قوتابخانە هزری‌و سیاسییەكان لە ئیسلامدا؛ شیعەی ئیمامی (جەعفەری) [بەشی دووەم

09/12/2017

:: د. ئومێد عوسمان

فیقهی ئیمامی (جەعفەری)
     شیعەی ئیمامی هەتا سەرەتاكانی  سەدەی چوارەمی كۆچی كە تیایدا لەبەرچاو نەمانی گەورە (الغیبە الكبری)ی ئیمام مەهدی روودەدات خاوەنی هیچ جۆرە سەرچاوەیەكی سەربەخۆی فیقهی ‌و ئوسوڵی نەبوون، تێكڕای مەسەلە فیقهی ‌و بابەتە ئوسوڵیەكان پەرشوبڵاوبووە لە نێو سەرچاوەكانی تایبەت بە فەرموودە و گێڕانەوەی پێشەواكانیان (المصادر الروائیە) دا، واتە زۆربەی فەتوا و بابەتە فیقهی‌ و ئوسوڵیەكان لە شێوەی گێڕانەوە و لەگەڵ ناوبردنی گێڕەرەوەكان تا دەگاتە پێغەمبەر یان پێشەوا تۆماركراوە.   


  شێخ سەدوقی یەكەم یان باوك، عەلی كوڕی حسەینی كوڕی موسای بابەوەیهی لە (329ك) مردووە، یەكەم كەس بووە لە كتێبـی (الشرائع) دا هاتووە فەتوا و گێڕانەوە فیقهیەكانی لە سەنەدەكان دابڕیوە و وەك بابەتی فیقهیی سەربەخۆ تۆماری كردوون، دواتریش كوڕەكەی كە ناسراوە بە شێخ سەدوقی دووەم (381ك) مردووە، لە كتێبـی (المقنع) و (الهدایە) هەمان رێچكەی باوكی گرتۆتە بەر21. 


 شایانی باسە ئەو سەرچاوە فیقهیانە بەهۆی پەیوەستبوونی خاوەنەكانیان بە قورئان ‌و سووننەت بە واتا فراوانەكەی لای شیعە و خۆبە دوورگرتنیان لە پەنابردنە بەر بەڵگەی عەقڵی، لە زۆربەی سەردەمەكاندا وەك كتێبـی فەرموودە مامەڵەی لەتەكدا كراوە 22، هەربۆیە دەتوانین رەگوریشەی ئاڕاستەی ئەخباریەكان یان تەوژمی سەلەفیەتی شیعە بگێڕینەوە بۆ هەركام لە شێخ سەدوقی باوك ‌و كوڕ.


هاوكات لە بەرامبەر ئەم ئاڕاستە دەقگەراییەی فیقهی شیعەدا، ئاڕاستەی فیقهی ئیجتیهادی یاخود عەقڵانی دێتە كایەوە، ئەمەش  لەسەردەستی ئیبنو ئەبی عەقیلی عومانی كە هاوسەردەمی شێخ سەدوقی باوك بووە،  ناوبراو لە كتێبـی (المتمسك بحبل يَلِ الرسول في الفقه) هەوڵیداوە لەسەر بنەمای شیكاری ‌و بەراوردكاری‌و بەڵگەدۆزی، مەسەلە فیقهیەكان پۆلێن ‌و پوختە بكات، هاوكات ئیجتیهاد بكات لەو مەسەلانەدا كە لە گێڕانەوەكاندا باسیان نەهاتووە23.


 لە پاش ئیبنو ئەبی عەقیل، ئیبنوجونەیدی ئیسكافی لە (381ك) مردووە، بە دیارترین كەسایەتی شیعە دادەنرێت كە درێژە پێدەری ئاڕاستەی فیقهی ئیجتیهادیی شیعە بووە، بەڵكو زۆر فراوانتر لە عومانی پەنای بردۆتە بەر بەڵگە عەقڵیەكانی وەكو قیاس ‌و رەخنەی لە گێڕانەوەكان گرتووە، هەربۆیە بەدرێژایی سەردەمەكان نووسینەكانی لەلایەن زۆرێك لە  زانایانی شیعەوە پەراوێزخراوە 24.


لێرە بەدواوە فیقهی شیعە گەشەكردنی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت،  بەتایبەتی لەسەر دەستی شێخ موفید (413ك) مردووە، سەید مورتەزا ( 436ك) مردووە، ئەبوجەعفەری توسی (460ك) مردووە، ئیبنولبەراج (481ك) مردووە، سالاری دەیلەمی(483ك) مردووە، ئەم زانایانە لە نووسینەكانیاندا كۆكەرەوەی هەردوو رێبازی دەقگەرا و عەقڵانیەكان بوون لەگەڵ خۆپارێزی هەندێكیان لە پەنابردنە بەر بەڵگەكانی قیاس ‌و مەسڵەحە و هاوشێوەی ئەوانەی لای سوننیەكان هەبووە، چەندین كتێبـی سەربەخۆیان لە فیقهی شیعە و ئوسوڵی فیقهـ ‌و فیقهی بەراورد بە مەزهەبە سوننیەكان داناوە 25.


ئەم رێبازەی توسی‌ و شوێنەكەوتوانی بۆ زیاتر لە سەدەیەك باڵادەست بووە بەسەر ئیجتیهاد و فیقهی شیعەدا، بەجۆرێك لادان لە بۆچوونەكانیان هێڵی سوور بووە، تا لە كۆتایی سەدەی شەشەم ‌و سەرەتاكانی سەدەی حەوتەمەوە، فیقهی شیعە تەكانێكی بەهێز بەخۆی دەدات ‌و جارێكی تر رۆحی بەرەوپێشچوون ‌و داهێنان تیایدا زیندوو دەبێتەوە، لەسەر دەستی گەورە زانایانی وەك  ئیبن ئیدریسی حیللی( 598ك) مردووە، موحەقیقی حیللی (676ك) مردووە، ئەم دوو زانایە گەورەترین رۆڵی زانستیان هەبووە لە قوڵبوونەوە و گەیشتنە لوتكەی فیقهی شیعەدا، رەخنەیان لە زۆرێك لە بۆچوونەكانی پێشین گرتووە، فەرموودە و گێڕانەوەكانیان خستۆتە بەر رەخنە و لێكۆڵینەوە، باس ‌و بوارە فیقهیەكانیان فراوانتر كردووە، لە پێشینەكان زیاتر گرنگیان بە فیقهی بەراوردكاری داوە، بنەما فیقهیەكانیان نووسیوەتەوە، رۆڵی بەڵگەی عەقڵیان زیندووكردۆتەوە، كە پێشتر مایەی گرنگیپێدانی هەركام لە ئیبنو ئەبی عەقیل ‌و ئیبنو جونەید بووە، هاوكات ئەوانی تر وەلایان نابوو26.


دواتریش هەركام لە عەلامەی حیللی ( 726ك) مردووە، شەهیدی یەكەم (786ك) مردووە، ئیبن فەهدی حیللی (841ك) مردووە، موحەقیقی كەركی (940ك) مردووە، شەهیدی دووەم (966ك) مردووە، درێژەیان بە رێباز و هێڵە گشتیەكانی ئیجتیهاداتی ئیبن ئیدریس ‌و موحەقیقی حیللی داوە،  بە تایبەت موحەقیقی كەركی بە هۆی نزیكبوونەوەی لە شا تەهماسبـی سەفەوی، بەیەكەمین فەقیهی شیعە دادەنرێت كە گرنگی بە فیقهی دەوڵەتداری ‌و كاروبارەكانی داوە، هاوكات فەتوای داوەبە واجبێتی نوێژی هەینی، كەپێشتر بۆ چەند سەدەیەك مایەی راجیایی‌ و مشتومڕی فەقیهەكان بووە، بەهۆی لەبەرچاونەمانی ئیمام مەهدیەوە 27. 


هەر لە ناوەڕاستی سەدەی دەیەمی كۆچیدا گەورە فەقیهی شیعە موحەقیقی ئەردەبیلی (993ك) مردووە دەردەكەوێت، جیاواز لە هاوسەردەمانی، زۆر گرنگی بە خۆبەستنەوە بە رای زانایانی پێشین نادات، بەڵكو لەسەر بنەمای ئاسانكاری ‌و لێبووردەیی‌ و لادانی ناڕەحەتی ‌و بارقورسی، شیكاری زۆربەی بۆچوون ‌و مەسەلە فیقهیەكان  دەكات، گرنگیەكی زۆر دەدات بە ئوسوڵی فیقهـ و پۆلێنكردنی عەقڵانی باسەكانی، هاوكات چوارچێوەی كاركردن بە گێڕانەوەی ئاحاد بەرتەسك دەكاتەوە، چەندین زانای ناوداری تر دەكەونە ژێر كاریگەری ئەردەبیلیەوە، لەوانە: جەمالەدینی عامیلی كوڕی شەهیدی دوەم (1011ك) مردووە، شێخی بەهائی  (1030ك) مردووە 28.


وەكو كاردانەوەیەك لەبەرامبەر گەشەكردنی هێڵی ئیجتیهاد و ئاڕاستەی عەقڵانی لە فیقهی شیعەدا لەلایەك‌ و هەندێك هۆكاری تری سیاسی لەلایەكی ترەوە،  لە سەرەتای سەدەی یازدەهەمی كۆچیەوە تەوژمێكی بەهێزی بانگەشەكردنی گەڕانەوە بۆ كەلتووری پێشین لەناو زانایانی شیعەدا دەركەوت، كە بە ئاڕاستەی ئەخباریەكان یان دەقگەراكان ناوزەدكراوە، یان روونتر بڵێین هێڵی سەلەفیەتی شیعە، لایەنگرانی ئەم تەوژمە بە هەموو جۆرێك بنەماكانی ئوسوڵی فیقهـ و پەنابردنە بەر عەقڵیان لە هەڵگۆزینی حوكمە شەرعیەكاندا رەتدەكردەوە، جەختیان لەسەر كاركردن بە قورئان‌و گێڕانەوەكان دەكردەوە29.


هەرچەندە بنچینەی ئەم ئاڕاستە هەروەك پێشتر ئاماژەمان پێدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شێخ سەدوقی باوك‌و كوڕ، دواتریش بە لاوازیی بوونی هەبووە، بە ڵام بە بەهێزی لەلایەن موحەمەد ئەمین ئوسترابادیەوە لە (1023ك) مردووە، وروژێنرا، كە ماوەیەك لە شاری مەدینە مایەوە و كتێبـی (الفوائد المدنیە فی الرد علی من قال بالاجتهاد والتقلید فی الاحكام الإلهیە) ی نووسی، كە تێیدا زۆر بە توندی هێرشدەكاتە سەر عەقڵ، بە هەموو شێوەیەك بنەما عەقڵیەكانی ئیجتیهاد و هەتا ئیجماعیش رەتدەكاتەوە، لەمبارەوە گوتوویەتی: "دووجار ئاینی ئیسلام شێوێندراوە، یەكەمیان: ئەو رۆژەی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) وەفات دەكات، دووەمیان: ئەوكاتەی بنەما و یاسا ئوسوڵیەكان دادەڕێژرێت"30.


هەروەها ئوسترابادی راشكاوانە دەڵێت: گێڕانەوەكان لە پێشەواكانەوە ئەوەندە زۆر‌ و گشتگیرن، پێویست ناكات هیچ شەرعزانێك تێیانپەڕێنێت ‌و پەنا بباتە بەر بەڵگەی عەقڵی، هەربۆیە لایوایە هەرچی فەرموودە و گێڕانەوەیەك لە چوار كتێبە سەرەكیەكەی فەرموودەدا تۆماركرابێت، هەمووی راستەو مایەی قسە لەسەركردن نییە 31.


لەسەرو ئەمانەشەوە ئوسترابادی گوتویەتی كار بە دەلالەتی روكەشی دەقە قورئانیەكان ناكرێت بەبێ پەنابردنە بەر راڤەی پێشەوای پارێزراو 32.
   لەو زانایانەی كە برەویاندا بەهەمان رێباز و رێچكەی ئوسترابادی: موحەمەد تەقی مەجلیسی لە (1070ك) مردووە، موحەمەد موحسین فەیزی كاشانی لە (1090ك) مردووە، موحەمەد كوڕی حەسەن ناسراو بە حوڕی عامیلی لە (1104ك) مردووە، موحەمەد باقر مەجلیسی كوڕی موحەمەد تەقی لە (1110ك) مردووە،  نیعمەتوڵای جەزائیری لە (1113ك) مردووە، ، شێخ یوسفی بەحرانی لە (1186ك) مردووە 33.


ئەم رێباز و ئاراستە فكریە نزیكەی دووسەد ساڵ باڵی كێشا بەسەر زۆربەی قوتابخانە ‌و خوێندنگە شیعیەكاندا، زۆربەتوندی دژایەتی لایەنگرانی ئیجتهیاد‌ و عەقڵانیەتیان دەكرد، بەكافر و گومڕاو لادەر ناوزەدیان دەكردن،  تا لە كۆتایی سەدەی دوازدەیەمی كۆچیدا  زانای ناوداری شیعە محەمەد باقری بەهبەهانی لە(1206ك) مردووە،  بەرەنگاریان بوویەوە، بە زیندووكردنەوەی رێباز و ئاڕاستەی ئوسوڵیەكان، رۆڵی ئەوانی لاوازكرد، دواتریش شێخ مورتەزای ئەنساری لە (1281ك) مردووە، رۆڵی كارای گێڕا لە برەودان ‌و گرنگیدان بە بەڵگە عەقڵیەكان ‌و فراوانكردنی چوارچێوەی ئوسوڵی فیقهـ و، لاوازكردنی رێبازی دەقگەراكاندا 34.


   لە ئەمڕۆدا دەقگەراكان هیچ جۆرە قورساییەكیان نەماوە، بە بەراورد لەگەڵ ئوسوڵیەكاندا، كە بەتەواوی دەستیانگرتووە بەسەركاروباری  مەرجەع‌ و فەتواو خوێندنگە ئاینیەكاندا.


شایانی باسە سەرچاوەی سەرەكی شەریعەت‌ و هەڵگۆزینی حوكمە شەرعیەكان بەگشتی لای شیعەی ئیمامی  لە چوار سەرچاوەدا خۆی دەبینێتەوە:
    یەكەم: قورئانی پیرۆز: هەمان ئەو قورئانەیە لە بەردەستی سەرجەم  موسوڵماناندایە، خوای پەروەردگار دایبەزاندووە بۆ پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت) هەرخۆشی پەیمانی داوە بە پاراستنی، سەرچاوەی سەرەكی شەریعەتە، پێوەر و هەڵسەنگێنەری فەرموودەو گێڕانەوەكانە،35. .
   دووەم: سوننەت: بریتییە لە كردار و گوفتاری پێغەمبەر و پێشەوایانی پارێزراو لەتاوان، یاخود بێدەنگبوونیان سەبارەت بە رووداوێك 36.


   هەروەك چۆن لای سوننیەكان شەش كتێبـی بەناوبانگی فەرموودە راست ‌و دروستەكان هەیە، بەهەمان شێوە لای شیعەكانیش چوار كتێبـی سەرەكی فەرموودە هەیە:


  1ـ (الكافی) دانراوی ئەبو جەعفەری كولینی ( 329ك) مردووە.
  2ـ (من لا یحضره الفقیه) دانراوی ئیبن بابەوەیهی قومی كە ناسراوە بە شێخ سەدوقی دووەم (381ك) مردووە.
  3ـ (تهذیب الاحكام) دانراوی ئەبوجەعفەری تووسی (460ك) مردووە.
  4ـ  (الاستبصار فیما اختلف من الاخبار) دانراوی ئەبوجەعفەری تووسی. 37.


لەگەڵ ئەمەشدا زانایانی شیعە بێجگە لە ئەخباریەكان، بەڕەهایی فەرموودەیان لەم سەرچاوانەوە وەرنەگرتووە، بەڵكو هاوشێوەی سوننیەكان لێكۆڵینەوەیان لە مەتن‌ و سەنەدی گێڕانەوەكاندا كردووە، چەندین نووسراوی تایبەتیان هەیە لە زانستی (جەرح ‌و تەعدیل) و پۆلێنكردنی فەرموودەكان لە سەربنەمای بەهێزی‌ و لاوازی 38.


   سێیەم: كۆدەنگی زانایان (الإجماع)  كاتێك كاری پێدەكرێت، كە رونكەرەوە‌ و بەدیارخەری رای پێشەوای پارێزراو بێت،39.
  چوارەم: عەقڵ: كاتێك كاری پێدەكرێت ئەو حوكمەی دەیدات حەتمی ‌و حاشاهەڵنەگر بێت، وەك: یەك نیوەی دووە، گشت گەورەترە لە بەش، لێرەوە دەردەكەوێت مەزهەبـی ئیمامی حوكمی عەقڵ رەتناكاتەوە ئەگەر حاشاهەڵنەگر بێت، بەڵكو ئەو حوكمە عەقڵیانە رەتدەكاتەوە، كە ناتەواون‌ و زۆربەی خاوەن عەقڵەكان كۆك نین لەسەریان 40.

 

بۆ داگرتنی سەرجەم بەشەکان کلیک لێرە بکە

سەرچاوەو پەراوێز:
21-  الفضلي، عبدالهادي: تأريخ التشريع الإسلامي، دار الكتاب الإسلامي، قم، ط1،1427ﻫ. ق، ص 238 .
22- سەرچاوەی پێشوو،ل239.
23-  الفضلي، عبدالهادي: تأريخ التشريع الإسلامي، ص 250. فرحان، عدنان:  حركة الاجتهاد عند الشيعة الإمامية، دار الهادي، بيروت، ط1، 2004، ص 247.
24-  الفضلي: تأريخ التشريع الإسلامي، ص 250.
25-   الفضلي، عبدالهادي: تأريخ التشريع الإسلامي، ص 262.  خازم، علي حسن: مدخل إلى علم الفقه عند المسلمين الشيعة، دار الغربة، بيروت، ط1، 1993، ص20.  فرحان، عدنان: سەرچاوەی پێشوو، ل، 250، 254، 263.
26-  الفضلي، عبدالهادي: تأريخ التشريع الإسلامي، ص 341.  فرحان، عدنان: سەرچاوەی پێشوو، ل 281.
27-  السبحاني، جعفر:  تأريخ الفقه الإسلامي وأدواره، دار الأضواء، بيروت، ط1، 1999، ص 358، 378. الفضلي، عبدالهادي: تأريخ التشريع الإسلامي، ص 360، 379، 388، 397.  فرحان، عدنان: سەرچاوەی پێشوو، ل 314، 320،322.
28-  السبحاني، جعفر: تأريخ الفقه الإسلامي وأدواره، ص 365، 368.  فرحان، عدنان: سەرچاوەی پێشوو، ل331 - 355.
29-  السبحاني، جعفر: تأريخ الفقه الإسلامي وأدواره، ص 384.
30- الأسترابادي، محمد أمين: الفوائد المدنية، تحقيق: رحمة الله الرحمتي، مؤسسة النشر الإسلامي، قم، ط2، 1426ﻫ، ص 368.
31- سەرچاوەی پێشوو، ل371.
32- سەرچاوەی پێشوو، ل270.
33-  السبحاني، جعفر: تأريخ الفقه الإسلامي وأدواره، ص394. 
34-  السبحاني، جعفر: تأريخ الفقه الإسلامي وأدواره، ص418، 431. فرحان، عدنان: سەرچاوەی پێشوو،ل437.
35-  السبحاني، جعفر: الوسيط في أصول الفقه، مؤسسة الإمام الصادق، قم، ط1، 1422ﻫ.ق، 2/39. الفضلي، عبدالهادي: مباديء أصول الفقه، مركز الغدير، بيروت، 2007، ص 29،... مذهب الإمامية، بحث في النشأة وأصول العقيدة والتشريع، مركز الغدير للدراسات الإسلامية،  ص 97.
36-   السبحاني، جعفر: الوسيط في أصول الفقه 2/48.  الفضلي، عبدالهادي: مباديء أصول الفقه، ص 31، ...مذهب الإمامية، ص 99.
37-  الأمين، محسن: سەرچاوەی پێشوو،1/144.
38-  الفضلي، عبدالهادي: مباديء أصول الفقه، ص35.
39-  السبحاني، جعفر: الوسيط في أصول الفقه، 2/31. الفضلي، عبدالهادي: مباديء أصول الفقه، ص85،... مذهب الإمامية، ص 100.
40-  السبحاني، جعفر: الوسيط في أصول الفقه، 2/12.  الفضلي، عبدالهادي: مباديء أصول الفقه، ص88،... مذهب الإمامية، ص 100.




# شیعە

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure