ململانێی مێزەرڕەشەكان لە بەغدا گەرم دەبێت

02/10/2017

:: ئیدریس سیوەیلی
سەردانی هەفتەی ڕابردوی ئایەتوڵڵا مەحمود هاشمی شاهرودی بۆ عێراق گەورەیی ئەو ناكۆكییەی دەرخست كە لە نێوان جەمسەرەكانی شیعەدا هەیە، شاهرودی سەرۆكی ئەنجوومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران و نوێنەری عەلی خامنەیی ڕابەری شۆڕشی ئییسلامیی ئێرانە، هەندێك لە چاودێران سەردانەكەی ناوبراو بە شكستخواردووترین سەردانی گەورە سەركردەیەكی ئێرانی بۆ عێراق ئەژمار دەكەن، بەتایبەت كە ناوبراو وێڕای ئەوەی نەیتوانی چاوی بە ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان بكەوێت، هاوكات مەرجەعەكانی خوارتر لەو (ئیسحاق فەیاز، بەشیر نەجەفی و محەمەد سەعید حەكیم)یش ڕازی نەبوون چاویان بە شاهرودی بكەوێت.

قوم و نەجەف، دوو جەمسەری ململانێ
سروشتی ململانێ و ناكۆكییەكانی نێوان قوم و نەجەف كە دوو مەڵبەندی سەرەكیی و زانستی شیعەن، ڕیشەیەكی لە پێشینەیان هەیە و بە جۆرێك لە جۆرەكان تێكەڵن لەگەڵ ململانێ و كێبەركێی ناوچەگەریی و سیاسیی نێوان عێراق و ئێران، هەندێكجاریش پەیوەستن بە ویست و بەرژەوەندی خودیی مەلا و كەسایەتییەكانی شیعە.

لە پاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 حەوزەی قوم بوو بەمەرجەعیەتی دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتە و پشتوپەنای تێزی ویلایەتی فەقیهـ. بەپێی ئەم تێزە كە ئیمام خومەینی پەرەی پێداوە، وەلی فەقیهـ هەمان دەسەڵات و ویلایەتی پێغەمبەر (د.خ) و ئیمام عەلی هەیە بەبێ زیادوكەم، ئەمەش بنەمای حوكمی ئایینی و مەزهەبی ئێرانییە، هەر مەلایەكیش كە لەم حەوزەیە پشتیوانی لە ویلایەتی فەقیهـ نەدەكرد و لە غیابی ئیمامی زەمان كە مەهدی مونتەزیرە دامەزراندنی حكومەتی ئیسلامیی پێ باش نەبوو،دەنگی كپكراو دوور خرایەوە، بەڵام مەرجەعیەتی نەجەف لەسەر هەمان میتۆدی پێشووی مایەوە و خۆی بەدوورگرت لە بیرۆكەی دامەزراندنی حكومەتی ئیسلامیی و سەپاندنی دەسەڵاتی شەرعزانان بەسەر وڵاتدا، بەتایبەت لەسەردەمی ڕێبەرایەتی ئایەتوڵڵا خوئی (1970 ـ 1992 ز) كە دوور كەوتەوە لە قسەكردن لەسەر بابەتە سیاسییەكان و داننان بە ویلایەتی فەیقهـ، ئەمەش بوو بەگرفت بۆ ئێران، چونكە بوونی مەرجەعێكی گەورەی شیعە كە دان بە پرەنسیپی ویلایەتی فەقهیدا نەنێت كێشەی گەورە بۆ شەرعیەتی ئەم تێزە ئایینییە درووست دەكات، لەبەر ئەوە مەرجەعەكانی لایەنگری ویلایەتی فەقیهـ لە ئێران هەمیشە بە ڕق و نیگەرانی لە نەجەفیان ڕوانیوەو هەوڵی كۆنترۆڵكردن و بە پاشكۆكردنیان داوە.

لە (1992) كە سیستانی جێگای خوئی مامۆستای گرتەوە، ئێرانییەكان كەوتن هێرشكردنە سەری و بە مەرجەعی ئینگلیزی ناویان برد، چونكە سەرباری ئەوەی سیستانی كە خۆی ئێرانییە، بەڵام ڕای لەگەڵ ویلایەتی فەقیهدا نییەو لایەنگریی لە ڕێبازی شۆڕشگێڕانەی مەرجەعیەتەكانی ویلایەتی فەقیهـ ناكات، ئەو كاركردنی لە حەوزەی نەجەف لەسایەی ڕژێمی بەعسدا، لە بەرپاكردنی شۆڕش و كودەتا پێ باشتربوو، دوای ڕووخاندنی بەعسیش بڕوای بە بەرەنگاربوونەوەی ئاشتیانەی هێزە ئەمریكیەكان هەبوو لە عێراق لەجیاتی بەرەنگاربوونەوەی چەكداری.

هەرچی حەوزەی قومە لە لایەن عەلی خامنەیی ڕابەی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕێبەرایەتی دەكرێت، ناوبراو یەكێكە لە بەشداربوانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە 1979، دوای كۆچی دوایی خومەینی لە 1989 بوەتە ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران كە باڵاترین دەسەڵاتە، بەپێی هەڵسەنگاندنی گۆڤاری (فۆڕبس)ی ئەمریكی خامنەیی لە پلەی (21)ەمین كەسایەتی كاریگەردایە لەسەر ئاستی جیهان.

سیستانی‌ له‌عێراقدا شوێنه‌وتوویه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌و به‌ملیۆنان كه‌س چاویان له‌ده‌می‌ ئه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕیاره‌كانی‌ جێبه‌جێ‌ بكه‌ن به‌بێ‌ بیركردنه‌وه‌، بۆ نموونه‌ ڕۆژی‌( 3 حوزه‌یرانی‌ 2014) لە كاتێكدا سیستانی‌ داوای‌ چه‌كهه‌ڵگرتنی‌ خۆبه‌خشانه‌ی‌ كرد دژی‌ داعش، به‌هه‌زاران كه‌س بەدەم فتواكەوە چوون، هه‌رچی‌ خامه‌نه‌ییه‌ له‌نێو شیعه‌كانی‌ عێراقدا جه‌ماوه‌رو شوێنكه‌وته‌ی‌ زۆری‌ نییه‌، به‌ڵام چه‌ند گرووپێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له ‌چه‌كدارانی‌ شیعه‌ هەیە كه‌ لە كاروباری‌ ئه‌منی‌ باڵاده‌ستن، هه‌روه‌ها چه‌ندین سیاسه‌تمه‌داری‌ گه‌وره‌ی‌ عێراق هه‌ڵده‌سوڕێنێت ‌و پشتیوانی‌ چه‌ند گه‌وره‌ فه‌رمانده‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ عێراق ده‌كات له‌شه‌ڕی‌ دژی‌ داعش.

كارتەكانی ئێران لە عێراق
ئێران چه‌ندین كارتێكی له‌به‌رده‌ستدایه‌ تا له‌رێگایانه‌وه‌ ده‌ست له‌كاروباری‌ عێراق وه‌ربدات و كاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسیی درووست بكات، له پلەی یەكەمدا پشتیوانیكردنی‌ بەشێك لە گرووپه‌ شیعه‌كانی ناو حەشدی شەعبی و پڕچه‌ككردنیان، كه‌ دیارترینیان بریتین له عه‌سائیبی ئه‌هل حه‌ق، ڕێكخراوی‌ به‌در،سریەكانی خۆراسانی‌، كه‌تیبه‌كانی‌ حیزبوڵا و نوجه‌با، ئه‌مانه‌ سه‌رجه‌میان سه‌ر به‌خامنه‌ین‌و دان به‌ مەرجەعیەتی سیستانیدا نانێن.

شێوازێكی تری‌ ئێران بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی لە عێراق، په‌نا بردنه‌ بۆ به‌كارهێنانی‌ زانایانی ئایینی‌ شیعه‌، ئه‌وانه‌یان كه‌ بڕوایان به‌ تێزی ״ویلایه‌تی‌ فه‌قیهـ‌״ هه‌یه‌، تا له‌عێراق بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ بكه‌ن، ئه‌ویش له‌رێی‌ چه‌ند نووسینگه‌یه‌كه‌وه‌ لە شارەكانی نەجەف و بەغداد، ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ خامنه‌یی‌ نووسینگه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ له‌نه‌جه‌ف كردووه‌ته‌وه‌ و هاوكاری‌ دارایی‌ به‌سه‌ر خوێندكارانی‌ حه‌وزه‌ی زانستی دابه‌ش ده‌كات، كۆمەكی هەژاران دەكات و یارمەتی دەداتە ئەو كەسانەی كە ژنخوازی دەكەن. لەسەر ئاستی سیاسیش حیزبی دەعوە و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی لە عێراق لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی ئێران ئەژماردەكرێن.

لێدان لە بەرژەوەندییەكانی ئێران
دوای ئەوەی داعش دەستگیرت بەسەر چەندین شارو شارۆچكەی عێڕاق، ئەمه‌ریكا جارێكی تر بە هێزی سەربازیەوە لە گۆڕەپانی عێراقدا كەوتەوە چالاكی، جارێكی تر پڕۆژە و بەرژەوەندییەكانی ئەمه‌ریكا و ئێران لە عێراق توشی بەریەككەوتن بوون، ناكۆكی هێزە شیعەكان لەسەر ئاستی سیاسیی و سەربازی زەقتر دەركەوت، لەو سەرەوبەندەدا موقتەدا سەدر كە پێشتر چالاكیی(سریەكانی ئاشتی) سەر بە ڕەوتەكەی ڕاگرتبوو، جارێكی تر ڕێگەیدان بە چالاكی نواندن، هاوكات ئەو ڕێوشوێنانەی عەبادی گرتیەبەر بە خانەنشینكردنی بەشێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی و دیاریكردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ دەزگای هەواڵگری و دەستەی ئەركانی حەشدی شەعبی، هەموو ئەمانە لێدان بوو لە بەرژەوەندییەكانی ئێران.

هەڵبژاردنی داهاتوو وێستگەی مەترسی
مانگی ڕابردوو عەمار حەكیم لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی لە عێراق جیا بووەوە و ڕەوتی حیكمەی دامەزراند، هاوكات موقتەدا سەدر لە تەمموزی ئەمساڵ سەردانی سعوودییە و ئیماراتی كرد، چاودێران پێیانوایە سەدر جۆرێك لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە درووست كردوە و دەخوازێت لە ئاییندە لە وڵاتانی عەرەبی نزیكتربێتەوە و لە میحوەری ئێران دەرچێت، ئەمەش زیاتر ئێرانی بەرامبەر سەدر دڕدۆنگ كردوە، هەروەك حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە هەولی نزیكبونەوەدایە لە وڵاتانی عەرەبی و دۆستانی ئەمه‌ریكا، پێشبینیش دەكرێت لە حیزبی دەعوە جیابێتەوە و ببێتە ڕكابەری نوری مالیكی، زۆرینەی ئاماژەكانیش بەو ئاراستەیەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كە لە 2018 ئەنجام دەدرێت، عەبادی، حەكیم، سەدر و عەلاوی هاوپەیمانییەتییه‌كی نوی پێك بێنن و بەڕە لەژێر پێی مالیكی و دۆستەكانی ئێران دەربێنن، ئەمەش ئەو مەترسییەیە كە ئێران بە لێدان لە بەرژەوەندییەكانی ئەژماری دەكات، چونكە هاوپەیمانییەتی ئەو هێزانە لە لایەن ئەمه‌ریكا و دۆستەكانی لە وڵاتانی عەرەبی پشتیوانی دەكرێت و ئەگەری ئەوەش هەیە چەند هێزێكی سوننە بخزێنە ناو هاوپەیمانییەكە، لە ئێستادا لەسەر ئاستی شەقامی شیعەی عێراق، ئێران خۆشەویست نییە، بە تایبەت دوای ئەوەی حیزبوڵای لوبنان لەگەل داعش ڕێكەوتنی كرد و بەوپێیەش چەندین چەكداری داعش بە خاكی سوریادا گوێزرانەوە سنوری عێراق، لەو هەنگاوەشدا ئێران پشتیوانی حیزبوڵای كرد و جگە لە مالیكی هێزەكانی تری شیعەی عێراق ئەم كارەیان بە مەترسی بۆسەر عێراق ناوبرد، ئێران هەستی بە مەترسی دۆخەكە كرد بۆیە نوێنەری تایبەتی خامنەیی ناردە عێراق، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئایا ئێران دەتوانێت پارێزگاری لە پێگەی بەهێزی خۆی بكات لە عێراق یان نا، ڕووداوەكانی چەند مانگی داهاتوو ئاڵوگۆڕی زۆر لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق بە دوای خۆیاندا دەهێنن و ڕوون دەبێتەوە كێ ڕەنگڕێژی ئاییندەی عێراق دەكات.

س: رۆژنامەی ئاژانس

# ئایین # شیعە

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure