تیرۆركردنی هیشام هاشمی, ئه‌ركی مسته‌فا كازمی قورستر ده‌كات

28/08/2020

كارزان عومه‌ر

پێشه‌كی
یه‌كێك له‌ خاڵه‌ لاوازه‌كانی بارودۆخی سیاسی و ئه‌منی له‌ ‌عێراق ئاسانی ده‌ستوه‌ردانه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌ له ‌كاروباره‌ ناوخۆییه‌كانی ئه‌م وڵاته‌. بابه‌تی ده‌ستوه‌ردانی سیاسی، سه‌ربازی و هه‌واڵگری وڵاتان له ‌عێراق له ‌دوای ڕووخانی ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام حسێنه‌وه‌ له‌ ساڵی 2003 به‌چه‌ند شێوه‌یه‌ك بووه‌، یان له‌سه‌ر داوای فه‌رمی كاربه‌ده‌ستانی عێراقی بووه،‌ بۆ نمونه‌ له‌ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان و شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر، یاخود‌ وڵاتانی دیكه‌ به‌ دیاریكراوی وڵاتانی هه‌رێمی به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی حكومه‌تی عێراقی، ساحه‌ی سیاسی عێراقیان كردووه‌ته‌ مه‌یدانی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كانیان.‌ پاش لاوازبوونی دۆخی ئه‌منی و سیاسی له‌ عێراق به‌دیاریكراوی پاش ڕووخاندنی ڕژێمی عێراقی، ڕووداوه‌كانی كوشتن، ڕفاندن به ‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیادیان كردووه‌. ماوه‌یه‌ك ئه‌كادیمییه‌كان، سیاسییه‌كانی سووننه‌ و شیعه‌ ده‌كرانه‌ ئامانج، دواتریش ڕۆژنامه‌نووسان و چاودێرانی سیاسی. سه‌رهه‌ڵدانی نائارامی سیاسی و ئه‌منی و ده‌ركه‌وتنی گرووپی تاوانكاری و ملیشیای چه‌كداری و ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان كه‌ ئامانجیان دروستكردنی ئاسته‌نگ بووه‌ له‌به‌رده‌م پرۆژه‌ی عێراقی دوای سه‌دام حسێن ده‌رئه‌نجامی دروستبوونی بۆشایی ئه‌منی بووه‌ كه‌ تا ئێستاكه‌ش ئه‌و بۆشاییه‌ پڕنه‌بووه‌ته‌وه‌. كوشتنی كه‌سایه‌تییه‌ عێراقییه‌كان تاڕاده‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌سته‌ به نه‌بوونی سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و كێشه‌ و ململانێ ناوخۆییه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له ‌نێوانی هێز و لایه‌نه‌ سیاسی و عێراقییه‌كان.  له ‌دووتوێی ئه‌م بابه‌ته‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین تیشكبخه‌ینه‌ سه‌ر دیارده‌ی كوشتن و تیرۆركردنی توێژه‌ران و لێكۆڵه‌ره‌وانی عێراقی، به ‌تایبه‌ت ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه‌ خاوه‌ن ناو و ناوبانگن له‌ بواره‌كه‌ی خۆیاندا، له‌ نمونه‌ی هیشام هاشمی نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ری بواری ئه‌منی عێراقی، پرسیار ده‌كه‌ین، كێ له‌پشت كوشتنی هیشام هاشمییه‌وه‌یه‌؟ هۆكاری تیرۆركردنی بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ لێكه‌وته‌كانی چی ده‌بێت له‌سه‌ر داهاتووی بارودۆخی سیاسی و ئه‌منی عێراقی؟

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure