كۆمەڵەی جیهادی ئیسلامی لە میسر

16/09/2017

:: ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان
لە لایەن (محەمەد عەبدوسلام فەرەج)ەوە لە ساڵی (1979) لە میسر دامەزراوە و بووە بە ناوەندێكی ڕێكخراو بۆ كۆكردنەوەی سێ گروپ، كە بریتی بوون لە (كەرەم زوهدی، سالم ئەلرەحال و محەمەد عەبدوسلام فەرەج) لە ساڵی (1981) ئەم كۆمەڵەیە ئەنجومەنی شورای یەكەمی بەسەرۆكایەتی (فەرەج) دامەزراند.

یەكێك لە كارەكانیان كە بەڕەوایان دەزانی، بە تاڵانبردنی دوكان ‌و بازاڕی مەسیحیەكان بوون، تاكو بتوانن بەو پارەیە كار‌و چالاكی ‌و ئیشی كۆمەڵەكەیان پێی هەڵسوڕێنن.

ئامانجی سەرەكییان هێنانە كایەی دەوڵەتێكی ئیسلامی بووە‌و دواتریش دامەزراندنی دەوڵەتی خیلافەت، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دەوڵەتەكانی جیهانیان بە ئەركێكی ئایینی زانیوە ‌و بە ئەركی هەموو موسوڵمانێکیان زانیوە لە پێناو ئەم ئامانجەدا جیهاد بكات، چونكە بە پێی دیدی ئەم كۆمەڵەیە سەرجەم یاسا‌ و دەوڵەتەكان لەسەر نەفامی ‌و كوفر بەڕێوە دەچن.

ئەم كۆمەڵەیە بڕوایان بە حاكمیەتی خوا لەسەر زەوی هەیە ‌و پێیانوایە كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە نەفامییەوە گڵاوە ، یەكێك لە كارە توند‌وتیژییەكانیان هەوڵدان بوو بۆ تیرۆركردنی ئەنوەر ساداتی سەرۆكی ئەوکاتی میسر.

یەكێك لە كەسایەتییەكانی كۆمەڵی جیهاد (عەبود ئەلزەمر) بوو، كە هەمیشە جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە سەرجەم حكومەتە ئیسلامییەكان، بریتین لە حكومەتی نائیسلامی ‌و تەواوی كۆمەڵگای ئیسلامی لەسەردەمی گومڕایی‌و نەفامیدا دەژێن، هەروەها ناوبراو بانگەشەی بۆ هێنانە كایەی دەوڵەتێكی ئیسلامی دەكرد لە وڵاتی میسر، زۆریش كاریگەر بوو بە ئیمام خومەینی و  بە نمونەیەكی باڵای دەزانێ، بانگەشەی بۆ هەڵایسانی شۆڕشێكی چەكداری دەكرد دژی ڕژێمەكانی ناوچەكە.

لە كەسایەتییە گرنگەكانی كۆمەڵی جیهادی ئیسلامی، ناوی (شێخ عومەر عەبدوڕەحمان) دێت، كە بە سەركردەی نەخشەدانەری ئایدۆلۆژیای كۆمەڵەكە دێتە ئەژمارد ‌و ڕۆڵی سەرەكی گێڕا لە دروستكردن ‌و پارستن ‌و ڕێكخستنی كۆمەڵەكەدا، هەروەها خاوەن چەندین تێز ‌و فەتوای تایبەتە، سەركردەكانی كۆمەڵە بانگەشەیان بۆ ڕۆخاندنی ڕژێمە پێشوەكانی میسر و دامەزراندنی حكومەتی خیلافەی ئیسلامی دەكرد.

سەرچاوە بە دەستكاریەوە: حەسەن بارام: ئینسكلۆپیدیای پارت و بزوتنەوە ئیسلامییەكان لە جیهاندا، چاپخانەی رەهەند، سلێمانی 2014.

# رەوتە ئیسلامییەکان

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure