دەوری توێژی فەقێ و مەلایان لە پێکهاتنی پێوەندیی کوردستانی و گیانی کوردایەتیدا

16/07/2017

:: د. سەباح موفیدی


نزیکەی چل و پێنج ساڵ لەمەوبەر، مامۆستا مەسعود محەمەد لە پەرتووکەکەیدا لەسەر "حاجی قادری کۆیی" (1973) ئاماژەی کردووە بە دەوری خوێندنی فەقێیەتی و فەقێ و مەلایان لە پێکهاتنی پێوەندییەکی کوردستانی لە ناو سنووری کوردستان و لە نێوان زاراوە و ناوچە و پارچە جیاوازەکانی کوردستان، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هیچ توێژێکی تر بە رادەی ئەوان کاریگەریی لەسەر پێکهاتنی ئەو پێوەندییە نەبووە. توێژێ کە لە نێوانیاندا هەندێ کەسایەتی مەزنی نەتەوەیی وەک خانی، مەلای جزیری، حاجی قادر و کەسانی تر هەڵکەوتن. ئەم تاقمە لە توێژی فەقێ و مەلایان دەکرێ وەک رووناکبیرانی ئایینی-نەتەوەیی و بە جۆرێ هاوتای رووناکبیرانی کیلیاستی (عارف و خاوەن واتایەتی) لە زمانی "کارڵ مانهایم"دا لەبەرچاو بگیردرێن کە رێخەی رووناکبیرانی سەردەمی کوردن. بۆیە وەک مەسعود محەمەد گرنگایەتی پێدەدا، توێژی فەقێ و مەلا و کەشی پێکهاتووی حوجرە و خوێندنی فەقێیەتی لە کوردستاندا گرنگایەتی تایبەتی لە پێکهاتنی پێوەندییەکی سەرەتایی کوردستانی وەک هەوێنی گیانی یەکیەتی هەبووە کە ئەم وتارە دەیەوێت بە کەڵکوەرگرتن لە هەندێ بەشی تیۆری مانهایم لەسەر رووناکبیران، ئاورێک بداتەوە سەر دەوری ئەم توێژە.
مانهایم؛ توێژی مەلایان لە رەوتی پێکهاتنی توێژی رووناکبیراندا
بۆ باسی ئەم وتارە، سێ خاڵی تیۆری مانهایم لە پێوەندی لەگەڵ پێکهاتنی گروپ، چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان لەوانە رووناکبیران، واتە دابڕاوی و سەربەخۆیی توێژی رووناکبیر، تایبەتمەندی خوێندنی ئەم توێژە، جۆرەکانی رووناکبیران گرنگایەتییان هەیە. سەبارەت بە پێکهاتنی توێژ و چینە کۆمەڵایەتییەکان، مانهایم لە پەرتووکی "کۆمەڵناسی کەلەپوور"دا دەڵێت کە کۆبوونەوە و پێوەندیی بەرەبەرە دەبێتە هۆی خۆئاگایی کۆمەڵایەتی و خۆپێناسەکردن بە جێی پێناسەی دیتران لە ئەوان. تاکی مۆدێڕن سەرەتا بە شێوەی تاکەکەسی لە ئایدۆلۆژیا نەریتییەکان دادەبڕێت و بەرەو خۆئاگایی کۆمەڵایەتی دەڕوات و پاشان تاکە دابڕاوە هاودۆخەکان بە دۆزینەوەی بنەما هاوبەشەکانی ئەم دابڕانە، لەسەر ئەو بنەمایانە و هەندێ تایبەتمەندی بەکۆمەڵ خۆیان و دۆخ و رۆڵیان پێناسە دەکەنەوە.(1) پەرەسەندنی ئەم جۆرە دابڕان و دیسانەوە یەکگرتنەوە بوو بە هۆی سەرهەڵدانی زۆرێک لە گروپە کۆمەڵایەتییەکان هەر لە نەتەوە بگرە تا گروپی کرێکاران، ژنان و....  تاد.
بە قسەی مانهایم هەر سەردەمێك رووناکبیری تایبەتی خۆی هەبووە کە ئەوڕۆکە گەیشتووە بە رووناکبیرانی سەربەخۆ و ناپاشکۆ. لەم پێوەندییەدا، ئەو چوار قۆناخی گۆڕانی زەینییەتی یوتۆپیایی بە شێوەی خوارەوە دابەش دەکات: یەکەم شێوەی کیلیاسمی ئاناباپتیستەکان؛ دووەم بیرۆکەی لیبراڵ-مرۆڤدۆستانە؛ سێیەم بیرۆکەی پارێزکارانە؛ چوارم شێوەی سوسیالیستی-کۆمونیستی. ئەمانە بە کورتی بریتین لە ئایدیاکانی کیلیاستیک، لیبراڵ، سوسیالیست و پارێزکار کە سێی دوایی شێوەی چاکسازیکراوی یوتۆپیای کیلیاستین.(2) کەواتە لە روانگەی مانهایمەوە بە پێی جۆرەکانی ئایدیالی زەینییەتی یوتۆپیایی، بە درێژایی مێژووی سەردەمی مۆدێڕن چوار جۆر رووناکبیر هەبووە: روناکبیرانی پەڕاوێزخواز و خاوەن رێبازی عارفانە یان کیلیاستەکان (Chiliastic)؛ رووناکبیرانی بێباوەڕ و دژە ئایدۆلۆژیا یان پارێزکار؛ رووناکبیرانی رابردووخواز و لیبرال؛ رووناکبیرانی توندڕەوی کرێکاریی کۆمەڵخواز-کۆمونیست.(3)
لێرەدا زیاتر جۆری یەکەم پێوەندیدارە و بۆیە ئاماژەیەکی زیاتر لەسەری پێویستە. ئەم گروپە خاوەن شێوازێکی ئایینی و زاهیدانەن و بڕوایان بە گۆڕینی کتوپڕی دۆخی هەبوو بۆ بەهەشتی بەڵێندراو هەیە. رووناکبیری کیلیاست هەموو کات خەریکی چاوەڕوانییە بەڵام نە چاوەڕوانی پووچەڵ و نەزۆک بەڵکو چاوەڕوانی دۆزینەوەی دەرفەتی شیاو بۆ دەسڕاگەیشتن بە جیهانی دەرەوە تاکو بە پێی باوەڕە بەرزەفڕانەکانی خۆی بیگۆڕێت. گەرچی ئەو جۆرە بیرە لای پێڕەوانی هەموو ئایینەکان هەیە، دامەزرێنەری فەرمی ئەو شێوازە بیری "سێنت ئاگوستین"ە کە بە نووسینی پەرتووکی "شاری خوا" هیوای بەدیهاتنی مەلەکووتی خوا بە دەستی ئیماندارانی پێکهێنا.(4)
هەر لەو پێوەندییەدا، مانهایم سەبارەت بە گەڕۆکی کۆمەڵایەتی نێوان چین و توێژەکان و گروپە داخراو و شلەکان، لە پەنای هونەرمەندان و هۆنەران و... وەک گروپی زاڵی بوێژ و نووسەری سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا ئاماژە بە "مەلا و زانایانی ئایینی" دەکات کە رێکخراوێکی پتەو و شێوازی تایبەتی خوێندنیان هەبووە. پێکهاتەی سەرەکی دامەزراوەی مەلایان، جۆراوجۆریی پێشینەی ئەندامەکانی پیشان دەدات. وەکو گروپێکی داخراو بە شێوەی سروشتی گیانی تۆکمەیی و هاوکاری پەرەپێدەدات و کاریگەرییەکانی ئاڕاستەگرتنە کۆمەڵایەتییەکانی جۆراوجۆر کە ئەندامەکان لەگەڵ خۆ دەیهێنن، پووچەڵ دەکاتەوە. دواتر ئەو دۆخە بە ئاستێک دەگات کە دەڵێی هیچ جۆراوجۆرییان تێیادا نییە. مانهایم بە هێنانەوەی نموونەگەلێک لەمانە لە کۆمەڵگای ئاڵمانیای ئەو دەم، بەم توێژە وەک نموونەیەک لە شێوازی پێکهاتنی توێژی رووناکبیرانی نزیک و بە توندی لێکترگرێدراو ئاماژە دەکات کە گوایە ئەمانیش بەوەها شێوازێک پێکدێن.(5)
هەرچۆنێک بێت، ئەو چوار قۆناخەی سەرەوە، قۆناخە سەرەتاییەکانی زەینییەتی یوتۆپیایین کە دەکرێ بە قۆناخە سەرەتاییەکانی رووناکبیرییش ناودێر بکرێن. بۆ مانهایم زەینییەتی یوتۆپیایی "رووناکبیران" یان بەشی هزریی کۆمەڵگا شێوازی نوێی زەینییەتی یوتۆپیایی بوو کە بەرژەوەندیی هزریی و واتاییان هەیە. یەکێک لە کاریگەرییەکانی ژیانی مۆدێڕن ئەوەیە کە بەپێچەوانەی کەلەپووری پێشوو، چالاکی هزریی تەنیا تایبەت بە چینێکی بە شێوەی پتەو دیاریکراو لە باری کۆمەڵایەتییەوە، وەکو "مەلایان"، نییە بەڵکو لەلایەن توێژێکی کۆمەڵایەتییەوە جێبەجێ دەبێت کە لە ئاستێکی زۆردا لە چینی کۆمەڵایەتی و تایبەت بە بوارێکی تایبەتی لە ژیانی کۆمەڵایەتی، دابڕاون.(6) مانهایم دەڵێت: "لە بەرانبەر دۆخی سەدەکانی ناوەڕاستدا، راستی روونی سەردەمی نوێ ئەوەیە کە ئەم پاوانخوازییەی راڤەی جیهان – راڤەی کەلیسایی کە لەلایەن توێژی قەشەکان جێبەجێ دەبوو – تێکچووە و بە جێی توێژێکی داخراو و یەکدەستی رێکخراوی رووناکبیران، توێژی رووناکبیرانی ئازاد سەریهەڵداوە."(7) بەو پێیە رووناکبیران شەبەنگێکی بەربڵاو لە خەباتگێڕانی بەر کاریگەریی ئایین و خەباتگێڕانی بورژوای شۆڕشی فەڕەنسە تا هێگل و مارکس و… تاد لەبەر دەگرن.(8) کەواتە، وێرای هاوشێوەتی لە شێوازی پێکهاتندا، بزۆکی بیر و گۆڕانی کۆمەڵایەتی-سیاسی توێژی مەلایان و رووناکبیرانی ئایینی، لە ئاستی رووناکبیرانی سەردەمدا نەبووە.
بە وتەی مانهایم "لە نێوان رێکخراوی پتەو و گروپی شل و کراوەدا، جۆرگەلێکی نێوەنجی زۆر لە کۆمەڵەکان هەن کە رووناکبیران رەنگە خۆیان بخەنە ریزی ئەوانەوە.(9) لە پێوەندی لەگەڵ پێکهاتنی توێژی رووناکبیری سەردەمدا، دەڵێت لە کۆمەڵگایەکدا کە بە قووڵی بە هۆی قەڵشتی چینایەتی لەت لەت بووە، توێژێک سەرهەڵدەدات کە گەرچی لە مەودای نێوان گروپە کۆمەڵایەتییەکاندایە، بۆخۆی چینێکی نێوەنجی یان مامناوەند پێکناهێنێت. بەڕای ئەو، رووناکبیران "چین"ێکی کۆمەڵایەتی نین، چونکە بەرژەوەندیی ماددی هاوبەشییان نییە و ناتوانن گروپێکی جیاواز و دیار پێکبهێنن و هەڵسن بە کردەوەیەکی بەکۆمەڵ. ئەم توێژانە کەمتر بە روونی دیاریی دەکرێن وەک چینێک بە گوێرەی ئەوانەی راستەوخۆتر بەشداری رەوتی ئابوورین.(10) بە وتەیەکی تر رووناکبیران ئیدئۆلۆگی چینە جیاوازەکانن. رووناکبیران توێژێکی نێوەنجین کە لە هەموو چینەکانی تری تێدان؛ کۆمەڵێکی تێکەڵن لە هەموو چینەکان. بەوەشەوە بە شێوەی لەناخداهەڵگر دەتوانن لە دۆخی چینایەتی خۆیان تێپەڕن و بە ئەگەری زۆرەوە کەسایەتی کۆمەڵایەتی کەسێ کە دەچێتە ریزی رووناکبیرانەوە، دەگۆڕدرێت. لە رێبازی مارکسیستیدا، هەرکام لە چینە باندەست و بندەستەکان بە پێی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان دەجووڵنەوە، کەچی دۆخی رووناکبیران ناکرێ بە روونی بە پێی پێگەی کۆمەڵایەتی یان بەرژەوەندی چینایەتی شی بکرێتەوە. بۆیە لەم پێوەندییەدا مانهایم بۆ ئەم توێژە کۆمەڵایەتییە چەمکی "رووناکبیرانی ئازاد" بەکار دەهێنێت.(11) ئەم توێژە تاڕادەیەک دابراوەی بێ چین، ئەوەیە کە پێشتر ئالفرێد وێبەر بە "رووناکبیرانی سەربەخۆ لە باری کۆمەڵایەتییەوە" ناودێری کردبوو.(12)
رەوتی مێژوویی پێکهاتنی ئەم توێژە، یەکدەست نەبوونی رووناکبیران لە ناو خۆیاندا دەردەخات. کەواتە ئەمانە لە یەک چین و گروپ نین بەڵام ئەو شتەی کە ئەمانە لێکتر گرێ دەدات، "خوێندن"ە کە گرنگترین تایبەتمەندیی ئەم توێژە کۆمەڵایەتییە سەربەخۆیەیە. میراتی خوێندنی هاوبەش زاڵ دەبێت بە سەر جیاوازییەکانی لەدایکبوون، پێگەی کۆمەڵایەتی، پیشە، دەسمایەو دارایی و کەسانی خوێندەواری تاک لە سەر بنەمای خوێندنێ کە وەریانگرتووە، لە پۆلێنبەندییەکی هاوشێوەدا کۆ دەکاتەوە. هەڵبەت مانهایم جەخت دەکات کە لە روانگەی ئەوەوە هەموو تاکە خوێندەوارەکان ناکەونە بازنەی توێژی رووناکبیران بەڵکو تاقمێکی کەم لە نێوانیان وێنەی راستی چەمکی رووناکبیرن. کەواتە رووناکبیران گروپێک یان توێژێکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای خوێندن و نەک ئابووریی پێکدەهێنن. بۆیە ئەمانە بە ناپاشکۆ یان بێ چین ناودێر کراون. رووناکبیران دەتوانن پێوەندی بکەن بەو چینانەی کە لێیانەوە دەرنەکەوتوون و بە رەچەڵەک و لە بنەڕەتدا سەر بەوان نین، و ئەمە هەلێکە بۆ ئەوان کە بتوانن خۆ رێکخەن لەگەڵ هەر جۆرە روانگەیەک کە بیانەوێت و تەنیا ئەوان دەتوانن بکەونە دۆخێک کە پاشکۆیەتی و پێبەستەیی خۆیان هەڵبژێرن، لە کاتێکدا ئەوانەی کە راستەوخۆ گرێدراو و سەر بە چینێکن تەنیا بە دەگمەن دەتوانن لە سنوورەکانی بیرۆکەی چینایەتیان تێپەڕن.(13)
لەم باسانەی مانهایم بەوە دەگەین کە دەکرێ فەقێ و مەلایان وەک توێژێکی سەرەتایی لە پێکهاتنی رووناکبیراندا چاویان لێکرێت کە تێیدا تاک سەرەتا لە هەندێ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی خوارتر دادەبڕێت. بە هۆی خوێندن پێوەندییەک لە نێوان تاکە هاودۆخەکاندا چێ دەبێت کە جیاوازییەکانیان دەشارێتەوە. گەرچی ئەم پێوەندییە دەڕوات بەرەو دامەزراوەیەکی پتەو کە جموجووڵی هزریی کەمترە بەڵام سەردەمێک شێوازی زاڵی چالاکی هزریی بووە. لە دڵی ئەم چالاکیانەوە جۆرێ رووناکبیری خاوەن رێبازی عارفانە و پێوەندیدار بە ئایین سەریهەڵدا. دەکرێ بڵێین وەها شێوازێکیش لە کوردستاندا هەبووە.
ژیانی فەقێیەتی، پێوەندیی کوردستانی و گیانی یەکیەتی
وەک مەسعود محەمەد باس دەکات، لایەنێکی جوگرافی لە گەشت و گەڕانی سەردەمی زووی فەقێی کوردا هەبووە کە پیشاندەری بوونی هەستێکی بەرچاو بەڵام نهێنی نەتەوایەتییە، لە سەرانسەری کوردستاندا بە درێژایی ئەو رۆژگارانەی کە هاتوچۆی خوێندنی فەقێیانەی تێدا بووە. زۆربەی گەشتەکانی فەقێیان بۆ خوێندن لە پەڕاوێز و ناو سنووری کوردستاندا بووە، نەک بۆ ناو تورک و عەرەب و فارس. واتە جوگرافیای گەڕانەکانیان بە تێکڕایی وێنایەک لە نەخشەی کوردستانی بووە. بە وتەی ئەو، بزووتنەوەی دایمی و زۆری فەقێیان لە سەرانسەری خاکی کوردستاندا لەسەر ئەرکی خەڵکی کوردەواری بەڵگەی بوونی گیانێکی ناسیاوی و خۆیی بوون و یەک ماڵییە کە ئەگەر خەڵکەکە و فەقێیەکان هەموویان کورد نەبان و هەستیان بەو "یەکبوون"ە نەکردبا، پێکنەدەهات. لە نێوان فەقێ وەک مێوان و خەڵک وەک خانەخوێ هەستی "کوردبوون" ئەوەندە بەهێز بووە کە سنووری نێوان خاکی ئێران و عوسمانی نەیتوانیوە هەستەکە لەت کات، تەنانەت شەڕی نێوان هەردوو دەوڵەت نەیتوانیوە لە هاتوچۆ و بەزاندنی سنوور لەلایەن فەقێیانەوە بەرگیری بکات و هەردوو دەوڵەتیش بە جۆرێک سەبارەت بەوە بێ دەنگ بوون.(14)
لە روانگەی 'مەسعود محەمەد'ەوە گەشت و خوێندنی فەقێیان، بە پێکهێنانی گیانێکی نهێنی کوردایەتی، خزمەتی "نەتەوە بوون"ی کوردی کرد.(15) بە رای ئەو، نەبوونی گیانێکی سیاسی و دەوڵەتی کوردی ببووە هۆی نەبوون یان لە خوارەوە بوونی هەستی نەتەوایەتی گشتی لە نا کورداندا. ئەم گەڕانە لە کوردستاندا پەیوەندیێکی خۆڕسکی وای پێکهێنابوو کە کەلێنی نەبوونی گیانی سیاسی لە ناو کوردا کەمێک پڕکردبووەوە. بە جۆرێ کە ئەم شێوازە خوێندنە سەرانسەری کوردەواری لێکگرێدابوو، هیچ پیشەیەکی تر وەک بازرگانی، وەرزێریی، پیشەسازیی و ... تاد واینەکردبوو. فەقێ و مەلایان بە هەموو کوردستاندا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بۆ خوێندن بڵاو دەبوونەوە و لەو جێگۆڕکێیەدا خەڵکیان دەناسی و بە یەکتریان دەناساندن. "وەک بە هۆی خوێندنەوە مەلایێکی سنەیی گەیشتۆتە کۆیێ و دیاربەکر یان خود فەقێی موکری و بادینی و سۆرانی لە مزگەوتی ئاواییەکی کوردستاندا کۆ بوونەتەوە بە هیچ هۆیێکی دیکە و لە هیچ مەیدانێکی تردا کوردی ئەم سەرەوسەری کوردستان وەها کۆ نەبوونەتەوە. سەرەڕای زۆری ژمارەی ئەو فەقێ و مەلایانە کە هاتوچۆکەیان کردووە، کاتی دورودرێژی خوێندنیشیان و مانەوەیان لە غەریبی، قووڵایی و فراوانییەکی بەو پەیوەندییە بەخشیوە کە گەشتەکەیان بەرهەمی هێناوە لە نێوان خەلقدا زۆر زەحمەتە لە کارێکی تردا بەرهەمی بێ، یاخود هەر نایێ."(16) ژمارەی فەقێ و مەلایانی گەڕیدە لە ژمارەی ئەو کەسانەی کە بۆ مەبەستی تر کوردستانیان پێواوە، پتر بووە. بۆ وێنە، بە هۆی زۆری مەلای وانەبێژ و فەقێ باژێری سنە بە ماڵی زانست (دارالعلم) ناوبانگی دەرکردبوو یان سەردەمێک لە شاری کۆیێ 500 موستەعید و فەقێ خوێندوویانە. بەشی هەرە زۆری ئەو فەقێیانەی کە لە مزگەوت و تەکیە و خانەقاکانی کوردستان ژیاون لە شوێنانی دوورەوە بۆ خوێندن روویان دەکردە ئەوێنانە. خوێندنی فەقێیەتی تایبەت بە یەک دوو جێگە نەبووە و مەلا و فەقێیەکان لە هەموو ئەو شوێنانەیدا بڵاوبوونەوە کە مەلای وانەبێژی لێبووە.(17)
بە بۆچوونی مەسعود محەمەد، گەشتی فەقێیان بە دوا خوێندندا شادەمارێکی پەیوەندیی گشتی بوو لەم سەرەو سەری کوردستان بۆ ماوەی سەدان ساڵ کە هیچ جووڵانەویەکی دیکە وەک ئەوە نەبووە. ئەم شێوازە خوێندنە یەک شێوەیە و تێکەڵبوونی مەلایان لەگەڵ ژیانی رۆژانەی خەڵک، تاڕادەیێک ببووە هۆی پێکهاتنی هەستێکی کۆمەڵایەتی یەک رەنگی بۆ گەلی کورد. ئەو بۆ مەلاکان کە دوای گەڕانی زۆر شوێنی کوردستان، لەسەر زاراوە و خوو و رەوشت و ژینی ئەو خەڵکە شارەزا دەبن، چەمکی "بالیۆزی گەڕۆک" بە نوێنەری لەو ناوچانەی کە لێیان خوێندوە، بەکاردێنێت. خوێندنی فەقێیان لە نێو سنووری کوردستانی گەورە پیشان دەدات کە کورد لە رووی خوێندەواریەوە پێویستی بە هانا بردنە بەر بێگانە نەبووە و زۆربەی مەلایانی ناوداری کورد زۆری خوێندنی خۆیان هەر لە کوردستان بوون.(18) ئێستاش هەر هەن فەقێ و مەلایانێک کە لە گەڕاندان و کەم پێش دێت لە زێدی خۆیان بمێننەوە یان تا سەر لەوێ بن. ئەم توێژە بە شار و دێی کوردستاندا دەخولێنەوە و هەر ماوەیەک لە مزگەوت و شوێنێک دەبن. گەرچی ئێستا دەوری هەندێکیان قوتاربووەتەوە بە پاراستنی نەریت و پارێزکاریی  و تەنانەت بوون بە پیاوی نەیارانی کورد.
لێرەدا بۆ وێنە دەکرێ بە گەڕانی فەققێیەتی هەندێ لە گەورە هۆنەرانی کلاسیکی کورد ئاماژە بکرێت کە لە سەر رێبازی فەقێیەکانی کوردستان و بەپێی خوێندنی باوی ئەو سەردەمە گەشت و گەڕانی دوور و درێژیان هەبووە و لە پێناوی وەرگرتنی زانستە ئایینییەکاندا شار و دێهاتە قوتاخانەدارەکانی بەشێکی کوردستان گەڕاون و دوا پلەی ئەو خوێندنەیان بڕیوە و رێگەی مەلایەتییان پێدراوە. مەولەوی، لە هەڵەبجە بۆ پاوە و مەریوان و سنە و بانە و سلێمانی چووە و دیسان گەڕاوەتەوە هەڵەبجە و لەوێ چووە بۆ جوانڕۆ و دیسانەوە بۆ سنە و پاشان سلێمانی. نالی بۆ خوێندن شوێنگەلێک وەک سنە، مەهاباد، قەرەداغ، هەڵەبجە و سلێمانی گەڕاوە. سەبارەت بە ژیانی وەفایی هاتووە کە لە مەهابادەوە بۆ خوێندن چووەتە ناوچەی سلێمانی و شارەزوور و لەوێشەوە سەردانی موسڵ و بەغدا دەکات و دەگەڕێتەوە مەهاباد. حاجی قادری کۆیی لە ژیانی فەقێیەتیدا گەشتی بە چەند هەرێمێکی کوردستاندا کردووە بۆ خوێندن و هەندێ شاری کوردستانی باشوور و رۆژهەڵات گەڕاوە و لە رۆژهەڵات لە مەهاباد، ناوچەی لاجان بەرەو سەردەشت و بانە خوێندوویەتی. گەڕانی فەقێیەکان بۆ خوێندن گەر لە دەرەوەی کوردستانیش لە شوێنێ وەک بەغدا بووبێت دیسان زۆربەیان لای کەسانی گەورەی کورد بوون. بۆ وێنە مامۆستا مەحوی بۆ خوێندن چووەتە سنە و مەهاباد و بەغدا کە لە بەغدا فەقێی زانای بە ناوبانگی کورد، موفتی زەهاوی بووە و پاش ماوەیەک گەڕاوەتەوە سلێمانی.(19)
دەوری خوێندنی فەقێیەتی و توێژی مەلایان لە پێکهاتنی هەستی نەتەوایەتیدا
هێنانی باسی رووناکبیرانی مانهایم لێرەدا بۆ مەبەستی ناودێرکردنی ئەم توێژە وەک "رووناکبیر" لە واتای ئەورۆکەییدا نییە و لە چوارچێوەی پێناسەی ئەوەشدا ناگونجن، گەرچی هەندێکیان بە قۆناخی کیلیاستی رووناکبیریی و پێناسەی رووناکبیرانی ئایینی-نەتەوەیی نزیک بوونەتەوە، بەڵام ئەمانیش لە چین و توێژی جۆراوجۆریی کوردەوارییان تێدا بووە و گەڕۆک بوون و بە جۆرێ رۆڵێکی وەک رووناکبیریانی سەرەتاییان لەو سەردەمەی کوردستاندا بووە لە باری دەرکەوتن لە چینی کۆمەڵایەتی خۆیان و پێوەندییان و جاروباریش وەدەنگهاتن و هەڵوێستیان لە سەر بەرژەوەندیی گشتی کوردستان. کەواتە لەم تیۆریە نەک بۆ سەلماندنی رووناکبیربوونی ئەم توێژە بەڵکو بۆ پێکهێنانی شێوازی پێوەندیی و یارمەتی بۆ پێکهاتنی بیریی کوردی کەڵک وەرگیراوە.
بەپێی تیۆری مانهایم لە پێوەندی لەگەڵ رووناکبیران و لەو ئاڕاستەیەدا خۆدۆزینەوە یان خۆدەرخستنی گروپە کۆمەڵایەتییەکان، ئاکاری گروپەکانی تر (لێرەدا نەتەوەکانی تر) و جیاوازییان دەبێتە هۆی پێوەندیی ناوخۆیی کورد و لە ئاکامدا پێداچوونەوە بە پێناسەی خۆ کە لەلایەن دیترانەوە بۆی کرابوو. سەبارەت بە نەتەوە، تەنانەت مانهایم ئەم پێناسەی بەکۆمەڵە لە خۆ واتە ناسیونالیزم بە قۆناخێک لە دێمۆکراسی دەزانێت. ئەو دەڵێت: "دێمۆکراتیزاسیۆن لە قۆناخی یەکەمدا بەرابەری و رەوشی هاوبیری جیهانی پێکناهێنێت بەڵکو تیشک دەخاتە سەر جۆراوجۆریی بەکۆمەڵ. لەڕاستیدا، ئێمە بەردەوامی گەشەی ناسیونالیزم زیاتر لە جیهانیخوازیی دەبینین. پڕۆسەی دێمۆکراتیک کە توانستی گشتی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆ زێدە دەکات سەرەتا خەڵکی هاودۆخ یەکدەخات و خۆئاگایی نەتەوەیی پێش ئاگایی جیهانی رادەچڵەکێنێت."(20)
لە جموجووڵی فەقێ و مەلاکاندا دابڕانێک لە بازنەی هۆز و هۆزایەتی و زاراوە و ناوچە روودەدات و بە ناوی کورد پێوەندییان لە جوگرافیای کوردستاندا هەبووە و یارمەتی دۆزینەوەی "شوناس"ی کوردیان داوە. بەتایبەت ئەو بەشەیان کە روویانکردە هەڵبەست و نووسین لە دۆزینەوەی "خۆ"ی کۆمەڵگای کوردیدا دەوری گرنگیان هەبووە. تاکەکان بنەما هاوبەشەکان لەوانە کوردبوون و خوێندن دەدۆزنەوە و بە پێناسەیەکی هاوبەش لە رۆڵی خۆیان دەگەن و بەندوباوی هەبوو دەخەنە بەر پرسیارەوە. تاکی دابڕاوی فەقێ و خوێندەوار بەرەبەرە هاوکات لەگەڵ خۆپێناسەکردن وەک فەقێ و مەلا بەرەو خۆپێناسەکردن وەک کورد چوو و بە جۆرێ بنەمایەکی بۆ پێناسەی مۆدێڕن لە کورد پێکهێنا. سووڕی فەقێ و مەلا لە بازنەی کوردستان و پێوەندیی لەگەڵ خەڵک و وەرگرتنی پشتیوانی لەوان، هاوکات "دیتران"ی کوردیش دیاریی دەکات و لە روانگەی مانهایمەوە لەسەر خۆدۆزینەوەی گروپە کۆمەلایەتییەکان، یارمەتی دەدات بۆ وەڵامدانەوەی ئەوەی کە "ئێمە کێین؟"(21) و لە ئاکامدا کەسانێکیان لێدەردەکەوێت کە ئەم پرسیارە دەکەن و وەڵامی دەدەنەوە.
لە روانگەی کۆمەڵناسانەوە بە گوێرەی چین و توێژەکانی تر، رووناکبیرانی ئازادی سەردەم، دوایین گروپن کە وەک توێژێک سەرهەڵدەدەن بە هۆی بارودۆخیانەوە کە لە دابەشکاریی کۆمەڵایەتی کاردا هیچ بەشێکی کردەیی و بنەڕەتی کۆمەڵگا پێکناهێنن.(22) بەپێچەوانەوە، لە رەوتی کۆمەڵایەتی پێکهاتنی گروپەکان لە کوردستاندا، لە راستیدا توێژی فەقێ و مەلا وەک گروپێکی داخراو لە روانگەی مانهایمەوە لە یەکەم گروپەکان بوون کە بە خاڵی کۆمەڵناسانە دەگەن و لە کۆمەڵگای نەریتیدا کردەی کۆمەڵایەتی ئایینیان هەبووە و بە پێناسەیەکی بەکۆمەڵ لە خۆیان گەیشتن و لە قۆناخی دواتردا لە ناخیانەوە کەسانێ دەرکەوتن کە بەرەو پێناسەی نەتەوەیی چوون و هەوێنی پێوەندیی نەتەوەییشیان پێکهێنا. خوێندنی فەقێیەتی و مەلایەتی قۆناخێکی نێوەنجی بۆ گەیشتن بە قۆناخێکی بانتر و لە ئاستی نەتەوەدا بووە کە بۆ رووناکبیرانی نەریتی پێویست بووە. هەروەک خوێندکاری ئەوڕۆ کە بە رۆشتن بۆ زانکۆ، لە هەندێ گرێدراوی خێزانی، هۆزی و... تاڕادەیەک دادەبڕێت و پێوەندیی زیاتر و ئاگاتر دەبێت، لە سەردەمی زووتریشدا قۆناخی فەقێیەتی خوێندەوارانی لە هەندێ گرێدراوی سەرەتایی دابڕیوە و بواری خۆش کردووە بۆ بەرەو ئاگایی نەتەوەیی چوون. هەروەها کە لە کەسانێک وەک حاجی قادردا دەبینرێت.
لەلایەکی ترەوە، هەروەها کە لە تیۆری مانهایمدا گومانێک لەسەر لانەوازی و ماڵ بە کۆڵی و بێ رێخەبوونی رووناکبیرانی مۆدێڕن دەبینرێت، رووناکبیران بەتەواویش بەرەڵا و دڵساردبوو و دابڕاو لە کۆمەڵگا و ئاگادار لەسەر چەند جیهان و بەها ناکۆکەکان نین. بەڵام ئەو سەر بە چین یان پلەوپێگە نەبوونە ئەو هەلەیان بۆ دەڕەخسێنیت کە بتوانن لەسەر ئەوەی کە چ کۆمەڵە بیرۆکەگەلێکی باو، تەواو و شیاوە بۆ کەشی هزریی زاڵ بڕیار بدەن، نەک هەندێ هەقێقەتی راستەقینە بدۆزنەوە.(23) لە چینی خوێندەوارانی نەریتی کوردستانیشدا ئەو دابڕانە تەواو نەبوو و وێرای پێکهاتنی توێژی نوێ لەگەڵ کۆمەڵگای چاوک و کۆمەڵگای بەردەنگ و نوێدا پێوەندییان هەبووە و کاریگەرییان لەسەریان هەبووە. لە کاتێکدا کە ئەو دابرانە لەو ئاستەشدا هەلی بۆ هەندێکیان چێ کرد کە هەندێ بیرۆکەی شیاو بهێننە ئاراوە. بۆیە وەک وەسفی ئایینی رووناکبیران لە تیۆری جولین بێندا(24) و رووناکبیرانی سەربەخۆی مانهایم و "رووناکبیران لە تاراوگە"ی ئێدوارد سەعید کە لە هەندەراندا شاکارەکانیان دەخولقێن، ئەم توێژە ئایینیە تاڕادەیەک دابڕاو و پێوەندیدەر و گەڕیدە بوون و شاکارەکانی وێژەی کوردی و بیری ناسیۆنالیستی سەرەتایی کوردی لە نێو ئەمانەوە هەڵقوڵی. هەروەها وەک بەشێک لە کوردی هەندەران لە ئەستەمۆڵ، رۆڵێکی گرنگی لە سەرهەڵدانی ناسیونالیزمدا هەبوو کە لە سەرەتادا لە باری وێژەییەوە نالی و دواتر لە باری سیاسیی-کۆمەڵایەتییەوە حاجی قادری کۆیی تێیدا رۆڵی بەرچاویان هەبوو. ئەو گەشت و مانەوەیان هەلی بۆ روون بوونی زیاتر و وەرگرتنی ئاگایی زیاتر دەڕەخساند و لە ئاکامدا دەسکەوت و شوێنەواری زیاتر بوو.
وەک چۆن ژان ژنە (Jean Genet)، یەکێک لە نووسەرە گەورەکانی سەدەی بیستەم، دەڵێت "هەر ئەو ساتەی کە وتار یان بابەتێکتان لە کۆمەڵگایەکدا بڵاوکردەوە، چوونەتە ناو ژینی سیاسی ئەو کۆمەڵگا،"(25) هەندێ لە خوێندکارانی حوجرە وەک هۆنەرانی کلاسیکی کورد لەوانە خانی، جزیری، مەولەوی، نالی، حاجی قادر و ... تاد هەر بە دەسپێکی نووسینیان و بە تایبەت نووسینی کوردی کەوتوونەتە ناو سیاسەتی کوردییەوە کە کەسێک وەک حاجی قادر بە بیر و کردەوەش سیاسی بووە. لە ئاڕاستەی ئەو وتەی ئێدوارد سەعید سەبارەت بە رووناکبیران کە دەڵێت: "هەموومان لە نێو سنوورە نیشتمانییەکاندا دەژین، لە زمانە نەتەوەییەکان کەڵک وەردەگرین، و زۆربەی کات روومان لە کۆمەڵگا نەتەوەییەکانە."(26) ئەمانەش لە زمانی نەتەوەی خۆیان کەڵکیان وەرگرت و رووی قسەیان لە خەڵکی خۆیان بوو. ئەگەرچی بە بیرۆکەی جیهانی نەگەیشتن بەڵام پەرۆشی نەتەوە و زمانی نەتەوە و بەرابەری نەتەوەکانیان بووە. واتە بە قۆناخی بیریی نەتەوەیی لە باسی دێمۆکراتیزاسیۆنی مانهایمدا گەیشتبوون. هەروەها لە ئاڕاستەی وتەیەکی تری ئێدوارد سەعید کە "ئامانجی کردەوەی رووناکبیریی بەرزکردنەوە و پێشخستنی ئازادی و زانیاریی و مەعریفەی مرۆڤە"(27)، ئەو توێژە لە بوێژ و نووسەرانی سەرەتایی کورد، بە پێی کات و شوێنی خۆیان هەر ئەو ئامانجانەیان بۆ مرۆڤی کورد لەبەرچاوگرتبوو. بۆ وێنە دەرکەوتەیەکی خوێندنی فەقێیەتی، ئەحمەدی خانی بووە کە بەداخەوە بوو بۆ نەبوونی دەوڵەتێکی کوردی. یان حاجی قادر کە ئاواتی یەکیەتی کورد و کوردستان و پێکهاتنی دەوڵەتێکی کوردی بووە و بە پلەیەک پێشکەوتن لە پێشینیانی خۆی، بەرنامە دادەنێ بۆ یەکیەتی و برایەتی و بەرابەری لەگەڵ نەتەوەکانی تر.(28)
هاوکات و لە قۆناخەکانی دواتردا توێژی فەقێ و مەلایان بە کردەوە کاری سیاسییان کردووە. رێبەرایەتی زۆرێک لە بزووتنەوە کوردیەکانی سەردەمی خەباتی نەریتی بە ئەستۆی شێخانێک بوو کە مەلایەتییان خوێندبوو و مەلایان لە دەوریان خڕ ببوونەوە. لە بزووتنەوە نوێیەکانیشدا چ لە ئاستی رێبەر و چ لە ئاستەکانی خوارتردا مەلا و زانا ئایینیەکان دەوریان گێڕاوە. لێرەدا ئاماژە بە بیرەوەریەکی مەلا عەبدولرەحمان لاهیجانی، ئەندامی پێشووی حێزبی دێمۆکراتی کوردستانی رۆژهەڵات، وەک نموونەی کاری سیاسی فەقێ و مەلایان پیشاندەری پێکهێنانی پێوەندییەکی کوردستانی و نەتەوەیی لە سەردەمی نزیکتردا، لەلایەن ئەم توێژەیە، کە دەگێڕێتەوە: "...رۆژێ فەقێیەک لە مەهابادەوە هاتە لام و وتی هاتووم بە دواتدا کە بێی بۆ مەهاباد بۆ لای بەڕێز مەلا حەسەنی قزڵجی و مەلا محەمەدی تورجانی زادە. پێم خۆش بوو و پێکەوە چووین... داوایان لێکردم کە گەشتێک بکەم بۆ کوردستانی عێراق بۆ لای سەی حوسێنی حوزنی لە شاری رەواندز... سەرەتای هاوینی ساڵی 1932 لەگەڵ سێ فەقێ تر چووینە کوردستانی عێراق... خۆمان بە سەی حوسێن ناساند و رەمزی دڵنیاییمان پێ وت... رۆژانی هەینی لای ئەو وانەی سیاسی و نەتەوەخوازیی کوردیمان بۆ ماوەی 6 مانگ خوێند و دواتر گەڕاینەوە ئێران و وانە و راسپاردەکانی ئەومان بە قزڵجی و تورجانی زادە و مەلا ئەحمەدی فەوزی گەیاند."(29) نموونەی زۆری وەها لە چالاکی حوجرەی مزگەوتەکانی کوردستان هەیە بەتایبەت چالاکی فەقێ و زانایانی ئایینی لە كۆمەڵەی ژ.ک دا و لەوانە قازی محەمەد، کە هەموویان لە پێناوی نەتەوە و هەستی نەتەوایەتیدا بوون.
وتەی دوایی
وەک دەرکەوت شێوازی پێکهاتنی توێژی فەقێ و مەلایان لە کوردستان وەک نموونەکانی کاڕڵ مانهایم بووە. تاکەکان لە رێگای خوێندنەوە لە هەندێ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دادەبڕێن و هاودۆخییان دەبێتە هۆی دەرکەوتنیان وەک توێژێک و لە نێویشیاندا هەندێ رووناکبیری خاوەن رێبازی عارفانە دەردەکەوێت. لە سەردەمێکدا ژیانی فەقێیەتی و گەڕان بە شوێن خوێندن و پێوەندییان لە نێو سنووری کوردستان و نەچوونە دەرەوە بۆ فێربوونی زانست لە خۆیدا گیانێکی نهێنی کوردایەتی و پردێکی پێوەندی لە نێوان کوردان بە گشتی پێکهێنا. فەقێ کورد لە هەر هۆز و زاراوە و ناوچەیەک، و لە هەر چین و توێژێک، لە شوێنی خوێندن واتە حوجرەی هەندێ لە مزگەوتەکانی کوردستان کە وانەبێژی گەورەیان هەبوو خڕ دەبوونەوە و لەسەر بنەمای هاوبەشی خوێندن و کورد و ئایینی بوون توێژێکی نوێیان پێکدەهێنا و لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ خەڵکی پێوەندییان هەبوو و خەڵکیش پاڵپشتیان بوون. ئەم پێوەندییە سنوورە دەسکردەکانی نێوان دەوڵەتانی ئێران و عوسمانی و وڵاتانی پاش عوسمانی بەزاندبوو و جووڵەیەکی لە نێو کوردستاندا پێکهێنابوو کە دەسکەوتی زیاتر لە توێژەکانی تر بوو و هەوێنی پێوەندییەکی گشتیتر و گیانی کوردستانی بووە و لە ئاکامدا لە نێو ئەم جموجووڵەش بیری سیاسی و کوردایەتی دەرکەوت کە نوێنەرە سەرەکیەکەی کەسێ وەک حاجی قادری کۆیی بووە. لە قۆناخەکانی دواتریشدا فەقێ و مەلایان بۆ ماوەیەک پێوەندیدەری رەوتی سیاسی گشتی کورد بوون. هەرچۆنێک بێت، شێوازی خوێندنی نەریتی و پێکهاتنی توێژی هەرچەند داخراوی مەلایان کە لە نێویانەوە رووناکبیرانی خاوەن ئایدیال و رێبازی عارفانە دەرکەوتن، دەکرێ وەک قۆناخی سەرەتایی رووناکبیرانی ئەو سەردەمەی کوردستان رەچاو بکرێن. پەرۆشی ئەوانیش بەرابەری و دادپەروەریی لە ئاڕاستەی مرۆڤایەتیدا بووە کە پەرۆشێکی جیهانییە.

 

بۆ داگرتن کلیک لێرە بکە


سەرچاوە و پەراوێز:
1-Karl Mannheim, Essays on the Sociology of Culture, Volume seven, New York, 2003, p. 99.
2-K. Mannheim, Ideology and Utopia, An Introduction to the the Sociology of Knowledge, New York, 1954, p. 224
3-نصرت الله رئیسی، روشنفکران، ایدئولوژی­ها ی یوتوپیا از دیدگاه کارل مانهایم، نقدی بر اندیشه­ی جامعه­شناسی آلمانی با برداشتی از کتاب "ایدئولوژی و یوتوپیا"، ترجمه: ف. مجیدی، مجله نگین، دی، 1357 (1979)، شماره 162. و: (Mannheim, 1954,. P. 233).
4-رئیسی، 1979.
5-Mannheim, 2003, p. 127
6-Mannheim, 1954, p. 139
7-رئیسی، 1979.
8-Mannheim, 1954, p. 232
9-Mannheim, 2003, p. 123
10-Mannheim, 1954, pp. 138-139
11-محمد جواد زاهدی و محمد حیدرپور، جامعەشناسی انزوای روشنفکران (نقد کنش­های روشنفکران عصر مشروطه تا پایان سلطنت پهلوی اول)، مجله جامعه شناسی ایران، دوره نهم، شاره 1 و 2، بهار و تابستان 1387 (2008)، ص 127-164. و: Mannheim, 2003, p. 104
12-Mannheim, 1954, p. 137 - لە وەرگێڕانی زمانی ئاڵمانییەوە بۆ سەر زمانەکانی تر چەمکی رووناکبیرانی ئازاد، سەربەخۆ، هەڵاواسراو یان ناپاشکۆ بەکار هێنراون.
13-Ibid., p. 138-141
14-مەسعود محەمەد، حاجی قادری کۆیی، بەشی یەکەم، بەغدا: کۆڕی زانیاریی کورد، 1973، لل 255-257.
15-هەر ئەوە، ل 264.
16-هەر ئەوە، لل 266-267.
17-هەر ئەوە، لل 270-269.
18-هەر ئەوە، لل 276-273.
19-پێشەکی دیوانی مەولەوی، کۆکردنەوە و لێکدانەوەی عەبدولکەریمی مودەڕڕیس، بەغدا؛ پێشەکی دیوانی نالی، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی: عەبدولکەریمی مودەڕڕس و فاتێح عەبدولکەریم، بەغدا: کۆڕی زانیاریی کورد، 1976، ل 24؛ پێشەکی دیوانی وەفایی، کۆکردنەوەی عوبەیدوڵڵای ئەیوبییانی مەرکەزی، ئامادەکردنی عوسمان دەشتی، هەولێر: ئاکادیمیای کوردی، 2012، ل. 83؛ پێشەکی دیوانی حاجی قادری کۆیی، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی سەردار حەمید میران و کەریم موستەفا شارەزا، سنە: بڵاوکراوەی کوردستان، 1390، ل 14؛ مەسعود محەمەد، 1973، ل 256؛ مەسعود محەمەد، حاجی قادری کۆیی، بەشی دووەم، بەغدا: کۆڕی زانیاریی کورد، 1974، ل 231 و 234؛ پێشەکی دیوانی مەحوی، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی: عەبدولکەریمی مودەڕڕس و موحەممەدی مەلا کەریم، لە پێشەکیدا ل. 7.
20-Mannheim, 2003, p. 91, p. 97, p. 100
21-Ibid., p. 92
22-Ibid., p. 101
23-Peter Baehr, Philosophy, Sociology, and the Intelligentsia: Hannah Arendt’s Encounter with Karl Mannheim and the Sociology of Knowledge, 2007, Pp. 341-373, p. 362.
24-جولین بێندا (Julien Benda) بە هۆی پێگە و رۆڵێ کە بۆ روناکبیرانی لەبەرچاودەگرێت، وەسفێکی ئایینی وەک مەلایانی لە رووناکبیران هەیە. بۆ ئەو رووناکبیرانی راستەقینە زۆر کەمن و لە پەنای رووناکبیرانی سەردەمی نوێدا، ئاماژە بە کەسانێ وەک سوقرات و مەسێح دەکات. رووناکبیرانی راستی بە کەسانێ دەزانێت کە لە چوارچێوەی رێکخراوی هەستیارانەدا وەک فیرقەخوازیی، هەستیاریی ئاپۆرەیی، دژایەتی ناسیۆنالیستی، بەرژەوەندی چینایەتی نەبن(بڕواننە: ئێدوارد سەعید، 2003، لل 43-44).
25-ادوارد سعید، نقش روشنفکر، ترجمه: حمید عضدانلو، تهران: نشر نی، چاپ دوم، 1382 (2003)، ل. 152.
26-هەر ئەوە، ل. 139.
27-هەر ئەوە، ل. 55.
28-مەسعود محەمەد، حاجی قادری کۆیی، بەشی سێهەم، بەغدا: کۆڕی زانیاریی کورد، 1976، لل 362-365.
29-Sabah Mofidi, Religion and Politics in Eastern Kurdistan (With a Focus on Maktab Qur’an During Iranian Revolution, 1979), Journal of Politics and Law, Vol. 8, No. 3, September 2015.

# رۆژهەڵاتی کوردستان # باکوری کوردستان # باشوری کوردستان # رۆژئاوای کوردستان # کوردستان

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure