::
ئیدریس سیوەیلی
كەناڵی ئامۆژگاری لە (5/5/2013) بە فەڕمی لەسەر
مانگی دەستكردی نایلسات كرایەوە، كەناڵەكە لە پێناسی خۆیدا وا خۆی دەناسێنێت كە ״کەناڵێکی ئایینی ناحوکومی سەربەخۆیە، کاردەکات بۆ ئامۆژگاریکردنی
مسوڵمانان بە بەڵگەی قورئان و سوننەت، بە تێگەیشتی پێشین و پێشەوایانی ئوممەت״.بەڵام ئەم پێناسە و شێوازی كارە نەبوە مایەی ڕەزامەندی
سەرجەم سەلەفییەكانی كوردستان، بەڵكو بووە دەلاقەیەكی تری لێكترازانی سەلەفی مەدخەلی،
كەناڵەكە لە لایەن (د. عەبدولەتیف ئەحمەد) ناسراو بە عەبدولەتیف سەلەفی بەڕێوەدەبرێت،
ناوبراو كە بە یەكێك لە ڕێبەرانی سەلەفی مەدخەلی لە كوردستان دادەنرێت، بەڵام لە ئێستادا
بەهۆی ناكۆكی ناوبراو لەگەڵ هەندێك لە هەڵگرانی بیری مەدخەلی لە كوردستان، لە لایەن
نەیارەكانیەوە بە حەلەبی و لادان لە بیری مەدخەلی تۆمەتبار دەكرێت. كەناڵەكە ستۆدیۆی
سەرەكی لە شاری سلێمانییە، و بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستدان ئۆفیسێكی كەناڵەكە
لە وڵاتی بەحرەینە و لە ڕێگەی فەتحی موسڵی كە دۆستێكی نزیكی عەبدولەتیف سەلەفییە كارئاسانی
بۆ كارڕایكردنی پەخشی كەناڵەكە لەوێ كراوە.
كێ پارەی كەناڵەكە دابین دەكات؟
مەلا وشیار چەمچەماڵی كە پێشتر هاوڕێیەكی نزیكی
عەبدولەتیف سەلەفی بوو، لە تۆمارێكی دەنگیدا باس لەوە دەكات لە كاتی كردنەوەی كەناڵەكە،
عەبدولەتیف سەلەفی وتویەتی ״بڕی (100) دەفتەر دۆلار
پێشەكیمان داوە و ئەگەر تا دوو ساڵی تر كەس پارە نەدات كەناڵەكە داناخرێت״. مەلا وشیار دەشڵێت ״سەرەتا عەبدولەتیف وتی پارەكەی دراوە، (سادق بەیزانی)
بۆی داناوین كە خاوەنی كەناڵی (ئەسەر)ە، ئەو لەسەر حسابی خۆی بۆیكردوینەتەوە. بەڵام
پاش ماوەیەك كەناڵی ئەسەر داخرا وتیان پارەمان نەما، بەڵام كەناڵی ئامۆژگاری بووە (HD) دواتریش دەركەوت كە
د. عەبدولەتیف لەگەڵ سادق بەیزانی بەینی نییە״. مەلا وشیار بەردەوام دەبێت و دەڵێت ״دواتر د. عەبدولەتیف وتی برادەرێكم لە سعودیە كەناڵێكم
بۆ دەكاتەوە. بەڵام كە شتەكانی ئاشكرابوو، ئیتر كەوتنە كۆكردنەوەی زەكات بۆ كەناڵەكە.
پێشتر خۆی و نزیكەكانی دەیانوت كۆكردنەوەی زەكات بۆ كەناڵ دروست نییە، بەڵام هەموویان
فتواكەیان گۆڕی و ئەمجارە وتیان دروستە پارەی بۆ كۆبكرێـتەوە، كەناڵەكە كرایەوە و ساڵێك
ئیشی كرد هێشتا زەكات كۆنەكرابویەوە״. بەڵام مەلا عوبێد چەمچەماڵی
كە وتارەكانی لە كەناڵی ئامۆژگاری پەخش دەكرێت ئەوە ڕەتدەكاتەوە لە هیچ شوێنێكەوە هاوكاری
بكرێن و دەڵێت خێرخوازان كۆمەكی كەناڵەكە دەكەن.
پاش ماوەیەك لە كردنەوەی كەناڵەكە، ژمارەیەك
مەلای سەلەفی كە نزیكبوون لە عەبدولەتیف سەلەفی كەوتنە بانگەشەی كۆكردنەوەی زەكات بۆ
كەناڵەكە، ئەمەش نیگەرانی بەشێك لە بانگخوازانی سەلەفی لێكەوتەوە، نەیارانی ئەو هەوڵە
پێیانوابوو پارەی زەكات بە كەناڵی تەلەفزیۆنی ناشێت لە ڕووی شەرعییەوە و دژی ئەو كارەبوون،
ئەوەشیان بیری
عەبدولەتیف و هاوڕێكانی دەهێنایەوە كە ئەوان
ڕۆژگارێك دژی ئەو بۆچوونە بوون، بەڵام ئێستا لەبەر بەرژەوەندی خۆیان فتواكەیان گۆڕیوە.
جگە لەوەی لەسەر ئاستی ناوخۆ چەندین كەسی سەلەفی پشتگیری خۆیان بۆ كەناڵەكە دەربڕی،
لە دەرەوەی كوردستانیش چەند كەسایەتیی پشتیوانی خۆیان بۆ دەربڕی، لەوانە زانای سعودی
(شێخ ساڵح ئەلسحێمی) لە تۆمارێكی دەنگیدا پشتیوانی خۆی بۆ كەناڵەكە دەردەبرێت. بە وتەی
مەلا وشیار چەمچەماڵی كۆمەڵەی بوژاندنەوەی كەلەپوور كە بارەگاكەی لە وڵاتی كوەیتە پارەی
كەناڵە دابین دەكات. لەوانەیە گومانی سەلەفییە كوردەكان لە هەمان گومانی شێخ ڕەبیع
مەدخەلییەوە سەرچاوەی گرتبێت كە سەبارەت بەو كەناڵە وتویەتی ״وا گومان دەبەم (كۆمەڵەی بوژاندنەوەی كەلەپور) كە كۆمەڵەیەكی
كوەیتییە، پاڵپشتیی دارایی كەناڵی ئامۆژگاری بكات״.
لە نێوان یار و نەیاردا
كاتێك عەبدولەتیف سەلەفی كەوتە بەر تیغی شێخ
ڕەبیع مەدخەلی، ئیتر گڵۆڵەی كەوتە لێژی، ئەو پێشتر پشتیوانێكی سەرسەختی عەبدولتەیف
بوو، بەڵام دواجار لەبارەیەوە دەڵێت ״بە ڕاستی بۆ برا سەلەفییەكانمان
دەركەوت كە باوكی عەبدولحەق (عەبدولەتیف سەلەفی) وازی لە مەنهەجی سەلەف– مەدخەلی- هێناوە״، ئەمەش بەس بوو بۆ ئەوەی چەندین كەسایەتی سەلەفی بكەونە
دژایەتی كەنالی ئامۆژگاری و كارەكانی عەبدولەتیف سەلەفی، بە شێوەیەك ئیستا ئەو كەسایەتییە
لە خانەی ڕەوتی حەلەبی ئەژمار دەكرێت.
مەلا وریا محەمەد كە زانایەكی سەلەفیە، لە
تۆمارێكی ڤیدیۆیدا نیگەرانی خۆی لە كەناڵی ئامۆژگاری دەردەبڕێت و دەڵێت ״پێشتر پشتگیریم لە كەناڵەكە دەكرد، بەڵام ئێستا شێوازی
كاركردنی كەناڵە گۆڕاوە، چەندین مامۆستای سەلەفی لێی دوركەوتونەتەوە، ئێمەش بە واجبی
دەزانین موسڵمانان لەو كەناڵە ئاگادار بكەینەوە كە لێی دووربكەونەوە، چونكە ئەو كەناڵە
لەسەر حەق نەماوە و تانە دەدات لە مامۆستایان و ڕێبازی سەلەفی״. هەروەك سۆران عەبدولكەریم كە بانگخوازێكی سەلەفییە
لە تۆمارێكی ڤیدیۆیدا بەرپەرچی ئەوانە دەداتەوە كە دژایەتی كەناڵی ئامۆژگاری دەكەن،
هەروەك دان بەوەدا دەنێت چەندین مەلای سەلەفی كەوتونەتە دژایەتی كەناڵەكە و بە دانپێدانانی
یەكێكیان سەردانی چەندین ماڵی سەلەفی كردوە و قەناعەتی پێكردون كە سەیركردنی كەناڵی
ئامۆژگاری دروست نییە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە ئێستادا سۆران عەبدولكەریم وازی لەو
تێڕوانینە هێناوە و لەبەرەی نەیاری كەناڵی ئامۆژگاریدایە.
هەڵەبەتە كەسایەتییە سەلەفییەكان تەنها نەبوون
لە دژایەتیكردنی كەناڵی ئامۆژگاری، بەڵكو شوێنكەوتوانی ڕێبازە سۆفیگەرییەكانیش دژایەتیەكی
توندی ئەو كەناڵەیان كرد، چەند مەلای سەر بەو ڕێبازە لە تۆماری ڤیدۆیدا دژایەتی خۆیان
بۆ كەناڵەكە ڕادەگەیەنن، تەنانەت یەكێكیان فتوای حەرامێتی سەیركردنی ئەو كەناڵەی دەركردووە،
پێشتریش لە 2015 عەبدوللەتیف سەلەفی ڕایگەیاند مەترسیی لەسەر كەناڵی ئامۆژگاری هەیە
و ژمارەیەك كەسی سەر بە ڕێبازی سۆفیگەری نیازیان وایە هێرش بكەنە سەر كەناڵەكە.
س: رۆژنامەی ئاژانس
#
سەلەفی