كاره‌ساتی برسێتی

پێش 4 هەفتە

:: بێ نوسەر
سه‌رچاوه‌: پرۆجێكت سایندیكه‌یت
نوسینی: ئێسته‌ر گومبی


له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا نه‌مانی ئاسایشی خۆراك به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ زیادبووندایه‌، شاره‌زایانیش پێشبینی ده‌كه‌ن، له‌میانه‌ی كاره‌ساتی كۆڤید19دا چه‌ند هێنده‌ ڕێژه‌ی برسێتی زیاد بكات. گشت حكومه‌ته‌كانی ئه‌فریقا-ش له‌هه‌وڵدان هاوكارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی پێویستیان پێیه‌تی. له‌ بوركینا فاسۆ، كه‌ زۆرترین ژماره‌ی مردنی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ناوچه‌ی ئه‌فریقای ڕه‌ش به‌خۆوه‌بینی، زیاتر له‌ 2.1 ملیۆن كه‌س ناتوانن خۆراكی ڕۆژانه‌ به‌ده‌ست بهێنن. له‌ نایرۆبی-یش خه‌ڵكی به‌ شه‌ڕ‌و پێكدادان ژه‌مه‌ خۆراكێكیان ده‌ست ده‌كه‌وێت. له‌م دواییه‌دا له‌ كه‌یپ تاون، پێكدادان له‌ نێوان پۆلیس‌و ئه‌و هاووڵاتییانه‌دا دروست بوو، كه‌ بۆكسی خۆراكیان ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌، ئه‌و بۆكسه‌ی برنج‌و فاسۆلیا‌و زه‌یت‌و پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی تێدایه‌.
به‌ڵام ئه‌فریقا تاكه‌ نمونه‌ نیه‌، به‌ڵكو گشت جیهان ڕووداوی ئازاربه‌خشی هاوشێوه‌ی تێدا ڕووده‌دات. ئه‌وه‌تا له‌ شاری فینێكس له‌ ئه‌مریكا، به‌ دوو كاتژمێر پێش واده‌ی دابه‌شكردنی بۆكسی خۆراك ئۆمبێله‌كان له‌سه‌ره‌دا ڕێچكه‌ ده‌به‌ستن، له‌ ویلایه‌تی ئه‌وهایۆ-ش، زیاد له‌ 4000كه‌س چه‌ند كاتژمێرێك له‌سه‌ره‌ی وه‌رگرتنی ئه‌و بۆكسی هاوكارییانه‌دا چاوه‌ڕوان بوون، كه‌ دانه‌وێڵه‌‌و شۆفان‌و مه‌عكه‌رۆنی تێدایه‌.
بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌ركرده‌كان به‌ په‌له‌ ڕێكاری كارا بۆ گره‌نتیی ده‌سته‌به‌ركردنی هاوكارییه‌ خۆراكییه‌ پێویسته‌كان له‌ كاتی هه‌ڵگیرسانی قه‌یرانی په‌تای كۆڤید 19دا بدۆزنه‌وه‌. چوونكه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌‌و داخستنی شوێنه‌كان‌و نه‌مانی داهات قه‌یرانی برسێتی زیاتر سه‌خت ده‌كات. جا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان‌و تازه‌پێشكه‌وتووه‌كانیش ده‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزینه‌وه‌.
شیكردنه‌وه‌ی داتاكان ڕێگه‌یه‌كی كارایه‌ بۆ به‌دواداچوونی نه‌مانی ئاسایشی خۆراك. به‌م پێیه‌ش ئێمه‌ پێویستمان به‌ ئامڕازه‌كانی كێشانی نه‌خشه‌كانه‌ له‌ كاتی خۆیدا، وه‌ك ئه‌و خشته‌ی زانیارییه‌ی ناوه‌ندی زانست‌و ئه‌ندازیاری زانكۆی جۆنز هوپكینز بۆ به‌داوداچوون بۆ حاڵه‌ته‌كانی توشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا په‌ره‌یپێدا. بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ته‌كان‌و ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان‌و لایه‌نه‌ كاراكانی دیكه‌ی ڕیزی پێشه‌وه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی برسێتی، پاڵپشتی ئه‌و جۆره‌ هه‌وڵانه‌ بكه‌ن.
له‌دوای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، پێشكه‌ش كردنی زانیاریه‌كان له‌كاتی گونجاودا، كارێكی زۆر گرنگه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی كێشه‌كان‌و چاره‌سه‌ركردنیان. ده‌سته‌به‌ركردنی داتاكانیش له‌ كاتی خۆیدا، بوار ده‌داته‌ كاربه‌ده‌سته‌ خۆجێیی‌و حكومییه‌كان، بانكه‌كانی خۆراك‌و ڕێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان، تا چۆنێتی ئاماده‌كاری بۆ پێداویستییه‌ له‌ناكاوه‌كان دیاری بكه‌ن‌و بشتوانن ئه‌و پێداویستییانه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن. بۆنمونه‌، له‌ڕێی ئه‌و داتا‌و نه‌خشانه‌وه‌، ئه‌و جوتیارانه‌ی زیاده‌یان له‌و خۆراكانه‌دا هه‌یه‌، كه‌ زوو به‌سه‌رده‌چن، ده‌توانن له‌سه‌ر نه‌خشه‌كه‌ ئاگاداری دابنێن، دواتریش كار بكرێت بۆ چۆنێتی وه‌رگرتنی ئه‌و خۆراكانه‌‌و گواستنه‌وه‌ی‌و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر ئه‌و گروپ‌و خێزانانه‌ی پێویستییان پێیه‌تی.
له‌ڕاستیدا، سیاسه‌ته‌ تایبه‌ت‌و ئامانجداره‌كانیش پێویستن، بۆیه‌ ده‌بێت كاربه‌ده‌سته‌كان ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییانه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن، كه‌ ئامانج لێی دڵنیابوونه‌ له‌ گه‌شتنی خۆراك به‌ هه‌ژاره‌كان. بۆنمونه‌، له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان پلانێكی وه‌ك ئه‌و پلانه‌ هانده‌ره‌ی به‌بڕی 2 ملیار دۆلار له‌ مانگی ئازاردا بۆ تێپه‌ڕاندانی قه‌یرانه‌كه‌ پشتی پێبه‌سترا، تاڕاده‌یه‌كی باش یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت، چوونكه‌ پاڵپشتییه‌كه‌ بۆ داهاتی خێزانه‌كان. له‌ مانگی نیسان-یشدا، بیڵ دێ بلازیۆ سه‌رۆكی شاره‌وانی نیویۆرك، پلانێكی به‌ بڕی 170 ملیۆن دۆلار بۆ كۆتایی هێنان به‌ برسێتی ڕاگه‌یاند، هه‌روه‌ها چه‌ند ویلایه‌تێكی دیكه‌ی ئه‌مریكا ڕێكاری هاوشێوه‌یان گرتۆته‌به‌ر.
له‌ ئه‌فریقا-ش، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وام بوون له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێكاره‌ كاراكانی كه‌ره‌نتینه‌دا، پێویسته‌ كاربه‌ده‌ستان ئاسایشی خۆراك بكه‌نه‌ كاری له‌ پێشینه‌. له‌ ڕاستیدا نابێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی ژه‌مه‌ خۆراكێك پێكدادان له‌نێوان هاوڵاتییاندا دروست ببێت. بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ته‌كان بۆ هاوكاریكردنی گشت هاوڵاتییان‌و ده‌سته‌به‌ركردنی كۆمه‌كی دارایی پشت ببه‌ستن به‌ ڕێكاره‌ هانده‌ره‌كان. شایه‌نی باسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی دابه‌زاندنی ئاستی كرێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی باشوری ئه‌فریقا سیریڵ ڕامافۆسا‌و وه‌زیر‌و كاربه‌ده‌سته‌كانی دیكه‌، هه‌نگاوی گرنگن، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا پێویسته‌ حكومه‌ته‌كان هاوكاری دارایی بۆ هاووڵاتییه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن. چوونكه‌ زۆرێك له‌ هاووڵاتییان پێش قه‌یرانی كۆرۆنا له‌ باری هه‌ژاری ته‌واوه‌تیدا ده‌ژیان، ئێستاش ناچارن یا برسێتی هه‌ڵببژێرن یاخود نه‌خۆشی. بۆیه‌ داواكردن له‌ هاووڵاتییان به‌ مانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌كانیاندا به‌بێ ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان بۆیان، كارێكی نائاكارییه‌وه‌‌و ڕه‌نگه‌ سه‌ركه‌وتووش نه‌بێت.
له‌ میانه‌ی قه‌یرانی كۆرۆنادا ڕێگه‌چاره‌ی نوێ بۆ گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان ده‌دۆزرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش كارێكی زۆر گرنگه‌، بۆنمونه‌، ئێستا له‌ وڵاتی ڤێتنام ئامێری ئه‌لیكترۆنی هه‌یه‌ بۆ دابه‌شكردنی برنج، له‌ڕاستیدا پێویستمان به‌ داهێنانی هاوشێوه‌ هه‌یه‌. له‌وه‌ش گرنگتر، ده‌بێت سه‌ركرده‌كانی جیهان به‌ربه‌سته‌ بازرگانییه‌كان هه‌ڵبگرن، تا گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان بۆ ئه‌و دیو سنوره‌كان به‌رده‌وام بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و خاڵه‌ بوو، كه‌ به‌ڕێوبه‌ره‌ جێه‌به‌جێكاره‌كانی هه‌ریه‌ك له‌ كۆمپانیای یونیلیڤه‌ر‌و نه‌سته‌له‌‌و پێپسیكۆ‌و كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ له‌م دواییه‌دا جه‌ختیان له‌سه‌ركرده‌وه‌.
له‌ڕاستیدا په‌تاكه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌مووان ده‌بێت، بۆیه‌ ده‌بێت گشتمان له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی له‌سه‌ر ئه‌و چینانه‌ی زۆرترین مه‌ترسییان له‌سه‌ره‌ ڕۆڵی خۆمان ببینین. زۆرێك له‌ كه‌سه‌ به‌ناوبانگ‌و سه‌رمایه‌داره‌كانیش به‌كرداری ده‌ستیان كردووه‌ به‌ قه‌ڵاچۆكردنی كێشه‌كه‌، ئه‌وتا هه‌ریه‌ك له‌ لیۆناردۆ دی كاپیریۆ‌و لۆڕین پاوڵ جۆبز له‌ ڕێگه‌ی سندوقی خۆراكی ئه‌مریكییه‌وه‌ پێگه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنییان به‌ناوی(GoFundMe) بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك‌و هاوكارییه‌كان چالاككردووه‌، كه‌ تا ئێستا توانیویانه‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ زیاد له‌ 26 ملیۆن دۆلار كۆبكه‌نه‌وه‌. چه‌ندین كه‌سی ناوداری دیكه‌ش، وه‌ك گۆرانیبێژی ئه‌مریكی له‌یدی گاگا‌و ڕیانا‌و جه‌ستن بیبه‌ر‌و ئۆپرا وێنفری، كۆمه‌كیان داوه‌ته‌ ڕێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كانی، وه‌ك هه‌ردوو ڕێكخراوی(No Kid Hungry)‌و(Feeding America).
به‌هه‌مان شێوه‌، به‌ڕێوبه‌ری جێبه‌جێكاری كۆمپانیاكانیش له‌لای خۆیانه‌وه‌ هاوكاریی داراییان پێشكه‌ش كردووه‌، بۆنمونه‌، لیۆن بلاك به‌ڕێوبه‌ری جێبه‌جێكاری كۆمپانیای ئه‌پۆڵۆ گڵۆبڵ، له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا بڕی 20 ملیۆن دۆلاریان داوه‌ته‌ پڕۆژه‌ی هاوكاری كارمه‌ندانی ته‌ندروستی. هه‌روه‌ها سه‌رمایه‌دار ده‌یڤد تێپر بڕی 22 ملیۆن دۆلاری به‌خشیوه‌. ناودارانی ئه‌فریقا-ش له‌لای خۆیانه‌وه‌ بڕی به‌رچاویان وه‌ك هاوكاری به‌خشیوه‌.
به‌ڵام ناتوانین خۆمان هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنین، كاری خێرخوازی به‌ته‌نها به‌س نیه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت قه‌یرانی كۆرۆنا نه‌بێته‌ كاره‌ساتێكی مرۆیی، ئه‌وا چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ گره‌نتی كردنی ئاسایشی خۆراك بۆ هه‌مووان كارێكی بنه‌ڕه‌تییه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م ئامانجه‌، كه‌ پێویسته‌ سیاسه‌تمه‌داران هه‌وڵی به‌دیهێنانی بده‌ن.
وه‌رگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure