پیاوە ئایینییەكان، تەنگژەی دبلۆماسی توركیا و ئەمەریكا

16/08/2018

:: ئیدریس سیوەیلی

 

"ئەو پیاوێكی جوامێر و كەسایەتییەكی مەسیحییە و بێ پاساو لە توركیا دەستگیركراوە و ستەمی لێدەكرێت"، ئەمە گوزارشتی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكایە لە تویتەر دەربارەی قەشە (ئەندریۆ برونسۆن) كە تەنگژەیەكی دبلۆماسی لە نێوان ئەمەریكا و توركیا دروستكردووە.


قەشە برونسۆن ساڵی (1968) لە ویلایەتی كارۆلینای باكوور لە ئەمەریكا لە خێزانێكی مەسیحی لەدایكبووە، ساڵی (1993) بە مەبەستی بانگەشەكردن بۆ ئایینی مەسیحی چووەتە توركیا، ئەو سەر بە كەنیسەی ئینجیلییە، خۆی و هاوسەر و دوو كوڕ و كچێكی لە شاری ئزمیری توركیا سەرپەرشتی كەنیسەیەكی بچكۆلە دەكەن و بیست و پێنج شوێنكەوتووی هەیە، كە وەكو گروپێكی ئایینی پێكەوە كاردەكەن، لە چەند وێنەیەكدا كە لە پێگەی ئەلیكترونی گرووپەكەدا بڵاوبووەتەوە قەشە برونسۆن گیتار دەژەنێت و پاشان لە هۆڵێكی كەنیسەكەدا لەگەڵ شوێنكەوتووەكانی پێكەوە نوێژ دەكەن.


رەنگە بانگەشەكردن بۆ ئایینی مەسیحی لە ناو وڵاتێكی موسڵمانی وەكو توركیا كارێكی ئاسان نەبێت، بەڵام برونسۆن ئەم كارە زەحمەتەی هەڵبژاردوە و لە (2010) لە شاری ئەزمیر لە توركیا كەنیسەیەكی بچكۆلەی دروستكرد و لەگەڵ شوێنكەوتووەكانی خواپەرستی تێدا دەكەن، دەشوترێت ئەو نیازی هەبوو بۆ هەتاهەتایی لە توركیا بمێنێتـەوە و لە بانگەشەكردن بۆ ئایینەكەی بەردەوام بێت، بەڵام لە (7 تشرینی یەكەمی 2016) دوای سێ مانگ لە كودەتا شكستخورادووەكەی توركیا كاتێك دەیەوێت ماوەی مانەوەی لە توركیا درێژ بكاتەوە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر دەكرێت.


قەشە برونسۆن لە ماوەی مانەوەی لە توركیا، چەندین جار سەردانی ناوچە كوردییەكانی باشووری رۆژهەڵاتی توركیای كردووە، ئەمەش یەكێكە لەو تۆمەتانەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە ئاراستەی ئەو قەشەیە دەكرێت كە گوایە پەیوەندی بە پارتی كرێكارنی كوردستانەوە هەبووە و هاوكاری كردوون، بەڵام ناوبراو ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە دەڵێت بە مەبەستی كاری خێرخوازی و هاوكاریكردنی ئاوارە سورییەكان سەردانی ئەو ناوچانەی كردووە.
هاوكاری پارتی كرێكارانی كوردستان تاكە تۆمەت نییە كە دەدرێتە پاڵ قەشە ئەمریكییەكە، بەڵكو بەوەش تۆمەتباردەكرێت كە پەیوەندی هەبووە بە گرووپی خزمەت سەر بە قەتحوڵا گولەن كەسایەتی ئایینی توركی كە نیشتەجێێ ئەمەریكایە و لەلایەن توركیاوە بە پلاندانەری كودەتا شكستخواردووەكەی (هاوینی 2016) تۆمەتباركراوە، توركیا چەندجار داوای لە ئەمەریكا كردووە رادەستی بكاتەوە، بەڵام ئەمەریكا ئەو داوایەی رەتكردوەتەوە.


هەردوو بانگخوازە ئایینییەكە (گولەن و برونسۆن) بوونەتە هۆی تەنگژەیەكی دبلۆماسی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە، كە سەریكێشاوە بۆ سەپاندنی سزای ئابوری لە لایەن ئەمەریكاوە بەسەر هەردوو وەزیری ناوخۆ و دادی توركیا و چەند رێوشێنێكی تری ئابووری كە كاریگەری راستەوخۆی كردوەتە سەر بەهای لیرەی توركی، پێشتریش لە (2017) رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكی توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندابوو بۆ گۆڕینەوەی قەشە ئەمەریكییەكە بە فەتحوڵا گولەن، بەڵام ئەمەریكا رەتیكردەوە.


پشتیوانی ئەمەریكا لە قەشە برونسۆن، جگە لەوەی هاووڵاتیەكی ئەمەریكییە و وەكو هەر هاووڵاتیەكی تر دەبێت وڵاتەكەی پشتیوانی بكات، بەڵام دۆسیەكەی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمەریكاش رەهەندێكی ئایینی هەیە، پارتی كۆماری كە ئیستا كۆشكی سەرۆكایەتی ئەمەریكای بەدەستەوەیە گرنگی بە هەستی ئایینداری ئەو ویلایەتانە دەدات كە پارێزكارن، وا بڕیارە لە پاییزی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرەتایی كۆنگرێس لە ئەمەریكا بەڕێوەبچێـت، بۆیە پشتیوانی دۆنالد ترامپ لە قەشە برونسۆن پەیامێكی روونی پارتی كۆمارییە بۆ دەنگدەرانی كە بەو شێوەیە پشتگیری لە كەسایەتییەكی ئایینی دەكات و لە پێناویدا ئامادەن لەگەل دۆستێكی نزیكی وەكو توركیا تەنگژەی دبلۆماسی دروست بكەن.


قەشە برونسۆن لە ئێستادا لە لایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە دەستبەسەرە، بە وتەی پارێزەرەكەی باری تەندروستی تێكچووە، كچەكەشی رایگەیاندووە باری تەندروستی باوكی خراپە و كێشی زۆر دابەزیوە، بە گوێرەی یاساكانی توركیا ئەگەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ناوبراو كراون بەسەریدا ساغبنەوە، ئەوا بە بەندكردن بۆ ماوەی (35) ساڵ سزا دەدرێـت، وا بڕیاریشە لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ دانیشتنێكی تری دادگاییكردنی قەشە برونسۆن لە توركیا بەڕێوەبچێت، ئاخۆ تا ئەوكاتە دۆسیەكەی بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات و پەیوەندییە دبلۆماسی و ئابورییەكانی توركیا و ئەمەریكا چ هەڵكشان و داكشانێك بەخۆوە دەبینن؟

# فەتحوڵا گولەن # تورکیا

زۆرترین خوێندراوە


Islamic Studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure