پڕوپاگه‌نده‌و هێرشه‌كانی داعش: ئایا په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌؟

07/05/2020

نه‌یت ڕۆسنبڵات، چارڵی وینته‌ر، ڕاجان به‌سره‌

خوێندنه‌وه‌ی: قاره‌مان عه‌لی
پوخته‌

داعش هاوشێوه‌ی زۆربه‌ی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان- به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌رتر- پڕوپاگه‌نده‌ی به‌كارهێناوه‌و ویستووێتی له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی پڕوپاگه‌نده‌وه‌ به‌به‌شێك له‌ ئامانجه‌كانی بگات. داعش له‌ڕێگه‌ی به‌شێك له‌ پڕوپاگه‌نده‌كانییه‌وه‌ هانی ئه‌ندامام و لایه‌نگرانی داوه‌ كه‌ به‌ڕێگه‌ی جیاجیاو له‌ شوێنی جودا جودا‌ په‌لاماری نه‌یارو  دوژمنه‌كانی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" بده‌ن و "جیهاد" بكه‌ن. له‌هه‌مان كاتدا، به‌رپرسانی میدیایی ئه‌م گروپه‌ به‌شێك له‌ هێرش و په‌لاماره‌كانی هه‌ندێك له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگره‌كانی خۆیانیان كردووه‌ به‌ بابه‌تی پڕوپاگه‌نده‌كانیان. له‌ڕابردوودا چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌لایه‌ن چه‌ند توێژه‌رو ناوه‌ندێكی توێژینه‌وه‌وه‌ ده‌رباره‌ی هێرشه‌كانی داعش و پڕوپاگه‌نده‌و شێوازو چۆنێتی به‌كارهێنانی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌م توێژینه‌وانه‌، پرسی په‌یوه‌ندی نێوان پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش و ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستییانه‌‌ی كه‌ له‌لایه‌ن (یان به‌ناوی ) ئه‌م ڕێكخراوه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌- به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكه‌وه‌- كه‌مترین لێتوێژینه‌وه‌ی لێكراوه‌. به‌هۆی نه‌بوونی یان كه‌می توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌رباره‌ی بوونی( یان نه‌بوونی) په‌یوه‌ندی له‌ نێوان پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش و هێرشه‌كانی كه‌لێنێك له‌م بواره‌دا دروستبووه‌و به‌ته‌واوی نه‌زانراوه‌ چی جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوان هێرشه‌كانی داعش و پڕوپاگه‌نده‌كانیدا بوونی هه‌یه‌.
نه‌یت ڕۆسنبڵات و چارڵی وینته‌رو ڕاجان به‌سره‌ به‌مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌لێنه‌و خستنه‌ڕووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پڕوپاگه‌نده‌و هێرشه‌كانی ئه‌م ڕێكخراوه‌ توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستییان به‌ناونیشانی " پڕوپاگه‌نده‌و هێرشه‌كانی داعش: ئایا په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌؟،" ئه‌نجامداو له‌ توێژینه‌وه‌كه‌یاندا له‌ بوون یان نه‌بوونی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان پڕوپاگه‌نده‌و هێرشه‌كانی داعش ده‌كۆڵنه‌وه‌و به‌دوای وه‌ڵامی دروسته‌وه‌ن بۆ پرسیاری سه‌ره‌كی توێژینه‌وه‌كه‌یان: ئایا چی جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوان وشه‌و كرده‌یی گروپێكی تیرۆریستی- وه‌ك داعشدا- بوونی هه‌یه‌؟ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ له‌ ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2019 له‌ جۆرناڵی  "Perspective on Terrorism" بڵاوبووه‌ته‌وه‌. توێژه‌رانی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ دوای به‌راوردكردن و شیكردنه‌وه‌ی دوو داتای كۆكراوه‌( پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش و ژماره‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌ له‌ ئه‌وروپا ئه‌نجامی داوه‌ له‌ 2016)، گه‌یشتوون به‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه‌ پێش ئه‌نجامدانی هێرشه‌كان په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆ له‌نێوان پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش و هێرشه‌كانیدا له‌ ساڵی 2016 له‌ ئه‌وروپا بوونی نییه‌.

 

پێشه‌كی
نه‌یت ڕۆسنبڵات و چارڵی وینته‌رو ڕاجان به‌سره‌ له‌ "پێشه‌كی" توێژینه‌وه‌كه‌یاندا جگه‌ له‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌ به‌شێك له‌و توێژینه‌وانه‌ ده‌ده‌ن كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن توێژه‌رانه‌وه‌ ده‌رباره‌ی پڕوپاگه‌نده‌و هێرشی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان نووسراون، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌نها چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌كی كه‌م له‌ ڕابردوودا له‌ په‌یوه‌ندی نێوان پڕوپاگه‌نده‌و هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كانی كۆڵیوه‌ته‌وه‌‌. بوونی ئه‌و چه‌ند توێژینه‌وه‌ كه‌مه‌ی كه‌ ده‌رباره‌ی بوونی په‌یوه‌ندی نێوان پڕوپاگه‌نده‌و هێرشی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان نووسراوه‌ كه‌لێنێكی له‌م بواره‌دا دروستكردووه‌و توێژه‌رانی ئه‌م توێژینه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌یانه‌وه‌ به‌شداری له‌ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنه‌دا بكه‌ن. له‌ "پێشه‌كی" توێژینه‌وه‌كه‌دا پرسیاری سه‌ره‌كی توێژینه‌وه‌كه‌، كه‌ پرسیاره‌ له‌ چۆنێتی بوونی په‌یوه‌ندی نێوان پڕوپاگه‌نده‌و هێرشی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان، خراوه‌ته‌ڕوو و ئامانجی توێژینه‌وه‌كه‌ش ده‌ستنیشانكراوه‌‌. ئامانجی توێژینه‌وه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ خستنه‌ڕوو و زانینی ئه‌وه‌ی تا چه‌ند چڕبوونه‌وه‌ی  پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش پێش ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان په‌یوه‌ندی به‌ زیادبوونی هێرشه‌كانیانه‌وه‌ هه‌یه‌و ئایا ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ به‌ به‌رده‌وامی به‌م شێوه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه یان گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت‌.
بۆ ئه‌وه‌ی به‌دروستی وه‌ڵامی پرسیاری توێژینه‌وه‌كه‌یان، "ئایا په‌یوه‌ندی له‌ نێوان پڕوپاگه‌نده‌و هێرشه‌كانی داعشدا بوونی هه‌یه‌؟" بده‌نه‌وه‌، توێژه‌ران دوو داتابه‌یسیان ئاماده‌كردووه‌. داتابه‌یسی یه‌كه‌م هه‌موو پڕوپاگه‌نده‌ فه‌رمییه‌كانی داعش له‌خۆده‌گرێت كه‌ له‌ 2016دا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌و داتابه‌یسی دووه‌م هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌ له‌خۆده‌گرێته‌ كه‌ له‌ ساڵی 2016 له‌لایه‌ن داعش و لایه‌نگرانییه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا ئه‌نجامدراوه‌. مه‌به‌ست له‌ هێرشه‌كانی داعش هه‌موو ئه‌و هێرشه‌ ئه‌نجامدراو و ڕێگه‌لێگیراو و شكستخواردوانه‌یه‌ كه‌ له‌ 2016 له‌ ئه‌وروپا له‌لایه‌ن لایه‌نگران یان به‌ناوی داعشه‌وه‌ ئه‌نجامدراون. هۆكاری هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2016 بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌كه‌ بۆ دوو هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌: یه‌كه‌م، له‌م ساڵه‌دا داعش و لایه‌نگرانی زۆرترین هێرشیان له‌ ئه‌وروپا ئه‌نجامداوه‌. دووه‌م، ساڵی 2016 به‌ ساڵی پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش داده‌نرێت و داعش، به‌تایبه‌تی سه‌ركرده‌كانیان، له‌م ساڵه‌دا زۆرترین پڕوپاگه‌نده‌یان ئاراسته‌ی ده‌ره‌وه‌ی سنوری "خیلافه‌ت"ه‌كه‌یان كردووه‌.
گرنگی ئه‌م توێژینه‌وه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندی نیوان پڕوپاگه‌نده‌و هێرشه‌كانی داعش ده‌ستنیشان بكات و چۆنێتی ئه‌م  په‌یوه‌ندییه‌ بخاته‌ڕوو. ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌م توێژینه‌وه‌- هه‌رچییه‌ك بێت- بۆ خوێنه‌رو ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ بایه‌خ به‌ گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌ده‌ن گرنگه‌ چونكه‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌ زانیاری ده‌رباره‌ی هێرشه‌كانی داعش و چۆنێتی پاڵپشتیكردنی ئه‌و هێرشانه‌ به‌ پڕوپاگه‌نده‌ ده‌خاته‌ڕوو. داعش خۆی- له‌كاتی دووباره‌ به‌هێزبوونه‌وه‌ی- یان گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی تر به‌هۆی سروشتی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانه‌وه‌ كه‌ هاوكاری یه‌كتر ده‌كه‌ن و له‌یه‌كتریشه‌وه‌ شت فێرده‌بن، ئه‌گه‌رێكی زۆر هه‌یه‌ كه‌ هه‌مان تاكتیك بۆ پڕوپاگه‌نده‌كردن و ئه‌نجامدانی هێرشی تیرۆریستی له‌ دژی دوژمن و نه‌یاره‌كانیان به‌كاربهێنن.     ‌     
گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان گروپ گه‌لێكی "ڕاشناڵن" و پێش ئه‌نجامدانی هێرشه‌كانیان به‌وردی لێكدانه‌وه‌ بۆ هه‌نگاو كرده‌كانیان ده‌كه‌ن. گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان ستراتیجیانه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌و له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی هێرشی تیرۆریستییه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت به‌شێك له‌ ئامانجه‌كانیان به‌ده‌ستبهێنن. ئه‌وه‌ی سه‌رنجڕاكێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان زۆرجار توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ له‌ یه‌ك هێرشدا چه‌ند ئامانجێك به‌ده‌ستبهێنن. بۆ نموونه‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌ هێرشه‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ردا له‌یه‌ك كاتدا ویستی ئه‌مه‌ریكا "ئیستیفزاز" بكات و ناچاری بكات له ‌به‌شێك له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ زۆرینه‌ مسوڵمانن بكشێته‌وه‌.
گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان به‌هۆی گرنگی پڕوپاگه‌نده‌وه‌ بایه‌خێكی زۆریان به‌ پڕوپاگه‌نده‌ داوه‌و پڕوپاگه‌نده‌یان وه‌ك ئامرازێك بۆ‌ به‌دیهێنانی چه‌ند ئامانجێك به‌كارهێناوه‌. پڕوپاگه‌نده‌ له‌ نێو گروپه‌ تیرۆریستییه‌كاندا بۆ چه‌ند ئامانجێك به‌كارهاتووه‌. بۆ نموونه‌، ئه‌وان پڕوپاگه‌نده‌ به‌كارده‌هێنن بۆ پته‌وكردنی ڕیزه‌كانیان، به‌ئه‌ندامكردنی (ته‌جنیدكردنی) خه‌ڵك، ڕه‌وایه‌تیدان به‌ كرده‌و هێرشه‌كانیان و ناشیرینكردنی وێنه‌ی دوژمن و نه‌یاره‌كانیان. هه‌ندێك جار زۆربه‌ی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌پاڵ پڕوپاگه‌نده‌كردندا- به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی په‌یامه‌كانیان- په‌نایان بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی بردووه‌. زۆربه‌ی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان پێش یان پاش ئه‌نجامدانی ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه‌ پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ كردووه‌. ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان هه‌ندێك له‌ هێرشه‌كانیان كردووه‌ به‌ پڕوپاگه‌نده‌و هێرشه‌كانیان وه‌ك ئامرازێكی پڕوپاگه‌نده‌ به‌كارهێناوه‌‌. توێژه‌رانی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ توانا میدیاییه‌كانی داعش و چۆنێتی پڕوپاگه‌نده‌كردنی، داعش له‌ زۆربه‌ی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی تر جیا ده‌كاته‌وه‌. داعش به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی گروپه‌ جیهادییه‌كانی تره‌وه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ میدیای كرد به‌ گۆڕه‌پانی "جیهاد" و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌ بواری پڕوپاگه‌نده‌كردندا "داهێنان"ی كردو ئه‌م ڕێكخراوه‌ له‌ ڕابردوودا پڕوپاگه‌نده‌و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی كردبوو به‌ پردی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان خۆی و ئه‌وروپادا.

میتۆدی توێژینه‌وه‌كه‌
ئه‌م به‌شه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌ چۆنێتی كۆكردنه‌وه‌و په‌ره‌پێدانی هه‌ردوو داتابه‌یسه‌كه‌- پڕوپاگه‌نده‌ فه‌رمییه‌كانی داعش و هێرشه‌كانی له‌ ئه‌وروپا-و چۆنێتی شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م داتایانه‌ ڕوونده‌كاته‌وه‌.
داتابه‌یسی پڕوپاگه‌نده‌كان
ئه‌م داتابه‌یسه‌ هه‌موو ئه‌و ڤیدیۆو تۆماره‌ ده‌نگی وگۆڤارانه‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ به‌ فه‌رمی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ ساڵی 2016 بڵاوكراونه‌ته‌وه‌. توێژه‌ران بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌م داتابه‌یسه‌ پشتیان به‌ ته‌له‌گرام به‌ستووه‌و ئه‌م سۆشیاڵ-میدیایه‌ له‌ 2015ه‌وه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كراوه‌ به‌ پلاتفۆرمی سه‌ره‌كی بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ فه‌رمییه‌كانی. له‌كاتی كۆكردنه‌وه‌ی داتاكاندا ئه‌وه‌ بۆ توێژه‌ران ڕوونبووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاژانسه‌كانی "ناشیر"و "ئه‌عماق" به‌رپرسن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ فه‌رمییه‌كانی داعش له‌ سۆشیاڵ-میدیای ته‌له‌گرام. داعش له‌ ساڵی 2016 چوارسه‌دو یازده‌ (411) پڕوپاگه‌نده‌ی فه‌رمی له‌ ته‌له‌گرام بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و هه‌موو پڕوپاگه‌نده‌كان ناوی "خیلافه‌تی" به‌سه‌ره‌وه‌یه‌.
پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش دوو جۆرن و جۆری یه‌كه‌میان ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن "میدیای ناوه‌ندیی"وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و جۆری دووه‌میان ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن "میدیای ویلایه‌ته‌كانه‌وه‌"- ویلایه‌تی حه‌له‌ب وه‌ك نموونه‌- بڵاوكراونه‌ته‌وه‌. له‌ كۆی چوارسه‌دو یازده‌ (411) پڕوپاگه‌نده‌ میدیای ناوه‌ندی نه‌وه‌دو چوار (23%) پڕوپاگه‌نده‌و میدیای ویلایه‌ته‌كان سێ سه‌دو حه‌ڤده‌ (77%) پڕوپاگه‌نده‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. داتابه‌یسی پڕوپاگه‌نده‌كان هه‌واڵ و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازی و ڕاپۆرته‌ وێنه‌یییه‌كانی- سه‌ره‌ڕای گرنگییه‌كه‌یان- له‌خۆنه‌گرتووه‌. هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌شی هه‌واڵه‌كان و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازی و ڕاپۆرته‌ وێنه‌ییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ بۆ هاندانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی به‌كارنه‌هێنراون.   

داتابه‌یسی هێرشه‌كان
توێژه‌رانی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ داتابه‌یسێكی نوێیان دروستكردووه‌ بۆ هێرشه‌كانی داعش و لایه‌نگرانی له‌ ساڵی 2016 له‌ ئه‌وروپا. بۆ ئه‌م كاره‌ش پشت به‌ سه‌رچاوه‌ كراوه‌كانی وه‌ك ئینته‌رنێت و گوگڵ به‌ستراوه‌ بۆ ده‌ستكه‌وتنی زانیاری پێویست ده‌رباره‌ی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كان. بۆ ئه‌وه‌ی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كان هه‌ژماربكرێن توێژه‌ران سێ پێوه‌ریان داناوه‌و هێرشه‌كانیان له‌ فیلته‌رداوه‌. ئه‌م سێ پێوه‌ره‌ش بریتین له‌ یه‌كه‌م: هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ ده‌بێت له‌ ئه‌وروپاو له‌ ساڵی 2016 ئه‌نجامدرابێت یان هه‌وڵی ئه‌نجامدانی درابێت. دووه‌م: بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك هێرش هه‌ژماربكرێت، ده‌بێت پلانی بۆ داڕێژرابێت (دیاریكردنی ئامانج وه‌ك نموونه‌)و ئه‌نجامده‌رانی له‌ڕێگه‌ی ئاماده‌كردنی كه‌ره‌سته‌ی پێویسته‌وه‌ (چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی پێویست وه‌ك نموونه‌) ئاماده‌ی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ بن. سێیه‌م: ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌كه‌ ده‌بێت په‌یوه‌ندیان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بێت یان هه‌ڵگری ئه‌و ئایدیۆلۆجیایه‌ بن كه‌ داعش هه‌ڵگرێتی.
پاش گه‌ڕانه‌كان، توێژه‌ران توانیان داتابه‌یسێك ئاماده‌ بكه‌ن و ئه‌م داتابه‌یسه‌ سی و چوار (34) هێرش له‌خۆده‌گرێت. به‌ مه‌به‌ستی دڵنیا بوونه‌وه‌ له‌ دروستی داتابه‌یسه‌كه‌؛ توێژه‌ران داتابه‌یسه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ چه‌ند داتابه‌یسێكی تر (داتا به‌یسی تیرۆریزمی جیهانی  GTD وه‌ك نموونه‌) به‌راورد كردووه‌و ده‌ره‌نجامی به‌راوردكردنه‌كه‌ "داتابه‌سی هێرشه‌كان"ی ده‌وڵه‌مه‌ند كرد.
هێرشه‌كان چی ئه‌نجامدرابێت، شكستی هێنابێت یان ڕێگری له‌ ئه‌نجامدانی كرابێت به‌پێی ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌كه‌ بۆ سێ جۆر پۆلێن كراوه‌: یه‌كه‌م، ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ چه‌كداری داعشه‌و له‌ ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی داعشه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی هاتووه‌ بۆ ئه‌وروپا. دووه‌م، ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ به‌شێوه‌ی دوراودوور (ئۆنلاین یان له‌ ڕێگه‌ی سۆشیاڵ-میدیاوه‌) هاوكاریكراوه‌و رێنمایی پێویستی بۆ ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ پێشكه‌ش كراوه‌. سێیه‌م، ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ڕێكخراوه‌یی به‌ داعشه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵام سه‌رسامه‌ به‌ دیدگای داعش و "ئیلهام"ی له‌ ئایدیۆلۆجیاكه‌ی وه‌رگرتووه‌. داعش‌ زانیاری پێشوه‌خته‌ی ده‌رباره‌ی كات و شوێنی ئه‌و هێرشانه‌ هه‌بووه‌ كه‌ گروپی یه‌كه‌م (چه‌كدارانی داعش) ئه‌نجامی ده‌ده‌ن بۆیه‌ ده‌كرێت بووترێت كه‌ داعش توانای هه‌بووه‌ كه‌ پڕوپاگه‌نده‌كانی بخاته‌ خزمه‌ت ئه‌م گروپه‌وه‌ تا هێرشه‌كه‌ له‌ ئه‌وروپا ئه‌نجام بده‌ن. نیوه‌ی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كانی ئه‌وروپا له‌ 2016 له‌لایه‌ن گروپی سێیه‌م (ئه‌وانه‌ی ئیلهامیان له‌ داعشه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌) ئه‌نجامدراوه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی به‌ وردی وه‌ڵامی پرسیاری توێژینه‌وه‌كه‌ بدرێته‌وه، توێژه‌رانی توێژینه‌وه‌كه‌ له‌ چوار هه‌فته‌ پێش ڕوودانی هێرشه‌كه‌و له‌ چوار هه‌فته‌ دوای ڕوودانی هێرشه‌كه‌ توێژیونه‌ته‌وه‌‌. هۆكاری ئه‌مه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ داعش له‌ هه‌ر مانگێكی 2016دا دوو بۆ سێ هێرشی له‌ ئه‌وروپا ئه‌نجامداوه‌و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ توێژه‌ران پێویستیان به‌ چوار هه‌فته‌ هه‌بووه‌ بۆ پێوان و هه‌ڵسه‌نگاندنی پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش له‌ پێش و پاشی هێرشه‌كه‌. به‌م شێوه‌یه‌ توانراوه‌ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ بپێورێت كه‌ له‌ پێش بان پاش ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ له‌ پڕوپاگه‌نده‌كانی داعشدا به‌دی كراوه‌و ڕوویانداوه‌.

ده‌ره‌نجامه‌كان
به‌مه‌به‌ستی به‌ڕوونی خستنه‌ڕووی ئه‌نجامه‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌، توێژه‌ران په‌یوه‌ندی نێوان پڕوپاگه‌نده‌و هێرشه‌كانی داعشیان بۆ دوو جۆر په‌یوه‌ندی پۆلێن كردووه‌:
یه‌كه‌م: ‌پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش پێش هێرشه‌كانی ئه‌وروپا: ئه‌نجامه‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌ دووخاڵی گرنگ نیشان ده‌ده‌ن 1- كه‌ به‌یاننامه‌و بڵاوكراوه‌كانی سه‌ركرده‌كانی داعش (خه‌لیفه‌و وته‌بێژه‌ فه‌رمییه‌كانی داعش) كاریگه‌ریان نه‌بووه‌ له‌سه‌ر ڕوودان یان ڕوونه‌دانی هێرشی تیرۆریستی له‌ ئه‌وروپا له‌ ماوه‌ی چوار هه‌فته‌ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌یاننامه‌و بڵاوكراوه‌كان. 2- به‌گشتی پێش ڕوودانی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كانی ئه‌وروپا ئاست و شێوازی پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش گۆڕانكاریان به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌. ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ دێت كه‌ قه‌باره‌ی پڕوپاگه‌نده‌كان ناكرێت بكرێت به‌ پێوه‌ر یان پێشمه‌رج بۆ ڕوودانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی له‌ ئاینده‌ی نزیكدا (به‌لای كه‌م له‌ ماوه‌ی مانگێكدا).
دووه‌م: پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش پاش هێرشه‌كانی ئه‌وروپا: ئه‌نجامه‌كان ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو كه‌ په‌یوه‌ندی بوونی هه‌یه‌ له‌ نێوان پڕوپاگه‌نده‌و هێرشه‌كانی داعش پاش ڕوودانیان له‌ ئه‌وروپا. بڕو قه‌باره‌ی پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش له‌ دوای ڕوودانی هێرشه‌كانی ئه‌وروپاوه‌ زیادی كردووه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌نجامه‌كان نیشانی ده‌ده‌ن كه‌ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان "میدیای ناوه‌ندی"ی داعش و "میدیای ویلایه‌تیه‌كان"دا بوونی هه‌یه‌. جیاوازییه‌كه‌ش به‌م شێوه‌یه‌یه‌؛ میدیای ناوه‌ندی داعش پڕوپاگه‌نده‌كانی كه‌م ده‌كاته‌وه‌ دوای (پاش) هه‌فته‌یه‌ك له‌ ڕوودانی هه‌موو هێرشه‌كان(سه‌ركه‌وتوو و شكستخواردوو و ڕێلێگیراو) به‌ڵام هه‌مان میدیا دوای دوو هه‌فته‌ له‌ ئه‌نجامدانی هێرشێكی سه‌ركه‌وتوو پڕوپاگه‌نده‌كانی زیاد ده‌كات. به‌پێچه‌وانه‌ی میدیای ناوه‌ندییه‌وه‌، میدیای ویلایه‌ته‌كان دوای یه‌ك هه‌فته‌ له ئه‌نجامدانی هێرشه‌كانی ئه‌وروپا- به‌تایبه‌تی هێرشی شكستخواردوو  یان ڕێلێگیراو- پڕوپاگه‌نده‌كانیان زیاد ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌، وه‌ك ئه‌نجامه‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌ ده‌یخه‌نه‌ڕوو، میدیای ویلایه‌ته‌كانی داعش زانیاری ته‌واویان ده‌رباره‌ی ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستیانه‌ی كه‌ به‌سه‌ركه‌وتووی له‌ ئه‌وروپا ئه‌نجامدراون له‌لا نییه‌.
هۆكاری ئه‌م جیاوازییه‌ی نێوان میدیای ناوه‌ندی داعش و میدیای ویلایه‌ته‌كان، به‌بڕوای توێژه‌ران، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ میدیای ویلایه‌ته‌كانی داعش به‌مه‌به‌ستی لادانی سه‌رنج له‌سه‌ر شكستی هێرشه‌كانی داعش له‌ ئه‌وروپا له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌مدا پڕوپاگه‌نده‌كانی زیاد ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕوون نییه‌ بۆچی میدیای ناوه‌ندیی داعش به‌هه‌مان كار هه‌ڵناسێت.    

terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure