بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانى توركیا و ئه‌ركه‌كانى له‌ده‌ره‌وه

28/11/2019

بێ نوسەر سه‌رچاوه‌: بى بى سى عه‌ره‌بى
وه‌رگێڕانى: دكتۆر فوئاد عه‌لى       
له‌و كاته‌وه‌ى سه‌رۆكى توركیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان له‌ ساڵى 2002دا حوكمى توركیاى گرتۆته‌ دەست، توركیا کۆمه‌ڵێك گۆڕانكارى له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا ئه‌نجامداوه‌، له‌ گرنگترین ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ش تێڕوانینى توركیایه‌ بۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ هه‌رێمایه‌تییه‌ى هه‌یه‌تى به‌ تایبه‌تى له‌ ژێر تیشكى ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ى كه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا ڕووده‌ده‌ن و ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌ توركیاوه‌ هه‌یه‌ و كۆمه‌ڵێك ململانێ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و نیگه‌رانییه‌كانى كه‌ توركیا وای ده‌بینێت بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى مه‌ترسییه‌كانى و هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى توركیا له‌ ئێستا و له‌ ئاینده‌دا.
تێڕوانینێكى تازه‌
تا چه‌ند ساڵ پێش ئێستا توركیا خاوه‌نى بنكه‌ى سه‌ربازى نه‌بوو له‌ ده‌ره‌وه‌ى خاكى خۆیدا، جگه‌ له‌ ئاماده‌بوونى سه‌ربازى له‌ باكوورى قوبرس كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى 1974، كاتێك توركیا به‌ بیانوى پاراستنى كه‌مینه‌ى تورك هه‌زاران سه‌ربازى خۆى بۆ دوورگه‌ى قوبرس نارد و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ كاریگه‌رى نه‌رێنى له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌مەریكادا دروستكردووه‌ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تر هه‌ندێك له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاى ڕۆژئاوا كه‌ تا ئێستا دانیان به‌ كۆمارى باكوورى قوبرس نه‌ناوه‌ و نیگه‌رانن له‌وه‌ى توركیا یه‌ك لایه‌نه‌ كۆمارى باكوورى قوبرسى ڕایگه‌یاندووه‌.
هه‌ست كردن به‌ مه‌ترسى به‌رده‌وامى ئه‌ردۆگان به‌وه‌ى سعودیه‌ و ئیمارات له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمایه‌تی مه‌ترسین بۆ سه‌ر خۆى و توركیا، هه‌روه‌ها كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ى ساڵى 2016 بوون به‌ دوو هۆكار تا توركیا بنكه‌ى سه‌ربازى له‌ قه‌ته‌ر و سۆماڵ دابمه‌زرێنێت.
بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانى توركیا له‌ سوریا و عێراق ڕۆڵێكى سه‌ره‌كى و دیاریكراویان هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ ڕێگریكردنه‌ له‌ كورده‌كانى سوریا له‌وه‌ى نه‌توانن سه‌ربه‌خۆیى، یان ئۆتۆنۆمى به‌ده‌ستبهێنن، ئه‌م هه‌ڵوێست و دیده‌ى توركیا به‌رانبه‌ر به‌ كورد به‌ تایبه‌تیتر له‌ دواى دروستبوونى كۆمارى توركیا و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى توركیاى هاوچه‌رخ له‌سه‌ر ده‌ستى مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك پێش یه‌ك سه‌ده‌ دروستبووه‌.
هه‌روه‌ها ئامانجى سه‌ره‌كى ئه‌م بنكه‌ سه‌ربازیانه‌ى توركیا بریتین له‌ ڕاگرتنى چالاكیيه‌كانى په‌كه‌كه‌ له‌ عێراق و سوریا و گواستنه‌وه‌ى ئه‌و شەڕه‌ی نێوانیانه‌ بۆ نێو خاكى ئه‌و دوو وڵاته‌ نه‌ك له‌نێو خاكى خۆیدا.
ئه‌م بنكه‌ سه‌ربازیانه‌ به‌ ئه‌ركى سه‌ره‌كى خۆیان هه‌ڵده‌ستن له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان به‌رانبه‌ر به‌و هێز و حزبه‌ سیاسییه‌ كوردیانه‌ى سوریا و عێراق هه‌ر كاتێك بیر له‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ سوریا یان عێراق بكه‌نه‌وه‌، هه‌ر بۆ نمونه‌ ڕیفراندۆم له‌ ساڵى 2017دا له‌ كوردستانى عێراق ئه‌نجامدرا، بۆیه‌ توركیا هه‌ر زوو هه‌وڵى ئه‌وه‌ی دا په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاسایی بكاته‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى گه‌مارۆى ئاسمانى و وشكانى له‌ هه‌رێم كرد.
له‌ هێزى نه‌رمه‌وه‌ بۆ هێزى سه‌ربازى
له‌م ساڵانه‌ى دواییدا توركیا چه‌ندین بنكه‌ى سه‌ربازى له‌ ده‌ره‌وه‌ى خاكه‌كه‌ی دامه‌زراندووه‌، به‌ تایبه‌تى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا، له‌م ڕووه‌وه‌ توركیا ده‌توانێت هێز و چه‌كه‌ گه‌وره‌كانى ئاسمانى و وشكانى و ده‌ریاییه‌كانى له‌و ناوچانه‌دا بڵاوه ‌پێبكات بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ستراتیجییه‌كانى له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنوره‌كه‌ی، هه‌روه‌ها بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كێبڕكێ هه‌رێمییه‌كان به‌ تایبه‌تى دژی سعودیه‌ و ئیماراتى عه‌ره‌بى هه‌ركات پێویست بوو به‌كاریانبهێنێت.
هه‌روه‌ها له‌ ئێستادا  توركیا خاوه‌نى بنكه‌ى سه‌ربازییه‌ له‌ سۆماڵ و قه‌ته‌ر و قوبرس و جگه ‌له‌وه‌ش له‌ هه‌وڵدانى به‌رده‌وامدایه‌ بۆ دروستكردنى بنكه‌ى سه‌ربازى ده‌ریایى له‌ دوورگه‌ى سه‌واكنى سودانى و بوونى سه‌ربازى ڕانه‌گه‌یه‌نراوى توركیا له‌ لیبیا.
بوونى ڕانه‌گه‌یه‌نراو
توركیا له‌ لیبیا بوونى هه‌یه‌، به‌ڵام ڕانه‌گه‌یەنراوه‌ كه‌ له‌ شێوه‌ى هاوكارى سه‌ربازییه‌ بۆ حكومه‌تى ویفاقى نیشتمانى لیبیا، كه‌ له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تی دانیپێدانراوه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا ململانێیه‌كى سه‌ربازى هه‌یه‌ دژى هێزه‌كانى جه‌نه‌راڵ خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر كه‌ سعودیه‌ و ئیمارات و میسر پشتیوانى ده‌كه‌ن.
توركیا ژماره‌یه‌ك له‌ بارهه‌ڵگرى سه‌ربازى بۆ هێزه‌كانى حكومه‌تى ته‌رابلوس نارد، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌و هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌ هاوسه‌نگى هێز بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ته‌رابلوس ناگۆرێت، به‌ڵام نامه‌یه‌كه‌ بۆ میسر و سعودیه‌ و ئیمارات كه‌ توركیا ده‌ستبه‌ردارى لیبیا نابێت و ناهێڵێت ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ ته‌نها نه‌خشه‌ى داهاتووى لیبیا بكێشن و نفوز و  ڕۆڵى توركیا له‌ لیبیادا فه‌رامۆش بكه‌ن، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ى له‌ میسردا ڕوویدا و  له‌ ساڵى 2013دا كۆتایى به‌ ده‌سه‌ڵاتى ئیخوانه‌كان هێنرا.
به‌رپرسێكى حكومه‌تى لیبیا ڕایگه‌یاند كه‌ توركیا ژماره‌یه‌ك له‌ فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وانى بۆ لیبیا ناردووه‌ بۆ هاوكاری كردنى حكومه‌تى ته‌رابلوس كه‌ خاوه‌نى هیچ هێزێكى ئاسمانى نییه‌، به‌رانبه‌ر به‌وه‌ هێزه‌كانى حه‌فته‌ر ڕایانگه‌یاند، كه‌ له‌ ماوه‌ى چه‌ند مانگێكدا چوار فڕۆكه‌یان خستووەته‌ خواره‌وه‌ و له‌و فڕۆكانه‌ن کە توركیا به‌رهه‌میهێناون و له‌ پاڵ ئه‌ركى چاو‌دێرى و هه‌واڵگریدا ئه‌وا چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیشى پێگوازراوه‌ته‌وه‌ و بریتین له‌ جۆرىTB2  كه‌ له‌به‌رزى نۆ هه‌زار مه‌تر تواناى فڕینیان بۆ ماوه‌ى 24 كاتژمێر هه‌یه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ناردنى چه‌كى بۆ لایه‌نه‌كانى ململانێكه‌ر له‌ لیبیا قه‌ده‌غه ‌كردووه‌.
قه‌ته‌ر
چه‌ند ساڵێكه‌ توركیا خاوه‌نى بنكه‌ى سه‌ربازییه‌ له‌ قه‌ته‌ر تا شوێنپێى خۆى له‌ كه‌نداودا بكاته‌وه‌، بوونى سه‌ربازى توركى له‌ قه‌ته‌ر پاش سه‌پاندنى گه‌مارۆى سعودیه‌ و ئیمارات هات له‌ هاوینى ساڵى 2017دا.
له‌م دواییانه‌دا توركیا ڕایگه‌یاند، سه‌ره‌ڕاى بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى "تارق بن زیاد" خه‌ریكى كردنه‌وه‌ى بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى تازه‌یه‌ له‌ قه‌ته‌ر، به‌ گوێره‌ى وته‌ى هه‌ندێك له‌ كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌ توركیه‌كان ڕه‌نگه‌ ژماره‌ى سه‌ربازه‌كانى له‌ قه‌ته‌ر زۆر زیاد بكات.
له‌و باره‌یه‌وه‌ توركیا 39 ملیۆن دۆلارى وه‌ك تێچووى ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییه‌ سه‌رفكردووه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2016دا كرایه‌وه‌ و تواناى پێشوازی كردنى 3 هه‌زار سه‌رباز و هێزى ده‌ریایى و ئاسمانى و كۆماندۆسی هه‌یه‌. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ى بنكه‌ سه‌ربازییه‌ تازه‌كه‌ ئه‌وا توركیا ده‌توانێت سه‌رباز و چه‌كي زياتر له‌ قه‌ته‌ر بڵاوه‌ پێبكات، له‌وباره‌یه‌وه‌ وه‌زیرى به‌رگرى توركیا له‌ ساڵى 2018 ڕایگه‌یاند، بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانى توركیا له‌ قه‌ته‌ر ڕۆڵێكى باش ده‌بینن له‌ پاراستنى سه‌قامگیرى له‌ كه‌نداو و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تردا.
به‌ڵام كه‌ناڵه‌ میدیاییه‌ توركییه‌كان زۆر له‌وه‌ زیاتر باس ده‌كه‌ن، ڕۆژنامه‌نووس خاندا فورات له‌ ڕۆژنامه‌ى "حوڕیه‌ت" له‌ 14ى ئۆگه‌ست و له‌ چوارچێوه‌ى شیكردنه‌وه‌ى هه‌واڵیدا ده‌رباره‌ى كردنه‌وه‌ى بنكه‌ سه‌ربازییه‌ تازه‌كه‌ى توركیا له‌ قه‌ته‌ر ده‌ڵێت "وڵاتانى كه‌نداو به‌ تایبه‌تى سعودیه‌ دڵخۆش نین به‌ په‌یوه‌ندى و هاوكارى توركیا- قه‌ته‌ر، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ توركیا له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه‌ ژێرخانى ئه‌منى و ناوچه‌ى نفوزى سیاسى و سه‌ربازى هه‌میشه‌یى له‌ كه‌نداو دابمه‌زرێنێت".
سۆماڵ
پاش ساڵ و نیوێك له‌ كردنه‌وه‌ى بنكه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى توركیا له‌ قه‌ته‌ر ئه‌وا له‌ سۆماڵ بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى گه‌وره‌ى له‌ مه‌قا‌دیشۆى پایته‌خت بۆ مه‌شقپێكردنى سه‌ربازه‌ سۆماڵییه‌كان دامه‌زراند، تێچوى ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییه‌ نزیكه‌ى 50 ملیۆن دۆلاره‌ و به ‌گوێره‌ى هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ نزیكه‌ى 1500 سه‌رباز له‌خۆده‌گرێت و ڕۆڵى له‌ مه‌شقپێكردن و هاوكاری كردنى حكومه‌تى سۆماڵدا هه‌یه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گرووپى گه‌نجانى ئیسلامى توندڕه‌و، ئه‌وه‌ى جێگاى پێزانینه‌ ڕووبه‌رى ئه‌و بنكه‌یه‌ چوار كیلۆمه‌ترى چوارگۆشه‌یه‌ و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وانه‌ تواناى پێشوازی كردنى هێزى سه‌ربازى و فڕۆكه‌ى سه‌ربازى و كۆماندۆسى هه‌یه‌.
هه‌روه‌ها توركیا چه‌ك و كه‌ل و په‌لى سه‌ربازى ده‌دات به‌و سه‌ربازه‌ سۆماڵیانه‌ى توركیا مه‌شقیان پێده‌كات، سه‌ره‌ڕاى بوونى سه‌ربازى توركیا له‌ سۆماڵ ئه‌وا هه‌ڵساوه‌ به‌ بیناكردنى قوتابخانه‌ و ڕێگا و نه‌خۆشخانه‌، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ قه‌ته‌ر سه‌دان ملیۆن دۆلارى پێشكه‌ش به‌ سۆماڵ كردووه‌ تا بتوانێت هه‌ردوو ڕێگا سه‌ره‌كییه‌كه‌ى ته‌واو بكات.
له‌گه‌ڵ ئه‌و چالاكییه‌ به‌رده‌وامانه‌ى توركیا له‌ سۆماڵ، ئیمارات له‌ هه‌وڵى به‌هێزكردنى نفوزى خۆیدایه‌ له‌ هه‌ردوو هه‌رێمه‌ جیابووه‌كه‌ى سۆماڵ (خاكى ئه‌لبۆنت و خاكى سۆماڵ)، له‌و باره‌یه‌وه‌ ئیمارات به‌ بڕى 440 ملیۆن دۆلار له‌ میناى به‌ربه‌ره‌ له‌ خاكى سۆماڵ و 336 ملیۆن دۆلار له‌ میناى بساسۆ له‌ خاكى ئه‌لبۆنت هاوكارى كردوون.
خواسته‌كانى توركیا به‌رده‌وامه‌ له‌وه‌ى بتوانێت له‌ ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ كیشوه‌رى ئه‌فریقادا بوونى هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ زۆر ئاسان نییه،‌ چونكه‌ له‌ژێر ڕه‌حمه‌تى میسردایه‌ كه‌ كۆنترۆڵى كه‌ناڵى سوێسى له‌به‌رده‌ستدایه‌ و ده‌توانێت هه‌ركات بیه‌وێت ڕێگا له‌ كه‌شتییه‌كانى توركیا بگرێت تا نه‌توانن به‌و كه‌ناڵه‌دا تێپه‌رن، به‌ تایبه‌تى ئه‌گه‌ر گرژییه‌كانى نێوانیان له‌ كێبڕكێوه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ بگۆڕێت.
قوبرس
توركیا نزیكه‌ى 30 هه‌زار سه‌ربازى له‌ كۆمارى باكوورى قوبرسى توركیاى دانپێدانه‌نراودا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى كه‌رتى كه‌شتى ده‌ریایى سه‌ربازى و چه‌ندین كه‌شتی ترى توركى كه‌ له‌ كه‌ناراوه‌كانى قوبرسدا به‌دواى غاز و نه‌وتدا ده‌گه‌ڕێن، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ناڕه‌زایه‌تى كۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى و یه‌كێتى ئه‌وروپا، به‌و هیوایه‌ى ئه‌و ڕێكارانه‌ ببن به‌ هۆكارێك بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكى سیاسى و ئاشتیانه‌ بۆ قه‌یرانى قوبرس و یه‌كگرتنه‌وه‌ى هه‌ردوو دوورگه‌ دابه‌شكراوه‌كه‌.
میدیاكانى نزیك له‌ حكومه‌تى توركیا باس له‌وه ‌ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌ هه‌وڵى دروستكردنى بنكه‌یه‌كى ده‌ریاییه‌ له‌و به‌شه‌ى له‌ دوورگه‌كه‌دا ده‌سه‌ڵاتى تێدا هه‌یه‌.
توركیا له‌ نزیكبوونه‌وه‌ى نێوان قوبرس و یۆنان و میسر هه‌ست به‌ نیگه‌رانى ده‌كات كه‌ بوارى وزه‌ ده‌گرێته‌وه‌ و له‌م دواییانه‌شدا ئیسرائیل په‌یوه‌ندى به‌و هاوئاهه‌نگى و هاریكاریانه‌ى نێوان ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ كرد، ئه‌مه‌ پاش ئه‌وه‌ى ئیسرائیل له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ى غاز بۆ كیشوه‌رى ئه‌وروپا ڕێكکه‌وتنی له‌گه‌ڵ میسردا واژۆ كرد.
له‌كاتى دۆزینه‌وه‌ى نه‌وت و غاز له‌لایه‌ن توركیا و له‌و شوێنه‌ ئاویانه‌ى كه‌ توركیا به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت ئه‌وا هه‌ڵوێستى به‌هێزتر ده‌بێت و له‌ گفتۆگۆكانى داهاتوودا كه‌مترین ئاماده‌یى ده‌بێت له‌ ملكه‌چ كردنى بۆ قوبرس.
كه‌وتنى سودان
توركیا له‌كاتى كه‌وتنى ده‌سه‌ڵاتى عومه‌ر ئه‌لبه‌شیر ڕووبه‌ڕووى شكستێكى گه‌وره‌ بووەوه‌ به‌و پێیه‌ى له‌هه‌وڵى فراوان كردنى بازنه‌ى نفوزى هه‌رێمایه‌تى خۆی بوو له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌كانى بۆ سودان هه‌ڵه‌ بوون، به‌ تایبه‌تى پاش ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى سه‌ره‌تاى ساڵى ڕابردوو به‌رانبه‌ر به‌ حوكمى ئه‌لبه‌شیر، به‌ڵام توركیا نه‌یزانى ڕژێمى ئه‌لبه‌شیر ده‌سه‌ڵاتێكى فشۆڵه‌ و زوو ده‌ڕووخێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ سعودیه‌ و ئیمارات ڕۆڵێكى سه‌ره‌كیان بینیوه‌ له‌ نه‌خشه‌كێشانى ڕه‌وتى ڕووداوه‌كان و كۆتاییهێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌لبه‌شیر، هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌ سه‌ربازییه‌كانى كه‌ له‌ ئێستادا حوكمى سودان ده‌كه‌ن وه‌ك عه‌بدولفه‌تاح ئه‌لبورهان و سه‌رۆكى هێزى پشتیوانى خێرا محه‌مه‌د حه‌مدان هه‌ردووكیان له‌كایه‌ى سعودیه‌ و ئیماراتدا ده‌سوڕێنه‌وه‌.
هه‌ندێك هه‌واڵ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى سودان داوایان له‌ توركیا كردووه‌ كاره‌كانیان به‌ ته‌واوى له‌ دوورگه‌ى سواكن بوه‌ستێنن، كه‌ پێشتر واژۆ له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ى بنكه‌یه‌كى ده‌ریایى به‌مه‌به‌ستى سه‌ربازى و مه‌ده‌نى له‌ ساڵى 2017دا و له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا كرابوو.
هه‌ندێك ڕاپۆرتى ڕۆژنامه‌وانى باس له‌ گه‌یشتنى هێزى سودانى بۆ لیبیا ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى پشتیوانى له‌ هێزه‌كانى حه‌فته‌ر بكه‌ن دژى ئه‌و گرووپه‌ چه‌كدارانه‌ى كه‌ پشتیوانى له‌ حكومه‌تى ته‌رابلوس ده‌كه‌ن.
سوریا و عێراق
له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ى چالاكییه‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستان له‌ ناوه‌ڕاستى هه‌شتا‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوو تا ده‌رچوونى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌ له‌ سوریا، توركیا سه‌رقاڵى ململانێیه‌كى به‌رده‌وام بوو له‌نێو خاكى خۆیدا، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ناوه‌ ناوه‌ ئه‌و ململانێیه‌ هێور ده‌بووەوه‌.
هێزه‌كانى توركیا بۆ ڕاوه‌دونانى ئه‌ندامانى ئه‌و حزبه‌ و به‌ گوێره‌ى ڕێكکه‌وتنی نێوان سه‌دام حسێن و توركیا ئه‌وا سنوره‌كانى هه‌رێمى كوردستانى عێراقیان ده‌به‌زاند به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ بنكه‌یه‌كى جێگیر دروستبكه‌ن، به‌ڵام له‌دواى ڕوخانى ڕژێمى سه‌دام و دامه‌زراندنى بنكه‌ و باره‌گاى په‌كه‌كه‌ له‌ چیاكانى قه‌ندیل، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سێگۆشه‌ى سنورى نێوان عێراق و ئێران و توركیا ئه‌وا دۆخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تر گۆڕا.
له ‌ساڵى 2018دا سه‌رۆ‌ك وه‌زیرانى توركیا له‌ كۆنفرانسێكى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌ره‌ك وه‌زیرانى عێراق ڕایگه‌یاند، توركیا 11 بنكه‌ى سه‌ربازى له‌نێو خاكى عێراقدا هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت ژماره‌ى سه‌ربازه‌كانى له‌و بنكانه‌دا زیاد بكات، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى عێراق ناوه‌ناوه‌ نیگه‌رانى و ناره‌زاییه‌كانى ده‌رده‌بڕى.
 له‌ ڕاستیدا ژماره‌ى ئه‌و بنكانه‌ زیاتر له‌ 15 بنكه‌ى سه‌ربازین و هه‌ندێكیان به‌ قوڵایى زیاتر له‌ 30 كم هاتونه‌ته‌ نێو خاكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌.
له‌ نێو ئه‌و بنكانه‌دا بنكه‌ى به‌عشیقه‌یه،‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌وروبه‌رى شارى موسڵ و 140 كم له‌ سنورى توركیا-عێراقه‌وه‌ دووره‌، ئه‌و بنكه‌یه‌ زیاتر له‌ 2 هه‌زار سه‌رباز و ده‌یان ده‌بابه‌ و زریپۆش و تۆپى دوورهاوێژ له‌خۆده‌گرێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ دووره‌ له‌ ناوچه‌ى چالاكییه‌كانى په‌كه‌كه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ توركیا چه‌ندین باره‌گاى نهێنى و هه‌واڵگرى (MIT) دامه‌زراندووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى بزانرێت و ڕابگه‌یه‌نرێت.
توركیا به‌مه‌به‌ستى دامه‌زراندنى ناوچه‌یه‌كى سه‌قامگیر له‌ سوریا 12 خاڵى چاو‌دێرى له‌ پارێزگاكانى ئیدلب و حه‌ما و حه‌له‌ب به‌ ڕێكکه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕووسیا دامه‌زراندووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ته‌نها له‌سه‌ر كاغه‌ز مایه‌وه‌ و له‌ نێوان ئۆپۆزسیۆن و هێزه‌كانى سوریا شه‌ڕ هه‌ر به‌رده‌وام بوو، به‌ جۆرێك فڕۆكه‌ سه‌ربازییه‌كانى ڕووسیا پشتیوانى ته‌واوى سوریایان ده‌كرد.
توركیا ئه‌و بنكانه‌ى له‌ ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ قوڵایى سوریادا به‌هێزكردووه‌ و بۆ بنكه‌ى سه‌ربازى ته‌واو گۆریونى، وه‌ك بنكه‌ى مۆرك له‌ ناوه‌ڕاستى سوریا كه‌ 88 كم له‌ سنورى توركیاوه‌ دووره‌، جگه‌ له‌وانه‌ توركیا له‌ ناوچه‌كانى ئه‌لباب و جه‌رابلس و ئەعزاز و عه‌فرین پارێزگارى له‌ كۆمه‌ڵێك بنكه‌ى سه‌ربازى خۆى ده‌كات، ئه‌مانه‌ چه‌ند شوێنێكن كه‌وتونه‌ته‌ سنورى توركیا-سوریا، توركیا و چه‌ند هێزێكى ئۆپۆزسیۆن ده‌سه‌ڵاتىان به‌سه‌ریاندا هه‌یه‌.

terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure