پێویستمان به‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێی فره‌لایه‌نه‌

06/08/2020

:: بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه‌: پڕۆجێكت سایندیكه‌یت
نوسینی: بێرتراند بادرێ- ئیڤ تایبڕگه‌ن


ئه‌م قه‌یرانه‌ له‌ناكاوه‌ی ئێستا به‌رۆكی جیهانی گرتووه‌، شێوازه‌ باوه‌كه‌ی بڕیاردانی گۆڕی‌و سه‌ركرده‌كانی ناچاركرد ڕێكاری به‌په‌له‌ بگرنه‌به‌ر. ئه‌م دۆخی بێمتمانه‌یی‌و ناڕوونی‌و ترسه‌ش بووه‌هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌سته‌رانه‌ی پاڵپشتی ژیاریی هاوچه‌رخ ده‌كه‌ن.
له‌ڕاستیدا دۆخی هاوینی ئه‌م ساڵ، هاوشێوه‌ی هاوینی ساڵی 1914یه‌، كاتێك ئه‌وروپا خۆی بۆ جه‌نگ ئاماده‌ ده‌كرد. چوونكه‌ كۆرۆنا له‌دوای ئه‌و ئه‌فلۆنزایه‌ی له‌ نێوان ساڵانی 1918-1920 له‌ جیهاندا بڵاوبۆوه‌ خراپترین په‌تایه‌، زۆر به‌خێراییش له‌ په‌تایه‌كه‌وه‌ گۆڕا بۆ قه‌یرانێكی بنه‌ڕه‌تی له‌ جیهانگیریدا، ئه‌مه‌ش بارودۆخه‌كه‌ بۆ مه‌ترسیدارترین ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جیۆسیاسی له‌ دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگی سارده‌وه‌ خۆش ده‌كات.
له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كدا، په‌تای كۆڤید-19 سێ یه‌كی ئابووری جیهانی په‌كخست‌و گه‌وره‌ترین قه‌یرانی داراییشی له‌دوای قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ گه‌وره‌كه‌ی جیهانه‌وه‌ هێنایه‌ ئاراوه‌. به‌ تێڕوانینیش بۆ ئاینده‌، ده‌بینین سه‌ركردایه‌تی فره‌ لایه‌ن گرنگترین فاكته‌ره‌، كه‌ چۆنێتی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م قه‌یرانه‌ دیاری ده‌كات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هێشتا ئه‌و فاكته‌ره‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ ونه‌. هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ناكۆكییه‌كانی ئه‌مریكا‌و چیندا، پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كی جیهانی له‌ده‌ره‌وه‌ی واشنتۆن‌و په‌كینه‌وه‌ پێكبهێندرێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، به‌مه‌به‌ستی ڕێخۆشكردن بۆ نوێبوونه‌وه‌ی هاریكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، پێویسته‌ سه‌ره‌تا سێ پڕوپاگه‌نده‌ به‌رپه‌رچ بدرێنه‌وه‌. یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ په‌تای كۆڤید-19 ڕووداوێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بووه‌‌و هیچ كه‌س ئاماده‌ی به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ی نه‌بووه‌. له‌ڕاستیشدا، كه‌سانی به‌رگریكار له‌ ته‌ندروستی جیهانی، وه‌ك بیڵ گه‌یتس‌و زانایانی بواری په‌تاكان، وه‌ك مایكڵ ئۆسترهۆڵم له‌ زانكۆی مینیسوتا چه‌ند ساڵێكه‌ هۆشدارییان داوه‌، ده‌رباره‌ی مه‌ترسییه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌ كوشنده‌كان له‌سه‌ر جیهان، هه‌روه‌ها ئاژانسه‌ هه‌واڵگرییه‌ پێشه‌نگه‌كانیش ئاگاداركردنه‌وه‌ی هاوشێوه‌یان داوه‌.
له‌ڕاستیدا قوڵبوونه‌وه‌ی له‌ڕاده‌ به‌ده‌ری ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا، ئه‌نجامی شكستی هه‌موومانه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی كرداریدا، هه‌روه‌ها خه‌مساردیمان به‌رامبه‌ر ئاگاداركردنه‌وه‌ی ڕوونی زاناكان. له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ته‌نها په‌راوه‌یه‌ك بێت بۆ ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی له‌ ئه‌نجامی گۆڕانی كه‌ش‌و هه‌وادا چاوه‌ڕوانمان ده‌كات، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی به‌هاتنی سه‌ره‌تاكانی ساڵی 2030 تێكڕای پله‌ی گه‌رما 1.5 پله‌ی سه‌دی ده‌چێته‌ سه‌روو ئاستی پێش شۆڕشی پیشه‌سازییه‌وه‌.
پڕوپاگه‌نده‌ی دووه‌م ده‌ڵێت، په‌تای كۆڤید-19 متمانه‌ی جیهانگیری لاواز كردووه‌. ڕاسته‌ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كان ڤایرۆسه‌كه‌ی له‌ گشت جیهادا زۆر خێراتر بڵاوكرده‌وه‌ له‌ چاو به‌كارهێنانی هۆیه‌ كۆنه‌كانی گواستنه‌وه‌دا، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا، جیهانگیری ئه‌و زانیاری، ده‌رمان، ته‌كنه‌لۆجیا‌و دامه‌زراوه‌ فره‌ لایه‌نانه‌مان پێده‌به‌خشێت، كه‌ ته‌نها بۆ له‌ ناوبردنی ڤایرۆسه‌كه‌ پێویست نین، به‌ڵكو بۆ له‌ ناوبردنی گشت هه‌ڕه‌شه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر مرۆڤایه‌تی پێویستن. 
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا كۆمه‌ڵگایه‌كی زانستی جیهانیی له‌ئارادایه‌، كه‌ له‌ڕێگه‌ی ته‌كنه‌لۆجیا‌و هۆیه‌كانی په‌یوه‌ندییه‌وه‌ پێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ زنجیره‌ی بۆماوه‌یی ڤایرۆسه‌ نوێیه‌كه‌ له‌ 12/ كانونی دووه‌مدا ڕاگه‌یه‌ندرا، واتا ته‌نها دوو هه‌فته‌ دوای ئه‌وه‌ی چین چه‌ند حاڵه‌تێكی توشبوونی به‌و ڤایرۆسه‌ نوێیه‌ ئاشكرا كرد. ئێستاش توێژه‌ران له‌ سه‌رانسه‌ری جیهانه‌وه‌ به‌ خستنه‌ڕووی ئه‌نجامه‌كانیان به‌شدارن له‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌‌و به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسینێك بۆ نه‌خۆشییه‌كه‌. له‌ ڕابردووشدا هیچ كات ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی شاره‌زایان له‌ وڵاته‌ جیاوازه‌كانی جیهانه‌وه‌ پێكه‌وه‌ له‌ هه‌مان پڕۆژه‌دا هاریكارییان نه‌كردووه‌.
پڕوپاگه‌نده‌ی سێیه‌م ئه‌وه‌یه‌، كه‌ سیاسه‌تی ئێستا‌و ئاماده‌كاری دامه‌زراوه‌ جیهانییه‌كان ده‌توانن له‌ ده‌رچوون له‌م قه‌یرانه‌ یارمه‌تیمان بده‌ن. به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌توانن ته‌نها به‌شێكی زۆر كه‌م له‌ ده‌رامه‌ته‌ پێویسته‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌‌و لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كانی به‌رده‌ستبخه‌ن. هاوكات ئه‌گه‌ر ڕێكخراوه‌كانی، وه‌ك ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی شێوازی كاركردنیان نه‌گۆڕن‌و كاری زیاتر بۆ سودبینین له‌ ده‌رامه‌تی لایه‌نه‌ كاراكان نه‌كرێت، ئه‌وا ناتوانین پێشبینییه‌كانمان بهێنینه‌دی.
 په‌تای كۆڤید-19 له‌ كاتێكی دژواردا سه‌ریهه‌ڵدا، ئه‌مه‌ش وایكرد كاتی ڕوودانی قه‌یرانێكی قوڵتر له‌ هاریكاری نێوده‌وڵه‌تیدا پێش بخات، بۆیه‌ زاڵبوون به‌سه‌ر هه‌ردوو قه‌یرانه‌كه‌دا پێویستی به‌ داهێنان‌و هه‌وڵی به‌كۆمه‌ڵی زیاتره‌ بۆ به‌دیهێنانی هاوسه‌نگییه‌كی سه‌قامگیر له‌نێوان گه‌شه‌ی ئابووری‌و خۆشگوزه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا. ئه‌نجامدانی ئه‌م كاره‌ش ئاسان نابێت. گۆڕینی دامه‌زراوه‌‌و سستمه‌ ئابوورییه‌ فراوانه‌كان به‌ته‌نها پێویست نین، به‌ڵكو ده‌بێت خۆشمان بگۆڕین.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویستمان به‌ پڕۆگرامێكه‌، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ پێنج به‌ش: یه‌كه‌م، پێویسته‌ كار بكه‌ین بۆ به‌دیهێنانی سه‌ركردایه‌تییه‌كی جیهانیی گشتگیرتر. به‌پێی گرژی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا‌و چین-یش بێت، پێویسته‌ وڵاته‌كانی دیكه‌ی ئه‌ندام له‌ كۆمه‌ڵه‌ی G-20دا، پێكه‌وه‌ كار بۆ به‌دیهێنانی بیرۆكه‌ی نوێ بۆ چاره‌سه‌ری كۆمه‌ڵێك گرفت بكه‌ن، له‌و گرفتانه‌ش: قه‌یرانی نێو سستمی بازرگانی جیهانی، زیادبوونی كێبڕكێی ته‌كنه‌لۆجی‌و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی متمانه‌ به‌ چوارچێوه‌ فره‌لایه‌نه‌كان. پێویسته‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، به‌ریتانیا، ژاپۆن، كه‌نه‌دا، ئه‌نده‌نوسیا، هیندستان، كۆریای باشور‌و به‌ڕازیل، ڕۆڵی زیاتر ببینن بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركردایه‌تی.
دووه‌م، پێوستمان به‌ هاوپه‌یمانی سه‌كردایه‌تی نوێیه‌ له‌ ئاسته‌ جیاوازه‌كاندا، كه‌ ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان، كه‌رتی تایبه‌ت، ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌‌و لایه‌نه‌ كاراكانی دیكه‌ له‌ خۆبگرێت. چوونكه‌ كاتێك سه‌ركردایه‌تییه‌كی باوی هه‌ڕه‌می به‌رده‌ست نه‌بوو، ئه‌وا پێویسته‌ لایه‌نی دیكه‌ بێنه‌ ئاستی به‌رپرسیارێتییه‌وه‌.
سێیه‌م، پێویستمان به‌ گره‌نتی كردنی پڕۆسه‌یه‌كی نه‌رمه‌ بۆ په‌ره‌پێدان‌و دابه‌شكردنی ڤاكسینی ڤایرۆسی كۆرۆنا. ده‌بێت وڵاتانی ئه‌ندام له‌ كۆمه‌ڵه‌ی G-20دا كار له‌سه‌ر پابه‌ندییه‌كانی پێشوو بكه‌ن‌و كار له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌تدا بكه‌ن، به‌مه‌به‌ستی بونیادنانی سه‌كۆیه‌ك بۆ پێشكه‌شكردنی ڤاكسینی په‌تاكه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی خێرا‌و دادپه‌روه‌رانه‌. ئه‌مه‌ش یه‌خه‌گیرییه‌كی دانسقه‌یه‌‌و پێویستیشی به‌ هاوپه‌یمانییه‌كی دانسقه‌شه‌.
چواره‌م، پێوسته‌ ڕێكاری كارای زیاتر بگیرێته‌به‌ر، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی ڕوودانی له‌ ئابوورییه‌ تازه‌پێگه‌شتووه‌كاندا چاوه‌ڕوانكراوه‌. پێویسته‌ سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی ده‌سته‌به‌جێ گوژمێكی نوێی مافی ڕاكێشان ده‌ربكات، هه‌روه‌ها ده‌بێت یانه‌ی پاریس بۆ قه‌رزده‌ره‌كان، به‌هه‌ماهه‌نگییه‌كی پته‌و له‌گه‌ڵ چیندا، چاره‌سه‌ری ئاستی ئه‌و قه‌رزانه‌ بكه‌ن، كه‌ وڵاته‌ قه‌رزداره‌كان ناتوانن به‌رگه‌ی زیادبوونی بگرن.
پێنجه‌م، پێویسته‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كار بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌ پێویسته‌كان بكات، بۆ گره‌نتی سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ فره‌چه‌شنی بایۆلۆجی، هه‌روه‌ها كۆنگره‌ی ساڵی داهاتووی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ پاراستنی ژینگه‌. له‌ڕاستیدا جیهان زۆر پێویستی به‌ به‌شداری زیاتری وڵاتانه‌ له‌ چاره‌سه‌ری پرسه‌كانی ژینگه‌دا، له‌ نێویشیاندا پرچڕاندانی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان له‌ناوچوونی ژینگه‌ی سروشتی‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی له‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ ده‌گوێزرێنه‌وه‌.
مێژوونووس مارگرێت میكمڵن شرۆڤه‌كه‌ی خۆی ده‌رباره‌ی جه‌نگی جیهانی له‌ ساڵی 1914دا به‌ په‌یامێكی گرنگ كۆتایی پێهێنا:"ئه‌گه‌ر له‌سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌كه‌مه‌وه‌ ویستمان په‌نجه‌ی تاوان ئاڕاسته‌ بكه‌ین، ده‌توانین به‌دوو لایه‌ن لۆمه‌ی ئه‌وانه‌ بكه‌ین، كه‌ ئه‌وروپایان به‌رو جه‌نگ برد، یه‌كه‌م، خه‌یاڵیان نه‌یتوانی پێشبینی ئه‌و وێرانكارییه‌ بكات، كه‌ له‌ئه‌نجامی ئه‌و ململانێیه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌، دووه‌م، ئه‌و ئازایه‌تییه‌یان نه‌بوو، تا له‌ڕووی ئه‌وانه‌دا بووه‌ستنه‌وه‌، كه‌ ده‌یانگوت هیچ بژارده‌یه‌ك نیه‌ جگه‌ له‌ جه‌نگ. له‌ڕاستیدا هه‌میشه‌ بژارده‌ی دیكه‌ هه‌یه‌".
ئه‌مڕۆ دواكه‌تن له‌ كاركردندا زیانی زه‌به‌لاحی لێداوین، بۆیه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی به‌ئاسانی قایلببین به‌ داڕمانی سستمه‌ جیهانییه‌ فره‌لایه‌نه‌كه‌، پێویسته‌ بیر له‌و میكانیزه‌ نوێیانه‌ی هه‌ماهه‌نگی بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م قه‌یرانه‌ پێویستن.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure