ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانی جیهادییه‌كان و ده‌نگدانه‌وه‌یان له‌ نێو گروپه‌ ناجیهادییه‌كاندا

04/06/2020

ئیریه‌ڵ كه‌وك

خوێندنه‌وه‌ی: قاره‌مان عه‌لی
ده‌ستپێك
داعش له‌ 19ی ئابی 2014 ڤیدیۆی سه‌ربڕینی جه‌یمس فۆڵی، كه‌ ڕۆژنامه‌نووسێكی ئه‌مه‌ریكی بوو، بڵاوكرده‌وه‌و ئه‌م ڤیدیۆیه به‌یه‌كه‌م ڤیدیۆی سه‌ربڕین داده‌نرێت كه‌ داعش بڵاویكردووه‌ته‌وه‌. دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڤیدیۆیه‌، به‌هۆی ئه‌و ده‌نگدانه‌وه‌و كاریگه‌رییه‌ جیهانییه‌ی كه‌ ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كه‌ی ڕۆژنامه‌نووس جه‌یمس فۆڵی دروستیكرد، داعش سه‌ربڕینی كرده‌ كه‌ره‌سته‌ی به‌شێك له‌ پڕوپاگه‌نده‌كانی و ڤیدیۆی هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی سه‌ربڕینه‌وه‌ كوشتوونی بڵاوكرده‌وه‌. داعش له‌ ڕێگه‌ی به‌رهه‌مهێنان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانییه‌وه‌ چه‌ندین په‌یامی سیاسی- به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی كاریگه‌ری- بۆ نه‌یارو دۆسته‌كانی له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی سنوری "خیلافه‌ت"ه‌كه‌ی نارد.
 مه‌به‌ستی داعش له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كان به‌شێوه‌ی ئۆنلاین و به‌چه‌ندین زمانی زیندووی جیهان بریتیی بووه‌ له‌ ڕاكێشانی سه‌رنجی جیهان و دانانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر بڕێاری سه‌ركرده‌كانی جیهان. دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤیدیۆكان، لایه‌نگرانی داعش ڕۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌ زیاتر بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كان و ئه‌م ڤیدیۆیانه‌ش كاریگه‌ریان له‌سه‌ر چه‌ندین لایه‌ن هه‌بوو و چه‌ند گروپێك به‌ڕێژه‌ی جیاجیا كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌م ڤیدیۆیانه‌وه‌. یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانی داعش كاریگه‌ری له‌سه‌ر داناوه‌ گروپه‌ نائیسلامییه‌كانه‌و ئه‌م گروپانه‌ش بۆ جیبه‌جێكردن و به‌ده‌ستهێنانی به‌شێك له‌ ئه‌جینداو ئامانجه‌كانیان هه‌مان ته‌كنیكی- به‌ڵام به‌ كه‌مێك ده‌ستكارییه‌وه‌- به‌كارهێناوه‌. ئیریه‌ڵ كه‌وك له‌م توێژینه‌وه‌دا، "ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانی جیهادییه‌كان و ده‌نگدانه‌وه‌یان له‌ نێو گروپه‌ ناجیهادییه‌كاندا،" چه‌ندێتی و چۆنێتی كاریگه‌ری ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانی داعش له‌سه‌ر گروپه‌ ناجیهادییه‌كان شیده‌كاته‌وه‌. كاریگه‌ری ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانی داعش له‌سه‌ر گروپه‌ ناجیهادییه‌كان- به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكه‌وه‌- به‌بێ توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی به‌جێهێڵراوه‌و ئه‌م توێژینه‌وه‌ به‌شداریده‌كات له‌ پڕكردنه‌وه‌ی  ئه‌و كه‌لێنه‌ ئه‌كادیمییه‌‌و ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن، كه‌ سه‌ره‌ڕای جیاوازی ئایدیۆلۆجیای نێوانیان، گروپه‌ ناجیهادییه‌كانیش (نائیسلامییه‌كانیش)- هاوشێوه‌ی گروپه‌ جیهادییه‌كان- كه‌ڵك له‌ گروپه‌ جیهادییه‌كانی وه‌رده‌گرن و به‌شێك له‌ ته‌كنیكه‌كانی گروپه‌ جیهادییه‌كان (سه‌ربڕینی بارمته‌كان له‌به‌رانبه‌ر كامێراكان وه‌ك نموونه‌) بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانیان به‌كارده‌هێنن.

پێشه‌كی
ئیریه‌ڵ كه‌وك له‌ پێشه‌كی توێژینه‌وه‌كه‌یدا باس له‌ "بره‌ودان" به‌ ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كان ده‌كات و ئه‌م ڤیدیۆیانه‌  ڕووبه‌رێكی فراوان له‌ بڵاوكراوه‌كانی داعش داگیرده‌كات و به‌هۆی دووریان له‌ هه‌موو به‌ها مرۆیه‌كان ده‌بن به‌ پرسێكی گشتی له‌ ڕۆژاوا. به‌گشتیبوونی ئه‌م پرسه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئه‌و "شه‌پۆله‌ سه‌ربڕینه‌" ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ داعش له‌ دژی نه‌یارو "دوژمنانی ئیسلام" ئه‌نجامی داو پاشان پرۆفشناڵانه له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانییه‌وه‌و به‌چه‌ندین زمانی زیندو و جیاواز پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ ئه‌م سه‌ربڕینانه‌ كرد. ئامانجی داعش، وه‌ك كه‌وك باسی ده‌كات، له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانی له‌لایه‌كه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ "تۆقاندنی" نه‌یاره‌كانی له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی سنوری "خیلافه‌ت"ه‌كه‌ی و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هاندانی ئه‌ندام و لایه‌نگرو هاوبیروباوه‌ڕه‌كانی بووه بۆ ئه‌نجامدانی توندوتیژی له‌ دژی "دوژمنانی ئیسلام"‌. كاریگه‌ری ئه‌م سه‌بڕینانه‌ كه‌ داعش به‌شێوه‌ی ئۆنلاین بڵاویكرده‌وه‌ به‌زووی ده‌ركه‌وت و چه‌ند لایه‌نگرو هاوبیروباوه‌ڕێكی داعش له‌ چه‌ند كات و شوێنێكی جیاواز هه‌وڵی سه‌ربڕینی چه‌ند كه‌سێكیان دا. بۆ نموونه‌ له‌ ته‌موزی 2016 دوو لایه‌نگری داعش پاش په‌لاماردانی كلێسایه‌ك له‌ پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا قه‌شه‌یه‌كیان سه‌ربڕی. كه‌وك چه‌ند نموونه‌یه‌كی تر ده‌خاته‌ڕوو و ئه‌م نموونانه‌ش سه‌ركه‌وتنه‌كانی داعش، ئه‌گه‌ر ڕێژه‌ییش بن، له‌ قایلكردنی لایه‌نگرو هاوبیروباوه‌ڕه‌كانی بۆ سه‌ربڕینی نه‌یاره‌كانیان له‌ ڕۆژئاوا نیشان ده‌دات.
توێژه‌ر له‌ به‌شێكی تری پێشه‌كییه‌كه‌دا مێژووی سه‌ربڕینی مرۆڤی دوژمن ده‌خاته‌ڕوو و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌ربڕینی بارمه‌ته‌و دیله‌كان بۆ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆمان شتێكی نوێ نییه‌ به‌ڵكو سه‌ربڕینی مرۆڤ پێشتر هه‌بووه‌و له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن و فلیم و یارییه‌ ڤیدیۆیه‌كاندا نیشان دراون. ئه‌وه‌ی سه‌ربڕینه‌كانی گروپه‌ جیهادییه‌كان له‌وانی پێش خۆی جیا ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گروپه‌ جیهادییه‌كان (داعش وه‌ك نموونه‌) شێوازێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بووه‌ له‌سه‌ربڕینی دوژمنه‌كانی و پاشان وه‌ك پڕوپاگه‌نده‌ به‌كاریهێناوه‌. به‌هۆی زۆر نیشاندانی سه‌ربڕین و مل په‌ڕاندنی مرۆڤه‌كان- به‌بڕوای كه‌وك- بینینی دیمه‌نی سه‌ربڕینه‌كان، سه‌ره‌ڕای قێزه‌ونیان، چیتر شتێكی نامۆ نییه‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆدا!
كه‌وك توێژینه‌وه‌كانی پێشتری خستووه‌ته‌ڕوو و پێیوایه‌ كه‌ توێژینه‌وه‌كانی پێشتر به‌گشتی ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانیان وه‌ك به‌شێك له‌ پڕوپاگه‌نده‌ كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ پرسه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ پۆلێنكردووه‌و "زۆر به‌كه‌می" كاریگه‌ری ڤیدیۆی سه‌ربڕینی جیهادییه‌كانیان له‌سه‌ر گروپه‌ ناجیهادییه‌كان (نائیسلامییه‌كان) نیشان داوه‌. ئه‌و ئه‌مه‌ وه‌ك كه‌لێنێكی به‌جێهێڵراو ده‌بینێت و ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌م توێژینه‌وه‌وه‌ به‌شداری له‌ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنه‌ ئه‌كادیمییه‌دا بكات‌. كه‌وك ئه‌وه‌ بۆ خوێنه‌ران ڕوونده‌كاته‌وه‌ كه‌ توێژینه‌وه‌كه‌ی ئه‌و فۆكه‌سی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گروپه‌ ناجیهادییه‌كان له‌به‌شێك له‌ تاوانه‌كانیاندا لاسای گروپه‌ جیهادییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌ندێك له‌ ته‌كنیكه‌كانیان بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌كانیان به‌كارده‌هێنن. ئه‌و سه‌ربڕینی دوژمنه‌كان وه‌ك "تاوانێكی گوازراوه‌" وێناده‌كات و ده‌ڵێت له‌م بابه‌ته‌دا گروپه‌ نامسوڵمانه‌كان، به‌هۆی گاریگه‌ری پڕوپاگه‌نده‌كانی گروپه‌ جیهادییه‌كانه‌وه‌‌، لاسای گروپه‌ جیهادییه‌كان (داعش وه‌ك نموونه‌) ده‌كه‌نه‌وه و سه‌ربڕین وه‌ك ته‌كنیكێك بۆ ئه‌نجامدانی توندوتیژییه‌كان به‌كارده‌هێنن‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ به‌ ئه‌رگیومێنتی سه‌ره‌كی توێژینه‌وه‌كه‌ی كه‌وك. ئارگیومێنتی "ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانی جیهادییه‌كان و ده‌نگدانه‌وه‌یان له‌ نێو گروپه‌ ناجیهادییه‌كاندا" ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پڕوپاگه‌ندی جیهادییه‌كان (داعش وه‌ك نموونه‌) هانی گروپه‌ ناجیهادییه‌كان ده‌دات كه‌ به‌شێك له ته‌كنیكه‌كانی گروپه‌ جیهادییه‌كان (سه‌ربڕین وه‌ك نموونه‌) له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كارده‌هێنن.
ئامانجی توێژینه‌وه‌كه‌، وه‌ك له‌ پێشه‌كییه‌كه‌یدا باسكراوه‌، بریتییه‌ له‌ نیشاندان و خستنه‌ڕووی په‌یوه‌ندی نێوان ڤیدیۆ پڕوپاگه‌نده‌ ئامێزه‌كان و توندوتیژییه‌كان وه‌ك ڕه‌فتاری گۆازراوه‌. هه‌روه‌ها توێژینه‌وه‌كه‌ سێ پرسیاری سه‌ره‌كی ده‌پرسێت و توێژه‌ر وه‌ك به‌شێك له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی ناچار ده‌كات به‌دوای وه‌ڵامه‌كانیاندا بگه‌ڕێت. پرسیاره‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌ش بریتین له‌ (1) ئایا ڤیدیۆی سه‌ربڕینی جیهادییه‌كان قابیلی لاسایكردنه‌وه‌ن‌؟ (2) ئایا ئه‌م جۆره‌ ڤیدیۆیانه‌ هانی ئه‌و توندوتیژیانه‌ ده‌دات كه‌ به‌ پاڵنه‌ری نائیسلامی ئه‌نجام ده‌درێن؟ (3) ئایا گروپه‌ شه‌ڕانگێزه‌كان ڕێگه‌كانی ئه‌نجامدانی توندوتیژی له‌یه‌كتره‌وه‌ فێرده‌بن؟ توێژه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌كه‌ی كه‌ڵكی وه‌رگرتووه‌ له‌چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی (ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانی گروپه‌ جیهادییه‌كان)و سه‌رچاوه‌ی لاوه‌كی (توێژینه‌وه‌كانی پێشتر) كه‌ به‌شێوه‌ی ئۆنلاین به‌رده‌سته‌. 

ڤیدیۆی كوشتنه‌كانی داعش
داعش له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2018 زیاتر له‌ دوو هه‌زار كه‌سی كوشتووه‌. بۆ كوشتی ئه‌م كه‌سانه‌ داعش چه‌ندین ڕێگه‌ و ئامرازای جیا جیای- سه‌ربڕین و ته‌قاندنه‌وه‌و سوتاندن و گوله‌بارانكردن  وه‌ك نموونه‌- به‌كارهێناوه‌و دیمه‌نی زۆربه‌ی كوشتنه‌كانی تۆماركردووه‌و دواتر ڤیدیۆی به‌شێك له‌م كوشتنانه‌ی- وه‌ك به‌شێك له‌ پڕوپاگه‌نده‌كانی- به‌شێوه‌ی ئۆنلاین بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. توێژه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ داعش له‌ زۆربه‌ی ڤیدیۆی كوشتنه‌كانیدا، كه‌ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، سه‌ربڕین و گوله‌بارانكردن وه‌ك دوو ڕێگه‌ بۆ كوشتنی "دوژمنانی خودا" به‌كارهێناوه‌. زۆربه‌ی كوشتنه‌كان له‌ عێراق و سوریا ئه‌نجامدراون و نزیكه‌ی له‌سه‌دا نه‌وه‌دو پێنجی (95%)ی كوژراوه‌كان كه‌سانی لۆكاڵین و بیانییه‌كان ته‌نها له‌سه‌دا پێنجی (5%)ی كوژراوه‌كانی نێو ڤیدیۆ بڵاوكراوه‌كان پێكده‌هێنن. بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی كوژراوه‌ بیانییه‌كان، سه‌ره‌ڕای كه‌می ژماره‌یان، سه‌رنجی جیهانی بۆخۆی ڕاكێشاوه‌و بووه‌ته‌هۆی نیگه‌رانی وڵاتانی و كه‌ره‌سته‌ی به‌شێك له‌ توێژینه‌وه‌ ئه‌كادیمییه‌كانی دابین كردووه‌. به‌رده‌ستبوونی ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كان به‌شێوه‌ی ئۆنلاین ده‌رفه‌ت به‌ ملیۆنان خه‌ڵك له‌ جیهاندا ده‌دات كه‌ به‌بێ به‌رانبه‌ر ته‌ماشای (سه‌یری) ڤیدیۆكان بكه‌ن و به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان لێكدانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ناوه‌ڕۆكی ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كان بكه‌ن. كه‌وك لێره‌دا ئه‌نجامی ڕاپرسییه‌ك ده‌خاته‌ڕوو و دوو هه‌زارو سێسه‌د هاوڵاتی ئه‌مه‌ریكی و به‌ریتانی به‌شداریان له‌ ڕاپرسییه‌كه‌دا كردووه‌و زۆربه‌ی زۆری به‌شداربووانی ڕاپرسییه‌كه‌ تێڕوانینێكی نه‌رێنیان ده‌رباره‌ی داعش هه‌یه‌. وه‌ك ئه‌نجامی ڕاپرسییه‌كه‌ نیشانی ده‌دات، ته‌نها له‌سه‌دا یه‌كی به‌شداربووانی ڕاپرسییه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی و پۆزه‌تیڤ له‌ داعش ده‌ڕوانن. مه‌به‌ستی توێژه‌ر له‌ خستنه‌ڕووی ڕاپرسییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ نێو ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپادا كه‌سانێك هه‌ن، ئه‌گه‌ر ڕێژه‌شیان كه‌م بێت، به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی له‌ داعش ده‌ڕوانن و سه‌رسامن به‌و توندوتیژیانه‌ی كه‌ داعش له‌ دژی نه‌یاره‌كانی ئه‌نجامی ده‌دات و ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتوودا لاسای داعش بكه‌نه‌وه‌ له‌كاتی ئه‌نجامدانی توندوتیژیدا.
بینینی تیرۆر وه‌ك به‌ڵایه‌كی گوازراوه‌ شتێكی نوێ نییه‌و كه‌ڵك وه‌رگرتنی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ یه‌كتر پرسێكی زانراوه‌و‌ پێشتر چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی له‌باره‌وه‌ نووسراوه‌. به‌ڵام ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی كاریگه‌ری ڤیدیۆی سه‌ربڕینی گروپه‌ جیهادییه‌كان له‌سه‌ر گروپه‌ نامسوڵمانه‌كان "زۆر كه‌مه‌"‌و ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌ركێكه‌و توێژه‌ر لێره‌دا خستوێتیه‌ ئه‌ستۆی خۆی. به‌بڕوای توێژه‌ر تیرۆرو ڕقبوون له‌وی تر ته‌نها تایبه‌ت نییه‌ به‌ مسوڵمانه‌كان و له‌ نێو به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگه‌ جیاوازه‌كاندا بوونی هه‌یه‌، بۆیه‌ بێگومان  ڤیدیۆ فێركارییه‌كانی بواری تیرۆرو به‌كارهێنانی ته‌كنیكی نوێ و سه‌رنجڕاكێش له‌لایه‌ن گروپێكی تیرۆریستییه‌وه‌ كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی تر. ئه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كان ده‌رباره‌ی ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كان زیاتر ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێت ئه‌م دیمه‌نانه‌ی نێو ڤیدیۆكان له‌لایه‌ن كه‌سانی تره‌وه‌، چی جیهادی بن یان نا، بۆ واقیع ته‌رجه‌مه‌ بكرێت. هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ داعش كه‌سه‌ كوژراوه‌كانی له‌ پێناو كوشتنیان سه‌رنه‌بڕیوه‌ به‌ڵكو سه‌ربڕین و بڵاوكردنه‌وه‌ی دیمه‌نی سه‌ربڕینه‌كه‌ی كردووه‌ به‌ په‌یامێك بۆ هه‌موو گروپ و لایه‌نه‌ جوداو جیاوازه‌كانی جیهان.

خوێنڕشتن وه‌ك ئامرازێكی پڕوپاگه‌نده‌ی جیهادییه‌كان    
كه‌وك زاراوه‌ی "جیهادی" له‌ جیاتی وشه‌ی "تیرۆریست" به‌كارده‌هێنێت و هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ توێژینه‌وه‌كه‌ی ئه‌و ده‌رباره‌ی "تیرۆریزمی ئیسلامی" نووسراوه‌و كاریگه‌رییه‌كانی به‌شێك له‌ ڕه‌فتاری گروپه‌ جیهادییه‌كان له‌سه‌ر گروپه‌ توندڕه‌وه‌ یان تاوانكاره‌ نائیسلامییه‌كان شیده‌كاته‌وه‌. كه‌وك زۆر به‌كورتی چییه‌تی پڕوپاگه‌نده‌ ڕوونده‌كاته‌وه‌و پڕوپاگه‌نده‌ وه‌ك "بڵاوكردنه‌وه‌ یان بره‌ودان به‌ بۆچوونێك" پێناسه‌ ده‌كات. ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان بۆ پڕوپاگه‌نده‌كردن سودێكی زۆریان له‌ ئینته‌رنێـت و سۆشیاڵ میدیا وه‌رگرتووه‌. پڕوپاگه‌نده‌كانی گروپه‌ جیهادییه‌كان به‌هۆی ئینته‌رنێته‌وه‌ ده‌توانن كاریگه‌ری له‌سه‌ر ملیۆنان مرۆڤی مسوڵمان و نامسوڵمان دابنێن. توێژه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كان چه‌ندین ئاڵنگاری، له‌ نێویشیاندا: به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانییه‌وه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ توندڕه‌وه‌ مسوڵمان و نامسوڵمانه‌كانه‌وه‌ دووباره‌ (لاسای) ده‌كرێته‌وه‌، دروست ده‌كات.
بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی سه‌ربڕێنه‌كان له‌لایه‌ن جیهادییه‌كانه‌وه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، به‌تایبه‌تی له‌كاتی جه‌نگی نێوان ڕوسیاو چیچانییه‌كان، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. دانیاڵ پیه‌رڵ به‌یه‌كه‌م ڕۆژئاوای ده‌ده‌نرێت كه‌ له‌لایه‌ن جیهادییه‌كانه‌وه‌ له‌ 2002 سه‌ربڕڕاو ڤیدیۆی سه‌ربڕێنه‌كه‌ی بڵاوكرایه‌وه‌. ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كه‌ی دانیاڵی ڕۆژنامه‌نووسی ئه‌مه‌ریكی كه‌ له‌لایه‌ن خالید شێخ مه‌حه‌مه‌ده‌وه‌ سه‌ربڕا هه‌ڵایه‌كی میدیای جیهانی دروستكردو كاردانه‌وه‌ی جیهانی لێكه‌وته‌وه‌. بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كه‌ی دانیاڵ كاریگه‌ری له‌سه‌ر گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی تر هه‌بوو و به‌شێك له‌ گروپه‌ جیهادییه‌كان هه‌مان ته‌كنینكی كوشتن (سه‌ربڕین)یان بۆ له‌ناوبردنی نه‌یارو قوربانییه‌كانیان به‌كارهێنا (زه‌رقاوی هه‌مان كاری له‌دژی نه‌یاره‌كانی له‌ عێراق ئه‌نجامدا). هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كان ئامرازێكی به‌سوده‌ بۆ تۆقاندن و ترساندنی دوژمنه‌كانی گروپه‌ جیهادییه‌كان. توێژه‌ر كاریگه‌رییه‌كانی ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانی گروپه‌ جیهادییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو و ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م ڤیدیۆیانه‌ هانده‌ری به‌شێك له‌ تیرۆریست و هاوبیروباوه‌ڕه‌كانی گروپه‌ جیهادییه‌كان بووه‌ بۆ هه‌وڵدان بۆ سه‌ربڕینی چه‌ند هاوڵاتییه‌كی به‌ریتانی و ئوسترالی و ڕوسی.

لاسایكردنه‌وه‌ی جیهادییه‌كان له‌ سه‌ربڕینه‌كانیاندا
كه‌وك ده‌ڵێت ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاوڵاتیانی جیهان، به‌هۆی به‌رده‌ستبوونی ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كان به‌شێوه‌ی ئۆنلاین، ده‌ستیان به‌ ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كان كه‌وتووه‌و زۆربه‌یان سه‌یری ڤیدیۆكانیان كردووه‌. توێژه‌ر به‌مه‌به‌ستی پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م قسانه‌ی ڕاپرسییه‌ك ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ له‌لایه‌ن توێژه‌رانی تره‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌،و ده‌ر‌نجامه‌كانی ڕاپرسییه‌كه ده‌ری ده‌خات كه‌ له‌سه‌دا په‌نجاو پێنجی (55%)ی به‌شداربووانی ڕاپرسییه‌كه‌ سه‌یری ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانیان كردووه‌.
‌گروپه‌ توندڕه‌وه‌ نائیسلامییه‌كان زۆرجار سود له‌ ته‌كنیكه‌كانی گروپه‌ جیهادییه‌كان وه‌رده‌گرن و لاساییان ده‌كه‌نه‌وه‌و قوربانییه‌كانیان به‌هه‌مان شێوازو ڕێگه‌ی گروپه‌ جیهادییه‌كان ده‌كوژن. بۆ نموونه‌ له‌ 2007 دوو ئه‌ندامی گروپی نیونازیزم له‌ ڕوسیا ڤیدیۆیه‌كی سێ خوله‌كیان له‌ یوتوب (YouTube) بڵاوكرده‌وه‌و له‌ ڤیدیۆكه‌دا یه‌كێك له‌ قوربانییه‌كان له‌ ژێر ئاڵایه‌كی نازییه‌كاندا سه‌رده‌بڕن و قوربانی دووه‌میش گوله‌باران ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌م گروپه‌ نائیسلامییه‌ پێشتر كاری له‌و جۆره‌ی نه‌كردووه‌و سه‌ربڕێنی وه‌ك ڕێگه‌یه‌ك بۆ كوشتنی قوربانییه‌كانی به‌كارنه‌هێناوه‌. یه‌كێكی تر له‌و گروپانه‌ی، به‌بۆچوونی توێژه‌ر، كه‌ كاریگه‌ربوونه‌ به‌ پڕوپاگه‌نده‌كانی گروپه‌ جیهادییه‌كان ئه‌و گروپه‌ مه‌كسیكیانه‌ن‌ كه‌ مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتن به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ن. سه‌ربڕینی قوربانییه‌كان له‌لایه‌ن گروپه‌ مه‌كسیكییه‌كانه‌وه‌ شتێكی نه‌بیستراو بووه‌و تا پێش 2006، هه‌مان ئه‌و ساڵه‌ی كه‌ گروپه‌كه‌ی ئه‌بو موسعه‌ب زه‌رقاوی نه‌یاره‌كانی له‌ عێراق له‌به‌رانبه‌ر كامێراكان سه‌رده‌بڕی، گروپه‌ مه‌كسیكییه‌كان به‌هیچ شێوازێك قوربانییه‌كانیان له‌به‌رانبه‌ر كامێراكان سه‌رنه‌بڕیوه‌.
توێژه‌ر پاش ڕێزكردنی چه‌ند نه‌موونه‌یه‌ك له‌ چه‌ند وڵاتێكی جوداو جیاواز كه‌ تێیدا گروپه‌ نائیسلامییه‌كان هاوشێوه‌ی گروپه‌ جیهادییه‌كان قوربانییه‌كانیان له‌به‌رانبه‌ر كامێراكان سه‌ربڕیوه‌، ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ڕیزكردنی ئه‌م نموونانه‌وه‌ ئه‌وه‌ نیشانبدات كه‌ گروپه‌ نائیسلامییه‌كان- سه‌ره‌ڕای جیاوازی ئایدیۆلۆجیاكانیان- كه‌وتوونه‌ته‌ ژێركاریگه‌ری پڕوپاگه‌نده‌ی گروپه‌ جیهادییه‌كانه‌وه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌ی توێژه‌ر تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌سه‌لمێنێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ (1) گروپه‌ جیهادییه‌كان پێش گروپه‌ نائیسلامییه‌كان سه‌ربڕینیان به‌رانبه‌ر كامێراكان وه‌ك ڕێگه‌یه‌ك بۆ كوشتنی قوربانییه‌كان به‌كارهێناوه‌. (2) ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانی گروپه‌ جیهادیه‌یكان به‌شێوه‌ی ئۆنلاین به‌رده‌سته‌و هه‌موو كه‌س- كه‌ ده‌ستی به‌ ئینته‌رنێت بگات- ده‌توانێت سه‌یری ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ بكات. (3) به‌شێك له‌و گروپ و لایه‌ن و تاوانبارانه‌ی كه‌ پاش یان پێش هه‌وڵی سه‌ربڕینه‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون به‌ ڕاشكاوی دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ پێش ئه‌وه‌ی هه‌وڵی سه‌ربڕینه‌كه‌ بده‌ن، تاماشای ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانی گروپه‌ جیهادییه‌كانیان كردووه‌.

كۆتایی
ڤیدیۆی سه‌ربڕینی جیهادییه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ر چه‌ندین گروپ و لایه‌ن، له‌ نێویشیاندا ئیسلامی و نائیسلامی، دروستكردووه‌و داعش توانی له‌ڕێگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانییه‌وه‌ سه‌ربڕینی قوربانییه‌كان بكات به‌ "پرسی ڕۆژ" له‌ جیهاندا.
كه‌وك له‌ كۆتای توێژینه‌وه‌كه‌یدا وه‌ڵامی پرسیاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی توێژینه‌وه‌كه‌ی ده‌ستكه‌وتووه‌و ده‌ڵێت ئه‌و نموونانه‌ی كه‌ له توێژینه‌وه‌كه‌دا خراونه‌ته‌ڕوو ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ سه‌ربڕینی قوربانییه‌كان به‌ڵایه‌كی گوازراوه‌یه‌و گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌توانن له‌یه‌كتره‌وه‌ فێرببن و به‌شێك له‌ گروپه‌ نائیسلامییه‌كان به‌هۆی كاریگه‌ریی سه‌ربڕینه‌وه‌ لاسایی گروپه‌ جیهادییه‌كانیان كردووه‌ته‌وه‌و سه‌ربڕینیان له‌ به‌رانبه‌ر كامێرا وه‌ك ئامرازێك بۆ كوشتنی قوربانییه‌كانیان و تۆقاندنی دوژمن و نه‌یاره‌كانیان به‌كارهێناوه‌.
لێره‌دا جێگه‌ی خۆیه‌تی ئه‌وه‌ بخرێته‌ڕوو كه‌ ئه‌م توێژینه‌وه‌ی كه‌وك به‌یه‌كێك له‌و توێژینه‌وه‌ كه‌مانه‌ داده‌نرێت كه‌ توانیوێتی، به‌ڕه‌چاوكردنی پێوه‌ره‌ ئه‌كادیمییه‌كان، په‌یوه‌ندی نێوان كاریگه‌ری ڤیدیۆی سه‌ربڕینه‌كانی گروپه‌ جیهاده‌كان له‌سه‌ر گروپه‌ نائیسلامییه‌كان بخاته‌ڕوو و به‌شداری بكات له‌ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌لێنه‌ ئه‌كادیمییه‌ی كه‌، به‌هۆی كه‌می توێژینه‌وه‌وه‌، له‌ بواری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان گروپه‌ جیهادی و گروپه‌ نائیسلامییه‌كان دروستبووه‌‌. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نێوانیشیان زیاتر په‌یوه‌ندییه‌كی كارله‌یه‌كتركردنه‌. واتا هه‌ردوولا (گروپه‌ جیهادی و نائیسلامییه‌كان) سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌ گه‌وره‌و زۆره‌كانی نێوانیان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌یاره‌كانیان كه‌ڵك له‌یه‌كتر وه‌رده‌گرن و له‌به‌ركارهێنانی هه‌ندێك ته‌كنیكدا لاسایی یه‌كتر ده‌كه‌نه‌وه‌.   

terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure