ده‌وڵه‌تى ئیسلامى و تیۆره‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان

18/12/2018

بێ نوسەر

نوسینى، د. یعقوب ئیبراهیمى
سه‌رچاوه‌: ئی ئینته‌رناشناڵ ڕیله‌یشنس
وه‌رگێڕانى له‌ ئینگلیزییه‌وه‌، هاوڕێ حه‌سه‌ن حه‌مه‌

پێشه‌كى 
ده‌وڵه‌تى ئیسلامى كه‌ به‌ ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ عێراق و شام یان داعش ناسراوه‌، له‌ساڵى 2014دا به‌مه‌ستى دروستكردنى خیلافه‌تێكى جیهانى دروستبوو. دروستكردنى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى " داعش"، بوو به‌ بابه‌تى سه‌ره‌كى گفتوگۆو دیبه‌یت له‌نێو سكوڵه‌ره‌كانى بوارى ئاسایش، كه‌ له‌ڕوانگه‌ى جیاواز جیاوازه‌وه‌ هه‌وڵیاندا له‌ پاڵنه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانى پشت دروست بوونى ئه‌م ڕێكخراوه‌ سه‌له‌فیه‌ جیهادییه‌ بكۆڵنه‌وه‌. ئه‌م لێكۆڵینه‌ڕه‌وانه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیاندا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ دروستبوونى داعش ده‌رئه‌نجامى فاكته‌ری مێژوویی و ئه‌و گۆڕاوانه‌ى تره‌ كه‌ له‌ سیاسه‌تى عێراقی دواى سه‌دام حوسێن ڕێگه‌ خۆشكه‌ربوون بۆ دروست بوونی داعش. بۆ نموونه‌، ئه‌م لێكۆڵه‌ڕانه‌ دروستبوونى داعش ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ گۆڕاوه‌كانى وه‌ك ناكۆكى نێوان شیعه‌و سووننه‌، سیاسه‌ته‌كانى ڕژێمى به‌عس له‌پێش داگیركردنى عێراق له‌ساڵى 2003دا، داگیركردنى عێراق له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ و لێكه‌وته‌كانى، گۆڕانكارییه‌ سیاسیه‌كانى دواى داگیركردنى عێراق كه‌ بووه‌ هۆى قوڵبوونه‌وه‌ى دابه‌شبوونى مه‌زهه‌بی له‌عێراق. ئه‌م لێكۆڵینه‌وانه‌ تاڕاده‌یكى زۆر زانیاری به‌سوود ده‌خه‌نه‌ڕوو له‌سه‌ر دروستبوونى داعش، ئه‌م لێكدانه‌وانه‌ گرنگن بۆ تێگه‌یشتن له‌ دروستبوونى داعش له‌ گۆشه‌نیگاى جیاواز جیاوازه‌وه‌. به‌ڵام، هیچ كام له‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ له‌ڕوانگه‌یه‌كى تیۆرییه‌وه‌ باسیان له‌ درووستبوونى داعش نه‌كردووه‌. له‌به‌رئه‌مه‌، له‌و لێكۆڵینه‌وانه‌دا لێكدانه‌وه‌ى جۆراوجۆر بۆ سه‌رهه‌ڵدانى داعش له‌ چوارچێوه‌ى تیۆره‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا پشتگوێ خراوه‌. 
ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ هۆكاره‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانى دروستبوونى داعش ده‌كۆڵێته‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ى تیۆره‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا، كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌ گفتوگۆى ئه‌كادیمى له‌سه‌ر جه‌نگ و ئاشتى له‌ سیستمى نێوده‌وڵه‌تیدا سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌، له‌به‌ر ئه‌نجامیشدا له‌لایه‌ن تیۆر داڕێژه‌ره‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ برا بۆ چوارچێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ هۆكاره‌كانى دیارده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌كۆڵێته‌ له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌كانى لێكدانه‌وه‌ى تاك و گروپ له‌گه‌ڵ ئاستى نێوده‌وڵه‌تى. به‌ پشتنبه‌ستن به‌م چوارچێوه‌ شیكارییه‌، ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چۆن ئاستى تاك، گروپ، فاكته‌رى نێوده‌ڵه‌تى به‌شدارییان له‌ دروستبوونى داعش كردوه‌ له‌ عێراقی دواى سه‌دام حوسێندا. ئه‌م ده‌روازه‌یه‌ وێنه‌یه‌كى گشتگیرترو ڕوونترى سه‌رهه‌ڵدانى داعش ده‌سته‌به‌ر ده‌كات له‌ڕێگه‌ى پۆلێنكردن و باسكردنى هۆكاره‌كانى دروستبوونى داعش له‌سه‌ر ئاستى تاك و له‌سه‌ر ئاستى گروپ و له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌ڵه‌تى. 
ده‌وڵه‌تى ئیسلامى جێگره‌وه‌ى چه‌ندین گروپی یاخى- جیهادییه‌ كه‌ له‌دژى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌جانگان و دواتر چوونه‌ پاڵ ڕێكخراوى ئه‌لقاعیده‌ له‌ عێراق،  سه‌ر ئه‌نجامیش گه‌شه‌یان كرد بۆ ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌عێراق و شام/داعش، كه‌ دواجاریش گۆڕا بۆ ده‌وڵه‌تى ئیسلامى. پڕۆسه‌ى گه‌شه‌كردن له‌ ئه‌لقاعیده‌وه‌ بۆ داعش، به‌گشتى، ده‌ساڵى خایاند، واته‌ له‌ساڵى  2004 بۆ 2014. ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چۆن چه‌ندین هۆكار له‌ سه‌ر ئاستى جیاواز جیاوازى لێكدانه‌وه‌ پێكه‌وه‌ یان به‌جیا به‌شدارییان كردووه‌ له‌ پرۆسه‌ى به‌ره‌وپێشچوون له‌ ئه‌لقاعیده‌وه‌ بۆ ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ عێراق و شام. له‌م نوسینه‌دا من باس له‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ پاڵنه‌رى كه‌سی له‌ناو توندڕه‌وه‌كان ( له‌سه‌ر ئاستى كه‌سی یان تاك) و پاڵَنه‌رى سه‌له‌فیزمى جیهادى وه‌ك ئایدۆلۆجیایه‌كى گروپی (له‌سه‌ر ئاستى گروپ) و سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و سیاسه‌ته‌ سه‌ربازییه‌كانى له‌ عێراق ( ئاستى نێوده‌وڵه‌تى)، به‌یه‌كه‌وه‌ به‌شداریان له‌ دروستكردنى ده‌وڵه‌تى ئیسلامیدا كردووه‌ه‌ له‌ عێراقی دواى سه‌دام حوسێندا. ئه‌م دیدگایه‌ هۆكاره‌ جیاوازه‌كانى دروستبوونى داعش كۆده‌كاته‌وه‌ له‌یه‌ك تێڕوانینداو لێكدانه‌وه‌یه‌كى فره‌ ئاست بۆ دروستبوونى داعش ده‌خاته‌روو.

چوارچێوه‌ى شیكارى
ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ پشت ده‌به‌ستێت به‌ ئاسته‌كانى لێكدانه‌وه‌ له‌نێو تیۆره‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى ئه‌م لێكدانه‌وه‌ جیاوازانه‌ له‌ئه‌نجامى گفتوگۆو مشتومڕى ئه‌كادییمی له‌سه‌ر هۆكاره‌كانى جه‌نگ و ئاشتى له‌ سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تیدا هاتوونه‌ته‌ كایه‌وه‌. ئه‌م تیۆره‌ كه‌ دواجار بووبه‌ چوارچێوه‌یه‌ك له‌هۆكاره‌كانى دیارده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى وه‌ك و جه‌نگ ده‌كۆڵێته‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستى تاك و گروپ و له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى. 
له‌سه‌ر ئاستى تاك، سایكۆلۆژیاى تاك و پاڵنه‌ره‌كانى به‌كارده‌هێنرێن بۆ ڕوونكردنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌ى خه‌باتى مه‌ده‌نى له‌وانه‌ش خۆنیشاندان و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌و، شۆڕش و جه‌نگ. لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان، له‌م ئاسته‌ى شیكاریدا، گریمانه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تاكه‌كان به‌ره‌و شه‌ڕه‌نگێزى ده‌ڕوون كاتێك هه‌ست به‌نائومێدى ده‌كه‌ن به‌هۆى كه‌سێك یان شتێكه‌وه‌ كه‌وا ئه‌وان وا هه‌ست ده‌كه‌ن ئه‌و شته‌ یان ئه‌و كه‌سه‌ ڕێگرییان لێده‌كات له‌وه‌ى كه‌ بتوانن ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌یان یان خه‌ونه‌كه‌یان به‌دى بهێنن. له‌سه‌ر ئاستى گروپ، لێكۆڵه‌ڕه‌وه‌كان ناسنامه‌ى گروپ (ناسیۆنالیزم، خێڵ، نه‌ژاد، ئاین، ئایدۆلۆژیا) وه‌ك گۆڕاوێك به‌كارده‌هێنن بۆ  تێگه‌یشتن له‌ هۆكاره‌كانى ململانێ. كۆتا ئاست، ئاستى لێكدانه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، لێكۆڵه‌ره‌وه‌كان فاكته‌ره‌ ده‌ره‌كیه‌كان وه‌ك پاڵنه‌ره‌ى سه‌ره‌كى ده‌بینن له‌پشت ڕوودانى ڕووداوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى وه‌ك ململانێ و جه‌نگ. ئه‌و تیۆرانه‌ى كه‌ ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوه‌ى ئه‌م ئاسته‌ له‌ لێكدانه‌وه‌، گریمانه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌وا به‌ربه‌سته‌ ده‌ره‌كیه‌كان " گۆڕاوه‌ ده‌ره‌كیه‌كان" پاڵ به‌ ئاكته‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌نێن بۆ جه‌نگ. به‌ پشتبه‌ستن به‌م ئاسته‌ له‌ لێكدانه‌وه‌، ئه‌م لیكۆڵینه‌وه‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌ر سێ پاڵنه‌ره‌كه‌: پاڵنه‌رى تاكه‌كه‌سى جیهادییه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانى شكۆ، پاڵنه‌رى گروپی، پاڵنه‌رى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ پێكدێت له‌ سیاسه‌ته‌ تاك جه‌مسه‌رییه‌كانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا له‌ جیهانى ئیسلامیدا فاكته‌رى سه‌ره‌كین له‌پشت دروستبوونى ده‌وڵه‌تى ئیسلامییه‌وه‌.  ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ بۆچى جیهادییه‌كان له‌سه‌ر ئاستى تاك پاڵنه‌رو تواناى ئه‌وه‌یان هه‌بوو ڕێكخراوێكى جیهادى له‌شێوه‌ى داعشدا دروستبكه‌ن. چۆن جیهادییه‌كان به‌شدارییان كرد له‌ درو ستكردنى داعشدا؟  

ئاستى تاك
له‌سه‌ره‌تادا، دروستكردنى ڕێكخراوى ئه‌لقاعیده‌ له‌عێراق كه‌ دواجار بوو به‌ ده‌وڵه‌تى ئیسلامى به‌رئه‌نجامى پاڵنه‌رى شه‌خسی بوو له‌نێو جیهادی و به‌عسیه‌كاندا. زۆرێك له‌و  سه‌ركرده‌ جیهادیی و جه‌نگاوه‌ره‌كانه‌ى كه‌ ڕێكخراوى ئه‌لقاعیده‌یان له‌عێراق له‌ساڵى 2004دا  دروستكرد پێشتر ئه‌ندامى ڕێكخراوى ئه‌لقاعیده‌ بوون و به‌شێكیشیان ئه‌و جیهادییه‌ گه‌نجانه‌بوون، كه‌ له‌دواى داگیركردنى ئه‌ڤغانستان له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ له‌ساڵى 2001دا، به‌ته‌واوى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا بڵاووبوونه‌وه‌. كاتێك كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌ڤغانسانى داگیركرد، ڕێكخراوى ئه‌لقاعیده‌ دابه‌شبوو به‌سه‌ر: ئه‌لقاعیده‌ى سه‌ره‌كى كه‌ له‌ ئه‌ڤغانستان بوو، له‌گه‌ڵ گروپه‌ پاشكۆكانى كه‌ به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ له‌ 16 وڵاتى ئیسلامیدا بڵاووبوونه‌وه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ بۆ ماڵى و تا ده‌گاته‌ یه‌مه‌ن. ئه‌م جیهادییانه‌ ده‌ستبه‌جێ چه‌ندین گروپیان دروست كرد كه‌ وه‌لائیان بۆ ئه‌لقاعیده‌ بوو، یه‌كێك له‌و گروپانه‌ گروپی ئه‌لقاعیده‌ى عێراق بوو كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌بوو موسعه‌ب ئه‌ل زه‌رقاوییه‌وه‌  سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرا، كه‌ موسوڵمانێكى ئوردنیه‌ كه‌  سه‌رپه‌رشتى كامپێكى جیهادى ده‌كرد به‌ناوى جه‌بهه‌ت ئه‌لته‌وحید وه‌ك جیهاد له‌ ئه‌ڤغانستان پێش ئه‌وه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌و وڵاته‌ داگیربكات له‌   ساڵى 2001دا. زه‌رقاوى له‌ساڵى 2002دا ئه‌ڤغانستانى به‌جێهێشت و به‌ره‌و عێراق به‌ڕێكه‌وت له‌وكاته‌دا هێزه‌كانى ویلایه‌ته‌ یه‌گرتووه‌كان عێراقیان ده‌گیركرد. له‌دواى ڕێكه‌وتنامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئوسامه‌ بن لادن له‌ساڵى 2004دا زه‌رقاوى ناوى گروپه‌ى گۆرى بۆ ته‌نزیم ئه‌لقاعیده‌ فی بیلادى ڕافیده‌ین، كه‌ به‌ گروپى ئه‌لقاعیده‌ى عێراق ناسراوه‌. 
به‌گشتى سێ فاكته‌رى سه‌ره‌كى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى تاك كه‌ به‌شدارییان له‌ دروستكردنى داعشدا كردووه‌. فاكته‌رى یه‌كه‌م بریتیه‌ له‌ پاڵنه‌رى مانه‌وه‌و ئاسایشى شه‌خسى له‌نێو جیهادیی و به‌عسیه‌كانى عێراقدا. پاڵته‌رى دووه‌م بریتیه‌له‌ كاردانه‌وه‌ى توندى شه‌خسی له‌به‌رامبه‌ر داگیركارى ئه‌مریكى له‌ عێراق و لێكه‌وته‌كانى داگیركردنى عێراق. پاڵنه‌رى  سێهه‌م بریتیه‌ له‌ هه‌ستێكى شكۆمه‌ندى له‌نێو جیهادییه‌كا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڕاسته‌وخۆى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا. 
سه‌باره‌ت به‌ فاكته‌رى یه‌كه‌م، گه‌ڕانى جیهادییه‌كان بۆ شوێنێكى ئارام و سه‌لامه‌ت بووه‌ هۆى دووباره‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌یان له‌و ناوچانه‌ى عێراق كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تبوون له‌ عێراقی دواى سه‌دام حوسێندا. له‌دواى داگیركردنى ئه‌ڤغانستان له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ زۆرێك له‌و جیهادییانه‌ى كه‌ هه‌ڵهاتن له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه‌ خرابوونه‌ لیستى ڕه‌شى تیرۆره‌وه‌. به‌م هۆیه‌وه‌، له‌دواى ڕووداوه‌كانى 11ى  سێپته‌مبه‌ر دۆزینه‌وه‌ى شوێنیكى ئارام یه‌كێك بوو له‌ ئه‌وله‌ویاته‌ سه‌ره‌كیه‌كاانى ئه‌م كه‌سانه‌. زه‌قاوى و گروپه‌كه‌ى له‌نێو ئه‌و هه‌زاران جیهادییه‌ جیهانیانه‌دا بوون كه‌ ئه‌ڤغانستانیان به‌جێهێشت و به‌نێو وڵاتانى ئیسلامیدا بڵاووبونه‌وه‌ى به‌مه‌ستى دۆزینه‌وه‌ى شوێنێكى ئارام. داگیركردنى عێراق له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و دواجاریش ڕووخانى ڕژێمى عێراقی شوێنێكى ئارامى بۆ ئه‌م جیهادییانه‌ دابین كرد كه‌ توانیان خۆیانى تێدا حه‌شاربده‌ن و هه‌روه‌ها خۆشیانى تێدا ڕێكبخه‌نه‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌، له‌گه‌ڕان به‌دواى شوێنێكى ئارامدا، ئه‌م جیهادییانه‌ دواجار گروپی نوێیان دروستكرد له‌پێناو دروستكردنى ده‌رفه‌تێك بۆ هێرشى پێچه‌وانه‌وه‌ یان تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، سیاسه‌تى ڕیشه‌كێشكردنى به‌عس له‌ژێر ئیداره‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا  به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ ترسی له‌نێو سوننه‌ى عێراقدا دروستكرد، كه‌ دواجار ئه‌م ترسه‌ به‌شداریكرد له‌ پڕۆسه‌ى دروستكردنى گروپی دژ به‌ ئه‌مریكاو شیعه‌ له‌ عێراق. سیاسه‌تى ڕیشه‌كێشكردنى به‌عس كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى كاتى عێراقه‌وه‌ فه‌رمانى له‌سه‌ر درا بووه‌ هۆى شكۆشكاندن و جیاكارى و هه‌ڵاوێرى و بیكاركردنى  سه‌دان هه‌زار ئه‌فسه‌رى سه‌ربازى خزمه‌تگوزارى مه‌ده‌نى كه‌ ترسیان هه‌بوو له‌ سه‌ركوتكردنیان له‌لایه‌ن ئه‌مریكیه‌كان و له‌ هێرشى شیعه‌ ده‌ترسان كه‌ كۆنتڕۆڵى هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى له‌ده‌ ستدابوو. 
فاكته‌رى دووه‌مى سه‌رهه‌ڵدانى داعش، له‌م ئاسته‌ى لێكدانه‌وه‌دا، بریتیه‌ له‌هه‌ستى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئیسلامى و به‌عسیه‌كان. هه‌موو  سه‌ركرده‌ى گروپه‌ جیهادیی و گروپه‌ یاخی بووه‌ سووننه‌كانى عێراق، پێش ئه‌وه‌ى له‌ عێراق دروستببن، به‌شێوه‌ى تاك پاڵنه‌رى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یان هه‌بووه‌ له‌به‌رامبه‌ر سه‌ركوتكردنى سووننه‌ له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و دوژمنه‌ ناوخۆییه‌كانى سووننه‌، به‌تایبه‌ت حكومه‌تى زۆرینه‌ شیعه‌ له‌ عێراق. ئوسامه‌ بن لادن خۆى به‌ شه‌خسی داواى له‌ هه‌موو جیهادییه‌كان كرد كه‌ تۆڵه‌ى داگیركردنى عێراق بكه‌نه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ى ئه‌نجامدانى هێرش له‌ دژى ئه‌ندامانى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عێراق. زه‌رقاوى شیعه‌كانى بۆ لیستى كردنه‌ ئامانجه‌كانى زیادكردبوو، داواى له‌ شوێنكه‌وتووه‌كانى ده‌كرد كه‌  سه‌ركوتكه‌رى جیهانى و سازشه‌كه‌رى ناوخۆیی بكه‌نه‌ ئامانج. 
 سێهه‌مین فاكته‌ر كه‌ به‌شداریكردووه‌ له‌ دروستكردنى داعشدا، له‌سه‌ر ئه‌م ئاستی لێكدانه‌وه‌یه‌، هه‌شتى شكۆو كه‌رامه‌ته‌ له‌نێو جیهادی و به‌عسیه‌كاندا بۆ ڕووبه‌ڕوووبونه‌وه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و حكومه‌تى زۆرینه‌ شیعه‌ له‌عێراق. له‌دواى ڕووخانى ڕژێمى سه‌دام حوسێن له‌ عێراق، سووننه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ستدا، ئیشه‌كانیان له‌ده‌ستدا، له‌هه‌مانكاتدا كاریگه‌رى سیاسیان بۆ شیعه‌ له‌ده‌ستدا، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى به‌هۆى داگیركارى ده‌ره‌كى و پشتیوانى له‌ ڕژێمێكى زۆرینه‌ شیعه‌ بوو له‌ عێراق. به‌م هۆیه‌وه‌، پاڵنه‌رى شكۆ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانه‌ ناوخۆییه‌كه‌ى بۆ گێڕانه‌وه‌ى كه‌رامه‌ت بوو به‌ پاڵنه‌رێكى گه‌وره‌ له‌لای ئیسلامیه‌كان و به‌عسیه‌كان.

ئاستى گروپی
له‌سه‌ر ئاستى گروپى ئایدۆلۆجیاى سه‌له‌فى جیهادى فاكته‌رێكى سه‌ره‌كیه‌ و ژینگه‌یه‌كى  له‌باره‌ بۆ دروستبوونى داعش. سه‌له‌فی جیهادى ڕێچكه‌یه‌كى دیاریكراوه‌ له‌ ئایدۆلۆجیاى سه‌له‌فی كه‌ ڕاڤه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌كى ئیسلامى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌یه‌ بۆ سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى. ئه‌م ئایدۆلۆجیایه‌ چوار خاسیه‌تى سه‌ره‌كى له‌خۆ ده‌گرێت: خاسیه‌تى یه‌كه‌م بریتیه‌له‌ دیاریكردنى كێشه‌كه‌، خاسیه‌تى دووه‌م بریتیه‌له‌ دیاریكردنى ئه‌و دووژمنه‌ى كه‌ بۆته‌هۆى دروستبوونى كێشه‌كه‌، خاسیه‌تى سێهه‌م، میتۆدى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ یان چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌یه‌، خاسیه‌تى كۆتایی بریتیه‌له‌ ئامانجى كۆتایی. تاڕاده‌یه‌كى زۆر ڕاگه‌یانراوى دامه‌زران و لێدوانه‌ فه‌رمیه‌كانى گروپه‌ جیهادییه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى وه‌ك گروپى ئه‌لقاعیده‌و ڕێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌م چوار خاسیه‌ته‌ بوون. دۆكۆمنێت و ڕاگه‌یاندنه‌كانى  ئه‌م دوو گروپه‌ داگیركردنى خاكی موسوڵمانان له‌لایه‌ن خه‌ڵكانى غه‌یره‌ مووسوڵمانه‌وه‌ وه‌ك كێشه‌كه‌ ده‌بینێت، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانى وه‌ك دوژمن سه‌یرده‌كات، جیهادو دروستكردنى ڕێكخراوى جیهادى وه‌ك ئامڕازێك ده‌بینێت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م كێشه‌یه‌، دروستكردنى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى وه‌ك دوا ئامانج پێناسه‌ ده‌كات. ئه‌م ئایدۆلۆجیایه‌ ڕێگه‌دات به‌به‌كارهێنانى توندوتیژى بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌موو تاكێكى موسوڵمان ئه‌ركی جیهادى له‌سه‌ره‌ له‌برى برا موسڵمانه‌كانى ترى. به‌ڵگه‌كان ئه‌وه‌ پێشانده‌ده‌ن كه‌ ئه‌م خاسیته‌ ده‌ورێكى سه‌ره‌كی هه‌بووه‌ له‌ دروستبوونى داعشدا. 
پێش دروستبوونى داعش، گروپه‌ جیهادییه‌ جیهانى و گروپه‌ یاخیبووه‌كانى دژ به‌ ئه‌مریكاو شیعه‌ ئه‌م ئایدۆلۆجیه‌یان قبوڵكردبوو پیاده‌یان ده‌كرد، كه‌ له‌به‌رئه‌نجامدا، تاك و گروپه‌ جیاوازه‌كانى له‌ڕووى ناسنامه‌وه‌ وه‌ یه‌كخست له‌به‌رامبه‌ر به‌دیهێنانى ئامانجێكى دیاریكراودا، كه‌ ئه‌ویش بریتیى بوو له‌ دروستكردنى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى.  سه‌ركرده‌ پێشه‌نگه‌كانى گروپه‌ جیهادییه‌كان له‌عێراق، له‌وانه‌ش زه‌رقاوى و ئه‌بوو عمر ئه‌لبه‌غدادى و ئه‌بوو حه‌مزه‌ ئه‌ل موهاجیرى فیگه‌رى  سه‌ركى سه‌له‌فی بوون. یه‌كه‌مین وته‌بێژى داعش، ئه‌بوو موحه‌مه‌د ئه‌ل عه‌دنانى، ته‌نانه‌ت كتێبه‌كانى موحمه‌دى كوڕى عه‌بدوول وه‌هابی به‌ وانه‌ ده‌وته‌وه‌ به‌ جیهادییه‌كانى یاوه‌رى. بڵاوكراوه‌ فه‌رمیه‌كانى داعش زیاتر وته‌ى زانایانى پێشینه‌ى ئیسلامى له‌خۆ ده‌گرت، له‌گه‌ڵ قسه‌ى خه‌لیفه‌كان و وته‌ى یاوه‌ره‌كانى پێغه‌مبه‌رو تێكسته‌ بنه‌ڕه‌تیه‌ ئیسلامیه‌كان. دوو ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ى داعش له‌كاتى دامه‌زراندنیندا: ڕاگه‌یاندنى "ئه‌مه‌ به‌ڵێنى خودایه‌"، ڕاگه‌یاندنى خیلافه‌ت، دوو نموونه‌ى سه‌ره‌كین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ داعش سروشتێكى سه‌له‌فی جیهادى هه‌بووه‌.  
له‌مه‌ش زیاتر، داعش زۆر به‌ڕوونى پیاده‌ى ئه‌و چوار بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌ى سه‌له‌فی جیهادى كردووه‌ كه‌ دیاریكردنى كێشه‌كه‌و، ئه‌و دووژمنه‌ى كه‌ بۆته‌هۆى سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌كه‌، ئه‌و میتۆده‌ توندوتیژه‌ى كه‌ پێویسته‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دوژمن، كۆتا ئامانجی  سیاسی كه‌ بریتیه‌له‌ دروستكردنى خیلافه‌ت یان ده‌وڵه‌تێكى ئیسلامى له‌خۆ ده‌گرێت. ئه‌م چوار بنه‌ما  سه‌ره‌كیه‌ زۆر به‌ڕوونى دیاره‌ له‌ ڕاپۆرت و ڕاگه‌یاندنه‌كانى داعشدا، به‌تایبه‌تى له‌ ڕاگه‌یاندنى " ئه‌مه‌ به‌ڵێنى خوایه‌، و له‌ " ڕاگه‌یاندنى خیلافه‌تدا. 
له‌و ڕاگه‌یاندنه‌ى كه‌ به‌ناوى " ئه‌مه‌ به‌ڵێنى خوایه‌" بڵاوبۆیه‌وه‌، داعش سه‌ركوتكردنى موسوڵمانان و داگیكردنى خاكه‌كه‌یان له‌لایه‌ن ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه‌ وه‌ك كێشه‌ى جیهانى  ئیسلامى وه‌سفده‌كات. به‌هه‌مان شێوه‌، ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ وڵاتانى بێباوه‌ڕى وه‌ك ڕۆژئاوا وه‌ك دوژمن وه‌سفده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جیهاد وه‌ك متۆدى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دوژمن و چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ له‌به‌رچاو ده‌گرێت. له‌كۆتایشدا، ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ باس له‌ گرنگى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌تێكى ئیسلامى له‌سه‌ر بنه‌ماى شه‌ریعه‌ ده‌كات به‌سه‌ر خاكى موسوڵماناندا وه‌ك ئامانجى كۆتایی. 

ئاستى لێكدانه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى 
ده‌وڵه‌تى ئیسلامى ته‌نها په‌یوه‌ندیدار نیه‌ به‌ سیاسیه‌تى ناوخۆیی یاخود كاروبارى موسوڵمانانه‌وه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كى گرنگى هه‌یه‌ به‌ سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌. ئامانجى نێوده‌وڵه‌تى داعش بریتیه‌ له‌ دروستكردنى ده‌وڵه‌تێكى ئیسلامى جیهانى له‌سه‌ر بنه‌ماى شه‌ریعه‌، وه‌ ئه‌م ئامانجه‌ى داعش له‌ زۆربه‌ى زۆرى ژماره‌كانى گۆڤارى دابقدا باسی لێوه‌كراوه‌. سووربوونى داعش له‌سه‌ر ئامانجه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى ڕه‌گوڕیشه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئایدۆلۆژیاى داعش و ئه‌و ژینگه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ى كه‌ داعش تێدا سه‌ریهه‌ڵدا. ڕه‌گوڕیشه‌ ئایدۆلۆژییه‌كانى داعش له‌ به‌شى پێشه‌وه‌دا باسی لێوه‌كرا، به‌ڵام ژینگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كه‌ به‌شداریكرد له‌ دروستبوونى داعشدا له‌م به‌شه‌ى خواره‌وه‌دا باسی لێوه‌ده‌كرێت. 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى پاڵنه‌رى تاكه‌كه‌سی و گروپی هۆكاربوون بۆ دروستبوونى داعش، به‌ڵام دروستبوونى داعش له‌هه‌مانكاتدا ده‌رئه‌نجامى ئه‌و هۆكارانه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئاستى نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌م ئاسته‌ى لێكدانه‌وه‌دا، ئه‌و هۆكارانه‌ى كه‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ داگیركردنى عێراق و ئه‌ڤغانستان له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ به‌شدارییه‌كى سه‌ره‌كییان كرد له‌ دروستكردنى داعشدا. لایه‌نى كه‌م سێ هۆكار ده‌كرێت وه‌ك سێ هۆكارى سه‌ره‌كى له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى باسیان لێوه‌بكرێت كه‌ هۆكاربوون بۆ دروستبوونى داعش. یه‌كه‌مین هۆكار، داگیركردنى ئه‌ڤغانستانه‌ له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكاوه‌، ئه‌م ڕووداوه‌ بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌زارن جیهادى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ئه‌ڤغانستانه‌وه‌ هه‌ڵبێن و به‌دواى په‌ناگه‌و ده‌رفه‌تدا بگه‌رێن بۆ خۆ ڕێكخستنه‌وه‌ له‌ شوێنه‌كانى ترى وه‌ك باشورى ئاسیاو ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. هۆكارى دووه‌م داگیركردنى عێراقه‌ له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ له‌گه‌ڵ لێكه‌وته‌ ناوخۆییه‌كانى، به‌تایبه‌تى پڕۆسه‌ى ڕیشه‌كێشكردنى به‌عس له‌ سێكته‌رى سه‌ربازى و مه‌ده‌نى بۆیه‌وه‌ په‌ڕاوێز خستنى پێكهاته‌ى سووننه‌و ناچارى كردن كه‌ بچنه‌پاڵ گروپه‌ یاخیبووه‌كانى دژ به‌ به‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و پێكهاته‌ى شیعه‌. هۆكارى كۆتایی، لێكه‌وته‌ هه‌رێمیه‌كانى داگیركردنى عێراقه‌ له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، به‌تایبه‌تى كێبڕكێى مه‌زهه‌بیه‌كانى نێوان عه‌ره‌بستانى سعودییه‌و و ئێران له‌ناوچه‌كه‌دا. 
سه‌باره‌ت به‌ فاكته‌رى یه‌كه‌م، دامه‌زرێنه‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كانى ده‌وڵَه‌تى ئیسلامى ئه‌و كه‌سه‌ جیهادییانه‌بوون كه‌ له‌ ئه‌ڤغانستان هه‌ڵهاتن له‌دواى ئه‌وه‌ى كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هێرشى كرده‌ سه‌ر ئه‌لقاعیده‌و تالیبان له‌ مانگى ئۆكتۆبه‌رى 2001. دواى داگیركردنى ئه‌ڤغانستان له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌، ئه‌ندامانى ئه‌لقاعیده‌و پاشكۆكانى له‌و وڵاته‌ هه‌ڵهاتن، به‌شێكیهان ڕوویانكرده‌ عێراق له‌سه‌ره‌تا 2003دا ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ داگیربكرێت. گروپى جه‌بهه‌ت ئه‌لته‌وحید وه‌لجهیادى زه‌رقاوى یه‌كێك بوو له‌و گروپانه‌ى كه‌ له‌سه‌ره‌تاى 2002دا ئه‌ڤغانستانى به‌جێهێشت. زه‌رقاوى و گروپه‌كه‌ى له‌ ئه‌ڤغانستانه‌وه‌ هه‌ڵهاتن بۆ ئێران و دواتر له‌ باكورى عێراقدا گیرسانه‌وه‌ له‌ساڵى 2002دا. له‌و كاته‌دا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان عێراقی داگیركرد له‌ ئازارى ساڵى 2003دا، زه‌رقاوى بنكه‌یه‌كى بچووكى گروپى جه‌بهه‌ت ئه‌لته‌وحید وه‌لجهیادى له‌ ناوچه‌ى بیاره‌ دامه‌زراند له‌ پارێزگاى سلێمانى، كه‌ ئه‌م گروپه‌ به‌زۆرى جیهادییه‌ ئوردنى و سورییه‌كان پێكهاتبوو، هه‌روه‌ها ئه‌و كوردانه‌ى كه‌ له‌ ئه‌ڤغانستانه‌وه‌ هه‌ڵهاتبون یاخوود ئه‌و كوردانه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌ جیهادییه‌ ئیسلامیه‌كانى كوردستاندا كاریان ده‌كرد، له‌وانه‌ش له‌ ئه‌نسارو ئیسلام. وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ باسی لێوه‌ كرا ئه‌م گروپه‌ (جه‌بهه‌ت ئه‌لته‌وحید وه‌لجهیاد) بوو به‌ بڕبڕه‌ى پشتى گروپی ئه‌لقاعیده‌ى عێراق له‌دواى داگیركردنى عێراق له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ كه‌ دواجاریش بوو به‌ ڕێكخراوى ده‌وڵَه‌تى ئیسلامى له‌ساڵى 2014دا. 
سه‌باره‌ت به‌ فاكته‌رى دووه‌م، داعش به‌رئه‌نجامى داگیركردنى عێراق و لێكه‌وته‌ ناوخۆییه‌كانى بوو له‌وانه‌ش ڕووخانى ده‌وڵه‌تى عێراق و پڕۆسه‌ى ڕیشه‌كێشكردنى به‌عس. بۆ نموونه‌، زه‌رقاوى زۆر سودمه‌ندبوو له‌ ڕووخانى ده‌وڵه‌تى عێراق به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ بۆشیایی هێز دروستبوو له‌ناوچه‌ سوونیه‌كاندا. له‌مه‌ش زیاتر، هه‌ڵمه‌تى زه‌رقاوى بۆ به‌جیهادیكردنى سوونه‌كانى عێراق فراوانكردنى به‌ره‌ى دژ به‌ ئه‌مریكاو دژ به‌ شیعه‌ زۆر سوودى له‌ سیاسه‌تى ڕیشه‌كێشكردنى به‌عس بینى. له‌دواى ڕیشه‌كێشكردنى به‌عس له‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق، هه‌زار ئه‌فسه‌رو سه‌ربازى ده‌ركراو له‌ڕیزى سووپاى عێراق به‌هۆى به‌عسى بوونیانه‌وه‌ چوونه‌ پاڵ گروپه‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان به‌تایبه‌تى گروپى ئه‌لقاعیده‌ى عێراق. به‌م شێوه‌یه‌، داگیركردنى عێراق له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى بوو به‌ پاڵنه‌ر بۆ كه‌سایه‌تیه‌ جیهادییه‌كان كه‌ هه‌ڵگرى ناسنامه‌ى جیاوازبوون بۆ ئه‌وه‌ى بچنه‌پاڵ جیهادى دژ به‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌مه‌ پاڵى نا به‌ گروپه‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بچنه‌پاڵ پڕۆسه‌كه‌و دواجاریش ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ى دروستبوونى داعشى لێكه‌وته‌وه‌. 
سه‌باره‌ت به‌ فاكته‌رى سێهه‌م، داگیكردنى عێراق له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ بووه‌ هۆى دروستبوونى لێكه‌وته‌ى هه‌رێمى، كه‌ له‌به‌رئه‌نجامدا ئه‌م لێكه‌وتانه‌ به‌شدارییان كرد له‌ دروستبوونى داعشدا. له‌دواى ڕووخانى ڕژێمى  سه‌دام حوسێن و هاتنه‌سه‌ر كارى حكومه‌تێكى زۆرینه‌ شیعه‌ له‌عێراق، ململانێ هه‌رێمیه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌نێوان بلۆكى شیعه‌و سووننه‌دا له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا قوڵتربوونه‌وه‌. له‌دواى ڕووخانى ڕژێمى  سه‌دام حوسێن، ئێران وه‌ك هێزێكى هه‌رێمى كاریگه‌ر به‌ده‌ركه‌وت له‌عێراقدا. سیتمێكى زۆرینه‌ شیعه‌ له‌عێراق بۆ عه‌ره‌بستانى سعودییه‌ جێگه‌ى قبول نه‌بوو، كه‌ بیروباوه‌ره‌ وه‌هابیه‌كه‌ى، پێكهاته‌ى شیعه‌ وه‌ك  ئیسلامى ڕاسته‌قینه‌  سه‌یرناكات. هه‌ڵكشانى جه‌نگى ساردى نێوان ئێران و عه‌ره‌بستانى  سعودییه‌ تاڕاده‌یه‌كى زۆر بووه‌ هۆى جه‌مسه‌ربه‌ندى عێراق به‌سه‌ر هێڵى شیعه‌و سووننه‌دا كه‌ ئه‌مه‌ش ژینگه‌یه‌كى درو ستكرد كه‌ ڕێگه‌ى خۆشكرد بۆ  سه‌رهه‌ڵدانى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌به‌شه‌ سووننیه‌كه‌ى عێراقدا. به‌به‌كارهێنانى ئه‌م ژینگه‌یه‌، داعش واى ده‌بینى كه‌ به‌كارهێنانى گوتارى دژ به‌ شیعه‌ ئامڕازێكى گرنگه‌ بۆ دروستكردنى په‌ناگه‌ بۆ خۆى له‌ناوچه‌ سونیه‌كاندا كه‌تێدا پاڵپشتیه‌كى به‌رفراوان ده‌كرا. شانه‌و تۆڕه‌كانى سه‌ر به‌داعش به‌ره‌و ڕێكخراوێكى یه‌كگرتوو یه‌كڕیز له‌م ژینگه‌یه‌دا گه‌شه‌یان كرد. 

ده‌رئه‌نجام
پاڵنه‌ره‌كانى پشت دروستبوون و گه‌وره‌بوونى داعش ئاڵۆزو فره‌ ڕه‌هه‌ندن. لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى گشتگیر له‌م ئاڵۆزییه‌ پێویستی به‌ میتۆدێكى گشتگیر هه‌یه‌. لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌كادیمیه‌كان له‌باره‌ى داعشه‌وه‌ به‌م ده‌رئه‌نجامه‌ گه‌یشتوون. به‌ پشتبه‌ستن به‌ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ى كه‌له‌ سه‌ر داعش كراون، ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌ پاڵنه‌ره‌كانى پشت دروستبوونى داعشى كۆڵیه‌وه‌ له‌ڕوانگه‌ى جیاواز جیاوازه‌وه‌. به‌به‌كارهێنانى چوارچێوه‌ی ئاسته‌كانى لێكدانه‌وه‌، ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ كورته‌ له‌هۆكاره‌كانى دروستبوونى داعشى كۆڵیه‌وه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ ئاستى تاك، ئاستى گروپی و ئاستى نێوده‌وڵه‌تى. ئه‌م میتۆده‌ ڕێگه‌مان ده‌دات بۆ پێكه‌وه‌ به‌ستنى هه‌ر سێ ئاسته‌ شیكارییه‌كه‌ و دراسه‌كردنى پڕۆژه‌ى دروستبوونى داعش به‌شێوه‌یه‌كى سیستماتیكى. 
ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى تاك، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ كۆمه‌ڵێك پاڵنه‌رى شه‌خسی كه‌سه‌ جیهادی و به‌عسیه‌كان هۆكاربوون بۆ دروستبوونى داعش، له‌ گرنترین ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ش بریتى بوون له‌: پاڵنه‌رى مانه‌وه‌و دابینكردنى ئاسایش بۆخۆیان، خواستى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌و پاڵنه‌رى به‌شداریكردن له‌ جیهادى نێوده‌وڵه‌تیدا. له‌سه‌ر ئاستى گروپ، ئه‌م نوسینه‌ باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئایدۆلۆجیاى سه‌له‌فی جیهادى هۆكاری سه‌ره‌كى دروستبوونى داعش بووه‌. له‌سه‌ر ئاستى لێكدانه‌وه‌ى نێوده‌ڵه‌تى، ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ به‌دواى ڕه‌گوڕیشه‌ى دروستبوونى داعشدا گه‌ڕا له‌دوو ڕووداوى گه‌وره‌دا، كه‌ ئه‌وانیش داگیرگردنى عێراق و ئه‌ڤغانستان بوون له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و لێكه‌وته‌ ناوخۆیی و هه‌رێمیانه‌ى كه‌ لێى كه‌وته‌وه‌. 
به‌ستنه‌وه‌ى هۆكاره‌كانى دروستبوونى داعش به‌یه‌وه‌كه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌یه‌كى ڕێكخراودا وێنه‌یه‌كى ته‌واو و نه‌واوازه‌مان پێشكه‌ش ده‌كات له‌سه‌ر دروستبوونى ئه‌م ڕێكخراوه‌. میتۆدى فره‌ ئاست یارمه‌تیمان ده‌دات له‌ دروستبوونى داعش بكۆڵینه‌وه‌ له‌ڕوانگه‌و ڕه‌هه‌ندى جۆراوجۆرو كۆنێكستتى جیاوازه‌وه‌. ڕێگه‌مان پێده‌دات به‌دواى ئه‌و فاكته‌ره‌ سه‌ره‌كیانى دروستبوونى داعشدا بگه‌رێن له‌سه‌ر ئاستى به‌رته‌سك و له‌سه‌ر ئاستى فراوان دواتر ڕێكیان بخه‌ین له‌چوارچێوه‌یه‌كى ناسراودا له‌ كایه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا. له‌مه‌ش زیاتر، ئاماانجێكى ترى ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ هانى لێكۆڵه‌ره‌وانى بوارى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بدات كه‌ تیۆره‌ باوه‌كانى په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ى دراسه‌كردنى پرسه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌كاندا به‌كاربهێنن. 

terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure