره‌تى به‌رگرى، بانكى(مهر اقتصاد) ى به‌سیج و بانكى (قوامین) ى نیروى ئینتیزامى.
كردنه‌وه‌ى پاڵاوگه‌ى (ستاره‌) له‌ به‌نده‌ر عه‌باس له‌ پارێزگاى هورمزگان له‌ 18ى2ى2019، كه‌ رۆژانه‌ تواناى دابینكردنى (12) ملیۆن لیتر به‌نزین و (15) ملیۆن لیتر گازوایل ى هه‌یه‌.
ته‌واوبونى قۆناغى چواره‌مى پاڵاوگه‌ى (پارسى جنوبى) له‌ 15ى3ى2019 كه‌ رۆژانه‌ تواناى به‌رهه‌مهێنانى (100 ملیۆن مه‌تر سێجا گاز و 5800 ته‌ن گازى شل) ى هه‌یه‌.
توركیا و ئێران له‌ به‌رنامه‌یاندایه‌ مامه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كانیان به‌رده‌وامى پێبده‌ن، له‌ رێگاى سود وه‌رگرتن له‌ میكانیزمێكى هاوشێوه‌ى رێكه‌وتننامه‌ى (SPV) ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ له‌ 31ى1ى2019 له‌ نێوان وڵاتانى (فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا) واژۆكرا به‌مه‌به‌ستى پاراستنى رێككه‌وتننامه‌ى ناوه‌كى، و به‌رده‌وامیدان به‌ مامه‌ڵه‌ بازرگانیه‌كانیان له‌ بوارى وزه‌ له‌گه‌ڵ ئێران به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ كۆمپانیاكانیان نه‌كه‌ونه‌ ژێر گه‌مارۆكانى ئه‌مریكاوه‌، ئه‌م رێككه‌وتنه‌یان واژۆكرد،  بڕیاره‌ توركیا و ئێرانیش قه‌واره‌یه‌كی بازرگانى پێكبهێنن هاوشێوه‌ى (Special Purpose Vehicle) كه‌ قه‌واره‌یه‌كی یاساییه‌ و هاوشێوه‌ى كۆمپانیایه‌كه‌ بۆ بازرگانى سنوردار، بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئامانجێكی سنوردار و كاتى له‌نێوان دوو لایه‌ن، كه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ پاراستنى كۆمپانیایه‌كی دیاریكراو له‌ مه‌ترسییه‌ داراییه‌كان، كه‌ كۆمپانیا توركییه‌كان هه‌ڵده‌ستن به‌ دانانى كاڵا و شمه‌كانیان له‌و قه‌واره‌یه‌دا و كۆمپانیا و لایه‌نى هاورده‌كارى ئێرانی ئه‌و شمه‌كانه‌ ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ئێران، به‌مه‌ش مامه‌ڵه‌ى راسته‌وخۆى ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌واره‌یه‌دا ده‌بێت نه‌ك خودی كۆمپانیا توركییه‌كان، و كۆمپانیا توركییه‌كان به‌دوور ده‌بن له‌ سزاكانى ئه‌مریكا.


ده‌رئه‌نجام:
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مریكا له‌ 2018 به‌ دوو قۆناغ سزاى سه‌پاند به‌سه‌ر ئێراندا، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یتوانییه‌وه‌ ئێران ناچار به‌ پابه‌ندبونى داواكارییه‌كانى بكات، پێده‌چێت كه‌مكردنه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌كانى وڵاتانى ئه‌وروپا له‌ ژێر فشارى ئه‌مریكادا بێت، به‌ڵام به‌رده‌وامبونى مامه‌ڵه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپا و پێدانى ماوه‌ى (6) مانگ بۆ وڵاتانى كڕیارى نه‌وتى ئێران له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ ناتوانن به‌ خێراى بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێداویستییه‌كانى وزه‌ ده‌ستبه‌ردارى ئێران بن، و هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانى ئێران بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ و شكستپێهێنانى سزاكانى ئه‌مریكا ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ ده‌ربخات كه‌ ئێران نیازی نه‌بێت به‌ ئاسانى پابه‌ندى داواكارییه‌كانى ئه‌مریكا ببێت، پێده‌چێت ئه‌مه‌ سه‌ربكێشێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا سزاى زیاتر بسه‌پێنێت به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا، و ئه‌مه‌ش ئاڵۆزى زیاتر له‌ ناوخۆى ئێراندا دروست بكات.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure