ئایا موقتەدا دەبێتە كاریزمای عێراق؟

16/05/2018

:: ئیدریس سیوەیلی

 

بەرەبەیانی رۆژی (12 ئایار) لە شاری نەجەف، بە جلوبەرگە ئاینییەكەیەوە رووی لە بنكەیەكی دەنگدان كرد و دەنگیدا، راشیگەیان "پێشەوایەنی دەنگدانی ملیۆنی دەكات بۆ كۆتایهێنان بە گەندەڵی و گەندەڵكاران"، ئەمە وتەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر بوو بۆ هەوادارانی، كەم كەس هەبوون پێشبینی ئەوەی كردبێت لیستەكەی موقتەدا (سائرون) كە تێكەڵەبوو لە رەوتی ئایینی و چەپ ببێتە یەكەمی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆیە راگەیاندنی بەرایی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هەندێكی تووشی شۆك كرد، لە ئێستا لێدوان و هەڵوێستەكانی موقتەدا سەدر تا رادەیەك شێوەی حكومەتی داهاتوی عێراق دیاریدەكات.

لە رێبەری سەربازیەوە بۆ رێبەری سیاسیی

 دوای روخاندنی بەعس لە (2003) وەك یەكەم رێبەری ئایینی شیعە دژایەتی خۆی بۆ هێزەكانی ئەمریكا و بەریتانیا لە عێراق دەربڕی، ئەو هەر بەوەشەوە نەوەستا و لە رێگەی دروستكردنی سوپای مەهدی كەوتە دژایەتی ئەو هێزانە، بەغداد و پارێزگاكانی باشووری عێراق بوونە گۆڕەپانی ململانێیەكی سەخت، بەڵام لە (2007) موقتەدا ئەو هێزەی سڕكرد، لە دوای سەرهەڵدانی شەری داعش جارێكی تر هێزێكی بەناوی سریەكانی سەلام دروستكرد و بەشداری شەڕی داعشی كرد، ئەوەی زۆرتر پێگەی موقتەدا سەدری لە چوار ساڵی رابردوو بەهێز كرد ئەوەبوو كە رێبەرایەتی ناڕەزایەتیەكانی شەقامی عێراقی دەكرد، بەجۆرێك كە خۆپیشاندانی ملیۆنی ئەنجامدا و ببوە سەرمەشقی خۆپشاندەران دژی گەندەڵی، ئەمەش هێندەی تر پێگەی ناوبراوی لە عێراق بەهێزكرد.

نەتەوەیبوون و دژە ئێرانی  و ئەمریكی

 یەكێك لەو تایبەتمەندیانەی موقتەدا سەدر لە مەرجەعە ئایینیەكانی تر جیادەكاتەوە لێدوانە توندەكانێتی دژی ئەمریكا و ئێران، ئەو وا خۆی دەردەخات كە دژی ویلایەتی فەیقهە و زۆرتر وەكو مەرجەعێكی عێراقی و هەڵگری خەمی نیشتمانی خۆی دەنوێنێت، بە دیوێكی تریشدا هەمیشە دژایەتی هەژموونی ئەمریكا دەكات، بە لێدوانە ئاگرینەكانی داوای كۆتایهێنان بە هەژموونی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكە دەكات. هەرچەند ئەو زۆر جەخت لەسەر عێراقیبوونی دەكاتەوە، بەڵام هێشتا هێزە سوننیەكان متمانەیان بەو نییە و پێیانوایە نوێنەرایەتی تائیفەیەكی دیاركراو دەكات نەك رەوتێكی نیشتمانی، سوننەكان هێشتا ئەوەیان لەیاد نەچووە كە لە نێوان ساڵانی (2006-2007) تووشی كارەسات و كوشتن و راوەدونانی زۆر هاتن كە تێدا سوپای مەهدی تۆمەتباركرا.

لە نێوان بەرەی سوننە و شیعەدا

 یەكێك لەو شتانەی موقتەدا داوای دەكات لە حكومەتەكانی عێراق پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی هاوسەنگە لەسەر ئاستی هەرێمی  و نێودەوڵەتی، ئەو داوا دەكات عێراق لە پاشكۆیەتی ئێران رزگاربكرێت، بە شێوەیەك كە عێراق بەڕووی وڵاتانی عەرەبی بكرێتەوە، لەو چوارچێوەشدا حوزەیرانی 2017 وەك یەكەم رێبەری عێراقی شیعە سەردانی سعودیەی كرد و لەگەڵ شازادە محەمەد كوڕی سەلمان كۆبوویەوە، ئەمەش بووە سەرەتایەكی نوی لە مێژووی پەیوەندییەكانی عێراق و سعودیە، بەڵام ئایا ئەو كرانەوەیەی كە سەدر دوای دەكات دەتوانرێت بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە؟ بە دیوێكی تریشدا لێدوانەكانی موقتەدا دژی هێزەكانی ئەمریكا پێچەوانەی ئەو بانگەشەی نییە؟

بەزاندنی سنووری پیرۆز

 بەر لە دوو ساڵ و نیو لە كاتێكدا هەوادارانی سەدر خۆپیشاندانیان ئەنجام دەدا، لەناو خۆپیشاندەراندا چەپ و لیبراڵەكانیش هەبوون، ئەوەی ئەو دژانەی پێكەوە كۆكردبویەوە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و نادادپەروەری بوو، ئەو پێكەوەبوونە بووە سەرەتایەك بۆ دروستبوونی نزیكییەك لە نێوان ئەو جەمسەرە دژانەدا، كە دواجار بۆ هەڵبژاردنەكانی ئایاری ئەمساڵ رەوتی سەدر لەگەل چەپەكان و هەندێك لیبرالەكان لیستی (سائرون)یان دروستكرد، لیستێك كە بووە براوە و سوپرایزی هەڵبژاردنەكانی چەند رۆژی رابروو لە عێراق، بە بڕوای هەندێك دروستكردنی لیستەكە و سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكان بە واتای گۆڕانكارییە لە یاریكەرە سیاسییەكانی عێراق و تێپەڕاندنی ئەو سنوورە تائیفیەیە كە هەندێك بە سنووری پیرۆزیان دەزانی و هەر دەستلێدانێكی بەلای ئەوانەوە بڤەبوو، بە تایبەت دروستكردنی لیست لەگەڵ هەلگرانی بیری چەپ.

موقتەدا، كاریزمای داهاتوو

دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكان و سەركەوتنی لیستی سائرون، مقمۆمقۆی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق دەستپێكردووە، چەندین سیناریۆش دەخرێتە بەرباس بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، لەو نێوەندەدا موقتەدا لەیەكەم تویوتی خۆی دوای راگەیاندنی ئەنجامەكان ئاماژەی بە چەند هێز و لایەنێك داوە كە بە بڕوای ئەو دەكرێت ببنە هاوپەیمان بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندە، ئەوەی جێی سەرنجە ئەو هێزانەی نزیكن لە ئێرانەوە لەناو ئاماژەی نووسینەكەی موقتەدا سەدردا نین، بە بڕوای هەندێك لە هەموو دۆخەكاندا موقتەدا دەیهەوێت رۆڵی كاریزما ببینێت لە داهاتوی عێراقدا و لە پشتەوەی شانۆ ئەكتەرەكان بە تایبەت سەرۆكوەزیرانی داهاتوو بجوڵێنێت، لە نوێترین لێدوانیشدا ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لە ئەژماری خۆی لە تویتەر نووسیەتی '' نابێت حكومەتی داهاتووی عێراق  ببێتە (تێکەڵەی بۆن) ئێمە قبوڵمانە حکومەتێکی تەکنۆکرات دروست ببێت و ببێتە دەرگایەک بۆ رزق و رۆزی گەل نەک ببێتە شوێنێک بۆ دزیکردنی حزبەکان". پێگەی ئایینی خۆی و بنەماڵەكەی و توانای سەربازی و جەماوەری رەوتەكەشی بەجۆرێكە كە ناتوانرێت بەڕەی لەژێر پێ دەربهێنرێت و لە داهاتووی عێراق پەراوێزبخرێت،

# شیعە

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure