شیعە پەڕگیرەكان

26/05/2018

:: د. ئومێد عوسمان

    بەلای مێژوونووس ‌و توێژەرانەوە شیعە پەڕگیرەكان بەو گروپانەی شیعە وتراوە، كە سەبارەت بە پێشەواكانیان زیادەڕەویان كردووە و سنووری مرۆڤبوونی ئەوانیان تێپەڕاندووە، سیفاتی خوایەتی ‌و پێغەمبەرایەتیان پێداون.
    لەمبارەوە شەهرستانی دەڵێت "شیعە پەڕگیرەكان ئەو گروپ‌ و كۆمەڵانەی شیعە بوون، سەبارەت بە پێشەواكانیان زیاد رۆیشتوون، سنووری مرۆڤبوونیان تێپەڕاندوون، حوكمی خوایەتیان بەسەردا سەپاندوون، بەجۆرێك هەندێكجار پێشەواكەیان بە خودا چواندووە، هەندێكجاریش خودایان بە پێشەواكەیان چواندووە"1 .

    یان گەورە زانای شیعەی ئیمامی، شێخ موفید، دەڵێت "پەڕگیڕ و لادەرە بە رووكەش موسوڵمانەكان، ئەوانەن بڕیاری خوایەتی ‌و پێغەمبەرایەتیانداوە بۆ ئیمام عەلی ‌و نەوەكانی، سنووریان بەزاندووە لە وەسفكردنیاندا، ئەوانە گومڕا و كافرن" 2.

    شایانی ئاماژە پێدانە، زیادەڕەوی ‌و سنووربەزاندن لە ئاییندا، وەك ئاراستەیەكی هزریی، لە نێو گروپەكانی خەواریج‌، موعتەزیلە، شیعە‌ و سۆفی‌ و هەندێك لە فەرموودەناسانیشدا، بە شێوازی جۆراوجۆر بوونی هەبووە، بەڵام تایبەتكردنی چەند گروپێكی شیعە بە ناوی پەڕگیر ‌و سنووربەزێن یان لادەر، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو گروپە شیعانە سنووری عەقڵ‌ و لۆژیكیان بەزاندووە، زۆربەیان بە ئاشكرا ویستوویانە دژایەتی ئایینی ئیسلام بكەن‌ و بنەما سەرەكیەكانی بشێوێنن، لەبەر ئەمە هەركات بەرەهایی گوترا لادەرەكان یان پەڕگیر‌ و سنووربەزێنەكان، مەبەست گروپە شیعە پەڕگیرەكانە.

     ئەوەشمان لە بیر نەچێت مێژوونووسان ‌و پسپۆڕانی بواری گروپ ‌و مەزهەبە ئایینیەكان لە تۆماركردنی ناوی گروپە شیعە پەڕگیرەكاندا زیادەڕەوی زۆریان كردووە، ناوی چەندین گروپیان هێناوە كە لە واقیعدا بوونییان نەبووە، یان بە هۆی بیرۆبۆچوونێكی نامۆ و دژەباوەوە نیسبەتی گروپیان داوە بۆلای چەندین كەسایەتی، هاوكات زۆربەی ئەو گروپانەش لە سەرچاوە شیعی ‌و سوننیەكاندا ناویان هاتووە، لە ئەمڕۆدا بوونیان نییە، كە گرنگترینیان بریتی بوون لە: سەبەئیەكان، موغیریەكان، بەیانیەكان، جەناحیەكان، خەتابیەكان،  رەزامیەكان، مەنسوریەكان، حەربیەكان، نوسەیریەكان، عەلبائیەكان، نوعمانیەكان... 3.

بیروبۆچوونی شیعە پەڕگیرەكان

    لە نێو بیروبۆچوونی گروپە شیعە پەڕگیرەكاندا چەندین كولتوور و بیرۆكەی پاشماوەی یۆنانیەكان‌ و ئایینە كۆنەكانی هیند ‌و ئێران ‌و غنوسیەتی مەسیحی بەدیدەكرێت، كە دەتوانین بە گشتی دابەشیان بكەین بەسەر چەند خاڵێكدا:

   یەكەم: بیرۆكەی ئاوێتەبوون ‌و بەرجەستەبوونی خوایی، ئەم بیرۆكە بەتەواوەتی دژی بنەمای یەكتاپەرستیە، كە ئایینی ئیسلامی لەسەر بەندە، گروپە پەڕگیر و لادەرەكان بیرۆكەی ناوبراویان لە غنوسیەتی مەسیحی ‌و دوالیزمی فارسیەوە وەرگرتووە 4.

  بەلای زۆرێك لە توێژەرانەوە عەبدوڵای كوڕی سەبە‌ء یەكەم كەس بووە بانگەشەی بۆ ئەم بیرۆكەیە كردووە، رایگەیاندووە كە پێشەوا عەلی كوڕی ئەبی تالیب خودای راستەقینە و بە هەقە، دواتر بیرۆكەی ناوبراو لەبیروبۆچوونی زۆرێك لە گروپە لادەرەكاندا رەنگیداوەتەوە، بۆ نموونە: جەناحیەكان پێیانوابووە رۆحی خودا لە نێو پێغەمبەران‌ و پێشەوایاندا رەنگیداوەتەوە. هەروەك وتوویانە: رۆحی خوای پەروەردگار چۆتە ئادەمەوە، دواتر بە پێغەمبەراندا گوزەری كردووە تا گەیشتۆتە پێشەوا عەبدوڵای كوڕی موعاویە، هەروەها بەیانیەكان وتوویانە: بەشێكی خوایەتی لە پێشەوا عەلیدا رەنگیداوەتەوە و ئاوێتەی جەستەی بووە، بەهۆیەوە كات ‌و شوێن‌ و روودانی رووداوەكانی داهاتووی زانیوە، یاخود عەلبائیەكان وتوویانە: رۆحی خوایەتی ئاوێتەی جەستەی پێنج كەس بووە: پێغەمبەر‌، عەلی، فاتیمە، حەسەن ‌و حسەین 5.   

   لەلایەكی دیەوە خەتابیەكان لایانوابووە جەعفەری سادق لە بنەڕەتدا خودابووە، دواتر كە هاتۆتە سەرزەوی بەرگی مرۆڤی پۆشیوە و لەشێوەی مرۆڤدا دەركەوتووە 6. بەهەمان شێوە دروزەكانیش لە سەرەتای سەدەی پێنجەمی كۆچیدا بانگەشەی خودایەتی خەلیفەی فاتیمی  (الحاكم بأمرالله)یان دەكرد7.
یان هەندێك لە شیعەكانی پێشین ‌و گروپی شەیخیەكان كە لە كۆتایی سەدەی هەژدەدا دەركەوتن، باوەڕیان وابووە خودا كاروباری دروستكردن، رزق‌ و رۆزیدان ‌و مراندنی بە عەلی سپاردووە 8.

   دووەم: بیرۆكەی چواندن‌ و بەجەستەكردن، ئەم بیرۆكەیە لەنێو گروپە لادەرەكانی شیعە‌ و هەندێك لە فەرموودەناساندا بڵاوبووە، بەیانی كوڕی سەمعان لایوابووە پەرستراوەكەی بەتەواوی وەك مرۆڤە لە ڕووی هەبوونی سەرجەم ئەندامەكانی جەستەوە. یان موغیرەی كوڕی سەعیدی بەجەلی وتوویەتی: خوای گەورە لەشێوەی مرۆڤێكی نورانیدایە و تاجێكی لەسەردایە، مەعریفە و زانین ‌و حیكمەت لە دڵی هەڵدەقوڵێت 9.
    هەروەها ئەبومەنسوری عەجەلی ئیدیعای ئەوەی كردووە، كە بەرزكراوەتەوە بۆ ئاسمان‌ و خوای پەروەردگاری بینیوە، دەستی بەسەریدا هێناوە، پێیڕاگەیاندووە كە بگەڕێتەوە سەر زەوی ‌و پەیامی خوایی بگەیەنێت. یاخود هەندێكی تر وتوویانە خودای پەروەردگار حەوت بستە بە بستی خۆی 10.

    سێیەم: بیرۆكەی راڤەكردنی هەڵە بۆ دەقە شەرعیەكان، زۆربەی گروپە شیعیە لادەرەكان بۆ پشتگیری راكانیان، پەنایان بردۆتە بەر راڤەكردنی دوور و هەڵە و بێمانا بۆ دەقەكانی قورئان ‌و سوننەت.
   بۆ نموونە: جەناحیەكان زۆربەی حەرامكراوەكانی وەك: مردارەوەبوو، گۆشتی سەگ ‌و بەراز، خواردنەوە سەرخۆشكەرەكان، قوماریان حەڵاڵكردووە 11، بەهۆی راڤەكردنی هەڵەیان بۆ ئایەتی: (لَيْسَ عَلَى الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ جُنَاحٌ فِيمَا طَعِمُوا إِذَا مَا اتَّقَوا وَّآمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ ثُمَّ اتَّقَوا وَّآمَنُوا ثُمَّ اتَّقَوا وَّأَحْسَنُوا ۗ وَاللَّهُ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ) سورە المائدة: 93.

   یاخود هەندێك لە خەتابیەكان پێیانوابووە مەبەست لە بەهەشت ئەو خێر و خۆشی‌ و لەشساغی ‌و نیعمەتانەیە كە مرۆڤەكان لە دنیادا پێیدەگەن، هەروەها دۆزەخیش بریتییە لەو ناخۆشی‌ و ناڕەحەتی ‌و نەخۆشی‌و دەردو بەڵایانەی بەسەر مرۆڤدا دێن 12.
    لەلایەكی دیەوە بەیانی كوڕی سەمعان وتوویەتی: خوای گەورە هەموو بەشێكی لەناو دەچێت رووی نەبێت13، بەپێی ئایەتی: (كُلُّ شَيْءٍ هَالِكٌ إِلَّا وَجْهَهُ ۚ لَهُ الْحُكْمُ وَإِلَيْهِ تُرْجَعُونَ)  سورة القصص: ٨٨. یان: (وَيَبْقَىٰ وَجْهُ رَبِّكَ ذُو الْجَلَالِ وَالْإِكْرَامِ) سورة الرحمن: ٢٧ .

   یان هەندێكی تر وتوویانە: خودا لە شێوەی پیاوێكی نورانیدایە، چونكە پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەربێت ) فەرموویەتی: "إن الله خلق يَ‌دم علي صورته" يان: " إن الله خلق يَ‌دم علي صورة الرحمن" 14. یاخود بەیانیەكان وتوویانە: بەیانی كوڕی سەمعان پێغەمبەر و رێنیشاندەرە 15، بەپێی ئایەتی: (هَٰذَا بَيَانٌ لِّلنَّاسِ وَهُدًى وَمَوْعِظَةٌ لِّلْمُتَّقِينَ)  ال عمران: ١٣٨.

 چوارەم: بیرۆكەی ئاڵوگۆڕی رۆح، باوەڕبوون بە ئاڵوگۆڕی رۆح لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ سومنیە، بەراهیمە، مەزدەكی‌، سابیئەكان‌ و هەندێك فەیلەسوفی كۆنی یۆنان، زۆربەی گروپە شیعە پەڕگیرەكانیش ئەو بیرۆكەیان بە زیادەوە وەرگرتووە و بە چەندین شێواز تەعبیریان لێكردووە، گومانی تێدا نییە باوەڕبوون بە بیرۆكەی ئاڵوگۆڕی رۆح سەردەكێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوە و رەتكردنەوەی رۆژی دوایی‌ و پاداشت ‌و سزا 16.

    پێنجەم: بیرۆكەی بەردەوامیی پێغەمبەرایەتی، بەلای گروپی جەناحی‌ و مەنسوری‌ و هەندێك لە ئیسماعیلیەكانەوە پێغەمبەرایەتی زنجیرەیەكی ئەڵقە ئەڵقەی بەردەوامی نەبڕاوەیە، لەهەموو سەردەمێكدا دەبێت پێغەمبەر هەبێت، نابێت لە هیچ كات‌ و سەردەمێكدا دنیا بێ پێغەمبەر بێت 17.

   شەشەم: بیرۆكەی مردنی رووكەش، بەلای توێژەرانەوە عەبدوڵای كوڕی سەبەء  یەكەم كەس بووە ئەم بیرۆكەیەی وروژاندوە و بانگەشەی بۆكردووە، كاتێك پێشەوا عەلی وەفاتی كرد، عەبدوڵا وتی: ئەوەی مردووە عەلی نییە، بەڵكو شەیتانێكە خۆی خستۆتە بەرگ‌ و شێوەی عەلیەوە، عەلی بەرزكراوەتەوە بۆ ئاسمان هەروەك چۆن عیسا بەرزكرایەوە 18.

      حەوتە: بیرۆكەی گەڕانەوە، بیرۆكەی گەڕانەوەی پێشەواكان لە دوای مردنیان یان لەدوای لەبەرچاونەمان ‌و ونبوونیان، بە گشتی مەزهەبی تێكڕای گروپە شیعیەكانە جگە لە زەیدیەكان، هاوكات گروپە پەڕگیڕ و لادەرەكانی شیعە زیادەڕۆیی زۆریان تێدا كردووە.
  ئەوەی مایەی سەرنجە زۆربەی گروپە شیعەكان بیرۆكەی فریادرەس یان گەڕانەوەیان زۆرتر بۆ مەرامی سیاسی بەكارهێناوە، هەمیشە لە كاتی شۆڕش ‌و راپەڕینەكاندا بانگەشەی گەڕانەوەی پێشەوا و جێبەجێكردنی دادپەروەریان لەسەر دەستیدا كردووە .

   هەشتەم: بیرۆكەی بێدینی ‌و ئیباحیەت، ئەم بیرۆكەیە لە بیر‌وبۆچوونی مەزدەكیەكانەوە وەرگیراوە، مەعمەریەكان كە سەر بە گروپی خەتابیەكان بوون سەرجەم كارە یاساغكراوەكانی وەك: مەیخواردنەوە، بەدڕەوشتی، قوماركردنیان حەڵاڵكردبوو، وازیانهێنابوو لە جێبەجێكردنی واجبە شەرعیەكانی وەك: نوێژ‌، رۆژو، زەكات‌، حەج‌ و ... تاد. بە هەمان شێوە مەنسوریەكان ڕاشكاوانە رێیانداوە بە نێربازی‌، زینا، مارەكردنی دایك‌، كچ خوشك‌، پوور، خوشكەزا و برازا. یان هەندێكیان وتوویانە: تەنها باوەڕت بە پێشەوا هەبێت‌ و بیناسیت، ئیتر هەرچی بكەیت تاوان نییە و حەرام نییە 19.

    شایانی باسە، تێكڕای ئاڕاستە و مەزهەبە ئیسلامییەكانی وەك: شیعەی ئیمامی، زەیدی‌، ئیسماعیلیە میانڕەوەكان‌، خەواریج‌، موعتەزیلە‌، ئەشعەری‌، ماتوریدیەكان‌، ئەهلی فیقهـ‌ و فەرموودەناسان كۆك ‌و یەكدەنگن لەسەر كافركردنی ئەو گروپە شیعیە پەڕگیر و لادەرانە و خستنە دەرەوەیان لە بازنەی ئیسلام.

هەرچەندە لە ئەمڕۆدا بێجگە لە هەندێك پاشماوەی دروزەكان، هیچكام لەو گروپە شیعیە پەڕگیرانەی پێشوو بوونیان نەماوە، بەڵام لە كۆتایی سەدەی هەژدەیەم‌ و سەرەتاكانی سەدەی نۆزدەدا چەند كۆمەڵ ‌و گروپێكی نوێ لەدایكبوون، بیروبۆچوونەكانیان بارگاوی بوو بە  فەلسەفەی ئیشراقی‌ و هزری ئیسماعیلی ‌و دەربڕینی ئاماژەی سۆفیگەریانە. لەگەڵ زیادەڕەوی‌ و سنووربەزاندنیان لە هەڵسەنگاندن ‌و ناساندنی پێشەوا پارێزراوەكاندا،  كە دەتوانین گروپی (شەیخیەكان) بە گرنگترینیان دابنێن بە لەبەرچاوگرتنی كاریگەری‌ و فراوانی سنووری بڵاوبوونەوەیان. 

گروپی شەیخیەكان

 لە كۆتایی سەدەی هەژدەیەم‌ و لەسەروبەندی ململانێی توندی هەردو ئاڕاستەی ئەخباری‌ و ئوسوڵیەكانی شیعەی ئیمامیدا20، كەسایەتی شێخ ئەحمەد زەینەدینی ئەحسائی (1825، یان 1826ز) مردووە، وەك فەیلەسوفێكی ئیشراقی ‌و زانا و عاریفێكی گەورەی شیعە بە چەندین بۆچوونی نامۆوە دەردەكەوێت.

شێخ ئەحمەد بە رابەر و بنیاتنەری گروپی (شەیخیەكان، یان ئەحسائیەكان) دادەنرێت، كە توانی لە ماوەیەكی كەمدا و لە ئاكامی گەڕانی بەردەوامی بە نێو مەڵبەندە سەرەكیەكانی شیعەدا لە ئێران‌ و عێراق‌ و رۆژهەڵاتی عەرەبستانی سعودیە، كاریگەری بەهێز لەسەر زۆرێك لە زانایان ‌و خەڵكە گشتیەكە بەجێبهێڵێت.

ئەگەر پێشتر خاڵی جیاوازیی‌ و گرفتی سەرەكیی گەورە مەرجەع ‌و زانایانی ئوسوڵی لەگەڵ ئەخباریەكاندا لە بابەتی جێگرەوەی پێشەوا و ئیجتیهادكردندا خۆیدەبینیەوە، ئەمجارە جیاوازیەكان لە زیادەڕۆیی ‌و سنووربەزاندن لە ناساندنی كەسایەتی ‌و سیفاتی  پێشەوا پارێزراوەكاندا دەردەكەوێت. هەربۆیە زانایانی هەردو ئاڕاستەی ئەخباری‌ و ئوسوڵی زۆر بەتوندی دژایەتی ئەحسائی دەكەن ‌و تۆمەتباری دەكەن بە چەندین رای سەیر و نامۆ، هانی لێپرسراوان دەدەن بە راوەدوونان ‌و گرتن‌ و كوشتنی، تا سەرەنجام لە نزیك شاری مەدینە كۆچی دوایی دەكات‌ و لە بەقیع دەنێژرێت 21.
بە پێی سەرچاوە مێژوویی ‌و كتێبناسیەكان ئەحسائی خاوەنی زیاتر لە سەد كتێب ‌و پەیامە لە زانستە باوەكانی سەردەمی خۆیدا22، گرنگترینیان، كتێبـی (شرح الزیارة الجامعة الكبیرة) كە راشكاوانە بۆچوونە سەرەكیەكانی لەخۆدەگرێت، هاوكات هەر بەهۆی ئەم كتێبەشەوە تۆمەتباركراوە بە زیادڕەوی‌ و لادان لە هێڵی سەرەكیی مەزهەبی شیعە.   

لە پاش مردنی ئەحسائی یەك لە زرنگترین قوتابیەكانی بەناوی سەید كازمی رەشتی (1843ز) مردووە، جێگەی دەگرێتەوە و بانگەشە بۆ بۆچوونەكانی ئەحسائی دەكات،  بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵدەدات لە كاتی بۆنە و یاد و مەراسیمە تایبەتەكانی شیعەدا لە هەردوو شاری نەجەف‌ و كەربەلا خەڵكانێكی زۆری ناوچە جیاوازەكان ئاشنا بكات بە بیر و بۆچوونی مامۆستاكەی، لەم پێناوەشدا چەندینجار دووچاری ئازاردان‌ و راوەدوونان‌ و سوكایەتی پێكردن بووە لەلایەن فەقیهـ و زانایانی شیعەوە23.

لەپاش مردنی سەید كازمی رەشتی، شەیخیەكان دوو لقی گەورەیان لێدەبێتەوە، هەركامیان خۆی بە نوێنەری راستەقینە و جێگرەوەی ئەحسائی ‌و رەشتی لەقەڵەمدەدات،  ئەوانیش:

1- میرزا شەفیعیەكان (شەیخیەكانی تەبرێز ) یان ئەسكوئیەكان:  لە گرنگترین كەسایەتیەكانیان: حەسەن گەوهەر (1849ز) مردووە، موحەمەد حسەین مامقانی(1852ز) مردووە، میرزا شەفیعی تەبرێزی (1883ز) مردووە، موحەمەد باقری ئەسكوئی (1883ز) مردووە 24.

2- كەریم خانیەكان (شەیخیەكانی كەرمان): شوێنكەوتەی موحەمەد كەریم خانی قاجاری(1871ز) مردووە25.

هەندێك لە مێژوونووسان لایانوایە گروپی (بابیەكان)یش لقی سێیەمی شەیخیەكان بوون، ئەوكاتەی كازمی رەشتی كۆچی دوایی دەكات، یەكێك لە قوتابیەكانی بە ناوی سەید عەلی موحەمەد شیرازی بانگەشەی نوێنەرایەتی ‌و جێگرەوەی رەشتی دەكات، هاوكات ئیدیعای ئەوە دەكات كە وەك دەرگایەك وایە بۆ گەیشتن بە مەهدی چاوەڕوانكراو، بەڵام شەیخیەكان بە هەردوو لقە سەرەكیەكەیانەوە بە توندی ئەمە رەتدەكەنەوە 26.

شەیخیەكان لەگەڵ بەردەوامیی تۆمەتباركردنیان‌ و دژایەتی بەردەوامی زانایانی شیعە بۆ بیرو بۆچوونەكانیان‌ و هەوڵی تیرۆركردنی بانگخوازانیان، توانیان لە ماوەیەكی كەمدا كاریگەریان هەبێت‌ و سەرنجی خەڵكانێكی زۆر لە ناوچە جیاوازەكان بۆلای خۆیان رابكێشن. هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی  ئەوكات جەماوەری شیعە  بێزار بوون لە  ستەم‌ و نادادپەروەریی لێپرسراوان‌و ململانێی توندی ئەخباری ‌و ئوسوڵیەكان،  زۆربەی پێگەیشتوان ‌و رۆشنبیرانیش لە حاڵەتی گومان ‌و دڵەڕاوكێی فكریدا بوون سەبارەت بە هەندێك لە مەسەلە عەقیدەییەكان، لایەنی رۆحی بەتەواوی وەلانرابوو، لێرەوە شێخ ئەحمەدی ئەحسائی وەك فریادرەسێك دێتە مەیدان و دەردەكەوێت، بانگەشەی چاكسازی‌ و پێداچوونەوە بە كولتووری پێشیندا دەكات، هانی زانایان دەدات بۆ یەكڕیزی شیعە و كاڵكردنەوەی جیاوازیەكان، گرنگیەكی زۆر دەدات بە زیندووكردنەوەی لایەنی رۆح ‌و جێبەجێكردنی كارە پەرستشیەكان، جەختدەكاتەوە لەسەر تەبایی نێوان فەلسەفە و شەریعەت، لەسەرو ئەمانەشەوە بیرۆكەی نزیكبوونەوەی دەركەوتنی مەهدی‌ و نەمانی ستەمكاریی گەشە پێدەدات 27.

لەگەڵ ئەوەی شەیخیەكان هەر لە سەردەمی شێخ ئەحمەدی ئەحسائی ‌و لەوەدواش خۆیان لە هێڵی سەرەكیی شیعەی ئیمامی جیانەكردۆتەوە، لە زۆربەی بابەتە فیقهی ‌و كەلامیەكانیشدا هاوڕان، بەڵام زۆرێك لە زانایانی شیعەی ئیمامی وەك گروپ‌ و ئاڕاستەیەكی پەڕگیر و لادەر وێنایان كردوون‌ و بەكافریان لەقەڵەمداون، لەم پێناوەشدا چەندین كتێب لە دژیان نووسراوە 28. لێرەدا دەتوانین گرنگترین ئەو مەسەلە و بابەتانەی بوونە مایەی ئەو جۆرە حوكمدانە قورسە بەسەریاندا لە چەند خاڵێكدا بخەینە روو:

یەكەم: سنووربەزاندن سەبارەت بە پێشەواكان، مەسەلەی زیادەڕۆیی ‌و سنووربەزاندن لە ناساندنی كەسایەتی پێشەوا پارێزراوەكان ‌و سیفاتەكانیاندا گرنگترین مەسەلەیەكە شەیخیەكانی پێ تاوانباركراوە، ئەمەش راستیەكە لە زۆرێك لە نووسراوەكانیاندا رەنگیداوەتەوە.
ئەگەر بە وردی لە هەرچوار بەرگی كتێبـی (شرح الزیارة الجامعة الكبیرة)ی شێخ ئەحمەدی ئەحسائی بڕوانین، چەندین وتە و دەربڕینی تێدایە راشكاوانە سنووری مرۆڤبوونی پێغەمبەر و پێشەواكانی تێدا بەزێنراوە، زۆرێك لەو سیفەت‌ و خەسڵەتانەی تایبەتن بە خودا دراونەتە پاڵ پێشەواكان 29. 
شەیخیەكان لایانوایە خودای باڵادەست پێغەمبەر و فاتیمە و دوازدە پێشەواكەی لە نووری خۆی دروستكردووە، لە پێش سەرجەم دروستكراوانی ترەوە، دواتریش كاروبارەكانی دروستكردن، رزق‌ و رۆزیدان، مراندن، هەموو ئەمانەی بەوان سپاردووە، هەر ئەوان هۆكاری دروستبوونی بوونەوەرانن 30.
یان سەید كازمی رەشتی لە راڤەی ئایەتی (تَنَزَّل الملئكة والروح فيها) دەڵێت: فریشتە واتە پێشەواكان، رۆحیش مەبەست پێشەوا عەلی كوڕی ئەبی تالیبە31.

   دووەم: بنەما سەرەكیەكانی ئایین‌ و باوەڕداری لای شەیخیەكانی كەرمان یان كەریم خانیەكان لە چوار خاڵدا خۆیدەبینێتەوە:
1- ناسینی خودا.
2- ناسینی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت).
3- ناسینی پێشەواكان.
4- پایەی چوارەم كە بریتیە لە زنجیرەی پەیوەندی نێوان پێشەوای نادیار و خەڵك، بەرای كەریم خانیەكان دەبێت لە هەموو سەردەمێكدا كەسێك هەبێت راستەوخۆ پەیوەندی بكات بە پێشەوای نادیارەوە و لە رێگەیەوە كاروبارەكانی شەریعەت بە خەڵك بگەیەنێت 32.
بەڵام شەیخیەكانی تەبرێز یان میرزا شەفیعیەكان لایانوایە ئەم پەیوەندیە راستەوخۆ نییە بەڵكو لە رێگەی كەشف‌ و ئیلهامەوەیە، هەربۆیە ئەم گرووپە هەندێكجار بە كەشفیەكان ناوزەدكراون 33.

سێیەم: مرۆڤەكان لە رۆژی دواییدا بە رۆح زیندوو دەبنەوە، نەك بە جەستەی دنیایی 34.
چوارەم: شەوڕەوی‌ و بەرزكردنەوەی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) بۆ ئاسمان بە رۆح بووە نەك بە جەستە، هەندێك لایانوایە ئەم رایە رای كەریم خانیەكان بووە نەك رای ئەحسائی، هەندێكی تر دەڵێن: رای ئەحسائیش بووە، بەڵام دواتر لێی پەشیمان بۆتەوە35.

پێنجەم:  موعجیزەی مانگ لەتبوون بە حەقیقی رووینەداوە، بەڵكو وێنەی مانگ لەبەرچاودا لەتبووە36.
شەشەم:  پەنابردنە بەر دەربڕینی سیمبولی ‌و لێكدانەوەی زۆر ئاڵۆز و مەتەڵئامێز و لوغزاوی هاوشێوەی ئیبن عەرەبی سۆفی، لە راڤەكردنی كاروبارە پەرستشیەكاندا 37.      

ئەمانە و چەندین راوبۆچوونی تر شەیخیەكانی پێ تۆمەتباركراون‌ و بەهۆیەوە بە گروپێكی لادەر و سنووربەزێنی شیعە ناوزەدكراون، لە ئەمڕۆدا شەیخیەكان بە پەرت ‌و بڵاوی لە هەندێك ناوچەی ئێران، بەسرە، ئەحسا، كوەیت و بەحرەین بوونیان هەیە.

بۆ داگرتن کلیک لێرە بکە

 
سەرچاوە و پەراوێز:
1-  الشهرستاني: الملل والنحل، صححه وعلق عليه: أحمد فهمي محمد، دار الكتب العلمية، بيروت، ط2، 1992، 1/176.  
2- المفيد، محمد بن محمد:  تصحيح العقائد الإمامية، تحقيق: حسين دركاهي، مؤسسة الإمام الصادق، قم، ط1، 1413ﻫ.ق، ص 131.
3-  البغدادي: الفرق بين الفرق، تحقيق: عثمان الخشت، مكتبة ابن سينا، القاهرة، ص203.الشهرستاني: سەرچاوەی پێشوو، 1/177-193.   عبد الحميد، عرفان: دراسات في الفرق والعقائد الإسلامية، مطبعة أسعد، بغداد، ص 23.
4-   : عبدالحميد، عرفان: سەرچاوەی پێشوو، ل70.
5-   الشهرستاني:سەرچاوەی پێشوو، 1/177، 179.  عبد الحميد، عرفان: سەرچاوەی پێشوو، ل70.
6-   الشهرستاني:سەرچاوەی پێشوو، 1/183.
7-   دفتري، فرهاد: الإسماعيليون، تأريخهم وعقائدهم، ترجمة: سيف الدين القصير، دار الساقي، بيروت، ط1، 2012، ص323.
8-   آل الطالقاني: الشيخية، نشأتها وتطورها ومصادر دراستها، الأميرة للطباعة والنشر، بيروت، ط1، 2007، ص285.
9-  الشهرستاني:سەرچاوەی پێشوو،1/180. عبد الحميد، عرفان: سەرچاوەی پێشوو، ل73.
10-   الشهرستاني: سةرضاوةي ثيَشوو 1/182، 188.
11-   البغدادي: سةرضاوةي ثيَشوو، ل216. عبد الحميد، عرفان: سةرضاوةي ثيَشوو، ل81.
12-   البغدادي:سەرچاوەی پێشوو، ل219. الشهرستاني: سەرچاوەی پێشوو،1/183.
13-   البغدادي:سەرچاوەی پێشوو، ل208. الشهرستاني: سەرچاوەی پێشوو، 1/152.
14-   الشهرستاني:سەرچاوەی پێشوو، 1/190.
15-   القمي: المقالات والفرق، تحقيق: محمد جواد مشكور، مطبعة حيدري، طهران، ل 37. البغدادي: سەرچاوەی پێشوو، ل208.
16-   القمي:سەرچاوەی پێشوو، ل42 ، 48. الشهرستاني: سەرچاوەی پێشوو،  1/178. عبد الحميد، عرفان: سەرچاوەی پێشوو، ل73.
17-   الشهرستاني:سەرچاوەی پێشوو، 1/182. عبد الحميد، عرفان: سەرچاوەی پێشوو، ل79.
18-   البغدادي:سەرچاوەی پێشوو، ل205.  عبد الحميد، عرفان: سەرچاوەی پێشوو، ل79.
19-   الشهرستاني:سەرچاوەی پێشوو، 1/181. عبد الحميد، عرفان: سەرچاوەی پێشوو، ل81.
20- بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە جیاوازی ‌و ململانێی نێوان هەردوو ئاڕاستەی ئەخباری ‌و ئوسوڵیەكان،  ئومێد عوسمان: قوتابخانە هزری ‌و سیاسیەكان لە ئیسلامدا(شیعەی ئیمامی) سایتی ناوەندی كوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێی و قەیرانەكان، (www.kurdistanc.com).
21-   آل الطالقاني: سةرضاوةي ثيَشوو، ل46. الخيون، رشيد: الأديان والمذاهب بالعراق، ماضيها وحاضرها، مركز المسبار، دبي، ط1، 2016،  3/17، 20.
22-   الأمين، محسن: أعيان الشيعة، تحقيق: حسن الأمين، دار التعارف، بيروت، 1983، 2/591.  آل الطالقاني: سەرچاوەی پێشوو، ل89.
23- برِوانة آل الطالقاني: سەرچاوەی پێشوو، ل149.
24-  الأمين، حسن: دائرة المعارف الإسلامية الشيعية، .دار التعارف، بيروت، ط6، 2001، 3/54. آل الطالقاني: سەرچاوەی پێشوو، ل 48، 183، 186، 196.
25-   الأمين، حسن: سەرچاوەی پێشوو، 3/54. آل الطالقاني: سەرچاوەی پێشوو، ل 48، 205.
26-   آل الطالقاني:سەرچاوەی پێشوو، ل49. الخيون، رشيد:سەرچاوەی پێشوو، 3/12.
27-  آل الطالقاني: سەرچاوەی پێشوو، ل230.
28-   الأمين، محسن: سەرچاوەی پێشوو، 2/589. آل الطالقاني:سەرچاوەی پێشوو، ل234.
29- كتێبی ناوبراو چەند جارێك لەچاپدراوە، ئەوەی لەبەردەستماندایە، چاپی یەكەمی دەزگای (دار المفید)ی لوبنانیە لە ساڵی 1999، لە چوار بەرگدا.
30-   الأحسائي: شرح الزيارة الجامعة الكبيرة، دار المفيد، بيروت، ط1، 1999، 2/252، 3/114، 132. آل الطالقاني:سەرچاوەی پێشوو،  ل291.
31-   الرشتي: أسرار العبادات، الكويت، ط1، 1999، ص188.
32-   الأمين، حسن: سەرچاوەی پێشوو، 3/53.  آل الطالقاني: سەرچاوەی پێشوو، ل306 . الخيون، رشيد: سەرچاوەی پێشوو، 3/47، 74.
33-   الأمين، حسن:سەرچاوەی پێشوو، 3/54. الخيون، رشيد:سەرچاوەی پێشوو، 3/ 74 .
34-   آل الطالقاني:سەرچاوەی پێشوو، ل262.  الخيون، رشيد:سەرچاوەی پێشوو، 3/54.
35-   آل الطالقاني:سەرچاوەی پێشوو، ل275، 279،  الخيون، رشيد:سەرچاوەی پێشوو، 3/55، 67.
36-   الأحسائي: رسائل الحكمة، الدار العالمية، بيروت، ط1، 1993، مقدمة التحقيق، ص12.
37-   الأمين، محسن:سەرچاوەی پێشوو، 2/590 الخيون، رشيد:سەرچاوەی پێشوو، 3/33.  

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure