هێزی نەرم لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران

12/09/2020

تەحسین وسو عەبدوللا

پێشەکی
بابەتی هێزی نەرم بەیەکێک لەبابەتە هەرە گرنگ و پڕ مشتومڕەکان دادەنرێت لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوە. لەم ڕووەوە ئەم توێژینەوەیە یەکێک لەبابەتە هەرە گرنگەکان لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەخاتەڕوو، ئەویش چەمکی هێزی نەرمە. لەم چوارچێوەیەشدا هێزی نەرمی ئێران لە سیاسەتی دەرەوە دەخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە. لەمیانەی توێژینەوەکەدا بابەتی هێز بەگشتی و هێزی نەرم بەتایبەتی لە چوارچێوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا گفتوگۆ دەکرێت، دواتر چوارچێوەی گشتی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەخرێتە بەرباس، بە تایبەتی لە ڕوانگەی دیدگا و بۆچوونی شۆڕشی ئیسلامی کۆماری ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، لەبەرئەوەی ئێران وەک دەوڵەتێکی خاوەن هەژموون و نفوزی تایبەت کاریگەری زۆری هەیە لەسەر هەم دەوڵەتانی ناوچەکە و هەمیش لەسەر ڕووداوەکان.
چەمکی هێزی نەرم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا:
بە شێوەیەکی گشتی چەمکی هێز لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان یەكێکە لەچەمکە هەرە باوەکان، بەمانای توانای کاریگەری دروستکردنی ئەکتەرێکی نێودەڵەتی دێت لەسەر ئەکتەرێکی تر، یان لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەو مانایەی چەمکی هێز لە ڕوانگەی تیۆرەکانی پەیوەندی نێودەوڵەتیدا یەکێک لەفاکتەرە هەرە کاریگەرەکان لەقەڵەم دەدرێت، ئەم چەمکە بەردەوام  ماناکەی لەبرەودان و بەرفراوان بووندایە. فاکتەری هێز تەنها بۆ جەنگ یان ئاشتی بەکارنایەت، بەڵکو لە ڕوانگەی ئابووریشەوە وەک توخمێکی گرنگ دەردەکەوێت لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی چەمکی هێز لە چوارچێوەی دیسپلین و ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەگشتی بەوە پێناسە دەکرێت کە "ویستی ئەکتەرێکە بۆ ئەو کارەی کە دەیەوێت ئەنجامی بدات و بتوانێت کۆنترۆڵی ئەکتەری بەرامبەری بکات". تایبەتمەندی سەرەکییەکان و توخمە پێکهێنەرەکانی هێز هەریەکە لە ڕێژەی دانیشتوان/نفوس، خاک، سەرچاوە سروشتییەکان، قەبارەی ئابووری، هێزی سەربازی و سەقامگیری سیاسی لەخۆدەگرێت(١).
کەواتە لە چوارچێوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هێز بریتییە لە پارێزگاری کردنی دەوڵەت لە بەرژەوەندییەکانی خۆی، یانیش ناچارکردنی ئەکتەرەکانە بۆ ئەوەی دان بەخواست و داواکارییەکانی دەوڵەتێک بنێن، واتە ناچارکردنی لایەنێک بۆ ئەوەی بچێتە ژێر داواکارییەکانی لایەنێک، یان ئەکتەرێکی تر. بەرفراوانی چەمکی هیز لەئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەڵەتییەکاندا وای کردووە بابەتی مانای هێز ئاسان نەبێت بۆ گوزارشتکردن، یان پێناسەیەکی یەکلاکەرەوە، بەپێچەوانەوە بە شێوەیەکی ڕووکەشانە دەناسێنرێت و هەریەکە لەچەمکەکانی زەبروزەنگ و توند و تیژی وەک چەمکی نزیک لەهێز بەکاردێن لەڕووی ماناوە. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانرێت چەمکی هێز لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەم شێوەیە دابەش بکرێت:

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure