چۆن جەنگە باشەکە بەرەو خراپبوون چوو: شکستی لەسەرخۆی ئەمەریکا لە ئەفغانستان

16/07/2020

کارتر مالیکسان

پێشه‌كى

ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ماوەی زیاتر لە ١٨ ساڵە لە ئەفغانستان شەڕ دەکات. زیاتر لە ٢٣٠٠ سەربازی ئەمەریکا گیانیان لە دەستداوە، زیاتر لە ٢٠ ھەزاری تر بریندار بوون. بەلایەنی کەمەوە نیو ملیۆن ئەفغانی – لە ھێزەکانی حکومەت، چەکدارانی تاڵیبان و خەڵکانی مەدەنی کوژراون، یان بریندار بوون. واشنتۆن نزیکەی یەک ترلیۆن دۆلاری لەو جەنگەدا خەرج کردووە. لەگەڵ ئەوەی ئوسامە بن لادن سەرکردەی قاعیدە مردووە و ھیچ ھێرشێکی گەورە بۆ سەر خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجام نەدراوە لە لایەن ئەو گرووپەوە لە خاکی ئەفغانستانەوە لە دوای ١١ سێپتەمبەرەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان بێ توانا بووە لە کۆتایی ھێنان بە توندوتیژییەکان، یان ڕادەستکردنی شەڕەکە بە دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان، حکومەتی ئەفغانستان ناتوانێت بمێنێتەوە بە بێ پشتگیری سەربازی ویلایەتە یەکگرتووەکان.

لە کۆتایی ٢٠١٩ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست زنجیرەیەک بابەتی بڵاوکردەوە بە ناونیشانی "پەیپەرەکانی ئەفغانستان"، کە کۆکراوەیەکی دۆکۆمێنتی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بوو، کە چەند چاوپێکەوتنێکی لە خۆگرتبوو، لە لایەن پشکنەری گشتی بۆ بنیاتنانەوەی ئەفغانستان ئەنجامدرابوو. لەو چاوپێکەوتنانەدا زۆرێک لە بەرپرسەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دانیان بەوەدا ناوە کە ئەوان بۆ ماوەیەکی درێژە ئەو جەنگەیان بە شێوەیەک بینیوە کە مەحاڵە بردنەوە ئەنجامەکەی بێت. ڕاپرسییەکان گەیشتوون بەو دەرەنجامەی کە زۆرینەی ئەمەرکییەکان لە ئێستادا ئەو جەنگە وەک شکست دەبینن. ھەموو سەرۆکێکی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠١ەوە ھەوڵیداوە بگات بە خاڵێک کە توندوتیژییەکان لە ئەفغانستان کەم بێتەوە، یان حکومەتی ئەفغانستان ئەوەندە بەھێز بێت کە ھێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بتوانن بکشێنەوە بەبێ ئەوەی مەترسی دووبارە سەرھەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان بوونی ھەبێت. ئەو ڕۆژە ھێشتا نەھاتووە. لەو ڕوانگەیەوە، داھاتوو ھەرچیەک بھێنێت، ئەوا بۆ ماوەی ١٨ ساڵە ویلایەتە یەکگرتووەکان بێ توانا بووە لەوەی سەرکەوتوو بێت.
بەربەستەکانی بەردەم سەرکەوتن لە ئەفغانستان زۆر گرفتاوین، کە خۆی دەبینێتەوە لە گەندەڵی بەربڵاو، ستەمکاری فراوان، دەستێوەردانی پاکستان و بەرەنگاری توند لە دژی داگیرکاری بیانی. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین دەرفەت لە دەست دراوە بۆ بنیاتنانی ئاشتی،  یان بە لایەنی کەمەوە بۆ بنیاتنانی گەشەسەندن و تێچووی کەمتر و کەمبوونەوەی توندوتیژی بۆ ئەو بارودۆخە چەقبەستووەی ئەفغانستان. سەرکردەکانی ئەمەریکا شکستیان ھێناوە لەوەی ئەو دەرفەتانە بقۆزنەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مەترسی و بەرپرسیارێتیەی کە دەکەوێتە ئەستۆیان ئەگەر ھێرشە تیرۆریستییەکان لە خاکی ئەفغانستانەوە لە دژی  ویلایەتە یەکگرتووەکان جارێکی تر ئەنجام بدرێنەوە. بردنەوە لە ئەفغانستان ھەمیشە کارێکی قورس بووە. ئەو ھەڵانەی کە کراوە و دەکرا نەیکەن  وایکردووە سەرکەوتن مەحاڵ بێت.

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure