ئایین و پێوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستان لە دیدی پرۆفیسۆر مارتین ڤان بروینسێن

06/12/2017

:: د. سەباح موفیدی

مارتین ڤان بروینسێن (لەدایکبووی 10ی تەموزی 1946) مرۆڤناس و نووسەری هۆڵەندی و پرۆفیسۆری خوێندنەوەی بەراوردکارانەی کۆمەڵگا موسڵمانەکانی سەردەم لە بەشی فەلسەفە و خوێندنەوە ئایینییەکانی زانکۆی ئوترەختی هۆڵەندایە کە رێژەیەکی زۆر لێکۆڵینەوە و بڵاوکراوەی لەسەر کۆمەڵگا و کەلەپوورە جیاوازەکان بەتایبەت کۆمەڵگای کوردی هەیە. چەندین کار و لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە نەتەوەی کورد جێبەجێ کردووە کە پەرتووکی "ئاغا، شێخ و دەوڵەت؛ پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستان" وەک یەکەم کاری ئاکادێمیکی ئەو لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا (دەیەی 1970) گرنگترینیانە و لە کوردستاندا زیاتر بە هۆی ئەو پەرتووکەوە ناسراوە.

ناوەندی کوردستان: چەند دەیە پێش، ئێوە پەرتووکێکتان لەسەر کۆمەڵگای کوردی و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی، واتە "ئاغا، شێخ و دەوڵەت"، نووسی. ئێستا ئەو پێکهاتە و پێوەندییانە لە کوردستاندا چۆن دەبینن؟ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە گرنگەکان چین؟

مارتین ڤان بروینسێن: پەرتووکەکەی من لەگەڵ پێکهاتە کۆمەڵایەتییە "نەریتییەکان" سەروکاری هەبوو، نەک لەگەڵ ئەو رێکخراوانەی کە ئێستا زۆر بەرچاون: حیزبە سیاسییەکان و بزووتنەوە ئایینییەکان وەک KDP، PUK، گۆڕان لە باشووری کوردستان، PKK و هەموو بەرە و ئەنجومەنەکانی، ئیخوان موسلمین و دیکەی بزووتنەوە ئیسلامییەکان، و سەلەفییەکان.

ئەو پێکهاتانەی کە من تیشکم خستە سەریان هۆز، توێژی سۆفی (تەریقەت)، و پێوەندی نێوان دەوڵەتەکان (زیاتر ئێران و ئیمپراتوری عوسمانی و جێنشینەکانی) و کۆمەڵگای کوردی بوون. یەکێک لە داواکارییەکانم، لەسەر بنەمای شیکاری من بەپێی مێژووی کۆمەڵگای کوردی لە ماوەی پێنجسەد ساڵی رابردوودا، ئەوە بوو کە پێکهاتە و ئاڵۆزییەکانی هۆزە کوردییەکان لە ئاستێکی زۆردا دەرەنجامی دانوستانەکان لەگەڵ دەوڵەت بوون. تا کاتێ کە دەوڵەت دووری دەکرد و دەسەڵات و ئەرکە سەربازییەکانی بە سەرۆک هۆزەکان دەسپارد، کۆنفێدراسیۆنە هۆزییە زۆر گەورەکان و ئەمارەتەکان دەیانتوانی گەشە بستێنن. کاتێ کە دەوڵەت زۆرتر و زۆرتر راستەوخۆیانە خۆی دەرگیر دەکرد، ئەمارەتەکان یەکتریان تێکدەدا یان لە نێو دەبرد، دژایەتی زۆر لە نێو هۆزەکاندا سەریهەڵدەدا. هەرچی دەوڵەت فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی خۆی لە کوردستاندا زیاتر پەرەپێدەدا، دەرەتانێ کە هۆزەکان بتوانن رۆڵی زاڵی خۆیان جێبەجێ بکەن بەرە بەرە بچووکتر دەبووەوە، و دەبینین هۆزە گەورەکان دابەش دەکرێن و هۆزی بچووکتر پێکدێن.

دووەمین داواکاریم ئەوە بوو کە لە ماوەی خولێکی کورتدا، نزیکەی 1840-1930، شێخە سۆفییەکان وەکو رێبەرانی گرنگی خاوەن دەسەڵات سەریانهەڵدا کە توانییان بە سەر دژایەتی نێوان هۆزەکاندا زاڵ ببن. ئەوان چوونە ناو بۆشاییەک کە دەرەنجامی لەنێوچوونی ئەمارەتەکان بوو. رەنگە ئەمە کتوپڕی نەبێت کە ئەم رێبەرە ئایینییانە لە ماوەی خولێکدا کە خەڵک لەسەر پەرەسەندنی ئیمپریالیستی لە رۆژهەڵاتی ناوین ئاگادار بوونەوە، پێشترێتی و گرنگایەتی سیاسییان بەدەستهێنا. هەروەها شێخ عوبەیدوڵڵا، شێخ سەعید و شێخ مەحموود خولێکی گواستنەوە و تێپەڕین لە ئاگایی سیاسی لەسەر بنەمای هۆز بۆ ئەمەگداریە بەرینترەکانی نەتەوە و ئوممەتیان نوێنەرایەتی دەکرد، کەواتە وەک پێشەنگانی ناسیۆنالیزمی کوردی دەبینرێن.

کاتێ کە ئەو پەرتووکەم نووسی (ئەمە تێزی دکتۆرای من بوو)، چاوەڕوانیم دەکرد کە هۆز و هۆزایەتی، و ملکەچی ئەندامانی هۆز بۆ ئاغا، بە هۆی بە شاری بوون، خوێندن، بڵاوەی ئایدۆلۆژییە مۆدێڕنەکان: سۆسیالیزم، ناسیۆنالیزم، ئیسلامیزم، بەرە بەرە لە نێو بچن. تاڕادەیەک ئەوە روویدا، بەڵام هەروەها هەندێ گۆڕانکاریی هەبوو کە هۆزەکانی بەتایبەت لە کوردستانی باشوور و باکووردا، کە دەوڵەت میلیشیا و هێزی چەکداری هۆزەکانی بۆ شەڕ لە دژی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی بەکارهێنا، بەهێزتر کرد. لە ماوەی شەڕی عێراق-ئێراندا، دەوڵەتی عێراق هێزی زۆری بە ئاغا کوردەکان بەخشی کە ببوونە راوێژکار و موستەشار (فەرماندەرانی میلیشیاکان). هاوشێوەی ئەوەش لە تورکیا روویدا.

توێژی سۆفییەکان بە تەواوی تەشەنەدار مایەوە، بەتایبەت لە کوردستانی تورکیا، کە حکوومەتی AKP بۆ دەستەبەرکردنی پاڵپشتی و پشتگیریی لە ناو جەماوەری کوردیدا پشتی بە توێژی سۆفییەکان و کۆمەڵانی (جەماعەتی) تر وەک بزووتنەوەی "نوور" بەستبوو. لە کوردستانی باشووردا پێوەندیگەلی مێژوویی لە نێوان KDP و تەریقەتی نەقشبەندی و نێوان PUK و قادرییە هەیە، بەڵام من لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئەوان زۆرێک لە تەشەنەی خۆیان لە دەست داوە. لقێک لە قادرییە، کەسنەزانییە، لە دوایین ساڵەکانی دەسەڵاتی سەددام حوسێندا بە تەواوی خاوەن تەشەنە بوون، بەڵام ئەوڕۆکە زۆر کەم ناویان دەبیسرێت.

حیزبی KDP لە باشوور هەمیشە زۆر پشتی بە هۆزەکان بەستووە، تەنانەت هەندێ چاودێر وایانزانیوە کە ئەمە زیاتر وەک فێدراسیۆنێک لە هۆزەکانە تا حیزبێکی سیاسی مۆدێڕن. ئەم حیزبە بە شێوەی دیار و بە توندی لەلایەن بنەماڵەیەک و نزیکترین هاوپەیمانەکانی کۆنتڕۆڵ دەکرێت. لەم پێوەندییەدا، KDP لە رۆژهەڵات زیاتر لە حیزبێکی شاری چینی مامناوەند دەچێت، زۆر کەمتر پشتی بە هۆز و خێڵەکان بەستووە. لە نێو حیزبە کوردییەکاندا، PKK زیاتر هەوڵی داوە بۆ دابڕان لە دەسەڵاتی سەرکردە فیۆدال و هۆزییەکان و بە شێوەی توندڕەوانە بۆ بەندوباوێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی جیاواز بانگەشەی کردووە.

ناوەندی کوردستان: بە رای ئێوە، بەش یان لایەنی هەمیشەیی و بەردەوام لە بزووتنەوەی سیاسی کوردی هەر لە ئەمارەتە کوردییەکانەوە تا ئێستا چییە؟
مارتین ڤان بروینسێن: قسەکردن لەسەر تاقە بەش یان لایەنێکی بەردەوام ئاستەمە، لەبەر ئەوەی کە گۆڕانی زۆر روویداوە. لە بزووتنەوەی کوردی باشووردا هێز و تەشەنەی بەردەوامی بنەماڵە گرنگەکان (ئاغا و شێخەکان) بەهێزترن لە شوێنەکانی تر. لە بزووتنەوەی گۆڕان و بەتایبەت لە PKK و (لە سووریا) PYD دا، سەرکردایەتی چی تر لە دەستی ئەو بنەماڵانەدا نییە کە بە شێوەی نەریتی بەهێز بوون.

ناوەندی کوردستان: کاتێ کە بۆ یەکەم جار سەردانی کوردستانتان کرد، هەروەها کە لە پەرتووکەکەتاندا ئاماژەتان پێ کردووە، ئێوە ئەو راستییەتان بینی کە کوردەکان بێگانەن لەگەڵ حکوومەتە ناوەندییەکان. پاش 4-5 دەیە، ئاخۆ گۆڕانێک لەم پێوەندییەدا دەبینن؟ هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دۆخە چین؟ بۆچی دەوڵەت و نەتەوە زاڵەکان بریتی لە رووناکبیرانیان ناتوانن مافەکانی کورد قەبووڵ بکەن؟

مارتین ڤان بروینسێن: چاکە، لە هەر وڵاتێکدا هەمیشە زۆر کورد هەبوون، بریتی لە ئاغا و شێخەکان و هەروەها رووناکبیرانی خوێندەوار، کە بە چاکتریان زانیوە لە ناو سیستەمی سیاسی و کەلەپووری ئەو وڵاتەیدا کە لێی دەژیان تێکەڵ ببن، لە رێگای پێکهێنانی پیشەکانیان لە بواری بازرگانی یان بورۆکراسی یان رۆژنامەوانی پێکەوە لەگەڵ خەڵکانی دیکەی گروپە نەتەوەییەکان. بەڵام بۆ نموونە لە تورکیادا، کە تەنانەت هەبوونی کورد بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بە فەرمی نەناسرا. هەموو سیاسەتوانە بەرچاوەکانی تورکیا لە سی ساڵی رابردوودا لەم بابەتە ئاگادار بوونەتەوە کە تورکیا کێشەی کوردی هەیە و ئەوەی کە دەبێت رێگایەک بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ کوردەکان، نەتەنیا وەک تاکەکانی خاوەن مافی تاکەکەسی بەڵکو وەک گروپێکی خاوەن مافی بەکۆمەڵ، بدۆزنەوە. لە دوو ساڵی پێشەوە، حکوومەتی تورکیا پرۆسەی ئاشتی بەجێهێشتووە، بەڵام دێر یان زوو دەبێت بگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژ.

هەروەها رەنگە ئەزموونی باشووری کوردستان، کە دیارە سەرکەوتووانەترین بووە لە رێگای پێکهێنانی دەوڵەتدا، بەڵام پاش رێفراندوم لەناکاو زۆرێک لەو شتانەی لەدەستدا کە بەدەستیهێنابوو، پیشان دەدات کە بۆچی خەبات بۆ مافەکانی کورد ناکرێ لە پرسە نێودەوڵەتییەکان جیا بکرێتەوە. ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان ببێتە دەوڵەتیکی سەربەخۆ، بەتایبەت ئەگەر بتوانێت کۆنتڕۆڵی کەرکووک و نەوتەکەی بخاتەوە ژێردەستی خۆی، ئەوە کۆتایی عێراق دەبێت. عەرەبە سوننەکان دەبنە کەمینەیەکی لاواز کە تەنیا بە یەکگرتن لەگەڵ عەرەبە سوننەکان لە وڵاتی دراوسێدا –هەر ئەوەی کە داعش کردی- دەتوانن لە خۆ بەرگری بکەن و حیزبە شیعەکان کە پاشماوەی وڵات کۆنتڕۆڵ دەکەن بە تەواوی پشت دەبەستن بە ئێران و پێبەستەی دەبن. کە ئەمە بۆ ئەمریکا و زۆر وڵاتی ئەوروپایی قەبووڵ ناکرێت.

ئێستا سەرنجڕاکێشترین دۆخ لە رۆژئاوایە. PYD باوەڕی بە سەربەخۆیی هەرێمی نییە وەک ئەوەی کە KDP ویستی بەدەستی بێنێت، زۆر زیاتر کراوەن بۆ هاوکاری لەگەڵ گروپە نەتەوەییەکانی دیكە لە سووریادا، بەڵام ئەوان دەبێت رێگایەک بۆ رێکەوتن لەگەڵ رەژیمی سووریا بدۆزنەوە، حکوومەت دەیەوێت دیسان بە تەواوی دەست بە سەر خاکی هەموو وڵاتدا بگرێتەوە.

ناوەندی کوردستان: بێجگە کوردستان، ئێوە لەسەر وڵاتانی تر وەک تورکیا، ئێران، عێراق، ئیندۆنێسیا و شوێنەکانی تر کارتان کردووە. تایبەتمەندییە جیاوازەکانی کەلەپووری کوردی چین؟ لەم پێوەندییەدا، جیاوازییەکانی نێوان رۆڵی ئایین لە کوردستان و شوێنەکانی تردا چین؟ چ کردەیەکی (ئەرێنی یان نەرێنی) ئایین لە کوردستاندا دەبینن کە لە دیکەی شوێنەکاندا نییە؟

 مارتین ڤان بروینسێن: ئەوەی ئیسلامی کوردی بێ وێنە دەکات ئەوەیە کە سێ نەریتی گرنگی وانەی ئایینی تێیدا دەبینرێت: نەریتە عەرەبی، فارسی و تورکیییەکان. هەروەها زانایانی کورد و شێخەکان وەک پێوەندیدەران و وەرگێڕانی نێوان ئەم نەریتانە کاریان کردووە. بیرۆکەکانی سۆفییە کوردەکان بە توندی کەوتنە بەر کاریگەری سۆفییەکانی ئێران، خوراسان و هێندستان کە هەموویان بە فارسی دەیاننووسی. سەعید نوورسی کە سەرنجڕاکێشترین بیرمەندی موسڵمانی تورکیا بوو، مەولەوی لە باشووری کوردستان، لەم دواییانەدا ئەحمەدی موفتیزادە، بە ئەگەرەوە گرنگترین بیرمەندی موسڵمانی سوننەی ئێران لە سەدەی بیستدا، لە نووسراوەکانیاندا کاریگەرییەکانی نەریتە جیاوازەکانی ناوچەکەیان لێکتر گرێدا. شتێکی تر کە ئەوان بە هاوبەشی هەیانبوو دڵفراوانی و راهاتووییان لەگەڵ روانگە جیاوازەکان و باوەڕە ئایینییەکان بووە.

ناوەندی کوردستان: رۆڵی رەوتە ئیسلامییە نوێیەکان لە کوردستاندا چۆن دەبینن؟ چ جیاوازیگەلێک لە نێوان رۆڵی ئەوان و رۆڵی نەریتیی ئایین یان ئایینی نەریتی لە کوردستاندا هەیە؟

 مارتین ڤان بروینسێن: رەوتە ئیسلامییە نوێیەکان، چ ئاڕاستەدار لە باری سیاسییەوە یان سەلەفی، مەیلیان بەرەو جیاوازیی زۆر لەگەڵ و رەخنەی زۆر لە توێژی سۆفییەکانی خاوەن رێبەرایەتی بە میرات، هەیە. ئەوان هەروەها مەیلیان بەرەو راهاتوویی کەمتر لەگەڵ گروپە لارئایینەکان هەیە کە هەمیشە تەشەنەیان لە ناو کورددا هەبووە، وەک یارسان (ئەهلی حەق یان کاکەیی)، عەلەوی و شەبەک، و ئێزیدییەکان.

ناوەندی کوردستان: ئێوە پارچە جیاوازەکانی کوردستان دەناسن. کاریگەرییەکانی ئایین و رەوتە ئیسلامییە نوێیەکان لەسەر سیاسەتی کوردی نوێ لە پارچە جیاوازەکاندا چۆن دەبینن؟ جیاوازییەکان چین؟

 مارتین ڤان بروینسێن: ئیسلامی سیاسی وەکو بزووتنەوەیەکی رێکخراو دیاردەیەکی نوێیە لە کوردستاندا. حیزبوڵڵای تورکیا (ئێستا حیزبێکی سیاسی، Hüda-Par) و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوو لە باشووری کوردستان خەریکن دەبنە رکابەرگەلێکی گرنگ بۆ حیزبە ناسیۆنالیستە سێکیولارەکان. پاش خولێ کە تێیدا هەموو سیاسەت سێکیولار بوو، بزووتنەوە ئیسلامییەکان بوونەتە بەشێکی زۆر بەرچاوی دیمەنی سیاسی لە سەرتانسەری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و ئەمەش خەریکە سیاسەتی کوردی دەگۆڕێت. رۆژئاوای كوردستان ئێستا تەنیا بەشی کوردستانە کە حیزبێکی ئیسلامخوازی کوردی خاوەن تەشەنەی تێدا نییە – رەنگە لەبەر ئەوەی کە کوردەکانی سووریا زۆر هەڕەشەیان لەسەر بووە لەلایەن گروپگەلێک وەک بەرەی نوسرە و داعش.

هەروەها کە پێشتر وتم، ئەم بزووتنەوە و حیزبانە سنگفراوان و راهاتوو نین لەگەڵ کۆمەڵگا لارئایینەکان، و کاتێ کە ئەوان زۆر تەشەنە دەکەن، یەکێک لە دواهاتەکانی ئەوە دەبێت کە ئەو کۆمەڵگایانە وەک کوردە عەلەوییەکانی تورکیا یان ئێزیدییەکان خۆیان وەکو خەڵکانێکی جیا، جیاواز لە کوردە سوننەکان، پێناسە دەکەن. کەلێنی نێوان کوردە سوننە و شێعەکانیش بە ئەگەرەوە بەرینتر دەبێت.

لەلایەکی ترەوە، من تێگەیشتووم کە بزووتنەوە ئیسلامخوازەکان وەک حیزبوڵڵای تورکیا یان کۆمەڵی ئیسلامی جەختی زۆرتریان خستووەتە سەر شوناسی کوردی خۆیان بە گوێرەی رابردوویان. بەپێچەوانەی ئیسلامخوازەکانی دیكە کە نکۆڵی دەکەن لە گرنگایەتی شوناسی نەتەوەیی و داواکاریی ئەوەیان هەیە کە هەموو موسڵمانەکان بران، ئەم بزووتنەوانە لە ئەندامەتییاندا، زمانێ کە بەکاری دەهێنن، و تەنانەت لەو بیرۆکە سیاسییانەیدا کە باسی لەسەر دەکەن، زۆر کوردین. من وادەزانم کە ئێمە ئێستا دەتوانین لەسەر هەبوونی ناسیۆنالیزمێکی کوردی ئیسلامی قسە بکەین کە خەریکە رکابەرایەتی دەکات لەگەڵ ناسیۆنالیزمی کوردی سێکیولار و هەروەها لەگەڵ ئیسلامیزمی عەرەبی و تورکی.

ناوەندی کوردستان: بەپێچەوانەی بزووتنەوەی کوردی نوێ، حکوومەتە ناوەندییەکان بەتایبەت لە کوردستانی رۆژهەڵات لە ئێراندا، زۆربەی کات لە ئایین لە دژی ئەم بزووتنەوە کەڵکیان وەرگرتووە. بۆ وێنە، ئەوان لە رەوتە ئیسلامییە نوێیەکان لە دژی حیزبە سیاسییەکانی کورد، رەوتە نەریتییەکان لە دژی ئیسلامخوازە نوێیەکان (بەتایبەت لە ماوەی ئەو ساڵانەی دواییدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان)، هەردووکی رەوتە ئیسلامییە نوێ و نەریتیییەکان لە دژی رەوتە سێکیولارەکان کەڵکیان وەرگرتووە. بە رای ئێوە، بۆچی لە سەردەمی هاوچەرخدا ئایین بە قازانجی کورد کردەیەکی سیاسی نەبووە؟

 مارتین ڤان بروینسێن: ئەمە جێی لێتێگەیشتنە کە حکوومەتەکان کە هەست بە هەڕەشە دەکەن لەلایەن بەرزبوونەوەی ئاستی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە، هەوڵ بدەن بۆ لاوازکردنی بزووتنەوەی کوردی بە کەڵک وەرگرتن لە کەلێن و قەلشتە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگای کوردی. لە شوێنێکدا کە رەوتی زاڵ لە بزووتنەوەی کوردیدا سێکیولارە، حکوومەت رەنگە هەوڵ بدات بۆ بەهێزکردنی ئەو بزووتنەوە ئایینییانە کە لەو باوەڕەدایە زۆر بە توندی دژایەتی گروپی ناسیۆنالیستی زاڵ دەکەن. لە تورکیادا لە حکوومەتی زۆر سێکیولاری تانسو چیلەر لە ناوەڕاستی دەیەی 1990 دا بوو کە حیزبوڵڵا لە دژی PKK بەکارهێنرا. بەڵام هەموو رەوتە ئیسلامییەکان بە خۆیان رێگە نادەن کە لەم رێگایەدا بەکار بهێنرێن. دوو باڵی کوردی کۆمەڵەی نوور لە تورکیا هەمیشە وەک داکۆکیکارانی پتەوی مافە کەلەپووری و سیاسییەکانی کورد ماونەتەوە و دژایەتی هەموو ستەمەکانی سەر ویست و داواکارییەکانی کوردیان کردووە. گروپی مەد-زەهرا (Med-Zehra) تەنانەت لە بیرۆکەی خەباتی چەکدارانە بۆ دەوڵەتێکی کوردی موسڵمانی سەربەخۆ پشتگیرییان کرد. گروپی خڕەوبوو لە دەور گۆڤاری نووبەهار رۆڵێکی گرنگی لە خەبات بۆ بووژاندنەوەی کەلەپووری رووناکبیریی و وێژەی خوێندنگەی کوردی هەبوو. ئەوان هەروەها لەلایەن بزووتنەوەی کوردی سێکیولار لە تورکیا زۆر رێزیان لێدەگیردرێت.

ناوەندی کوردستان: داهاتووی رۆڵی ئایین لە باری کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە لە کوردستاندا چۆن دەبینن؟

مارتین ڤان بروینسێن: من هەوڵ دەدەم کە لە ئێستا و رابردوو تێبگەم، و تاڕادەیەک ئەوە بە ئاستەم دەزانم. من ناوێرم لە داهاتوو بیر بکەمەوە. ئێمە بینیومانە کە هۆزەکان و توێژی سۆفییەکان هێشتا هەن بەڵام گۆڕاون، ئەوانە رۆڵی جیاوازیان هەیە بە گوێرەی رابردوو، و گروپ و رێکخراوی زۆر هەن کە بە ئەگەرەوە زۆر گرنگترن لە هۆزەکان و توێژی سۆفییەکان. لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا، ئایین رۆڵێکی گرنگ و کاریگەرتری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بە گوێرەی رابردوو گێڕاوە. بەڵام ئایینیش شێوە و بیچمی نوێی لە خۆ گرتووە: ئێستا بزووتنەوە ئیسلامییە سیاسییە رادیکاڵەکان هەن کە سی ساڵی پێش نەبوون، و هەروەها رێگای نوێی زۆر هەن کە تێیایاندا تاکەکان بە دوای چاکتربوونی مەعنەوییەوەن (عیرفان).
لە سی ساڵی داهاتوودا، ئایین بە دڵنیاییەوە هێشتا رۆڵ دەگێڕێت، بەڵام رەنگە بزووتنەوە نوێیەکان، گروپە نوێیەکان، و شێواز و کردەوە نوێیەکان هەبن و سەرهەڵبدەن کە ئێمە هێشتا سەبارەت بەوانە شتێک نازانین. 

 

بۆ داگرتن کلیک لێرە بکە

# باشوری کوردستان # ئایین

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure