ئەمەریکا و ئێران لە عێراق: چی بە دوای وەرچەرخانە ستراتیجییە نوێیەکەدا دێت

23/07/2020

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینی: ماجید ئەلقەیسی
سەرچاوە:
The Center Of Making Policies For International & Strategic Studies

ڕووبەڕووبوونەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران و شوێنکەوتووەکانیدا، لە لایەک عێراقی کردووەتە گۆڕەپانی سەرەکی بۆ خۆی، لە لایەکی دیکەش کاریگەریی سیاسی و ئەمنیی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە. ھاوکات شەپۆلی ناڕەزاییەکان لە عێراق سەریان ھەڵدا، ڕووداوەکانیش لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ـەوە تا ئێستا ڕەوتێکی جیاوازیان گرتووە و بە شێوەیەکی خێرا ھەڵدەکشێن. ئەمەریکا لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا، قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیسی کوشت، لە وەڵامیشدا ئێران لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا، ھەردوو بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەی ھەریری لە ھەولێر بۆردوومان کرد. لە مانگی ئازاریشدا دوو سەربازی ئەمەریکی و بەریتانییەک لە بۆردوومانی بنکەی سەربازیی تاجیدا کوژران، ھێزە ئەمەریکییەکانیش لە وەڵامدا ٥ پێگەی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقییان لە جەرف ئەلسەخر و کەربەلا کردە ئامانج، دواجار ھەموو ئەم ڕووداوانە گرژییەکانیان گەیاندە ئاستێکی جیاواز.
ھاوکات پێدەچێت لە سایەی نیمچەبێھێزیی دەوڵەتی عێراقی لە بەردەم ھێز و ھەژموونی گرووپە ھاوپەیمانەکانی ئێراندا، گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەردەوام لە ھەڵکشاندا بێت. ڕەنگە لە ئەنجامیشدا ئەمەریکا خۆی لە بەردەم بژاردەی سەپاندنی ئەمری واقیعدا ببینێتەوە، ئەمەشیان لە سایەی ئەو داخرانە سیاسییەی دوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدییەوە ھاتووەتە پێش، لە سەردەمی ئەو حکومەتەشدا بە شێوەیەکی بەرفراوان سەروەریی عێراق پێشێل دەکرا، جا ئەو پێشێلکارییە کردە سەربازییەکانی ئەمەریکا بێت دژی گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە، یاخود پێشێلکارییە ئەمنییەکانی گرووپە چەکدارەکانی ناوخۆی عێراق بێت، کە بەرژەوەندی و ھێزەکانی ئەمەریکا دەکەنە ئامانج. عێراقیش بووەتە ھێڵی یەکەم و گۆڕەپانێکی نموونەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەردوولا، بە پێی لێکدانەوە لۆژیکی و بەرژەوەندییە ستراتیجییەکان و ئاماژە واقیعییەکانیش بێت، ئەوا ڕووبەڕووبوونەوەکە کورتخایەن نابێت و کاریگەرییەکانیشی سنووردار نابن، چونکە پێدەچێت ئیدارەی ئەمەریکا بە مەبەستی گەڕانەوەی پێگەی خۆی لە عێراق گێچەڵ بە ئێران بکات، چونکە واشنتۆن عێراق بە یەکێک لە بنەماکانی ستراتیجییەکەی خۆی لە ناوچەکەدا دەبینێت. ھەرچی ئێرانیشە ئەوا ھەژموونێکی فراوانی لە عێراق بە دەست ھێناوە و ھەوڵی پاراستنیشی دەدات، ھەردوو وڵاتیش دەزانن دۆڕان لە عێراق واتا زیانێکی گەورەتر لە ناوچەکەدا. ئەمانەش خۆی لە خۆیدا ڕەنگدانەوەی لەسەر سەربەخۆیی عێراق دەبێت، کە ئێستا دووچاری قەیرانی ئابووری و تەندروستی و سیاسیش بووەتەوە، دواجار ئەمانەش سەقامگیربوونی عێراق دوا دەخەن. ھەتا ئەنجامی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمەریکاش یەکلایی نەبێتەوە، عێراق بەردەوام وەک ناوچەیەکی خۆڵەمێشی دەمێنێتەوە.

یەکەم: وەرچەرخان لە ستراتیجییەکەی ئێراندا
ئێران لە دەرەوەی سنوورەکەیدا کار لەسەر بەڕێوەبردنی پڕۆسە نائاسییەکان دەکات، تا بتوانێت لە ناوچەکەدا لە ڕێی (ستراتیجیی جەنگی نابەرابەر)ەوە ڕووبەڕووی ڕکابەرەکانی ببێتەوە، ئەو ستراتیجییەی ئێرانیش ئامانجی چارەسەری ناھاوسەنگیی ھێزە لە نێوان خۆی و ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانیدا، ھاوکات ئەم ستراتیجییە تێچووی کەمترە و کاریگەریی گەورەتری ھەیە، پشتیش دەبەستێت بە ئامڕازە بڵاوەکانی نێو ناوچەیەکی فراوان، کە ئەستەمە بە ئاسانی زیانی پێ بگەیەندرێت.

ھاوسەنگیی ھێزە کاراکان
ئێران لە ڕێی ھاوپەیمانەکانی لە ناوخۆی وڵاتانی، وەک یەمەن، لوبنان، سوریا و عێراقەوە توانیویەتی ھاوسەنگیی ھێزە کاراکان ڕابگرێت، ئەو ھێزانەش دەکرێت بە ئاسانی بڵاو بکرێنەوە و لە ململانێکەشدا جۆرە تایبەتمەندییەکی سەربازی و سیاسییان بە ئێران داوە، کە ڕکابەرەکانی ئەو جۆرە تایبەتمەندییانەیان نییە. ئەم ستراتیجە ھێزی تارانی لە گشت ئەو ناوچەیەدا زیاد کردووە، کە بە درێژایی پێنج ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی ئاشکرا چووەتە ژێر ھەژموونی ئێرانەوە. ھاوکات تاران لە ڕێی بەکارھێنانی ھاوپەیمانەکانی لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەدا، کارایی خۆی سەلماند لە چارەسەرکردنی ھەندێک ناھاوسەنگیی ھێز و کەموکورتی لە توانستی باوی جەنگیدا، ھاوکات ئەو ھاوپەیمانانە بوونەتە پشتێنەیەکی بەرگریی قووڵ بۆ ئێران و ھەڵوێستی ئەو وڵاتەیان لە بەرامبەر نەیارەکانیدا بەھێز کردووە. ھەروەھا یارمەتیی ئێرانیان داوە لە سەپاندنی ھەژموونی سیاسی لە وڵاتانی، وەک سوریا و عێراق، کە گرنگییەکی یەکلاکەرەوەیان لە بەرگریکردن لە ئێران ھەیە.

ئامرازەکانی ستراتیجی جەنگی نابەرابەر
١-پڕۆسە نهێنییەکان لە ڕێی بریکارە دانپێدانەنراوەکانەوە
ئەو پڕۆسانەی بریکارە نەناسراوەکانی ئێران جێبەجێی دەکەن، زۆرترین کاریگەری و کەمترین تێچووی سیاسیشیان بۆ ئەو وڵاتە ھەیە، ھاوکات ئێران بە ئاسانی دەتوانێت خۆی لێ بێبەری بکات و پاساوی تۆڵەسەندنەوەش نەداتە دووژمنەکانی، نموونەی ئەو پڕۆسانەش، وەک ھێرشەکەی حوزەیرانی ٢٠١٩، بۆ سەر کەشتییە بارھەڵگرەکانی بەندەری فوجەیرەی سەر بە ئیمارات، ھەروەھا بۆردوومانی دامەزراوە نەوتییەکان لە ناوچەی بەقیق لە سعودییە لە ئەیلولی ٢٠١٩دا، یاخود وەک ئەو ھێرشەی گرووپێکی نادیار و نەناسرا و لە ١١ی ئازاری ٢٠٢٠دا، کردیانە سەر سەربازگەی تاجی لە عێراق، لە ئەنجامیشدا دوو سەربازی ئەمەریکی و یەکێکی بەریتانی کوژران.

٢-تۆڕی بریکارەکان (گرووپە چەکدارەکان)
ئێران چەند تۆڕێکی لە گرووپە چەکدارەکان بە ژمارەی زۆر و پڕئازووقە و بە چەکی پێشکەوتوو دروست کردووە، ئەم کارەش یەکێکە لە دیارترین ئامرازەکانی ستراتیجی جەنگی نابەرابەر. ئەم گرووپانە تایبەتمەندن بە مەشق و پڕچەککردن، پاڵنەری ئایدیۆلۆجیی (ئایینی)شیان لە پشتەوەیە، بە جۆرێک فاکتەری ئایینی یەکێکە لە بەھێزترین فاکتەرەکانی نێو باوەڕە سەربازییەکەیان، کە بە ھەستی شۆڕشگێڕی تەنراوە. شایەنی باسە ئێران لە ڕێگەی سوپای قودسەوە بەسەرکردایەتیی قاسم سولەیمانی توانی باوەڕە سەربازییەکەی بۆ ئەو گرووپانە لە سوریا، لوبنان، یەمەن و عێراق بگوازێتەوە، ئەم وڵاتەی دواییشیان زۆرترین ڕێژەی ئەو گرووپانەی تێدایە، کە ژمارەیان دەگاتە ٤٤ گرووپی سەر بە ئێران، لە دیارترینیشیان (حزبوڵڵای عێراق، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەید ئەلشوھەدا و عەسائیبی ئەھلی حەق)ـە، کە فەرماندەیی ھێزی (١٠٠٠)ی پەیوەست بە ھێزی (٣٦٠٠)ی سەر بە سوپای قودس سەرپەرشتیی مەشقپێکردنیانی کردووە، ئەو ھێزەش بەرپرسە لە مەشقی گشت ھاوبەشەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.

تەنگەژەی ستراتیجییەکەی ئێران دوای سولەیمانی
ئۆپراسیۆنی بەئامانجکردنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس، کە وەک ئۆپراسیۆنێکی تۆڵەسەندنەوە پۆلێن کرا، ئێران و گرووپەکانی سەر بەو وڵاتەی تووشی شۆک کرد، چونکە سولەیمانی خاڵی قورسایی بوونیادی سەرکردایەتیی سوپای قودسی سەر بە پاسداران و بەرپرسی بەڕێوەبردن و فەرماندەیی تۆڕێکی فراوانی بریکارەکانی ئێران بوو، بە جۆرێک ئەو فەرماندەیە ئەندازیاری ستراتیجی ئێران بوو لە ھەرێمەکانی ھاوسێیدا، ھاوکات پلانداڕێژەری جەنگی بریکارەکان و کردە سەربازییە نائاساییەکانیش بوو.
لە ئەنجامی ئەم خاڵانەی خوارەوەشدا، ستراتیجی ئێرانی لە دوای کوژرانی سولەیمانی بە تەنگەژەیەکی گەورەدا تێدەپەڕێت:
١-ئەو کەلێنە گەورەیەی نەمانی سولەیمانی لە فەرماندەیی سوپای قودسدا جێی ھێشت، واتا ئەو سوپایەی بەرپرسی پڕۆسە دەرەکییەکانی ئێرانە، ھەروەھا گرانیی دۆزینەوەی شوێنگرەوەیەکیش بۆ سولەیمانی، کە بتوانێت ئەو کەلێنە پڕ بکاتەوە و ھەمان ئەو تایبەتمەندییانەی ئەوی تێدا بێت، ئەزموونی بەڕێوەبردنی دۆسییە ئاڵۆزەکانیشی ھەبێت.
٢- گرووپە چەکدارەکانی عێراق و حەشدی شەعبی زۆر بە گرانی قەرەبووی کەسایەتیی ئەبو مەھدی موھەندیس دەکەنەوە، کە گرووپە چەکدارەکانی ڕام کردبوو، ھەژموونیشی بەسەر زۆر لایەنی سەربازی و کارگێڕی و داراییدا ھەبوو.
٣- ئێران ناچار کرا چاو بخشێنێتەوە بە ڕێگەکانی بەڕێوەبردنی تۆڕی بریکارەکانیدا و میکانیزمیش بۆ فەرماندەیی و ھەژموون-سەپاندن بدۆزێتەوە، ئەمەش کاتی زۆری دەوێت و بوونیاد و پاراستنی ھەژموونەکەی لە ناوچەکەدا دەخاتە مەترسییەوە.
ھاوکات لە پاڵ کوژرانی فەرماندەی سوپای قودسدا، چەند یەخەگیرییەکی دیکە بوونەتە فشار لەسەر ئێران، لە دیارترینیان:
ا-ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی عێراق، بە تایبەت لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری ئەو وڵاتەدا، کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی شیعە مەزھەبن، واتا ئەو ناوچەیەی ئێران بۆ پاراستنی ھەژموونی خۆی گرەوی لەسەر دەکرد، بەڵام لەم ناڕەزاییانەدا ئەو بنکە جەماوەرییە لە تاران ھەڵگەڕایەوە.
ب- لە ئەنجامی سیاسەتی فشارە تووندەکانی ئەمەریکادا، ئێران بە گرانی دەتوانێت خەرجیی تۆڕی بریکارەکانی لە ناوچەکەدا لە ئەستۆ بگرێت، ئەمەش کاریگەریی لەسەر پڕۆسەکانی ئەو وڵاتە دەبێت.
ج- پەرتبوونی ناوماڵی شیعە، بە تایبەت نێوانی پارت و کوتلەکان و ھەڵوەشانەوەی ھاوپەیمانییەکان دەربارەی ھەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێی حکومەتی عێراقی و ترسیش لە ھەڵبژاردنی کەسێکی دوور لە بازنەکەی ئێرانەوە.

خاڵە شڵۆقەکە
کوژرانی سولەیمانی بە بەھێزترین خاڵی شکستی ئێران دادەنرێت، بە جۆرێک سڕینەوەی سولەیمانی لە ھاوکێشەکەدا، کەلێنێکی گەورەی لە ستراتیجی ئێرانیدا دروست کرد، چونکە ئەو فەرماندەیە بەرپرسی چەندین دۆسیە بوو، بە ھۆی گرنگیی ستراتیجیی ڕۆڵی سوپای قودسیشەوە، بەو پێیەی بەرپرسی پڕۆسە دەرەکییەکانە، سولەیمانی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ڕابەری باڵا عەلی خامنەییدا ھەبوو، ئەم تایبەتمەندییەش پێگەیەکی تایبەتی لە بواری سیاسی و سەربازیی ئێرانیدا پێ دابوو. لە ڕاستیدا سولەیمانی سەرکردە باڵاکانی پاسدارانی تێپەڕاندبوو، ئەو دوای خامنەیی وەک کەسی دووەم تەماشا دەکرا، ئەمەش وای کردبوو ھێزی قودس بە (ھێزی تایبەتی بەرەی ڕابەری باڵا) دابنرێت. سولەیمانی گشت نھێنییەکانی ئەو ھێزە و بەڕێوەبردنی پڕۆسە دەرەکییەکانی قۆرخ کردبوو، سەرەڕای ئەوەی فەرماندەی دیکەش لە پاڵیدا ھەبوون، بەڵام بەرپرسیارێتییەکانیان سنووردار بوو بە ناوچەی جوگرافیی دیاریکراوەوە و نەشیان دەتوانی زانیارییان لەسەر گشت دۆسییە گشتگیرەکانی سوپای قودس ھەبێت. عەلی خامنەییش دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، ئیسماعیل قائانی بە فەرمادەی نوێی سوپای قودس دیاری کرد، ئەمەش ھەنگاوێکی پێشوەختە بوو، بۆ کاڵکردنەوەی کاریگەرییەکانی نەمانی سولەیمانی و ڕێگری لە ھەر ناکۆکییەک لە نێوان فەرماندەکانی پاسداران و سوپای قودسدا بۆ شوێنگرتنەوەی سولەیمانی.

گۆڕانی شێواز
ئێران دوای کوژرانی فەرماندەی سوپای قودس، دەربارەی لوتکەی پەیکەری دەسەڵاتی ئەو سوپایە، ھەوڵی ڕێگەچارەیەکی نوێ دەدات، ئەمەش دوای ئەوەی تاران بۆی ئاشکرا بوو، کە کورتکردنەوەی فەرماندەیی لە کەسێکدا ھەڵەیەکی ستراتیجییە و ئەو وڵاتەی خستووەتە تەنگەژەیەکی سەربازی و سیاسییەوە. ئەم ھەنگاوەی ئێرانیش لە ڕێگەی پەرەپێدانی ستراتیجییەکی نوێ بۆ سەرپەرشتیی ئەندامانی سوپای قودس ئەنجام دەدرێت.

دابەشکردنی سەرکردایەتیی ھێزەکان
ئەمەش یەکێکە لەو شێوازانەی ئێران بۆ پەرەپێدانی ستراتیجییە نوێیەکەی پشتی پێ دەبەستێت، بەو پێیەی ھیچ فەرماندەیەکیش نییە بە تەنھا بتوانێت شوێنی سولەیمانی بگرێتەوە، بۆیە ئێستا تۆڕی بریکارەکانی ئێران لە ڕێگەی گرووپێک لە فەرماندەکانی سوپای قودسەوە بەڕێوە دەبرێن. سەرەڕای ئەوەی فەرماندەی نوێی سوپای قودس ئیسماعیل قائانی ئەزموونی لە کاروباری ئەفغانستان و پاکستاندا ھەیە، بەڵام ئەزموونێکی ئەوتۆی لە لوبنان و سوریادا نییە، بۆیە پێدەچێت جەنەڕاڵ محەمەد حسێن زادە حیجازی لە پاڵ ئیسماعیل قائانیدا بێت و بگەڕێتەوە بۆ فەرماندەیی ھێزی ٢٠٠٠ (فەرماندەیی شام)، کە سەرپەرشتیی کاروباری لوبنان و سوریا دەکات، شایەنی باسە حسێن زادە ئەزموونێکی قووڵی لە کاروباری ئەو وڵاتانەدا ھەیە، لەگەڵ سولەیمانیشدا لە سوریا و لوبنان کاری کردووە و سەرپەرشتیی فەرماندەیی شامی کردووە.
بەڵام لە عێراق، کە گۆڕەپانی ململانێکانی ئێران-ئەمەریکایە، پێدەچێت کارەکان ئاڵۆزتر بن، ئەمەش بە ھۆی نەبوونی شوێنگرەوەیەک بە ھەمان قورسایی و تایبەتمەندیی ئەبو مەھدی موھەندیسەوە، کە سەرکردەیەکی بەتوانا و خاوەن ڕۆڵێکی گەورە بوو، ھەژموونیشی بەسەر زۆربەی گرووپەکاندا ھەبوو، ھاوسەنگیی ڕادەگرت و توانای بەڕێوەبردنی دۆخە مەترسیدارەکانیشی ھەبوو. عەبدولعەزیز محەمەداوی (ئەبو فەدەک)یش، کە دوای موھەندیس بۆ ئەو پێگەیە ڕاسپێردراوە، لەبەر ئەوەی بەرپرسێکی گەورەی نێو کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی بووە، ھەندێک لەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە مەرجەعی باڵای نەجەفن، وەک بژاردەی ڕژێمی ئێران دەیبینن. گەرچی بە پێی ڕەوتی ڕووداوەکان و چاوپێکەوتنی فەرماندەی گرووپەکان لەگەڵ ئیسماعیل قائانیدا بێت، دواجار دۆسییەی بەڕێوەبردنی ھاوبەشەکانی ئێران لە عێراق ھەنگاو بە ھەنگاو لای محەمەداوی دەگیرسێتەوە. ھاوکات ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان حەسەن نەسڕوڵڵا ڕۆڵێکی گەورەی لە ھاوکاریکردنی تیمە فەرماندەییە نوێیەکەدا ھەیە و ھانی (میحوەری موقاوەمە)ش دەدات، تا بە مەبەستی ناچارکردنی ھێزە ئەمەریکییەکان بە دەرچوون لە ناوچەکە پڕۆسەکانیان چڕ بکەنەوە، لە لایەکی دیکەشەوە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی ھێرشەکان بۆ سەر ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق زیادیان کردووە. لە ڕاستیدا ئامانج لە دابەشکردنی فەرماندەیی ھێزەکان، خۆلادانە لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی کوژرانی سولەیمانی و کەمکردنەوەی مەترسییەکان و پاراستنی ھەژموونی ئێرانە بەسەر بریکارەکانیەوە.

بەشبەشکردنی دۆسییەکان
ئەرکەکانی قاسم سولەیمانی تەنھا لە لایەنی سەربازیدا کۆ نەبووبوونەوە، بەڵکوو ڕۆڵێکی سیاسیی گەورەشی ھەبوو، چونکە ئەو فەرماندەیە لایەنی سیاسی و دیپلۆماسیی لەگەڵ ڕەوتی سەربازی و ئەمنیدا گرێ دابوو، بۆیە سەرەڕای ئەو ئەزموونە فراوانەی بە دەستی ھێنابوو، بەڵام کوژرانیشی لە لایەن واشنتۆنەوە، بووە (خاڵێکی شڵۆق) لە ستراتیجی ئێرانیدا و ئەو ستراتیجییەی خستە تەنگەژەوە. زۆربەی جار سیاسەتی ئێرانی لە وڵاتانی دراوسێیدا بە قاسم سولەیمانییەوە پەیوەست بوو، بە جۆرێک بەبێ بەستنەوەی بە سولەیمانییەوە نەدەکرا باس لەو سیاسەتە بکرێت. ئێران دوای کوژرانی سولەیمانی دوودڵ بوو دەربارەی پەرتبوونی ستراتیجییەکەی، بۆیە پەنای بردە بەر دابەشکردنی دۆسییەکان بەسەر ھەردوو ڕەوتی سیاسی و سەربازیدا.
ئێستا تیمی فەرماندەیی ھێزەکان گرنگی بە لایەنی سەربازی دەدات، لایەنی سیاسیش چووەتە لای سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران عەلی شامخانی، کە لە ٨ی ئازاری ٢٠٢٠دا، سەردانی بەغدای کرد، ئەمەش پێش ئەوەی عەدنان زورفی بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکیی نێوان لایەنە شیعەکان دەربارەی ڕاسپاردنی سەرۆکی حکومەت، بۆ ئەو پۆستە ڕابسپێردرێت.
گشت ڕەگەزەکانی فەرماندەییە نوێیەکە، جا لایەنی سەربازی بێت، یاخود سیاسی، پەیوەستن بە ڕابەری باڵا عەلی خامنەییەوە، واتا وەگەڕخستنی گشت دەرامەتە مرۆیی و ماددی و داراییەکان بە شێوەیەکی مەرکەزی لە تارانەوە بەڕێوە دەبرێت.

دووەم: ستراتیجی ئەمەریکی
ستراتیجییەکەی ئەمەریکا ئامانجی گەڕانەوەی ڕۆڵی ئەمەریکا و سنووردارکردنی ھەژموونی ئێران و ھاوپەیمانەکانێتی، لە لایەک لە ڕێی پەیڕەوکردنی فشارە تووندەکان و بەھەدەربردنی ھێزی ئێرانەوە لە ماوەیەکی دووردا، لە لایەکی دیکەش لە ڕێی ھەڕەشەی بەکارھێنانی ھێز بەبێ خزانە نێو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ ئێران و ھاوپەیمانەکانیدا. بەڵام ئێرانیش لە وەڵامی سیاسەتی فشارە تووندەکانی ئەمەریکادا شاڵاوێکی فشاری خستووەتە گەڕ، تا وا لە ئەمەریکا بکات، کە سزاکانی سەر ئەو وڵاتە کەم بکاتەوە، یاخود ھەڵبگرێت، لەم کارەشدا ئێران بریکارەکانی خۆی لە عێراق بە کار ھێناوە، بە پێی وتەی واشنتۆنیش ژمارەی ھێرشەکان دژی ئەو وڵاتە لەنێوان مانگی تشرینی یەکەم و نیوەی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا، گەشتوونەتە یازدە ھێرش، کە تیایاندا دامەزراوە و بارەگای دیپلۆماسی و بنکە و سەربازگە ئەمەریکییەکان زنجیرەیەک ھێرشی موشەکییان کراوەتە سەر، لەو ھێرشانەدا بەرژەوەندی و ھاووڵاتییە ئەمەریکییەکان کراونەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی ھیچ لایەنێک بەرپرسیارێتییەکەی بگرێتە ئەستۆ. ئەمەریکاش لە وەڵامدا ھیچ ڕێکارێکی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ھێرشانە نەگرتووەتە بەر.

وەرچەرخانی ستراتیجی
وەرچەرخانی ستراتیجیی ئەمەریکی بە دوای بەزاندنی ھێڵە سوورەکان و کوژرانی کەسێکی خانەنشینی ئەمەریکی لە ئەنجامی ھێرشەکەی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا ھاتە ئاراوە، ئەمەریکا ئەو ھێرشەی بە بەزاندنی ھێڵی سوور تەماشا کرد، بۆیە لە ٢٩ی کانوونی یەکەمدا، ئەو وڵاتە بە ھێرشی ئاسمانیی بۆ سەر پێنج بنکەی سەر بە لیوای (٥٤ و ٤٦)ی حەشدی شەعبی لە عێراق و سوریا وەڵامی دایەوە، لە ئەنجامیشدا ٢٥ چەکدار کوژران و ٥١یش بریندار بوون، واشنتۆن لە دوای ھێرشەکە وتی ئەو بنکانە ئەندامی سەرکردایەتی و جبەخانەی ئەو چەکانەی تێدا بووە، کە لە ھێرشەکانی ئێراندا بە کار ھاتوون. لە وەڵامیشدا ژمارەیەکی زۆر بە پێشڕەویی ئەبو مەھدی موھەندیس و قەیس خەزعەلی لە ٣١ی کانوونی یەکەمدا، باڵوێزخانەی ئەمەریکییان ئابڵووقە دا، لە ھەمان کاتیشدا ھەوڵ و دەرکردنی بڕیارەکان بۆ دەرچوونی ھێزی ئەمەریکا لە عێراق لەناو پەرلەمانی ئەم وڵاتەی دواییانەوە سەری ھەڵدایەوە. دواتر ئەمەریکا لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا، قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیسی کوشت، ئەمەش بە کردەیەکی بێوێنەی ئەمەریکا دانرا، لە بەرامبەریشدا ئێران بە بۆردوومانکردنی ھەردوو بنکەی عەین ئەسەد و ھەریر لە ئەنبار و ھەولێر وەڵامی دایەوە.
واشنتۆن لەگەڵ ئەم دینامیکییە نوێیەدا ھەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، یاخود گەرەنتیکردنی بوونی خۆی دەدات، ئەمەش لە ڕێی وەرچەرخانێکی ستراتیجییەوە، کە لەسەر ئەم لایەنانە جەخت دەکاتەوە:

یەکەم: بەرپەرچدانەوە
لە ڕابردوودا واشنتۆن سیاسەتی دانبەخۆداگرتنی پەیڕەو دەکرد، ھەروەھا ھێڵی سووریشی بۆ ئێران و گرووپە چەکدارەکان دیاری کردبوو، ئەو ھێڵە سوورانە خۆیان دەبینییەوە لە قبووڵنەکردنی زیانی مرۆیی لە ھێزەکانی ئەمەریکادا. ھەرچەندە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەڵامی کردەکانی پێشووی نەدایەوە، وەک خستنەخوارەوەی فڕۆکەی چاودێریی ئەمەریکی ((RQ٤ لەسەر گەروی ھورمز لە ساڵی ٢٠١٩دا، بەڵام کوشتنی کەسە خانەنشینە ئەمەریکییەکە و بریندارکردنی ژمارەیەکی دیکە لە نزیک کەرکوک، بۆ ئەمەریکا سەنگی مەحەک بوو، ئەمەش وای کرد واشنتۆن لە وەڵامدا بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی ڕاستەخۆ و ئاشکرا لە چەند ئۆپراسیۆنێکی بەرپەرچدانەوەدا ھێرش بکاتە سەر چەند پێگەیەکی جیاواز، مەترسیدارترین ئۆپراسیۆنیش کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیس بوو، لە ڕاستیدا کوشتنی دوو گرنگترین فەرماندەی سەر بە ئێران بە وەڵامێکی ناھاوسەنگ و زیادەڕەو دادەنرێت، پاساوی ئیدارەی ئەمەریکیش بۆ ئەو ھەنگاوە ئەوە بوو، کە ئەم کارە ئۆپراسیۆنێکی پێشوەختەیە بۆ ڕێگری لە مەترسیی سەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە، ھەروەھا نەمانی قاسم سولەیمانی بە جۆرێک کاریگەریی لەسەر تاران دەبێت، کە نەتوانێت ستراتیجی نوێ دابڕێژێت و لە ھاوپەیمانییەکانیدا بەردەوام بێت و جەنگی نابەرابەر جێبەجێ بکات، چونکە سولەیمانی تاکەکەس بوو، کە بتوانێت بە شێوەیەکی کارا ستراتجی قووڵی ئێران بەڕێوە بەرێت.

دووەم: پێدانی دەسەڵاتەکان
سەرۆکی ئەمەریکا ھەندێک دەسەڵاتی دایە پنتاگۆن و فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم)، تا وەڵامی گونجاو بۆ ئەو ھێرشانەی ئێران دیاری بکەن، ئەم ھەنگاوەش دوای کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکی و یەکێکی بەریتانی ھات، کە لە ئەنجامی ھێرشە تووندەکەی سەر بنکەی تاجی لە ڕۆژی ١١ی ئازاری ٢٠٢٠دا کوژران.
بۆیە بە سەرپەرشتیی جەنەڕاڵ مەکێنزی فەرماندەی (سێنتکۆم) ھێزەکانی ئەمەریکا لە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٠دا، پێنج بنکەی سەر بە کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقیان کردە ئامانج، بە پێی وتەی پنتاگۆن ئۆپراسیۆنەکە بۆ سەلماندنی ڕاستۆگیی واشنتۆن و لاوازکردنی توانای گرووپە چەکدارەکان بوو.

سێیەم: سەرلەنوێ سەنگەرگرتنەوە
بە ھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان و زیادبوونی مەترسیی سەر ھێزەکانی ئەمەریکاوە، پنتاگۆن پلانی ئەوەی ھەیە، کە ھەندێک ھێزی خۆی لە چەند بنکەیەکی عێراق بگوازێتەوە، وەک بنکە ھاوبەشەکان لە قائیم نزیک سنووری سوریا، فڕۆکەخانەی گیارە لە باشووری موسڵ، ھەروەھا ڕەنگە پلانەکە ھێزەکانی بنکەی ئاسمانیی (K1)ی شاری کەرکوک-ش بگرێتەوە. ئامانجی لەم کارە پاراستنی ھێزەکانە لە بنکە و پێگەی پتەوتردا، ھەروەھا کەمکردنەوەی ڕووبەری بڵاوبوونەوەیانە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەگەری بە ئامانجکردنیان لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە.

چوارەم: پتەوکردنی ھێز
کردە سەربازییەکان بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەی ھەریر لە ھەولێر بە مووشەکی بالستی لە لایەن ھێزی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی، ھەروەھا ھێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە بەکارھێنانی مووشەکی کاتیۆشا دژی ھێزەکانی ئەمەریکا، ئاشکرایی ئەو ھێزانەی لە بەردەم ئەو جۆرە ھێرشانەدا سەلماند.
لە ئەنجامی ئەمەشدا، ئەمەریکا سیستمی (C-RAMs)، یاخود سیستمی دژەھاوەن و مووشەکی بۆ عێراق گواستەوە، ھەروەھا سیستمی پاتریۆت و سیستمی دژەمووشەکیش بۆ پاراستنی بنکەکانی عەین ئەسەد و بەغدا و ھەولێر جێگیر دەکات. لە ڕاستیدا ئەم ھەنگاوانە دەیسەلمێنن، کە واشنتۆن لەژێر فشاری ھەندێک لە کوتلە و پارت و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانیشدا پلانی کشانەوەی لە عێراق نییە.
پێنجەم: دوای بانگەوازەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ھاوپەیمانەکانی ئەمەریکا، تا زیاتر لە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەشداری بکەن، مانگی پێشوو وەزیرانی بەرگری نێو ھاوپەیمانیی ناتۆ لەسەر پتەوکردنی ئەرکی مەشقی ناتۆ لە عێراق ڕەزامەندییان دەربڕی. بەڵام پێویستە سیماکانی ڕۆڵە نوێیەکەی ھاوپەیمانیی ناتۆ دیاری بکرێت، لەو بارەیەشەوە ئەمینداری گشتیی ھاوپەیمانیی ناتۆ یەنس ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی دا، کە ئەو ڕۆڵە بریتییە لە ئەنجامدانی ھەندێک لە ئەرکەکانی ئێستای ھێزە ئەمەریکییەکان بۆ ھاوکاریی یەکە سەربازییە عێراقییەکان، کە کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی دووبارە سەرھەڵداوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەکەن. بەلای سەرکردەکانی عێراقیشەوە لە بەغدا، بوونی ھێزی بیانی لەژێر ئاڵای ناتۆدا، ڕەنگە لە ڕووی سیاسییەوە گونجاوتر بێت، چونکە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە لایەن ئەمەریکاوە، فشاری ئێرانیان لەسەرە بۆ دەرکردنی ھێزەکانی ئەمەریکا، یاخود سنووردارکردنی پڕۆسەکانی ئەو ھێزە لە عێراق.

فاکتەری کتوپڕ
لە ڕاستیدا بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ئەو فاکتەرە کتوپڕەیە، کە ڕەنگە کاریگەریی لەسەر گشت ڕێڕەوێکی ململانێکانی ئەمەریکا و ئێران ھەبێت و گرژییەکانی نێوانیشیان کەم بکاتەوە، بە کرداریش ھەندێک لە ھاوپەیمانەکانی ئەمەریکا ھێزەکانیان لە عێراق کشاندووەتەوە، وەک فەڕەنسا، کە ٢٥٠ سەربازی خۆی لەو وڵاتە کشاندەوە، بەریتانیاش نیوەی ھێزەکانی کشاندووەتەوە، ھەروەھا ئەڵمانیا پلانی کەمکردنەوەی ھێزەکانی ھەیە، ھەروەک چۆن کۆماری چیک ٣٠ سەربازی لە عێراق کشاندەوە، ھاوکات یەکێک لە ھۆکارەکانی دووبارە سەنگەرگرتنەوەی ھێزەکانی ئەمەریکاش، بریتییە لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە.

ڕێڕەوە چاوەڕوانکراوەکانی ململانێکە
بە پێی ڕووداوەکانی ئەم دواییە بێت، پێدەچێت عێراق گۆڕەپانی چاوەڕوانکراوی ھەڵکشانی ململانێکانی نێوان واشنتۆن و تاران بێت، بەڵام گشت ڕەوتەکان لەسەر ئەجێندای ئێران و ئەمەریکا وەستاون، دەربارەی چۆنێتیی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان بە شێوەکی گەورەتر لە عێراق و ناوچەکەدا.

ئەگەری یەکەم
ڕەنگە ئێران لە ڕێی بریکارەکانیەوە فشاری ھەڵکشاو بۆ سەر ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئەنجام بدات، ئەم ھەوڵانەش دەشێت لە ڕێی بەکارھێنانی ھێرشی مووشەکیی تۆڵەئەستێنەوە بێت، کە لای گرووپە چەکدارەکان ڕێگەیەکی خوازراوە، ئەمەش لای واشنتۆن دەبێتە مایەی دوودڵی، بەتایبەت لەو کاتەی ئەو کارە لە لایەن ئەو ھێزانەوە ئەنجام دەدرێن، کە ھەمیشە ئێران خۆی لێیان بێبەری دەکات.

ئەگەری دووەم
خۆلادان لە ڕێگەچارەی سەربازی و بەکارھێنانی ستراتیجی فشاری سیاسی لە ڕێگەی ھاندانی ھاوپەیمانە سیاسییە بەھێزەکانی ئێرانەوە، وەک کوتلەی فەتح و سائیرون، تا فشار بکەن بۆ دەرچوونی ھێزە ئەمەریکییەکان لە عێراق.

ئەگەری سێیەم
ئەنجامدانی ھێرشی سنووردار لە ڕێگەی ھاوپەیمانە سیاسییەکانی ئێرانەوە لە عێراق (تێکەڵەیەک لە ڕێگەچارەی سەربازیی سنووردار و ھەندێکی دیکەی سیاسیش)، بە ئامانجی گێچەڵ، یاخود بێزارکردنی ھێزەکانی ئەمەریکا، تا ئێران بتوانێت لەگەڵ ستراتیجی فشارە سیاسییەکاندا خۆشی لە وەڵامی گەورەی ئەمەریکا لا بدات، لە سایەی ئەم دۆخە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەی ئێستای عێراقیشدا، ئەم ڕەوتەیان زۆرترین ئەگەری جێبەجێکردنی ھەیە.

ئەگەری چوارەم
فاکتەرە کتووپڕەکە، کە خۆی لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا دەبێنێتەوە و بە شێوەیەکی بەرچاویش زیانی بە ئەمەریکا و ئێران گەیاندووە، تواناکانی ئێران سنووردار دەکات، بە پێی ئاماژەکانیش، ئەو فاکتەرە ھاوشان لەگەڵ ئەو ئاشکرابوونەی لە ستراتیجی ئێراندا لە عێراق دروست بووە، ھەردوولا بەرەو دانوستان و گەیشتن بە شێوازێکی ھاوبەش ھان دەدات، بە جۆرێک ھەردوو ستراتیجییەکە لە تەنگەژە بھێنێتە دەرەوە.

لێکەوتەکان بۆ سەر عێراق
بەو پێیەی عێراق گۆڕەپانی سەرەکییە بۆ تاقیکردنەوەی ھەردوو ستراتیجییە بەرامبەرەکە، پێدەچێت ئەو وڵاتە دووچاری زۆرترین لێکەوتەی دوو ڕەوتە سیاسییەکە ببێتەوە، لە ئەنجامیشدا عێراق دووچاری ئەم لێکەوتانە دەبێتەوە:
١-کەمکردنەوە کارایی ھاوکارییەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا، کە لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعشدا یارمەتیی عێراق دەدەن، چونکە دوای ئەو ھەڕەشە و ھێرشانەی کرانە سەر ئەو بنکە سەربازییانەی ھێزی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی تێدایە، پێکھاتە نێودەوڵەتییەکەی نێو ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان بۆ دەرەوەی عێراق گواسترانەوە.
٢-ئەگەری زیادبوونی ھێرشە تیرۆرستییەکانی ڕێکخراوی داعش، ئەمەش یەکێکە لە ئەنجامەکانی زیادبوونی گرژیی نێوان ئەمەریکا و ئێران، بەتایبەت لەو کاتەی ڕێکخراوی داعش ئێستاش پارێزگاریی لە شانە نووستووەکانی خۆی لە ناوخۆی عێراق و لە نزیک سنووری سوریادا کردووە.
٣-فراوانبوونی کەلێنی نێوان پێکھاتە عێراقییەکان لە ئەنجامی ململانێی ئەمەریکا-ئێراندا، ئەمەش لە بەشدارینەکردنی کورد و سوننە لەو دانیشتنەی پەرلەماندا ڕەنگی دایەوە، کە تێیدا بڕیار لەسەر یاسای دەرچوونی ھێزە بیانییەکان لە عێراق درا.
٤-دەرکەوتنی ناکۆکییەکان لە نێوان کوتلە و پارتە شیعەکاندا، کە زۆرینەی پەرلەمان پێک دەھێنن، دەربارەی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ دوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی. ئەمەش پەیوەندیی بە نەمانی ھەریەک لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەھدی موھەندیسەوە ھەیە، کە لە ڕابردوودا کاریگەریی گەورەیان لە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان دەربارەی پێکھێنانی حکومەتە نوێیەکاندا ھەبوو.
٥-بەرزبوونەوەی ئاستی ھەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان، بەڵام ئەمجارەیان تەنھا دژی بوونی ئەمەریکا نییە لە عێراق، بەڵکوو دەربارەی دیاریکردنی ئەو کەسەی پۆستی سەرۆکی حکومەتیش وەردەگرێت، ئەمەش لە ترسی ئەوەی کەسێکی بەھێز بگاتە ئەو پۆستە و چەک لەو گرووپانە دابماڵێت و ھەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانیان بکات.
٦-لە سایەی داخرانی سیاسی و ئەو داڕمانە ئابوورییەی لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت لە عێراقدا دروست بووە، یەخەگیرییە سیاسی و ئەمنی و تەندروستییەکان لێکەوتەی گەورەیان لەسەر سەقامگیریی عێراق دەبێت.
وەرگێڕانی: حسێن ئەحمەد حسێن

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure