بەربەستەکانی ئیسلامی سیاسی لە باشووری کوردستاندا

16/07/2017

:: د. سەباح موفیدی

بە درێژایی سەدەی رابردوو رەوت و بزاڤە ئیسلامییەکان هەڵوەدای دیسان پێکهێنانەوەی دەوڵەت و خەلافەتی ئیسلامی بوون و لە بەرانبەر بزاڤی سێکیولاریستی و پەڕاوێزکەوتنی ئایین، هەموو هەوڵەکانیان خستە گەڕ بۆ زاڵبوونەوە بەسەر هەموو بوارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ژیندا. ئەم رەوتە هەموو وڵات و کۆمەڵگا موسڵمانەکانی لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا گرتە بەر و لە هەندێ شوێندا سەرکەوت و لە هەندێکی تردا پێی خست. دیارە بە پێی کات و شوێن هۆکار و لەمپەڕەکانی سەرکەوتن یان پێخستنی جیاواز بوون. کەشی پێکهاتوو کوردەواری و کۆمەڵگای کوردیشی خستە ژێر کاریگەریی خۆی و هەرێمی باشووری کوردستانیش بە هۆی پێوەندیی بە عێراق و وڵاتانی عەرەبییەوە هەر لە سەرەتاوە لە بەر تەوژمی ئەوەدا بووە، بەڵام یەک لەو شوێنانە بوو کە ئەو رەوتە نەیتوانی لەوێدا وەکو بزاڤێکی کۆمەڵایەتی سەرکەوێت و هەوڵە چەکدارانە و توندوتیژاویەکانیش بە شوێنێکی نەگەیاند. هەر بۆیە پرسیارێک کە لە ئارادا بووە، ئەوەیە کە بەربەستەکانی ئیسلامی سیاسی و هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی لە کوردستاندا چی بوون و بۆچی نەیتوانی ببێتە گوتاری زاڵ و پێی خست؟ گەرچی ئەو هەویرە ئاوی زۆری دەوێت، لەم وتارەدا بە کورتی ئاورێک دەدرێتەوە سەر لەمپەڕە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان بەتایبەت گرنگترینیان. لەم ئاڕاستەیەدا گریمانەی وتارەکە ئەوەیە کە هەبوونی پرسی نەتەوەیی وەک سەرەکیترین کێشەی کوردستان و ژێرخانی کێشەکانی تر و پێشترێتی نەتەوەخوازیی و زاڵیەتی گوتاریی نەتەوەیی کە باڵی کێشاوە بە سەر هەموو بوارەکانی تردا، گرنگترین لەمپەڕ لە بەرانبەر زاڵبوونی گوتاری ئیسلامی سیاسی و دیکەی بیرۆکە و ئایدۆلۆژیاکاندا بووە. لە درێژەدا وێرای ئاماژە بە هەندێ لەو لەمپەڕ و هۆکارانە، زیاتر دەوری پرسی نەتەوەیی شی دەکرێتەوە.
پاساودارێتی و نەبوونی بۆشایی
لە پێوەندی لەگەڵ بەربەست و لەمپەڕەکانی ئیسلامی سیاسی، رەنگە هەندێ لایەنی تیۆری کۆمەڵناسی زانیاریی پیتەر بێرگەر لێرەدا یارمەتیدەر بن. لەو تیۆریەدا، هەندێ چەمک وەک دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکان و پێکهاتنیان، پاساودان و پاساونوێنی، شەرعیەت و پێکهاتنی ئاستی هێمایین، ئامرازە ئاوەزییەکان دەبینرێن کە دەکرێ بۆ شیکاریی لێرەدا کەڵکیان لێوەرگیردرێت. لە روانگەی بێرگەرەوە، هیچ بیرۆکەیەک ناچێتە ناو بۆشاییەوە، بەڵکو لە کۆمەڵگاکاندا بەرەوڕووی پێکهاتە و بیرۆکەکانی لە پێشدا هەبووی ئەو کۆمەڵگایانە دەبێتەوە و بارودۆخی ئەو کۆمەڵگایە لە وەرگرتن و پەرەسەندنی بیرۆکەی نوێدا گرنگایەتی هەیە.
لە مێتدۆلۆژی بێرگەردا، زانیاریی (ناسین و مەعریفە) و ئایین پێڕەوی دۆخ و هەڵکەوتی یاریزانان لەم جیهانەدان. پێوەندیی دوولایەنە لە نێوان هەڵکەوتە دەرەکییەکان و پێکهاتە زەینی-زانیاریی (ناسینی) هەیە کە کەس ناتوانێت لێی دەرباز بێت. ژین-جیهان ئاخێزگەی هەموو واتاکان و ناسینە مرۆییەکانە. پێکهاتە و بیچمبەندییە کۆمەڵایەتی-کەلەپوورییەکانی پێشتر هەبوو لە کۆمەڵگا رۆڵی زۆر دەگیڕن لە وەرگرتن و نەگرتنی بیرۆکەی نوێدا. هەر جۆرە ئاگاییەک تەنیا لە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی تایبەتدا پاساودارە. ئەو بارودۆخە لە روانگەی بێرگەرەوە، پێکهاتەی پاساونێنی(Plausibility Structure)یە. گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان هەموو کاتێک پێویستیان بە گۆڕانی پێکهاتەکانی پاساونوێنییە.(1) رۆڵی پاساودان ئەوەیە کە کارێک بکات دامەزراوە کۆمەڵایەتییە پێکهاتووەکان لە باری بەرچاویی و کردەوەییەوە (عەینی) بەکاربهێنرێن و لە باری زەینییەوە پاساودار و قەبووڵکراو پیشان بدرێن.(2)
هەرچەند بێرگەر ئەو تیۆریانەی لە شوینی تر و بۆ شت و مەبەستی تر بۆ وێنە چوونی مۆدێڕنیتە بۆ کۆمەڵگا نەریتییەکان بەکارهێنا، لێرەدا لە پێوەندی لەگەڵ هاتنی ئیسلامی سیاسی لە واتای سەردەمدا و لە سەر بنەمای گیانی یەکیەتی ئوممەتی ئیسلام و لەبەرچاو نەگرتنی جۆراوجۆریی، لێی کەڵك وەردەگیردرێت بەتایبەت لە سەر نەتەوەخوازیی و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کە بەرباسی ئەویش بوون. بەپێی ئەو بیروڕایە لەو بارودۆخەی کوردستاندا کە کێشەی سەرەکی پرسی کورد و مافی سیاسی بووە، هێزی ئیسلامی سیاسی کە وەک بیرۆکەیەکی دەرەکی بۆ کوردستان لەبەرچاو گیراوە، نەیتوانی پێکهاتەکانی پاساونوێنی کە بۆ بزووتنەوەی کوردی هەبووە و بارودۆخ ئەوەی ویستووە، بگۆڕێت. کوردبوون یەکێک لە بەستێنە بەهێزەکان بووە بۆ واتابەخشین بە ژیانی تاکی کورد. هەروەها پارێزەرانی کەلەپووریی نەریتی بۆ بەرگیری لە گواستنەوەی بیرۆکەی نوێ دەستیان داوەتە پەرچەکردار. لە بەرانبەر پرسی نەتەوەیی و کەلەپووریی ئایینی نەریتیدا، ئیسلامی سیاسی وەک هاوردەیەک تووشیاری قەیرانی پاساونوێنی بوو.
هەندێ لە بەربەستەکان
مەبەست لە ئایینی سیاسی ئەوەیە کە یاریزانانی ئایینی بە تەواوی دەچنە ناو بازنەی تایبەت بە بابەتە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکان و زۆربەی کات ئامانجی ئەم بیرۆکە پێکهێنانی حکومەتی ئیسلامی و دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵاتە بۆ جێبەجیکردنی دەستێوەردانی هەمەلایەنە کە لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی جیهانی سێهەمدا نەتەنیا لە نێو نەچوو بەڵکو پێوەندی لەگەڵ سیاسەت، هەرچەند کاتیش بێت، لەم کۆمەڵگایانەدا زیاتر بووە.(3) کوردستانی باشوور لەو کۆمەڵگایانەیە کە بیرۆکەی ئیسلامی سیاسی نەیتوانی تێیدا زاڵ بێت. دیارە سەرهەڵدان و هاتنی ئەو بیرۆکە بۆ کوردستان، سەرهەڵدان لە بۆشاییدا نەبووە و لە پێشدا جموجووڵی هزریی، سیاسی و کۆمەڵایەتی تر لە کوردستاندا هەبووە کە ئەم بیرۆکە نوێیە رووبەڕوویان بووەتە. بۆیە هەندێ هۆکاری کۆمەڵایەتی-سیاسی لە بەرانبەر زۆر پەرەسەندن و زاڵیەتی ئەو بیرۆکەدا وەک بەربەست بوون. بەپێی بارودۆخ و هەلومەرجی کۆمەڵگای کوردەواری، بە کورتی دەکرێ بڵێین هەندێ لە بەربەستەکانی پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسی بریتین لە:
1-هەبوونی پرسی کورد و بەهێزی ناسیونالیزمی کوردی و خەباتی نەتەوەیی دوور و درێژ (کە لە دواییدا زیاتر شی دەکرێتەوە).
2-بەشێک لە مێژووی سیاسی کۆمەڵایەتی کورد لە ژێر کاریگەریی تەرێقەتدا بووە.(4) مانەوەی میراتی ئەو جۆرە ئاییندارێتییە و سیاسەتی نەتەوەیی-مەعنەوی قۆناخی دووەمی خەباتی نەریتی کورد کە ئایینی، بە واتای هەبوونی ئامانجی ئایینی پەتی، نەبوو و راهاتوویی هێزی کۆمەڵایەتی سەر بە ئایینی نەریتی کوردستان لەگەڵ هێزی سیاسی سێکیولار و جاروبار پێکهاتنی یەکگرتوویی لە نێوان ئەوانەدا، وەک لەمپەڕێک بووە لە بەرانبەر ئیسلامی سیاسی سەردەمدا. بۆ وێنە بێ رێزی کردن بە قەبری شێخەکان لە تەوێڵە کاریگەریی هەبوو لەسەر بەرگیری لە ئیسلامی سیاسی توندڕەو و بووە هۆی پێکهاتنی یەکگرتووییەک لە نێوان هێزی سێکیولار و ئیسلامی نەریتیدا. بۆیە لەم سەردەمەشدا وەک سەردەمی زاڵیەتی سیاسەتی مەعنەوی، جۆرێ رێککەوتن لە نێوان هێزی سێکیولار و ئیسلامی نەریتیدا هەبووە.
3-بە فەرمی نەناسینی مافی نەتەوەیی کورد لەلایەن حێزبە ئیسلامییەکانەوە وەک حێزبی ئیسلامی عێراق و لە ئاکامدا هەڵگیرسانی هەستی نەتەوەیی لە ناو بزاڤی ئیسلامی کوردستان بۆخۆی، وەک بەربەستێک و رێگرێک بوو لە بەرانبەر تەوژمی ئیسلامی سیاسیدا. ئیسلامی سیاسی نە دانی بە مافی کورد نا و نە بە کردەوە بەرنامەیەکی بۆ چارەسەریی کێشەی کورد وەک دیکەی نەتەوە موسڵمانەکان هەبوو. بۆیە روانگەی سیاسی ناسیونالیزمی کوردی و حێزبە کوردییەکان باڵی کێشابوو بەسەر بەشێکی گرنگ لە ئەندامانی سەر بە حێزبە ئیسلامییەکان و بەرەو ئەو روانگەیە رایانی دەکێشا و لەم نێوانەشدا گرنگی نەدان بەم مافە لەلایەن هێزە ئیسلامییەکانەوە خۆی بووە کاتالیزۆری پێکهاتنی کەلێنی نێوان هێزی ئیسلامی کوردی و عەرەبی و قورسی ئەو راکێشانە بەرەو بازنەی سیاسەتی نەتەوەیی و کەمکردنەوەی خەستی توندڕەوی.
4-ئیسلامی سیاسی بە هۆی دەستێوەردانی لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا، هۆی گرژی و توندوتیژی کۆمەڵایەتییە و بە راشکاوی لە دژی هەندێ بواری کەلەپووریی و کۆمەڵایەتییە. چوونی بەشێک لە لایەنە ئیسلامییەکان بەرەو توندڕەوی و رووبەرووبوونەوە لەگەڵ بەشێک لە کەلەپووریی خەڵکی کورد و هەروەها بیری سێکیولار  بووە هۆی پێکهاتنی جۆرێ خۆڕاگری و ترس لە ناو خەڵک لە بەرانبەریدا کە خۆی وەک بەربەستێک کاری کردووە. کەچی بەپێچەوانەی ئیسلامی سیاسی و توندڕەو، ئاییندارێتی هێوری نەریتی کوردستان بە جۆرێ راهاتووتر بووە لەگەڵ کەلەپووریی کورد.(5) بۆ وێنە لە ناو کوردان و بە پێی مەزهەبی شافێعی، ریش تراشین کێشەیەکی ئایینی قورس نەبووە یان جلوبەرگی ژنانی کورد کێشەدار نەبووە. کەچی جوندولئیسلام لە 2001 دا دانانی ریشی بۆ هەموو پیاوان یان بۆ ژنان لەسەر کردنی چارشێو و عابای بە جێی جلی کوردی و نەریتی و تاڕادەیەک کراوەتری کردبوو بە زۆرەملێ.(6)
5-پاش کزبوونی قۆناخی خەباتی نەریتی و سەرهەڵدانی خەباتی مۆدێڕن و حێزبی، سیاسەتی زاڵ بە سەر کوردستاندا سیاسەتی سێکیولار بووە. بە پێکهاتنی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، زاڵیەتی حێزبە سێکیولارەکان بە سەر کەشی سیاسی کوردستاندا، دەرەتانی چالاکی ئایینی بەرتەسکتر کردبووەوە. بە خۆ ناساندن وەکو ئاڵاهەڵگرانی سەرەکی بەدواداچونی پرسی نەتەوەیی وەک سەرەکیترین پرسی کوردستان و پێشەنگانی خەباتی نەتەوەیی-سیاسی شەرعیەتی خۆیان پتەوتر کردبووە. کەواتە دەسەڵاتی سیاسی-کۆمەڵایەتی ئەمان بەهێزتر بوو و ئەمە وەک بەربەستێک بوو لە بەرانبەر گەیشتن بە دەسەڵاتی لایەنە ئایینییەکان. لە کاتی رزگاربوونی باشووری کوردستانیشەوە، هەبوونی سیستەمی سیاسی سێکیولار کە بڕوای بە ئازادی دیکەی پێکهاتە ئایینیەکان هەبووە، لە تەشەنەی زیاتری وەها بیرۆکەیەک بەرگیری کردووە. چالاکی رووناکبیرانی سێکیولار و ئازادی و دەسەڵاتی راگەیەنەش لەو دەرەتانە سێکیولارەدا بۆخۆی کاریگەریی هەبووە لە ئاگاکردنەوەی خەڵک و بەرگیری لە برەوی بیری توندوتیژاوی.
6-هەروەها ملدان بە یاری دێمۆکراتیک و بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان لەلایەن بەشێکی زۆر لە هێزی ئیسلامی کوردستان و هاوکات لاواز دەرکەوتنیان لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، کاریگەریی هەبوو لەسەر راگیرکردنی ئیسلامی سیاسی. یەکێک لە رێگاکانی راگیرکردن و کۆنتڕۆڵی دژبەرانی سیاسی و توندڕەوان، بەشداریی دان و تلاندن و تێوەگلانیان لە گۆڕەپانی سیاسەتی کردەوەییدایە تاکو خۆشیان بە کردەوە تووش و بەشداریی  کێشەکان بن و بەتەنیا و بە بێ ئاگایی لە کێشەکان و پشت پەردەی سیاسەت، کاریان رەخنە و خۆ شیرین کردنی رووناکبیرانە نەبێت. وێرای ناشارەزایی و نەبوونی ئەزموونی سیاسی مۆدێڕن و حێزبایەتی بە شێوەی مۆدیڕن و لە ئاکامدا لاواز دەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا، بەشداریی لایەنە ئیسلامییەکان لە حکومەتدا و ئاگاداربوونەوە لەسەر بنەما سەرەکییەکانی پرسی کورد و سیاسەتی پێوەندیدار، ئەوانەی لە کەوتنە داوی ئیسلامی سیاسی تۆخ پاراست و شەرعیەتی زیاتریشی بە حکومەتی کوردی بەخشی. لەلایەکی تریشەوە ئەم رێکەوتنە لە خۆیدا بووە هۆی دووری بەشی زۆری ئیسلامییەکان لەو بەشە بچووکەی هێزی ئیسلامی توندڕەوی دژە حکومەتی کوردی و دەرەنجام لاوازی و سەرنەکەوتنی ئەوان کە خۆیان تاودابوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئیسلامی و لە نێوبردنی هێزە سێکیولارەکان.  لەم نێوانەشدا پاڵپشتی حکومەت لە زانایانی ئایینی و تەرخانکردنی بۆدجە بۆ کاروباری ئایینی لە رێگای وەزارەتی ئەوقاف و دەرگیربوونیان لەگەڵ بەشێک لە حکومەت، لەسەر خۆپارێزی زانایان لە توندڕەوی، کاریگەریی هەبووە.
7-پەرەسەندنی کەشی جیهانی دژە تیرۆر و گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان لە پاش 2001 کە لە خۆیدا پاڵپشتێک بووە بۆ سیاسەتی سێکیولاری حکومەتی هەرێم، بەربەستێکی گرنگی تر بوو لە بەرانبەر پەرەسەندنی ئیسلامی سیاسیدا. ئەم کەشە بە جۆرێ بووە هۆی تۆقاندنی هێزە ئیسلامییەکان و هەوڵیان بۆ خۆ بە دوور زانین لە توندوتیژی و ئیدانەکردنی ئەوە. لەم ئاستەدا حکومەتی هەرێم کەوتە بەرەی هێزی جیهانی دژە تیرۆر و هەر لەو کاتەشدا هەندێ کردەوەی تێرۆریستی لە کوردستان، پاساو و دەرەتانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامی توندڕەو بۆ حکومەت پێکهێنا و هەلی زیاتری رەخساند بۆ راگیرکردن و دامرکاندنیان.
لەو بابەتانەی سەرەوە پرسی نەتەوەیی و ناسیونالیزمی کوردی بە گرنگترین لەمپەڕ و خاڵی ناوەندیی دەزانرێت کە ئەو بابەتەکانی تریش لەگەڵی لە پێوەندیدا بوون. بۆیە لە درێژەدا زیاتر شرۆڤە دەکرێت.
پرسی نەتەوەیی و نەتەوەخوازیی؛ گرنگترین بەربەستی ئیسلامی سیاسی
هەبوونی پرسی نەتەوەیی و بزووتنەوەی نەتەوەخوازیی، لەمپەڕی سەرەکی لە بەردەم ئیسلامی سیاسیدا بووە و لە پەنایدا بابەتەکانی تر لە دەور ئەو پرسەدا رۆڵیان گێڕاوە. دیارە گەر کوردیش دەوڵەتی هەبایە و کێشەی سیاسی-نەتەوەیی نەبوایە، ئەگەری ئەوە زیاتر بوو کە وەک وڵاتێکی زۆرینە موسڵمان بکەوێتە بەر پەلاماری زیاتر و زاڵیەتی ئەو بیرۆکە. ئەوەی تاکو ئێستا ئایدۆلۆژیە جیاوازەکانی پێکەوە گرێ داوە ئەو پرسەیە. لە نەبوونی ئەوەدا دەبوو کە شەڕی ئادیۆلۆژیەکان؛ لیبراڵ، چەپ و ئیسلامی، دەیتوانی بەرچاوتر بێت. ئەگەرچی ناکۆکی و دژایەتی هەبووە بەڵام بە هۆی زەقبوونی کێشەی نەتەوەیی، بە ئاستێ نەگەیشتبوو کە ببێتە هۆی زاڵیەتی یەک لەوانە بەتەنیا بۆ وێنە ئیسلامی سیاسی. هەروەها، وەک ئاماژە کرا ئیسلامی سیاسی بەرنامەیەکی بۆ ئەو پرسە نەبوو و لە دەوری تێزی یەک ئوومەتی دەسووڕایەوە و لە بەرانبەر کوردا سەر زار و بن زاریان یەک ئوممەتی و موسڵمان بوون بوو، کەچی عەرەبەکان بۆخۆیان بە دەیان دەوڵەتیان هەبوو. ئەوە لە کاتێک دایە کە کێشەی سەرەکی کورد پرسی نەتەوەیی و نەبوونی مافی سیاسی و بەرابەری لەگەڵ دیکەی نەتەوەکان بوو. بۆیە هەبوونی ئەو پرسە و نەتەوەخوازیی، لە خۆیدا تاکو ئێستا بەربەستێکی باش بووە.
پاساودارێتی دامەزراوە کۆمەڵایەتیەکانی سەر بە لایەنی نەتەوەیی و ئیسلامی نەریتی، بەهێزتر و خاوەن مێژووی زیاتر بوون و پرسی کورد زیاتر یەکیەتی، کە ئامانجی پاساودەران بووە، پێکهێناوە. هەروەها شەرعییەتی سیستەمی دامەزراوەیی گرنگە کە بە هۆی بوونی پرسی کورد، نەتەوەخوازیی شەرعییەتی زیاتر و لە پێشترێتیدا بووە. پاساودانی نەتەوەخوازیی لە ئاستی هێمایین (سەمبولیک)دا بەهێز بووە و گشتییەتییەکی هێمایینی پێکهێناوە. شێوەکانی پاساودان ئامرازە ئاوەزییەکانی پاراستنی هەرێمی هێمایین(7)، کە لە هەرێمی هێمایینی کوردی پارێزگاریی کردووە. هەر لەم پێوەندییەدا، سەرکەوتنی پاساودان گرێدراوی دەسەڵاتە و لە ئاستی کوردستاندا شێوازەکانی پاساوی هێزە نەتەوەخوازەکان لە ئیسلامی سیاسی بەهێزتر بووە. هەروەها رێکخراوی کۆمەڵایەتی و بەتایبەت سیاسی بۆ پاراستنی هەرێم و بازنەی کۆمەڵایەتی لە نێو هێزی ناسیونالیستدا بەهێزتر و بە ئەزموونتر بووە. هەرچۆنێک بێت پاساودارێتی پرسی نەتەوەیی کورد هێند بەهێز بووە کە زاڵ بووە و وەک لەمپەڕێکی لێکردووە  لە بەرانبەر بیرۆکەکانی تردا. ئیسلامی سیاسی تەنانەت لەو شوێنانەشدا بەرگری مافی کوردی کردووە بە هۆی هەڵگرتنی هەندێ لایەنی تر کە زاڵ بوون بەسەریدا و بە گوێرەی پرسی کورد نەرێنی بوون، نەیتوانی پاساودارێتی ئەوتۆ دەستەبەر بکات. لەم نێوانەدا پاساودەرانی سێکیولار و خاوەن ئایینی نەریتی شۆڕشی کوردی و بزووتنەوەی نەتەوەخوازیی لە ناو کوردا بەهێزتر و پاڵپشت و پێکهێنەری شوناسی کوردی هاوبەش بوون و رێزیان لە هەموو پێکهاتەیەکی کوردی-ئایینی گرتووە. کەچی ئیسلامی سیاسی مەترسی بووە بۆ سەر بەشگەلێک لە هەڵگرانی ئەم شوناسە بۆ وێنە سێکیولار و کوردە ناموسڵمانەکان.
لە پێوەندی لەگەڵ پرسی نەتەوەییدا، نەتەوەخوازیی کاریگەرترین شێوازیی دژکردەوەی ئایدۆلۆژیک بۆ رەوتی ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا بووە. بە وتەی بێرگەر نەتەوەخوازیی خۆی بە شوناسە سیاسییە کۆنەکانەوە دەلکێنێت و هاسانتر لەگەڵ نەریتە کۆنەکاندا پێوەند دەدرێت. نەتەوایەتی بە کۆ و تەنانەت تاک شوناس دەبەخشێت. هێما نەتەوەییەکان لە دۆخی خەبات بۆ سەربەخۆیی سیاسی و رزگاریی لە زاڵیەتی و تەشەنەی بێگانە، رۆڵی بەرچاویان هەبووە و هۆی یەکخستنی سیاسی گروپە جۆراوجۆرەکان بوون.(8) لەم پێوەندییەدا، بۆ کوردستان ئیسلامی نەریتی کۆنتر و راهاتووتر بوو تا ئیسلامی سیاسی نوێ کە لە بەرانبەر ئەم رەوتەدا و راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ئاڕاستەی زاڵبوونەوەی بێگانەدا بوو یان وەها راڤەیەکی لێکرا.
لە نموونەکانی پێوەندیی ئیسلامی نەریتی و ناسیونالیزمی کوردی دەکرێ بە پێکهاتنی بەرەی یەکگرتووی دوو رێکخراوی "پارتی نیشتمانی کوردی" و "پارتی ئیسلامی کوردی" لە پاش قۆڵبەست کردنی شێخ مەحموودی حەفید ئاماژە بکرێت کە لە بەرانبەر ئینگلیزدا بە مەرجی سەربەخۆیی کوردستان حەزیان لە پێوەندی لەگەڵ تورکان هەبوو. یان مەبەست لە دامەزرانی "حیزبی ئیسلامی کورد" لە 1934 دا لەلایەن عەبدوڵڵا بەگ و محەمەد سەعید بەگی جاف، بەدیهاتنی داوا و مافەکانی کورد بووە کە بە ئاگاداری لەسەر تەشەنەی ئایین لە کوردستاندا بۆ کۆکردنەوەی خەڵکی لە دەور خۆ وشەی "ئیسلامی" یان لێ زێدە کردووە. هەروەها دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول (1961) و پاش هاتنە سەرکاری بەعسییەکان لە (1968)دا، شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لە سەردانی مەلا مستەفا بارزانیدا پێشنیاری دامەزراندنی یەکیەتی زانایانی ئایینی بۆ بەشداری و بە دەمەوەچوونی شۆڕشی کورد، دەکات.(9)
لە قۆناخی دواتریشدا، ناسیونالیزم و نەتەوەخوازیی لایەنی ئیسلامخوازانی کورد و ئەوەی کە وێرای ئیسلامی بوون شوناسی کوردییان لاگرنگ بووە، خۆی لە ئیسلامێکی سیاسی فرەخەست بەرگیری کردووە و جۆرێ هۆی قەڵشت لە نێوان بەرەی ئیسلامی کوردی و ناکوردی واتە نەتەوەکانی تر بووە کە کێشەی نەتەوەییان نەبووە. لەم پێوەندیەیدا، وێرای هەڵوێستی رەوتی ئیسلامی کورد لە بەرانبەر رووداو و گۆڕانکارییەکانی جیهانی ئیسلامی، رەوتی ئیخوان موسلمین پشتگیریی لە دۆزی کورد نەکرد و گرنگی پێنەدا. بیری عەرەبچییەتی بە سەر ئیخوان موسلمین و نوێنەرەکەیان لە عێراق واتە حێزبی ئیسلامی عێراق زاڵ بوو و لە سەر هەڵوێستیان بەرانبەر کورد کاریگەر بوو و لەو وڵاتەدا لە بەرانبەر پرسی کوردا بێدەنگ بوون. بۆ وێنە لە ماوەی چەند ساڵی شۆڕشی ئەیلول هەڵوێستیان لەسەر کێشەی کورد دەرنەبڕی.(10) ئیسلامییە عەرەبەکان کە کێشەی نەتەوەییان نەبوو و هەموو هەوڵییان بۆ ئیسلامەتییەک بوو کە پاڵپشتی عەرەبچییەتی بوو، نەیاندەتوانی لە کێشەی کورد تێبگەن یان گوێیان لێدەخنی. ئەمانە بووە هۆی هەڵوێستی خودی ئیسلامییە کوردەکانی سەر بەوان.
هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستاندا، وەها قەڵشتێک پێکهات. سەرهەڵدانی رەوتێکی ئیسلامی جیاواز و بە ناوی کوردەوە لە ناو حێزبی ئیسلامی عێراقدا و پاشان پێکهاتنی بزوووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە سەرەتاکانی 1980 دا لەلایەن هەندێ لاوی کورد و زانایانی ئایینی کوردستانەوە، بە هۆی روانگەی ناسیونالیستی کوردی بۆ بە فەرمی ناسینی مافەکانی نەتەوەی کورد لە حکومەتی ئیسلامی پاش بەعسی عێراق و دژایەتی ئەوە لەگەڵ ئایدۆلۆژیای یەکیەتی ئیسلامی و پان عەرەبی ئیخوان موسلمین، بواری بۆ قەڵشت لە حێزبی ئیسلامیدا پێکهێنا.(11)
تەنانەت ئەم هەستە نەتەوەخوازییە لە ناو ئیسلامییەکاندا و دیتنی زەبر لە دژی کوردان و هەبوونی نادادپەروەریی و گرنگی نەدان بە کێشەی کورد، بووە هۆی رۆشتنی بزووتنەوەی ئیسلامی و بەشێک لە رەوتی ئیسلامی کوردستان بەرەو چەکداری کە ئیخوان و حیزبی ئیسلامی عێراق بە توندی لە دژی پێوەندیی بزووتنەوەی ئیسلامی باشووری کوردستان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان بوون. هەرچۆنێک بێت، ئەم نەتەوەخوازیەش کاریگەریی هەبوو لە نزیکبوونەوەی رەوتی ئیسلامی لە رەوتە ناسیۆنالیستە سێکیولارەکان و پێوەندی لەگەڵیان و هاوکات دوورییان لە ئیخوان و کەمکردنەوەی خەستیی ئیسلامی سیاسی. هەر لە سەرەتای راگەیاندنیەوە، بزووتنەوەی ئیسلامی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی دێمۆکراتی کوردستان، حێزبی سوسیالیتی کوردستان توند و تۆڵ و لە ئاستێکی باشدا بووە.(12)
ئەو باس و نموونانەی سەرەوە، بە گشتی پیشاندەری پاساودارێتی، شەرعییەت و گشتییەتی هێمایینی پرسی کورد و نەتەوەخوازیی کوردی وەک لەمپەڕ و بەربەستێک لە بەرانبەر زاڵیەتی و گەشەی هەمەلایەنەی ئیسلامی سیاسیدا بووە.
دەرەنجام
گەرچی کورد هێشتا خێڵخانەی بەهێزترە، بەڵام وەک نەتەوە خەیاڵخانەشی ئەوەندە لاواز نییە کە ئیسلامی سیاسی بە سەریدا زاڵ ببێت، ئەویش لە کاتێکدا کە پرسی نەتەوەیی گرنگترین پرسی کوردستان بووە و بە کردەوە ئیسلامی سیاسی نە تەنیا هەڵگری چارەسەریی نەبووە بەڵکو لە بەرانبەر هەندێ لە کۆڵەکەکانی پێکهێنەری نەتەوەی کورد واتە کەلەپووریی کوردیدا هەڵکەوتووە. بۆیە بەپێی تیۆری بێرگەر پێکهاتنی وێنا و پاساودارێتی بەهێزی ناسیونالیزمی کوردی لەسەر بنەمای پرسی کورد و پێوەندیی و راهاتوویی بزاڤی نەتەوەخوازیی لەگەڵ بیرۆکە و پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کوردی بەربەستی بەهێز لە بەرانبەر ئیسلامی سیاسیدا بووە. ئیسلامی سیاسی وەک بیرۆکەیەکی دەرەکی نەگواسترابووە ناو بۆشایی، بەڵکو بیرۆکە و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بەهێزتر و پاساودارتر لەو لە کۆمەڵگادا هەبوون و بە هۆی ئەوەی کە نەیتوانی لە هێزی پاساودارێتی ئەوان کەم کاتەوە لە کوردستاندا زۆر پەرەی نەسەند و زاڵ نەبوو. کەواتە دۆخی کوردستان دۆخێکی جیاواز بووە و پەرۆشی نەتەوەیی خەڵکەکەی زیاتر لە پەرۆشی ئایینی بووە، شتێ کە ئیسلامی سیاسی تاوەکو ئیستاش سەرنجی ئەوتۆی نەداوە و نموونەشی هەڵسوکەوتی حکومەتی ئێران، وەک نموونەی بە دەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی سیاسی، لەگەڵ کورد بووە کە بچووکترین مافی ئەو نەتەوەی لەبەرچاو نەگرتووە. هەرچۆنێک بێت، بەردەوامی پرسی کورد و بەهێزیی بزووتنەوەی نەتەوەخوازیی بە هۆی نابەرابەریی لەگەڵ نەتەوەکانی تر بەتایبەت خاوەن دەوڵەت نەبوون، بەربەستی سەرەکی ئیسلامی سیاسی لە باشووری کوردستاندا بووە. لە داهاتووشدا و بە چارەسەر بوونی ئەم پرسە، ئەوەی دەتوانێت بەربەستی بێت بوونی حکومەتێکی کارامەی سێکیولار-دێمۆکراتیک، پێکهاتنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی بەهێز، و بوونی هاووڵاتییانی ئاگا و خاوەن کەلەپووریی سیاسی چالاکانە و بەشدارانەیە.

 

بۆ داگرتن کلیک لێرە بکە


سرنج و سەرچاوەکان
1-پیتر برگر، بریجیت برگر، هانسفرید کلنر، ذهن بی خانمان (نوسازی و آگاهی)، ترجمه: محمد ساوجی، تهران: نشر نی، 1381، ص 29 و 156.
2-برگر، پیتر و لاکمن، توماس، ساخت اجتماعی واقعیت، فریبرز مجیدی، تهران، انتشارات علمی و فرهنگی، چاپ اول، 1375، ص 129.
3-Sabah Mofidi, Religion and Politics in Eastern Kurdistan (With a Focus on Maktab Qur’an During Iranian Revolution, 1979), Journal of Politics and Law, Vol. 8, No. 3, September 2015.
4-لەم بوارەدا، بڕوانە: سەباح موفیدی، "سیاسەتی مەعنەوی لە خەباتی کوردستاندا"، رێکەوتی 03/10/2016، لە ماڵپەڕی "میللەت" بە ناونیشانی خوارەوە بڵاو بووەتەوە:
http://www.milletpress.com/Detail.aspx?Jiamre=25287&T=
5-لەم بوارەدا، بڕواننە: سەباح موفیدی، "کاریگەرییەکانی بزاڤی ئیسلامی نوێ لە کوردستانی رۆژهەڵاتدا"، رێکەوتی 08/11/2016، لە ماڵپەڕی "میللەت" بە ناونیشانی خوارەوە بڵاو بووەتەوە:
http://www.milletpress.com/Detail.aspx?Jiamre=27091&T=
6-The Report of Human Right Watch on Ansar al-Islam in Iraqi Kurdistan (2002). Retrieved from http://www.hrw.org/legacy/ backgrounder/mena/ansarbk020503.htm (last accessed January 13, 2014).
7-لەم بوارەدا، بڕواننە: برگر و لاکمن، 1375، ص 149.
8-برگر و دیگران، 1381، صص 166-167.
9-ئیدریس سیوەیلی، رەوتی ئیسلامی لە باشووری کوردستان (1946-1991)، چاپی دووەم، 2009، ل. 22 و 24 62.
10-هەر ئەوەی پێشوو، ل. 64 و 79 و 80.
11-Sabah Mofidi, The Process of Leading Change in the Kurdistan Islamic Movement – Iraq (Emergence, Factors and Trends), Bulletin of Kurdish Studies | No. 7-8/2015, pp. 15-37.
12-سیوەیلی، 2009، ل. 130 و 205.

# ئیسلامی سیاسی # باشوری کوردستان

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure