::
ئیحسان وەڵزی
دهستپێك
دەکرێت ئەو
توندوتیژییەی رێکخراوی داعش هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە تاوەکوو ئەمڕۆ _ کە
وردە وردە بازنەی دەسەڵاتی روو لە بەرتەسکبوونەوەیە _ پیادەی دەکات، بە جۆرێک لە
تاکتیکی سەربازيی و تۆقاندنی نەیاران و خەڵکی ئاسایی بزانین. بەڵام رێکخراوێک کە
بە ئسیلامیی سەلەفیی ناسراوە و خۆی وا ناساندووە، چۆن توانیویەتی و دەتوانێت
بەکارهێنانی ئەم هەموو توندوتیژییە لە ڕووی ئایینییەوە تەبریر بکات؟ ئایا ئەم توندوتیژییە،
هەروەک کەسانێکی زۆر بۆی دەچن، بەشێکە لە بنەما ئایدیۆلۆژیی و ئایینییەکانی ئەم
رێکخراوە؟ یان دەرەنجامێکی ئاسایی تێکەڵکردنی سەلەفیيزم و بەعسیزمە، کە زۆر کەس
ئەمەی دووەمیان بە قاچە مۆدێرنەکەی داعشی لەقەڵەم دەدەن؟ ئەگەر سەرچاوەی ئەم
توندوتیژییە لە ریشە ئایینییەکانی رێکخراوەکە دایە، بۆچی رووی توندوتیژییەکە بەر
لە هەر گرووپێکی دیکە، لە خودی موسڵمانانە و دواتر لە غەیرە موسڵمانان؟ مەگەر داعش
بۆ هەر کامێک لە میتۆدەکانی تۆقاندن و توندوتیژیی بەڵگەیەکی لە سەرچاوە
سەرەکییەکانی ئیسلام نەهێناوەتەوە؟ ئایا ئەمە توندوتیژییەکی یاخییەکانە بە ئیسلام
رەنگکراوە، یاخود توندوتیژییەکی ئیسلامییانەیە و کەوتۆتە دەستی یاخییەکان؟
ئەوەی دێت
هەوڵێکە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیکەی هاوشێوە.
داعش و
یەکتاپەرستیی
داعش لە
یەکێک لە پێناسە هەرە سادە و سەرەتاییەکانی خۆیدا، کە دوای راگەیاندنی دەوڵەتی
خیلافە لە موسڵ و لە گۆڤاری (دابق)دا بڵاوی کردووهتەوە، پێی وایە کە رێکخراوەکەیان تاکە گرووپی فرەنەتەوەیی
یەکتاپەرستانە (موحدون)ن لە مێژووی مرۆڤایەتییدا.([1])
لەم
دەستەواژەیهشەدا ئەم رێکخراوە هێندەی دەیەوێت جەخت لەسەر فرەنەتەوەیی و
نێونەتەوەییبوونیی خۆی بکاتهوه، هێندەش دەیەوێت جەخت لەسەر
یەکتاپەرستبوونی گرووپەکەى بکاتەوە.
بە
چاوخشاندنێکی خێرا هەم بە ئەدەبیاتی داعش و هەمیش بە کردە و مامەڵەیان و
بەتایبەتیش لەگەڵ دەرەوەی خۆیاندا دەردەکەوێت کە چەمک و بنەمای یەکتاپەرستیی نەوەک
هەر بنەمای ئایدیۆلۆژیی ئەم گرووپە، بەڵکو بنەمایەکی سەرەکیی داڕشتنەوەی
سۆسیۆسیاسییانەی رێکخستنی خۆی و خەڵکانی تری ژێر دەسەڵاتی خۆيشی پێکدەهێنێت. وەلێ
ئەو یەکتاپەرستییەی داعش دەخوازێت هەم بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیا ئایینییەکەی، هەم
کۆمەڵگە و جیهانێکی جیاوازیشی لەسەر بنیات بنێت، لەو جۆرە یەکتاپەرستییەیە کە
دەکرێت بە یەکتاپەرستیی نەفیکەر ناوی بنێین. ئەم چەمکەش، هەرچەندە ناوێکی دیکەی
جیاوازیشی لێنرابێت، ئەوا وەرگرتنێکە لەو دابەشکردنەی میسریناس و کولتوورناسی
ئەڵمانی یان ئاسمان Jan Assmann لە نێوان یەکتاپەرستیی لەخۆگر Inklusive Monotheismus و یەکتاپەرستیی حەصری Exklusive Monotheismus دەیکات.([2])
یەکتاپەرستیی
لەخۆگر لای ئاسمان بریتییە لەو جۆرەی یەکتاپەرستیی کە پێیوایە خواکان هەموویان
بریتین لە یەک و لە ئەسڵدا هەر یەک خوا هەیە. ئاسمان پێیوایە ئەم جۆرە
یەکتاپەرستییە لەگەڵ ئەخناتوون دەستپێدەکات. لە کاتێکدا یەکتاپەرستیی حەصری یاخود
نەفیکەر، کە لای ئاسمان لەگەڵ دابەزینی وەحيی لە سینا بۆ موسا دەستپێدەکات، لەسەر
بنەمای رەتکردنەوەی هەموو خواکان و باوەڕهێنان بە یەک تاکە خوا وەستاوە. کەواتە
ئەگەر بەگوێرەی جۆری یەکەمیان خوای راست و خوای هەڵە بوونی نەبێت، ئەوا بە گوێرەی
دووەم، تەواوی خواکان رەتدەکرێنەوە و تەنیا یەک خوا دەپەرسترێت.
لە چوارچێوەی
تەوحیدی نەفیکەریشدا ئاسمان باس لە دابەشکردنێکی دیکە دەکات کە بەر لە ئیسلام لە
ئایینیی جوولەکە و بەتایبەتیش لە تەوڕاتدا بەرچاو دەکەوێت، ئەویش دابەشبوونیەتی بۆ
یەکتاپەرستیی حەقیقەت Monotheismus
der Wahrheit و یەکتاپەرستیی وەلاء Monotheismus der Treue. یەکتاپەرستیی
حەقیقەتیش لای ئاسمان بریتییە لەو یەکتاپەرستییەی کە جیاوازی لە نێوان خوای
راستەقینە و خوای یاخود خوایانی ساختەدا دەکات.([3])
بەم پێییەش
یەکتاپەرستیی واتە داننان بە تاکە خوایەک کە خالیقی بوون و خوای تەواوی مرۆڤەکان و
مرۆڤایەتییە. ئاسمان جیاکاریی مووسایی لە یەکتاپەرستیی حەقیقەتدا بەو
جیاکارییە دەڵێت کە لە نێوان راست و چەوت یان خوای راستەقینە و خوای ساختەدا
دەکرێت. لە کاتێکدا لە یەکتاپەرستیی وەڵائدا جیاوازیی لە نێوان باوەڕپێهێنان و
رەتکردنەوەدا دەکرێت، لەنێوان پابەندبوون و پەیمانشکێنییدا یاخود لەنێوان وەلاء و
هەڵگەڕانەوەدا.
ئەم دوو جۆرە
یەکتاپەرستییەش لە قۆناغی جیاواز و لای پەیامبەرانی جیاوازی ئیسرائیلدا بەدی
دەکرێن. یەکتاپەرستیی وەلاء لەگەڵ یەکەم فەرمان واتە "نابێت هیچ خوایەکی دیکە
لەپاڵ مندا بپەرستی" دەستپێدەکات. ئەمەش خوایەکە وەک ئاسمان دەڵێت خۆی وەک
ئەفرێنەری بوون ناخاتەڕوو، بەڵکو زیاتر وەک خوای ئیسڕائیل و رزگارکەرێکی ئیسرائیل
لە کۆیلایەتی ژێر دەسەڵاتی میسرییەکان. واتە ئەم وەلائە تەنیا بۆ گرووپی
رزگاربووانە، نەک بۆ مرۆڤایەتيی بە گشتیی. هەر بۆیە دەکرێت ئێمە ئەم جۆرە لە
یەکتاپەرەستیيه بە یەکتاپەرستیی سۆسیۆسیاسیی لەقەڵەم بدەین. فەرمانی خوا لێرە
بریتییە لەوەی کە من تۆم لەو کۆیلایەتییە رزگار کردووە و هەر بۆیە دەبێت تەنیا من
بپەرستیت. ئەمەش هاوڕێ لەگەڵ ئاستێکی بەرزی سۆز و حەماسەتەوە، وەک ئاسمان دەڵێت.
لەکاتێکدا یەکتاپەرستیی حەقیقەت زیاتر یەکتاپەرستییەکی مەعریفییە و دەکرێت بە
جۆرێک لە جیهانبینیی وەسفی بکەین.
ئەگەر بێین و
بەراوردێک لە نێوان ئیسلام و ئایینی جوو و ئیسلام و مەسیحییەتدا بکەین، دەبینین کە
خاڵە لەیەکچووەکانی نێوان ئیسلام و ئایینی جوو زیاترن لەوەی نێوان ئیسلام و
مەسحییەت، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە زمانی توندوتیژیی و هەژموونیی دەقە
ئایینییەکان بەسەر کایە جیاجیاکانی ژیانەوە هەیە. هەربۆیەشە دەبینین لە
ئیسلامیشدا، کە بە بنەمای تەوحیدی نەفیکەر "لا اله الا الله"
دەستپێدەکات، هەرزوو مەحەکی ئیمان لە یەکتاپەرستیی حەقیقەتەوە "قل يا أهل
الكتاب تعالوا الى كلمة سواء بيننا وبينكم ألا نعبد الا الله"[4] دەگوازرێتەوە بۆ
یەکتاپەرستیی وەلاء "يا أيها الذين امنوا لا تتخذوا عدوي وعدوكم أولياء تلقون
اليهم بالمودة وقد كفرا بما جاءكم من الحق" ([5])
ساڵەکانی
بانگەوازی ئیسلام لە مەککە و چەند ساڵی یەکەمی مەدینەی لێ دەربچێت، لە ئیسلامییشدا
هەمان ئەو دیاردەیەی دوای سینا لای مووسا دووبارە دەبێتەوە، لەوێش یەکتاپەرستیی
وەلاء لەژێر ناونیشانی "وەلاء بۆ خەلیفە، یاخود بۆ جەماعەتی ئیسلامیی و لە بەرفروانترین
شێوەیشیدا ئوممەتی موسڵمانان" هەژموون دەگرێتە دەست و وەلاء بۆ سەرکردە و
گرووپێکی موسڵمانان، کە تا رۆژگاری ئەمڕۆش باڵی بەسەر هەر بزاوتێکی سیاسیی
ئیسلامییدا کێشاوە، جێگهی بە تەوحیدی "رب
العالمین"، کە دەکرێت وەک بەرزترین تەعبیر لە یەکتاپەرستیی حەقیقەت لە قەڵەم
بدرێت، لەقکردووە و دەيکات. دەکرێت ئەم پڕۆسەیە لە کورتترین دەربڕيندا لە
گواستنەوە لە ئیمانەوە بەرەو گوێڕایەڵی "طاعة" کورتبکرێتەوە. "يا
ايها الذين امنوا اطيعوا الله و اطيعوا الرسول واولوا الامر منكم ..."([6]).
ئیدی خوای
موسڵمانانیش بە هەمان شێوەی خوای ئیسڕائیلییەکان، هەرچەند لەسەرەتادا خوای تەواوی
مرۆڤایەتی و جیهانیانە، دواتر لەرێی لە قەڵەمدانی خەلیفە بە جێنشینی خوا لەسەر
زەوی و ئوممەتی ئیسلامی بە باشترین ئوممەت، ئیرادەی خوای موسڵمانانیش مۆرکێکی
مێژوویی و جوگرافی دیاریکراوی لێدەدرێت. ئەمەش زۆر بە ئاشکرا و بەر لە هەر
کایەیەکی دیکە بە سیستەمی سیاسيی و فیقهيی موسڵمانانەوە دەبینرێت، کە هەروەک دەق و
رێنوێنییەکانی جوولەکە سرووشتێکی ئەزەلییان پێ ڕەوا دەبینرێت.
یەکتاپەرستیی
و توندوتیژیی
بەدرێژایی
مێژووی چەندین دەیەی گەڕانەوە بۆ ئایین و گەڕانەوەی رادیکالانەی ئایین بۆ نێو
فەزای گشتیی و بەتایبەتیش دونیای سیاسەت لەسەر ئاستی هەرسێ ئایینی ئیسلامی، مەسیحی
و جوودا و لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ تێگەیشتن لە رەوتە رادیکالەکانیان، پرسی
پەیوەنديی نێوان ئایین و توندوتیژیی و دوای هێرشەکانی سێپتێمبەری 2001یش بە
دیاریکراوی پەیوەندی نێوان ئیسلام و توندوتیژیی، هەم لەسەرئاستی رووبەری گشتیی و
هەمیش لەسەر ئاستی ئەکادیمییدا بابەتی دیبەیت و گفتوگۆ بووە و هەیە. ئەگەر لە یەک_دوو
دەیەی رابردووەوە و لەسەر ئاستی رووبەڕی گشتییدا زیاتر باس لە پەیوەندی نێوان
ئیسلام و توندوتیژیی کرابێت و بکرێت، ئەوا لەسەر ئاستی ئەکادیمی زەقتر باس لە
پەیوەندی نێوان یەکتاپەرستیی و توندوتیژیی کراوە و دەکرێت.
هەڵبەتا پرسی
پەیوەندی نێوان یەکتاپەرستیی و توندوتیژیی پرسێکی کۆنە و بۆ سەدەی هەژدە و بۆ داڤید
هیۆم دەگەڕێتەوە، بەڵام هیچ کات لەمێژوودا هێندەی ئەم چەند ساڵانەی دوایی بە چڕی و
زەقی باس لەم بابەتە نەکراوە.خاڵی سەرەکیی تیۆری توندوتیژیی تەوحیدی لەسەر ئەم
بۆچوونە بنیاتنراوە کە ئیدیعاکردنی رەهایی و خاوەندارێتیی تاکە راستیی لای
پەیڕەوانی ئایینیی یەکتاپەرستانە، بنەمایەکە بۆ هاندان و تەبریرکردنی پەنابردن بۆ
توندوتیژیی لە دژی هەڵگرانی بیروباوەڕی ئایینیی دیکە.([7])
بەڵام
دیاردەی توندوتیژیی نەوەک هەر یەکێک لە خەسڵەتە بونیادییەکانی یەکتاپەرستیی نییە،
بەڵکو تەنیا لەو کۆمەڵگایانەیش بەدی ناکرێت کە ئایینیی یەکتاپەرەستانەیان تێدا
باڵادەستە. ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگا مرۆییە خاوەن ئایینە فرەخواییەکانیشدا هەر
هەبووە، هەم لەسەر ئاستی رەمزیی و لە نێوان خواکان و پاسەوانە ئەفسانەییەکانیاندا
و هەمیش لەسەر ئاستی سۆسیۆسیاسیی و لەنێوان دەسەڵاتدار و ژێردەستە و گرووپە
جیاوازەکاندا. هەرچەندە لە پەیوەندیی نێوان یەکتاپەرسیی و توندوتیژییدا، مێژووی
ئایینەکان و ئەو توندوتیژییەی لە بڵاوبوونەوەیاندا گیراوەتە بەر مایەی
لێووردبوونەوەیە، بەڵام ئەوەی بۆ رۆژگاری ئەمرۆمان لەوە گرنگترە ئەوەیە کە ئاسمان
بە زمانی توندوتیژیی ناوی دەبات. چونکە ئەوەی لە ئایینە تەوحیدییەکاندا
نوێییە لەلایەکەوە زمانی توندوتیژییە کە لە نێو تێکستە تەوحیدییە کانوونییەکاندا
بە زەقی بەدی دەکرێت، لەلایەکی دیکەیشەوە پێدانی مۆرکی ئایینیە بەو توندوتیژییەی
لە ململانێ سیاسییەکانی نێوان دەسەڵاتدار و چەوساواندا هەبووە.
خاڵێکی
جیاکەرەوەی سەرهکیی نێوان یەکتاپەرستیی لەخۆگر و یەکتاپەرستیی نەفیکەر ئەوەیە کە
ئاسمان بە جیاوازیی لە سیمانتیکی کولتوورییدا وەسفی دەکات. سیمانتیکی کولتوورییش
لای ئەو بریتییە لەو حیکایەتە گەورە و جیاکارییە سەرەکییانەی لە رێگایانەوە کۆمەڵگهیەک رێڕەوی خۆی لە جیهان و کاتدا دەدۆزێتەوە و لە ئەفسانە
بنیاتنەرەکان، سیمبۆل، وێنە و دەقە ئەدەبییەکانیی خۆی بنیات دەنێت. ئەوە سیمانتیکە
کولتوورییەکانن کە رەفتار و هەڵسوکەت، بیرکردنەوە، یادەوەریی و بەرنامەی ئەو
کەسانە لە ئاسۆکانیاندا دەژین دیاری دەکەن.[8]
یەکێک لە
جیاوازییەکانی نێوان سیمانتیکی کولتووریی دوو جۆرە یەکتاپەرستییەکە ئەوەیە کە لە
یەکتاپەرستیی نەفیکەردایە زمانی توندوتیژیی دەردەکەوێت. ئەگەر شەڕ و نەفرەت لە
یەکتاپەرستیی لە خۆگردا سیمبۆلیک و لە نێوان خواکان و لەدژی خواکان بێت، ئەوا شەر
و نەفرەتی یەکتاپەرستیی نەفیکەر کردەیی و لە نێوان مرۆڤەکاندایە. بێگومان لە
تێکستە ئاینییە فرەخواییەکانیشدا توندوتیژیی ئامادەیی بەرچاوی هەیە، بەڵام لەوێدا
ئاسمان پێیوایە کە توندوتیژیی زیاتر بەندە بە بنەمای سیاسیی دەسەڵات و نەوەک بە
پرسی خوا. "توندوتیژیی لەوێدا پرسێکی دەسەڵاتە، نەوەک هی باوەڕ و حەقیقەت".[9]
ئەوە تەوراتە کە زمانی
توندوتیژیی لە توندوتیژییەکی سیمبۆلیی لە دژی خواکانی دوژمنی خوایەکی دیاریکراو و
هەروا دژ بە دوژمنانی پاشاکانەوە دەگوازێتەوە بۆ پەیوەندیی نێوان خوا و خەڵک نێوان
خوا و مرۆ. هەر لێرەیشەوەیە کە لە رێی گواستنەوەی وەحی لە سرووت و باوەڕەوە بۆ
کایەکانی مۆرال و قانوون، پەیوەندییەکی تۆتالیتێر لە نێوان و خوا و مرۆڤدا لەسەر
بنەمای ئەوەی کە دەبێت ژیان بە هەموو وردەکارەکانییەوە لە خزمەتی خوادا بێت،
بنیاتدەنرێت.
ئاسمان
پێیوایە ئەو توندوتیژییەی لەنێو دەقە ئاینییە تەوحیدییە نەفیکەرەکاندا هەیە، زیاتر
میراتی ئەو سیستەمە داپڵۆسێنەرانەیە کە بۆ نموونە موسا و شوێنکەوتووانی رووبەڕووی
دەبنەوە.
لە نووسراوەکاندا جیهانی رۆژهەڵاتی کۆندا ئەم زمانی توندوتیژییە بە
بەربڵاوی بەرچاودەکەوێت و ئەرکێکی دیاری بریتیی بووە لە گەیاندنی ئەو پەیامەی کە
سیاسەت و قانوون تەنیا ئەوکاتە دەکرێت پیادە بکرێن، کە لەسەر بنەمای توندوتیژیی
جەستەیی بنیاتنرابن.([10]) سیستەمە سیاسییەکانی
رۆژهەڵاتی دێرین لەسەر سیمانتیکێکی کولتووریی بنیاتنرابوون کە ئامانجیان دەستەمۆکردنی
جەماوەرە رەشوروتە ژێردەستەکانیان لەژێر سایەی سیستەمێکی دەسەڵاتی دیاریکراودا
بووە. لەمەشدا ئاشوورییەکان دەستێکی باڵایان هەبووە. ئاسمان دواتر پەنا دەباتە بەر
خوێندنەوەیەکی مێژوویی کە (ئۆتمار کییل) دەربارەی گواستنەوەی توندوتیژیی
ئاشوورییەکان بۆ ناو ئایینی جوو پەیڕەوی کردووە. کییل پێیوایە کاتێک لە کۆتایی
سەدەی حەوتەمی پێش زاییندا دەسەڵاتی ئاشوورییەکان کۆتایی دێت، بۆشاییەک لە
دەسەڵاتدا دێتە کایەوە، تیۆلۆگەکانی جوو بە شێوەیەک پڕی دەکەنەوە، کە هەمان ئەو
فەرمانانەی دەسەڵاتدارانی ئاشووریی هەیانبوو دەدرێنە پاڵ یەهوای خوای ئیسڕائیل.
بەمەش هەرچەندە ئیسرائیلییەکان لە ستەمکاران رزگار دەکرێن، بەڵام هاوکات
خەسڵەتگەلێکی هەرەتوندی ستەمکارانەیش دەدرێنە پاڵ یەهوا.([11])
لێرەشدا ئەگەر ئەرکی یەکتاپەرستیی موسایی
رزگارکردنی ئیسڕائیل لە ستەمکاریی دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمە بووبێت، ئەوا لەگەڵ
هەوڵەکان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نوێدا، پەنا بۆ هەمان شێوازەکانی ستەمکارانی
پێشوو دەبرێتەوە و بە پەنابردن بۆ یەکتاپەرستیی وەلاء، کە لەسەر بنەمای دڵسۆزیی و
پەیوەستەیی وەستاوە، درزێک دەکەوێتە جەستەی یەکتاپەرستیی حەقیقەت. ئەم درزەیش
لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە یەکتاپەرستیی وەلاء لە خودی خۆیدا هەبوونی خوایانی دیکە
رەت ناکاتەوە. چونکە کاتێک جەخت لە گوێڕایەڵی و وەلاء بۆ خوایەک دەکرێت، لە هەمان
کاتدا مانای رەتکردنەوە و بە نەفرەتکردنی گوێڕایەڵی و وەلاء بۆ خوایانی دیکە
دەگەیەنێت.
بەستنی
پەیمان لەسەر کێوی سینا و دامەزراندنی جڤاتێکی نوێ لەسەر بنەمای وەلاء لەلایەک،
گواستنەوەی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتدار و فەرمانبەرداری ئاشووریی بۆ نێو چوارچێوەی
ئایین، کە تیایدا ئیدی خوا جێگەی شا دەگرێتەوە و دواتریش لە رێی نووسینەوە و
بەدەقکردنی یاسا و بنەما ئەخلاقییەکانی رێکخستنی کۆمەڵگه، زمانی توندوتیژیی دەکەن
بە بەشێکی دانەبڕاو لە یەکتاپەرستیی ئەم ئایینە.
بێگومان
مەسیحییەت لەم رووەوە حاڵەتێکی جیاوازی هەیە لەوەی ئایینی مووسا. بە هەوڵدان بۆ
هەڵنانی جیهانێکی روحی لەپاڵ جیهانی سیاسەت لەسەر بنەمای، ئەوەی هی قەیسەرە با بۆ
قەیسەر بێت و ئەوەی هی خوایە با بۆ خوا بێت، رێگه لەو تۆتالیتاریزمە ئاینیيە دەگیرێت، کە لە ئایینی جوو و دواتریش لە ئیسلامدا دەبینرێت.
بەڵام ئەمەش وەک مێژوو پێماندەڵێت، تەنیا لایەنە تیۆريی و دەقییەکەیە و مێژووی
مەسیحییەتیش زۆر لە مێژووی ئایینەکانی دیکە کەم توندوتیژیی نەبووە. واتە
جیاوازییەک ئەگەر لێرەدا لە نێوان ئەم سێ ئایینیە تەوحیدییە خاوەن کتێبەدا
هەبووبێت سەبارەت بە توندوتیژیی، ئەوا لە هەبوونی زمانی توندوتیژیی لە دەقەکانی
ئایینیی یەکەم و سێییەمدایە، لەکاتێکدا ئەمە لە مەسیحییەتدا بەم شێوەیە بەدی
ناکرێت.
داعش و توندوتیژیی
دەکرێت داعش
لە دەرەوەی خۆی وەک رێکخراوێکی ئیسلامیی، سەلەفیی، جیهادیی تێرۆریستیی پێناسە بکرێت.
هەریەکێک لە چەمکەکانی ئەم پێناسەیەش بەشێکی گرنگ لە شوناس، ئایدیۆلۆژیا و
جیهانبینی رێکخراوەکە پێکدەهێنن.
لە مێژووی
نزیک بە سەدەیەکی بزاڤە ئیسلامییەکاندا هیچ هەوڵێک بەرچاو ناکەوێت بەدەر بێت لەوەی
کە هەر هەوڵێکی گەڕانەوە بۆ ئایین، گەڕانەوەیەکە بۆ رابردوو. هەوڵێکە بۆ پەنابردنە
بەر یادەوەرییەکی کولتووریی کە مەودایەکی زەمەنیی درێژی لەگەڵ ساتەوەختی ئێستادا
هەیە. هەر گەڕانەوەیەکیش بۆ رابردوو، یەکەم، گەڕانەوەیەکی دەستەبژێرانەیە
"انتقائی". گەڕانەوە بۆ رابردوو هیچ کاتێک گەرانەوە نەبووە بۆ تەواوی
رابردوو، بەڵکو هەنگاوی یەکەمی هەر گەڕانەوەیەک بریتییە لە دانی بڕیاری هەڵبژاردنی
بەشێک لەو رابردووە. دووەم، هەر بڕیارێکی لەم جۆرەیش بریتیی نییە لە گەڕانەوە بۆ
خودی رابردوو، بەڵکو بۆ رابردوو بەو شێوەیەی تۆمار کراوە و بەو شێوەیەی ئێمە لێی
تێدەگەین یان دەمانەوێت لێی تێبگەین.([12])
ئەگەر داعش
لە جیهانبینییە ئیسلامییەکەیدا بۆ ئەو بەشە لە یادەوەریی کولتووریی موسڵمانان
بگەڕێتەوە کە بە سەلەف ناسراوە، ئەوا خۆی، دەوروبەری و جیهان بە دیدێک دەبینێت کە
تا سەرئێسقان بە دابەشکردنی دوانەیی بارگاوییە، هەر لە خوای تاک و طاغوتەوە بگرە
تا باوەڕ و بێباوەڕیی، تا دونیای ئیسلام و دونیای کوفر، تا وەلاء و بەڕاء. دەقە بە
کانوونیکراوەکانی ئیسلام لە قورئان و فەرموودە و سەرچاوەکانی دیکەی جێمتمانەی
سەلەفیزم پڕن لەو ساتانەی رووبەڕووبوونەوە سیاسییەکانی ئیسلامی قۆناغی یەکەمیان
تێدا تۆمار کراون.
هەڵبەتا نە
داعش بریتییە لە ئیسلام و نە تەواوی مێژوو و رەوتەکانی چواردە سەدەی مێژووی
ئیسلامیش هەڵگری هەمان دونیابینی، ئایدیۆلۆژیان و خاوەنی شێوازەکانی کارکردنی
هاوشێوەی داعش بوون. هەروەک چۆن ئەمە حەقیقەتێکە ناکرێت نکۆڵی لێ بکرێت، بە هەمان
شێوەیش ناکرێت نکۆڵی لەوە بکرێت، کە داعش لە رووی فکری و ئایدیۆلۆژییەوە سەر بە
رەوتێکی نێو ئەم مێژووەیە و لە هەمان ئەو یادەوەرییە کولتوورییە ئاو دەخواتەوە کە
موسڵمانان لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوودا بنیاتیانناوە.
ئەو دەقە
سەرچاوەییە بە کانوونیکراوانەی ئیسلام، کە بەشی هەرە گرنگی یادەوەریی کولتوریی
موسڵمانان پێکدەهێنن، هەر وەک دەقەکانی ئایینەکانی دیکە، لە پاڵ ئەو دەقانەی
بنەماکانی یەکتاپەرستیی حەقیقەت لەخۆیان دەگرن، پڕن لە تۆماری ساتی مێژوویی رووبەڕووبوونەوەکان
و ئەو ساتانەی دەبوایە ئایدیاکان لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا بەرجەستە بکرێن و
کران. لەو ساتانەیشدا ئینتیما و وەلاء بۆ گرووپ وسەرکردەیەک کارێکی
بەڵگەنەویستە.
هەربۆیە
کاتێک داعش دێت و وەک گرووپێکی ئیسلامیی سەلەفیی جیهادیی لەنێو فەوزا سیاسیی سەربازییەکەی
سووریادا شوێن پێیەک بۆ خۆی دەکاتەوە و دواتریش ئەو نارەزایەتییەی عەرەبی سوننەی
عێراقی لەبەرامبەر سیاسەتە چەوتەکانی حکومەتی ناوەندی بەغدا دەقۆزێتەوە، هەم
بڕیاری گەڕانەوە بۆ ئیسلامێکی رادیکال دەدات و هەمیش ئەو ناڕەزایەتییە رادیکالەی
لە ناوچە سونییەکانی سوریا و عێراقدا لەخۆی دەگرێت. لێرەشدا زمانی توندوتیژیی نێو
دەقە بەکانوونیکراوەکانی یادەوەریی کولتووریی ئیسلامی و رق و توڕەیی عەرەبی سوننە
بەیەک دەگەن. بە هەڵبژاردنی تێرۆر و تۆقاندنیش وەک ستراتیژێک بۆ ئیدارەدانی ئەو
حاڵەتەی داعش بە "تەوەحووش" ناوی دەبات و وەک هەنگاوێکی گرنگ لە رێی
دامەزراندن و چەسپاندنی دەوڵەتێک لەسەر بنەمایەکی ئایینی تۆتالیتێر، ئەو کردە
توندوتیژییانە لەدایکدەبن کە جیهان بەگشتیی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش بەتایبەت لەم
چەند ساڵەی دواییدا بەخۆیانەوە دەیبینن.
ئهنجام
توندوتیژیی
دیاردەیەکی ئامادەیە لە زۆربەی کۆمەڵگه مرۆییەکان.
مێژوویش پێمان دەڵێت کە لەگەڵ وەرگرتنی مۆرکی ئایینییدا، دیاردەی توندوتیژیی
رەهەندێکی دیکە وەردەگرێت کە بەستنەوەیەتی بە جیهانی باڵا و ئەودیو. لەگەڵ
بەرفرەوانکردنی ئەرکی ئایینییش بۆ گرتنەوەی رێکخستنی تەواوی بوارەکانی ژیان، زمانی
توندوتیژییش دەبێت بە بەشێکی بەرچاوی دەقە ئایینییەکان، بەشێوەیەک کە ئەوە تەنیا
دەقەکان نین ژیان دادەڕێژنەوە، بەڵکو بەهەمان شێوە شێوازە جیاوازەکانی چۆنێتی
رێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسییش خۆیان دەخزێننە ناو دەقەوە و مۆرکی پیرۆزیی
وەردەگرن.
ئەگەر لە
مێژووی کۆن دەرچین و لە گرنگیی توندوتیژیی لە ئایینەکان و بەتایبەتیش لە ئایینی
ئیسلامدا بۆ رۆژگاری ئەمڕۆ وردبینەوە، ئەوا دەبینین کە کاریگەریی و توانای زمانی
توندوتیژیی، هەروەک لە بەشێک لە دەقە بەکانوونیکراوەکانی ئیسلامیشدا بەرچاو
دەکەوێت، لە وەرگەڕانی لە ساتێک لە ساتەکاندا و بەتایبەتیش لەساتە
قەیراناوییەکاندا بۆ کردەی توندوتیژیی یان هەر هیچ نەبێت، بۆ تەبریرکردنی کردەی
توندوتیژیی بەرجەستەدەبێت. مەترسی زمانی توندوتیژیی لەوێوەیە، کە دەکرێت گوتەکان
لە هەلومەرجێکی هەستیاردا ببن بە کردە ئەم کاریگەریی و مەترسییەش بە تایبەت چەندان
قات دەبێتەوە، کاتێک ئەم گوتانە رەوایەتیی دەسەڵاتێکی یەزدانییانەی بەرز وەردەگرن،
دەبن بە یەکێک لە بەرجەستەکردنەکانی ئیمان، وەک بەهای ئەزەلی و ئەبەدی لێیان
دەڕوانرێت و بە ئایدیای وەک شەهادەت، نەمریی و ژیانی دوای مەرگ تەیار دەکرێن.
چونکە ئەوە رابردوو لە خودی خۆیدا نییە کە مرۆڤەکان دەجوڵێنێت و کردەکانیان
ئاڕاستە دەکات، بەڵکو شێوەی وەبیرهێنانەوەی مرۆڤەکانە بۆ ئەو رابردووە، کە لە
دەقەکان و بەتایبەتیش دەقە کانوونییەکاندا تۆمار کراوە.([13])
بۆ داگرتن کلیک لێرە بکە
([1])Unknown
(1435), The Islamic State bevor Almalhamah, Dabiq 3.S. 5
([2])Assmann, Jan (2016): Totale
Religion. Ursprünge und Formen puritanischer Verschärfung.Wien, Picus Verlag, S.
29
([3])Ibd.
S. 32
[4]القران
الكريم، سورة ال عمران، الاية64
[5]القران
الكريم، سورةالممتحنة، الاية1
[6]ا_ لقران الكريم، سورة النساء، الاية 59
([7])Schieder, Rolf (2014): Die Gewalt des einen Gottes: Die
Monotheismusdebatte zwischen Jan Assmann, Mischa Brumlik, Rolf Schieder, Peter
Sloterdijk und anderen.Berlin University Press
([8])Assmann, Jan (2016): Totale Religion. Ursprünge und Formen
puritanischer Verschärfung.S. 27
([9])Assmann, Jan (2005): Monotheismus und die Sprache der Gewalt.
In: Peter Walter (Hrsg): Das Gewaltpotential des Monotheismus und der dreieine
Gott.S. 20
([10])Assmann, Jan (2016): Die totale Religion. Ursprünge und Formen
puritanischer Verschärfung.S. 40
([11])Keel,
Othmar. In: Assmann, Jan (2016): Totale Religion.
Ursprünge und Formen puritanischer Verschärfung.S. 42
([12])Assmann, Jan (2013): Das kulturelle Gedächtnis. Schrift,
Erinnerung und politische Identität in frühen Hochkulturen.C.H.Beck,München
([13])Assmann,
Jan (2016): Totale Religion. Ursprünge und Formen puritanischer Verschärfung.S.
25
#
داعش