دوالیزم و هەژموونی زمان لە بەرهەمهێنانی توندوتیژیدا

09/05/2017

:: ئیبراهیم مەلازادە

تێگەیشتن لە وتاری توندڕۆ و داعش وەك نموونە

دەستپێك:
زمان چ جۆرە ڕۆڵێك لەژیانی جڤاك و گروپ و تاکەکاندا دەگێڕێت؟ ئایا تەنها بۆ بیستن و وەرگرتنێکی میکانیکییانەی زانیارییەکان و گفتوگۆی ئاڵوگۆڕە، یاخود ئاراستەی وردتر و قوڵتری هەن و کاریگەری ڕاستەوخۆ دەخاتە سەر هەردوو لایەنە فیزیکی و سایکۆلۆژییەکانی مرۆڤەوە؟ زمان ئەو ئامرازەیە بوون بەهەموو ئەسپێکتەکانییەوە لەناو خۆیدا کۆدەکاتەوە و فۆرمولەی دەکات و فڕێی دەداتە دەرەوە، بۆ ئەوەی لە دەرەوەی خۆیدا شتێك نەمێنێتەوە بۆ ناسین و تێگەیشتن.
لێرەدا دوو گۆڕاو، وەکو لە تایتڵەکەدا دیارە، دەخرێنە ژێر شڕۆڤەکردن، ئەوانیش دوالیزم و هەژموونی زمانن، کە پەیوەندییەکی ئۆرگانییان بەیەکەوە، لەناوە و لەدەرەوەی خۆیانەوە، هەیە، یان دەکرێت هەژموون یەکێك لە کارەکتەرەکانی دوالیزمی زمان بێت و هەژموون لە فۆرمی پیرۆزگەراییدا، بەسەر وەرگرەکاندا دەسەپێنێت. بۆیە، بەڕۆشنی هەست بەوە دەکەین کە ”کۆنسێپتەکان تاقانەن، کاریگەری لەسەر ژیانی ئاسایی دادەنێن، لە جەنجاڵی فیکرە ئاڵوگۆڕەکان، یا ڕۆژانەییەکان“(1). کۆنسێپتەکان، کاتێك ڕەهەندە پیرۆزەکان بەدەست دێنن، بەسەر ڕۆحی مرۆڤەکاندا گوزەر دەکەن و جۆرێك لە دیدگای ستراتیژی دروست دەکەن. کۆنسێپتەکان لەناو تەوژمی پەیوەندییەکانی هێزدا، هێز لەهەموو ئاستەکان، خۆیان بەرهەم دێنن و بەرهەمیش دەهێندرێن.
لەو نوسینەدا، کارم لەسەر دوو ژمارەی پێنج و شەشی گۆڤاری (دابق)ی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە (داعش) کردووە. لێرەدا تەنها دووژمارەی دابیق بەزمانی عەرەبی تاوتوێکراون، چونکە لەلایەك تەنها ئەو دوو ژمارەیە بەزمانی عەرەبی بۆمن بەردەست بوون، لەلایەکی دیکەوە، لەڕێی ١٥ ژمارەوە بەزمانی ئینگلیزی، تێگەیشتم کە بەگشتی ژمارەکان یەك سروشتی وتار و ئاخافتنیان هەیە و لەیەکدی جیاواز نین. یەك ژمارە بەسە بۆ ئەوەی لەسروشتی وتاری داعش تێبگەین، ئەگەر بەشێوەیەکی ڕێژەییش بێت. جەختکردنەوەم لەسەر ژمارەکان بە زمانی عەرەبی بۆ ئەو نوسینە، لەو دەروازەیەوە دێت کە ئاخافتن بە زمانێك تا زمانێکی دی جیاوازە. رۆحی زمان بەسەر ئاخێوەرانییەوە، هێزێكی لەبننەهاتوو و چەندین ڕەهەندی قوڵی هەن. ئاوازەکان لەزمانێکەوە بۆ زمانێکی دی دەگۆڕێن. بۆیە کاتێك بەزمانی ئینگلیزی وشەی ئەپۆستاسی (Apostasy) کە بەمانای هەڵگەڕاوە لە دین، بەکار دێنین، دەبێ بەدوای ڕەهەند و مێژووی ئەو وشەیەدا بگەڕێین و کاریگەری لەسەر رۆحی ئاخێوەرانی بەتەواوەتی جیوازە و جیاوازیش دەردەکەوێت. بەڵام کاتێك بەدوای چەمکی مورتەد (مرتد) لە زمانی عەرەبیدا دەگەڕێین، بەهەمان شێوە مێژوویەکی جیاواز و کاریگەرییەکی بەهێزی رۆحی لەپەیوەندی نێوان مرۆڤەکان و دەستەڵاتدا، هەیە(2). هەر ئەو پەیوەندییە رۆحییەشە وایکردووە لە ئێستادا بەپێی”قانونی تاوانبارکردنی هەڵگەڕانەوە لە تایبەتمەندییە دیاریکراوەکان“ کە ڕاپۆرتێکی ناوەندی جیهانی توێژینەوە قانونییەکان و توێژینەوەیەکیش لەژێر سەردێڕی ”هەڵكسان و داکشانەکانی کۆت و پێوەندەکانی سەر دین“؛تەنها وڵاتە موسوڵمانەکان سزادانی هەڵگەڕانەوە لەدین پێڕەو دەکەن کە یەکە یەکە ناویان ڕیزکراوە(3).
ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، وەکو ڕێکخراوێکی ئیسلامی ڕادیکاڵ، کە لە هەموو ناوەندە سیاسی و کولتوری و جڤاکییەکانی دونیادا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریست ناسراوە، لەسەر هەردوو ئاستی کردار و هەستدا، توندوتیژی پێڕەو دەکات. لەسەر ئاستی کرداردا، بەبێ سڵەمینەوە و بەبەرچاوی دونیا، دەستی بەهەر شوێنێك ڕابگات، بەبێ ڕاڕایی و دودڵی پەلاماری دەدات، تەنها لەبەر یەك هۆکار، ئەویش چەمکی دوژمنە لەسەر دوو ئاستدا؛ یان ئەوەتا دوژمنێکی کافرە، یان دوژمنێکی مورتەدە. ئالێرەدایە ئاستی دووەم بەلای ئێمەوە گرنگی خۆی هەیە. هەر گروپێك نەتوانێت لەسەر ئاستی هەستدا، لەڕووی تیۆرییەوە دوژمنی خۆی پێناسە نەکات، ناتوانێت بجەنگێت. بۆیە ئەم دیاریکردنە لە فەرهەنگی ئەو بزووتنەوە ڕادیکاڵە ئیسلامییە، بێجگە لەمەترسی فیزیکی، مەترسیەکی گەورەی سایکۆلۆژیشی هەیە و لەدوورەوە، بەر لەوەی هێزی فیزیکی ئەو ڕێکخراوە ئامادە بێت، تۆقاندن بەمانا هەستیی و سایکۆلۆژیەکەی ئامادەیە.
بۆیە ئاشکراکردن و لێکدانەوەی ئاکاری توندوتیژی لەسەر ئاستی زمان و دەنگەوە، وەکو هەژموونی زمان، هەنگاوێکی گرنگە، بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین کە توندوتیژی فیزیکی، لێرەوە لەسەر ئاستی زمان و دەنگدا دەست پێدەکات، داخۆ چۆن ئەو ڕەفتارە خۆی لەهەژموونی زماندا، مانیفێست دەکات. هێزە ڕادیکاڵەکان، لە چوارچێوەی ئەو ئایدیۆلۆژیایەی کە هەڵیانگرتووە، زمانێك بەرهەم دێنن کە لێوانلێوە لە توندوتیژی، لەشکرێك بەدوای خۆیاندا، دەکەوێتە ژێر هەژموونی ئەو زمانەی کە دواتر لەترس و تراومادا گیر دەخۆن.

دوالیزمەکانی زمانی دینی
ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، بەشێوەیەکی زۆر وردی تێکستیانە زمان و دەنگ دەخاتە خزمەتی پڕۆژەی خەلافەتەکەی خۆیەوە. زمان، لەفۆرمی پیرۆزیی دینیدا، توانیویەتی ڕادیکاڵبوون لەحاڵەت تێپەڕێنێت و بیکات بەدیاردەیەکی سەرتاسەری ولاتانی موسوڵمان. زمانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەو زمانە دینییەیە کە لەهەموو مزگەوت و ناوەندێکی ئیسلامی لەسەرتاسەری دونیادا دەکرێت گوێمان لێبێت و بیبینین. بۆیە هەم دەنگ، بۆ جوڵاندنی حەماس، هەمیش فۆرمی دەقی باو و گشتی بەمانای ئەو دەقانەی هەموو موسوڵمانەکان بەهی خۆیان دەزانن، کە بریتین لە قورئان و سوننەت، بۆ وەرگرتنی شەرعیەت، دەخاتە بەر دەست و چاوی موسوڵمانان، بەتایبەتیش لاوان، بۆ ئەوەی ئەو پانتاییەی ئەو کاری لەسەر دەکات، پانتاییەکی هەم بەهێز و هەمیش ئاسان بێت بۆ مۆبیلیزە کردن. دیارە کە دوالیزم سیفەتێکە بۆ دیاردەیەك کە زۆربەی ئایدیۆلۆژیاکان دەیکەنە پێوەر و لەچوارچێوەیدا دونیا بۆ سەر دوو زۆن دابەش دەکەن، زۆنێك دۆست و زۆنێکیش دوژمن. لای دامەزرێنەری قاعیدە ئوسامە بن لادن، دونیا دوو فستاتە، یەكیکیان دارولئیسلامە، ئەوەی دیەشیان دارولکوفرە، جۆرج بۆشی سەرۆکی پێشووی وڵاتە یەکگرتووەکانیش هەر لەسەر ئەو بنەمایە، ڕایگەیاند ئەوەی لەگەڵ ئێمە نەبێت، منای وایە لەگەڵ قاعیدەیە. ئەم دوالیزمە هەرگیز نەتوانراوە لەسەر زەوی بکرێت بە واقیع، بەڵکو هەمیشە دووزۆن لەزیهنیەتی باوەڕدارانی ئەو جۆرە ئایدیۆلۆژیانە، تەقیونەتەوە و لەپێناو بەرکردنی یەکێك و لەناوبردنی ئەوی دیکە تێكیان داوە.

دوالیزمی حەق و باتڵ
لێرەدا، چەمکە دینییەکانی وەکو موسوڵمان (المسلم)، بە هەموو وەسفەکانییەوە لەبەرامبەر گاور (الکافر) و هەڵگەڕاوە (المرتد)دا، لەفۆرمی (حەق و باطل)دا بە وردی لەچوارچێوەی دەقە دینییەکاندا، مۆبیلیزە دەکرێن. لەسەرەتای هەردوو ژمارەی (دابق)دا وتاری پێشەکی هەیە، کە هەموو ژمارەکان ئەو پێشەکییەیان تێدایە و هەر گەنجێكی موسوڵمان بە باکگراوندێکی دینییەوە، ئەو پێشەکیانە بخوێنێتەوە، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دادەنێت. لەیەکەم پەرەگرافیپێشەکی ژمارە (٥)دا ئایەتێکی سورەتی تەوبە هێندراوە کە دەڵێ:”دەیانەوێت ڕووناکی یا نوری خودا بە فووی دەمیان بکوژێننەوە، بەڵام خودا هەر دەیەوێت نورەکەی تەواو بکات، ئەگەر کافرەکانیش پێیان ناخۆش بێت. ئەو پەیامبەری خۆی ناردووە بۆ ئەوەی هیدایەت و دینی حەق بێنێت، بۆ ئەوەی بەسەر هەموو دینەکانی دیکەدا باڵادەست بێت، ئەگەر موشریکەکانیش پێیان ناخۆش بێت“ (4).
لێرەدا، ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی دەوڵەت، دوالیزمێکی مەترسیدار پێڕەو دەکات، کە مومکین نیە بتوانێت لەو دوالیزمەدا لابدات، چونکە پێڕەوی لە دەقێکی قورئانی دەکات و باشترین چوارچێوەیە بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەت. لێرەدا، پەیوەندییەکان فرەڕەهەندن، بەوەی کە ئیسلام نوری خودایە، ئەوەش کە پشتیوانی لەسەرخستن و تەواوکردنی ئەو نورە دەکات، خودایە، ئەوانەش کە پێیان ناخۆشە کافرەکانن. کەواتە، لەلایەك خودا پشتیوانی موسوڵمانانە و لەلایەکیش دژی کافرەکانە کافرەکانە و ڕاستەوخۆ  لەگەڵ خودا دەکەونە ڕووبەڕووبوونەوە، نەك لەگەڵ موسوڵمانان. توانای خوداش لەلایەك ڕەهایە و لەباوەڕدا بواری قسەلێکردن نیە، لەلایەکی دیکەشەوە، موسوڵمان لەچوارچێوەی ئەو سیستمە بەرگرییە دایە کە بریتییە لە نور. موسوڵمان لەو چوارچێوەیەدا تەنها ئامرازێکە خودا بە ویستی خۆی دەیجوڵێنێت. دەیەوێت پێمان بڵێت، موسوڵمان ئیرادەی خودا لەدژی کافرەکان جێبەجێ دەکات، وەکو تاقیکردنەوەیەك بۆ موسوڵمانەکان و ڕاستی دڵسۆزی و خۆڕاگرتنیان لەبەرامبەر گاورەکان.
لە ئایەتی دوای ئەودا، پەیامبەر وەکو ڕەهەندێکی پیرۆز دێتە ناوپەیوەندییەکانەوە و هەم هیدایەت و هەمیش دینی حەق وەکو یەك دوودیوی لەیەكجیانەبووەوە دەخاتە بەردەستی موسوڵمانەکانەوە، بۆ ئەوەی باڵادەستی بەسەر هەموو دینەکاندا مسۆگەر بکات و لەزیهنییەتی هەست و باوەڕی موسوڵمانەکاندا جێگیری بکات. لەبەرامبەریشدا، ئەوانەی کە هاوەڵ بۆخوا دادەنێن، ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوادا ڕووبەڕوو دەبنەوە. بەهەمان شێوە، جەختکردنەوە لەسەر ڕاستی و دروستی دین، وەکو تاکە دینی ڕێگای ڕاست، کە بە چەمکی”هیدایەتەوە“ بەستویەتییەوە، بۆ ئەوەی موسوڵمان لەوە دڵنیابێتەوە کە لەناو خودی ئەو سیستمە حەقە دایە کە خاوەنەکەی خودایە و هەمیش بۆخۆی بەرگری لێدەکات. لێرەدا جەخت لەسەر دوو پانتایی، دوو بازنەی دژ بەیەك، دوو دونیابینی دەکرێتەوە. ئەمەش خودی ئەو فیکرەیە کە بەهەموو جۆرێك دژی تێکەڵکردنی بازنەکانە. ئەمە حەقیقەتێکی دینییە، کە دان بەبازنەکانی دیکەدا نانێت.
لەو پێناوەشدا، چەندین حەدیسی پەیامبەر دەخاتە خزمەتی تەفسیر و لێکدانەوەی ئەو ئایەتە. یەکێکیش لەوانە دەڵێت: ئەو ئەمرە، واتە ئەو دینە، دەگاتە هەموو ئەو شوێن و کونوکەلەبەرانەی کە شەو و ڕۆژیان پێ دەگات. خوا هیچ ماڵێك لە بادیه بێت یا لەشار، یا لە تەفسیرێکی دی دەڵێت؛ هەر ماڵێكلە موو دروست کرابێت یان لەخوری، ناهێڵێتەوە یا وازی لێ ناهێنێت، هەتا ئەو دینەی تێنەخات، یا بە عیززەتی کەسێكی عەزیز، یا بە زیللەتکردنی کەسێكی زەلیل، ئیسلام بە عیزەتەکە عەزیز و باڵادەست دەکات، مەبەستیش لە زیللەتەکە، واتە زەلیککردنی ئەوانەیە کە دەبنە بەردبەست“(5). لێرەشدا بەهەمان شێوە، خودا لایەنگیرە و موسوڵمان تەنها لەناو سیستمەکەدا، وەکو ئامرازێك جێبەجێکارە و هەڵگری سیفەتی عیززەتە چونکە دینەکەی عیززەتە، ئەوەش کە لەدەرەوەی ئەو سیستمە دینییەدا بێت، بێگومان ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوادا دەکەوێتە جەنگ و زەلیل دەبێت.
هەروەها لە پێشەکی ژمارە شەشی دابیقدا، کە تایبەتە بە فیقهی جیهادکردن، تێکهەڵکێشێك دەکات لەنێوان هێرشەکەی هارون مونیس بۆسەر قاوەخانەیەکی شاری سیدنی لە ئوسترالیا، لەگەڵ هەندێك لەو ئایەتانەی کە جەخت لەسەر جەنگی سەرتاسەری لەدژی ناموسوڵمانەکان، دەکەنەوە. ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لێرەدا، ئەو ڕووداوە دەکاتە کەرەستەی شڕۆڤەکردنی ئەو ئایەتەی خوارەوە کە هەم دەنگ و هەم زمانی یەکلاکەرەوەیە، کاتێك دەڵێت: ئەگەر خۆیان لە ئێوە دوورنەخستەوە و ملکەچتان نەبوون، دەستیان لە ئێوە نەپاراست، بیانگرن، لەهەر کوێیەك بینیتانن، بیانکوژن، چونکە خودا بەسەر ئەواندا، باڵادەستییەکی ئاشکرای داوە بە ئێوە“(6). ئەوەی من لەو نموونەیەدا مەبەستمە، مۆبیلیزەکردنی ئەو دەقەیە لەپێناو دوو ئامانج:
یەکەمیان: هاندانی گەنجە موسوڵمانەکان بۆ توندوتیژی، لە هەر کوێیەکی دونیا هەن، بەبێ ئەوەی کۆچ بکەن بۆ ژێر دەستەڵاتی خیلافەتی ئەبوبەکر بەغدادی، بۆ هێرشبردنە سەر ئەو ناموسوڵمانانەی کە بە گاور و سەلیبییەکان ناوزەدیان دەکات. زۆربەی ئەو گەنجانە، لەڕەوشێکی ئابووری یا کۆمەڵایەتی دابڕاو دان و پەیوەندییان تەنها لەگەڵ دەقەکان و هاوبیروباوەرەکانیان سنوورداربووە، یا زۆربەی جاران لەگەڵ باوانیان، یا تەنانەت لەماڵەوەش دەکەونە ژێر هەژموونی وتاری مەلایەکی سەلەفی، کە پڕیەتی لە ڕق و بێتاقەتی لەو دەستەڵاتەی کە پانتاییەکی نەهێشتۆتەوە بۆ گەڕەلاوژێ و بێ قانونی، وەکو ئەوەی لە وڵاتە عەرەبییەکان و هەندێك وڵاتی دیکەی موسوڵمان دەگوزەرێت. لێرەدا، لەڕێی دەقەکانەوە، پەیوەندی باڵادەستبوون، وەکو ئەثیر، لەڕێی دەقەکانەوە، جەمسەرەکان بەیەکەوە دەبستێتەوە و کاریگەری و هەژموونی خۆی دادەنێت.
دووەم: پاکبوونەوە لە گوناه. ئەو گەنجانە، چ لە قوتابخانەی ئامادەیی بن، یا لەزانکۆ، یا خوێندنیان وازلێهێناوە، تا بەو ڕۆژەیان گەیشتوون، بەهۆی ڕەوشی کۆمەڵایەتی و لێنەپرسینەوە لەلایەن باوانیانەوە، کە زۆربەی جاران، دایك و باوکی ئەوانە نەخوێندەوار بوون و لە ڕەوشێکی دارایی و کۆمەڵایەتی و سیاسی خراپدا گەیشتوونەتە ئەو وڵاتانە، نەتوانای کۆنترۆڵکردنی مندالەکانیان هەیە نە ئەو تێگەیشتنەشیان هەیە بۆ ئەوەی ببنە چاوساغی منداڵەکانیان. لێرەوە، ئەو گەنجانەی کە لەپڕ لەڕێی هەر چ جۆرە پەیوەندییەکەوە بێت، دوای ئەوەی لەڕابواردن و خواردنەوە و قومار و هەموو کارە کرێتەکان، ماندوو دەبن، چ لەڕێی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، یا لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، دەکەونە داوی هێزێكی ڕادیکاڵ و لەماوەیەکی کورتدا، تێیان دەگەیەنن؛ ئەگەر هێرشێکی جیهادییانە ئەنجام بدەن، خودا نەك هەر لە گوناهەکانییان خۆش دەبێت، بەڵکو شەهیدیش دەبن و هەموو ئەو پاداشتانەش وەردەگرن کە بۆ شەهیدەکان ئامادە کراوە. پاكبوونەوە، لەڕێگای فەتوایەك و لەژێر هەژموونی ئەو بەڵگانەوە، بەسەدان کەس دەخاتە ناو ئەو ستراکتۆرەی کە هیچ ئیعتیبارێك بۆ هیچ کەسێكی ناموسوڵمان دانانێت و بەیەك چاو هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دەخاتە ناو ستێرەی نیشانەکانیانەوە.
بۆیەشە، لەوەسفی هارون مونیسدا دەڵێت؛ (ئەو موسوڵمانێکە، بڕیاری چوونە ڕیزی موجاهیدانی دەوڵەتی ئیسلامی دا لە جەنگەکەیان لەدژی هاوپەیمانی سەڵیبی، بەڵام، زەحمەتی کۆچکردنی بۆ سەر زەوی خیلافەت لە ئەستۆ نەگرت بۆ جەنگکردن لەتەك برایەکانی، لەجیاتی ئەوە بڕیار دەدات بەتەنیا کار بکات و لەکافرەکان بدات لەو شوێنەی کە ئازاریان پێ دەگات..“. بەو جۆرە تۆبەیەكی ڕاستەوخۆ و لێخۆشبوونێکی خێرا، لەڕێی جیهادی سەرتاسەری لەژێر هەژموونی دەقەکاندا.
سەبارەت بە ڕابردووی ئەوانە، لەسەر بنەمای”ئیسلام هەموو گوناهەکانی پێشوو دەسڕێتەوە، تۆبەکردنیش هەروەها گوناهەکانی پێشوو دەسرێتەوە“(7). دەڵێت: ئەو پڕوپاگەندانەی کە باس لە ڕابردووی ئەو کەسانە دەکەن، هیچ پەیوەندی بەوانەوە نیە، چونکە ئەوانە بەئومێدی رەحمەتی خوان، تۆبەیەکی تەواویشیان لە گومڕایی پێشوویان کردووە، هەر ئەوەشە حاڵی یەکێك کە دەبێتە موسوڵمان، ...ڕێك وەکو ئەسحابەکانی پەیامبەر“.
کەواتە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەڕێی زمانەوە، لەچوارچێوەی دەقە شەرعییەکانەوە، لەگەڵ تەواوی دونیا دروست دەکەن، بێ ئەوەی هیچ جۆرە ماندووبوونێك بکێشن و کەسێك هەبێت بەشێوەیەکی فیزیکی پەیوەندی بەزۆرێك لەوانەوە بکات، ئەوان لەدۆخێكی سایکۆلۆژیی هەستی تایبەتدا، بڕیاری ئەنجامدانی کاریك دەدەن بەئومێدی ئەوەی خودا لە ڕابردوویان خۆش بێت و خۆشییەکانی بەهەشتیش بەدی بێنن. بۆیەشە لە دیدگای ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا، هارون مونیس”موجاهیدێکە لەڕێگای خودا، ڕای گەیاندووە کە ئەو لەسەر تەوحیدێکی پاك و بێ گەردە و لە ئەهلی سوننەشە“ (8).

هەژموونی مەزهەب
لەگەڵ ئەوەی کە ئەو بزووتنەوە ڕادیکاڵە، ڕەوتێکی سەلەفی جیهادین، باوەڕیان بە مەزهەب و زۆربەی لێکدانەوە فیقهییەکانی مەزهەبەکان نیە، بەتایبەتیش شڕۆڤەکردنەکانی ئەشعەری کە لە مەزهەبی شافیعیدا وەکو بنەما جێی خۆی گرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەژموونی مەزهەب لە وتاری ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا، پشکی شێری هەیە و هەموو جۆرە ئاڕاستەیەکی شیعایەتی بەکوفر و هەڵگەڕانەوە دەزانن. بۆیە لەژمارە پێنجی گۆڤاری دابقدا، ڕەخنە لە جەختکردنەوەی میدیای جیهانی لەسەر کۆبانی دەگرێت، لەکاتێکدا (بەپێی ئەوەی لە لاپەڕە ١٠ی گۆڤارەکەدا هاتووە؛ ئەو کوشتارەی کە سوپای سەفەوی و میلیشیاکان و هاوکارە ئەمریکییەکانیان لەدژی ”الامة السنیة لە عیراق، دەیکەن“ (9). نەك هەر ئەوەندە، بەڵکو سوننە بوون وەکو ناسنامە دەخەنە ڕوو و لە یەکێك لە وەسفەکانی هارون مونیس ئەوەیە کە پێی دەڵێن ”لەئەهلی سوننەیە“ (10). زیاد لەوەش لەژێر وێنەیەکی هارون مونیس و لەسەر زاری ئەو خۆی نوسراوە ”من رافیزی بووم، بەڵام ئێستا نا، من ئێستا موسوڵمانم و سوپاس بۆخوا“ (11). بێگومان هەمان ئەو جۆرە هەستە لە میدیای شیعەکاندا دەبینرێن. یەکێك لەو موسوڵمانە سوننیانەی کە لە تونس بووبوون بە شیعە بەناوی ئەلتیجانی ئەلسەماوی، کتێبێکی نوسی بەناوی ئیدی هاتمە سەر ڕێی هیدایەت (ثم أهتدیت)(12).
سەبارەت بە ڕاوبۆچونیان لەسەر شیعە بەگشتی، هەوڵیان داوە ئەو هەڵوێستەیان وەکو مەنهەج و بە بەڵگەی شەرعی بخەنە ڕوو. ئەوەتە لە پەراوێزی بابەتێكدا بەناوی قاعیدەی زەواهیری و هەراری و نەزاریدا، دەڵێ:”گەورە زانایانی ئەهلی سوننە، تەکفیرکردنی شیعەی رافیضەیان ڕوون کردۆتەوە، وەکو ئێلیتە“. هەروەها لەسەر زاری ئیمام ئەحمەدیان گێراوەتەوە و دەڵێ:”ئەگەر جووێك بزنێکی سەربڕی، ڕافیزییەکیش بزنێکی سەربڕی، ئەوا سەربڕدراوەکەی جووەکە دەخۆم..“ (13).

جەنگ بەرامبەر بە کورد
کورد وەکو پێکهاتەیەکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەزۆر هۆکار، جۆرێك لە تایبەتمەندی خۆی پاراستووە، یەکێکیش لەو تایبەتمەندییانە، بزووتنەوە سیاسییە سەرەکییەکانی کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستاندا، سروشتێکی نەتەوەیی چەپییان هەبووە و هەیە، تا دینی. دیارە ئەو سروشتە هەڵقوڵاوی کۆمەڵێك هۆکارە، یەکێکیش لەو هۆکارانە پرسی کورد لەگەڵ ئەو نەتەوە سەردەستانەی ناوچەکەدا بووە کە هەمیشە هەولیان داوە دین وەکو کارتیك بۆ دەستەمۆکردنی کورد بەکاربێنن لەژێر دروشمی برایەتی و موسوڵمانەتیدا. ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەو ڕووەوە هەنگاوێکی دیکەی بڕیوە، ئەویش هەموو بزووتنەوە کوردییەکان بە (کوردی هەڵگەڕاوە) ناوزەد دەکەن. لێرەوە دەبینین کە پەیوەندی نێوان کورد و ئەو ڕێکخراوە، لەسەر بنەمای هەمان ئەو دوالیزمە کاردەکات کە لەهەموو بوارەکانی دیکەدا پێڕەوی دەکەن. بۆیە کورد یا ئەوەتا موسوڵمان و لەگەڵ ئەواندا دەبن، یا ئەوەتا هەڵگەڕاوەن.
ئەوەتا لە ژمارە پێنج و لەژێر سەردێڕی (یەکڕیزی)دا دەڵێت”لەمێژە کوردە موسوڵمانەکان دەستیان کردووە بە هاتن بۆ ناو ڕیزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ جیهاد کردن بە سەر و ماڵیان لەدژی کافرەکان، بەخزم و کەسیشیانەوە“، لێرەدا وەکو بەڵگە ئاماژە بە قسەی یەکێك دەکات بەناوی شێخ ئەبو محەمەد ئەلعەدنانی و دەڵێ”جەنگی ئێمە لەگەڵ کوردەکان، جەنگێکی عەقیدەییە نەك قەومی (پەنا بەخوا)، ئێمە شەری کوردەکان ناکەین لەبەر ئەوەی کوردن، بەڵکو شەری کافرەکانیان دەکەین، هاوپەیمانی سەلیبی و جووەکانن لەشەریان لەدژی موسوڵمانان. بەڵام کوردە موسوڵمانەکان، ئەوان ئەهل و برای ئێمەن لەهەر کوێیەك بن، خوێنمان تێکەڵە، کوردە موسوڵمانەکانیش لە ڕیزەکانی دەوڵەتی ئیسلامیدا زۆرن و ئەوان توندوتیژترین جەنگاوەرن لەدژی نەتەوە کافرەکەی خۆیان“ (14).
بەشێك لەو هەژموونەی زمان لێرەدا، لەجەنگی کوبانی، لەژێر سەردێڕی (جەنگ لەپێناو عین الاسلام)دا، گۆڕینی ناوی ئەو شارەیە لە (عین العرب) کە بەعسییەکان ناویان ناوە، نەك گەڕانەوە بۆ ناوە کوردییەکەی بەڵکو بۆ ناوێك کە دەنگێك دروست بکات، سەدایەکی ئایدیۆلۆژی هەبێت وەکو ناوی (عین الاسلام). ئەمەش ئەوەندەی من ئاگادار بم تاکە شار بووە هەولی ناوگۆڕینیان دابێت. بێگومان بۆ موسوڵمانەکان قورسە بەو بژاردەیە ڕازی نەبن بۆیە وەکو چەکێكی پڕوپاگەندە زمان دەخەنە خزمەتی جەنگە فیزیکییەکەی خۆیانەوە. هەر لێرەدا، وەسفی گۆڤارەکە بۆ هێزە کوردییەکان خۆی لە (حیزبی شیوعی) کە مەبەستی پەیەدە و پەکەکەن، هەروەها؛ هێزە هەڵگەڕاوەکان (مورتەددین) و گاورەکاندا دەبینێتەوە.

پوختە و کۆتایی
چەمك و دەستەواژەی یەکجار زۆر لەوتاری ئەو ڕێکخراوەدا لەچوارچێوەی دوالیزم و هەژموونی زماندا، زۆر بەوردی و بەزمانێکی دینی ڕووت، پەیوەندییەکانی بەیەکەوە بەستۆتەوە. توندوتیژی لەئەدەبیاتی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدا، ستراکتۆرێکی ئاڵۆز و سەرەکی هەیە و وەکو بژارێکی یەکلاکەرەوە لە ڕەفتارکردن لەگەڵ دەرەوەی خۆیاندا دەبیندرێت. لەبنەڕەتدا، ئەم جۆرە وتارە لەسەر ئەو ڕێکخراوە مۆنۆپۆل نیە و رەگوریشەکانی درێژدەبنەوە بۆ سەرەتاکانی ئیسلام، بەبەڵگەی هەمان ئەو دەقانەی کە ئەو ڕێکخراوە وەکو بنەما بۆ شەرعیەتدان بەکارەکانی خۆی مۆبلیزەیان دەکات.
بۆیە توندوتیژی ڕێکخراو (organised violence)، بەر لە هەموو شتێك پێویستی بە شەرعیەت هەیە لەسەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە. هەڵەیەکی گەورە دەکەین ئەگەر دەقە دینییەکان لە بونیادی فیکری ئەو ڕێکخراوە دوور بخەینەوە. کۆی گشتی مۆتیڤەکانی وەها ڕێکخراوێك هەستکردنە بەوەی کە ئیسلام لەژێر هەڕەشە دایە و پێویستی بە بەرگری لێکردنە. ئێمە لێرەدا باس لەوە ناکەین هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان لەچوارچێوەی ستراتیژیەتی خۆیان بوونی ئەو ڕێکخراوە بەدەرفەت دەزانن و هەوڵ دەدەن بەرژەوەندییەکانیان بخەنە سەر یەك هێڵی ڕاست و هاوتەریبیان بکەن. باس لەوەش ناکەین کە بۆی هەیە دەیان ناوەندی هەواڵگری هەرێمی و نێودوڵەتی دەستی خۆیان بخەنە ناو ئەو ڕێکخراوە، بەڵام کۆی ئامادەیی ئەو ڕێکخراوە لەو مۆتیڤانەوە جیاناکرێتەوە کە لەپێناویدا دەجەنگن و باوەڕیان پێی هەیە. لێرەوەیە جیهاد لەچوارچێوەی ستراکتۆری دەقە شەرعییەکاندا، بەتایبەتیش ئایەتی شمشێر کە ئایەتی پێنجەمە لە سورەتی تەوبە و بەپێی سەرچاوەکانی تەفسیر و زانستەکانی قورئان، حوکمی ئایەتی سەیف ١٢٤ ئایەتی تایبەت بە ئاشتی و پێکەوە ژیانی موسوڵمانان و ناموسوڵمانەکانی سریونەتەوە(15). ئالێرەدایە کە گروپە جیهادییە رادیکاڵەکان پەیوەندی نێوان موسوڵمان و ناموسوڵمانەکان لەسەر ئەو بنەمایە دادەمەزرێنن.
لەپڕۆژەیەکی پەروەردەیی یونیسێفدا بۆ مێرمنداڵان، لەژێر ناوی ”زمان وەکو توندوتیژی، توندوتیژی وەکو زمان“ دا هاتووە:
”توندوتیژی، وەکو گرفتێکی جڤاکی، ئابووری, کولتوری و سیاسی، لەناو زماندا دەچێندرێت. زمان وەکو نەخشەیەك لەناوەڕاستی واقیعدا، لەڕێی گفتوگۆوە دەست بەجموجۆڵ دکات، تا توندوتیژی لە واقیعدا ڕەگوڕیشەی دادەکوتێت“(UN Report, 2006:2)(16).
بۆیە وتاری دینی لەو ڕوەوە، بەتایبەتیش وتاری هێزە ڕادیکاڵەکان، وتارێکە لەسەر ئەو بنەما شەرعیانەوە، ناتوانێت ستراکتۆری خۆی هەلوەشێنێتەوە و بەجۆرێکی دی پەیوەندییەکان دابڕێژێتەوە. وتارێکە لەسەر ڕق، نەبوونی ئەوی دی دەژیەت، بەبێی ئەو دوالیزمە، ئەو وتارە ناتوانێت بژیەت، ناتوانێت خۆی لە پۆپولیزم دووربخاتەوە.

 

بۆ داگرتن کلیک لێرە بکە

سەرچاوەکان:
(١) المعرفة والسلطة، مدخل لقراءة فوکو (١٩٩٤) ج. دلوز، لبنان، المرکز الثقافي العربي
(2) Laws Criminalizing Apostasy in Selected Jurisdictions (Rep.). (2014).
(3) Liu, J. (2012). Rising Tide of Restrictions on Religion. Retrieved November 17, 2016, from http://www.pewforum.org/2012/09/20/rising-tide-of-restrictions-on-religion-findings/
(4) یریدون أن یطفئؤوا نور اللە بأفواههم، ویأبی اللە الا أن یت نورە ولو کرە الکافرون. هو الذی أرسل رسوله بالهدی ودین الحق لیظهرە علی الدین كله ولو کرە المشرکون“ (التوبه: ٣٢ـ٣٣).
http://library.islamweb.net/newlibrary/display_book.php?idfrom=644&idto=644&bk_no=49&ID=655
(5) " لیبلغن هذا الامر ما بلغ اللیل والنهار، ولا یترك اللە بیت مدر ولا وبر ألا أدخله اللە هذا الدین، بعز عزیز أو ذل ذلیل، عزا یعز اللە بە الاسلام، وذلا یذل الله به الکفر“. صحیح اخرجه أحمد من حدیث تمیم الداری“.
http://islamport.com/w/amm/Web/1590/1802.htm
(6)”فأن لم یعتزلوکم ویلقوا ألیکم السلم، ویکفوا أیدیهم، فخذوهم واقتلوهم حیث ثقفتموهم، وأولئكم جعلنا لکم علیهم سلطانا مبینا“ النساء، ٩١. http://quran.ksu.edu.sa/tafseer/tabary/sura4-aya89.html
(7) ”الاسلام یجب ما قبله، والتوبه تجب ماکان قبلها“، رواه مسلم
http://www.ahlalhdeeth.com/vb/showthread.php?t=220177
https://www.youtube.com/watch?v=1Xs4sUFEGl0
(8) Al Battar Media Foundation, (2016, January 1). Dabiq, (4).
(9) Al Battar Media Foundation, (2016, January 1). Dabiq, (5).
(10) Al Battar Media Foundation, (2016, January 1). Dabiq, (6).
(11) Al Battar Media Foundation, (2016, January 1). Dabiq, (6).
(12) https://www.youtube.com/watch?v=1Xs4sUFEGl0
(13) Al Battar Media Foundation, (2016, January 1). Dabiq, (6).
(14) Al Battar Media Foundation, (2016, January 1). Dabiq, (5).
(15) آیة السیف: فأذا أنسلخ الاشهر الحرم فأقتلوا المشرکین حیث وجدتموهم، وخذوهم وأحصروهم وأقعدوا لهم كل مرصد، فأن تابوا وأقاموا الصلاة وآتوا الزکاة فخلوا سبیلهم، أن الله غفور رحیم“ (التوبه:٥).
http://www.irfaasawtak.com/archives/26954
(16) Lnguage as violemce, Violence as language (Rep.). (n.d.).






# داعش # توندڕەوی

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure