ده‌ستوری ساڵی ٢٠٠٥ی عێراق: كه‌یسێك دژی سوكه‌ ته‌وافوق

28/04/2020

ماتییس بۆگاردس

پێشه‌كی
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی به‌رده‌ستن ده‌رباره‌ی كۆمه‌ڵگا دابه‌شبووه‌كان و ڕێكکه‌وتنی ئاشتی و به‌شكردنی ده‌سه‌ڵات، ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵاتیان پێباشتره‌ له‌ دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام. به‌لای ڕۆزچایه‌ڵده‌وه‌، ڕێكکه‌وتن له‌سه‌ر به‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌نێو لایه‌نه‌كاندا ده‌بێته‌ هۆی بره‌ودان به‌ ئاشتی له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ببێته‌ مایه‌ی نائارامی و ناكارایی حكومه‌ت و زیادكردنی ململانێی نێوان لایه‌نه‌كان له‌ ماوه‌یه‌كی درێژخایه‌ندا. سیسك هاوڕایه ‌له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ و ده‌ڵێت كه‌ به‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ باشترین باردا بریتییه‌ له ئامڕازێكی كاتی. به‌داخه‌وه‌ زۆر كه‌م بایه‌خ دراوه‌ به‌ كۆتایهێنان به‌ ڕێكکه‌وتنی به‌شكردنی ده‌سه‌ڵات، ته‌نها هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی وه‌كو مه‌رجه‌كانی خۆرئاوابوون و چه‌ند دانه‌یه‌كی تر تیشكی خستووەته‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته.‌ ده‌رئه‌نجامی شیكردنه‌وه‌ی ڕێكاره‌كانی به‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ ٩ كۆمه‌ڵگه‌ی دوای قه‌یراندا ده‌ریخستووه‌ كه‌ زۆری ده‌سه‌ڵاتی به‌كارهێنانی ڤیتۆ له‌ حكومه‌تی هاوپه‌یمانیدا كه‌ ڕێپێدراوبێت له‌لایه‌ن ده‌ستوره‌وه‌ باشتره‌ ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو بێت.
به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌گه‌ر ڕووبه‌ڕووی دوو بژارده‌ بكرێنه‌وه‌ له‌نێوان هه‌ماهه‌نگی لیبراڵ و فره‌ ‌لایه‌ندا، ئه‌كادیمیسته‌كانی بواری ته‌وافوق لیبراڵه‌كه‌ هه‌ڵده‌بژێرن. شاره‌زایه‌كی بواره‌كه‌ به‌ناوی لیپهارت بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌م جیاوازییه‌ی دیاریكردووه‌ له‌ لیستێكدا ٧ لایه‌نی باشی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و یه‌ك لایه‌نی نه‌رێنی خستووه‌ته‌‌ڕوو. هه‌ماهه‌نگی لیبراڵی پاداشتی ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ دیاریده‌كات كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ دیموكراتییه‌كاندا زۆرینه‌ به‌ده‌ست ده‌هێنێت، به‌ڵام ته‌وافوقی فره‌ ‌لایه‌نه‌ به‌پێی پێوه‌ره‌ ڕێژەییەکان جێگه‌ی لایه‌نه‌كان ده‌كاته‌وه‌.
ده‌ستوری ساڵی٢٠٠٥ی عێراق تێكه‌ڵه‌ی هه‌ردوو جۆری ته‌وافوقی كاتی و لیبراڵانه‌یه‌‌. ئه‌مه‌ وا له‌ عێراق ده‌كات ببێت به‌ كه‌یسێكی “سوكه‌ ته‌وافوق”، له‌نێوان لایه‌نه‌كاندا. به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌ به‌رده‌ستن له‌گه‌ڵ كه‌یسی سه‌ركه‌وتووی باشووری ئه‌فریقا كه‌ له‌جۆری ته‌وافوقی لیبراڵی و كاتییه‌، پێده‌چێت سوكه‌ ته‌وافوق به‌دیلێكی سه‌رنجڕاكێش بێت به‌راورد به‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی وه‌كو ته‌وافوقه‌ هەمیشەییەکەی بۆسنه. هه‌ر بۆیه‌ عێراق كه‌یسێكی ئاڵۆزه‌ بۆ لایه‌نگره‌كانی سیستمی سوكه‌ ته‌وافوق، چونكه‌ ئه‌م كه‌یسه‌ دیبه‌یت فراوانتر ده‌كات له‌سه‌ر پێكهاته‌ی دامه‌زراوه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگا دابه‌شبووه‌كاندا.
یه‌كێك له‌ پسپۆڕه‌كان به‌ ناوی ئۆتاوه‌ی ڕێنمایی شاره‌زاكانی بواری زانسته‌ ڕامیارییه‌كان ده‌كات (كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌ستوری وڵاتاندا ده‌كه‌ن) به‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ بگه‌نه‌ ده‌رئه‌نجامێكی پێشكه‌وتوو پاشان پێشنیاری ساده‌ بخه‌نه‌ڕوو. كه‌یسی عێراق ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی‌ له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ ده‌ستوری عێراقی‌ ساڵی ٢٠٠٥ لاوازه‌ له‌ڕووی نه‌بوونی سیستمێكی درێژخایه‌ن بۆ به‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی و‌ ڕێگه‌ ده‌دات به‌ ده‌سه‌ڵاتی تاك له‌سه‌ر حسابی ده‌سه‌ڵاتی فره‌ ‌لایه‌نه‌،  شێوازێكی تایبه‌تی فیدڕاڵی تاقیده‌كاته‌وه ‌كه‌ له‌م بابه‌ته‌دا به‌ فیدڕاڵیزمی نه‌رم ناوده‌برێت.
ته‌وافوقه‌ كاتی و لیبراڵه‌كه‌ بووه‌‌ته‌ هۆی شێوازێكی ناته‌واو و نافه‌رمی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان پێكهاته‌كاندا كه‌ نه‌یتوانیوه‌ چوارچێوه‌یه‌كی جێگیر دابین بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نێوان لایه‌نه‌كان.  پێشنیاره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێویسته‌ ئه‌م كێشانه‌ چاره‌سه‌ربكرێن له‌ناو ده‌ستوره‌كه‌ی ئێستادا و پەند له‌ كه‌یسی عێراق‌ وه‌ربگرێت كاتێك له‌ وڵات و کۆمەڵگە دابه‌شبووەکانی تردا بیر له‌ ته‌وافوق ده‌كرێته‌وه‌ هاوشێوەی سوریا.
ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ شێوازێك داڕێژراوه‌ كه‌ به‌شی یه‌كه‌می پڕۆسه‌ی داڕشتنی ده‌ستوری عێراق ده‌خاته‌ڕوو. سێ به‌شه‌كه‌ی دواتر تیشك ده‌خاته‌سه‌ر پێكهاته‌ی ده‌ستوره‌كه، به‌ڵگه‌كان له‌سه‌ر ته‌وافوق بۆ به‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان، هاوسه‌نگی نێوان ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌وی و فره‌لایه‌نه، له‌گه‌ڵ ڕێكخستنی فیدڕاڵیزمی نه‌رم. له‌ ده‌رئه‌نجامیشدا به‌دیله‌كانی سوكه‌ ته‌وافوق تاقی ده‌كرێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ قابیلیه‌تی قبوڵكردن و جێبه‌جێكردنی.

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

 

terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure