ڕێکكەوتننامەی 25 ساڵەی نێوان چین و ئێران؛ گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات

08/07/2020

:: بێ نوسەر

ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نوسینی: بێستون حسین عارف  و  ئەژی ئازاد ئەبوبەکر


پێشەكی
ماوەی چەند ھەفتەیەکە میدیاکانی ئێران باس لە ڕێکكەوتنی ستراتیژی 25 ساڵە لە نێوان چین و ئێران دەکەن، بە شێوەیەك كە بووەتە باسێکی سەرەکی و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، بەو پێیەی تاوەکو ئێستا بە فەڕمی دەقی ئەو ڕێکكەوتننامەیە کە بڕیارە واژوو بکرێت، بڵاونەکراوەتەوە، سەرەتاكانی هاتنەبەرباسی ڕێككەوتنێكی ستراتیژی لە نێوان ئێران و چین بۆ كۆتاییەكانی مانگی جۆنی 2015 دەگەڕێتەوە كە سەرۆككۆماری چین لەگەڵ وەفدێكی گەورەی ئابووری و بازرگانی سەردانی ئێرانیان كرد و لە گفتوگۆكانیاندا، لەسەر "بەڵگەنامەیەكی هاوكاریی ستراتیژی" ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنێكیان واژوو كرد. ئەم گۆڕانكارییانە هاوكات بوو لەگەڵ قۆناغەكانی كۆتایی "ڕێككەوتننامەی وزەی ناوەكی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی 5+1" كە لە 14/7/2015 واژووی كۆتایی لەسەر كرا. پاش ئەم ڕووداوە "ڕێككەوتنی هاوبەشی گشتگیری ستراتیژیی ئێران و چین" لە ساڵی 2016 لە نێوان دوو وڵات واژوو كرا، بەبێ ئەوەی كە وردەكاری و میكانیزمەكانی ئاشكرا بكرێت، هەرچەندە دەقێكی ئەم ڕێككەوتننامەیە لە 23-ی جۆنی 2016 لە ماڵپەری سەرۆك كۆماری ئێران بە زمانی ئینگلیزی بڵاو بوویەوە.  لە دوایین گۆڕانكارییەكاندا، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەوڵەتی رۆحانی لە 21/6/2020، ڕەشنووسی كۆتایی ڕێككەوتنەكە پەسەند كراوە، بەبێ ئەوەی وردەكارییەكانی باس بكرێت. سەبارەت بەوەی كە ئایا پەرلەمانی ئێران لە خولی دەیەم ئاگاداری رێككەوتننامەكە بێت، بەپێی تویتێكی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە 20-ی فیبرایەری 2020، عەلی لاریجانی، سەرۆكی ئەوكاتەی پەرلەمانی ئێران، لە سەردانەكەی وەفدی ئێران بۆ چین بەشدار بووە، سەبارەت بە خولی یانزەهەم، ئامادەبوونی زەریف لە پەرلەمان لە رێككەوتی 5/7/2020، تەنیا سەرچاوەی زانیاری پەرلەمانتاران بووە سەبارەت بە رێككەوتنەكە لە زاری دەوڵەت. 

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure