ئایا ئیمارت بۆ لای ئێران سووڕاوەتەوە؟

18/08/2019

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینی: کەیوان حوسەینی
سەرچاوە: بی بی سی فارسی
وەڕگێڕان: ئەژی ئازاد ئەبوبەکر

لەدرێژەی گۆڕانکارییەکاییە خێرایەکانی دۆستایەتی و دوژمنایەتی پڕ لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمجارەیان چیرۆکی تۆران و ئاشتییەکان لە ڕواڵەتدا گەیشتووەتە دیمەنێکی دوور لە چاوەڕوانی: دەستی دۆستایەتی ئیمارات بۆ لای ئێران.
لەم ڕۆژانەی دواییدا بابەتی زۆر لە میدیاکانی ناوچەکە و ئێران بڵاوبووەتەوە، بۆ ئەوەی باس لە مەتەڵی "سووڕانەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئیمارات لە پێناو ئێران"دا بکەن و وڵامەکەی بدۆزنەوە. لە زۆرینەی ئەم بابەتانەشدا یەک وێنە دەبینرێت کە تیایدا دوو فەرماندەی سەربازیی ئێرانی و ئیماراتی، لە بەرامبەر ئاڵاکانی دوو وڵاتدا بە بزەوە خەریکی تەوقەکردنن و یادداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن دەگۆڕنەوە.  
لە ئاراستەکردنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم ساڵانەی دواییدا، بەردەوام ئیمارات ئەندامی تیمی ڕکابەری ئێران بووە. سەرەڕای ئەوەی کە ئێران بەهەمانشێوە ناڕەزایەتییەکانی خۆی لە سیاسەتی دەرەوەی ئیمارات لەم ماوەیەدا نەشاردووەتەوە و محەمەد جەواد زەریف، لە لێدوانێکدا کە دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە، محەمەد بن زاید، وەلی عەهدو سەرۆکی دیفاکتۆی ئیماراتی هاوشان لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، جۆن بۆڵتۆن و بنیامین ناتنیاهۆی، وەک دوژمنانی ئێران کە بە دوای هەڵگرساندنی شەڕ دەگەڕێن، ناساند.
ئایا بەڕاستی سیاسەتی ئیمارات گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟ ئایا ئەم وڵاتە بەتەواوی دەستبەرداری هاوتیمەکانی بووە و سیاسەتێکی نوێی لە بواری دەرەوە  هەڵبژاردووە؟ و لە هەموو ئەمانە گرنگتر، پشتەوەی کامێرای ئەم ڕووداوانە چییە؟ 
بۆ بەشێک لە چاودێران پێیانوایە کە ئیمارات سیاسەتی دەرەوەی خۆی گۆڕیوە؟
تێڕوانینێک لە نزیکەوە بۆ هەواڵەکانی ئەمدواییە باس لەوە دەکەن کە کە هێنانەوەباسی بابەتی گۆڕان لە سیاسەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەرامبەر ئێراندا، بێ بەڵگە و بنەما نییە. تەنانەت بابەتەکە تەنیا لە سەردانی لیژنەیەکی سەربازی ئیمارات بۆ تاران کورت نابێتەەوە.  
لە ڕاستیدا یەکێک لە گرنگترین ئاماژەکانی دەسپێکی ئەم گۆڕانە لە کاتێکدا دێتەبەرچاو کە چوار کەشتی نەوت هەڵگر لە نزیک بەندەری فوجەیرەی ئیمارات لە ڕێککەوتی ١٢/٣/٢٠١٩ زیانیان بەرکەوت. بەپێی ئەو هەواڵانەی کە دواتر باسکرا، ڕووداوەکە بەشێوەیک بوو کە بیانووی گونجاو بۆ زیاتر فشارخستنە سەر ئێران بێتە دەست.
بەپێی پێشینەی دەوڵەتی ئیمارات و هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی ئەم فشارانە، سەیر نەبوو ئەگەر ئەبوزەبی لە پروپاگەندەی میدیایی، ئەم بانگەشەیەی ئەمریکا پشتڕاست بکات و پەنجەی تۆمەتی بەرەو تاران درێژ بکات، بەڵام کاردانەوەی ئیماراتییەکان لەوە نەرمتر بوو کە چاوەڕوان دەکرا و تەنانەت دوای ئەوەی کە ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئێران بەرپرسی هێرشکردنی سەر کەشتییەکان بووە، هەڵوێستی ئیمارات هەر ئەوە بوو کە تۆمەتبارکردنی ئێرانی بە هێنانەوەی بەڵگەی زیاتر پەیوەست کرد.
ماوەیەکی کەم لە دوای ئەم پێشهاتە و هاوکات لەگەل  زیاتربوونی گرژییەکان لە کەنداودا، ئیمارات لە هەنگاوێکیتری دوور لە چاوەڕوانییەکان، ڕایگەیاند کە بەشێکی گەورە لە هێزەکانی بەشداربوو لە شەڕی یەمەن، لەم وڵاتە دەهێنێتە دەرەوە. شەڕی یەمەن بە یەکێک لە شەڕە "بەوەکالەتەکانی" ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت کە دەوترێت تیایدا عەرەبستانی سعودی و هاوپەیمانەکانی لە بەرامبەر ئێران و هاوپەیمانەکانی وەستاوون. ماوەیەکیتر گروپی حوسییەکان کە ئێران پشتیوانیان دەکات، ڕایانگەیاند کە لەمەودوا لە شەڕی یەمەن، هێرش ناکەنە سەر ئامانجە ئیماراتییەکان و تەنیا ئامانجە سعودییەکان بەر لێدانەکانیان دەکەوێت. 
ئاماژەکانی زیاتر لە گۆڕانکارییەکان بۆ رۆژەکانی کۆتای لە مانگی شەش و لێدوانێکتری تاران دەگەرێتەوە. شەهاب قوربانی، ئەمینداری ئەنجومەنی ئاڵوگۆڕی دراویی لە ئێران، ڕایگەیاند کە دوو بانکی ئیماراتی ئامادەیی خۆیان بۆ دووبارە ئاڵوگۆڕی پارە بۆ ئێران ڕایگەیاندووە. ئەمە لە ڕۆژانێکدا کە سزا قورسەکانی دژ بە ئێران و کەمپینی "فشاری زیاتر"ی واشنگتۆن، زۆرێک لە بەشە جیاوازەکانی ئابووریی ئێرانی تووشی کێشەی زیاتر بۆ ئاڵوگۆڕی پارە بە دەرەوەی ئێران کردووە، ئەم هەواڵە کاردانەوەیەکی بەرچاوی لە میدیاکانی ئێراندا هەبوو، هەرچەندە کە هێشتا ئەنجامی ئەم دانوستانانە ڕوون نییە. دواجار، وێنەی چاوپێکەوتنێکی نێوان قاسم ڕەزایی، فەرماندەی سنورپارێزیی ئێران لەگەڵ محەمەد عەلی میسباح ئەحبابی، فەرماندەی پاسەوانیی کەنارئاویی ئیمارات لە ڕۆژی ٣٠/٦/٢٠١٩ بڵاوبوویەوە کە شرۆڤەکارە ڕەشبینەکایشی ڕووبەڕووی ئەم هەوڵە کردەوە کە لیژنەیەکی حەوت کەسیی لە ئیماراتەوە سەردانی تارانیان کردووە. 
پێشینەی سیاسەتی دەرەوەی ئیمارات چۆنە؟
ڕێژەی سووڕانەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئیمارات لە بەرامبەر ئێراندا، هێشتا ڕوون نییە. بەڵام لە پاڵ هەڵهێنانی مەتەڵی ئاماژەی ڕووداوەکانی ئەمدواییەنەدا، پێکهاتەی تایبەتی ئەم وڵاتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشینەی چەند دەیەی کۆتایی وەک کاراکتەرێکی ناوچەیی، لە بنەڕەتدا دەتوانێت ئاهوا سووڕانەوەیەک قابیلی تێگەیشتن بکات.
ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، وڵاتێکی بچوکە لە کەناری باشوری کەنداوی فارس، کە هەڵکەوتەیەکی جوگرافیایی زۆر ستراتیژی هەیە و لە "وڵاتە تازە دامەزراوەکانی" ناوچەکە ئەژمار دەکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا داهێنان و سروشتی کەسایەتی شێخ زاید حاکمی ئەبوزەبی کە سەرۆکایەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هەر لە کاتی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی(١٩٧١) تاوەکو کاتی مردنی(٢٠٠٤) لە ئەستۆدا بوو، بووە هۆی ئەوەی کە نەتەنیا ئەم وڵاتە جیاوازە لەیەک هەڵنەوەشێتەوە، بەڵکو لە پاڵ پەرەسەندنی ئابوورییە سرنجڕاکێشەکەی، جێگیربوونی سیاسیش مسۆگەر بکات. 
لە ڕاستیدا ئەم وڵاتە یەکێتییەکە(فیدڕاسیۆن) کە لە حەوت "میرنشین" پێکدێت: (ابوڤبی، ام القرین، راس الخیمە، عمان، شارجە، دبی و عجمان). سەرۆکی یەکێک لەم حەوت میرنشینە کە ئەبوەزەبی گەورەترینیانە و ٨٦% خاکی ئیمارات دەگرێتەوە، سەرۆکی یەکێتییەکەی لە ئەستۆدایە. سەرۆکی دوبەی کە زۆرترین ڕێژەی دانیشتوانی ئیماراتی هەیە، جێگری سەرۆکی ئیماراتە. سەرەڕای پێکهاتەی نادیموکراسی و دەسەڵاتسەپێنی سەرانسەری ئیمارات, سەرۆکەکانی ئیمارات و هۆزەکانیان لە بڕیارە گشتی و گرنگەکاندا بەبێ ڕۆڵ نین. پێکهاتەی سیاسی ئیمارات ئەم توانایەی هەیە کە سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە سەرباری پشت ئەستوری بە ڕۆڵی کەسایەتی یەکەمی وڵات، گۆڕانکاری وەربگرێت.
ئەم بابەتە لە پاڵ کەسایەتی بەپارێز و موحافیزەکاری شێخ زاید، لاوازی سەربازیی ئیمارت لە بەرامبەر هەرەشە گەورە و بچوکەکانی سەر ئەم وڵاتە و هەڕەشە ڕوو لە زیادبوونەکانی ناوچەکە بووەنەتە  هۆی ئەوەی کە ئیمارات لەو ساڵەوەی کە سەربەخۆیی بەدەستهێنا، سیاسەتێکی دەرەکیی سەر بەگێچەڵ نەگرێتەبەر. هەر بۆ نمونە ئەم وڵاتە کە بانگەشەی خاوەندارییەتی سێ دورگەی ئەبوموسا، تونبی بچوک و تونبی گەورە(گنب الصغرى و گنب الكبرى) دەکات لە کاتێکدا ئەم شوێنانە لە ژێر دەسەڵاتی ئێراندایە، بەڵام بەردەوام لەم ساڵانەدا جەختی لەوە کردووە کە خوازیارە ئەم بابەتە بە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێت. 
ئیمارات وڵاتێکە لە سەر ڕانت(Rent) کار دەکات و سێیەمین یەدەکی نەوتی جیهانی لە ژێر دەسەڵاتیدایە و لە ڕێگەی خزمەتگوزاری بیمە، پەروەردە و نیشتەجێبوونی خۆڕایی، هاوڵاتییەکانی ڕازی کردووە. لە هەمانکاتدا نەوت، تەنیا سێیەکی داهاتی دەوڵەتی ئیماراتە و وەبەرهێنانی دەرەکی، بەشێکی بەرچاو لە ئابووری ئەم وڵاتە بچوکە پێکدێنێت.
سەرباری ئەمانە، ئیمارات لە بری "ئاسایشی نیشتمانی" پشتی بە "ئاسایشی هاوردەیی" بەستووە و هەر لەبەر ئەمە سیاسەتەکەی لەگەڵ سیاسەتی ئەمرکا رێکدەخات. ئەم وڵاتە کە سەردەمانێک لە دژایەتیکەرانی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە کەندوای فارس بوو، لە سەرەتای دەیەی ٩٠ی زایینییەوە و لە دوای هەڕەشەی سەدام حوسێن بۆ گرتنی ئیمارات، لە سوڕانەوەیەکی تەواوەتیدا بووە یەکێک لە لایەنگرانی کەشتییەکانی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداوی فارسدا. ئەم بابەتە تاوەکو ئیستا وەکو یەکێک لە ڕەهەندە گرنگەکانی سیاسەتی دەروەی ئیمارت بەردەوامی هەیە. 
ئەم تایبەتمەندییە بووەتە هۆی ئەوەی کە لە دوای مردنی شێخ زاید و گەیشتنە دەسەڵاتی کوڕەکەی، سەرەڕای گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچەکە، سیاسەتی دەرەوەی ئیمارات گۆڕانێکی بەرچاوی بەسەردا نەیەت و لەسەر هەمان سیاسەتی ڕابردووی بەردەوام بێت. ئەمە بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی کە خەلیفە بن زاید لە ساڵی ٢٠١٤ جەڵدە لێیدا و زڕبراکەی، محەمەد کە وەلی عەهد بوو، هەلی بۆ رەخسا کە بەرەبەرە ببێتە کەسی یەکەمی وڵات.
محەمەد بن زاید چ ڕۆڵێک لە پەیوەندییەکانی ئێران وئیمارات دەگێڕێت؟ 
محەمەد بن زاید بە شێوەیکی فەڕمی، وەلی عەهدی ئیماراتە. بەڵام بە هۆی نەخۆشیی براکەیەوە، لە ڕاستیدا بووەتە سەرۆکی دیفاکتۆی، حاڵەتێک کە تا ڕادەیەک هاوشێوەی پێگەی محەمەد بن سەلمانە لە عەرەبستانی سعودی.  
محەمەد بن زاید زیاتر لەوەی لەگەڵ براکەیدا بەراورد بکرێت، باوکیی محەمەد، شێخ زاید دەهێنێتەوە یادی چاودێرانەوە. محەمەد بن زاید شارەزایەکی تەواوی زمانی ئینگلیزییە، لە بریتانیا خوێندوییەتی و پەیوەندییە تایبەت و زۆر نزیکی لەگەڵ بەشێک لە بەهێزترین ڕابەرانی جیهان هەیە. سەرەڕای ئەوەی کە چەندین جار لە میدیا جیاوازەکاندا سەبارەت بە کاریزمابوونی، کەسایەتی خاوەن کاریگەری و توانا تایبەتیەکەی لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دەورەبریدا و کاریگەی لەسەر بڕیاری هاوەڵانی، ڕاپۆرت بڵاوبووەتەوە. بە واتایەکیتر محەمەد بن زاید لەو جۆرە کەسایەتییەکانی ناوچەکەیە کە دەڵێی بۆ سەرۆکایەتی، ناوبانگ و دەسەڵات دروستکراوە.
محەمەد بن زاید، کە لە میدیاکانی بریتانیا بە  "MBZ" بەناوبانگە، کەسایەتییەکی سەرەکییە لە زیاتر بەرجەستەکردنی ڕۆڵی وڵاتەکەی لە گۆڕانکارییە ناوچەکەدا لە چڵ ساڵی دواییدا. هەروەها لە محەمەد بن زاید وەک "ڕێنیشاندەر"(مرشد)ی محەمەد بن سەلمان باس دەکرێت و بڕوای وایە کە "ئیسلامی سیاسی"(بە تایبەتی گروپی ئیخوان موسلمین) و ئێران، لە هەڕەشە گەورەکانی سەر عەرەبەکانی باشوری کەنداوی فارسن.
ئیمارات لە سەردەمی دەسەڵاتداری محەمەد بن زاید لە یەمەنەوە تاوەکو لیبیا لە پرۆسەی سەربازیدا، ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە و بە یەکێک لە ئەندازیارانی سیاسەتی لۆبیکردن وڵاتەکەی لە واشینگتۆن دادەنرێت. لە ڕاستیدا لە سەردەمی محەمەد بن زاید، ئیمارات بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە لە ساڵی ٢٠١٦ بەملاوە، بەشێوەیەکی چالاکانە هەوڵدەدات کە لە ڕێگەی لۆبیکردن لە واشینگتۆن، کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی دۆناڵد تڕامپەوە هەبێت.
هەر لەم ماوەیدا بوو کە پەیوەندییە ڕوو لە پەرەسەندەکانی نێوان ئێران و ئیمارات، بەرەبەرە ساردی تێکەوت و گەیشتە ئەو ڕادەیەی کە وەزیری دەروەی ئێران، محەمەد بن زاید لەگەڵ کەسانێک وەک بنیامین ناتنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل یان جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکار ئاسایشی کۆشکی سپی، خستە ڕێزی ئەو کەسانەی کە هاندەری هێرشی سەربازین بۆ سەر ئێران.
محەمەد بن زاید لەم ماوەیەدا هاوشێوەی هاوڕێیەکی وەفادار، مامۆستایەکی پابەند و هاوپەیمانێکی ستراتیژی، دەست لە ناو دەستی محەمەد بن سەلمان، پشتگیری لێکرد و هەروەک چۆن لەمدواییانەدا ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل نووسێوێتی، هەر محەمەد بن زاید بوو کە قەناعەتی بە لایەنەکانی واشینگتۆن کردووە کە محەمەد بن سەلمان بژاردەیەکی جێگەی پشتبەستنە بۆ پاشایەتی عەرەبستانی سعودی. 
هەروەها محەمەد بن زاید لە لایەنگرانی پێشخستنی سەربازیی ئیمارات و زیادکردنی کڕینی چەک و تەقەمنی ئەم وڵاتەیە؛ بابەتێک کە دەتوانێت لەم رۆژانەی کە پەیوەندی ئیمارت لەگەڵ قەتەردا خەراپە، ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ نیگەرانی قەتەرییەکان. ئەمە جیا لەوەی کە بە هۆی بانگەشەی خاوەندارییەتی ئیمارات بۆ سێ دورگەی ئەبوموسا، تونبی بچک و تونبی گەورە، بەهێزبوونی سەربازیی ئیمارت، لە دیدی ئێرانەوە هیچکاتێک بە گۆڕانێکی ئەرێنی دانانرێت. 
چی لە پشت کامێرای "سورانەوەی" سیاسەتی دەرەوەی ئیماراتە سەبارەت بە ئێران؟
محەمەد بن زاید، بەپێچەوانەی ڕابەرانیتری وڵاتانی کەنداوی فارس، سنووردارییەتی تایبەتی لە دەسەڵاتەکانی هەیە و بەردەوام ناچارە دەسەڵاتەکەی لەگەڵ سەرۆکەکانیتری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دابەش بکات.
لە ناو ئەم شێخە خاوەن نفوزانە، محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتوم، سەرۆکی دوبەی، ڕۆڵیکی یەکلاییکەرەوەی هەیە. ئەوە جیا لەوەی کە بە جێگری سەرۆکی ئیمارات دادەنرێت، بە شێوەیەکی کلاسیکی، ڕۆڵی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی کابینەشی لە ئەستۆدایە. ئەمە جیا لەوەی کە لە بنەڕەتدا، بەڕێوەبردنی ئیمارات و جێگیربوونەکەی، لە ئەنجامی هاوسەنگی هێزەکان و بەشداری ئاشتیانەی هەر حەوت میرنشینەکەی ئیماراتە لە بڕیاردانە گەورەکانی وەک خۆشکردنی ئاگری دوژمنی لەگەل تاراندا.
یەکێک لە گومانەکان سەبارەت بە هۆکاری سووڕانەوەی ئیمارات، هەر ئەم پێکهاتە هۆزایەتی و هەڵبەت ڕۆڵی محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتوم، سەرۆکی دوبەییە. هەر وەک چۆن پێگەی هەواڵیی ئەناتۆلی نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەمەوپێش ئاماژەی پێدا بوو، سەرۆکی دوبەی نەتەنیا لە دوژمنیکردن لەگەڵ ئێراندا ناڕازییە، بەڵکو شەڕی یەمەنیش بە ئاژاوەخوازییەکی پڕ لە تێچووی بێ ئەنجام دەزانێت. 
محەمەد بن ڕاشد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە تێکچوونی پەیونەدییەکان ئێران و ئیمارات، پاڵنەری لۆجیکانەی هەیە. ئێرانییەکان لە ئابووری دوبەی ڕۆلیان هەیە و بوون و نەبوونیان لە گەشەکردنی ئابووری ئەم شارە ڕوو لە هەڵکشانە، کاریگەرە. هەروەها سەرباری ئەمە، شەڕێکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ئێراندا، نەتەنیا دوبەی، بەڵکو هەموو میرنشینەکانی ئەم وڵاتە تووشی کێشەی گەورە دەکات.
هەروەها ئەم هەڵکشان و پەرەسەندنەی ئابووری ئیمارات بە ڕێژەی بەرچاو بە وەبەرهێنانی دەرەکی، ئاسایش و جێگیربوونی وڵات و ناوچەکە گرێدراوە، هەر لە بەر ئەم هۆکارە بەردەوام ئیمارات لە پێشەوەی ئەو وڵاتانە بووە کە لایەنگری کۆتاییهێنان بە هەرجۆرە پێکدادانێک بووە لە کەنداوی فارسدا؛ ئیمارات چ لە شەڕی ئێران و عێراق سەرەڕای پشتیوانی بۆ بەغدا لەو کاتەدا، بە دوای ئاشتی و نێوانگری بووە و چ لە هەڕەشەی سەدام حوسێن و شەڕی ٢٠٠٣ کە ئیمارات هەوڵیدا بە خستنەڕووی پێشنیاری گواستنەوەی سەدام بۆ ئیمارات، رێگڕی لە هەڵگیرساندنی شەڕەکە بگرێت.
لە لایەکیترەوە، هەماهەنگی نێوان محەمەد بن زاید و محەمەد بن سەلمان لە یەمەن گەیشتووەتە گرێ کوێرەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و لە کرداردا بەرەیەکی سێیەم لەم شەڕەدا کراوەتەوە. ئیمارات لەم شەڕدەا بەردەوام پشتگیری لە "ئەنجومەنی کاتیی باشور"ی یەمەنی کردووە کە گروپێکی جوداخوازن و هەوڵدەدەن کە وڵاتی "باشوری یەمەن" زیندوو بکەنەوە.
پێکدادانەکانی ئەمدواییەی عەدەن، لە نێوان هێز و سەربازەکانی لایەنگری عەبدربە مەنسوڕ هادی(سەرۆک وەزیرانی پاڵپشتیکراو لە لایەن عەرەبستانی سعودی) ڕوویداوە؛ شەڕێکی ناوخۆیی لە ناو شەڕێکی ناوخۆیی. دەوڵەتی یەمەن کە لە وڵاتی عەرەبستانی سعودی جێگربووە، "ئەنجومەنی کاتی باشور" کە بەرپرسەکانی لە دوبەی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان دیدار ساز دەکەن، بە گروپێک کە شەرعیەتیان نییە، ئەژمار دەکات.
دەرچوونی ئیمارت لە یەمەن ئەگەرچی لە پروپاگەندە فەڕمییەکاندا بە بڕیاریکی بەرنامەبۆداڕێژراو لەگەڵ ڕێازدا باسکرا، بەڵام لە پەراوێزی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرەی دژ بە حوسییەکان و لایەنگری بیرۆکەی زیندووکردنەوەی باشوری یەمەن لە نێوان بەشێک لە هۆزەکانی یەمەن، دەتوانێت ئاماژەیەک بێت بۆ سوڕانەوەیەکیتری سترایژی  لە لایەن ئەبوزەبییەوە سووڕانەوەیک کە تیایدا محەمەد بن زاید لە گۆماوی شەڕێکی نەگریس لە دیدی نێودەوڵەتیدا ڕزگار دەکات و هاوکات، ڕەخنە چاوەڕوانکراوە ناوخۆییەکانیش بێدەنگ دەکات. 
ئەوەی کە بە سووڕانەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئیمارات بەرامبەر بە ئێران وەسف دەکرێت، یەک مانای نییە. ئەم بابەتە دەتوانێت نزیکبوونەوەی جیددی لە تاران و گۆڕینی بەرچاوی هەڵوێستی نێودەوڵەتی بەدوای خوێدا بهێنێت و هاوکات دەتوانێت لە ئاستی هەوڵە سنوردارەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییە پەرەسەندووەکانی کەنداوی فارس و دوورکەوتنە لە شەڕێک، بمێنیتەوە. 
بەڵام هەرچییەک بێت، ئاهوا سووڕانەوەیەک یارمەتییەکی گەورە دەبێت بۆ تاران کە ئەم ڕۆژانە لە ژێر فشارێکی زۆری واشینگتۆن ڕووبەرووی کێشەی زۆر بووەتەوە. بە زیادبوونی فشارەکان، ئێران چەند جارێک ئاماژەکانی ناردووە کە باسیان لەوە کردووە کە ڕابەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەن بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان، ئاشتیانە و بە لێکتێگەیشتن کۆتاییەکی خێر بە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ڕیاز و ئەبوزەبی بێنن.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure