::
ئیدریس سیوەیلی
ئەشواق حاجی كە كچێكی
ئێزیدیە، دووجار كەوتوەتە ژێر مەترسی داعش، جاری یەكەم كاتێك چەكدارانی داعش بەدیل
گرتیان لە 2014 و لە بازاڕی كۆیلەفرۆشان فرۆشتیان بە ئەندامێكی داعش، جاری دووەمیش
كاتێك لە ئەڵمانیا هەمان ئەندامی داعش دەیبینێتەوە و هەڕەشەی لێدەكات، ئەشواق توشی
شۆك دەبێت.
ئەشواق دەڵێت "ساڵی
2014 چەكدارانی داعش منیان بە دیل گرت، لە بازاڕی كۆیلەفرۆشان فرۆشتمیان بە
چەكدارێكی خۆیان، ئەو زۆر خراپ بوو لەگەڵم و لێیدەدام و دەستدرێژی كردە سەرم
بۆماوەی چەند مانگ". هەرچەندە ئەشواق
توانی لەژێر دەستی داعش هەڵێت و خۆی بگەیەنێتە ئەڵمانیا، بەڵام ئەڵمانیا نەبووە پەناگەیەكی
ئارام تا تێیدا بحەوێتەوە، بەڵكو لە ویلایەتی (بادن فۆتمبەرگ) لە ناوەڕاستی
ئەڵمانیا رۆژێك لە یەكێك لە شەقامەكان چاوی دەكەوێت بەهەمان پیاو (چەكداری داعش)،
بەم هەڵوێستە ئەشواق ترس دایدەگرێت و توشی شۆك دەبێت، پیاوەكە هەڕەشە لە ئەشواق
دەكات و پێی دەڵێت "هەموو شتێك دەربارەی ژیانت لە ئەڵمانیا دەزانم".
چیرۆكی ئەشواق وای لە ژمارەیەك
كچە ئێزیدی كردوە نەخوازن بگەڕێنەوە ئەڵمانیا یان بچنە ئەو وڵاتە و ببنە پەنابەر
لێی، چونكە بەلای ئەوانەوە ئەو وڵاتە ئیتر ناوچەیەكی ئارام نییە بۆ كچانی ئێزیدی.
نەسرین سەعدۆ موراد كچێكی
ئیزیدیە و دەڵێت "داعش ستەمی زۆری لە من كرد، بیستو هەشت جار كڕین و فرۆشتنم
پێوەكراوە، دووجار هەوڵمدا خۆم بكوژم بەڵام سەركەوتو نەبووم".
نەسرین لە ئێستادا لە
كەمپێكی ئاوارە ئێزیدیەكان دەژی و باس لەوە دەكات كە "پلانێك هەیە بۆ ناردنی
رزگاربووانی دەستی داعش بۆ ئەڵمانیا، من پێویستیم بە چارەسەری دەروونی و جەستەیی
هەیە، بۆیە بڕیارمداوە بچم بۆ ئەوێ چونكە دەرفەتێكە و دووبارە نابێتەوە"،
بەڵام دوای ئەوەی نەسرین گوێبیستی چیرۆكی ئەشواق بووە، دودڵە لەوەی بچێت بۆ
ئەڵمانیا.
هینا عەباس كچە
هەرزەكارێكی ئیزیدیە و باس لەوە دەكات ساڵی 2014 لە لایەن داعشەوە رفێنراوە و دوای
چەند مانگێك رزگاركراوە لە دەستی داعش، ئەو هاوڕێی ئەشواق بووە و وەك خۆ دەڵێت
پێكەوە لەژێر دەستی داعش دیل بوون، ئێستا كە گوێبیستی چیرۆكی ئەشواق دەبێت تووشی
دڵەڕاوكێ بووە، هەرچەندە دایك و باوكی لە ئەڵمانیا دەژین بەڵام رەتیدەكاتەوە بچێتە
ئەو وڵاتە، تەنانەت وەك خۆی دەڵێت ئەگەر لە عێراق رووبەڕوی مەرگیش ببێتەوە.
هینا دەشڵێت
"ژمارەیەكی بەرچاوی چەكدارانی داعش هەڵگری رەگەزنامەی ئەوروپی بوون، بۆیە
شتێكی ئاساییە دوای شكستی داعش دەگەڕێنەوە وڵاتەكانیان، بەمەش دەبنە مەترسی بۆسەر
ئافرەتانی ئێزیدی". هینا باسی لەوەش كرد كە ئەشواق پێی راگەیاندووە
ناگەڕێتەوە ئەڵمانیا و ئەمیش لەسەر ئەو بڕیارەی هانیداوە.
حەنان موراد كچێكی تری
ئیزیدیە لە دەیەی سێیەمی تەمەنیەتی و دەڵێت "بەر لە دووساڵ لە شارەكەی خۆم لە
ئەلمانیا ئەو داعشەم بینیەوە كە دەستدرێژی كردە سەرم كاتێك كەنیزەك بووم لە شاری
رەقەی سوریا لەبەردەستیدا". حەنا پۆلیسی ئەڵمانی لەو رووداوە ئاگاداركردووە،
بەڵام پۆلیس پییان وتووە "ناتوانین لێپرسینەوە لە كەسێك بكەین لە وڵاتەكەمان
تاوانی نەكردوە و لە وڵاتی خۆی داعش بووە". بەڵام پۆلیسی ئەڵمانیا چەند
پاسەوانێكی بۆ ناوبراو دانا و تا ئێستاش پارێزگاری لێدەكەن. حەنان ئیستا بە سەردان
لە كوردستانە و سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ ئەلمانیا دەڵێت "هەرچەندە دەترسم،
بەڵام لەبەر خێزانەكەم دەگەڕێمەوە ئەڵمانیا، ژیان لە كەمپەكان ناڕەحەت و سەختە،
لەوی پۆلیس پاسەوانیمان دەكەن".
شریهان رەشۆ كچێكی ئێزیدی
تەمەن نۆزدە ساڵە و دەڵێت "بەچاوی خۆم ئەشكەنجەی داعشم بینی، هەركەس دەیهەوێت
بزانێت داعش چ مەترسییەكن بۆسەر مرۆڤایەتی با بێت پرسیار لە ئێمەی كچە ئێزیدی
بكات".
چیرۆكی نەهامەتیەكانی
كچانی ئێزیدی كە لەسەر دەستی داعش تووشیان بوو زۆرتر و زیاترە لەوەی لەم راپۆرتەدا
بخرێتەڕوو، ئەوەش كە ئاماژەی پێدرا لایەنێكی بچووكی نەهامەتیەكانە و دەیان دیوی
شاراوەی چیرۆكەكان هێشتا لە ناخی خودی ئەو كچانەدایە كە بوونە قوربانی هێزێكی وەكو
داعش.
سەرچاوە: ئەلجەزیرە
#
داعش