له‌ نێو پۆله‌كانی خه‌لافه‌تدا: په‌رتوكه‌كانی خوێندن و ڕێنمایی و شێوازه‌كانی په‌روه‌رده‌ له‌لای داعش

10/04/2019

قاره‌مان عه‌لى

پێشه‌كی
ئه‌م نووسینه‌ (توێژینه‌وه‌)، له‌ نێو پۆله‌كانی خه‌لافه‌تدا: په‌رتوكه‌كانی خوێندن و ڕێنمایی و شێوازه‌كانی په‌روه‌رده‌ له‌لای داعش(1)، له‌ ئۆگه‌ستی 2016 له‌ لایه‌ن "په‌یمانگه‌ی واشنتن"ه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌. پێشتر نووسه‌ری نووسینه‌كه‌، ئۆڵیدۆرت، ئه‌م نووسینه‌ی له‌ ژێر ناونیشانی "فێركردنی تیرۆر: په‌رتوكه‌كانی خوێندن و ڕێنمایی و شێوازه‌كانی په‌روه‌رده‌ له‌لای داعش" له‌ په‌یمانگه‌ی واشنتن پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بوانكرد(2). به‌ تێڕامان له‌ ناونیشانی نووسینه‌كه‌ی ئۆڵیدۆرت، ئه‌وه‌ ڕوونده‌بێته‌وه‌ كه‌ نووسه‌ر له‌ نووسینه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ داعش له‌ پاڵ بنیادنانی "خه‌لافه‌تی ئیسلامی" له‌ عێراق و شام، له‌ ڕێگه‌ی سستمێكی په‌روه‌رده‌ی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات "خه‌لافه‌تی ئیسلامی" له‌ ناخی چه‌كدارو دانیشتوانی- به‌تایبه‌تی منداڵانی- ده‌وڵه‌ته‌كه‌یدا دروستبكات.
گرنگی ئه‌م نووسینه‌، كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ده‌كرێت وه‌ك یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م نووسینه‌ بۆ ڕڤیوكردن سه‌یربكرێت، له‌وه‌دایه‌‌ كه‌ نووسه‌ر باس له‌وه‌ ده‌كات‌ داعش وه‌ك هزرو ئایدیۆلۆجیا له‌گه‌ڵ له‌ناوچوونی خه‌لافه‌ته‌كه‌یدا له‌ناوناچێت! له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا ئه‌م ڕاستییه‌، له‌ناوبردنی داعش له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ به‌ مانای كۆتایهاتنی ئه‌م ڕێكخراوه‌ وه‌ك ئایدیۆلۆجیا نایه‌ت، له‌كاتی هه‌وڵه‌كانی كۆنترۆڵكردنی "باغۆز" باشتر هه‌ستیپێكرا. چه‌ندین كه‌س له‌ ئه‌ندام و خێزانه‌كانی داعش، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان كه‌ بۆ كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن دوان، به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆو هه‌ندێكجاریش به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆو به‌زمانێكی پاراو ئه‌وه‌یان دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ ڕووخانی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش له‌سه‌ر زه‌وی به‌مانای ڕووخاندنی ئه‌و خه‌لافه‌ته‌ له‌ ناخ و دڵی ئه‌ندامه‌كانیدا نایه‌ت.
توێژینه‌وه‌كه‌ی ئۆڵیدۆرت كه‌ له‌ شێوه‌ی په‌رتوكدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ له‌ نه‌وه‌دو دوو "92" لاپه‌ڕه‌ پێكدێت و په‌رتوكه‌كه‌ به‌شێوه‌ی "ئۆنلاین" و بێ به‌رانبه‌ر ده‌توانرێت "داونلۆت"بكرێت.ئۆڵیدۆرت توێژینه‌وه‌كه‌یبه‌سه‌ر چوار به‌شی سه‌ره‌كیدا: 1- باكگراوند، 2- په‌رتووكه‌كانی خوێندن، 3- ڕێنماییه‌كان و 4- ده‌ره‌نجام و ڕاسپارده‌كاندا دابه‌شكردووه‌. نووسه‌ر له‌ "سوپاس و پێزانین"ی توێژینه‌وه‌كه‌یدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ زۆربه‌ی زۆری دیكیۆمێنته‌كانی نێو نووسینه‌كه‌ی له‌ وێبسایتی "جیهادۆلۆجی"یه‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن ئایرۆن زێڵینه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت، وه‌رگرتووه‌. نووسه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌كه‌ی ته‌نهائه‌و بڵاوكراوانه‌ی به‌كارهێناوه‌ كه‌ له‌دوای ڕأگه‌یاندنی "خه‌لافه‌ت" و به‌ زمانی عه‌ره‌بی نووسراون. له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی ئه‌م توێژینه‌وه‌وه‌ ئۆڵیدۆرت ده‌یه‌وێت ئه‌و كه‌لێنه‌ پڕ بكاته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی نه‌بوونی توێژینه‌وه‌وه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و نووسینانه‌ی داعش كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی نووسراون دروستبووه‌. ئه‌م بڵاوكراوانه‌ی داعش، كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی نووسراون و له‌ دوای ڕاگه‌یاندنی "خه‌لافه‌ت"ه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، بۆ دوو جۆر بڵاوكراوه‌: په‌رتووكه‌كانی خوێندن و نامیلكه‌ ڕێنماییكه‌رو ڕێنیشانده‌ره‌كان، پۆلێن ده‌كرێن.

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure