بزووتنەوەی ئیسلامیی لە كوردستانی عێراق

25/02/2018

:: ئیدریس سیوەیلی

دامەزراندن و خەباتی شاخ

 دوای خۆنیشاندانی هەڵەبجە لە (13 مایسی 1987)، ژمارەیەكی زۆر لە زانایان ‌و كەسایەتیی ‌و جەماوەری هەڵەبجە‌ و دەوروبەری بەرەو ئێران كۆچیان كرد، كە هەندێ‌ لە سەركردەكانی ئیخوانیان لەگەڵدا بوو، بە گەیشتنیان بە ئێران، لە (24/5/1987) لە ژێر ناوی (كۆمەڵەی زانایانی كۆچەری) بەیاننامەیەكیان دەركرد ‌و شۆڕشی چەكدارییان ڕاگەیاند.

ئەم بەیاننامە، سەرەتایەك بوو بۆ ڕاگەیاندنی پارتێكی نوێ‌، لەو كاتەدا بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیی تاكە پارتی ئیسلامیی چەكداری گۆڕەپانەكە بوو، لەلایەن شێخ عەبدوللەتیف واژەیی ڕێبەرایەتی دەكرا، سەركردەكانی ئەم پارتە پێشوازیان لە كۆمەڵەی زانایانی كۆچەری كرد ‌و لەسەر كاری چەكداری هانیان دەدان.

لە (حوزەیرانی 1987) لە شاری (سنە) كۆبوونەوەیەك كرا و تێیدا بڕیاری ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامیی بە ڕێبەرایەتی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز درا، هەر لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی بزووتنەوە، لە (تەمموزی 1987) كۆمەڵێك گەنج ‌و كەسایەتیی ناوچەی بیتوێن ‌و پشدەر چوونە ئێران‌ و پەیوەندیان بە بزووتنەوەی ئیسلامییەوە كرد، ئەمەش بووە پاڵپشتێكی جەماوەری ‌و ڕێكخراوەیی باش بۆ بزووتنەوە‌ و كارەكانی ئەو پارتەی بەگوڕتر كرد.

لە (18 تشرینی یەكەمی 1987ز) لە (سنە) كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان ئەنجامدرا‌ و لەناو (30) پاڵێوراودا جگە لە ڕابەری گشتی كە لە پۆستەكەی خۆیدا مایەوە سەركردایەتی بزووتنەوە هەڵبژێردرا كە بریتی بوو لە: شێخ عەبدوللەتیف واژەیی، مەلا عەلی عەبدولعەزیز، مەلا عومەر عەبدولعەزیز، ئەحمەد كاكە مەحمود، مەلا مەحمود ئازادی، ئەبوبەكر سدیقی، ئەبوعەلی موسڵی، عەلی باپیر، مەلا عەبدولقادر كۆكۆیی، مەلا موحەممەد ڕازی، عەبدولقادر برایەتی، مەلا سەلمان، مەلا عەلی بیارە. ئەمە یەكەم دەستەی سەركردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامییە.

ئەوەی گرنگە لێرەدا سەرنجی لێبدرێت گۆڕانی ناوی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیی بوو بۆ بزووتنەوەی ئیسلامیی، ئەمەش بەو مانایەیە كە بزووتنەوەی ئیسلامیی درێژەپێدەری بزووتنەوەی پەیوەندییە بە هەندێ‌ گۆڕانكارییەوە، لەلایەكی ترەوە بزووتنەوەی پەیوەندی ناوی لەسەر شانۆی ڕامیاری سڕایەوە و پارتێكی نوێی ئیسلامیی هاتە مەیدان كە لە بزووتنەوەی پەیوەندی بەهێزتر بوو.

بزووتنەوەی ئیسلامیی لە ڕووی پێكهاتەی ناوخۆوە تا ڕادەیەك ناجۆر بوو، ئەوەش بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە سەرەتاوە دامەزرێنەرانی ئەم پارتە لە یەك قوتابخانەی فكریەوە نەهاتبوون، بنەمایەكی پەروەردەیی ‌و ڕێكخراوەیی پێشوەختیان نەبوو، ئەوەی ئەو پێكهاتە ناجۆرەی كۆكردبوویەوە ئایدۆلۆژیای ئیسلام ‌و پێویستی بەرەنگاری بەعس ‌و تاوسەندنی چەوساندنەوەی گەلی كورد بوو. سەركردەكانی بزووتنەوە زۆربەیان زانای ئایینی بوون، پێشتر سەرقاڵی پەروەردە ‌و زانستە ئایینیەكان بوون، تێكەڵ بە ژیانی سیاسیی نەبوون ‌و لەو بوارەدا كەم ئەزموون بوون، هەر بۆیە لەگەڵ دامەزراندنی حزبی سیاسیی ‌و سەركردایەتی كردنی ئەو كارە، رووبەڕووی گرفتی سیاسیی، فكریی، ستراتیژیی ‌و دبلۆماسیی بوونەوە. تەنانەت هەڵبژاردنی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز بە ڕابەری گشتی بزووتنەوە بە لەبەرچاو گرتنی نەریتی ئایینی ‌و كۆمەڵایەتیی بوو، نەك پڕەنسیپ ‌و پێوەری حزبی.

ئەم پێكهاتە ناجۆرە، وای لەو پارتە كرد، بە مەبەستی دەرباز بوون لە قەیران خێرا خێرا كۆنگرە ببەستێت، تەنانەت لای زۆرێك لە كادیرانی بزووتنەوە ئەو بۆچوونە چەسپا كە كۆنگرە تەنها هەڵبژاردنی سەركردایەتییە، چونكە گرفتەكانی بزوووتنەوە لە ئەستۆی سەركردایەتیدایە ‌و هەڵبژاردنەوەی سەركردایەتی ئەو گرفتە چارە دەكات.

بــزووتنەوە لــە نێوان سـاڵانـی (1987 ــ 1990) دوو كـۆنـگـرەی بـەسـت، كۆنگرەی یەكەمیان كە بە كۆنگرەی چوارەم (بزووتنەوەی ئیسلامیی خۆی بە درێژەپێدەری بزووتنەوەی پەیوەندی دەزانی، بزووتنەوەی پەیوەندی تا كاتی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامیی سێ كۆنگرەی بەستبوو، بۆیە ئەم كۆنگرەیە بە چوارەم دانرا) ناوزەد دەكرێت ‌و لە ژێر دروشمی (سەرخستنی كار ‌و چالاكی جیهادی) لە گوندی (برالە)ی پێنجوێن لــە ڕۆژانی (6 ــ 8 حوزەیــرانی 1988ز)  بەسترا ‌و تێیدا بارودۆخی ناوخۆی بزووتنەوە هەڵسەنگێنرا ‌و پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆ پەسەند كرا ‌و بەیعەت درا بە شێخ عوسمان عەبدولعەزیز بۆ ڕابەری گشتی ‌و ئەنجومەنی شوورا هەڵبژێردرا.

بە هەمان شێوە لە ڕۆژانی (13 ــ 16 حوزەیرانی 1990) لە ئۆردوگای (دزڵی) لە ژێر دروشمی (ؤجَاهِدُوا فِي اللَّهِ حَقَّ جِهَادِهِ)، كۆنگرەی پێنجەم بەسترا ‌و تێیدا وێڕای پەسەند كردنی پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆ، باس لە كار ‌و چالاكی بزووتنەوە كرا ‌و پاشان ئەنجومەنی شوورا هەڵبژێردرا كە پێكهاتبوو لە: شێخ عوسمان عەبدولعەزیز، شێخ موحەممەد بەرزنجی، شێخ عەبدوللەتیف واژەیی، عەلی باپیر، مەلا عەلی عەبدولعەزیز، ئەحمەد كاكە مەحمود، شێخ سدیق سەرگەتی، كامیل حاجی عەلی، مەلا مەغدید، مەلا مەحمود ئازادی، مەلا موحەممەد رازی، مەلا شەریف. دواتریش لە ناو شورا پۆستەكان بەم شێوەیە دەستنیشان كرا: شێخ عوسمان عەبدولعەزیز بۆ رابەری گشتیی ‌و مەكتەبی سیاسیش پێكهات لە: شێخ موحەممەد بەرزنجی، شێخ عەبدوللەتیف واژەیی، عەلی باپیر، مەلا عەلی عەبدولعەزیز، ئەحمەد كاكە مەحمود، شێخ سدیق سەرگەتی. هەر یەكە لە كامیل حاجی عەلی بۆ بەرپرسی مەكتەبی دارایی، مەلا مەغدید بۆ بەرپرسی كاروباری سەربازی، مەلا مەحمود بۆ بەرپرسی راگەیاندن، موحەممەد رازی بۆ بەرپرسی پەیوەندییەكان، مەلا شەریف بۆ بەرپرسی كاروباری كۆمەڵایەتی دانران.

هەر چەندە بزووتنەوەی ئیسلامیی لە سەرەتای ڕاگەیاندنییەوە گیرۆدەی كۆمەڵێك گرفتی ناوخۆیی بوو، بەڵام لە گەلێك بواردا چالاكانە هەڵدەسوڕا، لە ڕووی سیاسییەوە لە گۆڕەپانی كوردستاندا ڕۆڵ ‌و كاریگەری هەبوو. لەوانە ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە بۆنە جیاوازەكان, بەشداری كۆنگرە و كۆنفرانس لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران, هاوكات لە ژمارەیەك وڵاتی ناوچەكە‌و ئەوروپا نووسینگەی پەیوەندییەكانی كردەوە ‌و پەیوەندی دامەزراند.
بەر لە ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامیی، بزووتنەوەی پەیوەندی باڵێكی سەربازی هەبوو بەناوی لەشكری قورئان، لەگەڵ ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامیی، لەشكری قورئان بەهێزكرا ‌و گرنگی زیاتری پێدرا ‌و چەند هێزێكی بۆ زیادكرا.

هێزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە چالاكی نواندن بەرامبەر ڕژێمی بەعس شێوازی جۆراوجۆریان دەگرتەبەر، لەو شێوازانە: نانەوەی بۆسە ‌و دانانی كەمین‌ و بۆمب بوو لەسەر ڕێگەی هێزە سەربازییەكانی حكومەتی عێراق هەڵكوتانە سەر مۆڵگە‌ و بارەگاكانی حكومەتی بەعس، بەرپەرچدانەوەی هێرشی هێزەكانی حكومەت كە دەیكردە سەر ناوچە ئازادكراوەكان ‌و هێزەكانی بزووتنەوە، هەندێ‌ جاریش مەفرەزەكانی بزووتنەوە چونەتە ناو شار ‌و شارۆچكەكان ‌و چالاكی جۆرا‌وجۆریان ئەنجامداوە، لەوانە كوشتنی پیاوانی ڕژێم.

لە بواری ڕۆشنبیری ‌و ڕاگەیاندندا، بیر لە دامەزراندنی چاپخانە كرایەوە، بەرهەمی ئەو هەوڵانە دامەزراندنی چاپخانەی (شەهیدان، بێتوشی، كۆچەران) بوو، لەو چاپخانانەدا جگە لە چاپكردنی چەندین كتێب و زنجیرە بڵاوكراوە, گۆڤارەكانی دەنگی باوەڕ، بانگەواز، دەنگی راپەرین, چاپكران، هاوكات گرنگی بە بواری هونەریش درا و چەندین پێشنگای هونەری جۆاروجۆر كرانەوە بە تایبەت بۆ كارەساتی هەڵەبجە.

خەباتی ئاشكرا دوای راپەڕینی ئازاری 1991

 ئەندام و پێشمەرگەكانی بزووتنەوەی ئیسلامیی وەكو لایەنەكانی تری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد بەشدار بوون لە  راپەڕینی راپەڕینی (ئازاری 1991)، دواتر لە چەندین شار و شارۆچكەی باشووری كوردستان بارەگایان دانا، یەكەم بەشداری سیاسیی كارایان دەگەڕێتەوە بۆ بەشداربوون لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (19 ئایار 1992)، لەو دەمەدا بزووتنەوەی ئیسلامیی تاكە هێزی سیاسیی  ئیسلامیی ئاشكرابوو كە بەشداری هەڵبژاردنەكانی كرد بە ناوی لیستی ئیسلامیی، دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاوبێت ڕێكخستنەكانی ئیخوان كە لە وكاتەدا بە نهێنی كاریان دەكرد، لەم لیستەدا بوونیان هەبوو،لە كۆی (967229) دەنگی ڕاستەقینە، لیستی ئیسلامیی (49108) دەنگی بەدەستهێنا واتە رێژەی (5.77%) دەنگەكان، بەمەش هیچ كورسییەكی پەرلەمانی مسۆگەر نەكرد، چونكە بە پێی یاسای هەڵبژاردن بۆ هەر كورسیەكی پەرلەمان ڕێژەی (7%) دانرابوو.

قۆناغی نوێی خەبات هەروا بە ئاسانی بۆ بزووتنەوەی ئیسلامیی تێنەپەڕی، هەر زوو لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەوتنە ململانێیەكی سەختەوە، ئەنجامی ئەو ململانێیە چەند جەولەیەكی شەڕی لە نێوان هێزەكانی هەردوولا لێكەوتەوە، سەختترینی ئەو شەڕانە لە (كانوونی یەكەمی 1993) ڕوویدا‌و تەواوی بنكە‌ و بارەگاكانی بزووتنەوە لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە دەستی بەسەردا گیرا، هەروەها شەڕی ساڵی (1997) كە ئەنجامەكەی بە ڕێكەوتننامەی تاران لە نێوان هەردوولادا كۆتایی هات، لێرەدا دەرفەتی ئەوەمان نییە بە درێژی باس لە هۆكار‌ و دەرەنجامەكانی ئەو شەڕانە بكەین، بەڵام ئەوەی بەڵگەنەویستە ئەو شەڕانە توانای ماددی ‌و مرۆیی هەردوولای بەفیڕۆدا‌ و كاریگەری سلبی كردە سەر كار ‌و چالاكی هەردوو پارتەكە و دۆخی هەرێمی كوردستان، بە بڕوای ئێمە لەمەشدا بزووتنەوەی ئیسلامیی زۆرتر زەرەرمەند بوو تا یەكێتیی نیشتمانیی. ساڵی (1997) لە كۆنفرانسی بزووتنەوەدا شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لە ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی لابرا ‌و مەلا عەلی برای چووە شوێنی، ساڵی (1996) بزووتنەوەی ئیسلامیی بە دوو وەزیر (وەزیری كشتوكاڵ، وەزیری هەرێم) بەشداری لەو حكومەتەدا كرد كە پارتی دیموكراتی كورسدتان پێكیهێنا، بەڵام بەپێی ڕێكەوتنی تاران دەبوو بزووتنەوە بەشداری لە حكومەتەكەی یەكێتیی نیشتمانییدا بكات، هەر بۆیە لە (1997) بە دوو وەزیر (وەزیری ئەوقاف، وەزیری داد) ‌و جێگری وەزیری ناوخۆ‌ و ڕۆشنبیری بەشداری حكومەتی هەرێم (ئیدارەی سلێمانی) كرد، لە ئەنجامی ئەمەشدا دوو وەزیرەكەی بەشدار لە حكومەتی هەرێم (ئیدارەی هەولێر) كە لەلایەن  پارتی دیموكراتی كوردستان دەبرا بەرێوە دەستیان لەكار كێشایەوە.

بزووتنەوەی ئیسلامیی لەو قۆناغەدا لەسەر ئاستی سیاسیی، بانگخوازی، راگەیاندن و سەربازی چالامیی هەبوو، هەر لە دوای ڕاپەڕینی ئازاری (1991) بزووتنەوەی ئیسلامیی پەخشی تەلەفیزیۆنی لە ڕانیە ‌و پشدەر دانا، دواتر ڕاگەیاندنی بزووتنەوە زیاتر گەشەی كرد‌و كەناڵێكی ڕادیۆی گشتی‌ و چوار كەناڵی ڕادیۆیی ناوخۆیی ‌و سێ‌ وێستگەی تەلەفیزیۆنی لە ناوچە جۆرا‌وجۆرەكاندا دانا، جگە لە رۆژنامەی (بزووتنەوەی ئیسلامیی) كە زمانحاڵی حیزب بوو، چەندین گۆڤاریش بڵاوكرانەوە، لەوانە: جەماوەر، دەنگی باوەڕ، مەشخەڵ، سەنگەر، هەڵوێست، سەدای جیهاد، سنوور، پەیڕەو، ... هتد، هەندێك لەو گۆڤارانە لەلایەن ڕێكخراوە پیشەییەكانی خوشكان ‌و قوتابیانی سەر بە بزووتنەوەی ئیسلامییەوە دەردەچوون.

لەو قۆناغەدا، رەوشی ناوخۆی بزووتنەوە لە پێشتر زیاتر پەرتەوازە بوونی بەخۆیەوە بینی، لەو قۆناغەدا هەرسێ باڵی رابەری گشتیی، عەلی باپیر و نەجمەدین كرێكار، بە تەواوی لێكترازابوون ئەوەی هێشتبوونیەوە ناوی بزووتنەوەی ئیسلامیی بوو كە وەك چەترێك هەمووان لەژێریدا مابوونەوە، خراپی رەوشی ناوخۆ و چەند هۆكارێكی تر دەرفەتی رەخساند كە بیری توندڕەوی لەناو هەندێك هێزی بزووتنەوە پەرەبگرێت، كە لە شێوەی رێكخراودا خۆیان راگەیاند، بزووتنەوەی ئیسلامیی لە كار‌ و چالاكی بەردەوام بوو تا لە (20/8/1999) لە ئەنجامی یەكگرتنی لەگەڵ بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامیی پارتێكی نوێیان پێكهێنا بەناوی (بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامیی لە كوردستانی عێراق) بە ڕابەری مەلا عەلی عەبدولعەیز‌ و جێگری سدیق عەبدولعەزیزی برای.

قۆناغی دوای ساڵی 2001

 دوای لێكهەڵوەشانی بزووتنەوەی یەكبوون، باڵی مەلا عەلی عەبدولعەزیز كە مابوونەوە لە (12/9/2001) پارتێكیان بەناوی (بزووتنەوەی ئیسلامیی لە كوردستانی عێراق) ڕاگەیاند، ئەم ناوەشیان لە قوڵایی مێژوویی ناوی هەمان پارتەكەی پێش بزووتنەوەی یەكبوون وەرگرت، لە (16\17ئازاری 2007) مەلا عەلی كۆچی دوایی كرد‌ و سدیق عەبدولعەزیزی برای بووە رابەر، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە (25/7/2009) بزووتنەوەی ئیسلامیی بە لیستی سەربەخۆ بەشداری كرد، پاشان بە وەزیری ئەوقاف بەشداری حكومەتی كرد، لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە (21/9/2013) بزووتنەوەی ئیسلامیی (21834) دەنگی بەدەستهێنا و بووە خاوەنی  (1) كورسی پەرلەمان.

لە كۆنگرەی دەیەمی بزووتنەوە لە (10 تەمموزی 2012) عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بووە رابەری گشتیی و تا ئێستا (2017) ئەو پارتە لە چالاكی بەردەوامە، لە شارە گەورەكان و چەند شارۆچكەیەك بارەگای هەیە، سێ ئێستگەی رادیۆی هەیە لە شارەكانی كوردستان.



# بزوتنەوە

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure