تیغی سەلەفییەكان عەبدوللەتیف ئەحمەد دەبڕێت

22/07/2017

:: ئیدریس سیوەیلی
لە بەیاننامەیەكدا ڕائید ئالتاهیر كە سەلەفییەكی عێراقییە، دەڵیت ״باوكی حەق– عەبدوللەتیف ئەحمەد- دەستبەرداری مەنهەجی سەلەفی بووە و پەیڕەویی لە بنەماكانی ئەهلی مومیع دەكات و تانەی لە هەردوو شێخ ڕەبیع و شێخ عوبێد- خوا بیانپارێزێت- داوە.
بە تەنها قسەكردن لەسەر شێخ ڕەبیع مەدخەلی بەس بوو بۆ ئەوەی سەلەفییەكان جامی تووڕەییان بەسەر عەبدوللەتیف ئەحمەد سەلەفی كەسایەتیی ناسراوی سەلەفییەكانی كوردستان بڕێژن.
ئەوان تۆمەتباری دەكەن بەوەی تانەی لە شێخ ڕەبیع و عوبێد جابری داوە كە دوو مەزنەڕێبەری سەلەفی مەدخەلین.
به‌ياننامه‌كه‌ى ڕائيد ئالتاهير ده‌ڵێت: ״ئەو ئامۆژگاریی زانایان و قوتابییانی زانستە شەرعییەكانی وەرنەگرت كە چەند جار ئاگاداریان كردەوە، بۆیە ئامۆژگاریی زانایان و گەنجانی سەلەفی دەكەین بە دەستبەرداربوونی״.

لە ئێستادا سەلەفییەكان بەسەر هەردوو بەرەی مەدخەلی و حەلەبی دابەش بوون، یەكەمیان لە لایەن ڕەبیع كوڕی هادی مەدخەلی و دووەمیشیان لە لایەن عەلی حەلەبی ڕێبەرێتی دەكرێن، هەردووكیان لە جیهانی ئیسلامیی هەواداریان هەیە و ململانێیەكی سەختیش لە نێوان ئەو دوو ڕەوتە هەیە، كوردستانیش بەدەر نییە لەو ململانێ نێوخۆییەی سەلەفییەكان، حەلەبییەكان لە لایەن نەیارانیانەوە بە مومیع واتە شڵڕەو ناو دەبرێن، ئەوانیش مەدخەلییەكان بە حەدادی ناوزەد دەكەن.

هەرچەند عەبدوللەتیف ئەحمەد تەزكیەی شێخ ڕەبیع و چەندین زانای ناو ئەو ڕەوتەی هەیە، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی ڕەخنەگرتنی لە شێخ ڕەبیع مەدخەلی و عوبێد جابری كەوتووەتە بەردەم تیغی قەڵەمی ڕەوتی مەدخەلی، بە شێوەیەك كە چەندین بەیاننامەیان لەسەر دەركردووە و وتاریان لەسەر نووسیوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تویتەر و فەیسبووك بەردەوام ڕەخنەی لێ دەگرن، خودی ڕەبیع مەدخەلییش چەندجار قسەی لەسەر عەبدوللەتیف ئەحمەد كردووە، كە هەوادارانی لە سایت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەقی قسەكانیان بڵاو كردووەتەوە، لە وەڵامی پرسیارێكدا دەربارەی عەبدوللەتیف دەڵێت: ״دەستبەرداری مەنهەجی سەلەفی بووە كە پێشتر لەسەری بوو، درۆزنە، لێی دوور كەونەوە، وەڵامی هەر كەسێكی ئەهلی باتڵ بدەنەوە لە ڕافزی، سروری و ئیخوانەكانی وەكو ئەبوو عەبدولحەق״، بە وتەی لایەنگرانی كە وتەكانیان بڵاو كردووەتەوە، شێخ ڕەبیع ئەم قسانەی لەماڵی خۆی لە میوانداریی ژمارەیەك سەلەفی عێراقی كردووە لە (30/4/2017). هەر لەو چوارچێوەدا ڕۆژی (19نیسانی2017) ژماریەك قوتابی سەلەفی شاری كەركوك كە زیاتر لە (15) كەس بوون لە كاتی گەشتی عومرە سەردانی شێخ ڕەبیع دەكەن لە ماڵی خۆی، بەشداربووانی ئەو میواندارییە بڵاویانكردوەتەوە كە شێخ ڕەبیع ئاگاداری كردوونەتەوە لە عەبدوللەتیف و شوێنكەوتوەكانی، داواشی لێ كردوون ئاگاداری ئەوانە بكەنەوە كە تا ئێستا هیچ هەڵوێستێكیان نییە بەرامبەری و ئەگەر بەردەوام بوون لە مانەوەیان بەو شێوەیە ئەوا پەیوەندی بپچڕینن لەگەڵیان، هەروەها وتوشیەتی ״گومانم هەیە سەرچاوەی دارایی عەبدوللەتیف ئەحمەد (جمعیة التراث) بێت״.

ئەبوو عومەر مەشهەدانی، كە كەسایەتییەكی سەلەفی عێراقییە، لە ئەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەلایەتیی تویتەر باس لە ناوەڕۆكی دیدارێكی خۆی و شێخ ڕەبیع مەدخەلی دەكات و نووسیویەتی ״شێخ ڕەبیع ئامۆژگاری كردم كە سڵاوی بگەیەنم بە سەلەفییەكانی عێراق بە گشتی و برایانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، ئامۆژگاریشی بۆ هەموان ئەمەبوو:

1-ترسی خوای گەورەیان هەبێت.
2-واز لە ناكۆكیی نێوانیان بێنن و سەرقاڵبن بە بانگەوازكردن بۆ مەنهەجی سەلەفی.
3-شانبەشانی یەك وەڵامی لادانەكانی عەبدوللەتیف كوردی بدەنەوە و بۆ هەموو خەڵكی ڕوون بكەنەوە.
4-نەرمی بنوێنن بەرامبەر ئەوانەی واز لە عەبدوللەتیف سەلەفی دەهێنن و هەڵە عەقیدەیی و مەنهەجییەكانی ئەوی بۆ ڕوون بكەنەوە״.

عوبێد جابری كە كەسایەتییەكی دیاری تری سەلەفی مەدخەلییە لە سعوودییە، هەڵوێستی خۆی دەربارەی عەبدوللەتیف ئەحمەد لە چەند شوێنی جیاواز دەربڕیوە، ئەو دەڵێت ״عەبدوللەتیف پیاوێكی درۆزنە، فێڵبازە و بە هیلاك چووە، هەموو ڕۆژێك تاریكی دێنێت نەك ڕووناكی، هۆكاری پەرتەوازەیی شوێنكەوتووانی سەلەفە لە عێراق و كوردستان״. سەبارەت بە شوێنكەوتوەكانیشی، عوبێد جابر دەڵێت ״من دەموت ئەوەی لەگەڵ عەبدوللەتیف بوو و بەرگری لێ دەكرد و شتی بۆ نووسی نەرم بن لەگەڵیان و لە كاتی گەڕانەوەیان لە خۆیان بگرن، بەڵام ئێستا دەڵیم پێویستە لەسەریان ڕاوبۆچوونیان ڕوونبكەنەوە بەرامبەر عەبدوللەتیف״. لە دوایەمین هەڵوێستیشدا جابری دەربارەی لایەنگرانی عەبدوللەتیف دەڵێت ״پێویستە ڕاوبۆچوونیان دەربارەی عەبدوللەتیف ڕوون بكەنەوە، بە ئاشكرا تەوبە بكەن لەسەر ئەوە و دان بە هەڵەكانیاندا بنێن״.

هەڵبەتە جابری تاكە كەس نییە كە داوای تەوبەی ئاشكرا لە عەبدوللەتیف و شوێنكەوتووانی دەكات، بەڵكو چەندین كەسایەتی سەلەفی لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان هاوهەڵوێستن لەمەڕ ئەو بابەتە، لەوانە: ڕائید ئالتاهیر، هۆشیار ئەحمەد چەمچەماڵی، سیروان ئەشقەر، جبرائیل بابان، دانا عەبدوڵڵا، عەبدولكەریم قەیتولی، یوسف ڕەشید.
هەر دەربارەی تەوبەكردنی شوێنكەوتوانی عەبدوللەتیف ئەحمەد، سەلەفییەكان پرسیار لە عەبدوڵڵا بن سلفیق ئەلزوفەیری دەكەن كە زانایەكی سەلەفی سعوودییە، لە پرسیارەكەدا هاتووە: ئەو كەسانەی لەگەڵ عەبدوللەتیف ئەحمەدن، كاتێك حاڵی دەزانن و دەستبەرداری دەبن، ئایا لەسەریان پێویستە تەوبە بنووسن و ئاشكرای بكەن و پۆزش بێننەوە تا تەوبەكەیان قبووڵ بكرێت؟ ناوبراو لە وەڵامدا دەڵیت ״هێندە بەسە كە برایانمان واز لە عەبدوللەتیف بێنن و بگەڕێنەوە بۆ قسەی زانایان دەربارەی ئەو، بەتەنها دەستبەرداربوونی بەسە بۆ تەوبەكردن، ئەمە مەنهەجی پێشینە باشەكانمانە، هەروەك لە سەردەمی هاوەڵان چەندین كەس لە خەواریج وازیان هێنا و بە تەنها دەستبەرداربونیان بەس بوو بۆ تەوبە״.

لەناو سەلەفییە كوردەكانیش كەم نین ئەوانەی دژی عەبدوللەتیف وەستاونەتەوە، ئەوانەی پێشتر ناویان هێنرا زۆرترین كاردانەوەیان بەرامبەر عەبدوللەتیف ئەحمەد نواندوە، (یوسف ڕەشید) كە یەكێكە لەو كەسایەتییانە دەڵیت ״عەبدوللەتیف و دەستوپێوەندەكانی وەكو حەلەبی و دەستوپێوەندەكانی قسەیان لەسەر شێخ ڕەبیع كردوە، هیچ نامۆ نییە كە باڵندە لە هاوشێوەكانی دەچێت״. ناوبراو لە شوێنێكی تردا دەڵێت ״هەركەس بەرگری لە حەلەبی بكات و تانە لە شێخ ڕەبیع و شێخ عوبێد بدات وەكو حەلەبی وایە!״.

ڕائید ئالتاهیر، كە سەلەفییەكی عێراقییە بەردەوام لە دژی عەبدوللەتیف ئەحمەد لە چالاكیدایە، ئەو بە ئاشكرا سوپاسی چەند كەسایەتی سەلەفی كورد دەكات كە ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو لە ڕوونكردنەوە و وەڵامدانەوەی هەڵەكانی عەبدوللەتیف ئەحمەد، ئەمەش عەبدوللەتیف ئەحمەدی نیگەران كردووە و لە تویتەر لە بارەی ڕائید ئالتاهیر دەنووسێت ״ئەی ڕائید كەعبی، سوێند بە خوا پێت دەڵیم، تۆ و هاوشێوە تێكدەرەكانت لەناو گومڕاییەكی ئاشكرادا دەبینم، سوپاسی خوا دەكەم ڕزگاری كردووم لەوەی ئێوەی تێدان״. ئەو هەڵوێستانەی خرانەڕوو ئاماژەن كە ململانێی نێوخۆی سەلەفییەكانی كوردستان، بەراورد بە پێشتر لە هەڵكشانی بەردەوامدایە، دوور نییە ئەم ناكۆکییەی نێوانیان لە داهاتوودا پەرتبوونی زۆرتری ڕیزەكانی سەلەفی لێ بكەوێتەوە.

سەرچاوە: رۆژنامەی ئاژانس

# سەلەفی # باشوری کوردستان

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure