::
ئیدریس سیوەیلی
پێشه‌كیی
یەكگرتووی ئیسلامیی وەك
حیزبێكی كارای ناو رەوتی ئیسلامیی، خاوەن مێژوویەكە لە خەباتی سیاسیی و مەدەنی، له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه له سیاقێكی مێژوویدا، رێگوزه‌ر ده‌كات به
خه‌باتی ئه‌و حیزبه، چه‌ند وێستگه و هه‌ڵوێستێكی ده‌خاته به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه.
گه‌ڕانه‌وه بۆ باوه‌شی دایك
له‌كاتێكدا كاری ئیخوان له عێراق، له (4/4/1971)
به فه‌ڕمی له‌سه‌ر زاری عه‌بدولكه‌ریم زێدان رێبه‌ری ئه‌وسای ئیخوانی عێراق وه‌ستێنرابوو(1).
له سه‌روبه‌ندی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی عێراق
و ئێران (1980 – 1988)، سه‌لاحه‌ددین محه‌ممه‌د به‌هادین كه كادیرێكی
دێرینی ئیخوان موسلیمین بوو، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك هاوڕێی، له كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له
هه‌ڵه‌بجه بیرۆكه‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاری ئیخوان موسلیمنیان گه‌ڵاڵه كرد، ئه‌وان
له شاره‌كانی كوردستان كه‌وتنه
جموجۆڵ، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی ئه‌م چه‌ند كه‌سه به‌رهه‌مێكی ئه‌وتۆی نه‌بوو(2).
به‌هۆی شه‌ڕی عێراق – ئێران، سه‌لاحه‌دین محه‌ممه‌د
ئاواره‌ی ئێران بوو، له‌وێش له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ئاواره‌ی تری هاوبیری، بیریان له
دروستكردنی حیزبێك به‌ناوی (كۆمه‌ڵی ئه‌نساری ئیسلامیی) كرده‌وه، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه‌ش
شكستی هێنا، دواتر ناوبراو به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی كه‌وته جموجۆڵ و دروستكردنی
رێكخستن، به‌مه‌ش رێكخستنێكی سه‌ره‌تایی به‌ناوی ئیخوانه‌وه بنیادنا. زۆری نه‌برد،
له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشبردنی كار، سه‌لاحه‌ددین محه‌ممه‌د توانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی
ئیخوان له ده‌ره‌وه دروستبكات و مۆڵه‌تی ره‌سمی كاركردن به‌ناوی ئیخوانه‌وه بۆ
رێكخستنه‌كانی به‌ده‌ستبێنێت، به‌مه‌ش رێكخستنه‌كه‌ی گه‌ڕایه‌وه ناو باوه‌شی
ئیخوان(3).
به‌درێژایی ساڵانی هه‌شتای سه‌ده‌ی رابردوو،
رێكخستنه‌كه‌ی سه‌لاحه‌ددین محه‌ممه‌د به نهێنی له‌ناو ئه‌و
كوردانه‌ی ئاواره‌ی ئێران ببوون كاری ده‌كرد، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی
لاواز له باشووری كوردستانیش به هۆی هه‌ندێك كادیریانهوه به نهێنی جموجۆڵێكی
كه‌میان هه‌بوو، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی راپه‌ڕینی ئازاری (1991) سه‌لاحه‌ددین محه‌ممه‌د
گهڕِایهوه
باشووری كوردستان و كه‌وته هۆنینه‌وه‌ی رێكخستنه‌كان و په‌ره‌دان به كاری
رێكخراوه‌یی به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی، تا له (6/2/1994) له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی له كاری
رێكخستن له‌ژێر ناوی (یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان) خۆیان راگه‌یاند(4). له‌و كاته‌وه
تا ئێستا به‌شداری كاری سیاسیی ده‌كات له كوردستان، شه‌ش كۆنگره‌ی به‌ستووه. له
كۆنگره‌ی شه‌شه‌م له (ئایاری 2012) سه‌لاحه‌ددین محه‌ممه‌د ده‌ستبه‌رداری پۆستی
ئه‌مینداری گشتیی بوو، له كیبڕكێی چوار پالێوراودا، محه‌ممه‌د فه‌ره‌ج وه‌كو ئه‌مینداری
نوێ هه‌لبژێردرا.
ناو، ناسنامه و چوارچێوه‌ی كار
ناوی هه‌ر حیزبێك، كۆمه‌ڵێك ئاماژه له‌خۆده‌گرێت،
ئه‌مه وێڕای دیاریكردنی سنوور و چوارچێوه‌ی
كاری ئه‌و حیزبه، هه‌ڵبژاردنی ناوی (یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان) بۆ حیزبێكی
پاشخان ئیخوانی جێی تێڕامانه، (عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز) یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانی
ئه‌و حیزبه سه‌باره‌ت به هۆكاری هه‌ڵبژاردنی ناوی (یه‌كگرتوو) بۆ حیزبه‌كه ده‌ڵێت
"له دوای راپه‌ڕینی ئازاری (1991) به‌شێكی به‌رچاوی كادیره‌كانمان له
رێكخراوی خێرخوازی (یه‌كگرتووی ئیسلامیی كورد) كاریان ده‌كرد، به‌شداربوون له
بنیادنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان، بۆیه وه‌كو وه‌فا و به‌رزنرخاندن ناوی
یه‌كگرتوو بۆ حیزب هه‌ڵبژێردرا"(5).
دیوێكی تری ئاماژه‌ی ئه‌م ناوه، له یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی
راگه‌یاندنی حیزب‌دا ده‌دۆزینه‌وه، كه تێیدا ره‌نگڕێژی دید و تێڕوانین و دنیابینی
یه‌كگرتوو باسكراوه، له به‌یاننامه‌كه‌دا ستراتیژی یه‌كگرتوو له پێنج خاڵدا
خراوه‌ته‌ڕوو، خاڵی یه‌كه‌م و كۆتا جهخنكردنهوهیه له‌سه‌ر كاری خێرخوازی و
ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان(6). ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كه كه هه‌ڵبژاردنی ناوی یه‌كگرتوو
هێنده‌ی ره‌هه‌ندی كاری خێرخوازی و به‌شداری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی
هه‌ڵگرتووه، كه‌متر ره‌هه‌ندی سیاسیی بیری لێكراوه‌ته‌وه، له‌وانه‌شه له‌و خهیاڵهدابووبن،
كاتێك خه‌ڵك كاره خێرخوازییه‌كانی (یه‌كگرتووی ئیسلامیی كورد) ده‌بینێت به‌كاری
رێكخراوه سیاسییه‌كه‌ی بزانێت، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ر به‌جه‌ماوه‌ریبوونی
ئه‌و حیزبه.
یه‌كگرتوو له یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی خۆراگهیاندندا،
نووسیویه‌تی "بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئاوات و ئامانجانه‌ی كه خۆمان له‌پێناودا
خستوه‌ته‌كار و، بۆ ئه‌وه‌ی له ره‌وتی سه‌رده‌م و باری ژیانی ئه‌مڕۆ دانه‌بڕێین،
كه‌وتینه بیری پێكهێنانی كۆمه‌ڵێكی (ئیصلاحی په‌روه‌رده‌یی گشتی) له قاڵبی
رێكخراوێكی سیاسیی هاوچه‌رخدا"(7). ره‌نگه گوزارشتی كۆمه‌ڵێكی ئیصلاحی په‌روه‌ردیی
گشتیی كه له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، راستترین و دروستترین ناسنامه‌ی ئه‌و
حیزبه بێت له دامه‌زراندنیه‌وه تا ئه‌مڕۆ، بۆیه له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵبوون به كاری
سیاسیی، له ماوه‌ی بیست و دوو ساڵی رابردوو، كه دواتر كه‌مێك درێژتر له‌مباره‌وه
ده‌دوێین. یه‌كگرتوو هیشتا نه‌یتوانیوه له‌و چوراچێوهیه ده‌رچێت و كاریگه‌ریی
بهرفراران له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان دروستبكات..
نه‌ته‌وه‌یبوون و ناوچه‌گه‌ریی
ئیخوان وه‌كو رێكخراوێكی ئیسلامیی ئایدۆلۆژیای باننهتهوهیی
هه‌ڵگرتووه، تا راده‌یه‌كیش بارگاوی بووه به بیری عه‌ره‌بچێتی،
دیدی تایبه‌تیشی بۆ دۆزی كورد به گشتیی و باشووری كوردستان هه‌بووه(8)، ئه‌م
تیڕوانینه كاریگه‌ری كردووه‌ته سه‌ر كاری یه‌كگرتووی ئیسلامیی، كاتێك سهلاحهدددین
محه‌ممه‌د و هاوڕێكانی ده‌ستیان كرده‌وه به كاری رێكخراوه‌یی، ئیخوان نه‌ك
ئاگاداری ئه‌و كاره نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌ندێك ئه‌ندامی دێرینیان رێگری كاركردنیان
لێ‌كردن، به‌ڵام دواتر زۆر به سانایی ئه‌و رێكخستنه ده‌بێته‌وه به‌شێك له كاری
ئیخوان، به تێپه‌ربوونی كات، یه‌كگرتووی ئیسلامیی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی نهتهوهیبووونی
زیاتر تییدا ره‌نگیدایه‌وه، له‌سه‌ره‌تای كاری ئه‌و حیزبه، بڕوایان وابوو به
سۆز و زمانی وتار و ئامۆژگاری، هاوشێوه‌ی كاری ئیخوان ده‌توانن مامه‌ڵه له‌گه‌ل
پرسی نه‌ته‌وه‌یی بكه‌ن، له‌و ده‌مه‌دا چه‌ندین توركمان له رێكخستنه‌كانی یه‌كگرتوو
كاریان ده‌كرد، به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی رۆژگار و له‌ژێر فشاری واقیعه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی
كوردستان، مۆركی نانه‌ته‌وه‌یی ئیسلامیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی رووی له كاڵبوونه‌وه
كرد، له به‌رژه‌وه‌ندی زاڵبوونی گوتارێكی ناسیونالیستانه‌ی كوردیی، سه‌رئه‌نجامی
دۆخه‌كه به‌وه گه‌یشت كه توركمانه‌كانی ناو یه‌كگرتوو حیزبێكی توركمانیان به‌ناوی
(حیزبی داد و رزگاری) دامه‌زراند، په‌یوه‌ندیشیان به یه‌كگرتوه‌وه زیاتر په‌یوه‌ندییه‌كی
هاومه‌شره‌بی ئیخوانی بوو(9)، چونكه پێیانوابوو یه‌كگرتوو له نه‌هجی باننهتهوهیی
ئیخوان لایداوه و كار له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌وه‌یه‌ی كورد ده‌كات. له دوای
رووخاندنی حكومه‌تی به‌عس و هه‌ڵبژاردنه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق، له
سنووری كه‌ركووك یه‌كگرتوی ئیسلامیی له‌گه‌ڵ حیزبی ئیسلامیی عێڕاقی هاوقوتابخانهی
ئیخوان توشی ململانێ بوون، بهكگرتوو جار له دوای جار نه‌زعه‌ی نه‌ته‌وه‌یی تێدا زاڵتر
ده‌بوو، له به‌رامبه‌ردا سه‌ركرده‌كانی حیزبی ئیسلامیی عێراق نیگه‌رانیان له‌و هه‌ڵویستانه‌ی
یه‌كگرتوو ده‌رده‌بڕی.
كاریگه‌ربوون به گوتاری نه‌ته‌وه‌یی و بانهگهشهكردنێكی
سنوردارانه بۆی، نه‌یتوانی یه‌كگرتوو وه‌ك حیزبێكی ئیسلامیی نه‌ته‌وه‌یی بێڵێته‌وه،
به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یی، یه‌كگرتووی ئیسلامیی كێشه‌ی بۆ دروست بووه، ئه‌مه‌ش
به‌جۆرێكه له‌ناو رێكخستنه‌كانی ئه‌و حیزبه نه‌زعه‌ی ناوچه‌گه‌ریی و شارچێتی هه‌ستی
پێده‌كرێت، جێكه‌وته‌ی ئه‌و نه‌زعه‌یه له كۆنگره‌ی سێیه‌م له ساڵی (2000) به روونی ده‌ركه‌ت، كه بۆ
رازیكردنی ئه‌و مه‌یله ناوچه‌گه‌ریی و شارچێتییه چه‌ند ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی
به ته‌عین دانران، وه‌كو پارسه‌نگێك بۆ زۆری ژماره‌ی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی له ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه(10).
له دوای كۆنگره‌ی شه‌شه‌م، مه‌یلی ناوچه‌گه‌رێتی،
سۆرانیی و بادینانیی له ناو یه‌كگرتوو ئاستێكی به‌رفراوانتری تۆماركرد، ئه‌مه‌ش
به‌شێوه‌یه‌كه خه‌لكی ئاسایی به سه‌رنجدانی له هه‌ڵویستی سه‌ركرده‌كانی ئه‌و
حیزبه له‌و دوو ده‌ڤه‌ره، ئه‌و راستیه‌ی لا ده‌چه‌سپێت كه جیاوازی له دید و
تیڕوانیندا هه‌یه، قه‌یرانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له چه‌ند مانگی
رابردوو درزی نێوان سه‌ركرده‌كانی یه‌كگرتووی له بادینان و سۆران به‌رفراوانتر
كرد، ره‌نگه ساناترین نموونه ئه‌و هه‌ڵویسته‌ی (33) سه‌ركرده‌ی یه‌كگرتوو بێت له بادینان، كه ئیمزایان كرد دژی به‌شداریكردنی
په‌رله‌مانتارانی یه‌كگرتوو له دانیشتی (23/6/2015) كه تیایدا خوێندنه‌وه‌ی بۆ
پرۆژه‌یاساكانی هه‌مواركردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كرا(11).
له ئیستادا به ئاشكرا ئه‌وه هه‌ستپێده‌كرێت كه سه‌ركرده‌كانی
یه‌كگرتوو له بادینان مه‌یلی نزیكبوونه‌وه‌یان له پارتی هه‌یه، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی
سلێمانی مه‌یلی ئۆپۆزسیۆن و پشتگرتنی شه‌قامی ناڕازی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌و ئه‌گه‌ره
به‌هیز ده‌كات كه له حاڵه‌تی مامهڵهنهكردنێكی ته‌ندروست له‌گه‌ل دۆخی ئێستای
هه‌رێم و پرسه چاره‌نوسسازه‌كان، ریزه‌كانی یه‌كگرتوو توشی شڵه‌ژان و لێكترازانی
هه‌ردوو ده‌ڤه‌ری بادینان و سۆران ببێته‌وه.
بانگه‌واز و سیاسه‌ت
چه‌ندین ساڵه له‌ناو یه‌كگرووی ئیسلامیی، به شێوه‌یه‌كی
ناڕه‌سمی گفتوگۆی چڕ له نێوان دوو به‌ره‌ی جیاكردنه‌وه‌ی بانگه‌واز و سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ
به‌ره‌ی به‌رده‌وامبوون له كاری بانگه‌واز و سیاسه‌ت پێكه‌وه بوونی هه‌یه،
سنووری جیاوازی نێوان ئه‌م دوو به‌ره‌یه هێشتا به ته‌واوی شكڵی نه‌گرتووه، به‌ڵام
بانگه‌شه‌كارانی جیاكردنه‌وه‌ی بانگه‌واز و سیاسه‌ت له گۆنگره‌ی شه‌شه‌م به
ئاشكرا ئه‌و خواسته‌یان ده‌ربڕیوه، له یادی بیست و دوو ساڵه‌ی یه‌كگرتووشدا هه‌ندێك
له سه‌ركرده‌كانی ئه‌و حیزبه، داوای گۆڕانكاری ریشه‌یی له‌و حیزبه ده‌كه‌ن، به
تایبه‌ت جیاكردنه‌وه‌ی بانگه‌واز و سیاسه‌ت له یه‌كتری، له‌وه‌ش زیاتر هه‌ندێك
له سه‌ركرده‌كان ده‌خوازن پاشگری ئیسلامیی له ناوی حیزبه‌كه بكرێته‌وه، چونكه
ئه‌و مۆدیله له كاركردنی سیاسیی به‌سه‌رچووه(12).
بیست و دوو ساڵ كاری ئاشكرا و زیاتر له ده ساڵ
كاری نهێنی یه‌كگرتووی ئیسلامیی، هیشتا ئه‌و حیزبه له سه‌ر ئاستی سیاسیی نه‌بووه‌ته
ژماره‌یه‌كی گه‌وره كه مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌كان یه‌كلابكاته‌وه، ئه‌گه‌ر دوا
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌كو پێوه‌ر وه‌ربگرین، یه‌كگرتووی ئیسلامیی به
(10) كورسی به‌شداره له په‌رله‌مان، ئه‌مه‌ش به مانای (9%) ده‌نگی جه‌ماوه‌ر، كه
له هه‌ڵبژاردنی دوای ئه‌وه بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی
كه‌میكردبوو، ده‌بوو دوای ئه‌و هه‌موو ساڵی خه‌باته، یه‌كگرتوو حیزبی دووه‌م، یان
سێیه‌م بوایه له كوردستان، به‌ڵام كه نه‌بووه‌ته ئه‌و ژماره‌یه، هه‌ڵوێستی ئێستاشی
له‌مه‌ڕ كێشه سیاسییه‌كانی هه‌رێم، جه‌ماوه‌ری له خۆی دڕدۆنگ كردووه، به وته‌ی
ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه له ئێستادا ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵ هه‌ندێك كێشه‌ی
ناوخۆیی نه‌بوایا به‌هۆی هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانییه‌وه پێشی یه‌كگرتووی دابوویه‌وه(13).
له دوو ده‌یه‌ی رابردوو، ئیسلامییه‌كان كاریگه‌رییان
له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی كوردستان هه‌بوو، ئه‌م كاریگه‌رییه له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی
بهتینتربووه به‌راورد به ئاستی سیاسیی، له‌و نێوه‌نده‌شدا یه‌كگرتووی ئیسلامیی
زۆرترین كاریگه‌ری هه‌بووه، به سه‌رنجدان له دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تیی كوردستان، جێكه‌وته‌ی
ئه‌و كاریگه‌رییه به ئاشكرا ده‌بینرێت، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو، بانگخوازه‌كان
له‌ناو ئیسلامییه‌كاندا زۆرترین ده‌نگی جه‌ماوه‌ریان به‌ده‌ستده‌هێنا له برا
سیاسییه‌كانیان، زۆرینه‌ی ئیسلامییه‌كانیش له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به دروشمی
سۆزداری نه‌ك سیاسیی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران جێهێشتووه. یه‌كگرتوو له
یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی راگه‌یاندنیدا وا خۆی پێناسه ده‌كات كه كۆمه‌ڵێكی ئیصلاحی
په‌روه‌ردیی گشتییه، توانیویه‌تی له‌سه‌ر ئاسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه ده‌یان كه‌س په‌روه‌رده
بكات، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی سیاسیی كه له سه‌ره‌تاوه هه‌ڵگری پرۆژه‌ی ئیخوان
بوو، پاشان كه‌وته ژێر كاریگه‌ری پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، نه‌یتوانیوه پێگه‌یه‌كی
به‌هێز بۆ خۆی دروست بكات. هه‌ندێك جار زیاده‌ڕۆیی ئه‌و حیزبه له نه‌رمی نواندن
و بێدڵی نه‌كردنی دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی هه‌رێم كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر
ئایندهی سیاسیی یه‌كگرتوو دروستكردووه، به تایبه‌ت له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی
رابردوو یه‌كگرتوو به‌ده‌ستی خۆی كۆت و سانسۆری ده‌سه‌ڵاتی بۆسه‌ر خۆی بانگهێشت ده‌كرد،
تا بیسه‌لمێنێت حیزبێكی مه‌ده‌نیه و یاساپهروهره(14)، ئه‌م سیاسیه‌ته له
قۆناغه‌كانی دواتردا یه‌كگرتوو باجه‌كه‌ی دا، له هه‌ڵبژاردنه‌كانی (2012) له به‌رامبه‌ر
جیابوونه‌وه‌ی له لیستی هاوپه‌یمانی، باره‌گاكانی یه‌كگرتوو له بادینان كه‌وتنه
به‌ر هێرش، ئه‌مه‌ش وه‌ڵامی حیزبی باڵاده‌ستبوو بۆ (نا)ی یه‌كگرتوو، چونكه یه‌كگرتوو
هه‌ر له سه‌ره‌تای كاركردنیه‌وه حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی واڕانههێنابوو كه
(نا)یان بۆ بكات(15).
هه‌نوكه ئه‌و حیزبه له‌به‌رده‌م چه‌ندین بژاره‌ی
جیاوازدایه، ئاخۆ چۆن ده‌توانێت هاوسه‌نگی له نێوان ئیسلامی‌بوون و بیری نه‌ته‌وه‌یی
بكات؟ ئایا بانگه‌واز و سیاسه‌ت چۆن ده‌گونجێنێت له خه‌باتی داهاتوو؟ ئایا ده‌چێته‌وه
سه‌ر هێڵی ئیصلاحی په‌روه‌رده‌یی و ئه‌سپی خۆی تێدا تاوده‌دات، یان به‌م شڵه‌ژاویه‌وه
به‌رده‌وام ده‌بێت له كاری سیاسیی؟
ده‌رئه‌نجام
له‌م توێژینه‌وه‌دا ئه‌م ئه‌نجامانه لای توێژه‌ر
گهلاڵهبوون:
1- یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان، وه‌كو رێكخستنێكی خۆجێی به فیكر ئیخوان سه‌ریهه‌ڵداوه، پاشان به فه‌ڕمی بوه‌ته به‌شێك له ریكخستنی ئیخوان موسلیمین.
2- یه‌كگرتوو له سه‌ره‌تاوه وه‌كو حیزبێكی ئیصلاحی په‌روه‌رده‌یی پێناسی خۆی كردوه، له‌م بواره‌شدا كاریگه‌ری زیاتری هه‌بووه له چاو بواره‌كانی تر.
3- یه‌كگرتوو به تیپه‌ڕبوونی كات كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌ری بیری ناسیونالیستی كوردی و بانگه‌شه‌كردن بۆی.
4- یه‌كگرتوو له نێوان بانگه‌واز و سیاسه‌تدا تێكه‌ڵی كردووه، ئه‌مه‌ش بووته جێگه‌ی نیگه‌رانی ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده‌كانی، كه ده‌خوازن له ره‌نگڕێژی ستراتیژی ئایندهی حیزب‌دا ئه‌مه لێكجیابكرێتهوه.
بۆ داگرتن کلیک لێرە بکە
سه‌رچاوه و په‌راوێز:
ئیدریس سیوه‌یلی: ره‌وتی ئیسلامیی له باشووری كوردستان (1946 – 1991) لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی مێژوویی له كار و چالاكیی پارت و كۆمه‌ڵه ئیسلامییه‌كان، چاپی دووه‌م، ل41.
سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل112.
بۆ زانیاری زیاتر ده‌رباره‌ی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵی ئه‌نسار و كاری سه‌لاحه‌ددین محه‌ممه‌د له‌و ماوه‌دا، بڕوانه: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل113 – 120.
عمر عبدالعزیز: یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان و پرسی چاكسازی له هه‌رێمی كوردستان، بۆچوون و گوتار، هه‌ڵوێست، یاداشت و پرۆژه، بێ شوێنی چاپ، 2011، ل15.
ئینته‌رنێت، سایتی (http://alhiwarmagazine.blogspot.com/2014/06/1993.html).
عمر عبدالعزیز: یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان، ل16.
سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل280.
بۆ زانیاری زیاتر له‌وباره‌وه بڕوانه تویژینه‌وه‌یه‌كی بڵاوكراوه‌مان له سایتی میلله‌ت پرێس به ناونیشانی (كێشه‌ى كورد له عێراق له ئه‌جێنداى ئیخوان موسلیمیندا)، (www.milletpress.com/Detail.aspx).
عومه‌ر عه‌لی غه‌فوور: 16 ساڵ له‌نێو یه‌كگرتووی ئیسلامی، له بڵاوكراوه‌كانی هه‌فته‌نامه‌ی باس، هه‌ولێر 2013، ل50- 55.
سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل56.
ئینته‌رنێت، سایتی (http://www.xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=41931&Jor=1l)
ئینته‌رنێت، سایتی (www.hawlati.co/?p=2200)
سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
عومه‌ر عه‌لی غه‌فوور، كادیرێكی دێرینی یه‌كگرتووه له بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆیدا چه‌ند نموونه‌یه‌كی ئه‌و نه‌رمی نواندنه‌ی یه‌كگرتوو ده‌گێڕیته‌وه، بڕوانه: 16 ساڵ له‌نێو یه‌كگرتووی ئیسلامی، ل 154 – 156.
سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 156.
بڵاوكراوه‌ته‌وه له میلله‌ت پرێس: لینكی بابه‌ت
http://www.milletpress.com/Detail.aspx?Jiamre=15338&T=%DB%8C%D9%87%E2%80%8C%D9%83%DA%AF%D8%B1%D8%AA%D9%88%D9%88%DB%8C+%D8%A6%DB%8C%D8%B3%D9%84%D8%A7%D9%85%DB%8C%DB%8C..%D9%88%D9%86%D9%83%D8%B1%D8%AF%D9%86%DB%8C+%D9%86%D8%A7%D8%B3%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%87%E2%80%8C+%D9%88+%D8%B4%D9%83%D8%B3%D8%AA%DB%8C+%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D8%B3%DB%8C%DB%8C+%D8%A6%DB%8C%D8%AE%D9%88%D8%A7%D9%86
#
یەکگرتوو