سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی

27/01/2020

ئایه‌توڵڵا ئیبراهیم ئه‌مینی

 

خوێندنه‌وه‌ی: قاره‌مان عه‌لی
ئه‌م په‌یپه‌ره‌ چه‌ندین ساڵ پێش ئێستا له‌ یه‌كێك له‌و كۆنفرانسانه‌ی كه‌ له‌ تاران ده‌رباره‌ی ئیسلام و ده‌وڵه‌تداری و سیاسه‌ت ڕێكخرابوو، پێشكه‌ش كرا. سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌یپه‌ره‌دا، به‌ڵام به‌هۆی ناوه‌ڕۆكی په‌یپه‌ره‌كه‌و "كێیه‌تی" نووسه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ئه‌م په‌یپه‌ره‌ گرنگییه‌ زانستی و سیاسییه‌كه‌ی له‌ده‌ست نه‌داوه‌. ئایه‌توڵڵا ئیبراهیم ئه‌مینی، نووسه‌ری ئه‌م په‌یپه‌ره‌، یه‌كێكه‌ له‌و سكاڵه‌رو به‌رپرسه‌ ئێرانیانه‌ی كه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ به‌وردی ده‌نووسێت و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ دژی جیاكردنه‌وه‌ی دین و سیاسه‌ته‌و كار له‌سه‌ر زه‌قكردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده‌ سیاسییه‌كه‌ی ئایینی ئیسلام ده‌كات. بۆچوونه‌كانی ئه‌مینی، به‌له‌به‌رچاوگرتنی كێیه‌تی ئه‌مینی- یه‌كێكه‌ له‌و ناوانه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ری وه‌رگرتنی پۆستی ڕابه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی هه‌یه‌-، گوزارشت له‌ بۆچوونی سیاسییه‌ك ده‌كات كه‌ له‌ دیدێكی ئیسلامیانه‌ی شیعییه‌وه‌ له‌ پرسی ده‌وڵه‌تداری و چۆنێتی سیاسه‌تكردن و بنیادنانی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" كۆڵیوه‌ته‌وه‌.
ئایه‌توڵڵا ئه‌مینی له‌م په‌یپه‌ره‌دا بنه‌ما گشتییه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی ده‌خاته‌ڕوو و چۆنێتی داڕشتنی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌كه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌‌. ئه‌مینی بۆ باسكردن و دیاریكردنی بنه‌ما گشتییه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی به‌ته‌واوی پشتی به‌ سێ سه‌رچاوه‌ی ئایینی به‌ستووه‌و ئه‌م سێ سه‌رچاوه‌ ئاینییه‌ بریتین له‌ قورئان و ژیاننامه‌ی په‌یامبه‌رو وته‌ی زانایان، به‌تایبه‌تی زانایانی شیعه‌. ئه‌و له‌م په‌یپه‌ره‌دا دوو خاڵ ده‌كات به‌ ده‌ستپێكی نووسینه‌كه‌ی و په‌یپه‌ره‌كه‌ی به‌م دوو خاڵه‌ ده‌ستپێده‌كات: یه‌كه‌م/ ئیسلام سیاسه‌تكردنی به‌هه‌ند وه‌رگرتووه‌و به‌هۆی هه‌مه‌لایه‌نبوونی ئه‌م ئایینه‌وه‌، ئیسلام به‌شێك له‌ پانتای ئایینه‌كه‌ی بۆ باسكردنی پرسه‌ سیاسییه‌كان و ده‌وڵه‌تداری ته‌رخانكردووه‌و هێڵه‌ گشتییه‌كانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و چۆنێتی حوكمكردنی شیكردووه‌ته‌وه‌. دووه‌م/ ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تی ئیسلامی خاوه‌ن (هه‌ڵگری) ئایدیۆلۆجیایه‌كی (باوه‌ڕێكی)تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی و ئه‌م حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنان و فه‌راهه‌مكردنی چه‌ند ئامانجێكی پێشتر پلان بۆ دانراو تێده‌كۆشێت(كارده‌كات). به‌رپرسانی حكومه‌تی ئیسلامی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئایینی ئیسلام چۆنێتی سیاسه‌تكردنی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ ڕوونكردووه‌ته‌وه‌، ئازادنین له‌ هه‌ڵبژاردنی چۆنێتی سیاسه‌تكردن له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌. به‌ڵكو به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌كه‌ ده‌بێت له‌ كاتی ده‌وڵه‌تداری و داڕشتنی سیاسه‌تی گشتی ده‌وڵه‌تدا شوێنی ڕێنماییه‌ ئایینییه‌كان بكه‌ون و له‌ هێڵه‌ گشتییه‌كانی ئیسلام لانه‌ده‌ن و كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ بكه‌ن كه‌ ئیسلام، وه‌ك ئایین، له‌ پێناویاندا له‌ ڕێگه‌ی وه‌حییه‌وه‌ بۆ مرۆڤایه‌تی نێردراوه‌.
ئه‌مینی په‌یپه‌ره‌كه‌ی به‌سه‌ر چه‌ند به‌ش و ناونیشانێكدا دابه‌شكردووه‌. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌موو به‌شه‌كان په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌و نووسه‌ر به‌شێوه‌یه‌ك به‌شه‌كانی ڕیزكردووه‌ كه‌ كارئاسانی بۆ خوێنه‌ر بكه‌ن تا به‌وردی له‌ كرۆكی بابه‌ته‌كه‌ تێبگات و  چۆنێتی داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌لا ڕوونبێت. ئه‌و له‌ ناونیشانی "جیهانی بوونی ئیسلام"ه‌وه‌ ده‌چێته‌ ناو بابه‌ته‌كه‌وه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئایینی ئیسلام ئایینێكی جیهانییه‌و بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی نێردراوه‌و ده‌بێت هه‌موو مرۆڤه‌كان سودمه‌ند بن له‌ ڕێنماییه‌كانی ئه‌م ئایینه‌. ‌ئه‌و بۆ ڕاستاندنی وته‌كانی چه‌ند ده‌قێكی قورئانی، كه‌ باس له‌ جیهانی بوونی ئیسلام ده‌كه‌ن، ده‌كات به‌ به‌ڵگه‌و دواتر باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ خودا مسوڵمانان ده‌كات به‌ جێنشینی خۆی له‌سه‌ر زه‌وی و پاشان مسوڵمانان- به‌پێی تێكسته‌ ئایینییه‌كان، حوكمی هه‌موو جیهان ده‌كه‌ن.
ئه‌مینی له‌ به‌شێكی تری په‌یپه‌ره‌كه‌یدا، كه‌ هه‌ڵگری ناونیشانی "بڵاوكردنه‌وه‌و گه‌یاندنی ئیسلام"ه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئایینی ئیسلام خۆی بۆ خۆی به‌جیهاندا بڵاو نابێته‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌جیهاندا ئه‌ركی مسوڵمانانه‌و مسوڵمانان ده‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ ئیسلام دیاریكردووه‌ بانگه‌واز بۆ ئایینه‌كه‌یان بكه‌ن و بیگه‌یه‌نن به‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی. ئه‌و زۆر به‌ كورتی باس له‌و دوو ڕێگه‌یه‌ ده‌كات كه‌ مسوڵمانان ده‌توانن بۆ گه‌یاندنی ئایینه‌كه‌یان به‌كاری بهێنن. ئه‌و دوو ڕێگه‌یه‌ش بریتین له‌ بانگه‌واز وجیهادكردن (جه‌نگكردن). ئه‌و بۆ ڕاستاندنی وته‌كانی ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئیسلام ئه‌ركی مسوڵمانانه‌و مسوڵمانانیش ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی بانگه‌واز و –ئه‌گه‌ر پێویستی كرد- جیهاده‌وه‌ ئیسلام به‌گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی جیهان بگه‌یه‌نن، چه‌ند تێكستێكی قورئانی و ژیاننامه‌ی په‌یامبه‌ر ده‌كات به‌ به‌ڵگه‌. ئایه‌توڵڵا ئه‌مینی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ په‌یامبه‌ر به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندن و ڕوونكردنه‌وه‌ی ئیسلام سه‌ردانی چه‌ندین ناوچه‌ی كردووه‌و نامه‌ یان نێرده‌ی بۆ چه‌ند هۆزو ده‌ڤه‌رێك ناردووه‌. ئه‌مینی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌وه‌ستێت و ئه‌وه‌ ڕوونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی هاوشێوه‌ی مسوڵمانان پێویسته‌ له‌ڕێگه‌ی جیا جیاوه‌، ڕاگه‌یاندن و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانه‌وه‌ وه‌ك نموونه‌، گه‌یاندنی ئیسلام بكات به‌ ئه‌ركی خۆی و ئه‌مه‌ش بكات به‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی خۆی.
ئه‌مینی له‌ به‌شی "وه‌ستانه‌وه‌ له‌ دژی چه‌وساندنه‌وه‌و سته‌م"دا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ دژایه‌تی و تێكۆشان له‌ دژی سته‌مكاران و یارمه‌تیدانی سته‌ملێكراوان و چه‌وساوه‌كان ئه‌ركی مسوڵمان و ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌. ئه‌و پێداگری له‌وه‌ ده‌كات كه‌ پێویسته‌ مسوڵمانان له‌ دژی هه‌موو جۆره‌كانی چه‌وساندنه‌وه‌و سته‌م و گه‌نده‌ڵی بجه‌نگن و ئه‌م جه‌نگه‌شیان له‌ دژی سته‌مكاران و له‌به‌رژه‌وه‌ندی سته‌ملێكراوان به‌رده‌وام بێت تا دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی دێته‌دی. ئه‌مینی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری دوا ئامانجی هه‌موو په‌یامبه‌ران بووه‌و زۆرجار له‌ پێناو چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری (ئیسلام) له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌دا په‌یامبه‌ر په‌نای بۆ به‌كارهێنانی هێز بردووه‌. ئه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی سته‌م و چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری ده‌بێت هه‌موو ڕێگه‌كان، په‌روه‌رده‌و میدیا و ئامۆژگاری و كاری دیپلۆماسییه‌ت و یارمه‌تیدانی بزوتنه‌وه‌ ڕزگاریخوازه‌كان وه‌ك نموونه‌، به‌كاربهێنرێت. ئه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌كه‌ ده‌بێت له‌ كاتی داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یاندا دژایه‌تیكردنی سته‌مكاران و یارمه‌تیدانی سته‌ملێكراوان به‌هه‌ند وه‌ربگرن و به‌پێی بارودۆخه‌ جیاوازه‌كان ڕیگه‌ی جوداو جیاواز به‌كاربهێنن بۆ چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و نه‌هێشتنی سته‌مكاری. ئه‌و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌بێت خۆی وه‌ك سه‌رخه‌ری سته‌ملێكراوان و له‌ناوبه‌ری سته‌مكاران بخاته‌ڕوو و ده‌ستی هاوكاری بۆ هه‌موو ئه‌و ڕێكخراوانه‌ درێژ بكات كه‌ له‌ پێناو ئازادی و دادپه‌روه‌ریدا ده‌جه‌نگن.
به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌ ئه‌وه‌ی كه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایینی ئیسلام ئه‌ركی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی پێویسته‌ له‌ دژی سته‌مكاران له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی خۆی بووه‌ستێته‌وه‌و ده‌ستی یارمه‌تی بۆ هه‌موو ئه‌و ڕێكخراو و بزوتنه‌وانه‌ درێژ بكات كه‌ له‌ دژی "تاغوت" ده‌جه‌نگ و بۆ نه‌هێشتنی "سته‌مكاری" خه‌بات ده‌كه‌ن، ئه‌وا ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌بیانووی چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و یارمه‌تیدانی سه‌ته‌ملێكراوان و دژایه‌تیكردنی سته‌مكاران ده‌ستوه‌رده‌داته‌ كاروباری نێوخۆی وڵاتانی تره‌وه‌. ئه‌مه‌ش زۆر جار ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌كه‌ نه‌توانێت په‌یوه‌ندییه‌كی باش و جێگیر له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی وڵاتانی تردا بنیاد بنێت.
ئایه‌توڵڵا ئه‌مینی له‌ به‌شی "سه‌ربه‌خۆیی ئوممه‌ و دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی نامسوڵمان"دا، سه‌ره‌تا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ مسوڵمانان، سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌كانیان، هه‌موو یه‌ك ئوممه‌تن و مسوڵمان بوون كۆیان ده‌كاته‌وه‌. بۆیه‌ مسوڵمانان نابێت جیاوازییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و كلتوری و زمانییه‌كانیان بكه‌ن به‌ بیانوو بۆ دابه‌شكردن و په‌رتكردنی ئوممه‌ی ئیسلامی. ئه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ئیسلامدا فره‌ كۆمه‌ڵگه‌یی بوونی نییه‌و ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌و په‌سه‌نده‌ ته‌نها یه‌ك ئوممه‌تبوونی مسوڵمانانه‌! ئه‌م جۆره‌ له‌ تێڕوانین ڕه‌نگه‌ یارمه‌تیمان بدات بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ی كه‌ بۆچی زۆربه‌ی سه‌ركرده‌ ئیسلامییه‌كانی جیهان پاڵپشتی له‌ جیابوونه‌وه‌ی كوردستانی عێراق ناكه‌ن و زۆرجار به‌شێكیان به‌ ئاشكرا دژایه‌تی جیابوونه‌وه‌و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌كه‌ن. پاشان ئه‌مینی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئیسلام پرۆگرامێكی ته‌واو (پێرفێكت)و سه‌ربه‌خۆییه‌. پێرفێكته‌ به‌و مانایه‌ی كه‌ ئیسلام ئایینێكی هه‌مه‌ لایه‌نه‌و ئایدیۆلۆجیایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌و پێویست ناكات هیچ شتێكی تری تێكه‌ڵ بكرێت. هه‌روه‌ها پێویسته‌ "ئوممه‌" به‌سه‌ربه‌خۆی بهێڵرێته‌وه‌و به‌مه‌به‌ستی به‌هێزی هێشتنه‌وه‌ی مسوڵمانان، ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ی كه‌ خوداییه‌ بپارێزرێت. ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌بێت هه‌موو ئه‌و سه‌رچاوه‌نه‌ی كه‌ له‌ به‌رده‌ستیدایه‌ به‌كاربهێنێت بۆ په‌ره‌پێدان به‌سه‌ربه‌خۆیی مسوڵمانان و خۆبژێوی له‌ ناوخۆی وڵاتدا په‌ره‌پێبدات. به‌ ده‌ربڕینێكی تر، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌بێت هه‌وڵی خۆماڵیكردنی كشتوكاڵ و زانست و ته‌كنۆلۆجیا و پیشه‌سازی بدات و ئه‌م خۆماڵیكردنه‌ش بكات به‌به‌شێك له‌ سیاسه‌ته‌كانی چی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ بێت یان له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ بێت. ئایه‌توڵڵا ئه‌مینی له‌م ڕووه‌وه‌ زۆر تونده‌و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر حكومه‌تێك نه‌توانێت سه‌ربه‌خۆی ئوممه‌ی ئیسلامی بپارێزێت و ئیسلام به‌هێز بكات ئه‌وا ناكرێت (شایسته‌ی ئه‌وه‌ نییه‌) پێی بوترێت ده‌وڵه‌تی ئیسلامی.
ئه‌مینی له‌ڕێگه‌ی خستنه‌ڕووی چه‌ند ئایه‌تێكی قورئانی و ڕاڤه‌كردنی ئه‌و ئایه‌تانه‌وه‌‌ هه‌وڵده‌دات كێیه‌تی بێباوه‌ڕه‌كان بخاته‌ڕوو و تێڕوانینی ئه‌وان بۆ مسوڵمانان نیشان بدات. ئه‌و پێداگری له‌وه‌ ده‌كات كه‌ بێباوه‌ڕان به‌گشتی كه‌سانێكن كه‌ جێگه‌ی متمانه‌نین و دوژمنی مسوڵمانان و سه‌ركه‌وتنی مسوڵمانان نیگه‌رانیان ده‌كات و هه‌میشه‌ له‌ بۆسه‌دان بۆ مسوڵمانان! بۆیه‌ مسوڵمانان، چی له‌ سه‌ر ئاستی تاك بێت یان له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ت، نابێت بێباوه‌ڕان بكه‌ن به‌ هاوڕێ و ده‌‌ستی دۆستایه‌تیان بۆ درێژ بكه‌ن. به‌بڕوای ئه‌و، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی نابێت بچێته‌ هاوپه‌یمانییه‌كی ناپێویسته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ باوه‌ڕیان به‌ خودا نییه‌. ده‌وڵه‌تی ئیسلامی پێویسته‌ كۆتای به‌هه‌موو ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ بهێنێت كه‌ ده‌بێته‌هۆی باڵاده‌ستبوونی بێباوه‌ڕان و ده‌رفه‌ت به‌ بێباوه‌ڕان ده‌دات كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ده‌ستوه‌رده‌نه‌ كاروباری ناوخۆی مسوڵمانانه‌وه‌. ئه‌مینی باس له‌ چه‌ند حاڵه‌تێك ده‌كات كه‌ دروسته‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بچێته‌ هاوپه‌یمانییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕاندا. به‌بڕوای ئه‌و، ئه‌و حاڵه‌تانه‌ ناچارین و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌مه‌به‌ستی خۆپارێزی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕاندا دروست ده‌كات. به‌بڕوای ئه‌و ئامانجی ئیسلام له‌ یاساغ (قه‌ده‌غه‌)كردنی به‌ستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕاندا بریتییه‌ له‌ پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی ئوممه‌ی ئیسلامی، ئه‌گه‌ر پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی ئوممه‌ی ئیسلامی له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی هاوپه‌یمانییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕانه‌وه‌ به‌دی بێت، ئه‌وا چونه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌وه‌ دروسته‌. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی مسوڵمانان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئایینی ئیسلام وای خواست كه‌ سیاسه‌تێكی "نه‌رم" به‌رانبه‌ر به‌ بێباوه‌ڕان بگیرێته‌به‌ر، ئه‌وا ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌توانێت له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تری بێباوه‌ڕدا نه‌رمی بنوێنێت.
ئه‌مینی دێته‌ سه‌ر باسكردنی جۆرێكی تر له‌ بێباوه‌ر كه‌ "ده‌ستدرێژكار" نین و زیانیان بۆ مسوڵمانان نییه‌. ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌توانێت، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تێدابوو، ڕێكه‌وتنی هه‌مه‌لایه‌نه‌یان له‌گه‌ڵدا واژوو بكات و له‌گه‌ڵیاندا له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی دیاریكراو ڕێك بكه‌وێت. ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌كه‌ وای خواست، ئه‌وا ده‌وڵه‌ته‌ ئیسلامییه‌كه‌ ده‌توانێت هه‌مه‌هه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ له‌ بێباوه‌ڕاندا بكات. ئه‌مینی بۆ ڕاستاندنی بۆچوونه‌كانی پشت به‌ ژیاننامه‌ی په‌یامبه‌ر ده‌به‌ستێت و ده‌یكات به‌به‌ڵگه‌ بۆ دروستی بۆچوونه‌كانی. په‌یامبه‌ر له‌ ژیانیدا چه‌ندین ڕێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕو "ئه‌هلی كیتاب/ جوله‌كه‌و مه‌سیحییه‌كان" واژووكردووه‌و به‌سه‌رجه‌م به‌نده‌كانی ڕێككه‌وتننامه‌كانه‌وه‌ پابه‌ندبووه‌ تا ئه‌و كاته‌ی كه‌ لایه‌نی به‌رانبه‌ر ڕێكه‌وتننامه‌كانی پێشێل كردووه‌. واژووكردنی ئه‌و ڕێكه‌وتنانه‌ له‌لایه‌ن په‌یامبه‌ره‌وه‌ له‌و كاته‌دا بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئیسلام وه‌ك ئایین له‌وه‌دابووه‌ كه‌ مسوڵمانان ئه‌و ڕێككه‌وتنانه‌ واژوو بكه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ ئایه‌توڵڵا ئه‌مینی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌كات به‌پێوه‌ر بۆ دروستی یان نادروستی به‌ستنی هاوپه‌یمانێتی و واژووكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ له‌گه‌ڵ بێباوه‌ڕاندا.
لێره‌دا ئه‌مینی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌، " ده‌بێت ده‌وڵه‌تی ئیسلامی چی جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ مسوڵمانی جیهاندا هه‌بێت؟"، ده‌داته‌وه‌. به‌بۆچوونی ئه‌مینی مسوڵمانان هه‌موویان، سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و كلتورییه‌كانیان، یه‌ك ئوممه‌تن و هه‌ڵگری یه‌ك په‌یامن و شوێنكه‌و‌ته‌ی یه‌ك په‌یامبه‌رن، بۆیه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌كی باش و به‌هێز له‌ نێوانیاندا بوونی هه‌بێت. ئه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ مسوڵمانان بران و وه‌ك ئه‌ندامانی یه‌ك لاشه‌ وان و نابێت بێباك و كه‌مته‌رخه‌م بن به‌رانبه‌ر به‌یه‌كتر. ئه‌مینی جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌ركی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی دروستی له‌گه‌ڵ مسوڵمانانی جیهاندا هه‌بێت و ئه‌گه‌ر پێویستی كرد ده‌ستی هاوكاری و هاریكاریان بۆ درێژ بكات و به‌هانایانه‌وه‌ بچێت و نابێت ده‌وڵه‌تی ئیسلامی سنوره‌كانی خۆی وه‌ك له‌مپه‌رێك له‌به‌رده‌م دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مسوڵمانانی جیهاندا ببینێت. ئه‌مینی  ماف به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌دات ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری وڵاتانی تری جیهان بكات به‌ بیانووی دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مسوڵمانان و یارمه‌تیدانیان.

terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure