د. موحسین کەدیوەر: بۆچوونی زاڵ لە نێوان موسڵماناندا بەرەو دێمۆکراسییە نەك حکوومەتی ئایینی

25/07/2017

:: د. سەباح موفیدی


دکتۆر موحسینی کەدیوەر نووسەری خاوەن را لە بواری فەلسەفە، ئیلاهییات و فیقهـ، و مامۆستای توێژینەوە لە زانکۆی دووکی ئەمریکایە. لە قوتابییانی ئایەتوڵڵا حوسێنعەلی مونتەزری بووە. وێرای تێپەڕاندنی پلەکانی زانستە ئایینییەکانی شێعە و گەیشتن بە پلەی ئیجتیهاد، لە ئیلاهییات و فەلسەفەی ئیسلامیشدا پلەی دکتۆرای هەیە. مامۆستای خوێندنگە ئایینی و زانکۆکانی ئێران بووە کە دواتر بە هۆی هەڵوێست و بیروڕا جیاوازەکانی لە وانەگوتنەوە و نووسین قەدەغە کرا و لەسەر بڕیاری دادگای ئێرانیش ماوەیەک کەوتە بەندیخانە. ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەزموونی بەندیخانەی سەردەمی پاشایەتیشی هەبووە. پاشان لەسەر بانگهێشتی زانکۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرەو ئەو وڵاتە چووە و لەوێ خەریکی توێژینەوە و وانەگوتنەوە بووە و تاکو ئێستا بەرهەمی زۆری لە بواری ئیلاهییات، فیقهـ  و بیری سیاسی شێعەدا هەبووە.

ناوەندی كوردستان: ئێوە لە بواری بیری سیاسی لە ئیسلامدا، بەرهەمگەلێکی گرنگتان نووسیوە، وەک تیۆریەکانی دەوڵەت لە فیقهی شێعە، حکومەتی ویلایی و ئینتسابی، دۆخی بیری سیاسی لە ئیسلام، بەتایبەت لە وڵاتانی موسڵماندا چلۆن هەڵدەسەنگێنن؟
د. موحسین کەدیوەر: بیری (ئەندێشەی) سیاسی لە ئیسلامدا وەکو دیکەی بوارەکانی هزریی ئیسلامی سەردەم بە بەراورد لەگەڵ بیرە سیاسییە رکابەرەکاندا لە دۆخێکی شیاودا نییە، و رێگایەکی دوور و درێژی لە پێش دایە: بیری سیاسی و واقیعی سیاسی لە هەر کۆمەڵگایەکدا پێوەندییەکی پتەویان هەیە. وڵاتانی موسڵمان زۆربەیان بارودۆخی سیاسی باشیان نییە و لە کۆتایی خشتەی پلەبەندی دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ دان. سروشتییە کە بیری سیاسی ئەوانیش لە بارودۆخێکی باشدا نەبێت. ملهوڕی و رەهاخوازی (ئیستبدادی) لە مێژینە و بەردەوام لەم کۆمەڵگایانەدا لەگەڵ ئازادی رادەربڕین دوژمنییەکی کۆنی هەیە و بە بێ ئازادی، بیری سیاسی دەرفەتی گەشەسەندنی تەواوی نەبووە.

هەڵبەت نابێت رەچاو نەکرێت کە لە هەندێ لەم کۆمەڵگایانەدا هەندێ پزووسکەی هیوابەخش لە نوێ بیرکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی بیری سیاسی دەبینرێت. لەم رەوتە نوێبیرانەدا پێوەندیی ئیسلام و سیاسەت و بە زارێکی وردبینانەترەوە پێوەندیی دەوڵەت و دامەزراوە ئیسلامییەکان (وەک مزگەوتەکان، حەوزە عیلمییەکان، و کەسایەتییە ئایینییەکان) کەوتووەتە بەر پێداچوونەوە و دیسانەوە بیرکردنەوە. رادەی چاوەڕوانی سیاسی لە پەرتووک و نەریت و بەتایبەت شیکاریی دەوڵەتی نەبەوی و خولەفای راشدین لە مەدینەدا لە تێڕامانە نۆژەنەکانی ئەم رەوتەیە. وانەوەرگرتن لە ئەزموونە هاوشێوەکان لە نێوان مەسێحییەکان و جوولەکەکان بەتایبەت لە رۆژئاوا پاش رێنسانس و خوێندنەوەی وردی رەخنەگرانەی فەیلەسۆفانی سیاسی رۆژئاوا بەشێکی تر لە بەرنامەی توێژینەوەی ئەم رەوتەیە.

روانینی رەوتی نوێبیر بۆ میراتی سیاسی سەلەفی ساڵح بەپێی دوو بەرنامەی توێژینەوەیە: یەکیان شیکاریی رەخنەگرانە و ئەوی تر خوێندنەوەی چەمکەکان و دامەزراوە سیاسییەکان لە بەستێنی مێژوویی خۆیدا. ئەم رەوتە لە سەردانی دەقە ئایینییەکاندا بریتی لە پەرتووک و نەریت لە پلەی یەکەمدا و بەرهەمە ئیلاهییاتی (کەلامی)، فیقهی، ئەخلاقی، زانستەکانی قورئان و فەرموودە، فەلسەفە و عیرفان لە پلەی دووەمدا دەبێت بە وردی زانستە نوێیەکانی پێوەندیدار بە تێگەیشتن لەوانە هێرمنیۆتیک، رەچاو بکات. بۆیە ئەوان گەیشتوون بە بۆچوونگەلێکی جیاواز لە پەرتووک و نەریت لە بواری سیاسەتدا.

هەروەها رادەی بەهێزبوونی بیری سیاسی لە هەر وڵاتێکی موسڵماندا پێوەندیی راستەوخۆی هەیە لەگەڵ رادەی پەرەسەندوویی کەلەپووریی، ئابووریی و سیاسی ئەو وڵاتە. بیری سیاسی لە وڵاتانی کەمتر پەرەسەندوودا گەشەی کەمتری هەبووە. لە هۆکارە گرنگەکانی پێشکەوتوویی بیری سیاسی لە هەر وڵاتێکدا پێشکەوتوو بوونی زانستە مرۆییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەو وڵاتانەدایە. لە هەر کوێ زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان لە بارودۆخێکی باشدا نییە، بیری سیاسیش بارودۆخێکی باشی نییە. لە کۆتاییدا لێکۆڵینەوە رۆژئاواییەکان سەبارەت بە بیری سیاسی لە ئیسلامدا وێرای ئاڕاستەداری زۆربەی ئەوانە، بۆ لێکۆڵەرانی ئەم بوارە خاڵگەلێکی فراوانی بۆ فێربوون هەیە.

ناوەندی كوردستان: بە رای ئێوە فیقهی سیاسی ئێستاکە چ کێشەگەلێکی هەیە؟
د. موحسین کەدیوەر: فیقهی سیاسی زۆرتر ئەرکی پاساوی فیقهی سیاسەتی زاڵی سەردەمی خۆی لە ئەستۆ بووە. ئەم تایبەتمەندییە کە لە فیقهی سیاسی لەڕ و لاوازی شێعەی پێش شۆڕشی 1979ی ئێراندا نابینرێت، لە سەردەمی سەقامگیربوونی کۆماری ئیسلامیدا هاوڕەنگی فیقهی سیاسی ئەهلی سوننەت کەوتە بەر ئەو تایبەتمەندییە ئاماژەپێکراوە. فیقهی سیاسی موسڵمانان، وێرای جیاوازیگەلێکی کەم لە فیقهی فەریقەیندا [دوو فیرقەی شێعە و سوننە]، زۆرتر بە هۆی سێ کێشەی گشتی شێوازناسی (مێتۆدۆلۆژی) لە رەنج دایە؛ شێوازی شیکاریی رەخنەگرانە، شێوازی خوێندنەوەی مێژوویی و شێوازە نوێیەکانی تێگەیشتن لە دەق. ئەم سێ کێشە لە دیکەی رەهەندەکانی خوێندنەوە ئیسلامییەکانیشدا دەبینرێن، بەڵام کێشەی تایبەتی فیقهی سیاسی ئەوەیە کە پێوەندیی فیقهـ و سیاسەتی نەخستووەتە بەر پێداچوونەوە.

مەبەست لە سیاسەت دەتوانێت فەلسەفەی سیاسی، بیری سیاسی، زانستی سیاسی، رەوشتی سیاسی و سیاسەتکردنی رۆژانە بێت. فیقهـ  وەکو زانستی دەرهێنان یان ئیستنباتی ئەحکامی گشتی شەرع (احکام کلیه شرعیه) لە چوار دەلیلەکە (ادله اربعه) لە کۆتاییدا دەتوانێت هەندێ دیمەنی گشتی لە بواری مافە بنەڕەتییەکان (یان مافە سیاسییەکان لە هەندێ سیستەمی یاساییدا) و رەوشتی سیاسیدا هەبێت. هەر لەسەر ئەم بنەمایە، بردنی فیقهـ  بۆ ناو هەرێمەکانی لە پێشدا وتراوی سیاسەت کارێکی موتەکەفیلانە یان بە سەختی گونجێندراوە. زانستی سیاسەت زانستێکی سێکیولار، عورفی (دنیایی) و مرۆییە. ئەگەر بابەتگەلێکی پێوەندیدار بە سیاسەت لە پەرتووک و نەریتدا ببینرێت تەنیا لە بۆ نموونەیە و بە واتای پێویست بوونی وەرگرتنی چوارچێوە، گشتێتی و وردێتی سیاسی لە دەقە ئایینییەکان نییە. بە وتەیەکی تر گشتێتی و وردێتی سیاسەت (بێجگە هەندێ بابەتی پێوەندیدار بە رەوشتی سیاسی) بۆ ئیستنباتی فیقهی نابێت و ئەوە دەبێت بە شێوازی تایبەتی زانستی سیاسەت دەستەبەر بکرێت.  

فیقهی سیاسی پێش هەر شتێک دەبێت هەرێمی بڕواداریی خۆی بەپێی ئەم خاڵە هەرە گرنگە دیاریی بکات. دیاریکردنی رەژیمی سیاسی و بەرنامەی سیاسی کاری فیقهـ نییە. فیقهـ هیچ پێشترێتییەکی بە سەر زانستی سیاسەتدا نییە تاکو سیاسەت وەک بندەستی فیقاهەت پێناسە بکرێت. فەقیهەکان لە هەرێمی گشتیدا هیچ قان و پێشترێتییەکیان بە سەر دیکەی موسڵماناندا نییە تاکو خەلافەت، ئیمامەت، ویلایەت یان دەسەڵاتداری تایبەت بەوان بێت یان ئەوان مافی ڤێتۆیان لە بوارێک لە بوارەکانی سیاسەتدا هەبێت. فیقهـ زانستێکی بەڕێزە بەڵام هەر لەو ئەرکانەیدا کە بە ئەستۆیەتی. لە دانانی باری زیاتر لە تاقەت لەوانە سیاسەت و ئابووریی لەسەر شانی فیقهـ  دەبێت دوورەپەرێزی بکرێت.

ناوەندی كوردستان: سێکیولاریسم و دێمۆکراسی تاکو ئێستا لە فیقهی سیاسیدا چ پێگەیەکیان هەبووە؟ ئاخۆ گۆڕانێک لەم بوارەدا دەبینرێت؟
د. موحسین کەدیوەر: رێگە بدەن، بازنەی پرسیارەکە لە فیقهی سیاسییەوە بۆ بیری سیاسی بەربڵاو بکەمەوە، تاکو قسەیەک بۆ وتن هەبێت! فیقهی سیاسی بە شێوەی نەریتی لەگەڵ دێمۆکراسی نێوانێکی نەبووە. بە وتەیەکی تر دێمۆکراسی و مافی هەڵبژاردنی خەڵک لە هەرێمی گشتیدا کەڵکەڵەی فەقیهەکان نەبووە تاکو خەریکی سەلماندن یان رەتکردنەوەی بن. پاش ناسیاریی موسڵمانان لەگەڵ سیاسەتی سەردەم لە رۆژئاوا راکێشانێکی روو لە گەشە لە نێوان هزروانانی موسڵماندا پێکهات کە تێدەکۆشان لە دامەزراوەگەلێک وەک شۆرا، بەیعەت و ئەهلی حل و عەقد لە پەرتووک و نەریت، دێمۆکراسی دەربهێنن. داواکاریی ئەوە هەبوو کە لەم بەرهەمانەدا، موسڵمانەکان چەندین سەدە پێشتر و پێش رۆژئاواییەکان دێمۆکراسییان هەبووە. هەندێ جار تەنانەت ئەوەیان بە خەڵکسەروەریی ئیسلامی ناودەبرد.

بۆچوونی ئەمە هەر ئەوەی دێمۆکراسی لەگەڵ شۆرا، بەیعەت و ئەهلی حل و عەقد کەوتووەتە بەر رەخنەی هەندێ لە هزروانانی موسڵمانی ئەم دواییانە. بە رای ئەم گروپە لە هزروانان، دێمۆکراسی بابەتێکی مۆدێڕنە. دەکرێ موسڵمان بیت و خوێندنەوەیەک لە ئیسلامی راهاتوو لەگەڵ دێمۆکراسی پێڕەو بکەیت، بەڵام بە پێویست دێمۆکراسی لە پەرتووک و نەریت دەرناهێنرێت، هەروەها کە پێوەندیدانی حکوومەتی شەرعی (مەشرووعە) و ملهوڕی ئایینیش (لە چوارچێوەی خەلافەتی ئەهلی سوننەت یان ویلایەتی فەقیهی شێعە) بە پەرتووک و نەریتەوە، نادروستە. دەوڵەت وەکو نوێنەری هاووڵاتییان، بە تەواوی جیاوازە لەگەڵ راوێژی دەسەڵاتدار لەگەڵ ئەهلی حل و عقد یان ئەرکی بەیعەت لەگەڵ حاکم. لە وتاری ئیسلام و دێمۆکراسی راهاتوویی یان ناڕاهاتوویی؟ ئەم بابەتە و پێشینەکانیم شرۆڤە کردووە.

بەڵام سێکیولاریسم بە واتای جیایی دامەزراوە ئایینییەکان لە دەوڵەت ئاستەمی و دژواری زیاتری لە بیری ئیسلامیدا هەبووە و هەیە. بۆیە پێشینەی ئەم بابەتە لە بیری سیاسی موسڵماناندا زۆر لاوازترە. لە سێکیولاریسم بە مۆدێلی ئەمریکایی یان هێندستانی ئەوە، نەک بە واتای مۆدێلی فەڕەنسەوی (لائیسیتە)، دەستێوەرنەدانی دەوڵەت لە کاروباری ئایینی هاووڵاتییان و هەبوونی ئازادییە ئایینییەکان بۆ هاووڵاتییان لەوانە ئازادی هەڵبژاردنی ئایین، ئازادی بەجێهێشتنی ئایین، ئازادی جێبەجێکردنی دابونەریتی ئایینی و وەلانانی ئەوانە، ئازادی بارهێنانی رۆڵەکان بەپێی وانە ئایینییەکان، ئازادی بانگهێشت و فێرکردنی ئایین بە مەرجی رەچاوکردنی رەوشت، تەندروستی و هێمنایەتی گشتی، گەڕەنتی دەکرێت. لە بەرانبەردا ئایینداران – لە هەر ئایین و ئایینزایەک – هیچ مافێکی تایبەتیان لە هەرێمی گشتیدا نییە. سیاسەتەکانی دەوڵەت وەکو نوێنەری هاووڵاتییان بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان رێکدەخرێت.

یاسا پەسەندکراوی پەرلەمان یان مەکۆی نوێنەرانی خەڵکە، و هیچ کەس لە ژێر ناوی ئاییندا مافی ڤێتۆی یاسا یان سەپاندنی سیاسەتێکی تایبەتی بە سەر دەوڵەتدا نییە. ئەگەر یاسا یان رێبازێکی سیاسی تایبەت بە رای ئایینداران لە دژی وانە ئایینییەکانە، ئەوان دەتوانن سکاڵا بخەنە بەردەم دامەزراوە دیمۆکراتیکەکان لەوانە دادگای باڵای یاسای بنەڕەتی (و دامەزراوە باڵاکانی وەکو ئەوە) و ئەگەر لەم دامەزراوە باڵایەدا داواکارییەکەیان گوێ لێ نەگیرا، ئەوان رێگەپێدراون لە کۆمەڵگای مەدەنیدا لە دژی یاسای پەسەندکراو یان رێبازی لە پێش گیراو بانگهێشت بکەن تاکو بتوانن نوێنەرانێکی هاودەنگ لەگەڵ خۆیان بنێرنە پەرلەمان و بگەن بە زۆرینە. هەرچۆنێک بێت مافی بنەڕەتی کەمینە دەبێت رەچاو بکرێت و زۆرینە رێگەپێدراو نییە کە ئەم مافە بنەڕەتییە لەبەرچاو نەگرێت.

لە ئێستا هەندێ مۆدێل لە حکوومەتی سێکیولار دێمۆکراتیک لانیکەم لە تورکیا و توونس دەکرێ وەک نموونە بهێنرێتەوە. مۆدێلەکانی سێنگاڵ و ئەندونسیاش دەکرێ بخوێنرێنەوە. بە رای من حکوومەتی سێکیولار دێمۆکراتیک لە نێو هزروانانی موسڵماندا لە گەشەسەندن دایە.

ناوەندی كوردستان: بەپێی گۆڕانکارییەکانی سەردەم، لەلایەکەوە سەرهەڵدانی گروپگەلێکی توندئاژۆ و لەلایەکی ترەوە قەبووڵی دێمۆکراسی بۆ وێنە لە توونسدا، بە ئەگەرەوە روانگەی زاڵ لە فیقهی سیاسیدا بەرەو کام لا دەڕوات؟ قبووڵی دێمۆکراسی بە جۆرێ کە وێرای زۆرینە بوون رێساکانی یاری دێمۆکراتیک، ئازادییەکان، مافی کەمینەکان و... رەچاو بکرێت یان نا دیسانەوە جەختکردن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی ئایینی؟

د. موحسین کەدیوەر: بۆچوونی زاڵ لە نێوان موسڵماناندا بەرەو دێمۆکراسی دەبێت. حکوومەتی ئایینی بەختێکی کەمتری هەیە. لە نێوان شێعەکاندا پاش ئەزموونی سەرنەکەوتووی کۆماری ئیسلامی ئێران، رەوتی زاڵ بەتایبەت لە ناو ئێراندا بەرەو حکوومەتی سێکیولار دێمۆکراتیکە. هەڵبەت رەنگە لە باری کردەوەوە سەرەتا لەسەر جێبەجێکردنی بنەما هەڵاواسراوەکانی هەر ئەم یاسا بنەڕەتییە بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ مافەکانی گەلدا جەخت بکرێت، لە هەنگاوی دووەمدا کۆماری ئیسلامی بە بێ ویلایەتی فەقێ ئەزموون بکرێت تاکو بوار بۆ بەدیهاتنی حکوومەتی سێکیولار دێمۆکراتیک خۆش بکرێت. لە نێو ئەهلی سوننەتدا دوو رەوت، یەکیان بەرەو حکوومەتی ئایینی (لەوانە عەرەبستانی سعوودی یان سوودان) و لە پەنای ئەوەدا ئەوی تریان بەرەو حکوومەتی سێکیولار دێمۆکراتیک (لەوانە توونس یان تورکیا)، لە کۆمەڵگا جیاوازەکاندا دەبینرێت. ئەوەی کە زۆرینە لە هەر وڵاتدا (بۆ وێنە میسر، ئەلجەزایر، لیبیا، مەراکیش و...) مەیلی لە کام مۆدێلە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی گۆڕەپانییە. لەمبارەوە بارودۆخی موسڵمانان لە رۆژهەڵاتی ئاسیا کە پڕحەشیمەتترین وڵاتانی موسڵمانن لەوانە ئەندونسیا، بەنگلادیش، مالیزیا و تەنانەت پاکستان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی عەرەب چاکترە. واتە بە هێزێکی زیاترەوە دەکرێ بوترێت کە مەیل بەرەو حکوومەتی سێکیولار دێمۆکراتیک بەرچاو و زەقترە.

ناوەندی كوردستان: وەکو کەسێ کە لە ئێراندا ژیاون و بەتەواوی حکوومەتی ئایینی شێعە دەناسن، ئێوە ئەزموونی ئەم جۆرە حکوومەتە لە سەردەمی مۆدێڕندا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
د. موحسین کەدیوەر: کۆماری ئیسلامی ئێران حکوومەتی ئایینی لەبەرچاوگیراوی ئاغای خومەینی و هەندێ لە قوتابییانی ئەوە. زۆربەی زانایانی شێعەی سەردەم لەم حکوومەتە پشتگیرییان نەکردووە و نایکەن. بە وتەیەکی تر ئەم حکوومەتە نوێنەری کەمایەتییەکی کەم لە هزری شێعەدایە و هەرگیز نوێنەری زۆرینەی شێعە نایەتە ئەژمێر. فەقیهە پلە یەکەمەکانی شێعە کە سەردەمی کۆماری ئیسلامییان ئەزموون کردووە بەڵام لەگەڵی رێنەکەوتوون بریتین لە: بەڕێزان سەید ئەحمەد خوانساری، سەید ئەبولقاسم مووسەوی خۆیی، سەید کازم شەرێعەتمەداری، شێخ بەهائەدین مەحەلاتی، سەید حەسەن تەباتەبایی قومی، سەید محەمەد حوسێنی رۆحانی، سەید محەمەد حوسێنی تەباتەبایی (خاوەنی ئەلمیزان)، سەید ئەبولفەزل مووسەوی موجتەهد زەنجانی، و سەید رەزا مووسەوی موجتەهد زەنجانی. من تەنیا ئاماژەم بە هەندێ لە زانایانی کۆچکردوو کرد. بەم ریزە دەکرێ ناوی مامۆستام حوسێنعەلی مونتەزری نەجەف ئاوایی لە دوو دەیەی کۆتایی ژیانیدا زێدە بکرێت.

کۆماری ئیسلامی گەرچی لە پاراستنی تەواوەتی خاکی ئێران و تاڕادەیەک سەربەخۆییدا بەتایبەت گرێنەدراوێتی بە ئەمریکا و ئیسرائیل سەرکەوتوو بووە و بە کورتی لە باری دێمۆکراسی، مافی مرۆڤ، بەرزکردنەوەی تەندروستی گشتی و دابەزینی نەخوێندەواری، و خوێندنی ئافرەتان لە نێو وڵاتانی موسڵماندا (بەتایبەت عەرەبستانی سعوودیا) دۆخێکی چاکتری هەیە (بەداخەوە ئاستی ئەم کاروبارانە لە 56 وڵاتی موسڵماندا زۆر لە خوارەوەیە)، بەڵام سەبارەت بە بەدیهاتنی دروشمە سەرەکییەکانی شۆڕشی 1979 واتە ئازادی و دادپەروەریی سەرکەوتوو نەبووە. خوێندنەوەیەکی ناڕەحمانی لە ئیسلام بە سەر وڵاتدا زاڵە. بەپێچەوانەی بەڵێنی سەرەتایی بێجگە لایەنگرانی سیستەم کەسانی تر ئازاد نین، و رەخنەگرانی شێعە وەک موسڵمانانی ئەهلی سوننەت و کەمایەتییە نەتەوەییەکان وەک کورد و بەلووچەکان، لە ژێر گوشار و تەنگانەدان. کۆماری ئیسلامی رەژیمێکی دەسەڵاتخوازی (ئوتۆریتاریەنی) خاوەن هەڵبژاردنە و لە دوو بەشی هەڵبژاردنیی و دیاریکراویی (ئینتسابی) پێکهاتووە، بەشی دیاریکراویی لەلایەن کەمینەیەکی کەمتر لە یەک لە سێی خەڵکی ئێران پشتیوانی دەکرێن و نزیکەی دوو لە سێی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامییان لە دەست دایە، کە واتاکەی زوڵمی راشکاوە. بەشی هەڵبژاردنیی کە نوێنەری نزیکەی حەفتا لەسەدی (70%) ئێرانییەکانە کەمتر لە یەک لە سێی دەسەڵاتی لە دەست دایە.

هەڵە گەورەکانی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، کارەکانی دەسەڵاتدارانی کەم ئەزموونی عەرەبستانی سعوودیا، توندوتیژیی کوێری تێرۆریستەکانی داعش و رەژیمی داگیرکەری ئیسرائیل لە کردەوەدا بە قازانجی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە و هەیە.

ناوەندی كوردستان: لەو دەیانەی دواییدا لە نێوان سوننەکانیشدا شایەتی سەرهەڵدانی دەوڵەتە ئیسلامییەکان وەک تاڵیبان و داعش بووین، لە بەراورد لەگەڵ حکومەتی شێعی لە ئێراندا، جیاوازییەکان و لێکچوونەکانی ئەم دوو جۆرە دەوڵەتە ئیسلامییە، شێعە و سوننە، لە چیدا دەبینن؟ بۆچی بە گوێرەی ئێران نموونەکانی سوننە ئەوەندە سەرکەوتوو نەبوون و نەماونەتەوە؟
د. موحسین کەدیوەر: تاڵیبان و داعش نوێنەری زۆرینەی موسڵمانی ئەهلی سوننەت نین، ئەوان دەبێت پێوەند بدرێن بە وەهابی و سەلەفییەکانەوە. ئەم گروپە تێرۆریستە مێشک وشکانە توێژێکی نەزانی وەبیرهێنەرەوەی خواریج لە سەرەتای ئیسلام دان، کە لەلایەن سوننە و شێعەوە خراونەتە پەڕاوێزەوە.

بابەتەکانی لێکچوونی تاڵیبان و داعش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە هەردوولا یەکەم لە سەردەمی مۆدێڕندا خوازیاری حکوومەتی ئیسلامین، دووەم، وادەزانن ئەحکامی شەرێعەت، یاسای وەها حکوومەتێکە. سێهەم، شەرێعەت بە جێی بەها ئەخلاقییەکانی "سیستەمی یاسایی" دەزانن. چوارەم، ئەم ئەحکامە یاساییە بە ئەحکامی هەتاهەتایی سەرەوەی کات و شوێن دەزانن. پێنجەم، وادەزانن بە بێ زۆر و توندوتیژیی ئیمانی خەڵک ناپارێزرێت! شەشەم، شارستانییەتی رۆژئاوا لە دژی ئیمانی ئیسلامی دەزانن. حەوتەم، لە سەرچاوە هاوبەشە ئایینییەکان و فیقهی فەریقەیندا هەوێنی کەڵکی نالەبار و لارتێگەیشتن بۆ توندوتیژیی کردن کەم نییە.

بەڵام بابەتەکانی جیاوازیی تاڵیبان و داعش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی: یەکەم، کۆماری ئیسلامی هەڵقوڵاو لە یەکێک لە گەورەترین شۆڕشە خەڵکییەکانی سەدەی دواییە کە لە تایبەتمەندییەکانی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی کۆدەتای ئەمریکایی-ئینگلیزی 28ی گەلاوێژی 1332 (19ی ئاگوستی 1953) بوو و لە ئاکامدا تایبەتمەندی دژەئەمریکایی و دژەزایۆنیستی هەبوو. لە کاتێکدا کە دامەزراندنی هەر دوو گروپی تێرۆریستی تاڵیبان و داعش دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتی ئەمریکا (و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی بە یارمەتی دەوڵەتە عەرەبەکانی ناوچە لەوانە عەرەبستانی سعوودی و قەتەر). ئەم گروپە تێرۆریستییانە بە ریزەوە دەوڵەتی ئەفغانستان و دەوڵەتەکانی ئێران، عێراق و سووریا بە دوژمنی خۆیان دەزانن و بە کردەوە کارێکیان بە ئیسرائیل و ئەمریکاوە نەبووە!

دووەم، هەبوونی رێبەرێکی کاریزیماتیک لە ئاستی بەرزترین پلەی ئایینیدا واتە ئاغای خومەینی لە دیکەی تایبەتمەندییەکانی کۆماری ئیسلامی بووە. حکوومەتەکانی تاڵیبان و داعش لە هەبوونی وەها رێبەرێ لە باری زانیاریی ئایینییەوە (لە ئاستی قەبووڵکراوی ئەهلی سوننەت) و خاوەن تەشەنەی کاریزماتیک بێبەری بوون. نەزانی ئایینی و رواڵەتخوازیی لە هەر دوو گروپە تێرۆریستییە ناوبراوەکەدا بە توندی بەرچاوە.

سێهەم، کۆماری ئیسلامی دەوڵەتێکی جێگری بەهێزە لە ناوچەکەدا، لە کاتێکدا کە تاڵیبان و داعش شتێکی زیاتر لە دوو گروپی یاغی نین کە خەریکە لەنێودەچن. کۆماری ئیسلامی بەپێی قەبووڵی (ئەگەرچی بە بێ مەیلی!) نزیکەی یەک لە سێی دێمۆکراسی لە پێکهاتەی راستەقینەی دەسەڵاتی خۆیدا تاڕادەیەک پشتیوانی خەڵکی هەیە و هەر ئەمە رەمزی بەردەوامی بووە تاکو ئێستا، لە کاتێکدا کە تاڵیبان و داعش بە نکۆڵی رەها لە سیاسەتکردنی مۆدێڕن و پشت کردنی زۆربەی موسڵمانانی ئەهلی سوننەت لەوان، نەیانتوانیوە و ناتوانن داهاتوویەکیان لە جیهانی ئیسلامدا هەبێت. رەمزێکی تری مانەوەی کۆماری ئیسلامی تاکو ئێستا بە چاکی کەڵکوەرگرتنی دەسەڵاتدارانی لە هەڵەی راشکاوی ئەمریکا و ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودیا و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەیە. بزووتنەوەی ئازادی و دێمۆکراسی خوازیی بە هۆی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی، کەلەپووری، سیاسی و مێژوویی لە ئێراندا زۆر پتەوە و داهاتوو هی ئەم رەوتە مەزنەی خەڵکییە.

سەبارەت بە تاڵیبان و داعش ناکرێ لەو بوارە خۆشەی کە لە نێوان موسڵمانانی ئەهلی سوننەتی ئەفغانستان و عێراق و سووریادا هەیە، چاوپۆشی بکرێت. سەودای دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی لە نێو هەندێ لە موسڵمانانی ئەهلی سوننەتی نەریتی وڵاتانی پەرەنەسەندوودا لایەنگری هەیە. نەزانی و خراپ لێتێگەیشتنی ئایینی لە هۆکارە سەرەکییەکانی پێگرتنی وەها رەوتگەلێکە. پەیوەندی کردنی موسڵمانانی ساویلکەی کەم ئاگا بەم رەوتە تێرۆریستییانەوە زیاتر دژکردەوەیە لە بەرانبەر زوڵمی جێکەوتووی کۆلۆنیالیزمی (ئیستعماری) نوێ لە نێوان موسڵماناندا. بە وتەیەکی تر ئەوان بە دوای رزگارییەوەن بەڵام بە تەواوی بە رێگایەکی هەڵەدا دەچن. ئەگەر رەوتە سەربەخۆوەکانی دادپەروەریخواز و ئازادیخوازی رەسەنمان لە نێو موسڵمانانی ئەهلی سوننەتدا هەبێت، دوکانی بێ بازاڕی داعش و تاڵیبان و دیکەی گروپە تێرۆریستەکان دادەخرێت. زانایان و رووناکبیرانی ئەهلی سوننەت لەم بوارەدا زیاتر لە دیتران بەرپرسیارن.

ناوەندی كوردستان: ئێوە لە هەندێ بواری کۆمەڵایەتیدا بۆ وێنە حیجابی ژنان، هەندێ بیروڕای تایبەتتان هەیە، لەلایەن نەریتییەکانەوە چ دژایەتیگەلێکتان لەگەڵ کراوە؟ و ئاخۆ جێبەجێکردنی ئەم بیروڕا نوێیە کۆمەڵایەتییانە لە کۆمەڵگا موسڵمانەکاندا بۆی هەیە؟ پێویستییەکان و پێش مەرجەکانی ئەوە لە باری سیاسی-کۆمەڵایەتییەوە چین؟
د. موحسین کەدیوەر: بیروڕای من سەبارەت بە حیجاب ئەمە بووە: داپۆشینی قژ، سەر و ملی ژن لە خۆیدا و بە شێوەی سروشتی و بە حوکمی یەکەم (اولی) بێجگە لە عیباداتدا واجیب نییە و پێبەستەی هەلومەرج و دابونەریتی کات و شوێنە. لە سەردەم و ناوچەیەکدا کە داپۆشانی ئەم شوێنانە لە نێو ئافرەتاندا گرێدراوێتی خۆجێیی لەگەڵ عیفاف (پاکداوێنی) و نیجابەتدا (رەسەنایەتی و گەورەیی) هەیە، داپۆشانی ئەوانە بە حوکمی دووەمی (ثانوی) واجیبە. روونە کە ئەم رایە هەر وەک دەیان رای جیاوازی ئەم پێنووسە لە فیقهـ و کەلامدا رەزامەندی کەسانی نەریتی بەدواوە نەبووە، بەڵام شوکر بۆ خوا کە پێشوازی ئیماندارانی خوێندەوار لەم را جیاوازانە بە رادەیەک بووە کە لە زۆرێک لە گوشارەکان بەرگیری کردووە. لە ساڵی 1385 (2006) دا رای جیاوازی کەلامی لەسەر ئیمامەت واتە تیۆری "زانایانی ئەبرار" (علمای ابرار)[1] بووە هۆی پێکهێنانی کێشەی پیشەیی بۆم. شرۆڤەی گوشارەکان و بێبەریکردنەکان بە هۆی بیروڕا جیاوازە سیاسییەکانەوە هەلێکی تری دەوێت.

وێرای هەمووی ئەمانە لەسەر ئەو بڕوایەم کە دەربڕینی بیروڕا جیاوازەکانی کەلامی، فیقهی، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا نە تەنیا بۆی هەیە بەڵکو پێویستە. دەبێت سنووردارێتییەکان بە گیان بکڕدرێن و لەسەر هەڵوێستە راست و هەقەکان خۆڕاگری بکرێت و پشت بە خوا ببەسرێت. گرنگ ئەوەیە کە بیروڕای نوێی بە دەلایلی عەقڵی و نەقڵی بڕوادار لە پەرتووک و نەریت بەڵگێندرابێت و رێسا ئەخلاقی و کردەوەییەکانی رەچاوکردبێت و لە کاتی شیاودا کە کۆمەڵگا تینووی بیستنە بە ئامادەکردنی پێشەکی پێویست دەرببڕێت. دەبێت لە پەلە و هەوڵ بوونیش دوورەپەرێزی بکرێت. جێکەوتنی دەنگ و رای نوێ پێویستی بە ماوەی درێژخایەن هەیە. بیروڕا ئەگەر سائیب (راست و دروست) بێت، وەکو ئاو لە زەوی وشک و داخی شەقبردوودا بە ئیزنی خوا رێگای خۆی دەکاتەوە.


[1]  بڕواننە: http://kadivar.com/?p=15757

 

بۆ داگرتن کلیک لێرە بکە

# ئایین

Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure