سودوه‌رگرتن له‌ چه‌كداره‌ كه‌مئه‌ندامه‌كان له‌ "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی"دا

17/03/2020

چڵسیه‌ دایمۆن

 

خوێندنه‌وه‌ی: قاره‌مان عه‌لی
پێشه‌كی
داعش وه‌ك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی خاوه‌نی چه‌ندین خه‌سڵه‌تی تایبه‌ته‌و به‌شێك له‌م خه‌سڵه‌تانه‌ش ئه‌م ڕێكخراوه‌ له‌ زۆربه‌ی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانی تری جیهان جیاده‌كاته‌وه‌. داعش، به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی گروپه‌كانی تره‌وه‌، بازێكی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر "زیهنیه‌تی ئیماره‌ت-ده‌وڵه‌تسازی"دا داو – له‌سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه‌- ده‌ستی به‌ بنیادنانی "خیلافه‌تی ئیسلامی" كردو بۆ سه‌رخستنی ئه‌م كاره‌ش چه‌ندین هه‌نگاوی چاوه‌ڕوانكراوو چاوه‌ڕوانـ‌نه‌كراوی نا. له‌نێو "خیلافه‌ت"ه‌كه‌ی داعشدا چه‌ندین گروپی جوداو جیاواز، خۆویستانه‌ بێت یان به‌ناچاری، ده‌ژیان و به‌شێك بوون له‌ دانیشتوانه‌كه‌ی "خیلافه‌ت". كه‌مئه‌ندامان یان خاوه‌ن پێویستییه‌ تایبه‌ته‌كان یه‌كێك بوون له‌و گروپه‌ جیاوازانه‌ی نێو داعش و ئه‌م گروپه‌ش كه‌م تا زۆر- به‌پێی توانای خۆیان و ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ی كه‌ خرابووه‌ ئه‌ستۆیان- به‌شداریان كرد له‌ فراوانكردن و پاراستنی سنوره‌كانی "خیلافه‌تی ئیسلامی". چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن و چه‌ندێتی سودوه‌رگرتنی داعش له‌م گروپه‌ تایبه‌ته‌ به‌هه‌رهۆیه‌كه‌وه‌ بێت- تاڕاده‌یه‌كی زۆر- له‌لایه‌ن ئه‌كادیمیست و شاره‌زایانی بواری تیرۆریزمه‌وه‌ به‌ ڕووننه‌كراوی به‌جێهێڵراوه‌. چڵسیه‌ دایمۆن به‌مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌لێنه‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمی ئه‌نجامداو توێژینه‌وه‌كه‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2019 له‌ ژێر ناونیشانی "سودوه‌رگرتن له‌ چه‌كداره‌ كه‌مئه‌ندامه‌كان له‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی"دا له‌ ئۆكتۆبه‌ری هه‌مان ساڵ له‌ (Perspectives on Terrorism) بڵاوبووه‌وه‌.
چلسیه‌ دایمۆن له‌ "پێشه‌كی" توێژینه‌وه‌كه‌یدا باس له‌و تێڕوانینه‌ ده‌كات كه‌ كۆمه‌ڵگه‌كان به‌گشتی و كۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان به‌تایبه‌تی بۆ مرۆڤی كه‌مئه‌ندام هه‌یانه‌. مرۆڤی كه‌مئه‌ندام (خاوه‌ن پێویستی تایبه‌ت) له‌لایه‌ن زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كانه‌وه‌ وه‌ك مرۆڤێكی پاسیڤ و بێ كه‌ڵك و قوربانی (ده‌ستی چه‌ندین نه‌خۆشی) لێیڕوانراوه‌. ئه‌م تێڕوانینه‌ گشتییه‌- كه‌ نه‌رێنییه‌-‌ به‌ ده‌ستكارییه‌كی كه‌مه‌وه‌ له‌ نه‌وه‌ی كۆنه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌كانی ئێستا گواستراوه‌ته‌وه‌. ئه‌م تێڕوانینه‌ نه‌رێنییه‌ ده‌رباره‌ی كه‌مئه‌ندامان و خاوه‌ن پێویستییه‌ تایبه‌ته‌كان بووه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی و ئه‌و خێزانانه‌ی كه‌ منداڵی كه‌م ئه‌ندامیان هه‌یه به‌تایبه‌تی‌ به‌شێوه‌یه‌كی "نه‌رێنی" مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌ن پێویستییه‌ تایبه‌ته‌كان بكه‌ن و وه‌ك شه‌رمه‌زارییه‌ك بیانبینن. داعش، سه‌ره‌ڕای تیرۆریست بوونی، دێت و ئه‌م تێڕوانینه‌ نه‌رێنییه‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان- به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی كه‌ داگیری كردبوو- ده‌گۆڕیت و ده‌رفه‌تی تازه‌و ڕۆڵی نوێ به‌ كه‌مئه‌ندامان له‌ نێو "خه‌لافه‌ت"ه‌كه‌یدا ده‌دات. ئه‌م تێڕوانینه‌ جیاوازه‌ی داعش بۆ كه‌مئه‌ندامان له‌لایه‌كه‌وه‌ ئومێد به‌ كه‌مئه‌ندامان ده‌به‌خشێت و هه‌ست به‌گرنگبوونیان له‌لا دروستده‌كات و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كارئاسانی بۆ داعش ده‌كات به‌ ئاسانی به‌كاریانبهێنێت و كه‌ڵكیان لێوه‌ربگرێت. چڵسیه‌ ده‌ڵێت كه‌ داعش له‌ بواره‌كانی پڕوپاگه‌نده‌و "ته‌جنید"و هێرشبردندا كه‌مئه‌ندامانی به‌كارهێناوه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌و بوارانه‌ی كه‌ توێژه‌ر ئاماژه‌ی بۆ كردوون، كه‌مئه‌ندام و خاوه‌ن پێویستییه‌ تایبه‌ته‌كان له‌ نێو داعشدا بۆ مه‌به‌ستی پاككردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی خواردن و كاركردن له‌ فه‌رمانگه‌كان و هه‌ڵكه‌ندنی تونێله‌كان و چه‌ند مه‌به‌ستێكی تر به‌كارهێنراون. دوای لاوازبوونی داعش له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌، سه‌ركرده‌كانی داعش، به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی جه‌نگكه‌ره‌كانیانه‌وه‌، كه‌مئه‌ندام و خاوه‌ن پێویستییه‌ تایبه‌ته‌كانیان بۆ جه‌نگكردن و ئه‌نجامدانی كرده‌یی خۆكوژی به‌كارهێناوه‌. به‌كارهێنانی كه‌مئه‌ندامان له‌ بواری سه‌ربازی و گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌نگدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ چڵسیه‌ تێبینیكردووه‌، له‌ جه‌نگی "ڕزگاركردنی موسڵ"دا زۆربووه‌.
كه‌مئه‌ندامان به‌هۆی كه‌مئه‌ندامێتییه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌توانن ئه‌و ئه‌ركه‌یان پێیان سپێردراوه‌، به‌تایبه‌تی كرده‌یی خۆكوژی، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ پێشوه‌خت پلانی بۆ دانراوه‌ جێبه‌جێی بكه‌ن. هۆكاری ئه‌مه‌ش، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ چڵسییه‌ باسیكردووه‌، بۆئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ كه‌مئه‌ندامان و خاوه‌ن پێویستییه‌ تایبه‌ته‌كان كه‌متر سه‌رنجی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ڕاده‌كێشن و ده‌توانن هێرشی چاوه‌ڕواننه‌كراو له‌ دژی نه‌یاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن. پێش داعش چه‌ند گروپێكی تری تیرۆریستی، ئه‌لقاعیده‌ وه‌ك نموونه‌، سودی له‌ كه‌مئه‌ندامان بۆ كرده‌یی خۆكوژی له‌ دژی نه‌یاره‌كانیان وه‌رگرتووه‌. بۆ نموونه‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌ ساڵی2008 دوو ژن كه‌ نه‌خۆشی داون سێندره‌م (مه‌نگۆلی)یان هه‌بوو له‌ كرده‌وه‌یه‌كی تیرۆریستیدا له‌ به‌غداد به‌كارهێنا.   
مرۆڤی كه‌مئه‌ندام كێیه‌؟
توێژه‌ر به‌مه‌به‌ستی تێگه‌شتنێكی دروست و ڕاست له‌ كێیه‌تی كه‌مئه‌ندام، چییه‌تی كه‌مئه‌ندامێتی ڕوونكردووه‌ته‌وه‌. چه‌ندین پێناسه‌ی جوداو جیا بۆ چییه‌تی كه‌مئه‌ندامێتی بوونی هه‌یه‌و هه‌ر یه‌كێك له‌م پێناسانه‌ له‌ گۆشه‌نیگای جیاجیاوه‌ چییه‌تی"كه‌مئه‌ندامێتی" ڕوونكردووه‌ته‌وه‌. توێژه‌ر بۆ ناساندنی "كه‌مئه‌ندامێتی" پێناسه‌كه‌ی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی به‌كارهێناوه‌. به‌پێی ئه‌م پێناسه‌یه‌ بێت كه‌مئه‌ندامێتی " چالاكی مرۆڤێك په‌كده‌خات یان سنورداری ده‌كات و جاریواش هه‌یه‌ مرۆڤه‌كه‌ بێبه‌ش ده‌كات له‌ به‌شداریكردن له‌ چالاكییه‌كه‌دا." به‌پێی ئه‌م پێناسه‌یه‌ بێت، هه‌موو ئه‌و چاكدارانه‌ی داعش له‌م توێژینه‌وه‌دا به‌ كه‌مئه‌ندام هه‌ژمارده‌كرێن كه‌ ئه‌ندامێكی له‌شیان له‌ده‌ستداوه‌ یان وه‌ك پێویست به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ڵناسێت یان ڕێگری ده‌كات له‌وه‌ی كه‌ وه‌ك مرۆڤێكی ئاسای ڕه‌فتار بكات.
كه‌مئه‌ندامبوونی مرۆڤ، چی زگماكی بێت یان به‌هۆی ڕووداوێكه‌وه‌ بێت، مرۆڤه‌كه‌ ڕووبه‌ڕووی كه‌مه‌ڵێك گرفتی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ده‌كاته‌وه‌و ورده‌ ورده‌ مرۆڤه‌ كه‌مئه‌ندامه‌كه‌ تواناكانی له‌ده‌ست ده‌دات یان تواناكانی سنوردار ده‌بێت. له‌ هه‌ندێك كۆمه‌ڵگه‌، به‌تایبه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، به‌هۆی نه‌بوونی وشیاری پێویست و بوونی "كلتوری شه‌رمه‌زاری"یه‌وه‌ مرۆڤه‌ كه‌مئه‌ندامه‌كان په‌راوێز ده‌خرێن و زۆر جار به‌شێوه‌ی نه‌رێنی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و ئه‌م خراپ مامه‌ڵه‌كردنه‌ ئه‌و هه‌سته‌ له‌لای كه‌مئه‌ندامان دروستده‌كات كه‌ ئه‌وان مرۆڤ گه‌لێكی بێكه‌ڵكن و ئه‌م جۆره‌ هه‌ستكردنه‌ش له‌لایه‌كه‌وه‌ ده‌بێته‌هۆی "نه‌مانی متمانه‌به‌خۆبوون" و دروستبوونی "ڕق له‌خۆبوون" و  له‌ "ئه‌وانی تر". چڵسیه‌ به‌مه‌به‌ستی باشتر تێگه‌یشتن له‌ چۆنێتی تێڕوانینی كه‌مئه‌ندامان، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌هۆی ڕووداوێكه‌وه‌ كه‌مئه‌ندام بوونه‌، بۆ خۆیان و بۆ ده‌وروبه‌ریان "تیۆری شوناسی كۆمه‌ڵایه‌تی- Social Identity Theory" به‌كار ده‌هێنێت. به‌پێی ئه‌م تیۆره‌ بێت، مرۆڤه‌كان ئه‌ندامبوونیان له‌ گروپێكدا (گروپی كه‌م ئه‌ندامان وه‌ك نموونه‌) ده‌كه‌ن به‌ بنه‌مای خۆجیاكردنه‌وه‌یان. ئه‌م ئه‌ندامبوونه‌یان متمانه‌به‌خۆبوون و ئینتیماو شانازیان پێده‌به‌خشێت (ئه‌گه‌ر ئه‌وانیتری جیاواز به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن). ئه‌م تیۆره‌ ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ ڕوودانی ململانێ (به‌هۆی خراپ مامه‌ڵه‌كردنه‌وه‌) له‌ نێوان ئه‌ندامانی ناو گروپه‌كه‌و ده‌ره‌وه‌ی گروپه‌كه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌. به‌شێك له‌م مرۆڤه‌ كه‌مئه‌ندامانه‌ به‌هۆی مامه‌ڵه‌ خراپه‌كانی ئه‌وانیتره‌وه‌ و ئه‌رێنی مامه‌ڵه‌ی داعش له‌گه‌ڵیاندا په‌یوه‌ندیان به‌داعشه‌وه‌ كردو داعشیش ئه‌م چه‌كدارانه‌ی بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێكی جوداو جیاواز به‌كارهێناو ئه‌و هه‌سته‌ی بۆ دروستكردن كه‌ ئه‌وانی كه‌مئه‌ندام به‌سودو گرنگن.
داعش به‌كرده‌ی به‌سودبوونی كه‌مئه‌ندامانی- بۆ چه‌كداره‌ كه‌مئه‌ندامه‌كان- ده‌سه‌لماندو هانیانی ده‌دا كه‌ چه‌ند ڕۆڵێكی جوداو جیاواز له‌ نێو "خیلافه‌ت"دا بگێڕن وهه‌ندێك جاریش ئه‌و ئه‌ركانه‌ی پێده‌سپاردن كه‌ هه‌ستی شه‌رم له‌خۆكردن له‌لای مرۆڤه‌ ئاساییه‌كان- به‌هۆی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ركانه‌وه‌- دروست بكات. بۆ نموونه‌ داعش له‌ ڕێگه‌ی نیشاندانی وێنه‌ی چه‌كدارێكی كه‌مئه‌ندامه‌وه‌ كه‌ سه‌رقاڵی جه‌نگكردنه‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ، به‌سودبوونی خاوه‌ن پێویستییه‌ تایبه‌ته‌كانی نیشان هه‌موولا- به‌تایبه‌تی لایه‌نگرانی- ده‌دا. ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ی داعش یارمه‌تیمان ده‌دات له‌وه‌ تێبگه‌ین كه‌ بۆچی مۆرڤه‌ كه‌مئه‌ندامه‌كان په‌یوه‌ندیان به‌ داعشه‌وه‌ ده‌كرد.
میتۆدی توێژینه‌وه‌كه‌
توێژه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌كه‌ی میتۆدی شیكاری ناوه‌ڕۆكی به‌كارهێناوه‌و شیكردنه‌وه‌ی بۆ ناوه‌ڕۆكی چه‌ند گرته‌ ڤیدیۆیه‌ك كردووه‌ كه‌ له‌ "ته‌له‌گرام" بڵاو بووه‌ته‌وه‌. له‌كاتی شیكردنه‌وه‌ی گرته‌ ڤیدیۆكاندا توێژه‌ر سودی له‌ میتۆدی (چه‌مكی) په‌روه‌ردی چێژئامێز-Entertainment-Education وه‌رگرتووه‌. مه‌به‌ست له‌په‌روه‌رده‌ی چێژئامێز ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نێرده‌ر له‌ ڕێگه‌ی ته‌كنیكی تایبه‌ته‌وه‌ وه‌رگر په‌روه‌رده‌و ئاراسته‌ ده‌كات. ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیانه‌ی كه‌ چڵسیه‌ شیكاری بۆ كردوون ژماره‌یان شه‌ش ڤیدیۆیه‌و ئه‌م ڤیدیۆیانه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی 2015 بۆ 2018 له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌شێوه‌ی ئۆنلاین بڵاو كراونه‌ته‌وه‌. توێژه‌ر له‌كاتی شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ڤیدیۆكاندا ویستووێتی بزانێت ڤیدیۆكان "چۆن" كه‌مئه‌ندامانیان نیشانداوه‌و "چی" په‌یامێكیان ئاراسته‌ی وه‌رگر كردووه‌.
ده‌ره‌نجامه‌كان
چڵسیه‌ له‌ توێژینه‌وه‌كه‌یدا گه‌یشتووه‌ به‌ چه‌ند ده‌ره‌نجامێك و ئه‌وه‌شی بۆ ڕوون بووه‌ته‌وه‌ كه‌ داعش چۆن كه‌مئه‌ندامانی نێو خیلافه‌ته‌كه‌ی به‌كارهێناوه‌. به‌گشتی داعش له‌ هه‌موو ڤیدیۆكاندا كه‌مئه‌ندامانی وه‌ك كه‌سانی به‌سود نیشانداوه‌. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی تێبینییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داعش، وه‌ك له‌ ڤیدیۆكاندا ده‌رده‌كه‌وێت، وێنه‌ی كه‌مئه‌ندامانی له‌ كه‌سانێكی "قوربانی"یه‌وه‌ بۆ كه‌سانێك كه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و ئه‌رك و پێگه‌ن گۆڕێوه‌.
ده‌ره‌نجامێكی تری توێژینه‌وه‌كه‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ كات كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆڵ و ئه‌ركه‌ی كه‌ له‌ نێو داعشدا به‌ كه‌مئه‌ندامان دراوه‌. به‌ده‌ربڕینێكی تر، كه‌مئه‌ندامانی نێو داعش له‌ كاتی جیا جیادا ڕۆڵ و ئه‌ركی جودا جودایان پێسپێردراوه‌‌. بۆ نموونه‌ له‌ مانگی سێی (ئازاری) 2015 داعش ڤیدیۆیه‌كی بڵاوكرده‌وه‌و له‌ ڤیدیۆكه‌دا دوو كه‌مئه‌ندام (كه‌ڕولاڵ) ده‌رده‌كه‌ون كه‌ پۆلیسی هاتووچۆن. ئه‌م دوو كه‌مئه‌ندامه‌ داوا له‌ كه‌مئه‌ندامانی تری نیشته‌جێی ئه‌وروپا ده‌كه‌ن كه‌ كۆچ (هیجره‌ت) بۆ "خیلافه‌ت"ی ئیسلامی بكه‌ن. به‌ڵام دوو ساڵ دواتر داعش له‌ ڤیدیۆیه‌كی تردا چه‌كدارێكی كه‌مئه‌ندام (لاقی له‌ده‌ستداوه‌) نیشان ده‌دات و ئه‌م كه‌مئه‌ندامه‌ داوا له‌ لایه‌نگرانی داعش له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات كه‌ هێرش له‌ دژی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام بده‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ی كه‌ داعش له‌ 2018دا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌مئه‌ندامان وه‌ك جه‌نگاوه‌رێك كه‌ خه‌ریكی جه‌نگكردن یان به‌نیازن كرده‌یی خۆكوژی ئه‌نجام بده‌ن نیشان ده‌دات. ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌ش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵیت كه‌ چۆن ئامانجی داعش به‌پێی تێپه‌ڕبوونی كات گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌، ئه‌وا ئه‌رك و ڕۆڵی چه‌كداره‌ كه‌مئه‌ندامه‌كان له‌ نێو داعشدا گۆڕاوه‌.  
یه‌كێكی تر له‌ ده‌ره‌نجامه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كانی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ داعش له‌ ڤیدیۆكاندا كه‌مئه‌ندام و خاوه‌ن پێویستییه‌ تایبه‌ته‌كانی له‌ "قوربانی" ده‌ستی نه‌خۆشی و كۆمه‌ڵگه‌وه‌ بۆ "جه‌لاد" و بكوژ گۆڕیوه‌. ئه‌م گۆڕانكارییه‌ له‌به‌شێك له‌و ڤیدیۆیانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌لایه‌ن توێژه‌ره‌وه‌ شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكیان بۆ كراوه‌. بۆ نموونه‌، داعش له‌ ساڵی 2016 ڤیدیۆیه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چه‌كدارێكی خاوه‌ن پێویستی تایبه‌ت كه‌سێك به‌ گومانی سیخوڕیكردن بۆ دوژمن ده‌كوژێت. هه‌روه‌ها داعش دوو ساڵ دواترو له‌ ئایاری 2018 ڤیدیۆیه‌كی تر بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چه‌كدارێكی كه‌مئه‌ندام زیندانیكراوێك گوله‌باران ده‌كات.  

terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure