::
موختار هۆشمەند
موختار هۆشمەند
پێشەکی:
راگەیاندن یەکێک لەو بوارانەیە کە بۆ هەر
سیستەم و دەسەڵات یان هەر گرووپ و دەستەو تاقم و کۆمپانیایەک گرنگییەکی زۆری هەیە. لەم سەردەمەی
ئێستادا بانگەشە و تەبلیغات لە رێگای هۆكانی راگەیاندنەوە زۆر باوە و بە بێ بوونی
کەرەستەی جۆراوجۆری راگەیاندن هیچ گروپ و دەستەیەک ناتوانێ لە کارەکانیدا
سەرکەوتوو بێ. گرنگیی ئاوەها بابەتێک بۆ رێکخراوێکی سیاسی بە هەر ئایدیا و
بیروباوەڕێکەوە زیاترە و ئەمەش وادەکات گروپ و رێکخراوە جۆراوجۆرەکان بە پێی دەرفەت و خواست و تواناییەکانیان کەڵک لە کەرستە
و مۆدێل و شیوازێکی راگەیاندن وەرگرن و لەو رێگایەوە هەوڵی پێشخستنی پلان و
بەرنامەکانیان بدەن.
گرووپە ئیسلامییەکان بە تایبەت ئەو گرووپانەی
سەر بە رەوتی سەلەفییەتی جیهادیین، گرنگییەکی زیاتر بە راگەیاندن دەدەن و بەشێکی
بەرچاوی پلان و بەرنامەکانیان لە رێگای راگەیاندنەوە پێش دەخەن. بەو پێیە کە ئەوان
ناتوانن بە شێوەی ئازادانە لە هەموو ئەبزار و کەرەستەکانی راگەیاندن بۆ نموونە لە
ئەبزارێکی گرینگی وەک TV کەڵک وەرگرن، پەنا بۆ کەرەستەگەلی تر دەبەن کە هەم کەڵک لێوەرگرتنیان ئاسانە،
هەمیش دەتوانرێ بە شێوەی بەردەوام و هەمیشەیی کەڵکیان لێوەر بگری بە بێ
ئەوەیپێویست بە هیچ تێچوو و هەزینەیەک بکات.
بە بەراورد لەگەڵ گروپە سەلەفی جیهادییەکانی
تر، داعش زیاترین سوودی لە دنیای مەجازی و تۆرە کۆمەڵایەتییە ئێنتەرنێتییەکان
وەرگرتووە و بە پیی ئەو ئامار و داتایانەش کە زۆرجارلە لایەن سەنتر و دەزگاکانی
توێژینەوە، ناوەندە ئەمنییەکان و دەوڵەتانەوە بڵاو کراوەتەوە، ئەم رێکخراوە لە
بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییە ئێنتەرنێتییەکاندا رێکۆردی شکاندووە و زیاتر لە هەر
گرووپێکی تری نایاسایی و تیرۆریستی، کەڵکی لەو تؤڕانە وەرگرتووە و لە پێناو
بانگەشە بۆ بیروباوەڕ و ئامانجە رێکخراوەییەکانیدا بەکاری هێناون. داعش لەم بوارەدا
خۆی وەک رێکخراوێکی خاوەن سەبک و مۆدێل ناساندووە و ئەمەش لە لایەک پێوەندیی بە
جێگەو پێگەی راگەیاندن لای ئەم رێکخراوە هەیە و لە لایەکی تریشەوە ئاماژەیە بە
بوونی خەڵکانێکی شارەزا و پسپۆڕی بواری راگەیاندن لە ناو ئەو رێکخراوەدا. لەم
لێکۆڵینەوەیەدا هەوڵ دەدرێ تیشک بخرێتە سەر مۆدێلی راگەیاندنی داعش و شیوازی
کەڵکوەرگرتنی ئەم رێکخراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. بەو مەبەستەش پشت بەو ئامار و
داتا و زانیارییە وردانە بەستراوە کە لە ئاکامی ماوەیەکی زۆر چاودێریکردنی
چالاکییەکانی ئەو رێکخراوەدا بەدەست هاتوون.
بۆچی داعش پەنای بۆ شێوازی راگەیاندنی ترسناک و
تۆقێنەرانە بردووە؟
مانای وشەی "تیرۆر" دەبێتە
"ترس" و لە بنەماشدا وجوودی تیرۆریزم بە بێ "ترس" و
بڵاوکردنەوەی "هەواڵ"ی ترسخوڵقێن بێ مانایە. بە واتایەکی تر تێرۆریزم بە
مانای کەڵکوەرگرتنە لە تۆقاندن بۆ گەیشتن بە ئارمانجی سیاسی، مەزهەبی و
ئایدۆلۆژیک. (١) داعشیش وەک گروپێکی تیرۆریستی بەشێکی زۆری وزەو
توانای خۆی تەرخان دەکات بۆ ترساندن و بە داهێنەرترین گروپی تیرۆریستی ئەم سەردەمە
لە کوشتن و قەڵاچۆکردنی مرۆڤەکاندا دادەنرێ. ئەگەر بەشێکی ئەم کوشتوبڕ و
قەڵاچۆکردنە، پێوەندیی بە بەجێهێنانی ئەرکە دینییەکانەوە (لە روانگەی داعشەوە)
هەیە، بەشەکەی تری پێوەندیی بە سیاسەت و لێکدانەوەی بەرپرسانی ئەم رێکخراوەوە هەیە
کە سەرکەوتن و مانەوەی خۆیان لە کوشتن و تۆقاندنی ئەو مرۆڤانەدا دەبینن کە بە
"کافر" ، "مورتەد"، "مەجوسی"، "سەلیبی"،
"رافیزە" و.....ناویان دەبەن.
لە لایەکی ترەوە گواستنەوەی وێنەو ڤیدیۆی
توندوتیژییەکان بۆ سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن داعشەوە، مانۆڕێکە بۆ
پیشاندانی "هێز". ئەم رێکخراوە مەبەستییەتی خۆی بەهێزتر لەوە پیشان بدات
کە هەیە تا ترس و دوودڵی لای نەیارانی دروست بکات و پێش بە هێرشەکانی ئەوان بگرێ. بۆیە
دەزگاکانی راگەیاندنی ئەم رێکخراوە بەردەوام سیناریۆی نوێی مرۆڤ کوشتنیان هێناوەتە
ئاراوە. هەروەها راگەیاندنی داعش ویستوویەتی بە ترساندنی بیروڕای گشتی وڵاتانی
جۆراوجۆر بە تایبەت رۆژئاواییەکان، لە رێگای ئەوانەوە گوشار بخاتە سەر دەوڵەتان تا
هێرش نەکەنە سەر ئەو ناوچانەی دەکەوێتە بازنەی دەسەڵاتی ئەوانەوە (داعش). لایەنیکی
تری بانگەشەی رێکخراوەکەش بریتییە لە کاریگەریدانان لە سەر ئیسلامخوازەکان و راکێشانی
ئەوان بۆلای خۆی. بۆیە ئەگەر بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەبێتە هۆکاری ترسانی
خەڵکانی ناموسوڵمان،کاریگەرییەکی پێچەوانە لە سەر ئیسلامخوازێکی باوەڕمەند بە چەمکی
"جیهاد" و "قیتال' دادەنێ وداعش دەیەوێ لەم رێگایەوە ئەم پەیامە
بگەیەنێت: "ئێمە ئەرکەکانی خۆمان بە باشی بە ئەنجام دەگەیەنین و ئەرکی ئێوەش
ئەوەیە پشتیوانیمان لیوە بکەن."(٢)
داعش بە چ مەبەستێک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکاتە
گۆرەپانی بانگەشەکردن بۆ خۆی؟
١/ دەستپیڕاگەیشتنی ئاسان بە تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکان بە بێ وەرگرتنی مۆڵەت.
٢/ ئەندامەتی خەڵکانێکی زۆری سەر بە رەگەز و
نەتەوەی جۆراوجۆر لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا.
٣/ گواستنەوەی پەیام و هەواڵو دانانی ڤیدیۆ و
راپۆرتی وێنەیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە هەموو شوێنێکەوە دەکرێت و لە
ماوەیەکی کورتیشدا بەردەنگ دەیانبینێ و لێیان ئاگادار دەبێ.
٤/ کەڵکوەرگرتن لێیان تێچوویەکی زۆری بۆ داعش نییە.
(تێچووی کەڵکوەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بەراورد لەگەڵ تێچووی ئامرازێکی
کلاسیکی راگەیاندنی وەکووTV زۆر لە خوارەوەیە.)
٥/ وەک چۆن ئەو رێکخراوە بۆ کەڵکوەرگرتن
لە تۆڕە کۆڵایەتییەکان پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەت نییە، بە هەمان شێوەش لە دانانی
پۆست و راپۆرت و گرتە ڤیدیۆییەکاندا ئازادەو بە بێ تێپەڕین لە هێڵەکێکی چاودێری و سانسۆر،
دایان دەبەزێنێ و بڵاویان دەکاتەوە.
ئەو تۆرە کۆمەڵایەتییانەی داعش بەکاریان دەهێنێت
کامانەن؟
پێویستە ئەوە بزانین کەڵکوەرگرتنی داعش لە تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکان ئەگەرچی لە پلەی یەکەمدا بۆ بانگەشە و کاری راگەیاندنە بەڵام ئەم
تۆرە کۆمەلایەتییانە ئامرازێکی بەسوودن بۆ پێوەندیگرتن وداعشیش لە رێگای ئەندامانی
"ئۆنلاین"ی خۆیەوە بەردەوام هەوڵی پێوەندیگرتن لەگەڵ خەڵکی دەدات. ەکان لە
رێگای سەدان ئەکاونتەوە لە سەرجەم تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا ئامادەن. ژمارەی داعش
ئۆنلاینەکان ئەوەندە زۆرە کە بۆتە هۆی سەرسووڕمانی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتان و
ئەو سەنتەر و ناوەندانەی چاودێری کاروباری گروپە تیرۆریستییەکان دەکەن.تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکانی تویتەر، فەیسبۆک، یوتیوب و تێلگرام و ئێنستاگرام سەرەکی ترینی
ئەو تۆڕانەن کە داعش کەڵکیان لێوەر دەگرێ.
مانگێک پاش راگەیەنرانی خیلافەت لە لایەن
داعشەوە، سەنتەری لێکۆڵینەوەیی BROOKINGS لە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی چوارمانگی کۆتایی
ساڵی ٢٠١٤دا باسی ئەوەی کرد کە گروپی داعش تەنیا لە تۆڕی تویتەردا خاوەن ٤٦٠٠٠ ئەکاونتە.
بە پێی راپۆرتی ئەو ناوەندە، لەو ماوەیەدا بەردەوام ٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ ئەکاونت چالاک
بوون و رۆژانە ٥٤٥ تا ٢٠٠٠ پۆستیان داناوەکە یەک لە پێنجی پۆستەکان بە ئینگلیزی و
ئەوانی تر هەموو عەرەبی بوون.(٣)
سەرەتاکانی بەهاری ٢٠١٦ سایتی (روسیا الیوم) لە
راپۆرتێکدا باسی داخرانی ١٣٠٠سایتی ئێنتەرنێتی کرد کە پەیام و هەواڵیان بە قازانجی
گروپە ئیسلامییە توندئاژۆکان بەتایبەت داعش، بڵاو کردبۆوە. لیژنەیەکی پسپۆڕی بواری
تێکنۆلۆجیای سەر بە دەوڵەتی روسیا دۆزینەوەو داخستنی ئەکاونتەکانی بە ئەستۆوە بووە
وهەروەها زیاتر لە ٥٠٠٠ لینکی بانگەشەکردنی سەر بە داعشیپاک کردۆتەوە.(٤)
هاوکات
لەگەل ئەو هەوڵەی روسییەکاندا، هیلاری کلینتۆن بەربژێری دۆڕاوی دێمۆکراتەکان لە
هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئەمەریکادا، داوای لە پسپۆڕان و کارناسانی بواری
تەکنۆلۆژیا کرد تا لە دژایەتیکردنی تێرۆریستەکانی دنیای مەجازی و تۆرە
کۆمەڵایەتییەکاندا یارمەتیی دەوڵەتی ئەمەریکا بدەن. کلینتۆن بەکارهێنانی شێواز و تەکنیکگەلی نوێی بۆ سڕینەوەی خێراتری
پۆستە تەبلیغییەکانی داعش لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بە پێویست زانی و داوای لە
وڵاتانی تری جیهانیش کرد لەو بارەیەوە هەوڵی جیددی بدەن.(٥) قسەکانی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا دژکردەوەیەک بوو بەو هەوڵە تیرۆریستییەی
لە شاری "ئورلاندۆ"ی(٦) ئەو وڵاتە رووی داو دەرکەوت کە
ئەنجامدەرەکەی لە رێگای تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەگەڵ داعش پێوەندیی گرتبوو.
شارەزایی تیرۆریستەکانی داعش لە بەکارهێنانی
دنیای مەجازیدا هەندێجار بۆتە جێگای سەرسووڕمانی پسپۆڕانی ئەو بوارە و دەزگا
ئەمنییەکان. پاش ئەو کردەوە تیرۆریستییانەی کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی لە شاری
پاریسی فەرانسە روویان دا، دەرکەوت کە ئەنجامدەرانی چالاکییەکە لە رێگای
بەرنامەیەکی یاریکردنی ناو دنیای مەجازییەوە پێکەوە پێوەندییان بووە و پەیامیان
گۆڕیوەتەوە.(٧)
جیاوازیی
داعش و گروپە جیهادییەکانی تر لە بواری راگەیاندن و بەکارهێنانی تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکاندا
رێکخراوی قاعیدە و گروپەکانی سەر بەم رێکخراوە
هەروەها بزووتنەوەی تالیبان و رێکخراوی ئەنسارئیسلام لەو گروپە جیهادیانەن کە
خاوەن دەزگای راگەیاندنی تایبەت بە خۆیانن، بەردەوام لە دنیای مەجازیدا حوزووریان
بووە و لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیام و بەرهەمەکانی خۆیانیان بڵاوکردۆتەوە.
بەڵام حوزوور و چالاکییەکانی ئەوان هیچکات لە ئاستێکدا نەبووە کە وڵاتانی جۆراوجۆر
و دەسەڵاتەکان یان ناوەند و دەزگاکانی دژە تیرۆر هەراسان بکات و ببێتە کێشە و
دەغدەغەیەکی هەمیشەیی بۆیان. بە واتایەکی تر حوزوری ئەو رێکخراوانە لە تۆرە
کۆمەڵایەتییەکان و دنیایی مەجازیدا، ئەوەندە بەرچاو و جیددی نەبووە کە وڵاتان بە
مەترسی بزانن بۆ سەر ئاسایشی خۆیان و پلان و بەرنامەی رووبەڕووبوونەوەی بۆ دابنێن.
بەڵام ئەوەی داعش لەم بارەیەوە کردوویەتی شتێکی بە تەواوی جیاوازە و ئەم رێکخراوە
لە رێگای ئەندامانی شارەزای بواری تەکنۆلۆژیاوە سەرجەم ئیمکانیات و دەرفەتەکانی
دنیای مەجازی خستۆتە خزمەت مەرام و مەبەستەکانی خۆیەوە.
بە بەراورد لەگەڵ گروپە جیهادییەکانی تر، داعش
شێوازێکی نوێی راگەیاندنی بۆ پیشاندان و بەرجەستەکردنەوەی زیاتری تاوانەكانی خۆی تاقیکردۆتەوە
و لە رووی رێژەییشەوە بەرهەمە بانگەشەییەکانی ئەم رێکخراوە ئاماژەن بۆ تۆمارکرانی
ڕیکۆردی نوێ لەم پێوەندییەدا.
تایبەتمەندییەکانی راگەیاندن و بەرهەمە
بانگەشەییەکانی داعش
کوالێتی بەرز، فرەچەشنی، تۆماركردن و گواستنەوەی
کوشتارەکان بە شێوازی هونەری و پرۆفشناڵ، بەکارهێنانی تەکنیک و گرافیکی ئاستبەرز، مۆنتاژی
هەستیارانەی گرتە ڤیدیۆییەکان و بەخشینی کەسایەتی درۆیین و سینەمایی بە چەکدار و
جەلادەکان، ئەو لایەنانەن کە لە سەرجەم بەرهەمەکانی ناوەندی راگەیاندنی داعشدا
بەدی دەکرێن. هەرچەند مێژووی تێکەڵبوونی ئەم خەسڵەتانە بە بەرهەمە بانگەشەییەکانی داعشەوە
دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٣ بەڵام ئاڵوگۆڕە سەرەکییەکان پاش راگەیەنرانی خیلافەت لە بواری
بەرهەمهێنانی فیلم / گرتەی ڤیدیۆیی و گۆڤاری ئەلکترۆنیدا هاتنە ئاراوە و پەرەیان
پێدرا. بە پێچەوانەی پێشووتر کە رووداوەکان بە شێوەیەکی زۆر سادە و ئاماتۆر بەرهەم
ئەهێندران، بەرهەمە نوێیەکان بە ئامراز و كەرەستەی پیشکەوتوو و بە پێی ئیدە و
سیناریۆ و بە لە بەرچاوگرتنی مەرجەکانی "شەڕی دەروونی" بەرهەم ئەهێندران
تا زیاترین کاریگەریی لە سەر بەردەنگ هەم بە ئاڕاستەی ترسان لە داعش هەمیش بە
ئاراستەی نزیکبوونەوە لەو رێکخراوە، دابنێن.
یەکەمجار لە فیلمی "ولو کرە
المشرکون"دا بوو کە ئاڵووگۆرەکان خۆیان پیشان دا. ئەم فیلمە یەکەم ڤیدیۆی
بانگەشەیی داعش بوو کە بە پێی مەرج و ستانداردەکانی رۆژ رێکەوتی ٢٠١٤/١١/١٦ بەرهەم هێندرابوو. سیانزە چەکداری داعش کە
هەریەکەو ملی سەربازێکی دیلیان گرتووە، بە قەتار دێنە ناو کادری چەند کامێرایەکی
پێشکەوتووەوە، دوانزە کەسیان جلی سەربازی تایبەت و کڵاوی رەشیان پۆشیوە ، ئەوان خاوەن لاشەیەكی
ئامادە و سەر و سیمای تایبەتن و ئەمەش ناتوانێ رێکەوت بێ، بێگومان دەرهێنەری
فیلمەکە ئەوانی لە ناو ژمارەیەک تیرۆریستدا هەڵبژاردووە. کەسەکەی تر کە رۆڵی ئەکتەری
سەرەکی ناو فیلمەکە دەگێڕێ، جلێکی رەشی ئەفغانی"ی لە بەردایە و کڵاوە رەشەکەی
بەسەر دەمووچاویدا کێشاوە تا نەناسرێتەوە. ئەو بە دەنگێکی موحکەم پەیامێک ئاڕاستە
دکات و رەوایی بە کوشتارەکە دەدات. دیلەکانیش سەرجەمیان پۆشاكێكی رەنگ رەشیان
لەبەردایە، ریش و ردێنیان تاشکراوە و سەر و سیمایەکی رێکوپێکیان هەیە و وەک زۆر
قوربانیی تری دەستی داعش شوێنەواری ترس و نیگەرانییان پێوە دیار نییە.(٨)
پاش ئەوەی ئەمەریکا لە سەرەتاکانی مانگی ئوتی
٢٠١٤ی زاینییەوە هەوڵی پێکهێنانی ئێئتلافێکی جیهانی دژی داعش دا(٩) ئەم
رێکخراوە فیلمێکی درێژی بە ناوی "گڕەکانی شەڕ" بڵاوکردەوە کە بە بەراورد
لەگەڵ فیلمە پێشووەکان، پێشکەوتنێکی بەرچاوی پێوە دیار بوو. لەو فیلمەدا بە زۆریی
دیمەنەکانی شەڕی چەکدارانی داعش لە سووریا و عێراق پیشان درابوو و بۆ یەکەمین جار راگەیاندنی
داعش لە تەکنۆلۆژیای SLOW motion(١٠)بۆ بردنەسەرەوی ئاستی کوالێتی کەڵکی وەرگرتبوو.
فیلمەکە بە تەکنۆلۆژیای هەرە پێشکەوتوو بەرهەم هێنرابوو و نێرەیشن واتە دەقی سەر
فیلمەکەش بە زمانی ئینگلیزی بووو بەردەنگیش دەوڵەت و خەڵکی ئەو وڵاتانە بوون کە
بڕیار بوو بەشداری لە ئێئتلافی نێودەوڵەتی"ی دژی داعشدا بکەن.
بە تێپەڕینی كات، راگەیاندنی داعش کامێرامانەکانی
خۆی رەوانەی بەرەکانی شەڕ کرد و هەوڵیدا لە رێگای تۆمارکردن و گواستنەوەی ئەو
دیمەنانەوەکە چەکدارانی رێکخراوەکە تیایدا هێرشبەر و سەرکەوتوون، خۆی وەک هێزێکی
پۆڵایین بناسێنێ.
مەبەست لە جۆراوجۆری لە بەرهە نوییەکانی
داعشدا، هەم ئەو شێوازانەیە بۆ کوشتنی قوربانییەکان تاقی دەکەنەوە هەم ئەو
ئەبزارانەی لە کوشتنی ئەواندا بەکاری دەهێنن هەمیش شێوازی بەرهەمهێنانی فیلم و
گرتەی ڤیدیۆیی. بۆ نموونە تا ئێستا کوشتن لە شوێن و کات و ساتی جیاوازدا و بە
ئامرازی جۆراوجۆر، وەک کوشتن بە دەمانچە، رەشاش، تاپڕ، دۆشکا، قازیفە، تۆپ، چەکی
دژە هەوایی، کوشتن بەهۆی بەستنی مەوادی تەقینەوە بە قوربانییەکانەوە یان دانانی
ئەوان لە ناو ئۆتۆمبیلی بۆمبرێژکراودا. هەروەها کوشتن لە رێگای بەژێرەوەکردنی
قوربانی بە تانک، کوشتن لە رێگای لە قەفەس دانان و سووتاندنەوە، کوشتن بە هۆی لە
قەفەس دانانی بە کۆمەڵی قوربانییەکان و نوقمکردنیان لە ناو ئاودا تاقیکراوەتەوە.
جۆراوجۆرییەکی تری راگەیاندنی داعش بریتییە لە بەرهەمهێنانی
فیلم و گۆڤار بە زمانە جیاوازە جیهانییەکان. ئەم رێکخراوە تا ئێستا چەندین فیلم و
گرتەی ڤیدیۆیی و چەندین گۆڤاری ئەلکترۆنی بە زمانەکانی
ئینگلیزی، فەرانسی، روسی، سپانیۆلی، تورکی، ئاڵمانی، ئێندونزیای، پەشتوو و...بڵاو
کردۆتەوە. دەزگای راگەیاندنی داعش لە بەرهەمهێنانی ئەو فیلم و گۆڤارانەدا کە
بەردەنگەکانیان وڵاتانی رۆژئاوایین، هەستیارییەکی زیاتری بەکارهێناوە و هەوڵیداوە
ئەو بەرهەمانە بە باشترین شێواز ئامادە و بڵاو بکاتەوە و ئەمەش ئەو بەرهەمانە لە
بەرهەمەکانی تری دەزگاکە جیادەکاتەوە. سەرەتای ئەم هەوڵەی داعش گرتە ڤیدیۆیەکی
تایبەت بە مانگی ئاگووستی ٢٠١٤ بوو کەتیایدا جەلادێکی داعش کە دواتر نێوبانگی دەرکرد،
رۆژنامەوانێکی ئەمریکی بە ناوی "جیمز فولی" سەربڕی.(١١) داعش بۆ یەکەمجار لەو
گرتە ڤیدیۆییەدا جلی رەنگ پرتەقاڵی بەکارهێناو ئەمەش وەڵامدانەوەیەک بوو بە
ئەمریکییەکان هاوکات ئاماژە بوو بۆ کەڵکورگرتنی داعش لە شێوازی شەڕێ دەروونی.(١٢)
داعش لە هەنگاوێکی
تردا فیلمێکی بە ناوی "لە لایەن رزگاربووانەوە بۆ ناڕزگاربووان" تایبەت
بە کەڕ و لاڵان بەرهەمهێنا. لەم فیلمەدا دوو ئەندامی رێکخراوەکە بە زمانی ئاماژە باسی
ئەوە دەکەن کە كەمئەندامی جەستەیی ناتوانێ رێگر بێ لە بەردەم پشتیوانیکردنی
"خیلافەتی ئیسلامی".
وەک خاڵی کۆتایی ئەم
بەشە، پێویستە ئاماژە بەوە بدەم ئەگەر مەبەستی یەکەمی داعش لە دروستکردن و
بڵاوکردنەوەی ئەو هەژمارە زۆرەی بەرهەمی بانگەشەیی بەهێز پیشاندرانی ئەم رێکخراوەیە،
مەبەستێکی تری بریتییە لە سانسۆر و چەواشەکردنی راستییەکان لە رێگای بڵاوکردنەوەی تۆماری
ناڕاست و درۆین لە ژیانی خەڵکی ئەو ناوچانەی کە حوکمی تێدا دەکات. لەو بەرهەمانەدا
نەک شوێنەوارێك لە هەژاری و گرفت و
تەنگەژەکانی ژیان بەرچاو ناکەوێ، بە پێچەوانەوە هەوڵدراوە "مەدینەی
فازیڵە"یەک پیشانی بەردەنگ بدرێ و ئەمەش بۆ رەوایی بەخشین بوو بە چەمکی "هیجرەت" کە داعش لە پاش راگەیاندنی خیلافەتەوە بانگەشەی
بۆ دەکات.
دەزگاکانی راگەیاندن و چاپەمەنی داعش
١/ ناوەندی فرقان، گرنگترین و کۆنترین
دەزگای راگەیاندنی داعشە کە گروپێکی کارناس و شارەزای بواری راگەیاندن و ئاشنای
دنیای مەجازی بەڕێوەی دەبەن. پاش راگەیەنرانی خیلافەت لە لایەن داعشەوە چەندین
کەسی تری پسپۆڕی بواری راگەیاندن لە وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپاوە
"هیجرەت"یان کرد بۆ عێراق و سووریاو لەوێوە شۆڕشێک لە راگەیاندنی داعشدا
رووی داو ئەم راگەیاندنە لە هەموو روویەکەوە ئالووگۆری بەسەردا هات.(١٣) کاتی
خۆی کەسێکی سعوودی بە ناوی "عبداللطیف جبوری" ناسراو بە (ابوعبداللە )کە
کەسێکی ناسراوی ناو رێکخراوی قاعیدە بوو، پێشنیاری بە "ابو عمر
البغدادی" دا تا فرقان بکاتە ناوەندێکی راگەیاندنی کاراتر.(١٤) فرقان
لە هەر دوو بواری دەنگی و رەنگی بەرهەمی هەبووە
بەڵام وەک ئامارەکان دەریدەخەن، ئەم دەزگایە لە سەرەتادا زیاتر پەیامی دەنگیی بڵاوکردۆتەوە.
٥ی ئاوریلی ساڵی ٢٠٠٤ی زایینی یەکەم بەرهەمی
دەنگیی بڵاو کردەوە کە بریتی بوو لە پەیامێکی ئەبوو مەسعەب زەرقاوی بە ناوی
"رسالە الا الامە". لەو ساڵەدا ١٠ پەیامی تری دەنگیی زەرقای بڵاوکرایەوە.
ساڵی ٢٠٠٥یش دیسان ١١ پەیامی دەنگیی ناوبراوی بڵاو کردەوە. ساڵی ٢٠٠٦ جگە لە
بەرزبوونەوەی ئاماری بەرهەمەکان لە ١١ بەرهەمەوە بۆ ١٣ بەرهەم، فرقان یەکەم گرتەی ڤیدیۆیی
خۆیبە ناوی "زحف الانوار" لە ١ کاتژمێر و ٢ خولەکدا بڵاوکردەوە. لە هەمان
ساڵدا ١٢ بەرهەمی تریشی بڵاوکردەوە کە ٢ دانەیان بەرهەمی بینراو و ١٠ دانەشیان
بەرهەمی دەنگی بوون. بەرهەمە دەنگییەکان ٥ دانەیان پەیامی زەرقاوی بوون کە ٣
دانەیان بە ناوی "هل اتاک حدیث الرافضە ١،٢،٣"لە رۆژی ١/٥/٢٠٠٦دا واتە
شەش رۆژ پێش کوژرانی ناوبراو بڵاوبوونەوە. هەروەها ٤ بەرهەمیان تایبەت بوون بە
وتار و پەیامەکانی "ابو حمزە المهاجر" کە یەکەم گرتەیان بە ناوی
"نداء الا علماء الامە" لە رێکەوتی ١ی ژانویەی ٢٠٠٦دا واتە لە سەردەمی
زەرقاویدا و ٣ێ بەرهەمەکەی تریش دوای کوژرانی زەرقاوی بڵاوکرانەوە. بەرهەمە
دەنگییەکەی تر کە پەیامێکی ئەبوعومەر بەغدادی بە ناوی "وقل جاء الحق و زهق
الباطل" لەخۆگرتبوو رێکەوتی ٢ی دێسامبەری ٢٠٠٦ بڵاو کرایەوە.(١٥)
ساڵی ٢٠٠٧ دەزگای فرقان لە پێناو بە دەزگایكردنی
خۆیدا ٢٨ بەرهەمی بڵاوکردەوە کە ٢١ دانەیان فیلم و گرتەی ڤیدیۆیی و ٨ دانەشیان پەیامی
دەنگی بوون، پەیامە دەنگییەکان هەموو تایبەت بوون بە ئەبوعومەر بەغدادی. هەروەها
هەوڵ درابوو فیلم و گرتە ڤیدیۆییەکان لە رووی تەکنیکەوە ئاڵوگۆریان تێدا دروست بێ
و هەم لە تۆماركردن و هەمیش لە مۆنتاژدا هەستیارییەکی زیاتر بەکاربراوە.
لە ساڵی ٢٠٠٨دا رێژەی بەرهەمەکانی فرقان کەم
بۆوە بۆ ٢٠ بەرهەم، کە ١١ دانەیان بەرهەمی بینراو و ٩ دانەشیان بەرهەمی دەنگی بوون. لە بەرهەمە
دەنگییەکان ٦ دانەیان پەیام و وتارەکانی ئەبوعومەر بەغدادی و ٣ دانەشیان وتارەکانی
ئەبوو حەمزە موهاجیر ئەمیری "تنظیم القاعد فی البلاد الرافدین" و وەزیری
جەنگی "دەوڵەتی ئیسلامی عێراق"یان لەخۆگرتبوو.
ساڵی ٢٠٠٩ و لە ژێر کاریگەری ئەو دۆخەدا کە "دەوڵەتی
ئیسلامی" و تەنزیماتی قاعیدەی لە عێراق تێکەوتبوو، ئاستی بەرهەمهێنانی دەزگای
فرقانیش بۆ جارێکی تر دابەزینی بەخۆیەوە بینی و لەو ساڵەدا تەنیا ١٤ گرتەی ڤیدۆیی
و پەیامی دەنگیی بڵاو کردەوە. لەو رێژەیەش ٦ دانەیان بەرهەمی بینراو و ٨ یشیان
بەرهەمی دەنگیی بوون کە ٢دانەیان تایبەت بوون بە ئەبوو حەمزە موهاجر و ئەوانی تریش
پەیام و وتارەکانی ئەبوو عومەر بەغدادییان لە خۆ گرتووە.
لە
ساڵی ٢٠١٠دا دیسان رێژەی بەرهەمهێنانی فرقان کەم بۆوە و ئەم دەزگایە تەنیا پێنج
بەرهەمی بینراو و سێ بەرهەمی دەنگیی بڵاو کردەوە. بەرهەمە دەنگییەکان تایبەت بوون
بە ئەبوعومەر بەغدادی و دووایەمین پەیامی دەنگیی ناوبراو بە ناوی "بیان عن
حملە فاس الخلین و امنعوهم لاتقتلوهم" رۆژانی ١٩ و ٢٠ی مارس واتە مانگێک پاش
کوژرانی ئەو، بڵاوکرانەوە.
ساڵی ٢٠١١ دەوڵەتی ئیسلامیی عێراقی و تەنزیماتی
قاعیدە لە رێگای فرقانەوە تەنیا ٧ بەرهەمی بینراو / تۆماركراو و بەرهەمێکی دەنگییان
بڵاو کردەوە. لە بەرهەمە بینراوەکانی ئەو ساڵەدا جۆرێک لە پێشکەوتن لە مۆنتاژ و تۆمارکردندا
بەدیدەکرێ و بەرهەمەکان لە ڕووی کوالێتییەوە جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ بەرهەمی
سالانی پێشتر هەیە. ساڵی ٢٠١٢ش تەنیا ٩ بەرهەم بریتی لە ٣ێ گرتەی ڤیدیۆیی و ٦
بەرهەمی دەنگی"ی بڵاو کراوەتەوە. یەکەم بەرهەمی دەنگی"ی "ابو محمد
عدنانی" وەک وتەبێژی فەرمی"ی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق، بە ناوی "الان
الان جاء القتال" رێکەوتی ٢٥ی ژانویە بڵاو کرایەوە.
ساڵی ٢٠١٣ بۆ جاریکی تر رێژەی بەرهەمەکان بەرز
دەبێتەوە و دەگاتە ٣١ گرتە کە ٢٣ دانەیان بەرهەمی بینراون و ٨ دانەشیان بەرهەمی
دەنگین. دەنگییەکان ٢ دانەان پەیامی ئەبووبەکر بەغدادی ٦ دانەشیان وتاری ئەبوو
موحەممەد عەدنانی لەخۆ گرتووە. چالاکبوونەوەی دووبارەی دەزگای راگەیاندنی فرقان
هاوکات بوو لەگەل زیادبوونی پاشگری "شام" بەناوی رێکخراوەکە و دەستپێکرانی
قۆناغی "دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام" پاش جیابوونەوە لە رێکخراوی دایک
واتە قاعیدە.
ساڵی ٢٠١٤ دەزگای فرقان ٤٠ بەرهەمی بڵاوکردۆتەوە
کە ١٠ دانەیان بەرهەمی دەنگین و ٣ێ یان تایبەت بە بەغدادی و ٧ دانەشیان تایبەت کراون
بە وتەو لێدوانەکانی وتەبێژی فەرمی"ی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام. ئاڵووگۆڕی
هەرە جیددی لە بەرهەمەکانی دەزگاکەدا بە تایبەت لە ڤیدیۆکاندا، لەم ساڵەوە دەست
پێدەکات. ساڵێک کە داعش تیایدا گەشەیەکی کوتوپر و خێرای کرد و تووانی بەشێکی بەرچاوی
خاکی عێراق و سوریا کۆنترۆڵ بکات. بۆیە جگە لە بواری هونەری و تەکنیکی،
بەرهەمەکانی ئەم ساڵە لە رووی نێوەرۆک و پەیامیشەوە گرنگی و بایەخێکی زۆری پێدرا.
یەکێک لەو ڤیدیۆیانە تایبەت بوو بە یەکەم دەرکەوتنی ئەبووبەکر بەغدادی پاش
راگەیەیەنرای خیلافەت. ڤیدیۆکە ناوی "خطبە و صلاە الجمعە فی الجامع الکبیر
بمدینە الموصل / خوتبەی هەینی لە مزگەوتی گەورەی شاری مووسڵ" بوو و لە
رێکەوتی ٥ی جوولای ٢٠١٤دا بڵاو کرایەوە. زنجیرەڤیدۆی A MESSAGE TO AMERICA / نامە بۆ ئەمەریکا کە تیایدا ژمارەیەک
هاووڵاتی ئەو وڵاتە لە لایەن داعشەوە کوژران، لە ساڵی ٢٠١٤دا بەرهەم هێنران و
یەکەم دانەیان ١٩ی ئووت بڵاوکرایەوە و تیایدا رۆژنامەنووس "جیمز فوولی"
پەیامێکی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کرد و پاشان لە لایەن جەلادێکی
نیقابدارەوە کە دواجار بە "جانی جیهادی" نێوبانگی دەرکرد، سەری لە
جەستەی جیاکرایەوە. وەک لە بەشەکانی پیشووتردا ئاماژەم پێدا، بۆ یەکەمین جار داعش
لەم گرتە ڤیدیۆییەدا پۆشاكی پرتەقاڵی بەکار هێنا.
ساڵی ٢٠١٥ بە هۆی دەرکەوتنی هەندێ دەزگای تری
راگەیاندن، تەنیا ١٤ بەرهەم لە لایەن دەزگای فرقانەوە بڵاو کرایەوە کە ٧ دانەیان
دەنگی"ی (٤ عەدنانی و ٣ بەغدادی) و ٧ دانەشیان بینراو بوون. لە سەرەتای ساڵی
٢٠١٦شەوە تا کۆتاییەکانی مانگی نوامبەر،٢ بەرهەمی دەنگی'ی تایبەت بە بەغدادی و
عەدنانی و بەرهەمێکیبینراو / تۆماری بە دوو زمانەوە "عەرەبی و ئینگلیزی"
لە لایەن دەزگای فرقانەوە بڵاو کراوەتەوە. لەم بەرهەمە بینراوەکەدا کە ناوی "صرح
الخلافە /the
structure oft he khilafah"یە و رێکەوتی ٦ی
جوولای ٢٠١٦ بڵاو کرایەوە، بە وردی باسی هەیکەلی
رێکخراوەیی "خیلافەت"ی بەغدادی کراوە.(١٦)
٢/ دەزگای ئیعتیسام، ئەم دەزگایە یەکەم
بەرهەمی خۆی بە ناوی "دک الحصون" رۆژی ١ی فێبریەی ساڵی ٢٠١٣ بڵاوکردەوە.
لەو کاتەوە تا ٣٠ی دێسامبەری هەمان ساڵ ٥٣ فیلم و گرتەی ڤیدیۆییدا بەرهەم هێناوە. لە
ساڵی ٢٠١٤ شدا ٣٥ بەرهەمی بڵاوکردۆتەوە بەڵام سالی ٢٠١٥ پاش بەرهەمهێنان و
بڵاوکردنەوەی سێ گرتەی ڤیدیۆیی، چالاکییەکانی راوەستا. دوایەمین بەرهەمی ئەم
دەزگایە بە ناوی "صد الصفویین فی ولایە الصلاحدین" لە رێکەوتی ٥ی
ئابریلی ٢٠١٥دا بڵاوکرایەوە.(١٧)
٣/ دەزگای ئەجناد، ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە و لە مانگی ژانویەی ئەو
سالەوە تا مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦، ١٥١ بەرهەمی بڵاوکردۆتەوە (ساڵی ٢٠١٤ سی و حەوت
بەرهەم، ٢٠١٥ هەشتاوسێ بەرهەم و ساڵی ٢٠١٦ سی و یەک بەرهەم). بڵاوکراوەکانی ئەم دەزگایە
سەرجەمیان بەرهەمی دەنگین و پێکدێن لە سروود و نەشیدی جیهادی و خوێندنەوەی سوورتەکانی
قورئان لە لایەن کەسانی دەنگخۆش و شارەزاوە. بە پێی سروشتی رادیکاڵانەی داعش، نەشید
و سروودەکان هیچ ئامێرێکی مۆسیقاییان تێدا بەکار نەهاتووە و هەر ئەمانەش لە باتی
مووزیک لە مۆنتاژی گرتە ڤیدیۆییەکاندا کەڵکیان لیوەر دەگیرێ. کاریگەری بەرهەمەکانی
دەزگای ئەجناد کەمتر نەبووە لەو کاریگەرییەی کە گرتە ڤیدیۆییەکان لە سەر بەردەنگی
داناوە. لەم بوارەشدا جۆراوجۆری و فرەچەشنی رەچاو کراوە و بۆ بابەت و بۆنەی
جۆراوجۆر سروود و نەشیدی تایبەت ئامادە کراوە.
٤/ ناوەندی حەیات بۆ راگەیاندن/ ALHAYAT، ساڵی ٢٠١٤ دەستبەکار بووە و رێکەوتی ٣١ی
مای ئەو ساڵە یەکەم بەرهەمی خۆی بریتی لە حەڵقەی یەکەمی زنجیرە ڤیدیۆی" Mujatweets Episode" بڵاوکردەوە. بەرهەمەکانی حەیات لە
رووی تەکنیک و گرافیک و جۆری تۆمارکران و مۆنتاژەوە بە پێشکەوتوترین بەرهەمەکانی
ناوەندی راگەیاندنی داعش ئەژمار دەکرێن. بەشێکی بەرچاوی بەرهەمەکان کە بە چەندین
زمانی زیندووی جیهانی بڵاوکراونەتەوە، بۆچوونی "موهاجیر"ەکان بە تایبەت
رۆژئاواییەکان لەخۆدەگرێ دەربارەی ژیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خیلافەتی
بەغدادیدا و هەوڵدراوە تا بە پشتبەستن بە درۆ و چەواشەکاری روڵەتێکی خەیاڵی و
رۆمانسیانەی پێ ببەخشرێ تا لەو رێگایەوە خەڵکانێکی زیاتر هانبدەن بۆ پەیوەستبوون
بە داعشەوە. حەیات لە ساڵی ٢٠١٤دا ٣٣، لە ساڵی ٢٠١٥دا ٤٣ و لە ساڵی ٢٠١٦شدا (تا
کۆتایی مانگی نوامبەر) ٦٨ فیلم و گرتەی ڤیدیۆیی بەرهەمهێناوە.
حەیات یەکێکە لە پڕبەرهەمترین دەزگا تەبلیغییەکانی
داعش و لە گرتە بینراو و دەنگییەکانیدا جۆراوجۆری و فرەچەشنییەکی زۆر لە
بەرهەمەکانیدا بەدی دەکرێ. هەروەها ئەم دەزگایە چەندین گۆڤاری ئەلکترۆنی بە گرافیک
و رواڵەتێکی پێشکەوتووانەوه و بە چەندین زمان بەرهەمهێناوە. یەکێک لەو گۆڤارانە
ناوی"DABIQ/ دابق"ەکە لە رووی گرافیک
و لۆگۆ ونەخشەسازییەوە هاوشێوەی گۆڤارە بەناوبانگە جیهانییەکانە.(١٨) ژمارەی لاپەڕەکانی لە نێوان ٤١ بۆ ٦٣ لاپەڕەیە، ژمارەی یەکەمی مانگی رەمەزانی ساڵی
٢٠١٤ لە ٤٩ لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە. دابق تەنیا ١٥ ژمارەی لێ دەرچوو و دوایەمین
ژمارەی لە مانگی شوالی ١٤٣٧/٢٠١٦ دا بڵاوکرایەوە.(١٩)
پاشان دەزگای حەیات دەستیدایە بڵاوکردنەوەی
گۆڤارێکی تری ئەلکترۆنی بە ناوی Rumiyah /
روومیە کە لە رووی رێژەی لاپەڕە و ئاستی هونەری و گرافیکەوە هاوشێوەی دابقە، بەڵام
دیزاینی بەرگەکەی جیاوازە. هەروەها جیاوازییەکی تری ئەم دوو گۆڤارە ئەوەیە کە دابق
تەنیا بە زمانی ئینگلیزی و یەک دوو زمانێکی تر بڵاو دەکرایەوە بەڵام روومیە جگە لە
ئینگلیزی بە زمانەکانی فەرانسی، ئەڵمانی، روسی، ئیتاڵی، تورکی، ئێندونزیایی،
پەشتوو و چەند زمانێکی تر بڵاو دەکرێتەوە. گۆڤاری روومیە تا ئێستا ٣ ژمارەی بڵاو
کراوەتەوە. بەردەنگی ئەم گۆڤارەش دانیشتووانی وڵاتانی دەرەوەی بازنەی خیلافەتی
بەغدادی بە تایبەت وڵاتانی رۆژئاواییە.
رێکەوتی ١ی رەبیع ئەوەڵی ساڵی ١٤٣٦/٢٠١٥ دەزگای
حەیات ژمارەی یەکەمی گۆڤارێکی تری بە ناوی DARAL-ISLAM بڵاو کردەوە کە لە رووی گرافیک و دیزاینەوە
زیاتر لە گۆڤاری دابق دەچێ، بەو جیاوازییەوە کە ئەم گۆڤارە ژمارەی لاپەڕەکانی
کەمتر و لە نێوان ١٢ بۆ ٢٠ لاپەڕەیە. دارالاسلام تا ئێستا چەندین ژمارەی لێ بڵاوبۆتەوە.
هەروەها بەرهەمێکی تری دەزگاکە گۆڤارێکی تری
ئەلکترۆنییە بە ناویKONSTANTINIYYE کە
بە زمانی تورکی بڵاودەکرێتەوە. ئەم گۆڤارەش لە رووی گرافیک و هونەرییەوە هاوشێوەی
گۆڤارەکانی ترە بەڵام دیزاینێکی جیاوازی بۆ کراوە. ژمارەی لاپەڕەکانی لە نێوان ٤٠
بۆ ٥٠ لاپەڕەیە و تا ئێستا چەند ژمارەیەکی لێ بڵاوکراوەتەوە.
٥/ نوێنەرایەتی راگەیاندنی پارێزگاکان، ناوەندی راگەیاندنی داعش هاوکات لەگەل دروستکردنی چەندین
بەش و دەزگای جۆراوجۆری تایبەت بە کاری راگەیاندن و بانگەشە، لە پلانێکی تردا
نووسینگەیەکی تایبەت بە کاری راگەیاندنی بۆ هەرکام لە ویلایەتەکانی سەر بە
خیلافەتی بەغدادی چ لە عێراق و شام چ لە وڵاتانی تر، کردۆتەوە.لە سەرەتای دامەزرانی خیلافەتەوە تا مانگی
ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ی زایینی،٣٤ ویلایەتەکەی داعش تێکڕا ١١٨٠ بەرهەمی جۆراوجۆریان بڵاو
کردۆتەوە.(٢٠) ئەم ئامارەش بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش دەکرێ
بەسەر ویلایەتەکاندا:
١/ویلایەتەکانی عێراق: ویلایەتی نەینەوا ١١٨
بەرهەم ، ویلایەتی سەلاحەدین ٦٢ بەرهەم ، ویلایەتی فۆرات ٦١ بەرهەم ، ویلایەتی
کەرکووک ٥٩ بەرهەم ، ویلایەتی جنووب ٥٤ بەرهەم ، ویلایەتی فەلووجە ٤٤ بەرهەم ،
ویلایەتی جزیرە ٤٤ بەرهەم ، ویلایەتی دجلە ٤٢ بەرهەم ، ویلایەتی ئەنبار ٤٠ بەرهەم
، ویلایەتی دیالی ٢٥ بەرهەم ، ویلایەتی بەغداد ٢١ بەرهەم و ویلایەتی شیمال بەغداد
١٩ بەرهەم.
٢/ ویلایەتەکانی شام: ویلایەتی رقە ١١٥ بەرهەم
، ویلایەتی خەیر ٨٩ بەرهەم ، ویلایەتی حەلەب ٨٨ بەرهەم ، ویلایەتی حومس ٥٨ بەرهەم
، ویلایەتی دمشق ٢٨ بەرهەم ، ویلایەتی حەما ١٣ بەرهەم.
ویلایەتەکانی دەرەوەی عێراق و شام:
١/ ویلایەتەکانی لیبیا: برقە ٢٣ بەرهەم ،
ترابلۆس ٢٣ بەرهەم.
٢/ ویلایەتی سینا لە مێسر ٣٧ بەرهەم.
٣/ ویلایەتی خۆراسان لە ئەفغانستان ٢٦ بەرهەم.
٤/ ویلایەتەکانی یەمەن: عەدەن ٥ بەرهەم ،
حەزەرمەوت ٥ بەرهەم ، شبوە ٥ بەرهەم ، سەنعا ٤ بەرهەم.
٥/ ویلایەتی رۆژئاوای ئەفریقیا ١٥ بەرهەم.
٦/ ویلایەتەکانی سعوودییە: نەجد ٤ بەرهەم ،
حیجاز ٥ بەرهەم.
٧/ ویلایەتی جەزایر ٥ بەرهەم.
٧/ ویلایەتی قەوقاز ٣ بەرهەم.
٨/ بیلادی فیلیپین ١ بەرهەم.
٩/ بیلادی بنغال ١ بەرهەم
٦/وکالة االاعماق الاخباریة، بە
گرینگترین و ناسراوترین سەرچاوەی هەوالی نزیک لە داعش دادەنرێ کە بەخێرایی و
بەشێوەی بەردەوام هەواڵی چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە بڵاودەکاتەوە، بۆتە سەرچاوەی
بەشێکی زۆری هەوالنێرییەکانی دونیا. ئەعماق بە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی هەواڵ
بڵاودەکاتەوە بەڵام هەواڵەکانی وەردەگێردرێن بۆسەر چەند زمانێکی تریش. لە نێوان
رۆژانی ٤ بۆ ١٦ی نوامبەری ٢٠١٦ واتە لە ماوەی ١٢ رۆژدا ٥٠ هەواڵی بڵاوکردۆتەوە کە
زۆربەیان پێوەندییان بە شەڕی موسڵەوە بووە.
٧/مکتب الهمة، بە گەورەترین دەزگای
چاپ و بلاوکردنەوەی سەر بە ناوەندی راگەیاندنی داعش ئەژمار دەکرێ، سەرجەم چاپەمەنییەکانی داعش لە لایەن ئەم
مەکتەبەوە بەرهەمدەهێنرێن. ئەو کتێب و نامیلکانەی لە خوێندنگەکان، زانکۆکان، سەربازگەکان،
مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان یان لە دامودەزگا و دیوان و وەزارەتەکانی داعشدا کاریان
پێدەکرێ، هەروەها ئەو گۆڤار و حەفتەنامە و پۆستەر و برۆشۆر /دەلیلانەی لە
ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو رێکخراوەدا چاپ و بڵاودەکرێنەوە، هەموومیان لە لایەن
مەکتەب همەوە چاپ و بڵاو دەکرێنەوە. بەشێکی بەرچاوی ئەم بەرهەمانە بە
شێوازی فایلیPDF یان Word لە سایت و پێگە ئێنترنتییەکان
یان لە پەیج و ئاکاونتە فەرمییەکانی داعشدا یاخود لە لایەن کەسانی نزیک لەو
رێکخراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکرێتەوە.
٨/ صحیفة النباء، تاکە گۆڤاری چاپکراوی
داعشە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی ئەم رێکخراوەدا لە عێراق و شام بڵاودەکرێتەوە.
هەرچەند نوسخە ئەلکترۆنییەکەی رەنگییە بەڵام بە شێوازی رەش و سپی چاپ دەکرێ.
حەفتەی جارێک لە ١٥ لاپەڕەدا بڵاو دەکرێتەوە و نێوەرۆکەکەی بریتییە لە هەواڵ و
راپۆرت، بابەتی کورتی ئایینی و جیهادی، ژیاننامە و بەسەرهاتی کوژراوانی
رێکخراوەکە، ئینفۆگرافیکی تایبەت بە چالاکییەکانی داعش و ئامۆژگاری دینی. ژمارەی یەکەمی
لە ناوەڕاستی مانگی آگووستی ٢٠١٥دا بلاو کرایەوە و تا رێکەوتی ٢٤ی سەفەری
١٤٣٨/٢٠١٦ ٥٦ ژمارەی لێ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم حەفتەنامەیە تەنیا بە زمانی
عەرەبی بڵاو دەکرێتەوە.
٩/اصدارات غیر رسمیة، سایتێکی نافەرمییە
کە سەرجەم بڵاوکراوەکانی ناوەندەکانی راگەیاندنی داعش لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە بڵاو
دەکاتەوە و دەتوانین بڵێین ئارشیڤێکی گەورەی بەرهەکانی راگەیاندنی داعش و قۆناغی
پێش داعشە.
١٠/رادیۆی بەیان، ئەم رادیۆیە زمانحاڵی
"دەوڵەتی ئیسلامی"یەو بەرنامەکانی بە شێوازی لۆکاڵی و ئێنتەرنێتی بڵاو
دەکاتەوە و لە هەموو شوێنێکی دنیادا ئەگەری بڵاوبوونەوەی هەیە و لایەنگرانی داعش
گوێی لێدەگرن. نێوەرۆکی بەرنامەکانی رادیۆی بەیان هەمان ئەو باس و بابەتە جیهادی و
ئایینی و شەرعییانەن کە داعش باوەڕی پێیان هەیە. بڵاوکردنەوەی هەواڵیش بەشێکی
گرینگی بەرنامەکان پێکدەهێنن. یەکەمجار لە رێکەوتی ٣٠ ژانویەی ساڵی ٢٠١٦دا بوو کە
ئەم رادیۆیە وەشانی خۆی دەستپیکرد.
١١/ خاڵەکانی راگەیاندن، داعش لە ناوچەکانی ژێر
دەسەڵاتی خۆیدا بە شێوەیەکی بەرچاو نوێنەرایەتی بەشی راگەیاندنی لە سەرجەم شوێنە
گشتییەکان و گەڕەک و شەقامی شارەکان و شارۆچکەو دێهاتە گەورەکاندا کردۆتەوە و
ناوەندی راگەیاندنی گەڕۆکیشی دامەزراندووه تا سەردانی ناو گەڕەکی شارەکان و دێهاتە
دوورە دەستەکان بکەن و پۆستەر و بڵاوکراوەکانی ناوەندی راگەیاندنیان پی بگەیەنن
یان دربارەی پرسەکانی وەکوو جیهاد و قیتال و مەسەلە شەرعییەکان قسە بۆ دانیشتوانی
ئەو شوێنانە بکەن. زۆرجار ئەم ناوەندانە لە شوێنە گشتییەکاندا کێبەرکێی جۆراوجۆر
بۆ خەڵکی و منداڵان پێک دەهێنن.
١٢/اقسم
الاصدارات المترجمة / TRANSLATION DEPARTEMENT)،یەکێکە لە ناوەندە گرینگەکانی داعش و بە دەیان کەسی
پسپۆڕ و شارەزا لە بواری وەرگێڕاندا کاری تێدا دەکەن.
راگەیاندنە کوردییەکانی داعش
داعش خاوەن هیچ ئۆرگانێکی فەرمی بە زمانی کوردیی نییە
بەڵام کوردە شارەزاکانی بواری راگەیاندنی ناو ئەو رێکخراوە لە چەند دەزگایەکدا
دامەزراون و لە هەندێ شوێنیش لقێکی کوردییان کردۆتەوە. بۆ نموونە لە رادیۆی
بەیاندا بە زمانی کوردی دیالکتی بادینی بەرنامە بڵاودەکرێتەوە. لە مەکتەب همە و
دەزگای حەیات و دەزگای ئەعماقیشدا بەشی وەرگێڕانی کوردی هەیە و زۆر جاران
بەرهەمەکان بە کوردی وەردەگێردرێن. بۆ نموونە گۆڤارەکان، کتێبەکان و گرتە ڤیدیۆییەکان.
لە کاتی راگەیەنرانی خیلافەتەوە تا ئێستا و لە پێناو
کاریگەریدانان لەسەر سەلەفییەکانی کوردستان، یان بە پێچەوانەوە بە مەبەستی
دژایەتیکردنی دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان و حیزبە کوردییەکان هەروەها
دابەزاندنی ورەی خەڵکی کورد و هێزی پێشمەرگە، داعش چەندین فیلم و گرتەی ڤیدیۆیی بە
زمانی کوردی بڵاو کردۆتەوە کە زۆربەیان لە لایەن دەزگای حەیاتەوە بەرهەم هێنراون.
لە یەکێک لە ڤیدیۆیانەدا بە ناوی "نەوەکانی خیلافەتی ئیسلامی گەڕانەوە" کە
سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن دەزگای حەیاتەوە بڵاوکرایەوە خەتاب کوردستانی،
ئەبوهەمام، ئەبوئێسحاق سلێمانی و ژمارەیەکی تر لە چەکدارە کوردەکانی داعش بۆ
یەکەمجار پەیامێکیان ئاڕاستەی دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان کرد و پێشمەرگەیەکی
دیلیان شەهید کرد. لە چەندین ڤیدیۆی تری هاوشێوەدا چەکدارانی داعش هەستان بە
سەربڕینی چەندین پێشمەرگەی تری دیل و دوایەمین جاریش ویلایەتی کەرکووکی داعش لە
مانگی نوامبەری ٢٠١٦دا ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە کە ژمارەیەک چەکداری کوردی
رێکخراوەکە بەشدارییان تێدا کردبوو.
ئەگەرچی داعش خاوەنی راگەیاندنێکی فەرمی بە زمانی کوردی
نەبووە، بەڵام هەر لە سەرەتای راگەیەنرانی خیلافەتەوە چەندین پەیج و ئەکاونت لە تۆرە
کۆمەڵایەتییەکانی twitterو facebook بە شێوازێکی چڕوپر دەستیان بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە کرد کە
لە سایت و ئەکاونتە فەرمییەکانی داعشدا بڵاودەبوونەوە. هەروەها هەندێ هەواڵ و
زانیاری تایبەتیشیان دەربارەی کوردەکانی ناو رێکخراوەکە بڵاو دەکردەوە."پشتیوانانی
خیلافەت" یەکێک لەو پەیجە فەیسبۆکییانە بوو کە کاریگەرییەکی زۆری بوو لە
بانگەشەکردن بۆ داعش و ماوەی چەند مانگێک واتە تا کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٤ بە
گرینگترین پەیجی کوردیی نزیک لە داعش ئەژمار دەکرا. پاشان دوو پەیجی تر بە
ناوەکانی "کۆمەڵی رزگاربوو" و "دامەزراوەی ئەیوبی" دروستکران.
یەکێک لە کارەکانی ئەوان وەرگێرانی بەرهەمە چاپکراوەکانی مەکتەب همە و کتێبە
جیهادییەکانی تر بوو بۆسەر زمانی کوردی و لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٥٠
کتێبیان وەرگێڕاوە و لە شێوەی فایلی PDFدا بڵاویان
کردۆتەوە. مامۆستا عەبدولڕەحمان، خانی کوردستانی و ئەبوعبداللە السنی الکوردی بە
سەرەکیترینی ئەو کەسانە دادەنرێن کە رۆڵیان هەبوو لە نووسین و وەرگێڕانی ئەو
کتێبانەدا.
سەرچاوە
و پەراوێزەکان:
1.https://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%AA%D8%B1%D9%88%D8%B1%DB%8C%D8%B3%D9%85
٢/ داعش بە مثابە یک
گرو تروریستی، مجید کاویان، صفحە ٢٩، مجلە برگردان، شمارە ٢، ٢٠١٥
3.http://www.dw.com/fa-af/%D9%BE%D9%88%D9%84%DB%8C%D8%B3-%D8%A7%D8%B1%D9%88%D9%BE%D8%A7-%D8%B9%D9%84%DB%8C%D9%87-%D9%BE%D8%B1%D9%88%D9%BE%D8%A7%DA%AF%D9%86%D8%AF%D8%A7%DB%8C-%D8%AF%D8%A7%D8%B9%D8%B4-%D8%AF%D8%B1-%D8%A7%D9%86%D8%AA%D8%B1%D9%86%D8%AA-%D9%85%D8%A8%D8%A7%D8%B1%D8%B2%D9%87-%D9%85%DB%8C%DA%A9%D9%86%D8%AF/a-18557397
4.http://aftabnews.ir/fa/news/399669/%D9%81%D8%B9%D8%A7%D9%84%DB%8C%D8%AA-75-%D9%87%D8%B2%D8%A7%D8%B1
٥/ وەرگیراوە لە
دەقی پەیامێکی کلینتۆن کە پاش هێرشە تیرۆریستییەکەی ١٢ی ژوئەنی ٢٠١٦ی شاری
ئورلاندۆ، لە میانەی وتارێکی پێوەندیدار بە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ئەمەریکادا
پێشکەشی کرد راگەیاندنەکان ئەمەریکاو جهاندا بڵاو بۆوە.
6.https://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%AA%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86%D8%AF%D8%A7%D8%B2%DB%8C_%D8%A8%D8%A7%D8%B4%DA%AF%D8%A7%D9%87_%D8%B4%D8%A8%D8%A7%D9%86%D9%87_%D8%A7%D9%88%D8%B1%D9%84%D9%86%D8%AF%D9%88_%DB%B2%DB%B0%DB%B1%DB%B6
7.https://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%AD%D9%85%D9%84%D8%A7%D8%AA_%D9%86%D9%88%D8%A7%D9%85%D8%A8%D8%B1_%DB%B2%DB%B0%DB%B1%DB%B5_%D9%BE%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D8%B3
٨/ تا ئێستا روون
نەبۆتەوە هۆکاری سەرەکی بێدەنگی و ئارامی"ی قوربانییەکانی دەستی داعش پێش
کوژرانیان چییە بەڵام کارناسان ئاماژە بە دوو هۆکاری سەرەکی دەکەن. هۆکارێک
دەبەستنەوە بە پێدانی حەب یان مادەیەکی تایبەتیی موخەدرەوە کە کاریگەرییەکی وا
لەسەر قوربانییەکە دادەنێ هەست بە ترس نەکات و بە ئاستێک ئاگایی و وشیاری خۆی
لەدەست بدات کە نەزانێ لە دەورووبەریدا چ روودەدات. هۆکارەکەی تریش پێوەندی دەدەن
بە فریودان و چەواشەکردنی قوربانییەکانەوە لە رێگای ئێعدامی ساختەوە واتە جارێک
یان چەندجارێک پێش کوشتنی راستەقینە، ئەوان دەبرێنە بەر کامێرا بەڵام نایانکوژن و
پێیان دەڵێن دەمانەوێ وای پیشان بدەین کە ئێوەمان کوشتووە تا بە مەبەستەکانمان
بگەین. بۆیە دووپاتبوونەوەی ئەم رووداوە بۆ قوربانییەکان ئاساییەو وئەوان تا
دووایین ساتەکان نازانن دەکوژرێن و بەو هۆیەشەوە ترس و نیگەرانییەکیان تێدا بەدی
ناکرێ.
9.https://fa.wikipedia.org/wiki/%D9%85%D8%AF%D8%A7%D8%AE%D9%84%D9%87_%D9%86%D8%B8%D8%A7%D9%85%DB%8C_%D8%B9%D9%84%DB%8C%D9%87_%D8%AF%D8%A7%D8%B9%D8%B4
١٠/ لە رێگای
تەکنۆلۆژیای SLOW motion دەکرێ گرتە ڤیدیۆییەکان بە کولێتی بەرزی HD بەرهەم بهێنی.
11.http://www.dailymail.co.uk/news/article-2729287/ISIS-beheads-missing-American-journalist-James-Wright-Foley.html
https://fa.wikipedia.org/wiki/%D8%AC%DB%8C%D9%85%D8%B2_%D9%81%D9%88%D9%84%DB%8C_(%D8%B1%D9%88%D8%B2%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%87%E2%80%8C%D9%86%DA%AF%D8%A7%D8%B1)
١٢/ هەڵبژاردنی جلی
پرتەقاڵی بۆ جیمز فوولی و رۆژنامەوانە ئەمریکییەکانی تر لە لایەن دەزگای
راگەیاندنی داعشەوە، توانجێک بوو بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا کە پێشتر جلی رەنگ
پرتەقاڵییان بۆ بەندییەکانی گوانتانامۆ هەڵبژاردبوو. ئەو بەندییانە سەرجەمیان
ئەندامانی رێکخراوی قاعیدەو گروپە جیهادییەکانی ترن. کارناسانی بواری تیرۆریزم لەو
باوەڕەدابوون کە ئەمە دەستپێکی شەڕی دەروونی داعشە لەگەڵ ئەمەریکاو رۆژئاواییەکان.
١٣/ پاش راگەیەنرانی
خیلافەت لە لایەن داعشەوە، لە نیوەی دووهەمی ساڵی ٢٠١٤ و سالی ٢٠١٥دا چەندین کەسی
شارەزای دروستکردنی فیلم و کاری راگەیاندن لە وڵاتانی رۆژئاواییەوە روویان لە عێراق
و سووریا کرد و بە ریزی راگەیاندنکارانی ئەم رێکخراوەوە پەیوەست بوون. بۆ
بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر لەمبارەیەوە سەردانی ئەم لینکە بکە: http://oweis.ir/%D8%A7%D8%B1%D8%AA%D8%B4-%D9%BE%D9%86%D9%87%D8%A7%D9%86-%D8%AF%D8%A7%D8%B9%D8%B4-%DA%A9%D9%84-%D8%AF%D9%86%B%8C%D8%A7/
14.http://oweis.ir/%D8%A7%D8%B1%D8%AA%D8%B4-%D9%BE%D9%86%D9%87%D8%A7%D9%86-%D8%AF%D8%A7%D8%B9%D8%B4-%DA%A9%D9%84-%D8%AF%D9%86%DB%8C%D8%A7/
١٥/ سەرجەم
ئامارەکان لە سایتی "ڵاصدارات غیر رسمیە"وە وەرگیراوە کە لەبەر سڕانەوەی
خێرای، لینکەکەی دانەنراوە.
١٦/ سەرچاوەی پێشوو.
١٧/ هەمان سەرچاوە.
18.https://www.youtube.com/watch?v=PvbvxcP6V6o
١٩/ الاصدارات غیر
رسمیە
٢٠/ سەرچاوەی پێشوو
بۆ داگرتن کلیک لێرە بکە
#
داعش
#
توندڕەوی
#
تیرۆریزم